لە دووهەفتەی پێکدادانی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیلدا، ئەوەندەی جەنگەکە لە گۆڕەپانەکاندا گەرمە، دەهێندەش لەسەر تۆڕەکانە بەجۆشە. جەنگێکی دیجتاڵی توند وایکرد دیمەنەکانی جەنگەکە سەرگەرمکەرەیەکی بەکاربەرانی تۆڕەکان بێت. بەکاربەران بە پاڵنەری جیاواز خۆیان لەو جەنگە هەڵدەقورتێنێنن و کاردانەوە دەنوێنن.
ئیسرائیل کە توانایەکی دیاری لە تەکنۆلۆجیای نوێدا هەیە، بە لەشکرێکی سایبەری سیستماتیکی کاردەکات. حەماسیش (پاڵپشتەکانی) کەناڵەکانی خۆی بۆ جیهادی دیجتاڵی خستۆتەسەرپشت و بەتایبەت لە تۆڕەکاندا بەهەموو جۆرێک دەیەوێ سەرنجی رای گشتی جیهان بەتایبەت “مسوڵمانان” بەلای خۆیدا رابکێشێت.
دیمەنی گریانی منداڵ و ژن و هاواریان، داڕمانی باڵەخانە و توڕەیی فەلەستینییەکان تۆڕەکانی تەنیوە. هاوکات هاوڵاتیانی ئیسرائیلیش و لۆبییەکانیان لە جیهاندا بەهەمان شێوە، وێنەی قوربانی و کوژراوەکانیان هەر لە یەکەم رۆژی هێرشەکەی حەماسەوە لە جیهاندا زەقکردەوە.
بەڕای من پرسەکە لەوەدایە کە ئێمە لە بەردەم تۆخکردنەوەی وێنەی “قوربانیدان” و بکەری قوربانیخەرەوە بزردەکەین. چونکە، لە دووبەرەی جیاواز و دژبەیەکدا، هەر بەرەیەک ئەویتری دەکاتە ئامانج و خۆشی وەک قوربانی پیشانئەدات.
لێرەدا ئەوەی قوربانی پێئەدرێت، چەمکی قوربانییە. حەماس تا ئەوکاتە خۆی بەقوربانی دائەنێ، کە فەلەستینیەک لە خوێندا گەوزابێت، بەهەمان شێوە راستڕەوێکی پەڕگیری ئیسرائیلی تا ئەو جێگەیە خۆی بەقوربانی دائەنێ، کە ئیسرائیلەک کوژراوە. بەڵام هەردوولا بەڕووی یەکتردا دەستکراوەن و بێسڵکردنەوە دەست دەوەشێنن.
لەوەش سەیرتر، بەکاربەرانی تۆڕەکان هەریەکەو خۆی لە بەرگی یەکێک لەلایەنەکانی جەنگەکەدا بەقوربانی ئەزانێت. بۆیە، لە سەرانسەری جیهاندا بەکاربەرەکان وەک ئەوەی هیچ کاروپیشە و خەمێکیان نەبێت، رۆژانە دیمەنەکانی جەنگەکە شەیردەکەن و هەڵویست دەرئەبڕن.
تۆڕەکان هێندەی دیمەنی وێرانکاری جەنگەکە، بێتام و ناشرین بوون. بارگاویین بە توەڕیی، رکوکینە، هەڵچوونی نائەقڵانی و زیادەڕەویی لە پەرچەکردا تا رادەی ئەوەی لە رێی وێنەی قوربانییەکانی فەلەستین یان جوەکانەوە، بەکاربەرێ رکوکینەی ئایینی و ئایدۆلۆجی خۆی خاڵیبکاتەوە.
لەولاشەوە، هەواڵ و زانیاری ساختەش بووەستێ، پڕوپاگەندە و پشتبەستن بە تێوری پیلانگێڕیی و بەشەیتانکردنی ‘ئەویتر’ لە برەودایە. لەو سۆنگەوە، رەفتاری پەڕگیر و بناژۆخوازێکی ئیسلامیی لە راستڕەوێکی ئایینی ئیسرائیلی یان ئەمریکی جیاوازترنییە. ئەو دووجەمسەرە دژیەکە، چەندە لە هەوڵی سڕینەوەی یەکتردان، ئەوەندەش لە پەیوەندییەکی یەکترتەواکەردان. چونکە، خۆراکی مانەوە و داشۆرینی مێشک و ووزەی خەڵک لەخۆگردکردنەوە بەیەکتر دەبەخشن. ئیدی، ئەوەندەی ووزەی پێویستی مانەوە بەیەکتر دەبەخشن، هێندە هەوڵی رەهای یەکتر قڕکردنیان نەداوە. جەنگ بۆ هەردوولایان، گەمەیەکی وابەستەییە کە دەبێت بەردەوامی هەبێت.
لە بۆچوونە سادەکەدا، تۆڕەکان سەکۆیەکی دروستکردنی رای گشتی جیهانین سەبارەت بە راستی و رەوایەتی رووداو و پرسێک. بەڵام، هێندەی تۆڕەکان ئامرازی ئاڕاستەکردنی هۆش و ئاگایی جەماوەرن بەرەو گوتارێکی ‘حەماسیی’ یان ئیسرائیلی، هێندە کار لەسەر راستی رووداوەکان نییە.
ئیتر، تۆڕەکان زۆنگاوێکن بۆ جەنگاندن بە شێوازی جیا. چیتر، ئەو سەکۆ دیجیتاڵیانە لە پێناو گەیاندنی دەنگوڕەنگە راستەکە نییە. بەڵکو، ئامانج دروستکردنی گوتارێکن سەبارەت بە رەوایەتی گێڕانەوە مێژوویی و ئایینیەکان.
لە گێرانەوەکانیشدا، بەردەوام لایەک کردەوەکانی خۆی بەهەق دەزانێ و داکۆکیکردن بەپیرۆز دادەنێت. هاوکات، رەفتارەکانی ئەویتری نەیار، بە ناحەز و بەدەستدرێژیکەرێکی بێبەزەیی و دڕندە وێنادەکات.
وەکچۆن نایەکسانییەک لە نێوان هێزوتوانای فەلەستیینیەکان و ئیسرائیلیەکاندا هەیە، ئاوەهاش لای فەلەستینی و لای خەلکی ئاسایی بەکارهێنانی تۆڕەکان هەوڵێکە بۆ تێپەڕاندنی هەژموونی میدیا کاریگەرەکانی جیهانی/خۆرئاوا لەسەر رووداوەکان. چونکە، وەکچۆن سیاسەتی زلهێزەکانی خۆرئاوا لایەنگیریە، رووماڵکردنی جەنگەکەش بێلایەنی کەمی پێوە دیارە.
ئاژانسە میدیایە گەوەرەکانیش نەک هەر کەوتنە داوی گەمەکەوە، بەڵکو وەک بەرەیەکیتری جەنگ بۆ راکیشانی سۆزی جیهانی هەوڵئەدەن. لە رۆژانی یەکەمی جەنگەکەوە، ئەو ئامانجەیان پێکا. شاراوەنییە، ئاژانسە جیهانییەکان بە سەرمایەی کۆمپانیا سەرمایەدارەکان هەڵدەسوڕێن.
بۆیە، ئەو میدیایە نەک هەر ئامادەکردنی رای گشتی هاوڵاتیانی ئەوروپا و ئەمریکا بوو، بەڵکو هاندانی حکومەتەکانی ئەورپا و هێزەکانی تریش بوو بۆ لایەندارییکردنی ئیسرائیل.
ئەگەرچی کڵپەی جەنگەکە لە سەر زەوی بوو، بەڵام، دەنگدانەوە زرمەکەی لە میدیا جۆراوجۆرەکاندا بوو. ئاخر، ساڵانیکە، رەنگە دەیەک پتریش بێت، پرسی فەلەستین گەرموگوڕیەکەی جارانی نەمابوو. بەڵام، ئەم پێکدادانە گەشانەوەی پشکۆیەکی ماتبوو کە تەنانەت سەرنجی لەسەر گەورەترین جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا لابرد.
هەر بۆخۆی کردنەوەی بەرەیەکیتری جەنگ لە خۆرهەڵاتدا دوای سودان، ئاماژە و ژێدەری روونی تێدایە. زلهێزەکان دوای پەتای کۆرۆنا، ستراتیجیەتی هەڵگیرسانی جەنگی راستەوخۆیان وەک ئەلتەرناتیڤی چۆکدادان بەنەیارەکانیان هەڵبژارد.
لەیەکەم رۆژی پەلامارەکەی کەتابیبی قەسام بە بەزاندنی دیواری ئاسنینی ئیسرائیل، بڵاوکردنەوەی ڤیدۆکان، هەوڵێک بوو بۆ دەرخستنی نەبەردی و بوێری چەکدارەکانی لە بەرامبەر دەوڵەتێکی تۆکمەی وەک ئیسرائیلدا. بەڵام هەر هەمان دیمەن، خزمەتی بە ئیسرائیل کرد و وەک قوربانییەکی نائاگا پیشاندرا.
لێکدانەوەی دیمەنی هێرشەکان زۆر کەسی دووچاری دۆشدامانکرد. تەنانەت ئێستەش وەک مەتەڵێکە کە ئاخر چۆن تەکنۆلۆجیا سەربازییە پێشکەوتووەکەی ئیسرائیل بەفریای نەکەوت؟ لێرەوە، میدیا و تۆڕەکان بوونە جێی هۆنینەوەی کۆدەکان. هەندێک دەڵێن ئەوە هەر لە بنەڕەتەوە تاکتیکە بۆ جەنگێکی پلان بۆ دارێژراو تا ئیسرائیل خۆی وەک قوربانییەک دەربخات. یان ئەووترێ سوپا و دەزگا هەواڵگیریەکان لە شۆکدان کە ئاخۆ دەکرێ کەلێنێک لە سیستمەکەیاندا هەبێت. ئەوانەو زۆرشتیتریش کە دەکرێ راستبن یان نا.
بەڵام، لەسەر ئاستی تۆڕەکان و میدیا جیهانییەکان، ئیسرائیل وەک قوربانییەک کە هێرشی کراوەتەسەر وێناکرا. بۆیە، مافی هەموو بەرگریی و بەرپەرچدانەوەی دەبێ رەوابێت. ئێستە هەرچییەک کە سوپای ئیسرائیل دەیکات، لەژێر حوکمی ئەو گێڕانەوەی کەلە رۆژی یەکەمەوە هەیە؛ ئیسرائیل بەرگریکارە نەک دەستدرێژیکەر.
بەپێچەوانەوە، کەتایبی قەسام، هێرشەکەی وەک زەبرێکی قایم و گورزێکی کوشندە پیشاندا تا جیهان بە هەڵمەتەکەیان سەرسام بێ کە چۆن ئاودیوی کەرتی غەزەدەبن. لای ‘رای گشتی ئیسلامی’ وەک پاڵەوانی خۆبەختکەر دەرکەوت. هەروەها، لەسەر ئاستی نێوخۆی فەلەستینیش وەک تاکە نوێنەری دۆزەکە خۆی دووپاتکردەوە.
بەڵام، وەکچۆن لەژێر داروپەردووی باڵەخانە داڕماوەکاندا تەرمی بێسەروشوێن هەیە، ئاوەهاش لە پشت پەردەی ئەو جەنگەوە بازرگانانی جەنگ، رابەرانی شەڕهەڵگیرسان هەستی ئایینی و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیان قۆستەوە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەجێنداکانیان.
لە تۆڕەکاندا باس لەجەنگی نیوان دوو ئایین دەکرێ، بەڵام لە ژێرەوە بەرژەوەندییەکی سیاسیی پۆخڵ پرۆژەی نوێ دادەڕێژێت. جەنگ، چەندە ماڵوێرانی و داڕمانی بەهاکانی مرۆڤبوونە، ئامرازێکی گرنگی بەدەستهێنانی بەرژەوەندی ئابوریی و ستراتیجیشە.
خەڵکانێکی زۆر کە بەدیار دیمەنی منداڵ و ژنەکانی غەزە یان ئیسرائیلییەکانەوە شیوەن دەگێڕن، راستی پشتەوەی وێنەکان نابینن. چونکە، لە تۆڕەکاندا وێنەکان نەک هەروە وەک جێگرەوەی راستییەکان دەردەکەون، بەڵکو وەک تاکە راستییەکی حاشانەڵگرن دەردەکەون. بۆیە، هەموومان بەهۆیانەوە، هەست بەبرینداریی مرۆڤبوونمان دەکەین.
بەڵام، دواجار هەموومان تەلەفزیۆن و مۆبایل و کۆمپیوتەرەکانمان کوژاندەوە و هەریەکە لەسەر جێی نەرمی خۆی نووست، لەولاشەوە منداڵ و دایک و باوکی قوربانییەکانیش لە کەلاوە و ئاوارەیی و بێئاویی و بێڕووناکییدا بەجێمان!