سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

داگیرکەر، جیاوازی نێوان پرسی کورد و فەلەستینییەکان

ململانێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، فرەڕەهەند و هەمەلایەنەیە، بەتایبەتیش لە پەیوەندی بە پرسی کورد و وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکانەوە. پرسی کورد و فەلەستینییەکان زۆر ڕووی لەیەکچوو و جیاوازییان هەن، ئەمە لەپاڵ بەسەرچوونی زەمەنێکی زۆر و مانەوەی هەردوو پرس بێچارەسەر. تەمەنی پرسی کورد دەگەڕێتەوە بۆ دەرهاوێشتەکانی جەنگی یەکەمی جیهان و نزیکەی سەد ساڵە بەبێ چارەسەر ماوەتەوە، بەڵام پرسی فەلەستینییەکان بەشێکە لە دەرهاوێشتەی جەنگی دووەمی جیهان و دوای دامەزراندنی ئیسرائیل لە ١٩٤٨ سەرهەڵدەدات، کە نزیکەی ٧٠ ساڵ. کێشەی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان ڕەهەندی نێودەوڵەتی هەیە و فەلەستین وەکو دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و چاودێریان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە و باڵوێزخانەیان لە زۆربەی وڵاتانی دونیا هەیە، کەچی تا ئەوڕۆ پرسی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.

بۆ قسەکردن لەو دوو پرسە کە بریتییە لە پرسی “رزگاربوون لە داگیرکەر”، دەبێت لە چوارچێوەی تیۆری ململانێدا، بەدوایدا بگەڕێین، بەتایبەتیش لە چوارچێوەی ململانێ کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا. تیۆری ململانێ لێکۆڵینەوە لە ناهاوسەنگی دەستەڵات و نایەکسانی نێوان پێکهاتەکاندا دەکات، کە دواجار سەردەگرێت بۆ ململانێی کۆمەڵایەتی. زۆرجاریش هەر لەو چوارچێوەیەدا هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی سەرهەڵدەدات. کەواتە پرسیار ئەوەیە چۆن بتوانین بیرۆکەی سەربەخۆیی لە چوارچێوەی تیۆری ململانێدا جێ بکەینەوە، بەتایبەتیش ئەو دوو ململانێ خوێناوییەی کە تا ئەمڕۆ دونیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داگیرکردووە؟ لێرەدا، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، باس لە یەکێک لە تەوەرەکانی تیۆری ململانێ دەکەم، ئەویش کێشەی نایەکسانییە لە ڕووی بونیادیی، واتە نایەکسانی بونیادیی (structural inequality).

تیۆری ململانێ جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆمەڵگە بەدرێژایی هێڵەکانی دەستەڵات و سەرچاوەکانی داهات، دابەش بووە. کاتێك کە داگیرکەر ناوچەیەک یا خاکێک داگیر دەکات، ناهاوسەنگییەکی بەرچاو لە تەرازوی دەستەڵاتدا دروست دەکات، کە زۆربەی جاران داگیرکەر دەستێکی باڵای دەبێت لە ڕووی هێزی سەربازی، ئابووری و سیاسیدا. لێرەدا، خەڵكی ناوچە داگیرکراوەکە، کە بەدوای سەربەخۆییدا دەگەڕێن، بەهۆی ئەو ڕەهەندە جیاوازانەوە، لەچوارچێوەی نایەکسانی بونیادییدا دەکەونە ناو دۆخێکی خراپی نەخوازراو و نەبوونی بژاردەی زۆر لەبەردەمیاندا، کە زۆربەی جاران لە نێوان تەسلیمبوون و بەرگریدا قەتیس دەبنەوە. نایەکسانی بونیادیی، لە سیاقی تۆڕی ململانێدا، چەمکێکە باس لە چۆنییەتی دروستبوونی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دەکات لەناو یەک کۆمەڵگەدا، ئینجا ئەو پێکهاتانە چۆن پەیوەندیی نایەکسانیی دەستەڵات دروست دەکەن و بەردەوامی پێ دەدەن. ئەم نایەکسانییەش بۆ دواجار دەبێتە هۆی ململانێ و ئاژاوە و نائارامیی کۆمەڵایەتی. ئەم بیرۆکەیە ناوەندی تێگەیشتنی تیۆری ململانێیە لە پەیوەندی بە چۆنییەتی سەرهەڵدانی ململانێکانەوە.

چەمکی نایەکسانی بونیادیی، لایەنێکی بنەڕەتیی تیۆری ململانێیە لە کۆمەڵناسیدا. یەک داهێنەر و سەرچاوەی نییە، بەو پێیەی تیۆری ململانێ خۆی چوارچێوەیەکە لەلایەن چەندین کۆمەڵناس و زاناوە بە تێپەڕبوونی کات پەرەی پێدراوە. لێرەدا، نایەکسانی بونیادیی، کە تەوەری سەرەکی ئەم باسەیە، توخمێکی سەرەکی  تیۆری ململانێیە، جەخت لەوە دەکاتەوە، داخۆ چۆن پەیوەندییە نایەکسانەکانی دەستەڵات و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، بەشدارن لە ململانێی کۆمەڵایەتیدا. بیرۆکەی نایەکسانی بونیادیی، لەژێر کاریگەری چەندین کۆمەڵناس و بیرمەنددا پەرەی سەندووە، لەوانە کارل مارکس، ماکس ڤێیبەر، ڕاڵف دەهرێندۆرف و چەندینی دیکە، کە هەموویان بەشدارییەکی بەرچاویان لە پەرەپێدانی تیۆرییەکەدا هەیە، سەبارەت بە تێگەیشتن بەو نایەکسانییە، کارل مارکس، ڕۆڵی خەباتی چینایەتی و نایەکسانی ئابووری لە کۆمەڵگەدا تاوتوێ دەکات، کاکڵی بیرۆکەکە خۆی لە ململانێی نێوان چینی کرێکار و چینی بۆرژوازی دا دەبینێتەوە، لەو دووڕیانەشەوە، چەمکی نایەکسانی بونیادیی لە چوارچێوەی تیۆری ململانێدا گەڵاڵە دەبێت.

لە تیۆری ململانێدا، کۆمەڵگە وەک پێکهاتە کۆمەڵایەتییە هەمەجۆرەکان تەماشا دەکرێت، لەوانەش دامەزراوە ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەم بونیادانە بێلایەن نین، بەڵکو لە بەرژەوەندی نەتەوە یان چینە باڵادەستەکانی ناو کۆمەڵگەدا لە قالب دەدرێن، کە لەدۆخی داگیرکەر و داگیرکراودا، داگیرکراو لە دەرەوەی بونیادەکاندا دەبێت. ڕەگوڕیشەی ئەم نایەکسانییەش، لە ناهاوسەنگی دەستەڵاتەوە لەپانتایی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا سەر دەگرێت. دەرئەنجامی دەستڕاگەیشتنێکی زیاتری نەتەوەێک (بەتایبەتیش نەتەوەی داگیرکەر، لە دۆخی داگیرکاریدا) یا چینێکە بە سەر سەرچاوە و دەرفەت و دەستەڵاتی بڕیاردان لە بەرابەر نەتەوە یا چینێکی دیکە. ئەم دابەشکردنی نایەکسانییەی دەسەڵات، دەبێتە هۆی ئەوەی کە نەتەوەە پەراوێزخراوەکان یا چەوساوەکان، سەرچاوە و دەسەڵات و دامەزراوەی سنوورداریان هەبێت بەسەر ژیانی خۆیاندا. لەکاتێکدا، چینی بۆرژوازی بەشێوەیەکی گشتی زۆربەی سامان و موڵک و سەرچاوەکانی داهات کۆنتڕۆڵ دەکەن. لەبەرامبەردا نەتەوە یا چینەکانی دیکە تووشی بێبەشیی ئابووری و چەوسانەوە دەبنەوە. چەوسانەوەش زۆربەی جار پەیوەندی بە بواری ئابوورییەوە هەیە و خۆی لە مەسەلەی چینایەتییدا دەبینێتەوە. ئەم چەوسانەوەیەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆکارێک بۆ نایەکسانی ئابووری و دروست کردنی لەمپەری گەورە لەبەردەم دادوەریی کۆمەڵایەتییدا. هەرچی دۆخی داگیرکارییە، هەموو ئەو سنوورانەش تێدەپەڕێنێت و بێجگە لە توانەوە یا لەناوچوون بژاردەیەکی دیکە لەپێش نەتەوەی ژێردەست ناهێڵێت.

کێشەی نایەکسانی لێرەدا، خۆی لە بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانیدا دەبینێتەوە. چونکە نایەکسانیی بونیادیی، خۆی دووبارە دەکاتەوە و خۆی خۆی بەرهەمدێنێتەوە، واتە بەردەوامی دەبێت. هۆکارەکەشی لەو بونیادە دایە کە دەسکاریکردن و هەڵوەشانەوەی لە توانای نەتەوەە هەژموون لەسەرکراوەکان، یاخود داگیرکراوەکاندا نییە. نەتەوە و گرووپە ئابووری و و کۆمەڵایەتییەکان کە داگیرکراون، یان هەژمووبەسەرداکراون، لە شوێنی خۆیاندا دەچەقن. هەژموون لەسەرکراوەکان، پێگەیەکی جێگیر لەناو پێکهاتە بونیادییەکەدا دەگرن، لەژێر هەژموونی نەتەوەی دەستەڵات، کە بەردەوام لەڕێگای هێزە ئەمنییەکان و سەرچاوەکانی داهاتەوە پارێزگاری لە سیستمی سەپاودا دەکەن. لەبەرابەردا، نەتەوەە داگیرکراوەکان، زۆربەی جار لەو پێگەیەش بێبەش دەکرێن و هەمیشە فڕێ دەدرێنە دەرەوە. ئەو پڕۆسەیەش زۆر جار بەمیرات بۆ نەوەکان بەجێدەمێنێت، ئەگەر گۆڕانکاری لە سیستمەکەدا نەکرێت.

یەکێک لە ئامرازە هەرە ترسناکەکان بۆ پاراستنی ئەو هەژموونە، کۆنتڕۆڵی ئایدیۆلۆجییە. نەتەوەی باڵادەست یان داگیرکەر پەنا بۆ ئایدیۆلۆجیا، یا ئایین دەبات بۆ پاراستنی باڵادەستی خۆی. ئایدیۆلۆجیا، یان ئایین دەتوانێت نۆرم و بەها و بیروباوەڕە کۆمەڵایەتییەکان لە قالب بدات، کە شەرعییەت بە پێکهاتەکانی دەستەڵاتی داگیرکەر یان هەژمووندار دەدات. زۆرجار، نەتەوە پەراوێزخراوەکان هەوڵ دەدەن پێگەی خوارەوەی خۆیان بخەنە ناوەوەی پێکهاتە هەژمووندارەکە، لەڕێگای توانەوە و خۆڕاهێنان لە خزمەتکردن بە ئامانجەکانی نەتەوەی باڵادەست.

تا ئێرە، چوارچێوە تیۆرییەکە، وەسفکردنی دۆخی بونیادیی کۆمەڵگەیە. لەو دۆخە بونیادییەدا باس لە چۆنییەتی نەتەوەکان یا چینەکان دەکات. نەتەوەی داگیرکراو، یا چینی هەژموون بەسەردا کراو، لەوەها دۆخێکدا دەبێت لێکۆڵینەوە لە نەخشە بونیادییەکەدا بکرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت ستراتیجییەتی ململانێی لەگەڵ نەتەوەی داگیرکەردا دیاری بکرێت، کە وابەستەیە بە کۆمەڵێک دەرهاوێشتەی جیاوازەوە، لەوانەش جیۆپۆلیتیک، باری ئابووری و سیاسی و ئەمنی. لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئایدیۆلۆجیای زاڵ و دیمۆگرافییای نەتەوە و گرووپی داگیرکەر و دەستنیشان کردنی کلیلی ململانێکانە.

دۆخی کورد، لەو چوارچێوەیەدا جیاوازە لە دۆخی فەلەستینییەکان، لە چەند سەرێکەوە. لەوانە:

یەکەم: کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، وەکو بەشێک لە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان تەماشا دەکرێت، واتە بەشێک لە بونیاد و پێکهاتەی دەوڵەت، نەك بەشێکی جیاواز و خاوەن خاک و مێژوو و زمان و تایبەتمەندی خۆی. لەبەرامبەردا و لەسەر ئاستی ناوخۆدا، لە ڕووی بونیادییەوە، کورد لەناو هەڕەمی کۆمەڵگەی دەوڵەتدا هیچ پێگەیەکی نییە. زۆر جار لە دەرەوەی بونیادەکەشدا مافی کوردبوونی لێ سەندراوەتەوە. بۆ نموونە، لە تورکیا نکوڵی لە بوونی کورد دەکرێت، تەنانەت ناوهێنانی کورد وەکوو تاوان دەبیندرێت. بۆیە وەکوو کورد لەهیچ پێگەیەکی بونیادییدا جێگای نابێتەوە. لە ئێران، ئەگەر پارێزگایەکیش بە ناوی کوردستانەوە هەبێت، کێشەی سەرەکی لە پەراوێز و ڕێگە نەدانییەتی بە هیچ چالاکییەکی سیاسی و فەرهەنگی، تەنانەت مافی خوێندنیشی بە زمانی خۆی لێ زەوتکراوە. واتە وەک کورد هیچ پێگەیەکی لەناو بونیادی دەوڵەتدا پێ ڕەوا نابیندرێت. لە سوریا، سادەترین پێگەی کورد بریتی بووە لە بێگانە (ئەجانیب). سەرباری هەموو ئەو وەدەرنانە ناوخۆییانە، هەرچی لەناوخۆی ئەو چوار دەوڵەتەدا ڕووبدات، کێشەیەکی ناوخۆییە نەک نێودەوڵەتی. واتە ململانێکە لێرەدا دەکەوێتە چوارچێوەی بەدەستهێنانی مافە مەدەنییەکان و کێشەی نەبوونی دیموکراسی و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ، نەک پرسی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت. بەڵام فەلەستینییەکان وەکو بەشێک لە ئیسڕائیل تەماشا ناکرێن. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەمیشە وەکوو نەتەوەیەکی مرۆیی جیاواز تەماشای فەلەستینییەکان دەکات. ڕاستە ئەوان لە پەراوێزی جوگرافیادا دەژین، بەڵام یەکێک لەو فاکتەرانەی کە ئەوانی لە پەراوێزدا هێشتۆتەوە، خودی فەلەستینییەکان خۆیانن، چونکە لە ڕووی ئیداریەوە سەربەخۆن و دەتوانن لەو پەراوێزەدا لە ڕووی سیاسیی و نێودەوڵەتییەوە یارییەکی سیاسیی کاریگەر بەرێوە ببەن، لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانیان. فەلەستینییەکان پشتیوانییەکی بەردەوامی نێودەوڵەتییان هەیە. ساڵانە لەسەر ئاستی دەرەوەدا بودجەی تایبەتییان بۆ دابین دەکرێت. وڵاتانی عەرەبی پشتیوانی لە مافەکانی فەلەستین دەکەن، هیچ نەبێت لە ڕووی جەماوەرییەوە پشتیوانییەکی ڕەها هەستی پێ دەکرێت. گرنگی ئەو پشتیوانییەش دەگەڕێتەوە بۆ گرنگی پێگەی ئیسرائیل لەناو بونیادیی سیستمی سیاسی نێودەوڵەتیدا، وەکو دەوڵەتێکی تاقانەی نەتەوەیەک و هەڵگری بەها و نۆرمە دیموکراسییەکان. کورد لەو ڕووەوە، بەتایبەتی لە تورکیا و ئێران، ئەو کەرەستە و ئامرازانەیان لەبەردەستدا نییە، بەمانای ئەوەی لەبنەڕەتدا ڕێگەیان پێنادرێت بچنە ناو کاری سیاسییەوە. ئەمەش ڕامان دەکێشێت بۆ خاڵی دووەم.

دووەم: ئیسرائیل، بە پێچەوانەی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا، وڵاتێکە پێڕەوی لە سیستمی دیموکراسی دەکات، خاوەن دامەزراوەی دەوڵەتییە. لەو ڕووەشەوە دەتوانین فەلەستینییەکان دابەش بکەینە سەر دوو جۆر. جۆری یەکەم فەلەستینییەکانی ناو ئیسرائیلن کە ژمارەیان لە دەوری دوو ملیۆن و نیوە، کە دەکاتە نزیکەی چارەگێک لە دانیشتوانی ئیسرائیل. شار و باژێرەکانی خۆیان بەڕێوە دەبەن، لە ڕووی ئایینی و مافە مەدەنییەکانەوە هیچ کێشەیەکییان نییە. زۆرینەیان کڵاسی مامناوەندین و کارەکانیان لە دەوری پارێزەری و ئەندازیاری و پزیشکی و مامۆستایەتیدا چڕ بۆتەوە و حیزبی سیاسی خۆیان هەیە و شەڕی پاراستنی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری خۆیان لەناو کنێسەتدا (پەرلەماندا) بەڕێوە دەبەن. بەو مانایەی ئەوان بەشێکن لە سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دەوڵەت. هەڵگری پاسپۆرتی ئیسرائیلین و وەکوو هەر ئیسرائیلییەک دەتوانن بە دونیادا بسوڕێنەوە. ئەوان دەتوانن لە دادگای باڵای ئیسرائیل کێشە مەدەنی و ئابووری و سیاسییەکانی خۆیان بەڕێوە ببەن و دەیان دۆسییەی هەمەجۆریان لەو ڕووەوە بردوونەتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە لە دوای ٢٠٠٣ وەعێراق بە دۆخێکی تایبەتدا تێپەڕی و کورد بەشێک بوون لە پڕۆسەی ڕزگارکردنی عێراق و بەشێکن لە سیستمی سیاسی عێراق، بەڵام تا ئێستاش مافەکانی کورد لە عێراق ناگەنە ئەو مافانەی کە فەلەستینییەکانی ناو ئیسرائیل هەیانە.

جۆری دووەمی فەلەستینییەکان، ئەوانەن کە لە کەرتی غەزە و لە باریکەی ڕۆژئاوا (زیفەی غەربی) دا دەژین. بەڵام دوو دەستەڵاتی جیاواز ئەو دوو هەرێمە بەڕێوە دەبەن. دەستەڵاتی یەکەم، بزووتنەوەی فەتحە بە سەرۆکایەتی مەحمود عەباس لە باریکەی ڕۆژئاوا، کە شەرعییەتێکی یاسایی و نێودەوڵەتی هەیە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بە بەرزی و نزمیدا تێپەڕ دەبن. دەسەڵاتی دووەم، بزووتنەوەی حەماسە، کە لە ڕۆژئاوا و هەندێک وڵاتی عەرەبی بە گرووپێکی تیرۆریست ناسراوە، کۆنتڕۆڵی تەواوی کەرتی غەزەی کردووە لە دەرەوەی شەرعییەتی دەستەڵات یا سوڵتەی فەلەستینیدا. لێرەدا، کێشەی سەرەکی ئیسڕائیل لەگەڵ فەلەستینییەکاندا، کێشەی نوێنەرایەتییە. بۆیە، ئەگەر خواستی فەلەستینییەکان دەرچوون بێت لە پەراوێز و سەربەخۆیی، خواستی ئیسرائیل بە پلەی یەکەم بەدەستهێنانی ئاسایشە.

ئیسرائیل لە ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ کە بە ڕێککەوتننامەی بنەماکان ناسراوە لە ١٣-٩-١٩٩٣، ڕازی بوو بەوەی دەوڵەتێکی فەلەستینی بە ڕێبەرێتی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینی (فەتح)، لەپاڵ دەوڵەتی ئیسرائیل دابمەزرێت، بەڵام ئەو پڕۆسەیە وەکو خۆی بەڕێوە نەچوو. بزووتنەوەی حەماس پێی وایە ئیسرائیل دەوڵەتێکی زۆڵە و دەبێت بسڕێتەوە، بەپێچەوانەوە بزووتنەوەی فەتح کە چووەتە ناو پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل. لێرەدا کێشەی نوێنەرایەتیی فەلەستینییەکان زۆر زەق بۆتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماس لە بزووتنەوەی فەتح هەڵگەڕایەوە و دەستی بەسەر غەززەدا گرت. کەواتە ئێستا کێشەی ئیسرائیل دووسەرەیە، لەلایەک کێشەی ئاسایشە، بەوەی کە غەزە هەمیشە سەرچاوەی مەترسی و هەڕەشەیە لەڕێی حەماسەوە، وەک ئەوەی لەم ڕۆژانەدا بینیمان کە چۆن حەماس پەلاماری ئیسرائیلی دا. لەلایەکیش کێشەی نوێنەرایەتییە و بزووتنەوەی فەتح ناتوانێت لە هیچ گفتوگۆ و دانوستانێکدا نوێنەرایەتی هەموو فەلەستینییەکان بکات. بەردەوامبوونی ئەم دۆخەش وای کرد ئیسرائیلییەکان بەردەوام بن لە بیناکردنی نشینگەی تازە و مانەوەی دۆخی فەلەستینییەکان لە پێگەی نە دەوڵەت و نە نادەوڵەت، لە کاتێکدا کە توندوتیژی هێندەی زیان بە خودی فەلەستینییەکان دەگەیەنێت، هێندە زیانی بە ئیسرائیل نەگەیاندووە.

دۆخی کورد لێرەدا زۆر جیاوازە. لەلایەک هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان، نەک هەر پشتیوانی لە کورد ناکەن، بەڵکو بە دووقۆڵی، سێقۆڵی، یان چوارقۆڵی هەمیشە لە پڕۆسەیەکی گەلەکۆمەدان دژ بە هەر ماف و هەوڵێکی کورد دەکەونە جموجۆڵ. بەردەوام کار لەسەر سیاسەتی “پەرتکە و زاڵ بە” دەکەن و هەوڵی هێشتنەوەی کورد لە پەراوێزدا دەدەن. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا، کورد هیچ پشتیوانییەکی ڕاستەوخۆی نییە، ئەگەر هەشبووبێت زیاتر لەپێناو بەرژەوەندی زلهێزەکاندا بووە و بەکارهێنان بووە تا چارەسەر. لەسەر ئاستی هەرێمیش، هەر چوار دەوڵەتەکە لە ڕووی بونیادیی سیاسیی دەوڵەتی ڕەهان، باوەڕیان بە هیچ ڕەهەندێکی دیموکراسیی فرەیی نییە، بەتایبەتی لەمەڕ پرسی کورد.

دوای ٢٠٠٣ لە عێراق دۆخێکی نیمچە فرەیی هاتە ئاراوە، بەڵام تا ئێستاش ئەو دۆخە هەر بە هەڵواسراوی و لینگاوقوچ بەڕێوە دەچێت. لەو نەخشە سیاسییەی بەرچاویشدا لەماوەی سەد ساڵدا کورد لەگرتنەبەری خەباتی توندوتیژی نەیتوانیوە هیچ گۆڕانکارییەکی سیاسی بەدەست بێنێت. ئەوەش پەیوەندی بە کۆمەڵێک هۆکارەوە هەیە. لەلایەک هیچێک لەو چوار دەوڵەتە بە پڕۆسەیەکی دیموکراسیدا تێنەپەڕیون. دەوڵەتی ئۆتۆکرات و ڕەهان، کورد تیایاندا نەک هەر هیچ پێگەیەکی بونیادی نەبووە، بەڵکو ڕووبەڕووی پڕۆسەی جینۆسایدیش بۆتەوە و هەوڵی سڕینەوەی دراوە بە شێوەیەکی بەردەوام.  یەکێک لە کەموکوڕییەکان، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، ئەوەیە کە کورد لەڕووی گوتار و ڕەفتارەوە هیچ کاتێك نەگەیشتۆتە ئاستی گوتاری فەلەستینییەکان. ئەوان ئیسرائیل بە داگیرکەر (موحتەل) دەزانن و بەکردەوەش پێڕەوی لەو گوتارە دەکەن. دوور و نزیک نەچوونەتە تەلئەبیب و لەوێ شەڕی هاوڵاتیبوون یا شەڕی دەستەڵات بکەن، بەڵکو پێگەی خۆیان وەکو عەرەب بەکارهێناوە بە سوود وەرگرتن لەو دیموگرافییە سیاسییەی وڵاتانی عەرەبی و دروستکردنی هەژموون. هاوکات، توانیویانە پرسی خۆیان ببەنە ناو دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان و وەکو نەتەوەیەکی سەربەخۆ دانیان پێدا بندرێت. ئیسڕائیلیش لەسەر ئەو بنەمایە چۆتە ناو پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی فەلەستین و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین شان بە شانی دەوڵەتی ئیسڕائیل. لە بەرامبەردا کورد گوتارێکی شەرمنانەیان هەیە لە ئاستی داگیرکاری دەوڵەتانی داگیرکەردا، لە ڕووی ڕەفتاریشەوە، دوای پڕۆسەی جینۆسایدیش، چوونەتەوە پێتەختی داگیرکەر و بوونەتەوە بە بەشێک لە پڕۆسەی سیاسی و بوونەتە پارسەنگێکی گرنگ لە دروستکردنەوەی دەوڵەتی عێراق وەکو نموونە، دوای ئەوەی دارێکی لەسەر بەردێک نەما. ئەمە لەخودی خۆیدا پەیامێکە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دروستبوونی ئەو قەناعەتەی کە کورد بەشێکن لە بونیادی ئەو وڵاتانە و دەتوانن لەناو ئەو دەوڵەتانەدا وەکو هاوڵاتی جێگای خۆیان بکەنەوە و ئەگەری دەرچوون لە پەراوێزدا زیاترە. کە ئەمەش لە واقیعدا هیچ ئومێدێکی نییە، چونکە هەرگیز وەکو بەشێک لە بونیادیی ئەو دەوڵەتانەدا قبوڵ ناکرێن. بۆیە دۆخی کورد دەیان جار لە دۆخی فەلەستینییەکان شلۆقتر و ترسناکترە، لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێکی زۆر لە کورد بەهۆی هاودینییانەوە خەریکی شین و ڕۆڕۆن بۆ حەماس و فریای خۆیشیان ناکەون.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO