هەڵبەت چەند دەیەیەکە کورد خۆی وەکوو ئاریایی دەناسێنێت و شانازی بە ئاریاییبوونی خۆیەوە دەکات. ئەو ڕاوبۆچوونە کۆنانە لەگەڵ ئەنجامەکانی پشکنینی جینناسیی توێژەینەوە نوێیەکاندا یەک ناگرنەوە.
ئەناتۆلی کلیۆسۆڤ زانایەکی دیار و بە توانای بواری جینناسییە لە جیهاندا، نۆ پەڕتووک و نزیکەی دوو سەد توێژینەوەی جینناسیی (DNA) هەیە. کلیۆسۆڤ ناوێکی زۆر دیاری ئەو بوارەیە و توێژینەوە و ڕاوبۆچوونەکانی لە جیهانی جینناسیی و لێکۆڵینەوەکانی جین بۆ دۆزینەوەی ڕەگ و ڕەچەڵەک بەهەند وەردەگیرێن. پێکەوە لەگەڵ ئیگۆر ڕۆژانسکیی لە ئەکادیمیای زانستی جینناسیی نیوتن، لە ئەمەریکا، لە شوباتی ٢٠١٢ دا توێژینەوەیەکی بە پێزیان سەبارەت بە هەڵگرانی جینی R1a و ئەفسانەی ئاریایی بڵاوکردەوە.
کلیۆسۆڤ و ڕۆژانسکیی بە مەبەستی دووبارە داڕشتنەوەی مێژووی کۆچی ماوەی نێوان ٢٠ هەزار تا ٣٥٠٠ ساڵ لەمەوبەری هەڵگرانی جینی R1a1 (بە ئاریایی ناسراون) ئەو کارەیان کردووە تا بتوانن سەرەتای زمانە هیندو-ئەوروپییەکان دەستنیشان بکەن. نموونەی ٤٤٦٠ کەس وەکوو بنچینەی ڕەگ و ڕیشەی هاپلۆتایپی R1a1 و ماوەی کاتەکانی هاوبەشبوونی باپیرەگەورەکانیان، لە باشووری سیبیریا، هیندستان، باکوور و ڕۆژئاوای باکووری چین، نیپال، پاکستان، ئێران، ئەناتۆلیا، ئاسیای ناوەڕاست، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەلقان، میسر، عومان و دوورگەکانی کۆمۆرۆس، وەرگیراون.
توێژینەوەکەیان پاڵپشتی بیردۆزی سەرهەڵدانی جینی R1a1 بەر لە ٢٠ هەزار ساڵ لە ئاسیای ناوەڕاستدا، دەکات. هەڵگرانی ئەو جینە بەر لە ١٢ هەزار ساڵ گەیشتوونەتە هیندستان، لە نێوان ١٠٠٠٠ تا ٩٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر بە ئەناتۆلیادا تێپەڕیون. هەرنەبێ لە نێوان ٩٠٠٠ تا ٨٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە بەلکان بوون و لەوێوە بە ئەوروپادا بڵاوبوونەتەوە. زاناکان لە ڕەچەڵەکی ئەو هیندو-ئەوروپییانە دەکۆڵنەوە کە بەر لە ٣٥٠٠ ساڵ هاتوونەتە ئێران، ئەناتۆلیا و میسۆپۆتامیا.
نزیکەی ٢٠٠ ساڵیشە گرفتی ڕەچەڵەکی ئاریاییەکان هەیە، بیروڕای جیاواز و دژ بەیەک لە نێوان زمانناسان، شوێنەوارناسان و توێژەراندا، دەرکەوتوون. بەڵام ئەنجامەکانی کلیۆسۆڤ و ڕۆژانسکیی خەوش لەسەر مێژووی ئاریاییەکان ناهێڵێت، چونکە پشت بە پشکنینەکانی جینناسیی دەبەستێت.
وەک لە توێژینەوەکەی ٢٠١٢ ی کلیۆسۆڤ و ڕۆژانسکیی دا هاتووە، ڕەچەڵەکی قەوقازی ٥٨ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەرکەوتووە. بەرەبەرە بۆ هاپلۆگرووپی وردتر دابەشبوون و بەرەو ڕۆژئاوا، باشوور و ڕۆژهەڵات کۆچیان کردووە. هاپلۆگروپی NOP بەشێک لەوان بوون و بەر لە ٤٨ هەزار ساڵ دەرکەوتوون و بەرەو باشوور بۆ سیبیریا و دەورووبەری ڕۆیشتوون. هاپلۆگروپی P نزیکەی ٣٨ هەزار ساڵ لەمەوبەر لە سیبیریا دەرکەوتوون و لەوانەوە هاپلۆگروپی R دەرکەوتووە. دواتریش لەوانەوە لە نێوان ٣٠ تا ٢٦ هەزار ساڵ هاپلۆگروپی R1 دەرکەوتووە. دواتریش بەر لە ٢٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر R1a1 دەرکەوتووە. دەکرێت کاتی دەرکەوتنی هاپلۆتایپەکان لە زنجیرەی زانیارییەکانی R1ی بنکەی زانیاریی جینەکان دابڕێژرێتەوە.
زانیارییەکانی پشکنینی جینناسی بۆ هەڵگرانی جینی R1a1 دەریدەخات کە بەر لە ٩٠٠٠ ساڵ بە ئەناتۆلیادا تێپەڕبوون. کۆنترین بەڵگەی زمان لە ئەناتۆلیا، کە زمانناسان بۆ ٩٤٠٠ تا ٩٦٠٠ تا ١٠١٠٠ ساڵ لەمەوبەری دەگەڕێننەوە، تەواو لەگەڵ ئەنجامەکانی پشکنینی جینی R1a1 جووتن. هەڵگرانی جینی R1a1 دوای ئەوەی بە شەپۆڵێکی دیکە دەگەنەوە سیبیریا لە ساڵانی نێوان ٤٦٠٠ تا ٤٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر بە شێوەیەکی ڕێکخراویی سەربازئاسا بەرەو باشوور و باشووری ڕۆژئاوا (ئەناتۆلیا، میتانی، باشووری ئۆراڵ، ئێران، هیند و باشووری سیبیریا) ڕەوت دەکەن. سەیرە، لە هەموو ئەو ناوچانەدا زمانی هیندو-ئەوروپی یان ئاریایی، باوە و باڵادەستە. پێشیان دەڵێن زمانە ئێرانییەکان. هەڵبەت مەبەست وڵاتی ئێرانی ئێستا و زمانی فارسی نییە.
بە پێی توێژینەوەی فرەپسپۆڕیی زانای نەمسایی هەنەر بیشلەر، کۆچی ئاریاییەکان لە نووسینەکانی سۆمەرییەکاندا هاتووە و دەستەواژەی ئومان-مان-دا ئاماژەیە بەو کۆچە سەربازئاساییەی کلیۆسۆڤ باسی کردووە. بە ڕای هەنەر بیشلەر، ئاریاییەکان بەر لە ٣٥٠٠ ساڵ بەرەو میزۆپۆتامیا و میتانی هاتوون و ئەوکاتە باپیرە گەورەی ئەوانەی ئێستە خۆیان بە کورد دەزانن و بە زمانی کوردی دەدوێن لەسەر خاکی خۆیان بوون. باپیرەی کوردەکان بەر لە کۆچی ئاریاییەکان لە بەرزاییەکانی زاگرۆس و هەردوو تەختاییەکانی ئەنادۆڵ و ڕۆژئاوای دەریای قەزوین نیشتەجێ ببوون و لەگەڵ باشوور و باکووری میزۆپۆتامیادا بازرگانی و هاموشۆیان هەبوو. بەڵگە بۆ ئەو بازرگانیکردنە شوێنەوارەکانی بێستانسوور، بانەهیلک، سورێژە، گردی شێخ مارف ١ و ٢، گەنج دارە، شمشارە، بۆسکێن، قەڵاتی سەید ئەحمەدان، گردی ڕۆستەم، گردی دەڵما، گردی تانجەڕۆ، گورگەچیا و تەپە مارانین. دۆزراوەکانی هەموو ئەو شوێنەوارانە بە ڕاپۆرتی زانستیی شوێنەوارناسیی پشت ڕاستکراونەتەوە.
توێژینەوەی نوێتر لەوەی کلیۆسۆڤ و ڕاوبۆچوونی نوێتر لەوەی هەنەر بیشلەر دەرکەوتوون و هەمان ڕاستیی دەسەلمێنن کە دەڵێت: بەر لە هاتنی ئاریاییەکان باپیرەی کوردی هاوچەرخ بە زاگرۆسدا بڵاوبووبوونەوە. توێژەر، دلاوەر خان، لە ٢٠٢١ دا لە توێژینەوەیەکی وردی جینناسیی بۆ پاشماوەی مرۆڤە دێرینەکان لە شوێنەواری سەردەمی چاخی بەردینی گردی حاجی فەیروز لە دۆڵی شنۆ لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ شوێنەواری حەسەنلو کە نزیکەی ٢٨٠٠ ساڵ کۆنە و نێژراوەی سەردەمانی مادەکانی تێدایە، دەریانخستووە ئەو مرۆڤانەی ئەو کاتە لەسەر خاکی کوردستان دەژیان ئەوانەن لەگەڵ نیشتەجێی حاجی فەیروز هاموشۆیان هەبووە و لەو سەردەمەدا ژیاون. ئەوکاتە ئاریاییەکان پێیان لەسەر خاکی کوردستان دانەنابوو و ئەوانەی لە حەسەنلو نێژراون پرشنگی ڕۆژی کوردستانی نەدیبوو. باب و باپیرانی کورد گەنم، جۆ، نیسک و بەرهەمی دیکەیان ماڵیی کردبوو. یەکەمجار بزن و مەڕی کێویان ماڵیی کردبوو و بەشێکی ژیانی ئەوکاتەیان ئاژەڵداریی و شوانکاریی بووە. نزیکەی ٤ هەزار ساڵ بەر لە دەرکەوتنی ئاریاییەکان لەسەر خاکی کوردستان، باپیرە گەورەی کوردان زەوی دەکێڵا و دروێنەی دەکرد.
ئەوەی لە تەلەفزیۆن و کەناڵەکانی دیکەی ڕاگەیاندندا لە باشوور تا ئێستا دەگووترێتەوە هەمان ئەو بانگ و ئاوازە ناسازەی ئاریاییبوونی کوردە. ئەوانەی ئەو ڕاوبۆچوونانەیان هەیە و لە ڕاگەیاندنەکاندا بەرنامەی مێژوو بەگوێی خەڵکی باشووردا دەدەن، لە توێژینەوەی نوێ و ئەنجامی زانستیی نوێ بێئاگان. پشتیان بە بیردۆز و ڕاوبۆچوونی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بەستووە. سەرچاوەکانیان هەمان ئەو سەرچاوە کۆنانەن و هەر ئەوانیش وەکوو بەڵگە دەخەنەڕوو.
هەڵەیەکی گەورەیە کورد لە تەڵەی ئاریاییبوونی دەرنەچێت. زمانی کوردیش، ئەگەر بە هیندو-ئێرانیش ناسراوە، بەڵام بە کاریگەری کۆچبەرە ئاریاییەکانی ٣٥٠٠ ساڵ بەر لە زایین و بەدواوە، زمانی باب و باپیرانمان گۆڕاوە. مەرج نییە ئەوانەی لە تەپکی حاجی فەیروز ٥٠٠٠ تا ٥٤٠٠ ساڵ پێش زایین ژیاون هەمان زمانی ئاخاوتنی ئێمەیان هەبوو بێت، بەڵام ئەوان لە کوردانی هاوچەرخ نزیکترن وەک لەو کۆچبەرە ئاریاییانەی خاکی کوردانیان تەنییەوە.
سەرچاوەکان
توێژنەوەکەی کلیۆسۆڤ و ڕۆژانسکیی: http://dx.doi.org/10.4236/aa.2012.21001
توێژینەوەکەی دلاوەر خان: https://eurasiandna.com/indo-europeanization-of-iran-kurdistan-the-genetic-substructure-of-the-indo-iranian-invaders/



