سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

زمانی بیرکردنەوە

مرۆڤ لە ساڵانی یەکەمی تەمەنی بە زمانی دایکی بیردەکاتەوە. لێرە مەبەست لە زمانی دایک زمانی نەتەوە و زمانی ئەو دەوروبەرەیە کە منداڵ تێیدا گەورە دەبێت. بەردەوامبوونی بیرکردنەوە بەو زمانە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر داهێنان و نووسین و دەربڕین بەو زمانە کە هەم کاری کەسەکە ئاسان دەکات و هەم دەبێتە هۆی پێشکەوتنی زیاتری زمانەکە و ئاسانکردنی کاری بەکارهێنەرانی زمانەکە لە دواڕۆژ.

لە ڕاستیدا هیچ گەرەنتییەک نییە کە کەسەکان لە  بیرکردنەوە بە زمانی دایک بەردەوام بن. لە سەردەمی پێش تەکنەلۆجیای زانیاری قوتابخانە ڕێگەیەکی کاریگەر بوو بۆ گۆڕینی زمانی بیرکردنەوە. هەر کاتەک زمانی خوێندن جیاواز بوو لە زمانی دایک ئەوا زمانی خوێندن بە ئاسانی دەتوانێت جێ بە زمانی دایک لەق بکات. لەبەر ئەوەی کەسەک زانستە جیاجیاکان بە زمانە نوێیەکە فێر دەبوو و هەروەها کاتێکی زیاتر لە قوتابخانە و لەگەڵ کتێبەکانی قوتابخانە بەسەردەبرد بۆیە ئاسایی دەبێت کە بیرکردنەوەشی هەر بەو زمانە بێت.

لە سەردەمی تەکنەلۆجیای زانیاری ئەو زمانانەی کە دەتوانن زۆرترین بەرهەم بخەنە سەر ئینتەرنێت، بۆ نموونە ئینگلیزی و عەرەبی، وەک زمانی زیندوو دەمێننەوە. زیادبوونی ڕۆلی تەکنەلۆجیای زانیاری و سۆشیال میدیا لە ژیانی ڕۆژانە هەموو زمانەکانی دونیا دەخاتە دووڕیانی مانەوە یان لەناوچوون.

لە دواجار مانەوە بۆ ئەو زمانە دەبێت کە زمانی دایک بە زمانی خوێندن و زمانی ئینتەرنێت بەیەکەوە گرێ دەدات. هەڵبەتە ئەم دەرفەتە تەنها بۆ چەند زمانێکی کەم ڕێک دەکەوێت.

داگیرکەرانی کوردستان سوودی زۆریان لە قوتابخانە وەرگرتووە بۆ زاڵکردنی زمانی نەتەوەی خۆیان و پەراوێزخستنی زمانی کوردی. ئەوەی لەو پەراوێزخستنە ڕزگاری بوو تەنها کوردانی باشوور بوون لەگەڵ کوردانی ڕۆژاڤای کوردستان.

لە دوای ڕاپەڕین و بۆ شکستهێنان بە دەستکەوتەکانی، داگیرکەران و نەیارانی کورد هەر ڕێگەیەک بە خەیاڵیاندا هاتبێت گرتویانەتە بەر بۆ لەناوبردن و لاوازکردنی زمانی کوردی.

لەبەر ئەوەی لە باشوری کوردستان، پێش ڕاپەڕینیش زمانی کوردی، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک، زمانی خوێندن و پەروەردە بوو، بۆیە گۆڕینی زمانی خوێندن بۆ زمانی عەرەبی کارەکی ئاسان نەبوو. لەبەرئەوە هێنانی زمانی ئینگلیزی، بە ئاگاییەوە بێت یان بێئاگایی، هەنگاوێک بوو بۆ لەناوبردنی زمانی کوردی لە باشوور. بۆ ئەو مەبەستەش پێویست بوو لە سەرەتا زمانی کوردی سووک بکرێت. واتە وای لێ بکەن لە هیچ شوێنێک جێگەی نەبێتەوە. لەهەمان کاتیش، پێگەی زمانی ئینگلیزی بەرزبکرێتەوە. بەمەش زۆر بە ئاسانی وا لە خەڵکی کوردستان کرا کە منداڵەکانیان بنێرن بۆ خوێندنی ئینگلیزی بۆ بەدەستهێنانی “دواڕۆژەکی باشتر”، بە قسەی هەندێک کەس. بەم پێیە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە گوایە ئەوەی ئینگلیزی لە سەرەتایی و ئامادەیی نەخوێنێت دواتر لە زانکۆ فێری نابێت و سەرکەوتوو نابێت.

ئەم قسەیە هیچ بنەمایەکی نە زانستی نە ئەزموونیی پشتڕاستی ناکاتەوە. من بە خۆم هەموو هاوپۆلەکانم لە کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی سەلاحەدین دەرچووی خوێندنی کوردی یان عەرەبی بووین. ئێمە کە هاتین بۆ زانکۆ لە “هەلۆ زەکی” (hello Zaki) زیاتر شتێکی دیکەمان لە ئینگلیزی نەدەزانی، کەچی هەموومان زۆر سەرکەوتووانە زانکۆمان بە زمانی ئینگلیزی تەواو کرد، زۆریشمان ئێستا خەریکی کاری پزیشکیی و توێژینەوەین لە سەر ئاستی جیهاندا.

کردنەوەی چەندین قوتابخانە و باخچەی ساواییان کە زمانی ئینگلیزی زمانی فێرکردنە تێیاندا لە ڕاستیدا لە پیلانەکی دوژمناکارانە زیاتر هیچ پاساوێکی نییە. هەڵبەتە ئێمە لارییمان لە فێربوونی زمان نییە، بەڵام فێربوونی زمان لەگەڵ کردنی زمانێک بە زمانی فێربوون و فێرکاریی و دواجاریش بە زمانی گفتوگۆ و پەیوەندی ئەوە دوو شتی لێک جیان

ئێمە پێمان وایە کارێکی لەو شێوەیە دەبێت هەر ئێستا ڕابگیرێت. ئەگەرنا، لە دواڕۆژێکی نزیکدا نەوەیەک دروست دەبێت، تەواو نامۆ بە زمانی دایک و سەرلێشێواو لە کۆمەڵگە، کە هیچ سوودێکی نە بۆ خۆی نە بۆ نەتەوە و نیشتیمان و وڵاتەکەی نابێت.

پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە دەرچووانی قوتابخانەکی چەند هەزار کەسی دەبن بە چ لە دوارۆژدا. ژمارەیەکییان لەوانەیە بگەنە وڵاتانی ئینگلیزیزمان و ئەو کات چەند قۆناغەکی فێربوونی زمان بە ئاسانتر دەبڕن. ژمارەیەکیش لەوانەیە لە بوارە جیاجیاکانی ئینتەرنێت کار پەیدا بکەن و بتوانن سوود لە ئینگلیزیەکە وەربگڕن. هەموو ئەوانی تر هیچ سوودەکی بەرچاو لە ئینگلیزی نابینن. بۆ نموونە، دوکاندارێک، بازرگانێک، کارمەندێک، پۆلیسێک ئەندازیارێک، مامۆستایەک چ پێویستی هەیە زانستە جۆراوجۆرەکان بە ئینگلیزی بخوێنێت. ئێمە پێمان وایە کە لە جیاتی خوێندکار و فێرخواز بە ئینگلیزی بکرێت با زانست و مەعریفە بە کوردی بکرێن. بە ڕای ئێمە، وەزارەتی پەروردە هەڵەیەکی ستراتیجی دژ بە ئامانجەکانی نەتەوەی کوردستان دەکات کاتێک ڕێگە و مۆڵەت دەدات بەو قوتابخانانەی کە زمانی ئینگلیزی زمانی وانەگوتنەوە و فێرکاریی و گفتوگۆ و پەیوەندیانە. تا ئەو ڕادەی ئێمە ئاگادارین وەزیری ئێستای پەروەردە لە ماوەیەدا ڕێگر بوو لەوەی ئەو پیلانە ئەوەندەی دیکە تەشەنە بستێنێت. ئەم هەنگاوە بەرز ڕادەگرین و چاوەڕوانی  هەنگاوی زیاتری لێدەکەین بۆ قەدەغەکردنی خوێندن بە هەموو زمانە بێگانەکان.

لەم پێناوەشدا دەبێت نەک هەر خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی بکرێت بە کوردی بەڵکو دەبێت خوێندن و فێربوون و گفتوگۆ و پەیوەندی لە تەواوی زانکۆکانی هەرێم، لە بەشە مرۆییەکان و زانستییەکان، بکرێن بە کوردی. هاوکات ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا پڕ بکرێن لە بەرهەمی کوردی. زمانی کوردی کارمان ئاسانتر دەکات وفێربوون خێراتر دەکات و کەلتوری نەتەوەکەمان چاکتر و باشتر و دەوڵەمەندتر دەکات و زمانی دایک، زمانی کوردی دەپارێزیت و پێشی دەخات. لەوانەش گرنگتر تاوەکو منداڵی کورد کوردانە بیربکاتەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO