گومانی تێدا نییە زۆربەی گەلانی جیهان چەند سەدەیەک لە پێش ئێمەن، واتە چەند سەدەیەکیشە کەلەپوور و دابونەریتی کار و کەرەستەی کاریان لەدەستداوە و بەدوای جیهانی خێراو تەکنەلۆجیا کەوتوون. بەڵام، کورد لە سەدەی ڕابردوودا، بەهۆی دابڕانی لە جیهانی سەرمایەداری و پیشەسازی و تەکنەلۆجیا وایان لە کورد کردبوو لە کار و پیشە و جوتیاریی و ژیانی ئاسایی ڕۆژانەی هەر بەشێوە سادە و ساکاری و پڕ ماندووبوون و دەردەسەری بمێنێتەوە. ئەم بابەتە تیشک دەخاتە سەر ئەو کەرستە جوتیاری و کشتوکاڵییانەی کورد کە لە دێر زەمانەوە بەکاری هێناون.
لەوانەیە هەڵە نەبم ئەگەر بڵێم، دوو شت زۆر دژ یەک دەوەستنەوە، “کەلەپوور و کلتور” لەلایەک و “تەکنەلۆجیا و سەردەمی خێرایی” لەلایەکی دیکە. ئەو کەرستە کۆنانەی باب و باپیرانمان لە تەواوی ژیانی ڕۆژانەیاندا بەکاریان دەهێنان ئێستا بوونەتە بەشێک لە کەلەپووری نەتەوەی کورد، لەوانە: جەنجەڕ و هەنجاڕ و شەغرە و مەشکە و هێلەگ و سەرەد و قەیناغ و شەنە و نیروکۆرپەتە، تا دەگاتە جلوبەرگ و کەرستەی چێشت لێنان. هەموو ئەوانە ئێستا بەگشتیی لەبەکاربردن وەستان بەهۆی تەکنەلۆجیا و زانیاری سەردەم. دنیای ئێستا، دنیای پێشکەوتن و ڕۆبۆتەکانە. کەوابێت، واچاکە هەتا زووە دەست بەو سامانە گەورەیەی کورد بگرین و لە فەوتان بیپارێزین، کە بەشێکی گرنگی مێژووی کورد و یادەوەری باپیرانی ئێمە پێک دێنن.
بەداخەوە، تا ناوەڕاستی ساڵانی نۆهەتەکان ئەو کەلوپەلە کلتوریانە لە عەمباری خانووە قوڕەکان فڕێدرابوونە سەر یەک و تۆزیان لەسەر نیشتبوو. بەشێکی زۆر لە خاوەندارانی ئەو کەلوپەلانە لەگەڵ گەیشتنی کەرسەتە پیشەسازییە نوێکان، ئەوانەی لە ماڵ و لە عەمبارەکاندا هەیان بوو فڕێیاندا. تا ئەو ڕادەی من ئاگادار بم، گەنجەکان ڕۆلی سەرەکیان لە لەناوبردنی ئەو کەلوپەلە کلتوری و کەلەپووریانەدا هەبوو، ئەویش بە پاساوی ئەوەی عەیبە لەم سەردەمەدا کار بەو کەرستە کۆنانە بکرێت، یان دەیانگوت: باویان نەماوە و کاریان تەواو بوو.
دواتر ئاسۆیەکی نوێ سەری هەلدایەوە، وەکو دارێکی وشک بوو کە لە پڕێکدادەبینی کاتەکی کەسکی لێ دەرچوو، ئەوها هەندێک لەخەمخۆرانی رەسەنایەتی و ئارەزوومەندانی کەرستەی کلتوری و فۆلکلۆر و ئەنتیک بۆ رەزاندنەوەی ژووری میوانخانەکانیان هەندێک لەوکەرستانەیان دادەنا، ئیدی لێرەوە بیرۆکەی دانانی مۆزەخانەی کلتوری لەلایەن چەندین کەسی شارەکانی کوردستان گەلالەبوو، هەریەکێک لەوانە ئێستە مۆزەخانەیەکی کلتوری جوانیان هەیە.
ئەمن چەند نموونەیەک لە سنووری قەزای بەردەڕەش دەهێنمەوە. سەعید بارانی، کە وەک فۆلکلۆرناس ناوی دەرکردووە، کوڕە جوتیارێکی ناوچەکەیە لە ناوەڕاستی نۆهەدەکان گوند بە گوندی سنووری قەزای بەردەڕەش گەڕا و ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لەو کەرەستە کۆنانەی کە لە کادین و ژووری ئاژەڵاندا فڕێدرابوون، کۆکردەوە. ئەوەی دەستی پێڕاگەیشت لە شوێنێک کۆی کردنەوە و پاراستنی. تا ئێستا لەوانەیە هەزار کەرستەی زیاتری لەلابێت و بەردەوامیشە لە کۆکردنەوە.
سەعید بارانی کە کەلوپەلەکانی بەشێوەیەکی کاتیی لە ژوورێکی باڵەخانەی وەرزش و لاوان داناوە، کە وەک مۆزەخانەی لێهاتووە، تا ئێستا دەیان بەرنامە و ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنیی لەنێو تۆمار کراوە و کاریان لەسەر کردووە. لە ئێستاشدا وەک بەرنامە هەر جارە و قوتابخانەیەک بانگ دەکات و کەلوپەل و کەرەستە کەلەپوورییەکان نمایش دەکات بۆ منداڵان و نەوەی نوێ بەو سامانە نەتەوەیی و نیشتیمانییە دەناسێنێت، کە دەکرێت وەک دەستکەوت و سەربەرزییەک بۆ کاک سەعید بەتایبەتی و خەڵکی ناوچەکە بەگشتی هەژمار بکرێت.
هەر لە قەزای بەردەڕەش، کەسێکی دیکەی خەمخۆر بەناوی حارس گۆران ئەرکی پاراستنی کەلەپووری نەتەوەکەی گرتۆتە ئەستۆ. کاک حارس، کە گەنجێکی پڕوزە و خۆشەویستی گوندی “کەونەباک”ـە، خانوویەکی قوڕی گوندەکەیانی کردووتە مۆزەخانەیەکەی کەلەپووری هاوشێوەی ئەوەی کاک سەعید بارانی، کە سەدان کەرستە و کەلوپەلی کۆنی گوندەکەی خۆیانی تێدا کۆکردۆتەوە. پێش ماوەیەک قونسوڵی ئەمریکا سەردانی مۆزەخنەکەی کرد و سەرسامی خۆی بەوەها کارێک نیشان دابوو.
لە هەولێریش چەند نموونەی هاوشێوە هەن، لەوانە کاک خالیس، کە هەر خۆی بە تەنیا چەند مۆزەخانەیەکی ئەنتیک و کەلەپووری هەیە. بەندە دیداری ڕۆژنامەوانیم لەگەلیدا ئەنجامداوە و بە هەزاران کەرستەی دانسقە و کەم وێنەی پاراستووە کە هی شار و شارۆچکەکانی کوردستانن.
لێرە دەمەوێت دەردەدلێکی ئەو کەلەپوورپارێزانە بخەمەڕوو، ئەویش ئەوەیە حکومەت دەبوایە بایەخێکی زۆر جدیی بەو کەسانە و بە کەلەپووری نەتەوەیی و نیشتیمانیی کوردستانیی بدایە، چونکە ئەمانە سامانی نیشتیمانین و گرنگە لە شوێنی شایستە، وەک مۆزەخانە، بپارێزرێن و نمایش بکرێن. هاوکات، گەڕیدە و گەشتیارەکان کە دێن بۆ کوردستان بۆ دیتنی باڵەخانە و ڕێگاوبان نایەن چونکە ئەم شتانە لە هەموو شوێنێک هەن، بەڵکو بۆ دیتنی کەلەپوور و ئەزموونکردنی کلتور و سەرمایەی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کوردستانیی دێن. کەسێکی بیانی ڕوو لە کوردستان و ئەو ناوچانە بکات دڵی بە پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆجیا و باڵەخانەی بەرز نابێتەوە بەڵکو ئارەزووی دیتنی مۆزەخانەی کلتوری کەلەپووریی دەکات.
ئەمن ئاگادارم کە هەندێک کەس لەوانەی لە ماڵەکانی خۆیان کەرەستە و کەلوپەلە کلتوری و کەلەپوورییەکانیان کۆکردۆتەوە داوایان لێ کراوە کە بیانفرۆشن یان بیان بەن بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام ئەوان ڕازی نەبوون چونکە ئەو کەلوپەلانە لای ئەوان بەهایی نەتەوەیی هەیە نەک نرخی بازاڕیی.
لە ڕاستیدا ماڵەکان شوێنی فەرمی و هەمیشەیی نین بۆ نمایشکردنی کەلەپوور، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا حکومەت ئەوەی لەبەرچاونەگرتووە. دواجار ئەو سەروەت و سامانە موڵکی گشتییە و یەکێکیشە لە کۆڵەکە گرنگەکانی کەرتی گەشتوگوزاریی، بۆیە ئەگەر شوێنێکی گشتیی هەبێت وەک مۆزەخانە لە شارەکانی کوردستان ئەوە خەڵکی ئاسایی کەلوپەلەکانیان دەبەنە ئەوێ و لە فەوتان دەیانپارێزن. حکومەتیش دەبێت گرنگی زیاتر بە کلتورو کەلەپوور بدات و پاڵپشتی ئەو خەمخۆرانەش بکات.