سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

دارە-قوڵەی بزووتنەوەی هەقەو تۆپخانەکەی بزووتنەوەی گۆڕان

پێشەکی

دەبێت لەبەراییدا ئەوە بڵێم کە ئێستا لە واقع و ژینگە و ژیانێکی دیکە داین و ئاین و ئایدۆلۆجیا و بیركردنەوەی مرۆڤەکان گۆڕانی زۆریان بەسەردا هاتووە، نە بزووتنەوەی هەقە دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی کارای ئەم سەردەمە و نە دەشمەوێت کەس هانبدەم بەوەی بگەڕێنەوە بۆ خورافیات و پابەندی ئاینیی و ئایدۆلۆجی وتەریقەتە ئاینییەکان، بەڵام وەک قۆناغ و هەلومەرجی ئێستا و ڕابردوو ئەم بەراوردکارییەم بەلاوە گونجاوە، بەتایبەت وەستان لەسەر پاشخانی مێژوویی کلتوری ناتوندوتیژیی لەناو کورددا. دەنا ئەگەر لەسەردەمی تەریقەتەکاندا سەرچاوەی خوێندن و خوێندەواری، لە حوجرەدا و لەبن دەستی مەلاکاندا بووە، ئێستا خەریکە قوتابخانە و زانکۆکانیش ڕۆڵیان نامێنێت و ڕەنگە ئۆنلاین ببێتە جێگرەوەیان.

نامەوێت خوێنەر واتێبگات من بانگەشە بۆ بزووتنەوەیەک دەکەم کە ڕیشەی لە ئایندایە، چونکە بزووتنەوەی هەقە نەک ئاینیان ڕەتنەکردووەتەوە بەڵکو بەشێوەیەک لە شێوەکان بزووتنەوەکە، ڕیشەی لە تەریقەتی نەقشبەندیدایە و ئەم تەریقەت و بزووتنەوانەش هەر هیچ نەبێت لە ئاستی كۆمەڵایەتیدا چەندە ناتوندوتیژیش بووبن، بەڵام لە مۆدێرنێتە دابڕاون و دژایەتی خوێندنیان کردووە و دانیان بە قوتابخانەکاندا نەناوەو تەکفیریان کردووە. هاوکات، دانیان بە ڕێبازی هاوچەرخی ئەدەبیاتدا نەناوە، لە شیعری كلاسیك بترازێت، ئاوڕ لە ڕۆمان و چیرۆك و شانۆ و شیعری ئازاد نادەنەوە، چ جای هونەری سینەما کە من پسپۆڕییەکەم نووسینی سیناریۆیە (سکرینپلەی). کورت و کرمانج ئەم بزووتنەوانە بۆ ئێستا هیچ ڕۆڵێكیان نابێت، بەڵام قسەکردن لەسەریان وەک هێزێک لە مێژوومانداو بەراوردێک لەگەڵ ئەمڕۆدا بێسوود نابێت. بەتایبەت ئەگەر بمانەوێت خەباتێکی کلتوری درێژە پێبدەین .

ئەزموونی ژیان فێری کردووم، باشتر لە ڕووداووەکان و ورد ببمەوە، ئێستا بەم ئەنجامە گەیشتووم کە خەباتی مەدەنی و کلتوری ناتوندوتیژیی، ئەگەر سەرکەوتنی خێراش بە دوای خۆیدا نەهێنێت، سەرکوت بکرێت، و شکست بهێنێت، ئەوە سەرئەنجام کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگ بەجێ دەهێڵێت. بەلای کەمەوە لە خەباتی مەدەنیدا دەستی ستەمکاردرێژ نییە بۆ تاوانی زیاتر و کەمتر خوێنی تێدا دەڕژێت. ئەمەش دەبێت ئامانجی هەموو مرۆڤێکی ناتوندوتیژ بێت، بە پێچەوانەشەوە ئەوەی زەمینە بۆ ستەمکار و جەلاد سازدەکات و هارتری دەکات کاردانەوە و شۆڕشی چەکدارییە. کە هەمیشە بیانو و پاسا و دەداتە دیکتاتۆرەکان هەتا زیاتر دەستیان بچێتە خوێنی خەڵک.

لە ٢٠١٥ دا، لە سەروبەندی ڕێگری کردن لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، یوسف محەمەد، کە گۆڕان بوو، لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەندێک کەس پێشنیازی چەکدارکردنی “بزووتنەوەی گۆڕان”یان کرد. منیش هەر ئەوکات بەبیرمدا هات ئەم بەراوردکارییە لە نێوان بزووتنەوەی هەقە و بزووتنەوەی گۆڕان دا بکەم، بۆیە بیرۆکەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو کات.

ئەوکاتە بەڕێوەبەری ناوەندی چاک بووم بەشی پەیوەندییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان داوایان کرد ئەوان بێن بۆلامان یان ئێمە بچینە لایان بۆ ڕاگۆڕینەوە. لەبەرئەوەی ئێمە هیچ بارەگا و نووسینگەیەکمان نەبوو ئێمە چووین بۆ گردی زەرگەتە و لەوێ چاومان بە کاک عەدنان شاسوار و ستافەکەی کەوت. من جەختم لە خەباتی مەدەنی و کلتوری دەکردەوە بۆیە بە کاک عەدنان و شاندەکەی گۆڕانم گوت: زۆر مەیدان هەیە کە خەباتی مەدەنی تێدا بکەن و گۆڕانکاری کلتوری تێدا بکەن، بەلای کەمەوە دەتوانن زمانی ڕاگەیاندنتان بگۆڕن و لە زمانی هەژاری ڕاگەیاندنی کوردی دوور بکەونەوە. هەر هیچ نەبێت زمانی ڕاگەیاندنتان لەو دوو پارتە دەسەڵاتدارە جیا بکەنەوە کە خۆتان بە ئۆپۆزسیۆنیان دەزانن و ئێستا لە کێبەرکێدان. ئێوە کاتێک شوێن دەستتان دیاردەکەوێت کە خەڵک بە “مۆم”ـەکە و ئاڵا شینەکەتاندا نەتانناسنەوە، بەڵکو بە ڕەفتار و کردار و هەڵسوکەوتی کادیر و هەڵسوڕاوەکانتان بتانناسنەوە. بەداخەوە بزووتنەوەی گۆڕان مەیدانەکانی دیکەی فەرامۆشکردووە و زۆرخۆشخەیاڵن بەخەباتی پەرلەمانی. هەرچەندە شاندەکەی گۆڕان پەیامەکەیان بەهەند وەرنەگرت زۆریش دڵنیانیم لەوەی کە تێیگەیشتن یان نا، بۆیە هیوام خواست لە ئایندەدا ئەم مەیدانە فەرامۆش نەکەن و بزووتنەوەی گۆڕان گۆڕانکار بێت و لە پێشەوە دەست بۆ گۆڕانی خۆی بەرێت، لێبوردە و پشوودرێژ بێت و تۆوی ئومێد بچێنێت و لە داهاتوودا خەڵک نائومێد نەکات.

من ئەوسا و ئێستاش خۆشخەیاڵ نەبووم بەڵکو پشتئەستور بووم بە پاشخانی مێژوویی نەتەوەکەم، بەلای کەمەوە لە ژینگەیەکدا پەروەردە بووم کەمتر توندوتیژی تێدابووە. پەروەردەی دەستی نەنکمم، ژنێکی ناتوندوتیژ، کە هاوژینی سۆفی قادری گەڵنێری بووە. جگە لەوەش مێژووی کۆن و نوێمان خاڵی نییە لە بزووتنەوەی سیاسی کۆمەڵایەتی ناتوندوتیژ.

لێرە بەدواوە ئاوڕێکی زۆر کورت تەنها لە بزووتنەوەی هەقە و کاریگەرییەکانی و خەباتیان دەدەمەوە و وەک ڕایەڵێکی مێژوویی بەراوردێکی سەرپێی لە نێوان بزووتنەوەی هەقە لە سەدەی ڕابردوو و بزووتنەوەی گۆڕان لەم سەدەیەدا دەکەم.

سەرهەڵدانی بزووتنەوەی هەقە

بزووتنەوەی هەقە لە سەدەی ڕابردوودا، لە ناوچەی سورداش واتا لە گوند نەوەک لە شار، بە ڕێبەرایەتی “شێخ عەبدولکەریمی شەدەڵە” سەری هەڵداوە. شێخ عەبدولکەریم بۆ خۆی شوێنکەوتووی تەریقەتی نەقشبەندی بووە، کە لەو سەردەمەدا دوو تەریقەتی ئاینیی سەرەکی هەبوون و باڵیان بەسەر تەواوی کوردستاندا کێشابوو، ئەوانیش “تەریقەتی قادری” و “تەریقەتی نەقشبەندی” بوون. دەنا ئەوانی دیکە هیچیان تەریقەت نەبوون بەڵکو لق و پۆپی یەكێك لەو دوو تەریقەتە بوون.

بەهادین ئەحمەد ڕایەکی دیکەی هەیە و لە توێژینەوەکەیدا بەناوی بزووتنەوەی هەقە لە کوردستان دەنوسێت: دوای دەركەوتنی ناوبانگی شێخ مەولانا خالیدی نەقشبەندی و هەژموونی تەریقەتی نەقشبەندی لە كوردستان دا، بنچینەی سۆفیگەرییانەی هەقە بە وەرگرتنی تەریقەتەكە لەلایەن شێخ ئەحمەدی سەردار لە سەرگەڵوو لە مەولانا خالد دەستی پێكرد. لە سەرەتادا شێخ ئەحمەدی سەردار خەلیفەی تەریقەتی قادری بووە و موریدی شێخ مارفی نۆدێ‌ بووە لە سلێمانی، كە ڕێبەری تەریقەتی قادری لە كوردستان دا كردووە.

لەو هەلومەرجە کۆمەڵایەتییە سەختەدا کە خوێندەواری لە نزمترین ئاستیدا بوو، دەسەڵاتی ئاغاکان لەوپەڕی بەهێزیدا بوو. دابونەریتی کوردان لەژێرسایە و هەژموونی سیستمی دەرەبەگایەتیدا لەقاڵب درا بوو. ئاستی هوشیاریی جوتیاران لە خوارەوە بوو، دەسەڵاتی دەوڵەتی تازە دامەزراوی عێراق لەژێر نیری ئینگلیزەکاندا بوو بەڵام بزووتنەوەکە توانی پەلبهاوێت و دابونەریتێک دابهێنێت کە هەرگیز پێشتر کۆمەڵگای کوردی بەلای کەمەوە لە باشووری کوردستان بەخۆیەوە نەدیبوو. هەندێک پرسیاری وروژاند کە هەرگیز پێشتر خەڵک بوێری کردنیانی نەبوو، بەتایبەتی لەمەڕ ڕۆڵ و مافی ژن و دادپەرەوەری و ناتوندوتیژیی.

بۆیە ئەگەر پشت بەو پاشخانە مێژووییە ببەستین و ئازایانە ئاوڕی لێ بدەینەوە ئێستاش لە توانادا هەیە بە دیدێکی نوێ و بۆ ئامانجی دیکە لە دەلاقەی هەقەکانەوە بەسەر حەوشەوبانی خۆماندا بڕوانین و دەرفەت بقۆزینەوە و سوود لە تاقیکردنەوەیەکی دیکە ببینین.

لە دوای مردنی شێخ عەبدولکەریم، جڵەوی بزووتنەوەکە کەوتە دەست مامە ڕەزای برای، ئەویش هەنگاوێکی بوێرانەی ناو هەقەی لە تەریقەتێکی ئاینییەوە گۆڕی بۆ بزووتنەوەیەکی چاکسازی کۆمەڵایەتیی سیاسیی و ئابووریی. بۆیە لەسەردەمی مامە ڕەزا دا لە هەقە کەوتنە تەقە و زیاتر تۆمەتیان خرایە پاڵ. بەهادین ئەحمەد لەم بارەیەوە دەڵێت: هەرچەندە شێخ عەبدولكەریمی شەدەڵە لە دوای خۆی و لەكاتی سەرەمەگ و نەخۆشیدا مۆڵەتی شێخایەتی و ئیرشادی تەریقەتەكەی بە كەس نەداوە و كەسی لە جێگەی خۆی دانەناوە، بەڵكو لە كاتی نەخۆشی و پێش كۆچ كردنیدا گوتویەتی: كەس ئیزن نییە و كەس مەئزون نییە بۆ پێدانی تەریقەت و شێخایەتی. بەڵام پاش كۆچی دوایی شێخ، مامە ڕەزای برای لە ماوەی دوو ساڵدا توانی كۆمەڵی هەقەكان لە ڕووی ڕوخسار و ناوەڕۆكەوە بەشێوەیەكی نوێتر ڕێكبخات.

هێزە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە کاتێک بینیان هێزێک ڕای چڵەکاندوون ئەوانیش دەستەوسان دانەنیشتن، بەڵکو کاردانەوەیان هەبوو، کەوتنە بوختان بۆ کردن و ختوکەدانی هەستی خێڵەکیانەی خەڵک، بەتایبەتی قسەی بێبنەما و بوختان بەدەم ژنەکانەوە. لەکاتێکدا یەکێک لە خاڵە هەرە جوانەکانی بزووتنەوەی هەقە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و یەکسانی نێوان ژن و پیاو بووە کە بزووتنەوەکە لەسەر بنەمای هەقپەروەری و خوشک و برایی و نەهێشتنی جیاوازی چینایەتی و پرس و ڕاوێژکردن بە یەکدی و نهێنیپارێزیی و سەربەستی ئافرەت و مافی ژن و ڕێکخستنی کاروباری ڕۆژانە و بیری ناتوندوتیژیی ڕێکی خستبوون، بەڵام ئەوەی کۆنەپەرەستان کردبوویانە بنێشتەخۆشەی ژێر ددانیان مافی ژنان بوو. ئەوان باش دەیانزانی کە مەبەست لەم بنەمایە، تەبایی و پێكەوەییە.

هەموو ئەندامانی كۆمەڵی هەقە خۆیان بە خوشك و برای یەكدی داناوە، بۆیە مافی یەكسان لە نێوان ژن و پیاواندا هەیە. ئەوان باش دەیانزانی کە خۆشەویستییەكی خوشك و برایانە، هەقەکانی پێكەوە بەستووە و وەک یەك خێزانی گەورە مامەڵە دەکەن. هەقەکان زۆرجار پێكەوە کاریان کردووە و پێکەوە دانیشتوون و پێکەوە نانیان خواردووە. تەنانەت هەندێكجار لەیەك حەوشە و خانوودا وەكوو كۆمەڵگەیەكی بچووك پێكەوە ژیاون.

بەبیرم دێ کە مشتومڕ و قسەو قسەڵۆک هەتا ناوەڕاستی حەفتاکانیش لە دژیان بەردەوام بوو، تۆمەتەکانیش بە زۆری ئەخلاقی بوون. لەوانە، دەیانگوت لە تەکیەکانیاندا ژن و پیاو بەیەکدی حەڵاڵن، بەڵام ئەمە درۆودەلەسە و تۆمەتێکی ناڕەوای دەربەگەکان بوو بە هاندانی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی عێراق و ئینگلیزەکان، کە لە ئازادی تۆقیبوون. نەنکم، پیرۆز حەسەن مستەفا، کە شوێنکەوتووی هەقەکان نەبوو هەمیشە ئەو تۆمەتانەی ڕەت دەکردنەوە، کە گەورەش بووم و هەندێک لەو گەنجانەی دایک و باوکیان شوێنکەوتووی بزووتنەوەی هەقە بوون بوونە دۆست و هاوڕێم زیاترم لەبارەیانەوە زانی و بۆم ڕوون بووەوە کە ئەوەی لەسەریان دەگوترا درۆ و بوختانێکی نابەرپرسیارانە و دڵڕەقانە بوون. دوای خوێندنەوەی چەند سەرچاوەیەکیش زیاتر لە ڕیشە و ئامانجی ئەو بزووتنەوەیە و هۆکاری سەرهەڵدانیان و هۆکاری ئەو کاردانەوە و بوختانەکانیشیان تێگەیشتم. گرنگترین گۆڕانکاری لەناو “هەقە”کاندا ئەوە بوو پێگەی چینایەتی مەرج نەبوو بۆ پێگەی کەسێک لەناو بزووتنەوەکەدا بێت. حەمەسوری کلاوقوت باشترین بەڵگەیە، ئەو پیاوە شێخ نەبوو بەڵکو مسکێنێکی نەخوێندەوار و هەژار بوو، سەرەتا لە ماڵی شێخ عەبدولکەریم خزمەتکار و دارکێش و گاوان بووە، بەڵام لەسەر پەیڕەوی هەقەکان گەیشتە ئاستی ڕابەرانی بزووتنەوەی هەقە. دوای جیابوونەوەشی زۆرێک لە شوێنکەوتوانی بزووتنەوەکە لەگەڵیدا ڕۆیشتن و لەناوچەی شوان نیشتەجێ بوون. خاڵێکی گرنگ ئەوە بوو کە ژنان لە بڕیار و کاروباری کۆمەڵایەتی و کارگێڕی بزووتنەوەی هەقەدا بەشدار بوون.

پەیدابوون و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی هەقە زۆر جێگەی تێڕامان و لەسەر وەستانە، بەتایبەتی لەو بارودۆخە ئاڵۆزەدا، بیرکردنەوە لە ناتوندوتیژیی ناکرێت هەروا ئاسان و ڕاگوزەر لێی بڕوانین. سەرهەڵدانی بزووتنەوەکە لە گونددا زۆر جێگەی تێڕامانە لەکاتێکدا هەمیشە شار شوێنی بیرکردنەوە و داهێنانی فیکر و مەعریفە بووە. لێرەدا ڕایەکی سەردار عەزیز هەڵدەگوازم کە نوسیوێتی: هەقە بەرهەمی پانتایی گوندە. لادێ، بەگشتی لە دونیای بیردا وەک جێگایەکی دەرەکی تەماشا کراوە، شار هەمیشە جێگای بیرکردنەوە بووە. ئەمە بە زەقی لە تێزەکانی مارکس لەسەر هیند و ستەمکاری ڕۆژهەڵاتیدا ڕوونە. بەڵام هەقە پێچەوانەی ئەم تێزەیە. لەوەش زیاتر، سەردار عەزیز دەڵێت: هەقە لە سەروبەری دروستکردنی عێراقدا سەریان هەڵداوە، ساتەوەختێکی ئێجگار ئاڵۆز و پڕ لە توندوتیژیی لە مێژووی ناوچەکەدا. ئەم دۆخە و ئاڵۆزیەکانی لە قسەکردن لەسەر هەقە لەبەرچاو نەگیراوە. ئەدمۆنز، لە نامە و کارەکانی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، باش ئەرشیفی ئەم دۆخەی کردووە.

لێرە، بە پێویستی دەزانم ئەو سێ هۆکارە بخەمەڕوو کە بوونە هۆی گەشەسەندنی بزووتنەوەی هەقە لەناو جوتیارانی ناوچەیەکی باشووری کوردستان دا. هەڵبەت هەمان ئەو هۆکارانەش بوون کە ئاغاکان و ئینگلیزیشیان قەڵس کردبوو.

یەکەم، یاخیبوون و پابەندنەبوون بە سروت و مەراسیمی ئاینیی و هەوڵدانیان بۆ ڕزگاربوون لە چەوسانەوەی دەرەبەگەکان و پەیوەندی کۆمەڵایەتی کۆن و یاخیبوونیان بەڕێژەیەک کە ببێتە مایەی سەرنجی دەسەڵاتداران و بەرەنگاربوونەوەیان.

دووەم، ڕزگاربوونی ئافرەت لە کۆت و بەندی دواکەوتوویی دەربەگایەتی و دابونەریتی کۆن،

سێیەم، هاوکاریی برایانەی نێوان هەقەکان سۆزێکی بەرهەمهێنابوو کە نە کوردستان و نە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخۆیەوە نەدیبوو، سۆز و هاوکاریی نێوانیان گەیشتبووە ئاستێک کە موڵک و سامان بێبایەخترین شتگەل بوون. ئەم هەستە لە هەمووان زیاتر بۆ ئینگلیزەکان مایەی نیگەرانی بوو چونکە ئەوان ترسیان لە ئەزموونێکی سۆسیالستی بوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی شۆڕشی بەلشفیەکان لە ڕوسیا لە ١٩١٧ دا سەرکەوتوو بوو و دنیای بەجۆرێکی دی ئاراستە دەکرد و لەدەرئەنجامەکانی دەترسان.

هەر چۆنێک بێت، تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەک بەردەست نییە کە بیسەلمێنێت بزووتنەوەی هەقە و ڕابەرەکانیان پەیوەندییان بە یەکێتیی سۆڤێت وچەپەکانی ئەو سەردەمەوە بووبێت. بەپێچەوانەوە، توێژینەوەیەکی زانستی لە زانکۆی کۆیە ئەوە ساغ دەکاتەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نەبووە.

دارەقوڵەی هەقە

گرنگترین خاڵ کە لێرەدا بە پێویستی دەزانم گرێی بدەمەوە بەمەبەستەکەمەوە، پابەندیی و ئامادەیی هەقەکانە بە ڕابەرەکەیانەوە، ئەوەش لە سۆنگەی بڕوابوونیانەوە بوو بە بەدیهێنانی ئەو سێ خاڵانەی لە سەرەوە باسم کردن.

لە ئەیلولی ١٩٤٤، کەرکوک نمایشێکی گەورەی هەقەکان بەخۆیەوە دەبینێت. موتەسەریفی ئەوسای هەولێر، مامە ڕەزا، ڕابەری بزووتنەوەی هەقە، بەناوی چاوپێکەوتن بانگ دەکات بۆ دوکان، ئەویش لە گوندی شەدەڵەوە دەچێت بۆلای، بەڵام موتەسەریف یەکسەر دەیگرێت و بەمەبەستی “نەفیکردن”ی ڕەوانەی لیوای کەرکوک و لەوێشەوە بۆ پارێزگای عەممارەی خواروی عێراقیان بردبوو.

گرتنی مامە ڕەزا ئەوەندە کتوپڕ بووە، هەر تەنیا فریای ئەوە کەوتبوو بڵێ “ئەهلی هەق” بەدوام کەون. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی هەموو شوێنکەوتوانی بزووتنەوەکە بەژن وپیاوەوە لە چەندین ناوچەی جیاوازەوە بەرەو کەرکوک بەڕێ بکەون، تەنانەت خەڵکی تریشیان لەگەڵ کەوتبوو کەوا شوێنکەوتووی بزووتنەوەکە نەبوون. یەکێک لەوانە مامم حاجی ئیسماعیل بوو، کە داکۆکیان لە بێتاوانی مامە ڕەزا دەکرد و داوای ئازدکردنیان دەکرد.

ڕێڕۆیشتنی هەقەکان بە چوون و هاتنەوە، لە ئەیلول تا کانوونی یەکەم، نزیکەی سێ مانگی خایاند هەر لە کۆمەڵگای یاروەلی نزیک کەرکوک ٢٥ ڕۆژ مابوونەوە. ئەوانەی بەرەو کەرکوک ڕۆیشتن چەکی دەستیان تەنها دارێکی کورت بووە، کە بە “دارەقوڵە” ناسراوە. ئەوەش ئاماژە بوو بۆ بزووتنەوەیەکی ناتوندوتیژ. ئەو ڕێپێوانە مەدەنییە حکومەتی ئەوسای تۆقاندبوو، بۆیە مامە ڕەزایان ئازاد کردو و هێنایانەوە بۆ گوندی شەدەڵە.

بەهەمان شێوە، کاتێک لە باکووری کوردستان جەزیرە گەمارۆدرا، سەلاحەدین دەمیرتاش پەرچەکردارێکی مەدەنی و ناتوندوتیژی هاوشێوەی هەڵبژارد، هەر بەپێ بەرەو جەزیرە ڕۆیشت، بە هەزاران کەس بەپێ لەگەڵیدا ڕۆیشتن و دەوڵەتی تورکیایان ناچارکرد گەمارۆ لەسەر جەزیرە هەڵبگرێت.

ئەی بزووتنەوەی گۆڕان جگە لە خستنەوە کاری تۆپخانەکەی، تەلەفزیۆنی کەی ئێن ئێن، چی کرد؟ ئایا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نەیدەتوانی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش بکات؟ ئایا بزووتنەوەی گۆڕان نەیدەتوانی هاوشێوەی بزووتنەوەی هەقە بکات؟

تۆپخانەکەی گۆڕان

بێگومان نامەوێ بزووتنەوەی گۆڕان لە دەستکەوتەکان دابماڵم بە پێچەوانەوە گۆڕان هیچی نەکردبێت هەنگاوێکی ئەزموون کرد و جۆرێک ئیرادەی بە خەڵک بەخشی، بەڵام هەوادار و هەڵسوڕاوەکانی خۆی فێری پشودرێژی نەکرد. تێبینی بکە هەقەکان لەو سەردەمەدا کە دەزگای ڕاگەیاندنیان نەبوو، دەنگیان بە زۆر شوێن نەدەگەیشت، تەنها چەند گەڕۆکێک هەبوون بیروباوەڕی بزووتنەوەکەیان بڵاودەکردەوە، کەچی بیری ناتوندوتیژیان بڵاودەکردەوە و چەک هەڵگرتن لای بزووتنەوەی هەقە قەدەغەبوو، کەچی ئەفسوس بزووتنەوەی گۆڕان ئەگەرچی پڕوپاگەندەی خەباتی مەدەنی دەکات کەچێ تاقە کەناڵێکی تیڤی هەیە ناویناوە تۆپخانە!

ئەمە و تازە-ڕۆشنبیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان پێشنیاری هێزی چەکدار دەکەن! هەقەکان لە سەردەمێکدا ژنانیان خستبووە ناوەندی بڕیارەوە کە ژن لە هەموو مافێکی ئینسانی داماڵدرابوو. لەو سەروەختەدا باوەڕیان بە گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانە هەبوو. هەقەکان لە ١٩٤٤ دا بانگەوازی ئاشتی ستۆکهۆڵمیان واژۆکردبوو، مامە ڕەزای ڕابەری بزووتنەوەی هەقە، یەکێک بوو لەوانەی کە بەسۆزەوە لە ڕێبازی ئاشتی و پاراستنی ئاشتی جیهانی، بەشداری کردبوو، لەو سەروەختەدا کە ئامێرەکانی گواستنەوە و گەیاندن و پەیوەندی هەر نەبوون، هەروا چەند کەسێکی تەبشیریان هەبوو “برا-سەیار” واتە برای گەڕۆک. چەکی دەستیان دارێکی کورت “دارەقوڵە” بوو، کەچی بزووتنەوەی گۆڕان لە کاتێکدا نیوملێون خەڵک دەنگدەرێتی، دنیا بەهۆی ئامێرەکانی گەیاندن و سەتەلایت و ئێنتەرنێتەوە، بووەتە گوندێکی بچووک نەک هەنگاوێکی لەم جۆرەیان نەنا کە سەرۆکی پەرلەمان بەشێوەیەکی مەدەنی بگەڕێننەوە، بەڵکو کەناڵە تەلەفزیۆنییەکەشیان کە دەکرا گرنگترین دەزگای وریاکردنەوە بێت و چاندنی ئومێد و بیری کۆمەڵگایەکی مەدەنی و دادپەروەر بێت ناونا “تۆپخانە”. لە ناوەڕۆکیشدا نەیانتوانی وەک پێویست زەمینە خۆشکەری خڕۆشانێکی مەدەنی بن، لەدژی ئەو یاسا شکێنیەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامیدا.

بزووتنەوەی گۆڕان و سەرۆکی پەرلەمان دەیانتوانی هەمان هەنگاو بنێن، ڕێپیوانێکی هاوشێوەی هەقەکان بەڵام ئەمجارە بەرەو کەرکووک نا بەڵكو بەرەو هەولێر ڕێک بخەن، بەڵام بۆ ئەوەی هیچ بەریەک کەوتنێکیش لەناوهەولێر دروست نەبێت دەیانتوانی لە پردێ یان لە دێگەڵە بگیرسێنەوە ڕەشماڵ و چادر هەڵدەن و دەیان هەزار کەس کۆبکەنەوە، ڕێک وەک چۆن شوێنکەوتوانی بزووتنەوەی هەقە لە یاروەلی مانەوە. دەکرا لەبری نوسینگەی سلێمانی پەرلەمان لە پردێ چەندین چادریان هەڵدابا و میدیای ناوخۆ و جیهانیی ڕاستەوخۆ پەخشیان بکردایە و دەرکردنی سەرۆکی پارلەمانیان بگەیاندایەتە دوا گۆشەی ئەم جیهانەی بانگەشەی دیموکراسی دەکات. گۆڕان دەیانتوانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە هەموو بێحورمەتییەک بە مرۆڤ بە ئاگابهێنێتەوە و بیانخستابووایە بەردەم پرسیارەوە.

دڵنیام هەزاران کەس بەبێ ئەوەی گۆڕان بن دەهاتنە دەوری چادرەکان و ڕەنگە لە هەڵسوڕاوەکانی گۆڕانیش گەرمتر داوای دیموکراسیەت و سەروەری یاسا و گەڕانەوەی سەرۆکی پارلەمانیان بکردایە. دیمەنی وەها ئاپۆرایەکی جەماوەریی لە کوردستانی باشووردا بێسود نەدەبوو، بەڵکو ڕەنگە گۆڕانی ببردایەتە پێشەوە و گیانێکی سەردەمیانەشی بکردایەتەوە بەر بزووتنەوەی هەقە و شۆڕشە سپییەکەی گاندیدا. ئەوسا نەک هێزەکانی پارتی بەڵکو هیچ هێزێک نەیاندەتوانی بەرگەی وەها خرۆشانێک بگرن و وانەیەکی گرنگیش دەبوو بۆ دەسەڵاتداران لە هەر شوێنێک بان.

سەرچاوەکان

مستەفا عەسکەری (٢٠٠٨) ئاوڕدانەوەیەک لە بزووتنەوەی هەقە. دەزگای ئاراس، ل. ٤٧.

ڕەوف محەمەد زوهدی، بۆ لە هەقە کەوتنە تەقە، ل. ١٧٤.

سەردار عەزیز (٢٠١٩) بزووتنەوەی هەقە: خوێندنەوەیەکی تر. ماڵپەری زەمەن، لەم لینکە:

https://www.zamenpress.com/Detail_wtar.aspx?jimare=555&fbclid=IwAR1eQOnjvmsDtwcl8jVHX0EIqnMnRCEVRfLG3UscTkAFFXSey-ixZUhNnJk

بەهادین ئەحمەد (٢٠١٧) بزووتنەوەی هەقە لە هەرێمی کوردستان. ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان. ڕۆژی ١٥/٧/٢٠١٧.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO