کورد خاوەنی سینەمای خۆی نییە، سینەمای کوردی لەسەرەتادایە و لاوازە، ئەمانە کۆمەڵە قسەیەکی باوی ناو دنیای ڕۆشنبیری کوردستانن. لە ڕاستیدا دونیای ئەفسوناوی سینەما دونیایەکی ئاڵۆزە و سینەمایەکی باڵا پێویستی بە ژینگەی لەبار هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، سینەما بۆ کورد خەم و پێداویستییەکی گرنگ و هاوکات کێشەیەکی گەورەشە. بەڵام لەبەرئەوەی هێشتا لەم مشتومڕەدا گیرمان خواردووە، کەواتە لەکێشەداین.
ڕەنگە نیوەی ئەم نیگەرانییە لە جێگەی خۆیدا بێت، چونکە کورد خاوەنی فیلمە بەڵام ڕەوتی سینەمای كوردی نەیتوانیوە پێگەیەکی بەهێز بۆ خۆی داگیربکات و فۆرمێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە و سینەما وەک هێزێکی کلتوری ببێتە شوناسێکی بەهێز و فیگەرێكی گرنگ لە نێو کلتوری ئێمەدا. بۆیە دەبێت بە دەوری وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەدا بخولێینەوە کە مەبەستمان لە سینەمای کوردی چییە؟ ئایا چەندایەتییە یان چۆنایەتی؟ ئەگەر دووەمیانە ئەو فیلمانەن کە بە جل و بەرگ و زمانی کوردییەوە نمایش دەکرێن و شوێنی بەرهەمهێنانیان کوردستانە یان ئەو فیلمانەن کە کاستەکەی کوردن، یاخود ئەو فیلمانەن کە هیچ کام لەوانە نین، نە کاستەکەی کوردە و نەبەرهەمهێنەری، یاخود ئەو فیلمانەن کە لە ژانرێکدا چیرۆکێکی مێژوویی کورد دەخەنەڕوو؟ ئەگەر یەکەمیشیانە، کورد چۆن چیرۆکی خۆی گێراوەتەوە و چۆن کێشەکانی بردووەتە دەرەوەی خۆی؟ هەوڵدەدەم لێرە بەدواوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە.
کورد لە دۆخێکدایە زیاتر دەشێت وەک بریندارێک ببیندرێت نەک کۆمەڵگەیەکی ساغ، بەڵام بەو برینەشەوە دابڕاو نییە لە دونیا و لە واقیع. دەستی بە هەموو ئەو ڕایەڵانەوەیە کە وڵاتە پێشکەوتووەکان هەیانە، هەر لە سەتەلایتەوە هەتا بە کۆمپیوتەر و مۆبایل و ئینتەرنێت دەگات. کەواتە ئێستا دەرگا و پەنجەرەکان زۆرترن بۆ ئەوەی لێوەی بڕوانینە دونیا و دونیاش بڕوانێتە حەوشەوبانی ئێمە. بەڵام کێشەی کورد لە هی کەس ناچێت چونکە قەوارەی سیاسی (دەوڵەتی) نییە، زۆر مەیلیشی لەگەڵ خۆیدا نییە، شەرمنە و خۆی لەبەرانبەر ئەوی دیدا بەکەم دەگرێت. ئەمە کێشەیە و دەبێت ئیرادەی وەرچەرخانێک بکات بەتایبەتیش لە ڕێگای شۆڕشی کلتوری و بەدەستهێنانی فەرهەنگ و باشکردنی زمانی خۆی، دەنا لە کایەی هونەر و کلتور و فەرهەنگدا خاوەنی فیلمە کە لە ساتەوەختی جیاواز و بە کامێرای جۆراوجۆر وێنەیان گیراوە و لە ژانرای جیاوازدا خراونەتەڕوو. بەرهەمەکان لە ڕووی چۆنایەتییەوە باش بووبن یان لاواز لە خاڵێکدا هاوبەشن کە لە فۆرمێکی تایبەتدا نەبوون.
فیلمەکانی یەڵماز گیونەی، بەتایبەتی “یۆڵ” (ڕێگا)، هەروەها “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان”ی بەهەمەن قوبادی، “زەڕی” کازم ئۆز و “هەزار و یەک سێو” و “کوێستانی قەندیلی” تەها کەریمی لە ڕووی چۆنایەتییەوە لە کارەباشەکان ڕیزبەند دەکرێن. لەگەڵ ئەوەش کە شەڕی شوناس دەکەن کەچی هەموویان هێشتا کێشەی شوناسیان هەیە، چونکە لە ناو سیستەمی بەرهەمهێنانی فیلمی تورکی و ئێرانی و عێراقی و فەڕەنسیدا ڕیزبەند دەکرێن.
دەنا خۆ کەم نین ئەو فیلمسازە کوردانەی ناوبانگی گەردونیان هەیە و دەتوانین کۆی فیلمەکانیان بە سینەمای کوردی بناسین. دەرهێنەرانی وەک گیونەی و هونەر سەلیم و بەهمەن قوبادی و جانۆ ڕۆژبەیانی و مانۆ خەلیل و چەند دەرهێنەرێکی دیکەش لە کوردستانی گەورەدا سەرباری ناوبانگیشیان، کەچی نەیانتوانیوە فۆرمێک بۆ سینەمای کوردی بدۆزنەوە. نابێت فیلمی زارێ (Zare) یش نادیدە بگرین کە لە ساڵی ١٩٢٨ بەرهەمهێنراوە، وەک باس دەکرێت یەکەمین فیلمی کوردی بووە کە لە ئەرمینیای سەر بە یەکێتیی سۆڤێتی ئەوسا بەرهەمهاتووە. سەرباری ئەو تەنگژە سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیانەش، لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ ەوە بەرهەمهێنانی فیلم لە کوردستان گەشەیەکی چاکی بەخۆوە بینیوە. بەڵام هێشتا هەر ناتوانین بڵێین کورد بووەتە خاوەنی سینەما و شوناس و فۆرمێکی تایبەت بە خۆی دۆزیوەتەوە.
هەندێک یەکەمین هۆکاری ئەم کێشەیە بۆ نەبوونی دەوڵەت و پێگەی لاوازی نێودەوڵەتی دەگێڕنەوە. ئەگەرچی بۆ خۆم ڕایەکی ترم هەیە دەربارەی نەبوونی دەوڵەت، بەڵام دان بەوەدا دەنێم کە پێگەی نێودەوڵەتی لاوازە هەر ئەمەشە کە زیاتر خستویەتییە پەراوێزەوە و کێشەی شوناسی بۆ خوڵقاندووە. بۆیە بەرهەمی فیلمسازی کوردیش دەخاتە ژێر چەتری سیستەمی تورکی و ئێرانی و عێراقی وسوریی، یاخود ئەو وڵاتانەی کوردیان لێ نیشتەجێیە.
وەنەبێ کوردەکان تەنیا لە چوار پارچەکەی کوردستان ئەم گرفتەیان هەبێت، نەخێر، کورد تەنانەت لە یەکێتیی سۆڤێتی جارانیش هەمان ئەو گرفتانە ڕووبەڕووی بوونەتەوە. لە ١٩١٧ هەتا ١٩٩١ دا، سەدان فیلم لە یەکێتیی سۆڤیەت دروست کراون، بەشێکیان لە وڵاتانی قەوقاز، ناوەڕاستی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا بوون کە لە ژێر دەسەڵاتداریەتی سۆڤێتی جاراندا بوون، ئەو فیلمانە وەک بەشێک لە سینەمای سۆڤیەتی پێناسە کران.
ئەو دۆخەی ئەمڕۆی سینەمای کوردی تێدایە، بەلایەنە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤەکانیەوە، ساڵانێکی تر دەبێتە مێژوو، توێژەران و مێژوونووسان لە بارەیەوە دەنووسن و ساغی دەکەنەوە، وەک چۆن ئێستا داهێنەرە سەرەتاییەکانی سینەمای جیهانی بوونەتە بناغەدانەرانی سینەما لە وێنەی برایانی لۆمێر و جۆرج میلیەس تۆماس ئەدیسن.
ئایا ڕەوایە دنیابینی و هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەشەی تەکنەلۆجیای سەردەمی ئەوان نادیدە بگرین، کوردیش سەرباری هەلومەرجی قورسی سیاسی و دابەشبوونیان بەسەر دەوڵەتانی تۆتالیتاردا، چەندین جار بەر پەلاماری جینۆساید کەوتووە، کەچی ئەوەندەی بۆی لوا بێت ئەزموونی ئەم هونەرەی کردووە. بێگومان ئەمەش هۆیەکی ترە کە نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی فۆرمێکی تایبەت بەخۆی و شوناسێک هەتا ناسنامەی نەتەوەیی پێببەخشێت. هەرئەمەشە هۆکاری نەبوونی سیستمەێکی بەرهەمهێنانی فیلم و کلتورێکی هونەری سینەمایی، هەتا بازاڕ بۆ خۆی پەیدابکات. دەنا کورد فیلمی هەیە جا ئەگەر زۆربەشیان لاواز و تەنانەت زۆر بازاڕیشبن، هەر پێیدەگوترێت فیلم، هەڵبەتە میللەتانی دنیاش لەم خەوش و دیاردەیە بێبەش نین.
بێگومان دەبێت دەرچەیەک بۆ ئەم نیگەرانیە هەبێت، هەتا کوردیش لێوەی بچێتە ناو دنیاوە. فیلمساز ئەرکێتی بەدوای شوناسی سینەمای کوردیدا بگەڕێت، ناکرێت وەک چۆن تا ئێستا لەسەری ڕاهێنراوین، تەنها خۆمان بەگوتراوە باوەکان “نەخشەی وڵات و زمان و جلوبەرگ و ئایین”دا هەڵبواسین، چونکە توانامان هەیە بەدیدێکی نوێوە بڕوانینە دنیا. کارێکی باش دەبێت سینەمای کوردی لە ئایندەدا بە لێبوردەیی و بنیاتنەر بناسرێتەوە. لێبوردەیی ببێتە شوناسی سینەمای کوردی، پشت بە مێژووی ڕووداوەکانی ڕابردوو ببەستێت چونکە لە ڕابردوودا جوانیمان زۆرن کە ببنە هەوێنی سەدان شاکاری هونەری لەناو ئەو چیرۆکانەدا کە قوربانیانی جینۆساید بۆمان دەگێڕنەوە. چییەتی و ماهیەتی خۆی بدۆزێتەوە، کە پڕن لە بەرەنگاری ستەمکاری و وێنەی مرۆڤی ئازا و میهرەبان و ژیاندۆست. بێگومان پڕیشن لە ستەم و مەرگ و خوێن و دڵرەقی جەلاد.
لەناو ئەو یادەوەریانەدا ڕاستی زۆر خۆیان حەشارداوە، کە هەتا ئێستا نەبینراون و نەبیستراون، لە هەناوی هەر گێڕانەوەیەکیشدا لەنێو گرتە سینەماییەکانی هەر یادەوەریەکدا هێڵێک هەیە بۆ دۆزینەوەی شوناس. کورد لە میانی ئەو هێڵ و تونێلانەوە لە توانایدا هەیە بگاتە ئەتمۆسفیری کوردبوونی خۆی و سینەماش چالاکانە بیکاتە ڕایەڵێکی گەردوونی.
با نموونەیەک بهێنمەوە، نەجیبە فەقێ ڕەسوڵ، بریندارێکی چەکی کیمیاییە و کەسوکاری بە گاز گیانیان لەدەستداوە و کوڕێکیشی ون بووە. نەجیبە یەکێک بوو لەشایەتحاڵەکانی دادگای ئەنفال، بە سەدام حوسێنی گوت: ئێمە هەژاری ماڵی خۆمان بووین تۆ ئەو پیاوە بوویت کیمیاییت بەسەردا کردین، بەڵام کە ڕاپەرین بوو، سەربازەکانت لە کۆڵانەکان زۆر زەلیل بوون، من کفتەم بۆ منداڵەکانم کردبوو، بانگم کردن و کفتەم بەشی سەربازە چەککراوەکانت دا، جا بۆ خۆت بزانە تۆ کێیت و ئێمەش کێین؟ سەدام هێندە خەجاڵەت بوو هەرهێندەی گوت “عفیة علیچ”.
مرۆڤ بوونەوەرێکی گەردونیە و سینەماش هونەرێکی گرنگی دەستی مرۆڤە، کەواتە دەتوانین ئەو ڕایەڵە گەردونیە دروست بکەین، بەڵام هەتا لە فکر و دنیابینی خۆیەوە دەست پێنەکات چۆن کێشەکان تەرح دەکات و چۆن چیرۆکی “نەجیبە”کان دەگێڕێتەوە و وێنەی ئەو قوربانیە دەگۆڕێت بە پاڵەوان و ئاراستەی ناوخۆ و دەرەوەی دەکات.
ڕەنگە کەس هێندەی کورد زەخیرەی چیرۆکی لەبەردەستدا نەبێت، نەک هەر لەمەڕ ئەنفال و هەڵەبجە بەڵکو لەبەرەنگاریشدا، ڕۆژڤاوا و ئازایەتی شەڕڤانان و بەشداری کارای ژنان، وەرچەرخان لە فکر و دنیابینی ئێمەدا دروست دەکات. ئەمەش ڕێگەیەک دەبێت بۆ دۆزینەوەی فۆرمێکی کارکردن. هەتا چیدی بێناسنامە نەمێنینەوە و چیرۆکەکانمان هەر بۆ خۆمان نەگێڕینەوە، پێویستە گەردونیانە بڕوانینە دنیا و هونەر و سیاسەت. هەتا فکر و دنیابینی هونەرمەند گەردوونی بێت بەرهەمە هونەرییەکەشی دەوڵەمەندتر و گەردونیترە.
کازم ئۆز لە فیلمی “زەر”دا لە شارستانێتی ئەمریکاوە لە سۆنگەی گۆرانییەکەوە کە لە زمانی نەنکی دەیبیستێت دێتە نێو گوندەکانی باکووری کوردستان و دابونەریت و سادەیی ژیان و میواندۆستی خێزانەکانی کوردمان پیشان دەدات و بە دنیا دەڵێت ئەو مرۆڤانەی لە دێرسیم کۆمەڵکوژ کران ئەم میواندۆست و مرۆڤە میهرەبانانە بوون. گەریلاکان تیرۆرست نین، ئەو تاوانانەی دەرهەقی کورد کراون زۆریان ترازاونەتە ناو تاوانی جینۆسایدەوە و ئەمەش بۆ خۆی خەسڵەتی گەردوونیە.
ئەگەر بە شوێن دۆزینەوەی شوناسەوە بین، دەبێت لانیکەم هوشیاریی ئەوە هەبێت بە تەنیا نەتەوە و خاک و جلوبەرگ نین کە مانا دەبەخشن، بەڵکو یادەوەریش لایەنێکی گرنکی شوناس و وزەیەکی باشی لێبوردەییە. هونەرمەندی کورد ناتوانێت هەنگاوی گەورە بهاوێت و لەو دابڕانە گەردوونیە ڕزگاری بێت هەتا خۆی نەگۆڕێت و خەونەکانی فراوان نەکات. ڕەنگە هیچ هێزێک هێندەی لێبوردەیی و قبوڵکردنی ئەوی دی خزمەت بە فراوانبوونی خەونەکانی هونەرمەندی نەتەوەیەکی بندەست و ستەملێکراو نەکات، ئەمە دەشێت ببیتە بەشێک لە شوناسی سینەمای کوردیی. بەڵام لە پێشەوە دەبێت هونەرمەندان خۆیان بڕوا بەوە بهێنن و دواتر شۆڕی بکەنەوە بۆ ناو خەڵک و لەوێشەوە ئەم تێگەیشتنە وەک پابەندبوونێکی ئەخلاقی و کلتوری کۆمەڵگەی کوردی بەرنە ناو گەردوونەوە.
چەند جوان بوو بۆ کورد لە باشوور کاتێک لە دوای ئەنفال و کیمیاباران سەربازانی هەمان ئەو سوپایەی کە جینۆسایدی کرد کەچی کورد لە ڕاپەڕیندا ئەوانی پاراست و خوێنی بە بریندارەکانیان بەخشی و نان و پێخەفی بۆ کۆکردنەوە. ئەوانە لە کاتێکدا ڕوویاندا کە هەموو خەڵک برسی بوون و بە دەست گەمارۆی ئابورییەوە دەیناڵاند و ساڵانێکی زۆر بوو چاوەڕوانی ئازادبوونی کەسوکارەکانیان بوون کە هەمان سوپا گرتبوونی و بێسەروشوێنی کردبوون. هەموو خەڵک چەکی بەدەستەوە بوو ئەو لەشکرە زەبەلاحە چەککرابوون و بە کوچە و کۆڵانەکانی وڵاتدا دەسوڕانەوە، ئەگەر گیانی تۆڵەسەندنەوە و شەڕانگێزی هەبوایە دوورنەبوو لە تۆڵەی شەهیدەکان و ئەنفالکراوەکاندا هەزاران سەرباز و ئەفسەری عێراقی لە کوردستان بکوژرانایە!
ئەمە ئەرکی سینەماکاری کوردە بیگەینێتە دنیا. بەڵام لە پێشەوە دەبێت هونەرمەندان خۆیان دەستبەرداری یەکتر شکاندن و ڕەتکردنەوەی یەکتری بن و قبوڵکردنی ئەوەی دی بە قووڵی ڕۆبچێتە ڕەفتار و بیرکردنەوەیانەوە. ئاخر شەرمە دەست و پەنجەی ئازیزانمان لە بیابان هەڵوەریبن و ئێمە لێرە دەست و پەنجەی یەکتری بشکێنین. دەشێت سیحری سینەما و هێزی داهێنان ناچارمان بکات، سەرلەنوێ خۆمان پێناسە بکەینەوە.
با گەڕان بە دوای شوناسی سینەمای کوردیدا پێش دامەزراندنی دەوڵەت بکەوێت، باوەش بە یادەوەریدا بکەینەوە و هێزی بەبیرهێنانەوە و توانای گێڕانەوەیەکی باش بدەینەوە بەر خۆمان. ڕاستە زمانی قوربانیەکان و تەنانەت قارەمانەکانیشمان سادە و ساکارن، زمانیان هێزی تەکنیکی گێڕانەوەیان کەم و سەرەتایین، بەڵام هونەر بۆیە هونەرە بتوانێت ڕەهەندە مرۆییەکانی سادەیی ئەوان بدۆزێتەوە و ژیاندۆستیان لێ هەڵهێنجێتەوە.
ڕاستە چیڕۆکی ژیانی ئێمە بەدبەختی زۆری تێدایە و ژیانی ئێمە بریتییە لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ دەرفەتی هەناسەدان و خۆپێناسەکردنەوە. تاکە بەهایەک کە بۆمان ماوەتەوە، بەرگەگرتنە ئەویش چێژی خۆی هەیە، کە دەشێت هەوێنی داهێنانی گەورەبێت، چونکە دەتوانین لە ماناکانی ژیان و مرۆڤبوون بگەین و قوربانی بۆ بدەین.
بەها جوانەکانی ژیان بەرجەستە بکەین و لە سینەمای کوردیدا ڕەنگ بداتەوە، بێگوێدانە ئەوەی نە مرۆڤایەتی و نە ئاسمان دڵۆپێک فرمێسکی بۆ ڕشتین، نە کەس لە هاوارمان بێدار بووەوە، نە زەوی باکی بە ژێرخۆنانی ملیۆنان جەستەی ساردەوە بووی ئێمە بوو، نە دەریای ئیجە. ئەم نەبەزین و خۆڕاگرییە کەم نییە. تەنیا لە سینەمایەکی کەمە بیکاتە شوناسی خۆی.


