سەرکەوتنی خێرت ویڵدەرس (Geert Wilders) لە هەلبژاردنە گشتییەکانی هۆڵەندا، لە یەکێک لە وڵاتە هەرە ئارامەکانی ئەوڕوپا، وڵاتێک کە خەڵکەکەی لێبووردەترین نەتەوەی ئەوروپان، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەو سەرگەردانییەی کە ئەوروپا تێی کەوتووە بەهۆی ئەو لێشاوە زۆرەی پەنابەران، کە هەموو سنوورە ماقووڵەکانی تێپەڕاندوون. ئەو لێشاوەی پەنابەران، مەترسی لەسەر دیمۆگرافیای ئەوروپا دروست کردووە، نەك هەر لەسەر دیمۆگرافیا بەڵکو وەختە پڕۆسەی ئاوێتەبوون یان ئامێزانی پەنابەران لەناو کۆمەڵگەی ئەوروپی پێچەوانە ببێتەوە و ئیدی ئەوروپییەکان لەناو جیڤاتەکانی پەنابەران بتوێنەوە و ئامێزان بکەن. کێشەی ئەو پەنابەرانە فرەڕەهەندە و گۆڕانکاری لە بیرکردنەوە و ئەقڵییەتیان دایە، بەتایبەتیش پەنابەرانی وڵاتانی عەرەبی، تورکیا، مەغریب، پاکستان، هیندستان و وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا، کە ڕێژەی هەرە زۆریان بەدوای ئازادیدا ناگەڕێن و ژیانیان لە مەترسیدا نەبووە، بەڵکو بەدوای ژیانێکی خۆشتردا دەگەڕێن لەڕووی ئابووری و خۆشگوزەرانیەوە.
بۆیە، گوتاری خێرت ویڵدەرس، بە ڕاگەیاندنی “ئیسلام بۆ دەرەوە”، گوتارێکە سەرباری ئەو پۆپولیزمەی کە بەسەریاندا زاڵە، ڕەهەندی جیددیشی هەن و بە هیچ جۆرێک ناکرێت پشتگوێ بخرێت و قسەی جیددی لەسەر نەکرێت. بەر لە خێرت ویڵدەرس، لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٢ دا، پڕۆفیسۆرێکی زانکۆ دەرکەوت بەناوی پیم فۆرتاون (Pim Fortuyn) کە لیستێکی بۆ هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاند بەناوی لیستی پیم فۆرتاون و پەنجەی شایەدی بەرز کردەوە و گوتی “من سەرۆک وەزیرانی داهاتووی هۆڵەندام و دەبێت سیستمی سیاسی بگۆڕین”، ئینجا گوتی “ئەگەر دەربچم سنوورەکان دادەخەم، چیدی نایەڵم ئیسلام بێتە ژوورەوە. موسڵمانەکان دەیانەوێت کلتور و دونیابینی ئێمە بگۆڕن، بۆیە وەستاندن و ڕێگری کردن لە هاتنەژوورەوەیان حەتمیە”. پاشان، فۆرتاون، بەر لە دەستپێکی هەڵبژاردنەکان، لەسەر دەستی ژینگەپارێزێک کوژرا، بەڵام دروشمەکانی سەبارەت بە گۆڕینی سیستمی سیاسی و ڕەخنەگرتن لە هاتنەژوورەوەی ئەو هەموو پەنابەرە زەنگی وشیارکردنەوە و مەترسی بوو بۆ هۆڵەندا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.
دوای کوژرانی فۆرتاون، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری ناوداری هۆڵەندی، تێیۆ ڤان خۆخ (Theo van Gogh)، لەسەر دەستی محەمەد بوەیری مەغریبی (١٩ ساڵ) کوژرا، بە پاساوی دەرهێنانی کورتەفیلمێك بەناوی “ملکەچی”، لە نووسینی نووسەری سۆماڵی ئەیان حرسی عەلی. ئیدی هۆڵەندییەکان گڕیان گرت و دژەموسڵمان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کرد.
لە کورتە فیلمەکەدا چەند ژنێک بەپێوە وەستاون وەکوو ئەوەی نوێژ بکەن، قوماشێکی تەنکی ڕەشیان لەبەردایە، مل و سنگیان دیارە، هەندێک پیتی عەرەبی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لەسەر سینگ و شانیان نووسراون. ژنەکان نزا دەکەن و باس لەو نابەرابەرییە دەکەن کە لەنێوان پیاو و ژناندا هەیە. ئەو فیلمە ڕەخنەئامێزە ئارامی لەبەر ئیسلامییەکان هەڵگرت و ترسنۆکانە “تێیۆ ڤان خۆخ”یان کوشت.
بەو جۆرە دوای کوژرانی “تێیۆ ڤان خۆخ”، شیرازەی کۆمەڵگەی هۆڵەندی گۆڕا و ئەو ئارامییەی پێشتر هەبوو، لەسایەی توندڕەویدا گۆڕانکاری بەسەردا هات. لەولایەشەوە، توندڕەوەکان یەکتر بەهێز دەکەن و یەک ڕەهەندی دژەمرۆڤن.
بردنەوەی خێرت ویڵدەرس و لەبەرامبەریشدا بەهێزبوونی ڕادیکاڵیزمی ئیسلامیی لەناو پەنابەراندا، زەنگێکی مەترسییە بۆ بەیەکەوەژیان و فرەیی و ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ. زەنگێکە بۆ بەئاگاهاتنەوەی کۆمەڵگەی ئەوروپی، بۆ سنووردانان بۆ هەموو جۆرە توندڕەوییەک. ئەگینا، جوانییەکانی کۆمەڵگەی ئەوروپی، ئەو بەها و نۆرمانەی کە مرۆڤایەتی چەندین هەنگاو بردۆتە پێشەوە، خەریکە بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە و توندڕەوی و توندوتیژی باڵ بەسەر ئایندەی مرۆڤایەتیدا دەکێشێت.
ژیار یان شارستانییەتی ئەوڕۆ، بە هەموو ڕەهەندە جوانەکانی لە سیستمی دیموکراسی/سێکولار، ئازادییەکان، مافەکانی مرۆڤ، ئەمانەتی هەموو مرۆڤایەتیین. ژیارێك کە لە مێژوودا بێوێنەیە. لە مێژووی ئەمڕۆی مرۆڤایەتیدا تەنها یەک ژیار و یەک شارستانییەت هەیە، نابێت بە دووان. ئەوەی پێی وابێت پێکدادان هەیە لەنێوان دوو یان زیاتر لە دوو شارستانییەت، بەو ڕەهەندانەی کە باسم کرد، بە هەڵەدا چووە. دوو شارستانییەت نین، بەڵکو یەک شارستانییەت هەیە لەو پەڕی زەوی تا ئەو سەر زەوی.
ڕاستە ئەوروپییەکان لە دروستکردن و سەرکەوتنی ئەو شارستانییەتەدا پێشەنگن، بەڵام بەتەنها بەرهەمی ئەوان نییە، بەڵکو هەموو مرۆڤایەتی لە پەرەپێدان و بەهێزکردنی ئەو بەها و نۆرمە گەردوونیانەدا بەشدارن. بۆیە ئەو ژیارە موڵکی مرۆڤایەتییە و ئەمانەتی هەمووانیشە. ئەوانەی ئەوڕۆ لە هەر پێگە و شوێنێکدا بن و دژ بەو ژیارە لە جەنگ و شەڕ دابن، هەڵگری بەها و نۆرمەکانی ئەو ژیارە نین، بەڵکو دژەژیارن. ئەوە ڕاستە دژەژیار، خاوەنی کلتور و ئایدیۆلۆجیای تایبەت بە خۆیانن، بەڵام هەڵگری ئەو بەها و نۆرمانە نین کە تایبەتمەندیی ئەو ژیارە هاوچەرخەن.
تەماشاکەن، پوتین بە هەموو ڕەهەندە دەسەڵاتخواز و تاکڕەوێتییەکەی، نەک هەر دژەڕۆژئاوایە، بەڵکو دژی ئەو بەها و نۆرمە گەردوونیانەشە کە تا ئەوڕۆ مرۆڤایەتی لەوە باشتری بەرهەم نەهێناوە.
ڕژێمی ئیسلامی ئێران لەو لایە و کۆریای باکوور لەو سەر و ڕژێمە لاتوپاتەکانی وەک سوریا، عێراق، یەمەن و پڕۆکسییە پڕۆئێرانییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو سەریشەوە لە ڕۆژئاوا، بزووتنەوە ڕادیکاڵە توندڕەوەکان و کەسایەتییە توندڕەو و پۆپولیستەکانی وەک دۆناڵد تڕەمپ لە ئەمریکا، لۆپین لە فەڕەنسا، خێرت ویڵدەرس لە هۆلەندا و نایجل فارێیج لە بەریتانیا، هەموو ئەوانە بەرەیەکن و دژ بە دیموکراسی، فرەیی، ئازادیەکان و مافەکانی مرۆڤ و بەها و نۆرمەکانی ژیاری هاوچەرخن و یەکتر تەواو دەکەن.
ئەگەر مرۆڤایەتی پارێزگاری لە شارستانییەتی خۆیان نەکەن و دژ بە توندڕەوی و ڕادیکاڵیزم نەوەستنەوە، ئایندەی مرۆڤایەتی بەدەست ئیسلامیست، شۆڤینیست، کۆمۆنیست و تەواوی گرووپە ڕادیکاڵیستە جیاوازەکان و خێرت ویڵدەرسەکانەوە وێران و سەراوبن دەبێت.



