چۆن گەشەپێدان بۆ ئازادی، مافەکانی مرۆڤ، خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی ژیان دەستپێدەکات؟ ئایا گەشەپێدان و گەشەپێدانی ئابووری بابەتێکی زانستی و واقیعی تاک، کومەڵگە، نەتەوە و وڵاتانی جیهانە؟ ئایا گەشەپێدان ڕێگری لە کەوتن و شکستی نەتەوەکان دەکات؟ دەکرێت بپرسین، چ پەیوەندییەک لە نێوان پەروەردە و ڕۆشنبیری و گەشەپێداندا هەیە؟ ئایا گۆڕانکاری هزر و زیهنیەت هۆکاری سەرەکی گەشەپێدانە یاخود گەشەپێدان ڕۆشنبیری بەرهەمدێنێت؟ ئایا گەشەپێدان ڕەهەندێکە و تەنیا گەشەپێدانی ئابووری لە خۆ دەگرێت؟ یاخود گەشەپێدان گشتگیر و فرەبوارە (multidiscipline)، فرەپسپۆڕی و فرەڕەهەندە؟ ئەوەی لە مێژووی گەشەپێداندا بەپێی مێژووی شارستانییەتەکان و داتا و تیورییەکان سەلمێندراوە جیهانی گەشەکردووی ئێستا بەرهەمی گۆڕانکاری عەقڵیەت و گەشەپێدانی ڕۆشنبیری و ئابووری و ڕامیاری و جڤاکییە بۆ ئەوەی ئازادی، بژاردەکان، ژیانێکی ئاسوودە بۆ مرۆڤ و هاونیشتمانیان مسۆگەر بکرێت.
چەمکی گەشەپێدان پێناسەی جیاوازی هەڵدەگرێت و زیاتر لە دەیان پێناسەی بۆ کراوە. ئەوەی لێرەدا پێناسەی دەکەم دەرئەنجامی بیست ساڵ توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمییە لە بواری گەشەپێدان و گەشەپێدانی ئابووری. لەم ڕووەوە، گەشەپێدان (development)؛ گۆڕانکارییەکی هزری و زیهنیەتە (mindset )، کە تێیدا کۆی گشتی بیرکردنەوە و ڕەفتار و کرداری مرۆڤ و جڤاک گۆڕانکاری بەسەردێت و تەکنەلۆجیا دەگۆڕێت بۆ ئەوەی کۆی ڕێکخستن و پەیوەندییەکانی جڤاک نەشونما بکات، کۆمەڵگا بەدامەزراوەیی بکرێت. لە دەرئەنجامی کۆتایی ئەم پڕۆسەیەدا، خۆشگوزەرانی و ژیانێکی ئاسوودە مسۆگەر بکرێت. لەم دیدە زانستییەوە، گەشەپێدان گۆڕانکاری ڕیشەیی لە هزر و زیهنیەتی تاک و کۆمەڵە، لە هزرێکی کۆن و نەریتی و ئایینی بۆ زیهنیەتێکی زانستی بەمانا ئەکادیمییەکەی نە بە واتای حوجرەیی و تەقلیدییەکەی. ئەم ڕوانگەیە بەشێوەی دیرۆکی و زانستی سەلمێندراوە و جیاوازی نەتەوە و وڵاتانی جیهان بەپێی پێوەرەکانی گەشەپێدان دەستنیشان دەکات. بۆ نموونە، وڵاتێکی وەکوووەکوو ئەمریکا و هەرێمێکی وەکوووەکوو کوردستان بەپێی زیاتر لە ٣٠٠ پێوەری گەشەپێدان دەتوانین بەراوردیان بکەین. ئەگەر بەراوردێک بکەین لە ئەنجامدابۆمان دەردەکەوێت کە هەرێمی کوردستان و عێراق گەشەنەکردوون ولەنێو نەریت و کۆنخوازیدا چەقیان بەستووە.
گەشەپێدان لە بنەڕەتدا گۆڕانکاری لە هزر و بیرکردنەوە و ڕەفتارە بە جۆرێک مرۆڤ توانا و بەهرەکانی دەخاتە گەڕ و خاوەن ئیرادە دەبێت بۆ ئەوەی لە ژیان و پیشەکەیدا داهێنان بکات و بتوانێت پێداویستی و پێویستییەکانی خۆی دابین بکات و کەسایەتی ڕۆشنبیر و سەربەخۆ بێت و ترسی لە گۆڕان لە ژیان و گوزەرانیدا نەبێت، چونکە گۆڕان و دینامیکی بوون جەوهەر و ڕەگی گەشەپێدانی بەردەوام و پێشکەوتنی مرۆڤ و جڤاکە. لە ڕاستیدا، قۆناخەکانی ژیانی مرۆڤایەتی بە گۆڕانکاری لە هزر و جیهانبینی دروست بووە و لەم سەردەمەی زیرەکی دەستکرد (AI) و ئابووری دیجیتاڵیش بەردەوام دەبێت.
کۆمەڵگای پێشکەوتوو و گەشەپێدراو پەیوەندییەکی تۆکمە و دوولایەنەیان پێکەوە هەیە.ئەو تاک و جڤاکەی کە گۆڕانکاری وەکوو بەشێک لە ژیان و بیرکردنەوە و ڕەفتار نەزانێت لە ژێر کاریگەریی و گۆڕانکاریی جیهانیدا، ئابووری و گۆڕەپانی سیاسەت و کایە جیهانییەکان دەدۆڕێنێت. کەواتە گەشەپێدان چەمک و بنەمایەکی واقیعی و مێژووییە. واقعییە بۆ ئەوەی پێوەر و داتاکانی وڵات و هەرێمەکانی جیهانی پێ بەراورد دەکرێن . داتا و پێوەرەکان پیشان دەدەن کام وڵات و نەتەوە گەشەکردووە و کامیان دواکەتووە . هەروەها لە ڕووی مێژووییەوە هەڵکشان و داکشانی جیهان دەبینرێت و شکست و سەرکەوتنی نەتەوەکان دەستنیشان دەکات. یونان شکست دەهێنیت و نەرویج گەشە دەکات، کۆریای باشوور سەردەکەوێت و کوریای باکوور دوادەکەوێت. هەرێمی کوردستان گەشەنەکردووە وهەرێمی تایوان پێشکەوتووە.
جڤاکی گەشەپێدراو، جڤاکێکە کە ئازادی و بژاردەی خەڵک زیاتر و بەرفراوانتر دەکات. لەم ڕەهەندەوە، نەتەوە و وڵاتانی گەشەسەندوو تایبەتمەندیی خۆیان هەیە. ئەوەی سەلمێندراوە، لە بواری مێژووی و پێوەرەکانەوە وڵاتی گەشەسەندوو پەیوەندی بە هێزی سەربازی و جوگرافیای ستراتیژی، هەبوونی ئوقیانووس و سامانی سروشتی نەبووە و نییە. بۆ نموونە، سۆماڵ لە سەر دەریا و ئۆقیانووسە و جوگرافیایەکی گرنگی داگرتووە کەچی گەشەسەندوو نییە ولە ڕووی هەژاری و گەندەڵی و برسیەتی یەکەمی جیهانە، لە کاتێکدا سویسرا ونەمسا و هەنگاریا دەشت وشاخاوین و داخراون بەسەر دەریادا کەچی گەشەسەندوون وپێشکەوتووی پیشەسازین.
کەواتە چ شتێک گەشەپێدان گەشەپێدانی ئابووری دەخۆڵقێنێت و ژیان وئازادی و گوزەرانی ماددی و مەعنەوی مرۆڤ مسۆگەر دەکات؟ لێرەدا مەعنەوەی بە واتا ئایینیەکە نییە، مەعنەویە بە واتای پێداویستی ڕۆحی و سایکۆلۆژی مرۆڤ و جڤاک. ئەوەی ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، ڕۆشنبیری زانستی وهزری و عەقڵانی و زیهنیەتی دوور لە خورافە و ئایین، توانیویەتی گەشەپێدان بخوڵقێنێت. لە ڕاستیدا، گەشەپێدان ،میوە و بەرهەمی گۆڕانکاری هزر و ڕۆشنبیرییە کە لە پرۆسەیەکدا دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی جڤاک دەگۆڕێت بۆ ئەوەی سەرمایەی مرۆڤی و سروشتی تاک و کۆمەڵ توانای فیکری و ماددی خۆیان بە کارامەیی لە چالاکییە دینامیکیەکانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی تەرخان بکەن و بەرهەمی جڤاک زیاد بکەن. دەرئەنجامی ئەم گۆڕانکاری و گەشەپێدانە ئەوەیە دامەزراوە سیاسی و ڕۆشنبیری و ئابوورییەکان بە سیستەمی دەبن و ژیانی ماددی و واتایی مرۆڤ و مرۆڤەکان بەپێی بنەما گەردوونییەکانی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان مسۆگەر دەبێت.
بۆ گەیشتن بەو ئاستەی لە گەشەپێدان، پێویستی بە تاک و کۆمەڵ هەیە کە عەقڵیەت و هزری خۆیان بگۆڕن بۆ ئەوەی شێوازی ژیانیان بگۆڕن. هزری نەریتی و کۆن وەلاوە بنێن و بە شێوەی واقعیی و ژیرانە و زانستی بۆ بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری کارا بن. من ناوی لێ دەنێم مرۆڤی گەشەکردوو، یان تاکی نوێ .ئەو مرۆڤە گەشەکردووەی کە زانست و ژیری بە بنەما دەگرێت، فکری ئازادە، لیبراڵ دیمۆکراتە، خاوەنی شارەزایی و توانای تەکنیکیە و داهێنان دەکات. بەرهەمی ئەم تاکانە کۆمەڵگایەکی گەشەکردووە. بەڵام چۆن و بە چ پڕۆسەیەک گۆڕانکاری زیهنیەت و هزر دروست دەبێت؟
گۆڕانکاری زیهنیەت و بیرکردنەوە یەکێک لە گرنگترین جیاوازییەکانی نێوان مرۆڤ و زیندەوەرەکانی دیکەی گۆی زەوییە. لە ڕاستیدا هەر جۆرە گۆڕانکاری لە عەقڵیەت و بیرکردنەوەی تاکەکان، نەتەوەکان و وڵاتانی جیهان پۆلین دەکات بۆ گەشەسەندوو و پێشنەکەوتوو. گۆڕانکاری هزر و بیرکردنەوە لە سێ بواری مرۆڤناسی، جیهانناسی و جیهانبینی، تەکنەلۆجیا پێکدێت کە بنەماکانی گەشەپێدانە.
یەکەم، ناسینی مرۆڤ و پێداویستی مرۆڤ و شوناسی مرۆڤ. تاکی گەشەسەندوو، مافە ئابووری و سیاسی و سایکۆلوجی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی و کۆمەڵگا دەزانێت و پلانی بۆ هەیە. هەروەها ئازادی مرۆڤەکان، یەکسانی مافەکانی نێر و مێ بنەمای تێگەیشتنی قووڵ لە پەیوەندی مرۆڤەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانە. تاکی گەشەسەندوو سیستەمی بیر دەکاتەوە ((systems thinking.
دووەم، گۆڕانکاری لە جیهانبینی و ناسینی جیهانی تاک و کۆمەڵگا ئەو دەرفەتە دەدات کە تاکەکان و جڤاک پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتر و نەتەوەکانی دیکە ڕێکبخەن و بەرژەوەندی خۆیان بزانن و بیپارێزن و ڕێز لە کەسانی دیکە بگرن و فرەڕەنگی بە هەل بزانن نەک مەترسی. هەروەها ژینگەپارێزیی بە بنەما دەزانێت و خۆی بەشێک لە ئیکۆسیستەم دەزانێت، ئەمە جیهانبینی گەشەپێدان و نوێیە.
سێیەم، گۆڕانکاری لە تەکنەلۆجیا و تێگەیشتن و شارەزایی لە تەکنەلۆجیا هۆکاری سەرەکی بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگۆزاری نوێیە. لە جیهانی پڕ لە ڕکابەری و کێبڕکێی سەردەمی نوێدا چۆنیەتی و چەندایەتی بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری واتای شارستانیەتی نوێیە. تەکنەلۆجیا بریتییە لە زانیاری تەکنیکی و سۆفتوەیە (software) و مەکینات و ئامێرەکانی هاردوەیە (hardware). ئەگەر بیرمان بگۆڕێت بۆ تەکنەلۆجیا، ئەوە پیشەسازی کۆن دەگۆڕین بۆ پیشەسازی پێشکەوتوو و تەکنەلۆجیای نوێ. بۆ نموونە، تەکنەلۆجیای کڵاش دەگۆڕین بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر و باشتر و فراوانتر. کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە کوردستاندا شێوەی نەریتی و گەشەنەسەندووی گوندنشینی دەگۆڕێت بۆگەشپێدانی تەکنەلۆجیای کشتوکاڵی. لەم ڕوانگەوە گوند واتای نامێنیت. لە بواری بەرگریدا فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتوو دەبێت زیرەکی دەستکرد (AI) بزانێت. ماموستای زانکۆ و بزنس دەبێت زیرەکی دەستکرد بزانن.
بۆ گەشەپێدان و گۆڕانکاری لەو سێ بوارەدا پێویست دەکات سیستەمی پەروەردەمان بگۆڕێت، ژنان و دایکان بیر و هزریان بگۆڕێت. لەلایەکی دیکەوە خەڵک یان حکومەت، بە مەرجێک حکومەتێکی نیشتیمانی و سیستەمی بێت نەک حیزبی، ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان ٢٤ کاتژمێر بێت و یاساکان ڕێکبخات. هەروەها هەلی دادوەرانە و دادگەری فەراهەم بکات بۆ داهێنان و هەلی یەکسان بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بەربەست لە بەردەم خۆیاندا نەبینن بۆ گەیشتن بە ئامانج و خەونەکانیان. لە ڕووی ئابوورییەوە کەڵەکەکردنی سەرمایە و پاشەکەوت و وەبەرهێنان هۆکاری گەشەپێدانی ئابوورییە. بەڵام بە مەرجێک ئازادی بزنس و هەلی یەکسانی بزنس فەراهەم بێت و دەستێوەردانی حیزبی لە ئابووریدا نەبێت.
ئەم هۆکارانەی گەشەپێدان لە پڕۆسەیەکی ڕێکوپێک پێوسیتە هەماهەنگی و هارمۆنی لە نێوانیاندا هەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدان کە بریتییە لە ئاسوودەیی و ئازادی و خۆشگوزەرانی و شادی و و دادگەریی . لەم ڕوانگەیەوە، دەتوانین گەشەپێدان بە دارێک وێنا بکەین کە ڕەگەکەی، ڕۆشنبیری و زیهنیەت و هزرە و لق و گەڵاکانیشی سیستەمی سیاسی و یاسایە. بەرهەم و میوەکانیشی بریتیین لە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بۆ دابینکردنی خواست و پێداویستی تاک و کۆمەڵگا بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی ماددی و مەعنەوەی مرۆڤ وهاووڵاتیان گەرەنتی بکرێت

لە وتاری داهاتووەدا، شرۆڤەیەک بۆ گەشەپێدان و گەشەپێدانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان دەکەم. وەک دەزانین هەرێمی کوردستان وەکوو ناوچەیەکی جیوستراتیجی وجیوپۆلەتیکی گرینگ لە ڕۆژەهەڵاتی ناڤین هەڵکەتووە، بەڵام لە ڕووی گەشەپێدانەوە پڕە لە کەڵەکەبوونی قەیران و کێشە و گرفتی سیاسی و ئابووری و جڤاکی. مرۆڤی گەشەکردوو لەم سێ بوارەدا ئاستی هۆشیاری و تێگەیشتنی بەرز دەبێتەوە بۆ خۆی و کۆمەڵگا و ژینگە و گەشەپێدانی بەردەوام ڕوودەدات.
سەرچاوەکان
موسا محەمەد توفێق، ئابوور کوردستان لە نەریتخوازی بۆ گەشەپێدانی سەردەمیانە، ٢٠١٢،چاپخانەی شەهاب، هەولێر.
Tawfeeq, M., & D’Souza, G. Productivity of Industrial Capital and Labor, Kurdistan Region, Iraq (1995-2008).
Acemoglu, D. (2015). Why nations fail?. The Pakistan Development Review, 54(4), 301-31.
Pye, L. W., & Verba, S. (2015). Political culture and political development. Princeton University Press.
Sen, A. (2000). Development as freedom. Development in Practice-Oxford-, 10(2), 258-258.