دوو جۆر میتۆد و بەرگری کوێرانە دەبینرێت لەم جەنگە تازەیەی ئیسڕائیل-فەلەستین، کە بێبەرامبەر و بەلاش و سایکۆلۆجیە و هیچ جۆرە قازانج و دەستکەوتێکی نەتەوەیی تێدا نییە بۆ کورد، کە خەسارەتمەند و خەوتووی ڕۆژگاریشە.
هەردووک، نمایشی ئایدۆلۆجیانە و خۆخاڵیکردنەوەیە. یەکەمیان پشتگیرییە لە گوتاری ئیسڕائیلی و میتۆدەکانی دەوڵەتی تەوراتی عیبریی، کە زیاتر مێژوویی و دیرۆکی و سۆزدارانەیە. لە ئێستادا گوتارێکی حیزبی و ناسیۆنالیستی شوانکارەییانە و تەقلیدییانەی کوردی ڕابەرایەتی هەمان تێز دەکات. ئەگەر لە ڕووی کۆمەڵناسی-سیاسییەوە سەیری بکەین گشت ئەو وابەستەی مێژووەکەیەتی، بەو مانایەی کورد یان خەوتووە یان بارمتەیە بەدەست کاراکتەرە بەهێزەکانەوە.
ساڵەهای ساڵە کورد دەیەوێت وەک ئیسڕائیل بێت و لاسایی بکاتەوە بەڵام پێناچێت بتوانێت، یان ناتوانێت. کورد دەیەوێت قوربانی بدات بۆ خۆی وەلێ بۆ خەڵکیتر ئەمە دەکات. لەم دەورانەدا، کورد دەبێتە ئەڤیندار و بەرگریکاری سەخت بۆ دۆزی ئەوای دیکە. کورد دەخوازێت یاخی بێت و ئاڵنگاریی بکات بەڵام ناتوانێت ئەوە بکات بەهۆی پەرتبوونییەوە. بەهەمانشێوە، دەیەوێت لێبوردەیی ئایینی بپارێزێت و خەبات بکات بۆ دەستخستنی سۆزی خەڵکانی سەر بە نەتەوە و ئایینەکانی دیکە ڕاکێشێت، وەک ئەرمەن و کریستیان و جوولەکەکان، بەڵام لەوەشدا سەرکەوتوو نەبووە. کورد جڤاک و ڕەگەز و زمان و کەلتوری ئەوانی دیکە دەپارێزێت کەچی ئەمەش سوودێکی ئەوتۆی نەبووە. هێشتا ناتوانێت بەدەنگی بەرز وەک جولەکەیەک هاواربکات و شەڕ بکات و بچێتە شەڕگە ڕاستەقینە و چارەنووسسازەکی سەربەخۆیی. هۆکارگەلێک هەیە بۆ ئەم پرسە سیاسی و سۆسیۆلۆجییە، لەوانە:
یەکەم، کورد لە دوای ڕێکەوتننامەی سایکس پیکۆ و لۆزان، لەسەر گوتاری سازش خۆی ڕاهێناوە و بە دەستکەوت و پۆستە کاتییەکانی دەوڵەتە داگیرکەر و بریکارەکانیان حەماس و ئینتیما و بەرگریی تەواو لاواز بووە.
دووەم، کورد هێشتان باوەڕی بە زەردەخەنە و زیهنیەتی ئایدۆلۆجیی دوژمنەکانی هەیە کە لە باوەشی بگرێت و هەندێک جاریش خزمەتی دەکات وەک بریکارێکی دڵسۆز.
سێیەم، کورد لە دروشمی سیاسی و حیزبیدا سەربەخۆخوازە، بەڵام لە جەوهەردا بڕیاری نەداوە سەربەخۆ بێت و وەک زیهنیەت و گوتاری نەتەوەیی ئامادەسازیی بۆ بکات و هەموو ئەو پەیوەندی و شادەمارانە، بپچڕێنێت کە خەونی دەوڵەتەکەی قوفڵ دەکات.
چوارەم، کورد ئێستاش نەیتوانیوە وەک فلادیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین و دەیان وڵات و هەرێمی دیکە ئیسڕائیل بخەینە ناو گوتاری فەرمیەوە چونکە ئۆفەری نەیارەکانمان هێشتا قبوڵە و سازشی بۆ دەکەین و بچووک بچووک وەستاوین بۆ موبارەکەیەکی ئەوان.
دووەم جۆر و گرووپ ئەوانەن کە پشتگیریی دینی و عەقیدەیی ئایینخوازەکانە. ئەمانەش خۆخاڵیکردنەوەیەکی دیکەیە کە خۆی لە ئەرکێکی دینیی و جیهادیی نەفسی بچووک دەبینێتەوە. ئەوانەش هەمدیسان شوێنکەوتنێکی بێمانا و هەرزانە بۆ خەڵک و نەتەوەی دیکە لەژێر ئەو دروشمە دینییەی کە دەڵێت: أفضل الجهاد كلمة عَدْلٍ عند سُلْطَانٍ جَائِر، واتە: چاكترین جیهاد وتنی كەلیمەی عەدلە لەلای دەسەڵاتدارێكی ستەمكار.
لەکاتێکدا هەموو سوڵتانەکانی دەوروبەری نیشتیمانی کوردان، بێجیاوازیی، ستەمکار و توند و دژە-کوردن و هەڵاوێردیان نییە بۆ باش و خراپ، کەچی هەندێک فۆرمە ئێرانییەکەی بە دڵە و یەکێکی دیکە تورکییەکەی، یەکێکی دیکە قاوەکەی شام و نەغمەکەی فەیروزیاتی بەیانیان.
کورد هەر خەریکی ئەم پشتگیریی و بەرگرییە بێزەنتی و بێمانایە بووە بۆ خەڵک. ڕاست و چەپ دابەش دەبێت بەسەر ئەو بلۆکانەدا و خۆشی هەزار برین ئەوەتا بەجەستەیەوە. هەندێک ئەسڵەن نازانن کرۆکی کێشەی عەرەب و جووەکان و فەلەستین و ئیسڕائیل چییە کەچی پشتگیریان دەکات و ئاهی بۆ هەڵدەکێشێ و بە جیهادی دەزانێت و بەرگری لەو فۆڕمە توندوتیژ و نامرۆییە دەکات دژی مرۆڤێکی ئایینجیاواز. وەک ناسیۆنالیزمی شوانکارە سەدەیەکە خەون بە گوتاری ئیسڕائیلیەکان و هێرتزل و بن گۆریۆن و شارۆن و مۆردخایەکانەوە دەبینێت و دواجار هیچیش لەو پشتگیرییە ڕۆمانسیە بەدی ناکات.
پرسیار ئەوەیە، تاکەی هیچ دەوڵەتێک نییە پشتی کورد بگرێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتۆچکەیەکی خۆی، مرۆڤ زۆر جار گومان بە دڵسۆزیی باوکە زایەندیەکەشی دەبات لە حاڵەتی تراجیدیای کوردبووندا.



