سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بەغدا، لە ئەبوجەعفەری مەنسورەوە تا سوودانی

ئەبو جەعفەری مەنسور دووەم خەلیفەی عەباسی بوو، لە ٧٦٢ ز. شاری بەغدای کردە پایتەختی دەوڵەتی عەباسی. لەو ڕۆژەوە بەغدا تا ئەمڕۆ ناوەندی توندوتیژی و کوشتن و نائارامییە.

بەغدا لە سەردەمی عەباسییەکان لەگەڵ ئەوەی بە ناوەندی زانست و ئەدەب و فکر ناسراوە، بەڵام هاوکات کوشتن و توندوتیژی و سەرپەڕاندن لە لوتکەدا بووە و سیفەتێکی دیاری ئەو ناوەندە بووە لەو سەردەمەدا. خەلیفە مەنسور لەگەڵ دەستبەکار بوونی دەست دەکات بە تیرۆرکردنی کەسە نزیکەکانی خۆی کە سەرکردایەتی عەباسیەکانیان کرد بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەمەوییەکاندا. پاشان کوڕەکەی مەنسور کە ناوی مەهدی بوو دەبێتە خەلیفەی موسوڵمانن، لێرەوە دەزگایەک دادەنرێت بۆ کوشتنی هەر کەسێک کە بە دڵی خەلیفە نییە، ئەویش بە پرۆسەی پاکتاوکردنی زەندیقەکان (الزنادقة‌) ناسراوە، کە گوایە کۆمەڵگایان لە کەسانی بێدین و خراپەکار پاکردۆەتەوە. لە ڕاستیدا پرۆسەیەکی سیاسی بووە بۆ پاکتاوکردنی ئەو کەسانەی کە خەلیفە بە باشی نەزانیوون، یان نەیاری بوون.

لە سەردەمی خەلیفەکانی دیکەش، وەک مەئمون، موعتەسەم، واسیق (المأمون والمعتصم والواثق)، کە زیاد لە سی ساڵ فەڕمانڕەوایی دەکەن، بە هۆی ئەو پرسەی کە بە خەلقی قورئان (خلق القرآن) ناسراوە، کە گفتوگۆ و ململانێیەکی زۆری لەسەر ئەوەی داخۆ قورئان دروستکراوە یا نا، ژمارەیەکی زۆری ئیمام و فەقێیان ئازار دا، زیندانی کرد، یان کوشت. هەر کەسێک بیگوتایە قورئان دروستکراو نییە، لە سەردەمی ئەو سێ خەلیفەیە ئەوا سزا دەدرا و لە کار دوور دەخرایەوە، زیندانی دەکرا، یان لە ملی دەدرا.

هەر چوار مەزهەبە سەرەکییەکەی ئیسلام (حەنەفی، مالکی، شافعی، حەنبەلی) ڕابەرەکانیان لە کاتی حوکمی عەباسیەکاندا ئازاردراون و سووکایەتيان پێکراوە و زیندان کراون. ئیمام ئەبو حەنیفە (ابو حنیفة‌ النعمان) ڕابەری مەزهەبی حەنەفی لە زیندانی عەباسییەکان مرد.

زیاد لە دە خەلیفەی عەباسییەکان کوژراون، زۆربەشیان بە دەستی برا و کوڕ و دارودەستەکانی خۆیان، ئەمەش نیشانەی نا ئارامی و فەوزایەکی سیاسی گەورە بووە لە سەردەمی حوکمی عەباسیەکان. ئەمە بێجگە لە کوشتنی چەندین شاعیر و ڕۆشنبیر و پیاوی ئاینی بە ئەمری خەلیفە، هەروەها تاوانە گەورەکانی عەباسیەکان دژی ڕاپەرینی نەتەوە و گرووپە کۆمەڵایەتیەکانی ئەوکات دژی دەسەڵاتی ستەمکار و گەندەڵی عەباسیەکان، بۆ نموونە کۆمەڵکوژی زت (الزط) لە ٨٣٣ ز کۆمەڵکوژی زنج (الزنج) لە نێوان ساڵانی ٨٧٠-٨٨٣ ز، یاخود پارچە پارچەکردنی مرۆڤ بۆ ١٤ پارچە و سزای کوێرکردنی چاو و زیندەبەچاڵکردنی مرۆڤ. هەموو ئەمانە شێوازێکی باوی سزادان و کوشتن و سیاسەتی عەباسییەکان بووە بەرامبەر بە نەیارەکانیان. هەموو ئەم تاوان و ستەمکاری و خوێنڕشتنە یان لە بەغدا ئەنجامدراون یا لە بەغداوە بڕیاری لەسەر دراوە، ئەمە لە کاتێکدا ئەو سەردەمە بە گەشترین سەردەمی مێژووی بەغدا دادەنرێت!

لە ١٢٥٨ مەغۆلەکان بەغدا داگیر دەکەن و کاولی دەکەن. هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە سەروبەندی داگیرکارییەکەدا لەبەر زۆریی ژمارەی کوژراو و تەرمی کەوتوو و بۆنی لاشەکان، ئەوا مەغۆلەکان ناچار دەبن شارەکە بەجێبهێڵن.

دوای مەغۆلەکان، بەغدا لە سەدەی پازدەوە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی دوو هۆزی تورکمانی، قەرەقوینلۆ و ئاق قوینلۆ، کە ئەمانیش بە شێوەیەکی خوێناوی و ستەمکاری حوکم دەکەن.

لە سەدەی شازدەوە بەغدا دەبێتە گۆڕەپانی جەنگ و ململانێی خوێناوی نێوان ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانی. بۆ ماوەی چەند سەدەیەک بەغدا دەبێتە گۆڕەپانی کوشتن و جەنگ پاکتاوی مەزهەبیی. بۆ نموونە، لە ١٦٢٣ لە ئەنجامی گەمارۆی سەفەوییەکان بۆ سەر بەغدا، دۆخێکی نالەباری وا دروست دەبێت لە ناو بەغدا کە خواردن و کەرەستەی ژیان نامێنێت و بە ناچاری خەڵکی بەغدا دەست دەکەن بە خواردنی گۆشتی سەگ و گۆشتی مردوو بۆ مانەوە. پاشان سەفەوییەکان دەچنە ناو بەغدا و دەیکەن بە گۆمێک لە خوێن، ئەوە دووەمجار بووە کە سەفەوییەکان بەغدا داگیر بکەن.

پاشان لە ١٦٣٨ عوسمانییەکان بەغدا داگیر دەکەن و سەفەوییەکان دەردەکەن، لەو ساڵەدا نزیکەی ٣٠ هەزار کەس لە ناو بەغدا دەکوژرێن. هەر لەو ئانوساتدا، بە فەرمانی سوڵتان مورادی عوسمانی، نزیکەی هەزار دیلی سەفەوییەکان لە ملیان درا لەناو شار، ئەوەش جاری دووەم بوو عوسمانیەکان بەغدا داگیر بکەن.

لە نێوان ١٧٤٩-١٨٣١ بەغدا دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی مەمالیکەکان، کە بە شێوەیەکی فەرمی لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بوون، بەڵام لە ڕووی واقعيیەوە تا ڕادەیەک سەربەخۆ بوون. لەم سەردەمەدا بەغدا لە دۆخی کوشتن و نائارامی و قەیران و تاڵانیيەکی بەردەوامدا بوو. نزیکەی ١٠ والی بەغدا کە لە مەمالیکەکان بوون دەکوژرێن. هەروەها بەردەوام شەڕی خێل و هۆزە عێراقییەکان بەرامبەر بە دەسەڵات و لە نێوان خۆیاندا بەغدای کردبووە شارێکی نائارام وخوێناوی. بۆ نموونە، لە ١٨٣١، کە بە یەکێک لە خوێناویترین و ترسناکترین ساڵەکان دادەنرێت لە مێژووی بەغدا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی تاعون لە شارەکە هەروەها هێرشی سوپای عوسمانییەکان بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی مەمالیکەکان، سێ بەشی دانیشتوانی بەغدا دەمرن و لەناو دەچن! سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لاشەی مردوو هەموو کۆڵان و شەقامێکی بەغدای داپۆشیبوو، سەگی بەڕەڵا لەسەر تەرمی مردووەکان دەژیان. هەر لەو ساڵەدا عوسمانییەکان کۆمەڵکۆژی مەمالیکەکان دەکەن. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە مەمالیکەکان سوودی گەورەیان بۆ عوسمانییەکان لە ڕووی سەربازی و ئیدارییەوە هەبوو.

لە دوای نەمانی دەسەڵاتی مەمالیکەکان هاتنەوەی عوسمانییەکان، بەغدا ئارامی هەر بە خۆیەوە نەدیت، قەیران و تاڵان و پەتا بەردەوام بوون. لە ١٨٤٦ پەتای کۆلێرا شار هەراسان دەکات و نزیکەی چوار هەزار کەس لە دانیشتوانەکەی دەکوژێت، کە دەبێتە هۆکاری دەستپێکردنی تاڵان و دزی لەلایەن بەشێک لە خەڵکی شارەکە.

لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا داگیرکردنی بەغدا لە لایەن بەریتانییەکانەوە لە ١٩١٧ دیاردەی بەرتیل و دزی و تاڵان و کوشتن لە لوتکەدا بووە لەناو بەغدا.

لە ١٩١٧ دا، بەریتانیا بەغدا داگیر دەکات، پێش هاتنی سوپای بەریتانی بۆ بەغدا و بەسرە، خەڵکی بەغدا بە گشتی بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە پشتگیری عوسمانییەکان دەکەن لە دژی بەریتانیا، گوایە برای دینن، بەڵام هەر کە بەریتانییەکان نزیک بوونەوە لە بەغدا، خەڵکەکە بەگشتی هەڵگەڕانەوە لە عوسمانییەکان و کەوتنە پشتگیری بەریتانیا. خەڵکێکی زۆریش لە بەغدا دەستیان کرد بە دزین و تاڵانی دوکان و بازاڕ و دامودەزگاکانی حکومەت. تا وای لێ هات بەشێک لە خەڵکی داوایان لە سوپای بەریتانی کرد بە زووترین کات بێنە ناو بەغدا و کۆتایی بەو دیاردەیە بێنن.

لە مێژووی بەغدا یەکێ لەو دیاردانەی کە زۆر باو بووە، بریتی بووە لە دیاردەی دزی و تاڵانچێتی و چەتەگەرایی. زۆربەی کات شەقاوە و چەتە و دزەکان لە گرووپە کۆمەڵایەتییە دیار و ناسراوکانی شارەکە بوون. ئەم گرووپە لە خەڵک بەردەوام قەیران و شەڕ و نائارامی و بڵاوبوونەوەی پەتاکانيان وەک هەلێک قۆستۆتەوە بۆ دەستکردن بە دزی و تاڵان. بۆ نموونە، لە ١٨٣١ کاتێک تاعون لە بەغدا بڵاودەبێتەوە، بەشێک لە خەڵکی شارەکە دەست دەکەن بە دزین و بڕینی ماڵان و دوکان و بازار، تا ئەو ڕادەیەیی ژمارەیەکی زۆریان لە کاتی دزین و تاڵانی خۆشیان بوونە قوربانی تاعونەکە و مردن.

لە ٢٠٠٣ دا، لەگەڵ ڕووخانی سەدام دیسانەوە لە عێراق و بەغدا دزینی کەلوپەل و سامانی گشتی زۆر بە بەربڵاوی ڕوویدا. ئەم دیاردەیە یەکێکە لە سیفەتە دیارەکانی کۆمەڵگە و خەڵکی بەغدا بە درێژایی مێژوو. کۆمەڵناسی عێراقی، عەلی وەردی، ڕەگ و ڕیشەی دەگێڕێتەوە بۆ کلتوری خێڵ و هۆزە عەرەبیەکان.

لە ١٩٢١ دا، بەریتانیا قەوارەیەکی درۆزنانە دروست دەکات بە ناوی دەوڵەتی عێراق، بەغدا دەکاتە پایتەختی دەوڵەتەکە و ناوەندی بڕیار و دەسەڵاتی سیاسی.

لە سەردەمی پاشایەتيی (١٩٢١-١٩٥٨) لە عێراقدا، بەغدا دیسانەوە بە درێژایی ئەو ماوەیە ناوەندێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نائارام و پڕکێشە و پڕقەیران و کودەتا بوو. بۆ نموونە، لە ١٩٣٦ تا ١٩٤١ حەوت کودەتای سەربازی و سپی تێدا ئەنجام دەدرێت. لە کۆی ١٦ خولی پەرلەمانی تەنها یەک دانەی توانیویەتی خولە چوار ساڵییەکەی خۆی تەواو بکات، ئەوەش بە چەندین کێشەوە!

هەڵوەشاندنەوە و شکستی حکومەت یەکێکە لە سیما دیارەکانی حوکمی پاشایەتی. نوری سەعید بە تەنيا ١٤ جار لە کات و ماوەی جیا بووەتە سەرۆک حکومەت، کابینەی چواردەمی حکومەتی عێراق تەنيا یەک ڕۆژ بەردەوام بووە!

لە٣٧ ساڵ سەردەمی پاشەیەتیدا، عێراق سێ پاشا حوکمیان کردووە، فەیسەڵی یەکەم و غازی هەردووکی گومان دەکرێت کوژرابن. سێیەمیان، فەیسەڵی دووەم، لە کودەتاکەی ١٩٥٨ کوژرا. نوری سەعیدیش لەسەر شەقامەکانی بەغدا پارچەپارچە کرا.

هەر لەو سەردەمدا، لە  ١٩٣٣ سوپای عێراق ئاشوورییەکانی بە ئامانج گرت و کۆمەڵکوژی کردن. لە ١٩٣٥ ئێزیدییەکانی شەنگال بەر هەڵمەتی سوپای عێراق کەوتن و ١١ گوندیان وێران کرد و خەڵکێکی زۆریان کوشت و ئەوانی دیکەش زیندانی کران.

لە ١٩٥٨ دا، عێراق لە ڕێگای کودەتایەکی سووری سەربازییەوە دەبێتە کۆماریی، عەبدولکەریم قاسم دەبێتە سەرۆککۆمار. هەر دوای ماوەیەکی کەم قاسم دەست دەکات بە کوشتن و گرتنی هاوڕێکانی و لەناوبردنی ئۆپۆزسیون. لە سەردەمی قاسم (١٩٥٨-١٩٦٣)، شیوعییەکان کە نزیک بوون لێی، هەموو ئەوانەیان سزا دەدا کە نەیاریان بوون، کوشتن یان دوورخستنەوە. پاشان قاسم ئازاری خودی شیوعیەکانیشی دا. دیسانەوە بەغدا بوو بە ناوەندێکی ستەمکاری و نادیموکراسی، بە هەموو شێوەیەک ڕای جیاوازی تیایدا قەدەغە بوو.

لە ١٩٦٣ دا، ناسیونالیستە عەرەبەکان و بەعسییەكان بە کودەتایەکی خوێناوی دێنە سەر حوکم، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم ناسیونالیستە عەرەبەکان بە سەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف کودەتایەکی تر دەکەن بەسەر بەعسیەکاندا و خۆیان بە تەنیا دەسەڵات دەگرنە دەست. ئەمجارە بەغدا دەبێتە ناوەندێکی ستەمکاریانەی ناسیونالیستی. ئەوەی شیوعی بوو ئازار درا، یان زیندانی کرا، یان کوژرا. عەبدولکەریم قاسمیش لەناو بەغدا بە ڕۆژی ڕووناک بێدادگاییکردن، بە فەرمانی هاوڕێ دێرینەکەی خۆی عەبدولسەلام، کوژرا. پاشان عەبدولسەلامیش لە ڕووداوێکی تەمومژاوی لە ١٩٦٦ دا دەکوژرێت.

لە ١٩٦٨ دا، بەعسییەکان بە کودەتایەکی دیکە، کەمتر خوێناوی، دەسەڵات دەگرنەوە دەست. ئیدی بەغدا دەبێتە ناوەندێکی ستەمکاری بەعسی، ئۆپۆزسیۆن و ڕای جیاواز بە گشتی باجەکەی کوشتن دەبێت. لە ١٩٧٩ تا ٢٠٠٣ بەغدا دەبێتە ناوەندێکی تۆقێنەری سەدامی و بەعسی، ئەمجارە نەک ئەوەی شیوعی یا بەعسی یا ناسیونالیست نەبێت دەکوژرێت، بەڵکو ئەوەی سەدامیی نەبێت دەکوژرێت بەعسییە نزیکەکانيشەوە.

پاش ٢٠٠٣ حوکمی دیکتاتۆری دەڕوخێت، بەڵام وەک مێژووی بەغدا و عێراق پێمان دەڵێت، ئەگەر ستەمکاری و دیکتاتۆری نەما، ئەوا ناسەقامگیریی و فەوزا شوێنی دەگرێتەوە. لە ٢٠٠٣ وە تا ئەمڕۆ بەغدا ناوەندی فەوزا و گەندەڵی و ناسەقامگیرییە، بەڕادەیەک کە بەغدا ئێستا یەکێکە لە ترسناکترین پایتەختەکانی جیهان و ئاڵودەترین شار.

لە ٢٠٠٣ تا ٢٠٢٣، تەنها لە ناو بەغدا، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس کوژراون. لە ٢٠٠٦، لە گەرمەی شەڕی ناوخۆی شیعە و سوننە ڕۆژ هەبووە لە بەغدا نزیکەی ٢٠٠٠ کەس کوژراون.

لە سەردەمی ئەبو جەعفەری مەنسورەوە تا سەردەمی محەمەد شياع سوودانی، هیچ سەردەمێک نەبووە  بەغدا ناوەندێکی دیموکراسی و سەقامگیریی بووبێت. کات هەبووە بەغدا ناوەندێکی زانستیی و پێشکەوتوو بووە، سەردەمی سەرەتای عەباسییەکان، کاتیش هەبووە بەغدا ناوەندی نەزانی و دواکەوتوویی بووە، بەڵام هەمیشە بەغدا ناوەندێکی نادیموکراسی و ستەمکاریی و ناسەقامگیری و نایاسایی و تۆقێنەر بووە.

مێژوونووس و کۆمەڵناسی عيراقی باقر یاسين پێیوایە ئەو وڵاتەی ئەمڕۆ پێی دەڵێن “عێراق” خاوەن مێژوویيەکی پێنج هەزار ساڵە لە ستەمکاریی و یەکتر قبوڵنەکردن توندوتيژیی.

لەسەر بنەمای ئەوەی لەسەرەوە خرایە ڕوو، ئەوا هەر لایەنێکی کوردی پێی وابێت نزیکبوونەوە لە بەغدا، یان بەدەستهێنانی مافەکانی کورد لە بەغداوە بەدی دێت، یان ئایندەی کوردستان لەگەڵ بەغدا دەکرێت باشتر بێت بۆ کورد، ئەوە نيشانەی بێئاگاییەتی لە مێژوو و سروشت و عەقڵیەتی ئەوانەی کە لە بەغدا دەسەڵاتدارن. هەر گۆڕانکارییەک لە بەغدا ڕووبدات، هەر کەس و لایەنێک لە بەغدا حوکم بکات ئیتر مالکی بێت، سەدام بێت، کازمی بێت، یان سوودانی، ئەوا بەغدا ناوەندێکی نادیموکراسی و ناسەقامگیر و دژەکورد دەبێت.

هیچ ئاماژەیەکیش نییە بەوەی لە ئایندەیەکی نزیک و مامناوەند بەغدا ببێتە ناوەندێکی دیموکراسی و گەشەسەندوو. بەڵکو زۆربەی ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە ئايندەی عێراق بەرەو خراپتر دەڕوات.

بەغدا و عێراق بەدەست کۆمەڵێک قەیران و کێشەی قووڵەوە دەناڵێنن، بە درێژایی چەندین سەدە، هیچ کام لەو قەیران و کێشانە چارەسەر نەکراون و هیچ پلانێکش نییە بۆ چارەسەرکردنیان. ئەوەی شارەزای مێژووی عێراق و بەغدا بێت، دەزانێت ڕەگی قەیرانی عێراق، لە تاکی عێراقیدایە، لە کلتور و فەرهەنگی عێراقییدایە، کە هیچ کام لەوانە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە و ئامرازەکان و دامەزراوەی گۆڕینیش بوونیان نییە.

کورد ئەگەر مەبەستی دیموکراسی و ژیانێکی شایستە و مافەکانی خۆی بێت، ئەوا دەبێت یەکەم هەوڵی دوورکەوتنەوە بێت لە بەغدا، نەک نزیکبوونەوە و تەسلیم بوون بە یەکێک لە ترسناکترین و نادیموکراسیترین ناوەندی سیاسی لە مێژوودا. ئەمە جگە لەوەی بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق، هەزاران بڕیاری دژ بە کوردی باشوور لە بەغدای پایتەختەوە دەرچوون، بە بڕیارگەلی جینۆساید و چۆڵکردن و ڕاگواستن و کۆچپێکردن و تەعریبەوە. لە ئایندەشدا، بەغدا جگە لەو بڕیاڕانە، خوازیاری هیچ بڕیارێکی تر نییە سەبارەت بە کورد.

بەغدا نەک بەرامبەر بە کورد، بەڵکو بەرامبەر بە خەڵکی بەغدا و عێراقیش ناتوانێت دیموکراسی بێت و بە توندوتیژی و هێزەوە ڕەفتار نەکات، ناکرێت شارێک هەموو مێژووی نوقم بێت لە توندوتیژی و ستەمکاری و ناسەقامگیری، داوای ئەوەی لێ بکرێت دیموکراسی بێت بەرامبەر بە کورد و بێکێشە موچەی کورد بدات! لە کاتێکدا لە نەستی بەغدا کورد بریتییە لە نەیار و دوژمن و تێکدەر و جودایخواز.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO