سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بابەتى ڕۆژ و دواى هۆسە

لە هەموو ووڵاتێكدا شتێك هەیە بەناوى بابەتى ڕۆژ کە زۆرترین كەس سەرقاڵ دەكات. بەسەرچوونى بابەتى ڕۆژ زۆر خێراتر بووە لە دواى بڵاوتربوونەوەى سۆشیاڵ میدیا و ئەمەش وایكردووە كە هەموو كێشەیەك چەند ڕۆژێك باسبكرێت و لەبیربكرێت.

لەو وڵاتانەى كە خاوەن دامودەزگاى تۆكمە و نیشتیمانین، ئەگەرچى كێشەكان لەناو خەڵكیش لەبیربكرێن، زۆرجار ناوەندەكانى بڕیار لەسەرى دەوەستن بۆ دۆزینەوەى چارەسەرى بنەڕەتى و دووبارەنەبوونەوەى گرفتەكان. بەڵام لە هەرێمى كوردستان، بابەتى ڕۆژ وەكو ئامرازێكى پۆپۆلیستانە بەكاردەهێندرێت بۆ زیاتر ڕاكێشانى هەست و سۆزى خەڵك. ئەوەش كێشە سەرەكییەكەیە، كە نەك هەر خەڵكى ئاسایی و بەرپرسە پۆپۆلیستەكان ئەو بابەتانە بەكاردەهێنن بۆ مەرامى تایبەت یان وەكوو دەربڕینى هەست و سۆز بەشێوەیەكى خێرا، خەڵكانى تریش لەناو توێژی توێژەر و نووسەر و شرۆڤەکارەکان دەكەونە داوى هەمان هەڵەوە.

لایك و كۆمێنت كاتێك دەبێتە فریودەر بۆ بەكارهێنەرانى ڕۆژانە یان ئەوانەى هەندێك جار ناودەنرێن “فەیسبووكەوان”ى سۆشیاڵ میدیا، ئەوا كێشەیە. بەڵام كێشەكە زۆر مەترسیدارتر دەبێت كاتێك كاربەدەستان و بڕیاربەدەستان و توێژەران بەدواى قەڵەباڵغى دەكەون و هەمان گوتار دووبارە دەكەنەوە تەنها بۆ ئەوەى لە قەڵەباڵغى دانەبڕێن و پارێزەرى بەرژەوەندیەكانیان بن. ئا لێرەدا گرفتە گەورەكە دەست پێدەكات و قسەى جدى و بنیاتنەر لە چاڵ دەنرێت. ئا لێرەدا كێشە بە كێشە دەسپێردرێت و كۆمەڵگا لە بازنەیەكى خولاوى داخراودا دەخولێتەوە.

ئەگەر سەیرێكى كێشەكانى ئەم چەند ساڵەى دوایى لە هەرێمی کوردستان بكەین ئەوە دەبینین كە پرسەکان زۆر لێكچوون. بۆ نموونە، ناوە ناوە هەموومان گوێبیستى ئەوە دەبین كە كەسێك بە بڕە پارەیەكى زۆرى خەڵكەوە هەڵاتووە كە بەڵێنى قازانجى زۆری پێداون لە بازرگانى دراوە ئەلیكترۆنیەكان یان پشكى كۆمپانیاكان، یان زوو كێشەى كۆمەڵایەتى هاوشێوە دەبینین و كەس و كارى قوربانى یان داواكراو لە بەرامبەر كۆمەڵێك مایك ڕادەوەستن و دەزگاكانى ڕاگەیاندنیش هەموو شتێك دەگوازنەوە بۆ بینەر، بیسەر، خوێنەر، بەبێ ڕەچاوكردنى لایەنى سایكۆلۆجى و ئاسایشى كۆمەڵایەتى و نیشتیمانى. بەبێ هیچ سانسۆرێك، هەموو گوتەكانى قسەكەر دەگوازرێتەوە، جا چ کاریگەریی هەیە ئەوە کەس حیساب بۆ ئەمە ناکات.

ئەم دۆخەى بابەتى ڕۆژ زیانێكى زۆرى گەیاندووە و یەكێكە لە هۆكارەكانى بەرەوپێشنەچوون. نەبوونى قسەى جدى لەسەر كێشە هەنووكەییەكان و نەبوونى پلان بۆ چارەسەركردنیان نەك هەر دەبێتە هۆكارى دووبارەبوونەوە، بەڵكو ڕێگا خۆشكەردەبن بۆ دروستبوونى كێشەى گەورەتر و بە ئاسایى بوونى ئەو كێشانە. بۆ نموونە، ڕۆژانە گوێبیست دەبین كە دەڵێن ئەو خەڵكە هەقیەتى پارەى بخورێت چونكە نەزانە. نەزانى خەڵك چۆن دەبێتە هۆى ڕەوایەتیدان بە كارى ناشەرعى؟ لە ڕاستیدا نەدانی مافی نەزان نەک هەر ناڕەوایە بەڵکو تاوانە.

بەهەرحاڵ، كەسانێك هەن كە سوود لەو فەوزایەى بابەتى ڕۆژ دەبینن و بۆیەش زیاتر برەوى پێدەدرێت، ئەو كەسانەش بەشێكیان بڕیار بەدەستن و ئەم بابەتە بۆ پەردەپۆشكردنى شكستەكانیان دەقۆزنەوە.

پێویستە كەسانى ئەكادیمى، توێژەران، ناوەندەكانى دروستكردنى بڕیار و خەمخۆران نەبنە سووتەمەنى بابەتى ڕۆژ و دواى فەوزا نەكەون. پێویستە چاوەڕوانبن و دواى فەوزا قسەى جدى بكەن بە ئاراستەى گەڕان بەدواى چارەسەر و بنبڕكردنى، یان بەلایەنى كەمەوە كەمكردنەوەى ڕووداوى ڕۆژ. لە ڕاستیشدا ئەمەیە كارى ئەو جۆرە كەسانە چونكە كۆمەڵگایەك لەژێر دەستى ئەوانە و بەرپرسن لە بەڕێوەبردنیان. پێویستە نەكەونە تەڵەى ئەوەى كە چەند قسەكەیان دەبیسترێت بە پێوەرى لایك و كۆمێنت! دەبێت خەمیان چاككردن و بەرەوپێشچوون بێت و قسە و نووسینیان بۆ كەسانى دیاریكراو بێت ئەگەرچى زۆربەى كاتیش گوێیان بۆ نەگیرێت. چارەسەر بەردەوامبوونە بە هیواى گەیشتنى پەیامەكان.

هۆكارەكانى بەلاڕێبردنى بابەتى ڕۆژ و بەڕێكردنى بەبێ هیچ هەڵوەستەیەكى جدى زۆرن. یەكێكیان بریتییە لە نەبوونى دامودەزگاى تۆكمە كە بەرپرسن لە لێكۆڵینەوە و بڕیاردان. پێویستە لە هەر ڕووداوێكى ڕۆژ كەسانى پسپۆڕ دوور لە میدیا و مووزایەدە ڕابسپێردرێن بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكان و دەرئەنجامەكان. دواتر، پێویستە ئەوانەى دروستكەرى بڕیارن بەزووترین كات كار لەسەر ڕاپۆرتەكان بكەن و بۆ ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەى هەمان ڕووداو، یان بەلایەنى كەمەوە هەوڵبدرێت ڕووداوى داهاتوو زیانى كەمبكرێتەوە. جگە لەوە، میدیا و میدیاكاران هۆشیار بكرێنەوە و ڕێساى پێویست دابنرێت بۆ ئەوەى كارى ئەوان ببێت بە گەیاندنى زانیارى و ئاگاداركردنەوە نەك وەكو لاپەڕەیەكى سۆشیال میدیا كار بكەن كە هەموو ئامانجیان قازانج بێت، جا قازانجى مادى یان ناوبانگ.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO