سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

گرنگیی پاراستنی کلتور لە دنیای پێشکەوتوودا

ئایا مرۆڤ لەدوای خۆشگوزەرانی دەگەڕێت یان لە دوای پێشکەوتن؟ ئەگەر بمانەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە سەرەتاییە بدەینەوە، ئەوە دەکرێت بە شێوەیەکی سادە دەست پێبکەین.

داپیرم مەیاس، لە گوندێکی نزیک هەولێر دەژیا، دوای مردنی باپیرم، ئەو وەک ژنێک سەرکردایەتی منداڵەکانی دەکرد. ژنێکی تا بڵێ ئازاد و سەربەست بوو. ڕۆژ هەبوو سێ گوندی دەکرد بە تەنیا، ماڵەکەی و دیوەخانەکەی بەردەوام جمەی دەهات بۆ کاروانان و میوانە دوورەکان. داپیرم مەیاس کاری سەربەخۆ (پرۆژەی بچووک)ی خۆی هەبوو، بە بەخێوکردنی چێڵ و پەلەوەر لەلایەک و  شینایی و بێستان لەلایەکی دیکە، هاوکات، بە فرۆشتنی هێلکە و گۆشت و شیر و پەنیر و سەوزە و میوە بژێوی ژیانی دابین دەکرد.

داپیرم مەیاس وەک براندێک ناوی لەسەر جامە ماستەکانی بە گەورەی نووسرابوو، “ماستی مەیاس”، لە هەولێر یەکێک بوو لە ماستە هەرە بەناوبانگەکان. وەک ژنێکی چالاک و سەربەخۆ بەیانیان زوو شەرواڵێکی پیاوانەی لەپێ دەکرد. ڕۆژانە خەریکی سەروکاری بەخێوکردنی چێڵ و پەلەوەرەکانی بوو لەگەڵ چاودێریکردنی شیناییەکەی. ئەو بەیانیان دوای تەواوکردنی ئەرکەکانی لە ماڵ دەچوویە شار و ماست و پەنیر و هێلکەکانی ساغ دەکردەوە، ئێوارانیش لە خزمەت میوانان و کاروانانی سەر ڕێگا و ناسیاو و خزمە دوورەکاندا بوو. ئێواران لەسەر سەکۆی ماڵەکەی بە دانانی ماست و پەنیر و ئەستورکە بە تەندوور هەمووانی کۆ دەکردەوە. کۆبوونەوەی خێزانیی لەسەر سەکۆی ماڵەکەی تا نیوەی شەو درێژەی دەکێشا ودەنگی پێکەنین و خۆشی و شادی تێکەڵ بە دەنگی مۆسیقا دەبوو. داپیرم سەرکردە و بەڕێوەبەر و پەروەردەکار و بزنیزوان بوو، ژنێکی بەهێز بوو بیری دەکردەوە، خۆی و منداڵەکانی بە پێش دەخست و سەرچاوەی دارایی بوو بۆ خێزانەکەی. ئەو دەچوویە هەر شوێنێک لەسەر کۆڕبەندەکە دادەنیشت زۆر خۆشەویست و ڕێزلێگراو بوو، داپیرم لە گوندێکی هەولێر ئاوا دەژیا و ژیانی بەسەردەبر، بەڵام ئێستا!

ئێستا کچەنەوەی داپیرم هەیە کە لە خۆشترین و پێشکەوتووترین وڵاتی دنیا لە بواری تەکنۆلۆجیا و ئابووری دەژیت. نەوەی داپیرم دەبێت بەیانیان کاتژمێر شەش لە خەو هەڵبستێت چونکە دەبێت خواردن ئامادە بکات منداڵەکانی بەڕێ بکات، کارەکەی دوورەشارە و دەبێت منداڵەکەشی بباتە باخچەی ساوایان چونکە لەو وڵاتانە یەکسانی ژن و پیاو هەیە، دەبێت ژن و پیاو هەردووکیان کار بکەن. بۆیە نەوەی داپیرم بە هۆی پێشکەوتنەوە دەبێت دایک بێت، چێشتلێنەر بێت، کرێکاری ماڵ بێت، بەندەی کۆمپانیاکەشی بێت، پاککەرەوە و جلشۆر بێت و خواردنی ماڵەوە ئامادە بکات، کاری کڕینی کەلوپەل بکات و خۆراک بۆ ماڵەوە ئامادە بکات، ئێوارانیش کە دێتەوە دەبێت خواردنی بەیانی بۆ ڕۆژی دواتر ئامادە بکات. نەوەکەی کاتی میوانی و سەردان و پێشوازی لە هیچ کەسێک نییە چونکە لە وڵاتێک دەژی ژن و پیاو یەکسانن و کار دەکەن، کەس نابێت ببێتە هۆکاری بێزارکردنی ئەوی تر، ژن هەم دەبێت دایک بێت هەم دەبێت کرێکار بێت هەم دەبێت هەموو ئەرکێکی ماڵەوەی لەسەر شان بێت.

نەوەی داپیرم، لە شوێنێک کار دەکات بەڕێوەبەرەکەی قبووڵی نییە یەک خولەک دوا بکەوێت، دوای دواکەوتنی سێ جار لە کارەکەی دەردەکرێت، کە دەرکرا لە هیچ شوێنێکی تر بەئاسانی کاری دەست ناکەوێت، چونکە لەسەر کارێک دەرکراوە! بەڕێوەبەرەکەی دەقاودەق وەک کوێلەیەک مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرەکانی دەکات چونکە ئێرە وڵاتێکی سەرمایەدارییە و دەبێت مرۆڤ ئامراز (ڕۆبۆت) بێت، نابێت دوا بکەوێت، نابێت مۆبایل بەکار بهێنێت، نابێت لەگەڵ هیچ کەسێک قسە بکات لە کاتی کارکردن، تەنیا لەوکاتە نان دەخوات کە بۆی دیاری کراوە، لە هەشت کاتژمێر یەک کاتژمێر پشووی هەیە و زیاتر نا. لەبەرئەوەی منداڵەکەی لە باخچەی ساوایانە، خۆی پەروەردەی ناکات چونکە کاتی نییە یاری لەگەڵ بکات. منداڵەکەی لە کاتی هێنانەوەی لەناو ئۆتۆمبێل خەوی لێ دەکەوێت، هەندێک جار نایبینێت تا ڕۆژی دواتر لەناو ئۆتۆمبێلەکەی پێیدەگاتەوە. هەفتەی دوو ڕۆژ کار ناکات، ڕۆژێکیان خەریکی ناو ماڵ و کڕینی پێداویستی دەبێت، بۆ ڕۆژی دووەم خۆی ئامادە دەکاتەوە بۆ کارکردنی هەفتەیەکی نوێ، هەفتانە دوو کاتژمێر ژن و پیاو کاتیان نییە سەیری فیلمێک بکەن و تەنیا لە بۆنەکان یان لە کاتی لەدایکبوونی منداڵێکیان پارچەیەک کێک دەشکێنن و دەیخۆن.

ئێستا جیاوازی نێوان داپیرم و نەوەکەی بریتییە لەو جیاوازیانە کە وڵاتێکی پێشکەوتوو دای هێناوە.

پرسیارەکە لێرە ئەوەیە،ئایا مرۆڤ لەدوای خۆشگوزەرانی دەگەڕێت یان لە دوای پێشکەوتن؟ ئەو پرسیارە لە هەر کەسێک بکەیت، بەدڵنیاییەوە دەڵێت، خۆشگوزەرانی.کەواتە پێشکەوتن بۆ؟ سوودەکانی پێشکەوتن لە کوێن؟ئایا داپیرم دڵخۆشتر و ئازادتر و سەرکردەتر نەبوو لە نەوەکەی  لە وڵاتێکی پێشکەوتووتردا؟

داپیرم نەک داوای مافی ژنایەتی نەکردووە، داپیرم خۆی مافی بە کوڕەکانی داوە، داپیرم خۆی کۆبوونەوە خێزانییەکانی بەڕێوەدەبرد، ڕێک وەک پاشایەک لەناو خێزانەکەی. کاتێک داپیرم دەڕۆیشت و دەهاتەوە هەمووی لەبەری هەڵدەستان. ئایا مافی ژن زیاتر بوو یان پیاو؟ ئایا داپیرم ئازادتر بوو یان نەوەکەی، ئایا داپیرم سەرکردەتر بوو یان نەوەکەی ئایا داپیرم لە گوندێک پارەی ئاسانتر پەیدا دەکرد یان نەوەکەی لە وڵاتێکی سەرمایەداری و پێشکەوو؟

با بێن ماف بدەین بە گۆڕانکاری و مافی پێشکەوتن نەخۆین! گومانی تێدا نییە پێشکەوتن بنەمایەکی سەرەکییە و ئاسانکاریی بۆ مرۆڤەکان دەکات مرۆڤایەتی، ئەویش بەکەڵکوەرگرتن لە ئامێر و تەکنۆلۆجیا نوێکان. بۆ زیاتر سوود وەرگرتن لە کات و توانای مرۆیی، بەشێک لە ئامێرەکان کارەکان لە مرۆڤ خێراتر دەکەن، دەتوانم بڵێم کاری جەستەیی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، عەقڵ و بیرکردنەوە جێگای دەگرێتەوە. مرۆڤی پێش تەکنۆلۆجیا لەڕێگای هێزی جەستەی و کاتەکانی توانیویەتی بژێوی ژیانی دابین بکات. بەڵام تەکنۆلۆجیا و ئامێرەکان بەگشتی جێگای هێزی جەستە دەگرنەوە، زیاتر خانەکانی مێشکی مرۆڤ کار دەکەن و و پارە پەیدا دەکەن، کەمتر جەستە بە کار دەهێنرێت وەک هێز. کەواتە ئێستا ئێمە لە سەردەمی شۆڕشی بیر و عەقڵ داین. داهێنان لە بواری تەکنۆلۆجیا و ئامێرەکان وڵاتانی زیاتر بەرەو پێشتر بردووە، لە بواری باڵەخانە و ڕێگاوبان و خێرایی کاڵاکان و بەبازاڕکردن. ئەوە گومانی تێدا نییە، بەڵام ئایا مرۆڤی خۆشحاڵ کردووە، من ڕێک باسی گرنگی ئەو پرسیارە دەکەم! پرسیارێکی تر تا مافی پێشکەوتن پێشێل نەکەین. ئایا دانیشتوانی دارستانەکانی ئەمازۆن ئەوانەی دەیانبینین بەبێ جلوبەرگ لە خانووی سادە و ساکار دەژین، دوا کەوتوون؟

بە دڵنیاییەوە نەخێر، دانیشتوانی ئەمازۆن لە کلتورێکی جیاواز دەژین، کە پێیان وایە وڵاتە “پێشکەوتووەکان” زۆر وڵاتی “دواکەوتوون”. ئەوان دەڵێن وڵاتە بەناو پێشکەوتووەکان دەست ناپارێزن لە کاولکردن و سووتاندنی دارستانەکان و لەناوبردنی ئاژەڵ و پەلەوەر و سەرچاوە ئاوییەکان،. هاوکات، دەڵێن ئەو وڵاتانە نە مرۆڤ نە ژینگەیان خۆش ناوێت! بۆیە هەموو شتێک لەپێناو قازانج لەناودەبەن، کەواتە دانیشتوانی ئەمازۆن کە ئێمە پێمان وایە دواکەوتوون، ئەوان ڕاستن نەک وڵاتە پێشکەوتووەکان، ئەمازۆنییەکان پێشکەوتووترن و ئێمە دواکەوتوو.

لێرە بە کورتی باس لە زیانەکانی داهێنان و پێشکەوتن دەکەم کە ڕۆژ بە ڕۆژ دەبنە مایەی دواکەوتن، ئەوەی ناومان لێناوە پێشکەوتن و داهێنان. لە ڕاستیدا، هەموو داهێنان و گۆڕانکارییەکان کۆمەڵێک کێشە لەگەڵ خۆیان دەهێنن، بەتایبەت کێشە گشتییەکان، وەک تێکدانی ژینگە و سەرچاوە ئاوییەکان، کوشتنی ئاژەڵی کێوی و بڕینی دارستانەکان و لەناوبردنی دەیان نەتەوە و وڵاتی بێهێز.

کێشەکانی بەرەوپێش چوونی دنیا خۆنەویستانە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە چونکە داهێنانەکان لە دەست ئێمە نییە ئێمە بەکاربەرین، بۆ نەتەوەی کورد کێشەکان بریتین لەمانە:

یەکەم: پێشکەوتن بەبێ کۆنترۆڵکردن دەبێتە هۆکارێک بۆ توانەوەی جیاوازییەکان و کلتورە جیاوازەکان لەناو یەکدی، بەتایبەت وڵاتە داهێنەرەکان زۆربەی ئەو وڵاتە تازە-پێگەیشتوانە دەتوێننەوە لەناوە خۆیان.

دووەم: بۆ نەتەوە بێدەوڵەتەکان دەبێتە هۆی لەناوچوونی جیاوازی و کلتور، ئەوەش بۆ ئێمەی کورد دوو جار ترسناکە، یەکیكیان بێدەوڵەتین، ئەوی دیکەش دابەش و داگیرکراوین.

سێیەم: کاتێک ڕێگەیەکی سەرەکی هاتووچۆ بۆ گوندێک ڕادەکێشیت دانیشتوانی ئەو گوندە ڕۆژ بە ڕۆژ بەهۆی تێکەڵاوی و لێکنزیکبوونەوە کلتورەکەی خۆیان لەبیر دەکەن. گۆڕانکاری لە زمان و دابونەریت و کلتور و شێوازی ژیان دەگۆڕێت. ئەوەش زمانی ڕەسەن و کلتور و دابونەریت ون دەکات، کارکردن لەو گوندانەدا سەخت دەکات چونکە دەستکاری بناغە و بنەماکانی شوێن دەکرێت.

چوارەم، توانەوەی گوندەکان و دروستکردنی باڵەخانە و کۆچ پێکردنی خەڵکی گوندەکان بۆ ناو شار ، ئەوەش کاری دەستی و ڕەسەنایەتی و و پڕۆژەی بچووک کەم دە کاتەوە. ئێستا ڕۆژئاوا لە دوای ئەم هەموو پێشکەوتنە دێت و کار لەسەر پڕۆژەی بچووک دەکات بۆ گوندەکان و پاراستنی ڕەسەنایەتی.

پێنجەم: نەمانی جیاوازییەکان، بەهۆی پێشکەوتن زۆربەی جیاوازییەکانمان لێک نزیک دەبێتەوە ئەوەش وا دەکات بە جۆرێک ڕەسەنایەتیمان ناهێڵێت چونکە زمانی پێشکەوتن بریتییە لە زمانە بیانییەکان. ئێمە زمانەکەی خۆمان بە پلەی ژێر زمانەکانی دیکە دادەنێن! ئەوەش هۆکارێکە بۆ لەناوچوونی زمانمان. ئێستا ئەوە زۆر دەبینین کە دایک و باوکان منداڵەکانیان دەنێرنە قوتابخانەی ئینگلیزی یان بە شانازیەوە دەڵێن منداڵەکەمان هەر کوردی نازانێت، ئەوە یەکەم کێشەی نەتەوەیی و خۆبەکەمزانینە کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.

کەواتە چەندە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دونیادا بین دەبێت کلتور و دابونەریتی خۆمان هاوتەریب بکەین لەگەڵ پێشکەوتنەکان بیانپارێزین.

سەیر بکەن لە بەشێک لە وڵاتان زۆر جوان کاریان لەسەر پاراستنی کلتور کردووە، وەک هیند، ژاپۆن، کۆریا، تا دەگاتە ئیمارات، بە هیچ شێوەیەک کلتوری خۆیان نەفرەت ناکەن لە بیری ناکەن و دەیپارێزن.

کەواتە هەموو پێشکەوتنێک کاتێک بۆ وڵاتێک پێشکەوتنەدەکرێت بۆ تۆ دواکەوتن بێت. ناکرێت تاکی کورد نەفرەت لە کلتور و زمان و جلوبەرگ و بیروبۆچوونی خۆی بکات. بەپێچەوانەوە، کلتور و دابونەریت مانەوەی ئەو جیاوازییانەیەیە کە کوردێک لەگەڵ نەتەوەیەکی دیکە جیا دەکاتەوە. ئەگەر نەتوانین کۆنترۆڵی پێشکەوتن بکەین دەبێت کلتور و پێشکەوتن هەماهەنگ و هاوتەریب بکەین. بۆ هەر نەتەوەیەک کلتور و دابونەریتی لا گرنگ نەبێت، ئەوا بەرەو پۆکانەوە و لەناوچوون دەچێت، یەکەم شتیش لەدەستی دەدات خۆشگوزەرانییە.

بۆ ئێمەی کورد سێ جار لە نەتەوەکانی دیکە گرنگترە کە کلتور و دابونەریتمان بیپارێزین. یەکەم ئێمە تا ئێستا دەوڵەتمان نییە. دووەم ئێمە دابەش کراوین و کلتورەکەمان شێواندراوە لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان. سێیەم، بەهۆی لێشاوی بەعەرەبکردن و بەفارسکردن و بەتورککرد، دەبێت دابونەریت و زمان و جلوبەرگی خۆمان لە هەموو نەتەوەیەک زیاتر بپارێزین. ئێمە کاتێک ڕێزلێگیراو و جیاواز و بەهێز بە دیار دەکەوین و دەمێنینەوە، بەڵام کاتێک خۆت لەناو پێشکەوتندا یەکسان دەکەیت بە نەتەوەیەکی دیکە لە وڵاتێکی دیکە، ئیدی تۆ لەسەرەتا دەتوێیتەوە و دەبیت بە کۆپی و دەستی دوو، بایەخت نامێنێت نە بۆ خۆت نە بۆ دەوروبەرەکەت.، تاکە شتێک کە لە بێدەوڵتیدا وەک نەتەوە بمان پارێزێت، ئەوا پاراستنی ڕەسەنایەتی و کلتور و دابونەریت و زمانی کوردییە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO