بەو تێگەیشتن و ڕوانگەیە کە خواکەی من، ئایینەکەی من، مەزهەبەکەی من، ڕێبەر و پەیامبەرەکەی من ڕاستترە، گەورەترە، پیرۆزترە، ڕەوتی وەبارهێنان و پەروەردەی نێو دەروونی هەر ئایین و ئایینزایەک دەبێتە بەرهەمهێنەری تووندڕەویی. ئەو ئاراستە ڕاسیزمە، دڵڕەقانەیە، ئەوەی بڕوای بە خواکەی من بە نێرراوەکەی من بە کتێبە پیرۆزکەی من نییە، ئەوا دوژمنەدینە، تەنیا ڕق و کینەی ئایینی و مەزهەبی لە دڵ و دەروونی پەیڕەوانی دەڕوێنێ لە بەرامبەر ئایین و ئایینزاکانی دیکە، یان لەبەرابەر ئەوانەی بڕوایان بە دین و خوا نییه. لەوێوە دەبینین کە ئایین و ئایینزاکان دەستیان بردووە بۆ شەڕ، کوشتار، خوێنڕشتن، تا ئاستی سڕینەوە و لەناوبردن و قەڵاچۆکردنی ئەوی دیکە.
هەر بەو ئاراستەیە، هەموو تاوان و خوێنڕێژییەک، کە ئەم جۆرە کەسانە کە سەرچاوەکەی ئەم جۆرە تێگەیشتنانەی سەرەوەیە، کە ئەنجامیان داوە چ ئێستا چ پێشووتر، بەدرێژایی مێژووی سەرهەڵدان و گەشە و ڕسکانیان وەک دەسەڵات و هێز، ئەوا هەموو تاوان و شەڕ و پێکدادانە ناڕەواکانی خۆیان بە پیرۆز پێناس کردووە. لەوەش ترسناکتر بە ویست و ڕەزامەندی خواکەیان لە قەڵەمی دەدەن.
بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم سەرنجانەمان، فەرموون بڕواننە ئەو وشە و چەمکانەی ئەو کەس و لایەنانە بەکاریان دێنن کە بارگاوین بە ئایین و تێگەیشتنە ئایینییەکان، وەک: “جیهاد”، “غەزا”، “شەهادەت”، “فتوحات”، “ئەنفال”، “بەئیسلامکردن”، “سەبایە”، “جاریە”، “دەستکەوتەکانی جەنگ” تا دەگاتە پیرۆزکردنی شەڕ و خوێنڕێژییەکان!
بە پێی ئامارێک کە لە ٢٠١٤ دا خراوەتەڕوو، ژمارەی ئایینەکان لە دنیا بە نزیکەی ٤٣٠٠ ئایین خەمڵێنراوە. لەو ئامارەدا هاتووە هەندێک ئایین تایبەتن بە جوگرافیای سیاسی تاقە وڵاتێک، یان ناوچەیەکی دیاریکراو، بەڵام ئایینی واش هەیە پەلوپۆی لە ڕووبەرێکی فراوانی دونیا هاوێشتووە. سێ دانە ئایین کە بە ئایینە ئاسمانی و ئایینە ئیبراهیمیەکان ناسراون، لە هەمان ناوچە و دەوروبەر سەریان هەڵداوە، زۆر پێکدەچن و لەیەکدی نزیکن بە تایبەت لە واری یەک خواپەرستی و هەروا وەک دەگووترێت خوان کتێبی ئاسمانین، “اهل الکتاب”. ئەوانیش جوولەکەیی- موسایی، کریستیانی-عیسایی، ئیسلامی-موحەممەدیین.
بەڵام ئەگەر تەماشای مێژووی دوور و درێژی ئەم سێ ئایینە بکەین مێژووێکی پڕ خوێناوی و شەڕ و کۆمەڵکوژی و لەتوپەتکردنی یەکدییە، جا چ شەڕوشۆڕی نێوان ئەم سێ ئایینە بن، چ شەڕ و شۆڕی خوێناوی لە نێو خودی هەر یەکێ لەم سێ ئایینە، واتە لە نێوان ئایینزاکاندا بن.
بە درێژایی مێژوو، ئایینەکان گەشە و گۆڕانکاری زۆریان بەسەردا هاتووە، لە ناو هەر یەکێ لەم ئایینانە، چەندان لق و پۆپ و ڕەوتی جیاجیای زۆر دژ و نامۆ بەیەکدی هاتونەتە کایە.
کارەساتی جەرگبڕی نێوان ڕەوتە ئایینی و ڕەوتە ئایینزاکانی نێو تاقە یەک ئایینیش مێژووی شەڕێکی نەپساوەی دوور و درێژە کە تا ئەمڕۆش گۆماوی خوێن دروست دەکات.
فەرموو لە نوێترین شەڕ ئایینیی تەماشای کۆمەڵکوژی جوولەکە بە دەست حەماسی ئیسلامی و کۆمەڵکوژی عەرەبی موسڵمانی فەلەستینی بکەن بە دەست ڕژێمی شەڕانگێزی ئیسرائیل.
شەڕی نێوان ئایینەکان زۆر لە مێژە بەرپایە و ڕەوایی پێدراوە و تا ئێستاش هەر درێژەی هەیە. ئەوەی جێگەی نیگەرانییە کە هەر یەک لەو لایەنانەی شەڕەکانی خۆی بە ڕاستتر دەزانێت، خۆی بە بەرگریکاری خوا و ئایینی خوا و پێغەمبەری خوا دەبینێت. هەموو کار و کردەکانی بە پێڕەوەی دەقی کتێبە پیرۆزە ئاسمانییە خواوەندیەکەی خۆ دەزانێت. هەر لەم ڕووانگەشەوە خۆی بە سەرخەری ویستی خوا و ئایینی خوا و ڕزگارکەری مرۆڤایەتی و گەل و نیشتیمانەکەی دەبینێت. ئیدی پێی وایە بکوژرێ لە پێناو خوایە، بکوژێت ئەرکی ئایینی و ویستی خوا و پێغەمبەری جێبەجێ کردووە.
کارەساتە گەورەکەش ئەوەیە سوپایەکی لەبن نەهاتووی مرۆیی زەبەلاح لەم جەنگ و شەڕ و شۆڕانە تێوەگلاون و دەبنە قوربانی و قوربانیش بەرهەم دێنن، کە لە ڕاستیدا زۆر کەم شارەزا و زانیاری تەواو و دروستیان لە سەر ئایین و ئایینزاکەی خۆیان، یان ئایین و ئایینزاکانی ئەوانی دیکە هەیە، خۆ ئەگەر هەشیان بێت ئەوا یەکجار زۆر سنووردارە. هاوکات، زۆربەی هەرە زۆریان وەک پێویست نازانن بۆ ئەم جەنگە “پیرۆزە” هەمیشەییانە نەبڕانەوە و تا کەی بەردەوام دەبن.