سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

شەڕی کوردی-کوردی، قەیرانی هۆشیاریی لە هەرێمی کوردستان

ئایا ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا لەبەردەم قەیرانی هۆشیاری داین، بەتایبەتیش هۆشیاریی سیاسی، بەر لەوەی قەیرانی دەستەڵات و بەڕێوبردنی دامەزراوەکانمان هەبێت؟ بۆچی لەبەردەم قەیرانی هۆشیاری داین؟ هۆشیاری لە روانگەی مۆدێرنەتەدا چی دەگەیەنێت؟ ئایا دەکرێت ئەو قۆناغەی بێئاگایی سیاسی بەجێ بێڵین؟ لەم بابەتە، کە لە دوو بەش پێک دێت، لەم بابەتە شرۆڤەکارییەدا سەرەتا چەمکی هۆشیاریی و هۆشیاریی سیاسیی دەناسێنین، دواتر لەبەر ڕۆشنایی چەمکەکە شرۆڤەیەک بۆ کاریگەرییەکانی بێئاگایی و ناهۆشیاری دەستەبژێری حیزبە کوردستانییەکان دەکەین بۆ سەر پرسی کورد و پڕۆسەی نەتەوەسازی و نیشتیمانسازی لە هەرێمی کوردستان.

بیرۆکەی هۆشیاری بابەتێکی سەرەکییە لە فەلسەفەدا و بە درێژایی مێژوو لەلایەن فەلسەفەی کلاسیک و بیرمەندە جیاوازەکانەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە. پەیوەندی بە سروشتی هۆشیاری و تێگەیشتن و بەئاگابوون و پەیوەندی نێوان عەقڵ و جیهانی دەرەکییەوە هەیە. ڕوانگە فەلسەفییە جیاوازەکان لێکدانەوە و ڕوونکردنەوەی جۆراوجۆر بۆ هۆشیاری پێشکەش دەکەن.

ڕينێه ديكارت یەکێک لەو بیرمەندانەی کە لەو بوارەدا ڕۆچووە و فەلسەفەی دوانەیی لەو بوارەدا پێشنیاز کردووە، گریمانەی جیاکردنەوەی لەنێوان ئەقڵ کە لە هۆشیاری (الوعي) و ئاگامەندی (أدراك) یاخود پەیبردن بە دەرەوەی خۆمان پێک دێت لەگەڵ جەستەدا. لەو ڕوانگەیەوە هۆشیاری بوونێکی جیاواز و نافیزیکییە، واتە ماددی نییە و جیایە لە جیهانی ماددی. ئەم بۆچوونە پێچەوانەی ماتریالیزمە، کە جەخت لەسەر لێکدانەوەی هەموو شتێك دەکاتەوە، بەوەی کە هەموو شتێک بە هۆشیاریشەوە دەتوانرێت بە پڕۆسەی فیزیکی ڕوون بکرێتەوە. بەو جۆرە، لە ڕوانگەی دیکارتەوە، بەدەستهێنانی هۆشیاری پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە و زۆربەی جاران مرۆڤ ناتوانێت هۆشیار بێت بە پێویستییەکان و بە جیهانە ماددیەکەی، لە چوارچێوەی ئاگامەندی و پەیبردن بەشێوەیەکی دروست و لەکاتی گونجاودا. لەهەمان کاتدا، ڕاستە کە عەقڵ و جەستە دوو مادەی جیاوازن بەڵام هەمیشە لەگەڵ یەکتردا کارلێک دەکەن. ئەم دابڕان و پەیوەندییەی نێوان ئەقڵ و جەستە، کاتێك دەرکەوت کە ديكارت گوتی (باوەڕم وایە، کەواتە من هەم، یاخود من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم). ئەمەش وەکو بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە بۆ بوونی خۆی وەک بوونەوەرێکی بیرکەرەوە. ئەمە هەوڵێکی دیکارت بوو لەپێناو دروستکردنی بناغەیەكی دڵنیابەخش یان متمانەدار بۆ زانین و زاڵبوون بەسەر گوماندا، ئەویش بە دۆزینەوەی شتێک کە گومانی تێدا نەبێت.

دەکرێت کارلێککردن یەکێک لە خەسڵەتە گرنگەکان بێت لای دیکارت. ئەو پێی وایە کە ئەقڵ و جەستە بەردەوام لە کارلێکردن دان و چالاکییەکانی ئەقڵ، لە جۆری بیرکردنەوە (تەفکیر) و مەبەست، دەتوانن کاریگەرییان لەسەر جەستەی ماددی هەبێت و دەکرێت پێچەوانەکەشی ڕاست بێت. لێرەدا چەمکی کارلێک هەوڵ دەدات ئەو دابەشبوونە ڕواڵەتییەی نێوان ئەقڵ و جەستە ئاشت بکاتەوە.هەڵبەتە ئەم فەلسەفە دووانەییەی دیکارت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پەرەسەندنی فەلسەفەی مۆدێرن و فەلسەفەی ئەقڵ هەبووە. هەرچەندە بەردەوام ڕووبەڕووی ڕەخنە و چەندین ئاڵەنگاریش بۆتەوە، بەڵام هەمیشە وەکو ڕوانگەیەکی مێژوویی و بونیادی (ستراکتۆرالی) گرنگ لە گفتوگۆکانی تایبەت بە سروشتی هۆشیاری و پەیوندی نێوان ئەقڵ و جەستە و سروشتی واقیع، دەرکەوتووە.

لە بەرامبەردا، دیاردەناسی وەکو ڕێبازێکی فەلسەفیی دەرکەوت، کە دواتر لە بواری کۆمەڵناسیشەوە گرنگییەکی زۆری پێ درا. دیاردەناسی، تیشک دەخاتە سەر وەسف و شیکردنەوەی وردی ئەزموونی مرۆڤ، چونکە ئەزموون بەشێوەیەکی سەربەخۆ دەژیەت و کاردەکات، یاخود وەک “دیاردە”یەك لە هۆشیاریدا دەردەکەوێت. بەو مانایەی هەوڵ دەدات لە پێکهاتەکانی هۆشیاری تێبگات، ئەو ڕێگایانەش کە تیایاندا هەست بە جیهانی دەوروبەرمانەوە دەکەین، لەسەر ئەو بنەمایەش لێکدانەوە و شرۆڤە و مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین، لەئاکامیشدا چۆنێتی تێگەیشتنمان لە ئەزموونەکانمان ڕوونتر دەبێت.

ئێدمۆند هوسرل (١٨٥٩-١٩٣٨) بە دامەزرێنەری دیاردەناسی دادەنرێت. ئەو ئەم ڕێبازەی وەک ڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی سنوورەکانی فەلسەفەی نەریتی پەرەپێدا، کە زۆرجار پشتی بە گریمانە و چەمکە سەربەخۆ و دابڕاوەکان (ئەبستراکتەکان) دەبەست. ئامانجی هوسرل دابینکردنی شێوازێکی توند و سیستماتیک بوو بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەزموون بەشێوەیەکی دابڕاو، واتە لە دەرەوەی فیکر و بیرۆکە پێشوەختەکان. ئەو لە کارەکانیدا جەختی لەسەر “ئیختیزالکردنی دیاردەناسیی” دەکردەوە، کە پرۆسەیەکە فەیلەسوف گریمانەکانی لە نێو کەوانەدا دادەنێت، یان گریمانەکان لادەبات و دەیانخاتە لایەك، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ دیاردەکان بپشکنن وەک چۆن لە هۆشیاریدا دەردەکەون.

یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی دیاردەناسیی هوسرل بریتییە لە “مەبەستداری” هوسرل چەمکی مەبەستداریی (intentionality) خستە ڕۆژەڤەوە، کە ئاماژەیە بۆ ئاراستەکردنی ڕیشەداربوونی هۆشیاری بەرامبەر بە شتەکان. ئەو دەیگوت هەموو هۆشیارییەک ئاگاییەکە دەربارەی شتێک. بۆ نموونە، کاتێک هەست بە بابەتێك یان شتێک (ئۆبژەیەک) دەکەین، هۆشیاریمان بە شێوەیەکی دیاریکراو بەرەو ئەو بابەتە یان ئەو شتە ئاراستە دەکرێت.

لێرەدا هوسرل وەکو یەکێک لە خەسڵەتەکان، جیاوازی یان گۆڕانی ئیستیدلالیی (ئێدیتیك) بەکارهێنا، بۆ لێکۆڵینەوە لە تایبەتمەندییە جەوهەرییەکان یان پێویستەکانی دیاردەیەک. ئەمەش بریتییە لە خەیاڵکردنی گۆڕانکارییەکان لە ئەزموونێکی دیاریکراودا، بە پارێزگاریکردن لە تایبەتمەندییە جەوهەرییەکان یان جێگیرەکان، بۆ ئەوەی بزانرێت بەڕاستی چی بۆ ئەزموونەکە پێویستە، کە خۆی لە خۆڕاستکردنەوە و پێداچوونەوە بە خۆدا دەنوێنێت.

بەو جۆرە دیاردەناسی کاریگەریەکی زۆری لەسەر بوارە جیاوازەکان هەبووە، لەوانەش فەلسەفەی ئەقڵ، دەروونناسی، زانستی مەعریفی و تەنانەت ئەدەب و هونەر. ئەمەش کاریگەری هەبووە لەسەر چۆنیەتی بیرکردنەوەمان لە ئاگامەندی و هۆشیاری، خودگەرایی یان کەسێتیی و پەیوەندی نێوان ئەزموونەکانمان و جیهانی دەوروبەرمان.

بەهەرحاڵ، قسەکردن لە بواری فەلسەفەی هۆشیاریدا ئاسان نییە. ئەو پێشەکییەش، زیاتر چوارچێوەیەکە بۆ ناسینەوەی ئاماژەکانی نەبوونی هۆشیاری، بەتایبەتیش هۆشیاری سیاسی لەلایەن دەستبژێری سیاسیی کورد. ئەم هۆشیارییە چوارچێوەیەکە دەتوانین وەکوو پێوەر قسەی لێ بکەین. وەکوو پرسیار بیوروژێنین. دەستەبژێرێك وەکو دیاردەیەکی لە قوڕچەقیو، بەنج یان دەقخواردوو، لە ئەزموونێکی خراپەوە، دەڕۆنەوە ناو ئەزموونێکی خراپتر، وەکوو بوونەوەرێکی پەککەوتە لە ڕووی ئەقڵی، ناتوانن لە مێژوو و ڕووداوە ئەزموونییە ناخۆشەکان دەربچن، بۆ تەوزیفکردنی مێژوو لە پێناو ئامانجە نیشتیمانییەکان. دەرچوون لە مێژوو بەمانای بەجێهێشتنی قۆناغبەندی مێژوو، بە هەموو بەها و نۆرمەکانییەوە، هەنگاونان بۆ ناو مۆدێرنەتە بە هەموو خەسڵەت و بەها و نۆرمەکانییەوە. دەکرێت گیربوون یان چەقین لەم قۆناغبەندییەدا کاریگەریەکی ڕاستەوخۆی بەسەر ستراکتۆری ئەقڵی دەستەبژێری سیاسیدا هەبێت، بەجۆرێك ئەو بونیادە ئەقڵییە، لە دۆخێکی پەککەوتەییدا مابێتەوە و نەتوانێت درک بە مەترسییەکان، خواستەکان و پێوستییە هەنووکەیی و ستراتیجییەکانی ئەو قۆناغە بکات.

حاشا لەوە ناکرێت کە سیاسەتکردن لە هەر یەکێک لە پارچەکانی کوردستان وەکوو یاریکردن بە ئاگر وایە. کورد لە دۆخێکی داگیرکراوی بێوێنەدا دەژی. دۆخێکە کەم وایە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا نموونەی هەبێت. دۆخێك هەمیشە لەبەردەم گەلەکۆمەیەکی هەرێمی دایە، نەک هەر چوار دەوڵەتەکەی داگیرکەری خاک و خەڵكی کوردستان کارەکتەری سەرەکی ئەو گەلەکۆمەیەن، بەڵکو زۆرجار دەوڵەت و لایەنی دیکەش تێیەوە گلاون، کە لە رێککەوتننامە دووقۆڵی، سێقۆڵی و چوارقۆڵی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا ڕەنگی داوەتەوە. بەڵام لەپاڵ ئەو دۆخە سەختە نالەبار و گەڕەلاوژێ ئاسایەشدا، پەککەوتنی ئەقڵی و دەروونی دەستەبژێری سیاسی کورد، دۆخەکەی هێندە زیاتر نالەبار کردووە، بەجۆرێك هەندێک جار، هەندێك ڕەفتاری نانیشتیمانی و ناهەش، لە دەرەوەی هەموو ئەزموون و لۆجیکێکدا دەبیندرێن.

دستەبژێری کوردی بەهۆی ئەو پەککەوتنە ئەقڵییەی، ناتوانێت هۆشیار بێت بەو دۆخەی کە لە ناوخۆ و لە دەوروبەریدا دەگوزەرێت. ناتوانێت وشیاربێت بە چۆنییەتی ئیدارەدانی ململانێ لەگەڵ داگیرکەر. یان بە پێچەوانەوە، لە جیاتی ئەوەی وەکو یەکەیەکی نەتەوەیی سیاسیی سەربەخۆ رەفتار بکات، بەهۆی تێنەگەیشتن و هۆشیارنەبوون بە خودی ململانێی سیاسی لەگەڵ بکەرە سیاسییەکان و داگیرکەراندا، هەر خێرا دەکەوێتە ڕیزی یەکێک لە داگیرکەرەکان، لەپێناو ئیدارەدانی ململانێی سیاسی ناوخۆیی. جەمسەرگیرییەکی ناوخۆیی کە لەگەڵ یەکەم دابەشبووندا لە شەڕی چاڵدێران کە لە ٢٣ی ئابی ١٥١٤سەرهەڵدەدات. تا ئەمڕۆش دابەشبوون بەسەر تەوەری عوسمانیزم و ئێرانیزمدا لەنێوان سیاسیی و حیزبەکانی کوردستاندا بە زەقی دەبینرێت. هۆکارەکەش چەقینە لە قۆناغبەندی مێژوو، بەو مانایەی بێئاگان لەوەی کە ئەو نەتەوەیە هێشتا لەبەردەم مەترسییەکی دەرەکی هەرێمی گەورە دایە و هێشتا قۆناغی داگیرکاری بەجێ نەهێشتووە. دەزانم، ئەوان دەزانن کە کوردستان دابەش کراوە، بەڵام لەوە تێناگەن داگیرکەران و پەراوێزکەوتن چی دەگەیەنێت، لەوە تێناگەن سیاسەتکردن لە پێتەختی داگیرکەر ناچارییە و خەتێکی بەرگرییە لە خاک و خەڵك، هەروەها لەوەش تێناگەن لە قۆناغی بەر لە سەربەخۆیی دەبێت هەموو هەوڵ و تێکۆشانێك، هەموو ئامرازەکان بە حیزبەکانیشەوە لەناو ستراتیژییەتی پڕۆسەی ئازادبووندا بن لەپێناو ئازادکردنی خاك و خەڵك، نەك ململانێی حیزبی لەناو بازنەیەکی داخراوی دەقخواردووی هەرزەکارانەی وەکو ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی، پەکەکە و ئەوانی دیکە. بۆیە، “ململانێی سیاسی ناوخۆیی لە کوردستانی داگیرکراودا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە” وەکو ململانێی “سیاسی ناوخۆی حیزبە سیاسییەکانی هەر دەوڵەتێکی سەربەخۆ، نیە”، بۆ دواجاریش بەهۆی تێنەگەیشتن لەو دوالیزمە، ململانێی سیاسی ناوخۆیی، لەگەڵ ململانێی سیاسی لەگەڵ داگیرکەردا لێک جیا ناکەنەوە. ئەم نموونەمان یەکجار زۆرن، هەم لەسەر ئاستی دستەبژێری سیاسی نەریتی کە زیاتر یەکێتیی و پارتی نوێنەرایەتی دەکەن، هەمیش لەسەر ئاستی حیزبە تازەکان و دەستەبژێرێکی سیاسی کە خۆی بە ڕۆشنبیر دەزانێت، لە مامەڵەکردن لەگەڵ زۆرینەی دستەڵاتداری عەرەبی لە بەغدا، بۆ نموونە. بەو مانایەی هەردوو دستەبژێری نەریتی و نوێ، وەکو دوو دیوی یەک دراو، لە قۆناغبەندی مێژووییدا چەقیون.

ئەم دۆخە جەمسەرگیرییە، بەمانای جەمسەرگیری و دابەشبوون و خۆپەنادان بە داگیرکەر، دژ بەیەك، لەنێوان گروپە ساسییەکانی کورددا، کە یەکتر پەرواێزخستن و وەدەرنان و یەکتر بە دوژمن دانان و بێمنەتبوون لەیەکتری و وەلانانی هەموو جۆرە بیرکردنەوەیەکی نیشتیمانی، جۆرێکە لە بوون بە لەمپەر لەبەردەم هەر جۆرە هۆشیارییەکی سیاسی. ئالێرەشدا، لە لۆژیکی ئەو جۆرە ناهەشییەدا داگیرکەر دوژمن نییە، بەڵکو دەکرێت هاوپەیمان بێت، دژ بە کێ؟ دژ بە گروپێکی دیکەی هاونیشتیمانی، چونکە لە بنەڕەتدا ئازادکردنی خاك و خەڵك لەناو هۆشیاری ئەو گروپە سیاسییانەدا چەکەرەی نەکردووە. چونکە هێندەی حیزب و خێڵ و خێزان، ئەگەر ئایدیۆلۆجیاشییان هەبێت، ئایدۆلۆجیا، ناوەندی ستراتیجی ئەو حیزبانەن، دەیەکی ئەوەش ئازادیی نیشتیمان لەناو ئەو ستراتیجیەدا نییە، بەها و نرخی مرۆڤ لەو جۆرە بونیادەی بیرکردنەوەدا جێگای نەبۆتەوە.

پارتی و یەکێتیی وەکوو دوو گرێکوێرەی دژ بەیەک لە مێژووی هاوچەرخی کورددا، واتە وەکوو دوو ئەزموونی دابڕاو، لە هەموو سیفەتەکانییان لەیەکتر دەچن، بێجگە لە نیشتیمانیبوون، بە هەندێک جیاوازی زۆر سادە. هەردووکیان دەتوانن لەگەڵ داگیرکەردا دژ بە یەک بچنە ناو پڕۆسەی جەنگ و یەکدی ڕیسواکردن و لەناوبردن، کە لە ئاکامدا نەتەوەکەیان و خۆشییان ڕیسوا دەبن و لەناو دەچن. ئەو ڕاستیەش لە ڕووی مێژووییەوە باش دەزانن، بەڵام نەبوونی هۆشیاریی سیاسیی، هەردووکیانی گێژ کردووە و وەکو دوو نەزان ناتوانن لە گرێکوێرەی ڕق و دژبەری یەکدی دەربچن. ئەوە بەو مانایە نییە کە ببن بە یەك، بەڵکو بەمانای ئەوەی لە دەوری ستراتیجییەتێکی نیشتیمانیی و هەندێك باوەڕی جێگیر کۆببنەوە، لە پێشەوەی هەموو ئەو باوەڕانەش سەروەری سیاسی خاك و پاراستنی کەرامەتی ئینسانی کورد. لەبەرامبەر ئەو باوەڕانەدا، ئەزموونی سیاسی ئەو دوو حیزبە سەلماندوویانە، دەکرێت داگیرکەر دوژمن نەبێت، بەڵام رکابەری سیاسی دوژمنە و دەخرێتە خانەی ناپاکی نیشتیمانی، لەکاتێکدا لەمێژووی خۆیاندا هیچ لایەک درێغییان دژ بە یەکدی نەکردووە.

بەڵگەی نەبوونی هۆشیاریی سیاسیی، وەک ئەوەی کە هوسرل گۆڕانی ئیستیدلالی بۆ لێکۆڵینەوە لە تایبەتمەندییە جەوهەرییەکان یان پێویستەکانی دیاردەیەک بەکاری هێنا، نەک هەر مێژوو، واقیعێکی هێندە ناشیرین هەیە لە ناکۆکی و ناتەبایی، دەتواندرێت دەیان کتێبی لەسەر بنوسرێت. هەموو ئەو مێژووە خوێناوییەی کە ناوی نراوە براکوژیی، هەروەها ئەو ناکۆکی و ناتەباییەی کە لەدوای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق بەردەوام هاتۆتە ئاراوە، هەرێمی کوردستان و دامەزراوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بێبەش کردووە لە دوو خەسڵەتی سەرەکی بیناکردنی نەتەوە، دوو خەسڵەت ئەگەر هەر دەوڵەتێک نەیبێت، بە دەوڵەتێکی شکست خواردوو هەژمار دەکرێن کە بریتین لە:

یەکەم: مۆنۆپۆلکردنی هێزە ئەمنیەکانی وڵات

دووەم: مۆنۆپۆلکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نیشتیمانیی.

ئەم دوو هۆکارە، وایان کردووە دوو حیزب وەکو دوو میلیشیا ببیندرێن، چونکە تا ئەمڕۆش ئامادە نین دەستبەرداری هێزە ئەمنییەکانیان بن. خاوەندارێتیش لەو هێزە ئەمنییانە لەڕێی مۆنۆپۆلکردن و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی داهاتی نیشتیمانییەوە دەبێت. لەم ڕووەشەوە حکومەت و پەرلەمانی هەرێم تەنها میکیاجێکن بۆ دەستەڵاتی مۆنۆپۆلئاسای حیزب. ناسینەوەی هەوڵەکانی هاوپەیمانان بۆ بەنیشتیمانییکردنی هێزی پێشمەرگە بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە لەسەر ئەو دۆخەی کە دروست بووە.

لێرەدا، قسەکردن لەو بوارەدا، داواکاری نییە لەو دوو حیزبە بۆ ئەوەی خۆیان چاك بکەن، چونکە داواش بکرێت، ئەوان بەهۆی نەبوونی هۆشیاریی بەو قۆناغە مێژووییەی کوردەوە، نە خۆیان چاك دەکەن، نە خۆشییان بۆ چاک دەکرێت. هەر لە بنەڕەتیشدا، ئەوان وەک دوو ئەزموونی حیزبی شێواو و شپرزە، بوونەتە هۆکارێک بۆ شکستی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێم و بە گەڕانێک بەناو هاوڵاتییاندا لە هەر یەکێک لە شارەکانی هەرێم، دەتوانین بەئاسانی بەو ئەنجامە بگەین کە هاوڵاتییانیش متمانەیان بەو حیزبانە و بە پڕۆسە سیاسییەکەی هەرێم نەماوە. ئەمەش بریتییە لە “خەیاڵکردنی گۆڕانکارییەکان لە ئەزموونێکی دیاریکراودا”، وەکو لە پێشەوە ئاماژەی پێکراوە، ئەویش لەڕێگەی بە سەنتەرکردنی قەوارەی هەرێم وەک کیانێکی سیاسی دەبێت، بەو مانایەی دەستەڵاتی کردەیی بگەڕێندرێتەوە بۆ حکومەتێکی نیشتیمانیی، حیزبەکان دەست لە دامەزراوە مەدەنییەکان و سەربازییەکان هەڵبگرن و بگەڕێنەوە شوێنی سروشتی خۆیان. ئەمانە تایبەتمەندییە جەوهەرییەکانن. پارێزگاریکردنیش لە تایبەتمەندییە جەوهەرییەکان یا جێگیرەکان، ڕێگایەکە بۆ ئەوەی بزانرێت بەڕاستی چی بۆ ئەزموونی هەرێمی کوردستان پێویستە، کە یان ئەوەتا خۆی لە خۆڕاستکردنەوە و پێداچوونەوە بە خۆدا دەنوێنێت، یان دروستبوونی هێزێکی نیشتیمانی هەمەڕەنگ و هەمەلایەنە و مەدەنی، دوور لە توندوتیژی، لەپێناو ڕزگارکردنی ئەوەی کە دەکرێت رزگار بکرێت.

کێشەکە لەکوێدایە؟ جەوهەری کێشەکە لەوەدایە کە ئەو دوو حیزبە، کە نەک هەر هێزە ئەمنییەکان و سەرچاوەکانی داهاتیان مۆنۆپۆل کردوون، بەڵکو لەو رێگەیەوە دامەزراوەکانیشییان مۆنۆپۆل کردوون و لە پڕۆسەیەکی درێژخایەنی شێواندندان، کە بەهۆی نەبوونی هۆشیاریی سیاسیی، مەحاڵە بتوانن دەست لە دامەزراوەکان هەڵبگرن، بەتایبەتی دامەزراوە ئەمنیی و ئابوورییەکانی وڵات. بۆیە هەرێمی کوردستان پێویستی بە بزووتنەوەیەکی مەدەنی نیشتیمانی هەیە، کە لەلایەک هۆشیار بێت بەو قۆناغە، بە پێویستییەکانی ئەو قۆناغە. لەلایەکی دیکە، هۆشیار بێت بە ڕێزگرتن لە بەها و نۆرمە مۆدێرنەتەکان و سووربوون لەسەر جێبەجێکردنیان. لەوانەش گرنگتر، ڕێزگرتن و پاراستنی دوو سەروەریی، یەکێکیان سەروەریی نیشتیمانیی هەرێمی کوردستانە، واتە پاراستنی سنوورکانییەتی کە رۆژانە پێشێل دەکرێن، هەروەها پڕۆسەی نیشتیمانسازیی لەناو خودی هەرێم بە گرتنەبەری سیاسەتێکی نیشتیمانیی لە هەموو بوارەکاندا، بەتایبەتی سیاسەتی زمان. ئەوی دیکەش سەروەری تاکەکانی ناو کۆمەڵگەیە، بە چاوپۆشین لەوەی لە چ گروپێکی ئایینی یان خێڵەکین، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی پێشکەوتوو بینا بکرێت، هیچی کەمتر نەبێت لەو کۆمەڵگانەی کە لەناو مۆدێرنەتەدا دەژین، ئەمەش لەڕێگەی بەهێزکردنی “ناسنامەی هەرێمی کوردستان”دا دەبێت.

بەپێی ڕوانگەی دیکارتیش بێت، هەرچەندە ئەقڵ و جەستە لێک جیا دەکاتەوە، بەڵام کارلێککردن یەکێکە لە خەسڵەتە گرنگەکانی ئەو دوو بوونە. ئەو پێی وایە ئەقڵ و جەستە بەردەوام لە کارلێککردن دان و چالاکییەکانی ئەقڵ، لەجۆری بیرکردنەوە (تەفکیر) و مەبەست، دەتوانن کاریگەریان لەسەر جەستەی ماددی هەبێت و دەکرێت پێچەوانەکەشی ڕاست بێت. لەسەر ئەو بنەما فەلسەفییەشەوە، دەکرێت بپرسین؛ ئەو کارلەیەککردنەی ئەقڵ و جەستە لە کوێی دەستەبژێری سیاسی هەرێمی کوردستان دایە؟ ئەقڵی ئەو دەستەبژێرە سیاسییە لە کوێ گیرساوەتەوە، کە لەوە تێناگات نەبوونی نیشتیمانسازی و نەمانی ئینتیمای هاوڵاتییان لە دۆخی کورددا، کە هێشتا سنوورێکی سیاسی دانپێدانراوی نییە، نەك هەر ماڵی خەڵك وێران دەکات، بەڵکو خودی ئەو دەستەبژێرە سیاسییانەش ڕیسوا دەکات. نموونەش لەو جۆرە ڕیسوابوونە لە تەواوی ئەزموونەکانی دونیادا زۆرن.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO