لە دوای دۆزینەوە مەزنەکانی شوێنەوارناسان لە هەرێمی کوردستان و بەشی باکوور لە کوردستان، ڕوانگەی جیهان بۆ دەرکەوتنی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی گۆڕاوە. پێشتر کوردستان لەسەر هیچ نەخشەیەکی شوێنەوارناسیی و مێژووی دێرینی ناوچەکە نەبوو. گەڕانەکانی شوێنەوارناسان لە هەرێمی کوردستان لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە نەمابوو، لە بەناوبانگترینیان شوێنەواری گوندی شمشارە بوو، کە ئەوکاتە بە هۆی دروستکردنی بەنداوی دوکان بن ئاو دەکەوت، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری عێراق لە بەغدا، وەکوو چالاکیی ڕزگارکردن لەو شوێنەوارانەی دەریاچەی دوکانیان پشکنی. دوای ئەویش هەرێمی کوردستان جگە لە چەند شوێنەوارێک بە پەنجەی دەست دەژمێردران، کە ئەوانیش لەسەر عێراق دەژمێردران، ناوی نەبوو. بەشی زۆری هەموو چالاکیی گەڕانی شوێنەوارناسیی لە عێراقدا چەقیبوو.
دوای کردنەوەی دەرگاکان لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شوێنەواری هەرێم لە سەرەتای ٢٠٠٠ و بە تایبەتی دوای ٢٠١٠، ئەو وێنەیە لە جیهاندا بەرەبەرە هەنگاوی گەورەی گۆڕانی بە خۆوە دیت. وایلێهات ناوی شوێنەوارەکان بە کۆمەڵ بوو بە ناوچەی زاگرۆس.
کورد لە بەشی ڕۆژئاوای چیاکانی زاگرۆسن. بایەخی زاگرۆس و دامێن چیاکانی لە بوارەکانی دەرکەوتنی کشتوکاڵ، ئاژەڵداریی و شوێنەوارناسیی، یەکجار گەورەیە. بەڵگەی یەکلاکەرەوە هەیە دەڵێت ئەو ناوچانەی کوردی لێ دەژی لانکەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی بووە، لە ماوەی پێنچ هەزار ساڵدا بە تەواوی پانتایی ڕۆژئاوای ئۆراسیادا بڵاو بوونەوە، لەوێشەوە بەرەو دوورتر چوون.
لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە تا دوای ٢٠٠٣، زۆرترین گەڕان بە دوای شوێنەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تورکیا بووە، تورکیا ببووە چەقی بایەخی زانستی شوێنەوارناسیی لەو ناوچەیەدا، بە تایبەتی دوای ئەوەی چەند شوێنەوارێکی زۆر گرنگ و کۆن لەوێ دۆزرانەوە وەکوو گرێ مرازان، گرێ چەتاڵ، شوێنەواری چەمی هەلان و کۆتێ بەرچەم.
ئەو گەڕانانە لەوێ ئەنجامی زۆر باشیان دەستکەوت و شوێنەواری یەکجار پڕ بایەخ و گرنگی بۆ مێژووی مرۆڤایەتیی و کۆمەڵگە سەرەتاییەکانی مرۆڤ داوەتە دەست. بەڵگەی کۆنی کشتوکاڵکردن لەوێ ئەوەندە زۆر ببوو، باس لەوە دەکرا ئەناتۆلیا یەکەمین چاندنی لێ کرابێت و وەکوو لانکەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی چاوی لێدەکرا. دەگوترا لە تورکیاوە بەرەو ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتیش چووە. تورکیش ئەوەندەی دیکەیان دەخستەسەر تا گەیشتە ئەوەی بڵێن سۆمەرییەکان لە تورکیاوە بەرەو ئەوێ چوون و زمانیان لە زمانی تورکی نزیک بووە. بەڵام لە دوای ٢٠١٠ـەوە، بەرەبەرە ئەو بۆچوونە سووڕاوە، زۆر شوێنەواری باشووری کوردستان ئیستا لەسەر نەخشەی جیهانی شوێنەواریدایە و بەڵگەی بەهێز و پتەوی ماڵییکردنی ئاژەڵان و کشتوکاڵیان تێدا دۆزراوەتەوە.
لە نێوان ١٠ بۆ ١٢ هەزار ساڵ لەمەوبەر، کۆمەڵە ڕاوچییەکان کە لە هەردوو دیوی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس دەژیان، مەبەست ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانە، کەوتنە دووڕیانی مانەوە وەک ڕاوچی، یان نیشتەجێبوونی تەواو و بەرەبەرە دەستبەردان لە ڕاو، لە گەڵیدا ماڵییکردنی ئاژەڵ و چاندن. ئەو کۆمەڵە ڕاوچییانە بەشی ئەوەندە بەڵگەی شوێنەوارییان لە سەر خاکی کوردستان بە جێهێشتووە زانایان بگەیەنێتە ئەنجامی ئەو گۆڕانەی ڕاوچی بۆ جووتیار و ئاژەڵدار نیشان بدات. نەوەکانیشیان بەشی ئەوەندە بەڵگەی بەهێزیان لێ ماوەتەوە بمانگەیەنێتە ئەوەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی لێرە چەندە کۆنن.
شییکردنەوە و توێژینەوەی پاشماوەی ئێسقانەکانی ئاژەڵان و بەراوردکردنیان لەگەڵ ئێسقانی ئاژەڵی کێوی، لەپاڵیدا دەرکەوتنی خانوو و شوێنی ژیانی لاکێشە وەک جێگرەوەی کەپر و داڵدەی خڕ و سەر بە پووش و پەڵاش داپۆشراو، ئینجا دۆزینەوەی پاشماوەی دانەوێڵە و دوولەپەکان لەو شوێنەوارانەدا، هەموویان بەڵگەی یەکلاکەرەوەن. دواتر کشتوکاڵ و ماڵییکردن لە کاتی جیاجیادا لە زۆر شوێنی جیهان دەرکەوت، ئوسترالیا نەبێ، تا سەدەی ١٩ کشتوکاڵی لێ نەکرابوو.
پشت ئەستوور بە نموونەی DNA وەرگیراوی پاشماوەکانی شەش مرۆڤ لە نێوان ١٢ هەزار ساڵ بۆ ١٤٠٠ ساڵ کۆن لە پاشماوەی کۆمەڵە ڕاوچییەکانی مرۆڤی ناتوفیانی ناوچەی لێڤانت، شام، (١٢٠٠٠ تا ٩٨٠٠ ساڵ پێش زایین)، دوو کەسی دیکەی بەر لە دەرکەوتنی کلتوری گڵسازیی هەر لە ئیسرائیل کە پێش ٩ هەزار ساڵ مردوون، مرۆڤێکی (٩١٠٠ تا ٨٦٠٠ ساڵ پێش زایین) لە ئەشکەوتی هۆتو لە چیای ئەلبورز لە نزیک تاران، نموونەی پاشماوەی مرۆڤ لە عەین غەزالە و مۆتزا (٨٣٠٠ تا ٦٧٠٠ ساڵ پێش زایین) لە باشووری لێڤانت و نموونەی یەکەمین جووتیارەکانی ئەشکەوتی گەنج دارە لە دامێنی چیاکانی زاگرۆس لە نزیک کرماشان (٨٢٠٠ تا ٧٦٠٠ ساڵ بەر لە زایین)، نموونە لە دوورگەی قوبرس، کە بەر لە ١٠ هەزار ساڵ ژیاون، جگە لە ٤٩ نموونەی ئەناتۆلیا، لە ناویاندا سێ گۆڕی دۆزراوەی نوێ لە شوێنەواری زەوی بە موروو، بە کرمانجی ZEVIYÊ BI MORÎ (تورک ناویان ناوە بۆنجوکلو تارلا، هەمان واتای ناوە کوردییەکەی هەیە) لە نزیک ماردین و دوو نموونەی دیکە لە شوێنەواری نەمریک لە عێراق نموونەی دیکە لە بێستانسوور و شانەدەر، دوایینیشیان دوو نموونەی دیکە لە ئەرمەنستان کە بەر لە ٨٠٠٠ ساڵ ژیاون، وەرگیراون.
زانستی جینناسیی زۆر لەو پرسیار و گرفتانەی داخۆ کام کۆمەڵ و لە کام شوێندا یەکەم تۆوی کشتوکاڵی بە زەویدا کراوە، بەرەو کۆتا هێناوە. شییکاری DNA ئەو نموونانە پەردەی لەسەر هەندێ زانیاریی نوێ هەڵداوەتەوە. ئەنجامی پشکنینەکانی DNA و بەراورد لە نێوانیاندا دەڵێت تێکەڵەی جینەکانی میزۆپۆتامیا لە دانیشتووانی ئەناتۆلیادا دۆزراونەتەوە. بەڵام ئەوانەی تەمەنیان سەروو ١٥٥٠٠ ساڵە، ئەو جینانەیان نەبووە. بەو پێیە کشتوکاڵ لە باشوور یان ناوەڕاستی تورکیای ئێستا لە دایک نەبووە. دوو کۆچ لە دوو کاتی جیادا لە باکووری میزۆپۆتامیا و ناوچەکانی لێڤانتەوە بەرەو ئەناتۆلیا هەبوون. یەکەمیان بەر لە دەرکەوتنی کلتوری گڵسازیی، واتا نزیکەی٩٠٠٠ تا ١١٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە میزۆپۆتامیاوە ڕوویداوە. کۆچی دووەم بەر لە ٩٠٠٠ ساڵ لە ناوچەی لێڤانتەوە بووە. ئەو دوو کۆچە لەگەڵ خۆیاندا کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییان بۆ ئەناتۆلیا بردووە و بەرەبەرە لەوێ بڵاوبووەتەوە.
کۆچکردووەکان لەگەڵ دانیشتووانی ئەوێ تێکەڵ بوون و جینەکانیان لەگەڵ جینی دانیشتووانی ئەوکاتەی ئەناتۆلیا تێکەڵ بووە، بۆیە یەکەمین جووتیارەکانی ئەناتۆلیا سێ ڕەچەڵەکی کۆمەڵەی ڕاوچی جیایان هەیە. یەکەم ئەوانەی لە ئەناتۆلیا وەکوو کۆمەڵە ڕاوچییەکان لەوێ بوون و هاوشێوەی ڕاوچییەکانی ناوچەی زاگرۆس و لیڤانت ژیانیان هەڵسووڕاوە. دووەم ئەوانەی لە میزۆپۆتامیاوە کۆچیان بۆ کرد و سێیەمیش ئەوانەی لە لێڤانتەوە چوون. نەک هەر ئەوە، بەڵکو هەموو ئەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشکنینیان بۆ کراوە هەر لەو سێ ڕەچەڵەکە بوون. وەرگرتنی نموونەی DNA لە نێژراوەکانی بەر لە ٩٠٠٠ ساڵ ئاسان نییە، چونکە زۆربەی نێژراوەکان لە نزیک ڕووی زەوی بوون. بۆ چەقەڵ ئاسان بووە هەڵیانکۆڵێ و گۆڕەکان بەتاڵ بکات. گرفتێکی دیکەی جینناسیی شوێنەوار ئەوەیە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەرمە، خانەکانی مرۆڤ زووتر شییدەبنەوە و پێکهاتەکانی DNA زووتر لەبەریەک هەڵدەوەشێن، وەرگرتنی نموونە لە کەسانی مردووی چەند هەزار ساڵ لەمەوبەر کارێکی زۆر قورسە و هەموو هەوڵێک بەئەنجام ناگات.
کۆچکردنەکانی کۆمەڵە ڕاوچییەکانی میزۆپۆتامیا و لێڤانت چەند گەورە و واڵا بوون، دیار نییە. بە هەمان شێوە دیار نییە ئەو کۆچانە لە ناکاو بوون، یان بەرەبەرە لە ماوەی هەزار یان چەند سەد ساڵێکدا ڕوویانداوە. بەڵام لە ناوچەی لێڤانت بەر لە ٨٠٠٠ بۆ ٩٠٠٠ ساڵ جارێ گڵسازیی نەبووە، کەواتە ئەوانەی گڵسازییان کردووە لە باکووری میزۆپۆتامیا و ئەناتۆلیاوە، بەرەو لێڤانت چوون. کۆچەکان بە دوو ئاراستە بوون. ئەو نموونانەی DNA لە ئەشکەوتی پێکین لە باکووری ئیسرائیل دەرهێندران، پاشماوەی جینەکانی ئەناتۆلیایان تێدایە و بۆ ٦٠٠٠ ساڵ دەگەڕێنەوە. بەڵام کێشە ئەوەیە لە نێوان ٦٠٠٠ بۆ ٤٠٠٠ ساڵ بۆشاییەک هەیە، نە لە لوبنان و نە لە سوریاش هیچ زانیاریی ئەو کاتە نییە.
ئەو سێ کۆمەڵەی مرۆڤەکان پێوەندییان لەگەڵ یەکتریدا هەبووە، بەڵگە بۆ ئەوە دۆزینەوەی بەردەشووشەی باکووری کوردستانە لە شوێنەواری مۆتزای تەمەن ٩٠٠٠ ساڵ لە نزیک ئۆرشەلیمی ئیسرائیل. لە ئیسرائیل یان ناوچەیەکی نزیکی شوێنەوارەکە سەرچاوەی ئەو جۆرە بەردە نییە، بەڵکو لە چیاکانی ناوچەی دەریاچەی وان لە باکووری کوردستان، بۆ ئەوێ چووە. تەنانەت ئەو جۆرە بەردە لە سعودیەش دۆزراوەتەوە. هەڵبەت مەرج نییە پێوەندی ڕاستەوخۆ هەبووبێ، بەڵام دەستا و دەست و نەوە بۆ نەوە ماوەتەوە، دەکرێت زۆر لەسەرەخۆ ئەو بەردە ئەو کۆچە درێژەی کردبێت. چونکە ئەو جۆرە بەردە تەمەنی درێژە و هیچی لێ نایەت. بۆ زانینی سەرچاوەی بەردی لەو جۆرە زانایان ڕێژەی توخمەکان لە ناو بەردەکە دیاریدەکەن و لەگەڵ ڕێژەی هەمان ئەو توخمانە لە سەرچاوە بەراورد دەکەن، ئینجا بە تەواوی سەرچاوەکەی دەردەکەوێت و بڵاودەکرێتەوە.
گرفتی شوێنەوار ئەوەیە نە کاتی دەرکەوتن و نە کاتی پووکانەوەی ئەو شوێنەوارەنەمان پێ ناڵێن. گری مرازان، گردی کاراهان و ١٤ شوێنەواری دیکەی کوردستانی باکوور بە نزیکەی ١٢٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر سەرەتای دەرکەوتنیان بووە، ڕەنگە لەلایەن کۆمەڵە ڕاوچییەکانەوە دروست کرابن. جارێ کشتوکاڵ دەرنەکەوتبوو. کۆمەڵەی بچووک بچووکی ڕاوچی ئێرە و ئەوێ نەبوون. کۆمەڵێکی تا ڕاددەیەک گەورەی مرۆڤ پێکەوە بوون، لادێیان هەبووە و کۆمەڵگەی گەورە بوون. دوای ئەوەی یەکەم پەرستگا و چەندان پێکهاتەی ئاڵۆز و قورسیان دروستکردووە، تەنیا پاش١٥٠٠ ساڵ ئیدی پووکاونەتەوە. هیچ بەڵگەی کشتوکاڵیشیان لێ بەجێنەماوە.
ئەوەی لە توێژینەوەکانی جینناسییدا دەردەکەون ڕوون و ئاشکرایە کە کشتوکاڵ لەو خاکەی ئێستە بە تورکیا ناسراوە، دەرنەکەوتووە. یەکەمین جووتیارەکان لە کوردستانەوە بەرەو باکوور کۆچیان کردووە و لەگەڵ خۆیاندا، شارەزایی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییان بردووە و بە دەشتاییەکانی ئەنادۆڵدا بڵاوبووەتەوە.
هەرچەندە ناکرێت کشتوکاڵ بە تەنیا لە شوێنێکی لاچەپدا دەستی پێکردبێت، بەڵام دەبێت سەرەتایەکی هەر هەبووبێت، تا ئێستا ئاماژەکانی دەرکەوتنی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی هەر ئەوەیە لە زانستی شوێنەوارناسییدا پێی دەڵێن خاکی نیمچەکەوانۆکەی بەپیت، ئەویش باشوور، ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستانی تێدایە. ئەو کۆمەڵە ڕاوچییانەی لە دووڕیانی ڕاوچییەتی یان كشتوکاڵسازییدا لێرە نیشتەجێ بوون و مانەوە باپیرە گەورەی ئەوانەن تا ئێستا لەسەر خاکی خۆیان و بە زمانی کوردی دەدوێن. کۆمەڵە جینەکانی ئەوانەی لە شوێنەوارەکانی وەکوو تەپکی حاجی فەیروز نێژراون زۆترین نزیکییان لەگەڵ کوردەکانی ئیستای باشوور و ڕۆژهەڵات، هەیە.



