سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ڕۆڵی موسادی ئیسرائیلی لە گرتنی ئۆ/جەلاندا

لەم ڕۆژانەدا و لە گەرمەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، پرسی ڕۆڵی موساد لە گرتنی ئۆ/جەلاندا خەریکە ببێتەوە باسی ڕۆژەڤ. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا موساد هیچ ڕۆڵێکی هەبووە لە گرتنی ئۆ/جەلاندا؟

بەگوێرەی بەرپرسە باڵاکانی پەکە/کە، بەڵی، ئیسرائیل ڕۆڵی هەبووە لە گرتنی ئۆ/جەلاندا. بۆ نموونە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا، کە لە ٢٠١٧ ئەنجام دراوە، مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی ڕێبەری ئەو حیزبە، تەئکید لە بەشداری موساد لەو پیلانە نێودەوڵەتییە دەکات، کە بەگرتنی ئۆ/جەلان کۆتایی هات. پرسیارێکی دیکە ئەوەیە، داخۆ بۆچی ئیسرائیل لەو پیلانە نێودەوڵەتییە تێوە گلاوە؟

بەشێک لە وەڵامی ئەو پرسیارە لە هەمان دیداری قەرەسوو دەردەکەوێت کە لەگەڵ یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا ئەنجامی داوە. ئەو دەڵێت هەر لە سەرەتای دامەزراندییەوە، پەکە/کە دژایەتی ئیسرائیلی کردووە و هەر لە دامەزراندنیشییەوە پە/کەکە شان بەشانی فەلەستینییەکان دژی ئیسرائیل جەنگاوە.

یەکەم جەنگی مەیدانیی پە/کەکە

لە ئەدەبیاتی پەکە/کەدا، ئەو تەڤگەرە یەکەم فیشەکی لە ١٥ی تەباخ (ئاب)ی ١٩٨٤ لەلایەن مەعسوم گۆرکماز ناسراو بە فەرماندە عەگیدەوە تەقاند. پەکە/کە لە فەرهەنگی سیاسیی خۆیدا ئەمە وەک “فیشەکی یەکەم” و دەستپێکی خەباتی چەکداری ئەو تەڤگەرە ناساندووە. ئەگەر ئەمە یەکەم فیشەکی تەڤگەر بێت کە لەسەر خاکی کوردستان و بەڕووی داگیرکەری تورکیدا تەقێنرا بێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە یەکەم فیشەکی ئەو تەڤگەرە نییە.

لە ڕاستیدا یەکەم جەنگ و یەکەم تەقەی پەکە/کە و یەکەم پۆلی شەهیدی ئەم حیزبە لە باکووری کوردستان و لە دژی داگیرکەری تورکی نەبوو، بەڵکو لە دژی ئیسرائیل بوو، یەکەم پۆلە شەهیدی پەکەکەش لەسەر دەستی سوپای ئیسرائیل بوو. ئەم شەڕە لە لوبنان و بەدیاریکراویش لە قەڵای شەقیف ئارنوونی بیقاع و لە حوزەیرانی ١٩٨٢ دا ڕوویداوە. بەگوێرەی دیدارەکەی قەرەسوو لەم شەڕەدا ١٣ گەریلای پە/کەکە شەهید بوون. هەر ئەم شەڕەش بووە هۆکاری سەرەکی بەشداریکردنی ئیسرائیل لە گرتنی بەڕێز ئۆ/جەلان. بەواتایەکی تر، پەکە/کە و ڕێبەرەکەی باجی ئەم شەڕەیان دا. بۆچی ئۆ/جەلان باجی ئەم شەڕەی دا؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە تیشک بخەینە سەر سێ تەوەری جیاواز:

تەوەری یەکەم، ڕۆڵی فیعلی پەکە/کە و زیانەکانی ئیسرائیل لەو شەڕەدا. بەگوێرەی سەرچاوەکان، لەکاتی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ دەشتی بیقاع سێ هێزی سەرەکی لەو ناوچەیەدا هەبوون، سوپای سووری و لوبنانی و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین. لەبەردەم هێرشەکەدا هەر سێ هێز کشانەوە. بەڵام لەسەر خواستی فەلەستینییەکان دەیان گەریلای پەکە/کە و لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر کەمی فیدایی فەلەستینی لە  قەڵای شەقیف ئارنووندا دەمێننەوە. گوایە بەبیانووی پارێزگاریکردن لە کشانەوەی هێزە سووری و لوبنانی و فەلەستینییەکان، داوا لە گەریلاکانی پە/کەکە کراوە تا لەو قەڵایەدا بمێننەوە و سەرەنجام گەریلاکان تووشی شەڕێکی خوێناوی و نابەرابەر دەبن و زۆربەشیان دەبنە قوربانی، هەندێکیان شەهید و ئەوانی تریش بەدیل دەگیرێن.

ئایا لە واقیعدا ئەم پلانە جەنگییەی بەرەی ڕزگاریخوازی فەلەستینی  و سوورییەکان چەندە تەڵەیک بووە بۆ گەریلاکانی پەکە/کە، تا ئێستا ڕوون نییە و هیچ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیەک لەو بارەیەوە نەکراوە.

ڕۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە، ئیسرائیل بۆردوومانێکی خەستی ئەو قەڵایە دەکات و ڕۆژی دووەمیش هێرشی مەیدانی دەکاتە سەر قەڵاکە. لێرەدا گەریلاکانی پەکە/کە بەرخۆدان دەکەن و ١٣ گەریلا لەم دوو ڕۆژەدا شەهید دەبن و باقییەکەیش بەدیل دەگیرێن. ئیسرائیلییەکانیش ژمارەیەکی زۆری سەربازانییان لەو قەڵایەدا دەکوژرێن. زیانەکان هێندە کاریگەر بووە، سەرۆکی ئەوسای ئیسرائیل سەردانی شوێنی شەڕەکە و بەدیاریکراویش قەڵاکەی کردووە. بەکورتی ئیسرائیل گەریلاکانی پە/کەکە بە بکوژی ئەو سەربازانە دەزانێت. لە ڕوانگەی پەکە/کەشەوە، ئەم شەڕە هێندە گەورە بووە. توێژەری میسری ئەمیرە ئەلتەحاوی لە توێژینەوەیەکیدا کە بەناوی ئاراستە دەرەکییەکانی پارتی کرێ/کارانی کوردستان، کە لە ١٩٩٨دا بڵاوی کردۆتەوە، ئاماژە بەوە دەکات  کە بەڕێز ئۆ/جەلان جارەهای جار لە وتار و چاوپێکەوتنەکانیدا شانازی بە بەشداری هێزەکانی لە جەنگی بەرگری لوبنان دژی ئیسرائیل و بەتایبەتیش جەنگی قەڵای شەقیف ئارنوون دا کردووە.

هەر بەهۆی زیانەکانی ئەم شەڕە بۆ ئیسرائیل و ڕۆڵی بەرچاوی گەریلاکان لەو شەڕەدا، ئیسرائیلییەکان پە/کەکەیان کردە ئامانی تۆڵەسەندنەوە و تەڤگەری خستە ناو لیستی دووژمنەکانییە. ئەمەش لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا ئیسرائیل لە زۆر بواردا لەدژی تەڤگەری باکوور هاوکاری سەربازی و موخابەراتی و لۆجیستی تورکەکانی کردووە. ئەم شەڕەش هۆکاری سەرەکی بووە، ئەگەر تاکە هۆکار نەبووبێت، بۆ بەشداری کردنی ئیسرائیل لە پیلانی گرتنی ئۆجەلان و ڕادەستکردنەوەی بە تورکەکان.

تەوەری دووەم: کلتوری خاوەندارێتیکردن و پیرۆزکردنی تاکی جوولەکە. ڕۆژی ٣ ی نیسانی ٢٠١٩، لە ڕێوڕەسمێکی شکۆمەندانەدا، ئیسرائیل ڕوفاتی سەربازێک کە لەهەمان جەنگدا لە ١٩٨٢دا کوژرابوو، گەڕاندەوە ئیسرائیل. بەمجۆرە، ئیسرائیل دوای هەوڵ و کۆشش و خەرجکردنی سامانێکی زۆر و گرتنەبەری ڕێگای جۆراوجۆری موخابەراتی و دیپلۆماسی و دانووسان، دوای ٣٥ ساڵ توانی ڕوفاتی ونبووی سەربازێکی کوژراوی بدۆزێتەوە و بگێڕێنێتەوە وڵاتەکەی. ئەم نموونەیە یەکێکە لە دەیان و بگرە سەدان نموونەی لەو جۆرە کە ئاماژەیە بۆ خاوەندارێتیکردن و بەرزڕاگرتنی ژیان و شکۆ و بوونی تاکی جوولەکە لەلایەن دەوڵەتی ئیسڕائیلەوە. لەم ڕوانگەیەوە، ئیسڕائیل لە پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە کە هەموو تواناکانی دەوڵەتی خستۆتە خزمەت پاراستنی ژیان و شکۆ و کەرامەتی هاوڵاتییانی.

شێوازێکی بەرجەستەکردنی ئەم خاوەندارێتی و شکۆمەندییەی هاوڵاتییەکانی کلتوری تۆڵەیە. هەر کاتێک ئیسرائیل هاوڵاتییەکی یان سەربازێکی دەکوژرێت، هەوڵ دەدات چەند قات زیاتر تۆڵەی کوژراوەکەی بکاتەوە بۆ ئەوەی بەلایەنی بەرامبەر بڵێت ژیانی تاکێکی ئیسرائیلی چەند قاتی ژیانی ئێوە بەنرختر و مانادارترە. بۆ تێگەیشتنی زیاتری  ئەم کلتورە، پێویستیمان بە تێگەیشتنە لە کلتوری قیساس یان تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل، کە ئەمەش تەوەری سێیەمی ئەم بابەتەیە.

تەوەری سێیەم: کلتوری قیساس و تۆڵەسەندنەوە. ڕیشەی کلتوری تۆڵەسەندنەوە لە سیاسەتی دەوڵەتی ئیسرائیلیدا دەگەڕێتەوە بۆ ڕێنماییەکانی کتێبە پیرۆزەکانیان، تەورات و ئەوانی دیکە. لە ئایینی جووەکاندا تۆڵەی خوێن وەک فەرمان یان ڕێگەپێدراوێکی ئایینی دەبینرێت. تۆڵەی خوێن، واتە قیساس یان کوشتنەوەی بکوژ، لەسەر بنەما و ڕێسای ددان بە ددان و چاو بە چاو، بەشێکە لە ڕێنمایی و فەرمانەکانی تەورات. هاوشێوەی ئەم ڕێنماییانە لە قورئانی موسڵمانانیشدا دەبینرێت، کە ماف دەداتە خانەوادەی کوژرا و بکوژ بکوژنەوە.

ئەم ڕێسایەی تۆڵەی خوێن یان قیساس، لەگەڵ سەرهەڵدانی جوڵانەوەی زایۆنیزمدا، بەدیاریکراویش لە ١٩١١ دا، ئاراییش دەکرێتەوە و دوو ئاڵوگۆڕی گرنگ لە یاسای قیساسدا دەکرێن. ئاڵوگۆڕی یەکەم  قیساس فۆرمێکی مۆدێرنەی دەکرێتە بەر و دەخرێتە ناو سیستەمی سیاسییەوە. بەگوێرەی یاساکانی زایۆنیزم، خانەوادە چیتر بەرپرس نییە لە تۆڵەی خوێن (قیساس)، بەڵکو شۆرمەیە. شۆرمە، ئەو دامەزراوەیە کە دەسەڵاتی چاودێری و ئەرکی پاراستنی جوولەکەکان و کەلوپەلەکانی لە ئەستۆدایە. شۆرمە بەرپرسە لە کوشتنەوە یان تۆڵەسەندنەوەی هەر کوژراوێکی جوولەکە. هەموارکردنێکی تری زایۆنییەکان بۆ یاسای قیساس، ئەوەیە تەنها لە پرسی کوشتن دا پەنا بۆ تۆڵە و ڕێسای قیساس ببەن.

دەوڵەتی ئیسرائیل، هەمان ڕێسای قیساس، پەیڕەو دەکات. بەڵام بەهەموار و نوێکردنەوەیەکی زیاترەوە. دەوڵەت، لەسەر بنەمای تەوەری دووەم، واتە خاوندارێتیکردن و بەرزڕاگرتنی ژیان و شکۆی تاکی جولەکە، لە پرسی قیساسدا، هەنگاوێک لە قیساسی تەوراتی و سیستەمی شۆرمەی زایۆنی واوەتر دەچێت. بەواتایەکی تر، بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی تاکی کوژرا و سەلماندنی پیرۆزتربوون و بەرزتربوونی تاکی ئیسرائیلی، هەمیشە زێدەڕۆیی کردووە لە تۆڵەسەندنەوەدا. ئەمەش لە پەرچەکرداری ئیسرائیل بەرامبەر هێرشە خوێناوییەکەی ٧ ی ئۆکتۆبەردا بە ئاشکرا دەبینرێت. دووەم، فاکتەری کات هیچ لە پرسی یاسای قیساسی ئیسرائیل کەم ناکاتەوە. ئەمەش لە کۆمەڵێک جووڵە و کردەی ئیسرائیل لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرجەستە دەبێت. لەوانەش، بەدواداچوون و شوێنپێهەڵگرتن و ڕاوەدوونانی ئەو سەرباز و ئەفسەرە ئەڵمانییانەی کە بەشداری هۆلۆکۆست بوون کە تا ئێستاش بەردەوامە، ئەمە سەرەڕای تێپەڕ بوونی زیاتر لە ٧٠ ساڵ بەسەر ڕووداوەکەدا.

پرسی بەشداری موساد لە گرتنی عەبدوڵڵا ئۆجە/لاندا، دەکرێت لە چوارچێوەی ئەم سێ تەوەرەی سەرەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت.

دوا پرسیار ئەوەیە، ڕۆڵی موساد چی بوو لە گرتنی ئۆجەلاندا؟ هەندێک کەس وای وێنا دەکەن کە ئەوە موسادە ئۆجەلانی گرتووە و ڕادەستی تورکیای کردووە. ئەم وێناکردنە دروست نییە. وەک قەرەسوو لە چاوپێکەوتنەکەیدا دەڵێت، ئیسرائیل لەو پیلانە نێودەوڵەتییەدا کە دژی ئۆ/جەلان بەڕێخرا بەشدار بوو. بەواتایەکی تر، ئیسرائیل یەکێکە لە بەشدارەکان، نەک تاکە لایەن، لە گرتنی ئۆ/جەلاندا.

لە ڕاستیدا، سی ئای ئەی ئەمریکی ڕۆڵی سەرەکی لە گرتن و ڕادەسترکردنەوەی ئۆجەلاندا هەبووە. لە بێ شانسی کورد دا، لەکاتی چوونی ئۆ/جەلان بۆ کینیا، ئەو وڵاتە بە ڕێکەوت ببووە لانەی سی ئای ئەی. بەهۆی ڕووداوێکی تیرۆریستییەوە کە لە پایتەختی ئەم وڵاتە ڕوویدابوو، زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی ئەو ڕێکخراوە بۆ بەدواداچوونی ئەو کارە تیرۆریستییە لە کینیا بوون. لێرەدا ئەندامانی سی ئای ئەی ئەرکی شوێنپێهەڵگرتن و دۆزینەوە و ڕادەستکردنەوەی ئۆجە/لانییان پێدەسپێردرێت. ڕۆڵی موساد لەم پڕۆسەیەدا، زیاتر لە دوو قۆناغدا بووە. یەکەم، کاتێک ئۆجەلان هێشتا لە سووریا بوو و موساد لەوێ هەنگا و بەهەنگاو شوێن پێی هەڵدەگرت. دووەم قۆناغیش لە کاتی گەیشتنی بۆ کینیا، ئەویش لە ڕێگای هەندێک جوولەکەی کرمانجیزانی سەر بە موسادەوە، کە توانییان پشتڕاستی گەیشتنی ئۆجە/لان بۆ کینیا بکەنەوە.

وانەیەک کە دەبێت لەم ڕووداوە کاریگەرانە فێری ببین ئەوەیە کە گەلانی ژێردەستە و بەتایبەتیش کورد، هەمیشە نێچیرە ئاسانەکەن، کردنەکۆچی قوربانی کورد بێتەکلیفترین جۆری قوربانییە. زۆر گرنگە هێز و لایەنە کوردستانییەکان لە پەیوەندییان لەگەڵ هێز و وڵاتە هەرێمییەکاندا بەر لە نانی هەر هەنگاوێک، تەماشای ئەو تەڵەمینانە بکەن، کە ئەو هێز و وڵاتانە بۆ کوردییان ناوەتەوە. ئەگەر ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینی تەکلیفی مانەوی گەریلاکانی پە/کەکەی لە قەڵای شەقیف ئارنوون نەکردبوایە، گەریلاکان تووشی ئەم جەنگە  لابەلا و ناوەخت و نا بەرابەرە نەدەبوون و ڕەنگە ئۆ/جەلان و تەڤگەریش نەبوونایەتە ئامانجی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیلییەکان و تورکەکانیش نەدەبوونە سوودمەندی سەرەکی ئەو شەڕەی لە قەڵای شەقیف ئارنووندا کرا.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO