ئیسماعیل بێشکچی
وەرگێڕانی: محەمەد عزەدین
كاتێك باسی تیرۆری ده‌وڵه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین ده‌كرێت، ناشێ ئیسرائیل له‌بیربكه‌ین. ئیسرائیل لە دژی فه‌ڵه‌ستینییه‌كان تیرۆری ده‌وڵه‌ت په‌یڕه‌و ده‌كات. وه‌لێ ئه‌و تیرۆره‌ی ئیسرائیل لە دژی فه‌ڵه‌ستینییه‌كان، بەراورد به‌و تیرۆره‌ی توركیا و ئێران و عێراق لە دژی كورد په‌یڕه‌وی ده‌كەن، زۆر ساده و كه‌م ده‌رده‌كه‌وێت. به شێوه‌یه‌ك ناتوانرێت ئه‌و دووه به‌راوردیش بكرێن.
كۆمه‌ڵكوژكردنی پێنج هه‌زار منداڵ و ژن و پیر و گه‌نج به هیچ كلۆجێك له‌بیرناکرێت، جا دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش ئه‌و وه‌حشیه‌ته‌یان سه‌ركۆنه و شه‌رمه‌زار نه‌كرد. نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ئەنجوومەنی ئه‌وروپا و ناتۆ و په‌رله‌مانی ئه‌وروپا و كۆنگرەی ئیسلامی له هه‌مبه‌ر ئەو تاوانەدا زاریان لێك نه‌كرده‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش نا، به‌ڵكو هاوكاری ماددی و مه‌عنه‌ویی سه‌دام حوسێنی دیكتاتۆری كۆڵۆنیالیستی ڕه‌گه‌زپه‌رستی فاشیستیان كرد.
یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و وڵاتانی سه‌رمایه‌داری به‌شێوه‌یه‌كی چڕ هاوبه‌شی جێبه‌جێكردنی ئه‌و تاوانه بوون. ته‌له‌فزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامه و ناوه‌نده‌كانی میدیای ڕۆژئاوا، سه‌باره‌ت به‌و وه‌حشیگەرییە بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵێكیشیان به ڕه‌وا نه‌بینی و نه‌بوونه ئامرازێك بۆ گه‌یاندنی نووچه‌ی ئه‌و تاوانه به جیهان. بۆ نموونه ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و ڕۆژنامه توركییه‌كان ئاوابوون. كه‌چی كاتێك شه‌ڕ و په‌ڤچوون له نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستینییه‌كان ڕووده‌دات و فه‌له‌ستینییه‌ك ده‌كوژرێت، ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن به‌شێوه‌یه‌كی زۆر به‌ربڵاو باسی ده‌كه‌ن و له به‌رنامه‌كانیاندا شه‌نوكه‌وی ده‌كه‌ن.
له سه‌ره‌تای مانگی ئۆکتۆبەری ١٩٩٠ دا، بیست و یه‌ك خۆپیشانده‌ری عه‌ره‌ب له‌لایه‌ن هێزی ئاسایشی ئیسرائیلییه‌وه كوژران. دوای بوویه‌ره‌كه، وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی و ئه‌وروپی و دامه‌زراوه جیهانییه‌كان كاردانه‌وه‌ی زۆر گه‌وره‌یان پیشاندا. ناوه‌نده‌كانی ڕاگه‌یاندنی جیهان چه‌ندین ڕۆژ مژوولی شرۆڤه و گه‌یاندنی هه‌واڵی ئه‌و ڕووداوه بوون بە هه‌موو دنیا.
بەشێک لە پەرتووکی “تیرۆری دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست”