ئه‌قڵگه‌رایی له فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆژئاوادا ڕوانگه‌یه‌كه، یان تیۆر و میتۆدێكی تێڕوانینه، کە ئه‌قڵ به سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی و ئه‌زموونكردنی زانین (مەعریفە) داده‌نێت. ئه‌گه‌ر ئه‌قڵگه‌رایی ڕێباز بێت، ئه‌ی خودی ئه‌قڵ خۆی چییه و چ په‌یوه‌ندییه‌كی به ڕه‌فتار و كرداره‌كانی مرۆڤه‌وه هه‌یه؟
ئه‌قڵ كۆمه‌ڵێك توانایه، كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندییه، كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌ته په‌یوه‌ستن به ناسین و زانین و سه‌رلێده‌ركردن و یاده‌وه‌ری و بیركردنه‌وه و شاره‌زایی و خه‌یاڵ و وێناكردن، کە مرۆڤه ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی ده‌وروبه‌ریدا وه‌ریان ده‌گرێت و فێریان ده‌بێت. ئه‌گه‌رچی ئه‌قڵ له‌سه‌ره‌تادا وه‌كو نیشانه و سیما و ناسینه‌وه‌ی تاك به‌ده‌رده‌كه‌وێت به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌قڵ پێدراوێکی كۆمه‌ڵایه‌تییه، مرۆڤ نەک هەر له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگادا ئاقڵ نابێت، بەڵکو بە پێی جۆری کۆمەڵگاکانیش ئاستی ژیری و ئەقڵ و بیرکردنەوەی دەگۆڕێت. گەنجێکی لادێیی کە لە چوارچێوەی کۆمەڵگایەکی بچووک و سادە و پێکەوە پەیوەستی خزمایەتی و دابونەریتی تونددا گەورە ببێت و بە پڕۆسەکانی پەروەردە و پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی و مەدەنی و شارستانیدا تێنەپەڕێت، بێگومان سیماکانی ئەقڵگەرایی لە کار و کردەوە و ڕەفتار و بەرنامەڕێژیی ژیانیدا زۆر جیاواز دەبێت لە گەنجێکی شارنشینی کە لە چوارچێوەی کۆمەڵگایەکی گەورە و ئاڵۆز و ڕێکخراو لەسەر یاسای مەدەنی و پەروەردەی فەرمی پێگەیشتبێت.
ئه‌قڵ توانایه‌كی زگماكی نییه، به‌ڵكو ئاماده‌باشییه‌كی زگماكییه بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و توانایه، ئه‌ندامێك نییه له ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته و مرۆڤ له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونیدا نابێته خاوه‌نی ئه‌قڵ، به‌ڵكو خه‌سڵه‌تێكه له خه‌سڵه‌ته‌كانی مرۆڤ، وه‌كو بینین و بیستن و بۆنكردن. ئه‌گه‌رچی ئه‌مانه هه‌ستن به‌ڵام ئه‌قڵیش تایبه‌تمه‌ندییه‌كه و ورده ورده له ژیانی ڕۆژانه‌ی مرۆڤدا پێده‌گات. بۆ نموونه، بینین تایبه‌تمه‌ندییه، چاو ئه‌ندامی جه‌سته‌یه و ئه‌ركی بینینه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ی چاویان هه‌یه دیارده و بابه‌ت و ڕووداوه‌كانی ژینگه‌كه‌یان وه‌كو یه‌ك نابینن. هاوکات، بیستن تایبه‌تمه‌ندیه ،گوێ ئه‌ندامی جه‌سته‌یه و ئه‌ركی بیستنه، هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوێیان هه‌یه وه‌كو یه‌ك ده‌نگ و ناڵه و چریكه و ئازاره‌كانی ده‌وروبه‌ریان نابیستن. به هه‌مان شێوه بیركردنه‌وه‌ی ئه‌قڵانیش تایبه‌تمه‌ندییه‌كی مرۆڤه. مێشك ئه‌ندامی جه‌سته‌یه و ئه‌ركی بیركردنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی ئه‌قڵانییه به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ی مێشكیان هه‌یه وه‌كوو یه‌ك له هۆكاری ڕووداوه‌كان و هه‌قیقه‌تی پرسه‌كان و جه‌وهه‌ری مه‌سه‌له‌كان تێناگه‌ن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی مێشك له پۆلێنی ئاژه‌ڵاندا له هه‌موو بڕبڕه‌داره‌كانیشدا هه‌یه.
مێشك میكانیكی كار ناكات، به‌ڵكو كاركردنی مێشك په‌یوه‌ندی به ژینگه‌ی ده‌وروبه‌رو هه‌ڵو‌یست و چێژ‌و به‌رژه‌وه‌ندی و گۆرانكاریه ناوه‌كییه‌كانی خودی مرۆڤ خۆیه‌وه هه‌یه. لەبه‌ر ئه‌وه‌ی ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی مرۆڤه‌كان جیاوازن، بۆیه مرۆڤه‌كان وه‌كوو یه‌ك بیر ناكه‌نه‌وه و ئاستی بیركردنه‌وه و شیكردنه‌وه و تێگه‌یشتن و بڕیاردانیان له‌سه‌ر ڕووداوه‌كان وه‌كو یه‌ك نیه. مرۆڤ هه‌میشه ئه‌قڵانی بیر ناكاته‌وه و زۆرجار نایه‌وێت له هه‌قیقه‌تی دیارده‌كان بگات چونکە هەندێک جار هه‌قیقه‌ت ئازاری ده‌دات. به پێچه‌وانه‌وه تام و چێژ له خه‌یاڵ و خۆخه‌ڵه‌تاندن و به‌رده‌وامی تێگه‌یشتنه ئه‌فسانه‌ییه‌كانی ده‌بینێت. له شیكردنه‌وه‌یدا بۆ دیارده و ڕووداوه‌كان، مرۆڤ حه‌ز ده‌كات وه‌كوو ئه‌وه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت ڕوو بده‌ن، هه‌ر به‌و جۆره‌ش ڕاڤه و شرۆڤه‌یان ده‌كات كه شیكردنه‌وه‌یه‌كی نا ئه‌قڵانییه، به‌ڵام كاتێك پێچه‌وانه‌ی لێكدانه‌وه‌كانی ڕوو ده‌ده‌ن و به قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و نییه ئیتر به دووای پاساوی نا لۆجیكیدا ده‌گه‌ڕێت و زیاتر له بیركردنه‌وه‌ی ئه‌قڵانی دوور ده‌كه‌وێته‌وه.
هه‌موو جۆره‌كانی ڕه‌فتاری وه‌كوو توندڕه‌ویی و توندوتیژی و ده‌مارگیری و زێده‌ڕه‌وی له پیاهه‌ڵدان و به پیرۆزكردن و به دێوكردنی ئه‌وی دیکە و ڕه‌هایی له خۆپه‌سه‌ندی هتد، بریتین له دیوه نا ئه‌قڵانیه‌كانی ڕه‌فتار، له ئه‌نجامی بیركردنه‌وه‌ی نالۆجیكی و بابه‌تینه‌بوون، کە لایه‌نگیریی لێدەکەوێتەوە.
له سه‌ر ئاستی تاك هۆكاری بۆماوه‌یی كاریگه‌ری زۆری هه‌یه له‌سه‌ر دروستبوونی بیركردنه‌وه و ڕه‌فتاری نائه‌قڵانی. له‌م باره‌یەوه زاناكان چه‌ندین توێژینه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و منداڵانه كردووه كه جمكن، بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه هۆكاری بایۆلۆجی كاریگه‌ری له‌سه‌ر تێكچون و شڵه‌ژانی باری ده‌روونی هه‌یه و ئه‌مه‌ش سه‌رده‌كێشێت بۆ بیركردنه‌وه‌ی نائه‌قڵانی و دواتر ڕه‌فتاری نائه‌قڵانی.
جگه له هۆكاره بۆماوه‌ییه‌كان، له چوارچێوه‌ی ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا دابڕان و گۆشه‌گیری و تێكه‌ڵاو نه‌بوون به كۆمه‌ڵگا هۆكاری سه‌ره‌كی دروستبوونی ڕه‌فتاری نائه‌قڵانیه چونكه تاكی گۆشه‌گیر به هۆی دووره‌په‌رێزیی له خه‌ڵك لۆجیكی و نالۆجیكی بۆچوونه‌كانی بۆ ده‌رناكه‌وێت.
هۆكارێكی دیكه بڵاوبوونه‌وه‌ی دیماگۆجی هزریه، چه‌قبه‌ستوویی كۆمه‌ڵگا و ترسان له گۆڕانكاری و مانه‌وه له‌سه‌ر یه‌ك بیروباوه‌ڕ بۆ ماوه‌یه‌كی مێژوویی دوورودرێژ، کە نه‌وه‌كان ڕادێنێت له‌سه‌ر یه‌ك شێوازی بیركردنه‌وه و یه‌ك ڕاڤه‌كردنی ژیان و به‌هه‌قیقه‌تناسینی زانیاریه‌كانیان. نه‌زانینیش ده‌بێته سیمای سه‌ره‌كی كلتوری كۆمه‌ڵگا و تاكه‌كانیش له ناو ئه‌و كلتوره‌دا گه‌وره ده‌بن و پێده‌گه‌ن.
هه‌روه‌كو چۆن مرۆڤ ده‌توانێت به پرۆڤه و مه‌شق و ڕاهێنان توانا جه‌سته‌ییه‌كانی په‌ره پێ بدات و به‌هێزیان بكات، به هه‌مان شێوه مرۆڤ ده‌توانێت له ڕێگای وه‌رزشی مێشكه‌وه په‌ره به بیركردنه‌وه‌ی ئه‌قڵانی خۆی بدات، بۆ هه‌ر ڕوودا و دۆخ و دیارده‌یه‌ك به دوای هۆكار و ئه‌نجامه‌كاندا بگه‌ڕێت، ئه‌و یاسا و ڕیسایانه بدۆزێته‌وه كه كۆی پرۆسه‌كه به‌ڕێوه ده‌به‌ن.



