نووسەر و لێکۆڵەری کوردی ڕۆژئاوای کوردستان، دکتۆر محەمەد عەبدو عەلی، کە خاوەنی چەندین کتێب و لێکۆڵینەوەی زمانەوانی و مێژووییە سەبارەت بە کورد، کتێبێکی عەلامەی شاری حەلەب، محەمەد خەیرەدین ئەسەدی، ئامادە کردۆتەوە کە لە ژێر ناوی “الکرد في موسوعة حلب المقارنة للاسدي، لە عەفرین 2014 چاپکراوە.
لەو کتێبەدا چاوم بە ڕستەیەکی عەرەبی کەوت کە لە شێوەی پەندی پێشینانە، سەرنجی زۆر ڕاکێشام ئەویش “کني عم تستکردني”، واتە: دەڵێی بە کوردم دەکەی یان بە کوردم دەچوێنی، یان دەبینی! هەڵبەتە نووسەر بەکورتی باس لەو پەندە دەکات و مەرامی پشت بەکارهێنانی شی دەکاتەوە. کە لە ڕاستیدا خۆی بۆ سادەیی و خۆشباوەڕی کورد بەکارهێنراوە، بەڵام ئەمڕۆ عەرەب وەکو تانەیەك بۆ مەرامی بە گێل نیشاندانی کورد بەکاری دەهێنێت. هەر لەو کتێبەشدا وا باسکراوە کە ئەم پەندە لای میسرییەکانیش بەکاردەهێنرێت.
هاوڕێیەکی میسریم هەیە ناوی “عادل” و کەسێکی زیتەڵ و خوێنەوارە. ڕۆژێك سەبارەت بەم پەندە لێم پرسی؟ لە وەڵامدا بە شەرمێکەوە گوتی: بەڵێ پەندێکی وامان هەیە ئەویش بە میسری “بتستکردني یا والد”، واتە کوڕە یان هەتیوە، بە کوردم دەکەی یان دەبینی! لێرەدا بۆ مەبەستێك بەکاردەهێنرێت کاتێك لە مامەڵەیەك یان سەودایەك یاخود ئاڵوگۆڕێکدا کەسێك بیەوێت کەسی بەرانبەر بخەڵەتێنێ، ئەویش بەم پەندە وەڵامی دەداتەوە لە جێی ئەوەی ڕێک و ڕەوان پێی بڵێت هەڵم دەخڵەتێنی یان بە گێلم دەزانی؟
جا پرسیارم لەو کوڕە میسرییە کرد کە سەرچاوەیەکی زمانەوانی میسریم نیشان بدات سەبارەت بە مێژووی ئەو پەندە و ڕووداوی پشت ئەم پەندە داخۆ چییە. خۆشبەختانە ئەمەی بە باشی دەزانی، بەڵام بە بێناوهێنانی سەرچاوە. ئەو گوتی، واتە عادلی هاوڕێم، گوایە ئەم پەندە لە ڕێگەی عوسمانییەکانەوە گەیشتووەتە میسر. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لە کاتی خۆیدا عوسمانییەکان بە زۆری ئەم پەندەیان لە سەر زار بووە. ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ کوردەکان کە بە حیکایەتی ئایینپەروەری عوسمانییەکان هەڵخەڵەتاون و بەبێ هیچ ئیرادەیەکی بەرانگاربوونەوەی توند خۆیان ڕادەستی سیاسەت و داگیرکارییەکانی عوسمانییەکان کردووە. کورد بەبێ بەرانبەر وەفایان بۆ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی ئیسلامی خستۆتە سەروو هەموو بەرژەوەندییە سیاسی و نەتەوەییەکانی خۆیان. کە ئەمە تا ئەمڕۆش بۆ وەچەی عوسمانییەکان “ئەردۆگانییەکان” بەردەوامە بەبێ بەرانبەر هەم لە لایەن ئیسلامییەکانەوە هەمیش لە لایەن پارتییەکانەوە. وەفا بۆ ئەردۆگان گەیشتۆتە پلەی لێدان لە خود و بەرژەوەندی خود.
سەرسوڕمانی عوسمانییەکان لەوەی کە کورد یەکێ بووە لەو گەلە داگیرکراوانەی ئاسانتر لەوانی دیکە ملی بۆ داخوازی داگیرکەر دابێت، بە هۆکاری سۆزی ئایینداری بووە بە ئیلهامی داهێنانی ئەم پەندە لە سەر کورد.
گەر بە مێژوودا بڕێک زیاتر بکشێینەوە بۆ دواوە و بگەینە سەردەمی داگیرکاریی (فتوحاتی) ئیسلامی. ئەوا دەگەینە زۆر ئەنجامی سەیر لە بەئیسلامبوونی کورد بەو شێوە ترسناکە کە تا ئەمڕۆ درێژەی هەیە. چونکە ڕوو وەرگێڕانی کورد لە مێژوو و ئایین و کولتور و جەژن، هتد، زۆر جیاوازە لە فارس و تورک و قیبتییەکان و میللەتانی تری غەیرە عەرەبی بەئیسلامبوو. ڕاستە و بەڵگەنەویستە کە کورد و سەرجەمی ئەم گەلانە لە خۆڕا و بە ویستی خۆیان نەبوون بە ئیسلام. بگرە لە ئەنجامی شەڕوشۆڕ و ماڵوێرانیدا ملیان بۆ ئیسلام داوە. بەڵام دەرئەنجام نە تورک و نە فارس و نە ئاشورییەکانی شام و نە قیبتییەکانی میسریش، لە پاش بەئیسلامبوونیان دەستییان لە شانازییە نەتەوەیی و مێژوویی و کلتوری و ئاسەوارە مێژوویی و پێداچوونەوە بە باوەڕە کۆنە ئایینییەکانی خۆیان هەڵنەگرتووە و پاراستوویانن و تا ئەمڕۆش دەیانووسنەوە و پشتڕاستیان دەکەنەوە و ئاهەنگیان بۆ دەگێڕن. لەمەش دوورتر، بگرە ئیسلامیان بۆ مەرامە نەتەوەییەکانی خۆیان زۆر بە باشی بەکارخستووە. ئەوەی کە لە شانازییە نەتەوەیی و مێژووییەکانی خۆی لایداوە تەنها گەلی کورد بووە. کورد هەموو ئەوانەی کردووە بە قوربانی سۆزی ئایینی و دەروێشانە کاری بۆ هەر لایەنێکی ئیسلامی دەرەکی کردووە.
گەر سەیری فارسەکان بکەین لەگەڵ بەئیسلامبوونیشیان و بوون بە جەمسەرێکی بەهێزی شیعە لە جیهاندا، هیچ پاشماوەیەکی کلتور و ئایینی دێرین و مێژووی خۆیان فەرامۆش نەکردووە. ئەوان لە ساخکردنەوە و لێکۆڵینەوە لە زەردەشت و ئاهەنگێڕانی نەورۆز و مەراسیم و دابونەریتە زەردەشتییەکان نەکەوتوون. تورکەکانیش ئەگەر چی وەکو جەمسەرێکی بەهێزی ئیسلامی سوننی دێنە بەرچاو، بەڵام تا ئەمڕۆش شانازی بە باوباپیرە تەتەر و مەگۆلەکانی خۆیانەوە دەکەن و گورگەبۆریان دەکەنە ڕێکخراوی ڕەگەزپەرستی و هەر بە پەنجەی شایەتمانی سەلەفییەکانیان ئاماژە بۆ سەری گورگەبۆری باپیرانیان دەکەن. سوارچاکی و ئازایەتییان بە شانازی دەبینن و کاولکارییەکانیشیان بە شەرم و نەنگی نازانن. ئەوان تا ئەمڕۆ هەڵگر و پارێزەری گەلێ دابونەریتی بۆماوەی ئەو میللەت و تیرە و تایەفانەن.
گەر تەماشای ئیسلامییە میسرییەکانی ئەمڕۆ بکەین نە پەیکەر و پاشماوەی فیرعەونییەکان بە بت دەزانن و نە گۆڕ و هەرەمەکانیش بە بیدعە و کوفر دەبینن. بگرە دەمی هەر میسرییەک بکەیتەوە دەڵێت ئێمە لە فیرعەونەکانەوە بەر لە هەر میللەتێکی دیکە فێری کشتوکاڵ و دەرمانسازی و فەلەکناسی بووین، کە ئیسلام هات هەبووین و بووین بە خاڵی بەهێزیش بۆ ئیسلام. ئەوان سەدان پەیمانگا و زانکۆیان بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاسەواری فیرعەونەکان و خوێندنەوەی جفرەکانیان دامەزراندووە.
بە کوردی، هەموو ئەو میللەتە بەئیسلامبووانە ئەگەر لە موسڵمانیدا عەیار بیست و یەک بن، ئەوا لە مێژوو و نیشتیمانپەروەریدا عەیارە بیست و چوارن.
بەڵام ئەم دۆخە لای کورد جیاوازە و ئەمڕۆ هەر لە دەمی ئیسلامییە کوردەکانەوە خەڵکێکی زۆر کە تەنانەت قەڵەم بە دەست و خوێنەواریشن، فێری تانەی کەمەرشکێن بوون لە مێژوو و کلتور و پاشماوە و میراتە نەتەوەییەکانی خۆیان. دەبێت چ کێشەیەکی تێدا بێت تۆ دەیان ناوەندی لێکۆڵینەوەت هەبێت لە بارەی ئایینی زەردەشتییەوە جا با موسڵمانیش بیت؟
دەبێت بە خیانەت ناساندن و بێڕێزی کردن بە نەورۆز لە خزمەتی کێدا بێت؟ کورد لە پاش داگیرکاریی و بەموسڵمانبوونی چی بۆ پاراستن و نووسینەوەی مێژووی خۆی کردووە؟ چەندین عەلامەی کورد لە مێژووی ئیسلامدا هەڵکەوتوون چەند کتێب لە کتێبەکانیان یان چەند دێڕیان بۆ مێژوو و کلتوری خۆیان نووسیوە؟ ئەو هەموو خزمەتەی سەلاحەدینی ئەیوبی بە ئیسلامی گەیاندووە و چی خێرێکی بۆ کورد تێدا بووە؟
هەتا ئێرە ئەوەی کورد بۆ هێزی بێگانەی موسڵمانان کردوویانە سادەیی و دڵسافی و خۆشباوەڕی و دڵسۆزی بووە بۆ ئایین. لەولاشەوە عەرەب و فارس و تورکیش بناغەی ئیمپراتۆر و شاهانشایەتی و خیلافەتیان لە سەر پشتی ئیسلام بنیات ناوە.
جێگەی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بەو نامەیەی ئەتاتورک بۆ شێخ مەحموود بدەین کە لەم ماوەیەدا بڵاوکرایەوە. کە باس لە داواکاری ئەتاتورک دەکات لە شێخ بەوەی کە باوەڕ بە بەڵێنی ئینگلیز نەکات و پشتی برای موسڵمانی خۆی بگرێت دژی ئەرمەنییەکان و زۆری دیکەی دەغدەغەدانی لایەنی ئایینی و نیشتیمانپەروەری شێخ مەحمودی تێدایە. ئەگەر ئەمە ساغ بێتەوە و شێخ مەحمود ئەو دەرفەتەی بەدەوڵەتکردنی کوردی لە لایەنی ئینگلیزەوە بە قسەی ئەتاتورک لە دەست دابێت، دەبێت چەند جاری دیکەش ڕاستی سەرچاوەی ئەو دەستەواژەی “تستکردني”، گێلی یان خۆشباوەڕی کورد بسەلمێنێت؟ لە کاتێکدا لە بەهێزبوونی ئەتاتورکەوە تا ئەردۆگان چی پەتپەتی هەیە بە سەر کورددا نەهێنرا بێت؟
ئەگەر کورد کەمێک ڕێزی لە خۆی و مێژوو و کلتوری خۆی بگرتایە، هەرگیز خزمەتکردنی داگیرکەری لە ژێر هیچ بیانوویەکی ئایینی نەدەکرد بە پیشەی هەمیشەیی تا ئەمڕۆش. کورد بە خۆی بزانێت یاخود نا، ئەوا پاڵپشتی ئەردۆگان و نیەتە خراپەکانی بەرانبەر بە کورد و هاوردەکردنی بیری سەلەفی قەتەر و خەلیجی بۆ نێو دۆڵ و چیاکانی کوردستان چی تر ناچێتە خانەی گێلێتییەوە بگرە دەبنە خیانەتی ڕوون و ئاشکرا لە وڵات و خاک و نیشتیمان، چونکە مێژوو بۆی سەلماندووین نە بە نزیکبوونەوە لە فارسی شیعی، نە لە تورکی سوننی، نە لە عەرەبی سەلەفی، نابینە خاوەنی هیچی خۆمان. جا بۆ گلەیی لە عەرەب بکەین کاتێ بڵێن تستکردني!



