وەرگێڕانی: محهمهد عزهدین
به ڕاگواستنم بۆ چهنهقهله لهلایهن دادگاوه سزادرابووم، بهڵام لە بێ ڕۆشنبیریی ئەو شارە خەریك بوو بخنكێم. بۆ دۆزینەوەی یەك دوو كەس، تا بتوانم هەندێك قسەیان لەگەڵ بكەم، سەردانی ناوەندی فتوای ئەوێم كرد. كەچی بینیم موفتی چ موفتی، نازانێ قورئان بە ڕێك و ڕەوانی بخوێنێتەوە و نازانێ بە عەرەبی بە نان و ئاو دەڵێن چی؟ بە كورتی، كەسێكی دەمارگیر و نەخوێندەوار بوو، لەوێش كەسم نەبینیەوە و دەرچووم. بە دوای شوێنێكی جیاوازدا دەگەڕام، گوتیان لێرە پیاوێكی ئایینی یەهوودییەكان، واتە “مالم”ێكی لێیە. هەستام و چوومە پەرستگاكەیان. شوێنەكە تا بڵێی گەورە و خۆش بوو، باخچەیەكی ناوازەی لێبوو، هەرچوار دەوری باڵەخانەكەش بە دیواری سێ چوار مەتری گیرا بوو. زەنگی دەرگا كەسكەكەی باڵەخانەكەم لێ دا، دەرگەوانێكی زۆر ڕێكوپێكی لە پارێزگار پۆشتەتر دەرگای لێ كردمەوە و بە ئادابێكی جوانەوە لێی پرسیم: “فەرموون چیتان دەوێ؟” وەڵامم داوە: “دەمەوێ جەنابی مالم ببینم.” ئەویش داواكارییەكەی بە تەلەفۆن گەیانده ژوورەوە، هێندەی نەبرد فەرمووی ژوورەوەیان لێ كردم. باڵەخانەكە لە شێوازی پلیكانە و دەرگا و پەنجەرەكانی ئاستێكی بەرزی كلتور و زەرافەتی لێ دەتكا. كەسێكی دونیا دیتەی گەنجی ڕەنگ ئەسمەری بە ڕدێن پێشوازیی لێ كردم و بە ئاخاوتنێكی جوانی توركی فەرمووی لێ كردم. ئەو گەنجه وەك من ناوی (مۆشە) بوو، ئەو لە ئامادەیی ئیستانبوڵ خوێندبووی و دكتۆراشی لە كۆلێژی ئایینزانیی شیكاگۆ بەدەست هێنابوو. بۆیه، دەڵێم هەمان ناومان هەبوو، چونكە، یەهوودی بە مووسا دەڵێن مۆشە. چووینە ژوورە ناوازەكەی، ئەو پەیكەرە بچووكەی ئەتاتورك کە لەسەر مێزی موفتی چەنەقەله بینیم، لەسەر مێزی مالم نەبوو، بەڵام لەسەر دیوارەكە ئەو دە فەرمانەی خوا هەڵواسرابوو كە بە حەزرەتی مووسای بەخشی بوو، کە لەناو تابلۆیەك بە پیتی زێڕ نووسراو، پارێزرا بوو. ئەو فەرمانانە دواتر لە ئینجیل و قورئانیش باس كراوە. كە بریتین لە: مەكوژە، مەدزە، درۆ مەكە، ناپاكی لە ئەمانەت مەكە، ڕێزی دایك و باوكت بگرە، سەرخۆش مەبە، خواردنی پیس مەخۆ، هتد…، بەڵام ئەو ڕێسایانە بەر لە مووسا له ئایینەكانی میسر و ئەلەن و زەردەشت و ئایینەكانی ڕۆژهەڵاتی دووریش هاتووە.
بە مالمم گوت: “برادەر من بە چەپ دەناسرێم و كوردایەتیشم لەسەر ماڵە، ئێستاش ڕاگوێزراومەتە چەنەقەلە، بێزار بوومە و بەدوای كەسێكی ڕۆشنبیردا دەگەڕێم، بەڵام گەر بەو دۆخەمەوە دەبمە مایەی سەر ئێشە بۆ تۆ، با ئەوە دوایین دیدارمان بێت، بەڵام گەر بۆ تۆ كێشە نییە، ئەوا دەمەوێت ناوە ناوە بێمە لاتان و بۆچوونمان لەسەر پرسی كلتوری بگۆڕینەوە”. مالم پێكەنی و لە شوێنی خۆی هەستاوە و بە گوشینی دەستم ئەولا و ئەولای ماچ كردم و گوتی: “بە چ بۆنەیەكەوە برا گیان، ئێمە لە شوێنێكی خراپ نین، ئەوڕۆ توركیا نیشتیمانمانە، جگە لەوە ئەمریكاشم لەپشتە. بۆیە هیچ دوودڵ نیم، گەر دەتەوێ وەرە و لای من بمێنەوە و لەگەڵ تۆش بەردەوام بە تاكسی بەناو چەنەقەلەدا دەگەڕێین”. دواتر یەكە و پێك شەرابی كۆنمان خواردەوە. فەرمانی بە شۆفێرەكەی كرد ئۆتۆمبێلەكە ئامادە بكات، ڕووی لە منیش كرد “با قسەكانمان لەناو ئۆتۆمبێل تەواو بكەین، ئاشكرایە زۆر بێزار بووی، بۆیە با تۆزێك بگەڕێین”.
بەروارەكەیم بیر نایەتەوە، بەڵام یەهوودییەكان جەژنێكیان هەیە بەناوی “نانی بێ خومرە”، واتە بێ هەویرترش، دوازدە ڕۆژ بەڕۆژوو دەبن و لەو ماوەیە تەنیا نانێكی بێخوێی لە شێوەی چپس دەخۆن. هۆكارەكەیم لە مالم پرسی، ئەویش بەو جۆرە وەڵامی دامەوە: “كاتێك حەزرەتی مووسا بەنی ئیسڕائیل لەژێر زوڵمی فیرعەون ڕزگار دەكات، لەماوەی ١٢ ڕۆژ لە سیناوە دەگەنە فەڵەستین، بۆ خواردن تەنیا هەندێك ئاردیان پێ بووە و كردوویانەتە هەویر و ئەنگوتكی بچووك بچووكیان لێ دروست كردووە و لەبەر هەتاوی بەتینی گەرمی سینا، هەویرەكەیان لەسەر تاشە بەردەكانی ناوچەكە برژاندووە و شتێكی لێ دەرچووە وەك ئەو نانەی ئەوڕۆ دەیخۆین. بۆ ڕێزگرتن لەو ڕۆژانە، لەهەمان بەرواری ئەو كۆچكردنە، ئێمەش تەنیا نان دەخۆین”. مالم منی بردە باخچەكەیان، لەناو باخچەی ئەو باڵەخانە مۆدێرنە چادرێكی ڕەشیان هەڵدابوو؛ لەوێ یەهوودییە دیندارەكانی چەنەقەلە بە جلوبەرگی میللی خۆیان دانیشتبوون و هەر لەوێش دەمانەوە، ئەوەشیان وەكو حورمەتێك بۆ ژیانی ئەوسا دەكرد كە لەو ١٢ ڕۆژەدا زەحمەتی زۆریان چەشتووە. لە ڕۆژی دوازدەهەم وەكو جەژنی ڕەمەزانی ئێمە، لە كڵێسای “هاڤرا” ڕێورەسمی ئایینی جێبەجێ دەكەن.
لە ئایینی مووسەوی وەك ئایینی زەردەشتی و ئایینی عیسا و محەمەد قیبلەیەك نییە تا ڕووی خۆیانی تێ بكەن، ئینجا خواپەرستی بكەن، بەڵكو لە ناوەڕاستی سینەگۆكانیان (پەرستگاکانیان)، مێزێكی خڕی لە شێوەی ڕۆژیی دوایی دادەنێن و مالم و یاوەرەكانی دەچنە سەری، جەماعەتیش وەك لاكێشەیەك لە هەر چوار لای دادەنیشن. منیش داوەتی ئەو بۆنەیە كرام و لە پاڵ جەماعەت منیش چوومە ڕیزەوە، وەك ئەوان دەستم خستە سەر سینگم، مالم دەستی بە نزاكردن كرد و لە كۆتایی هەموو ڕستەیەكیش ناوی (ئیسڕائیل)ی دەهێنا، دوای ئەو، تەواوی جەماعەت دەیانگوت ئامین، تەبعەن منیش وامدەگوت. دواتر زانیم ئەوە نزایەكی چاكەیه بۆ قەومی ئیسڕائیل، بۆیە مالم چاوی لەسەر من هەڵنەدەگرت، بەڵام سەرنجمدا دوای گوتنی ناوی (ئیسڕائیل) چەند چركەیەك دەوەستان. دواتر لەتەك مالم لەناو چەند تاسێك هەندێك شەڕاب و چەند پارچە نانێكی ڕەقی بێ خومرەیان بۆ ناردینە خوارەوە، لەبەر ئەوەی یەكەمجارم بوو، سەرەتا پێشكەشی منیان كرد، بۆیە بیرمكردەوە دەبێ پارچەیەك لە نانەكە بخۆم و دواتر قومێك شەڕابی بەدوادا بخۆمەوە. هەر ئاوام كرد، دوای من بینیم هەموو جووەكانیش ئاوایان كرد و ئیدی جەماعەت پەرتەیان كرد.
مالم وەك دۆستێك دەستەكانی گرتم و منی بردە ژوورەكەی خۆی، لە ڕێگا ئەو چەند شتەی پێ گوتم: “مووسا، برا گیان، باوەڕبکە سەرجەم جووەكانی ڕێورەسمەكە وایان زانی تۆ چل ساڵە جوویت! ئافەریم بۆ تۆ”. كە لە قسەكانی بۆوە گوتم منیش دەمەوێ شتێكتان پێ بڵێم: “ئێوە بۆ خۆشی و ئاشتیی ئیسڕائیل نزاتان دەكرد، سەرنجم دا ئێوە هەندێك دەوەستان، منیش ئەوكاتە دەمگوت (كوردستان)، یانی داوام لە خوا دەكرد، نزاكانمان هەم بۆ ئیسڕائیل هەمیش بۆ كوردستان بێت”.



