سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

هەرێمی كوردستان و ئەگەرەکانی تێوەگلانی لە شەڕی غەزە

هێرشی ئاسمانیی و زەمینیی هێزەكانی بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامیی (حەماس) لە ٧ ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٣ دا بۆ سەر ئیسرائیل بڵێسەی ئاگری شەڕێكی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردۆتەوە، كە تاوەکوو ئێستا درێژەی هەیە و بەهۆیەوە هەزاران هاووڵاتی مەدەنیی لە هەردوولا بوونەتە قوربانیی شەڕەکە.

پرسی فەلەستین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەك لە پرسە سنووربڕ و فرەڕەهەندەكانی ناوچەكەیە كە لێكەوتەكانی تەنها لەناو جوگرافیای خۆیدا قەتیس نەبووە و نابێت، بەڵكو هەمیشە سنوورەکانی بۆ وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بەزاندووە و کەم تا زۆر زۆربەیان بە پرسەكەوە سەرقاڵ بوون. لەم نێوەندەشدا، عێراق لە هەموو لایەك توندتر هەڵوێستەكانی لەم پەیوەندەدا دەربڕیوە.

ئەم وتارە دەیەوێت خستنەڕوویەك بۆ ئەو ڕەوشە بكات بە باسكردنی عێراق لەناو پرسەكە و هەڵوێستەكان و ئەگەری پەڕینەوەی زیانەكان بۆ هەرێمی كوردستان لەم پەیوەندەدا.

 پەیوەستبوونی عێراق بە شەڕەكەوە لەوەوە دەستیپێكرد كە هەر لە سەرەتای شەڕەكەوە چەند هەنگاوێكی لەسەر ئاستی دەزگا فەرمییەكانی دەوڵەت، جێبەجێكرد، لەوانە:

یەکەم، بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی و جەختكردنەوەی حكومەتی عێراق لە زاری سەرۆك وەزیرانە شیعەکەی بە لایەنگریی تەواوی عێراق بۆ پرسی فەڵەستین بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەڵەستینییەکان كە پایتەختەكەی قودس بێت.

دووەم، ڕاگەیاندنی سێ ڕۆژ ماتەمینی بە بۆنەی بۆردومانی نەخۆشخانەی مەعمەدانیە لە كەرتی غەزە و ئیدانەكردنی بۆردومانی نەخۆشخانەكە لەلایەن سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و وەزارەتی دەرەوە.

سێیەم، لەخۆگرتن و ڕێكخستنی كۆبوونەوەی لەناكاوی پەرلەمانی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا و پشتیوانی لە دروستكردنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی كە پایتەختەكەی قودس بێت.

هەموو ئەم هەنگاوانە، هاوتەریببوون لەگەڵ ئیدانەكردن و لێدوان و دەربڕینی پابەندبوونی هێزە سیاسییە بەشداربووەكان لە حکومەتی عێراق، بەتایبەتی هێزە شیعییەكان، بە بەرگریكردن لە كێشەی فەڵەستین. 

جگە لە ئاستی فەرمیی، لەسەرئاستی نافەرمیشدا ڕێكخستنە چەكدارەكان و میلیشیا سەربازییەكانی عێراق، تێكڕا بەیاننامەی پشتیوانیان بۆ حەماس و فەڵەستین دەربڕیوە، بە بوونی جیاوازیی لە بۆچوونیان لەبارەی هەڵوێستەكانیان كە ئایا بەشداری ڕاستەوخۆ لەو شەڕە دەكەن یان نا. هەر چۆنێک بێت، هەندێ لەو گروپە چەكدارانە كە سەرچاوەی بڕیاریان لە ئێرانەوەیە، تێوەگلانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وەك پێشمەرجی بەشداریكردن لە شەڕەکەدا ڕاگەیاندوە. ئەمە لە كاتێكدایە کە ئەمریكا لە یەكەم ڕۆژی شەڕەكەوە لەسەر هەموو ئاستەكان پشتیوانی هەمەلایەنەی بۆ ئیسرائیل نیشان و ئەنجام داوە.

ئەوەی لەم زانیارییانەوە بەدەستدەهێنرێت ئەوەیە كە عێراق لەسەر ئاستی سیاسی، سەربازیی – گروپە چەكدارەكان، دارایی (هاوكارییەكان) بۆ شەڕی غەزە بەشدارە و لەم ڕووەوە ئاستی هاوگوتاریی ئێران و عێراق زیاتر چۆتەپێشەوە. بەجۆرێك كە عێراق وەك ئەستێرەیەك لە خولگەی سیاسەتی هەرێمایەتی ئێران لەم نێوەندەدا دەخولێتەوە و هەندێجاریش هەڵوێستەكانی توندترن لە ئێران.

هەرچی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئەوە دەتوانین بڵێین کە دۆخی هەرێم بە بوون یان نەبوون بە بەشێک لەم پرسە لەسەر چەند پێدراوێك وەستاوە، لەوانە:

یەکەم، سروشتی جوگرافیا وپێگە و بوونی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا یەكێکە لەو پێدراوانە كە ئەگەرەکانی تێوەگلانی هەرێم لە شەڕەکە نزیک دەکاتەوە. لەپاڵ ئەمانە پشتیوانی نێودەوڵەتی (ئەمریكا و ئەوروپا و ناتۆ) لە هەرێمی كوردستان هۆکارێکی دیکەیە بۆ تێوەگلان. بەتایبەتی ئەگەر ئەوە ڕەچاوبکەین کە هاوپەیمانەکانی هەرێم (وەک، ئەمریكا و ئەوروپا و ناتۆ) لەلایەن هێزە شیعییەكانی عێراقەوە وەك دوژمنی نەریتی تەماشا دەكرێن.

دووەم، تێكچوون و لاسەنگبوون و نەمانی پشتیوانی هێزە سیاسییەكانی شیعە بۆ پرسی كورد لە هەرێمی كوردستان لە ئێستادا، ئەو هێزانەی کە جاران کورد و هەرێم گرەویان لەسەر دەکرد.

سێیەم، دابەشبوونی سیاسی و جیۆگرافی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی لە ئاراستەكردنی سیاسەتی حیزبە سەرەکییەکانی هەرێمی كوردستان، یەکێتیی و پارتی.

چوارەم، هەڵوەشانەوەی لەکارکەوتنی پەرلەمانی كوردستان وەك دامەزراوەیەکی ڕەوا و نوێنەری خەڵكی كوردستان و بوونی حكومەتێکی كاربەڕێكەر کە توانای بڕیاردانی کەمە لەبەر دابەشبوونی ناوخۆیی.

هەموو ئەم پێدراوانە و فشار و ئابڵوقەكانی بەغدا لەلایەكیترەوە وایانكردووە كە بژاردە سیاسییەكانی بەردەم هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخەكانی ناوچەكە كەم یان دەگمەن بن. ئەمە لە كاتێكدا پشتیوانی جەماوەرییش لە ئاستێكی لاوازدایە.

بۆیە لە سەرەتای شەڕەکەوە تا ئێستا هیچ هەڵوێستێكی فەرمیی لە بارەی شەڕی غەزەوە لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێم، حكومەت، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و فەرمانگەی میدیا و زانیاری، بەشێوەی فەرمی لەسەر پێگەکانی هەرێمی کوردستان بڵاونەكراوەتەوە. ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە كە هەرێمی كوردستان بە هۆی هەڵوێستی لایەنە عێراقییەكانەوە، بەتایبەت شیعەی دەسەڵاتدار، بەهەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسەكە دەكات. پێدەچێت هەرێم نەیەوێت پەنجەی تۆمەتی بۆ ڕابکێشرێت بە پشتیوانی کردن یان پشتیوانی نەکردن، واتە نە دەیەوێت ئەمریکا و هاوپەیمانان زویر بکات نە هێز و میلیشیا شیعییەکان، ئەمەش وەك ڕێگەیەك بۆ خۆپاراستن لە بەركەوتنی پریشكی ئاگرەكە بە هەرێم دەردەکەوێت.

هەرێمی کوردستان ئەمە لە كاتێكدا دەکات کە لە سەردانێكی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغداد لە دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیهان، لە سەرەتای ئایاری ٢٠٢٢ دا پابەندیی هەرێمی بە بڕیاری حكومەتی عێراق بۆ نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگەیاندووە.

بە هەر حاڵ، تێوەگلانی هەرێمی كوردستان لە شەڕی غەزە، لەسەر چەند ئەگەرێك وەستاوە، لەوانە:

یەکەم، تێوەگلانی ڕاستەوخۆی گرووپە چەكدارە شیعەكانی عێراق لە شەڕەکە ئەگەر بە لێدان لە بەرژەوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش بێت لە ناوچەکە، كە لەم مانگەدا چەندجارێك بە مووشەك و درۆن هێرشی سنوورداریان لە عێراق وهەرێم و سوریا ئەنجامداوە. ئەگەری فراوانبوونی هێرشەكان بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێم لەلایەن ئەو گروپانەوە مەترسیدان، بەتایبەت ئەگەر فەرمانی بەشداریی ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە بۆ ئەو گرووپانە دەربچێت.

دووەم، ئەگەر هێزە میلیشاکانی عێراق وەک: عەسائیبی ئەهلی حەق و سوپای بەدر و گرووپەکانی دیکە فشارەكانیان بۆ سەر هەرێم لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە زیاد بکەن و هەوڵی سەپاندنی هەڵوێست لەم ڕووەوە بدەن ئەوکات هەرێم بە ناچاری هەڵوێست دەربڕێت، كە زیانی ستراتیجی بۆ هەرێم و قەوارەی فیدراڵیی هەرێم لە عێراقدا دەبێت.

سێیەم، هەڵوێستی هەرێمی كوردستان لەم ڕووەوە لە دۆخی ناكارادایە چونكە بیانووی هێز و میلیشیا شیعەكان لەسەر هەڵوێستی هەرێم نەوەستاوە، بەڵكو پەیوەستە بەو سیاسەتە دوژمنكارانەی كە ئەوان لەهەمبەر هەرێم دەیگرنەبەر، ئەمەش بە زەقی لە ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردوودا دەركەوتووە، وەک هێرشە مووشەکیی و درۆنەکانی میلیشیاکان بۆ سەر هەرێمی كوردستان، کە زیاتر لە خۆنواندن و ڕاكێشانی سۆزی شەقامی شیعە دەچن و بوونەتە مایەی دروسبوونی وتارگەلی ئاگرین لە دژی کورد و هەرێم بەكاردەهێنن. ئەوان دەستیان بە ئاگری ئەمریكا خراپ سووتاوە، وەک کوشتنی سولەیمانی و موهەندیس، کەچی دەیانەوێت تۆڵە لە هەرێم بکەنەوە.

ئەوەی لەم قۆناغەدا بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان لە پریشكی ئاگری شەڕکە گرنگە ئەوەیە كە:

یەکەم، سەركردایەتی سیاسی كوردستان و دەزگا فەرمییەكانی سیاسەتی ژیرانە و هاوسەنگ لەمەڕ ئەم پرسەكە مەترسیدارە بگرنەبەر.

دووەم، كۆكبوونی هێزە سیاسییەكان لەسەر گرنگی و ئەولەویەتبوونی بەرژەوەندی باڵای هەرێمی كوردستان بە بەراورد بە بەرژەوەندییە لاوەكییەكانی دیکە.

سێیەم، هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەكانی عێراق لەم ڕووەوە تاكتیكێكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان چونكە لە ڕووی كردارییەوە عێراق لەسەر ئاستی فەرمی خۆی لە شەڕی غەزە بەدوور دەگرێت و تەنها لە ڕێگەی گرووپە چەكدارەكانییەوە بووەتە بەشێك لەو هەڵوێستەی لە ناوچەكەدا سەبارەت بە پشتیوانی فەڵەستین بوونی هەیە.

چوارەم، گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێكی مەترسیدار لە هەرێمی كوردستان.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO