پێشەکی
لەگەڵ دەرکەوتنی ئەو گرژیانەی کەرکووک کە لە سەرەتای مانگی سێپتێمبەری ٢٠٢٣ دا سەریان هەڵدا، زۆر بە وردی بەدواداچوونم بۆ ڕووداوەکان دەکرد، ئاگاداری زۆربەی هەڵوێست و ڕاگەیاندنەکان بووم، هەموو ئاماژەکان دەیانگوت کەرکووک لەسەر لێواری جینۆسایدێکی دیکەدایە. بەحوکمی تایبەتمەندیم لە پڕۆسەی جینۆساید، هەموو نیشانەکانی جینۆساید دەبینین. لایەنێک کە بێدەنگ و بێهەڵوێست بوو، کورد بوو، بەتایبەتی پەرلەمنتاران و بەرپرسانی کورد لە بەغدا، کە هەڵوێستێکی دووسەرە بوو. لەلایەک، شەرمنانە و ترسنۆکانە بوو، لەوەی کە بە خێرایی نەکەوتنە جموجۆڵی سیاسی تاوەکو خەڵک شەهید نەکرێن و زیانەکان گەورە نەبن. لەلایەکی دیکەوە، بەو بێهەڵوێستییەیان هاوکار بوون بۆ تەشەنەکردنی کێشە و ململانێکان. ئەوەی بە زەقی دەردەکەوت، ئەوە بوو کە میلیشیا شیعییەکان و سوپا و دژەتیرۆری عێراقی، بە ئەقڵییەتێکی پاوانخوازانەی دژە-کوردانە دەجوڵانەوە.
کێشەکە ئەوە بوو، کە بۆ ماوەی زیاتر لە شەش ڕۆژ ڕێگایەکی سەرەکی نێوان هەولێر و کەرکووک داخران. هاتووچۆی هاووڵاتییان و جموجۆڵی ئابووری بەتەواوی پەک خرا. لەلایەک، هاووڵاتییانی کورد زیانیان پێ دەگەیشت و فشارێکی هاتووچۆی زۆریش لەسەر گەڕەکە کوردییەکان دروست ببوو. لەلایەکی دیکە، خەڵک بەهۆی بارهەڵگر و جڕوجەنجاڵى هاتووچۆ بەناو گەڕەکەکانیاندا بەتەواوی هەراسان ببوون. هاوکات، بەدەیان هەزار هاووڵاتی ڕووبەڕووی فشار و کێشەی ئابووری ببوونەوە بەڵام نە حکومەت و نە سوپا و نە پۆلیس نەک هەر نقەیان لێوە نەدەهات، بەڵکو خۆپیشاندەرانی عەرەب و ئەندامانی سەر بە میلیشیا شیعەکان و تورکمانەکانیان دەپاراست و لە گوڵ کاڵتریان پێ نەگوتن. نەک هەر ئەوە، بەڵکو لەلایەن حاکمی شارەوە، پارێزگاری کەرکووک، بە ئاشکرا سوپاسی خۆپیشاندەرە عەرەب و تورکمان و میلیشیاکان دەکرا، تەنیا لەبەر ئەوەی خۆپیشاندانەکان و داخستنی ڕێگاکە دژ بە گەڕانەوەی بارەگایەکی حیزبێکی کوردی بوو، کە لە ناوەڕۆکدا دژ بە هەژموونی کورد و لەپێناو زیاتر بەعەرەبکردنی کەرکووک بوو. کاتێکیش، خۆپیشاندەرانی کورد دژ بەو دۆخە نالەبارە هاتنە سەر شەقامەکان، گوللـەباران کران. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، کێ بەرپرسیارە لە ڕژانی ئەو خوێنە؟ حکومەتی عێراق، یا حاکمی شار و ئەو میلیشیایانەی کە جڵەوی شار و خەڵک و خاکییان بەدەستەوەیە؟ ئەم بابەتە هەوڵ دەدات شرۆڤەی دۆخە هەنووکەییەکەی کەرکووک بکات و لەوێوە ئەو مەترسیانە دیاری بکات کە ئەگەرەکانی جینۆسایدی کورد لە کەرکووک جارێکی دیکە دێننەپێش.
جینۆساید چۆن دروست دەبێت؟
ئەگەر بە وردی چاوێک بە پڕۆسەی زۆربەی کەیسەکانی جینۆسایددا بخشێنین، کۆمەڵێک هۆکار بەیەکەوە زەمینە بۆ دەستپێکی توندوتیژی خۆش دەکەن. قۆناغەکانی جینۆساید، کە گریگۆری ساتنتۆن، سەرۆکی چاودێری جینۆسایدی نێودەوڵەتی، بە دە قۆناغ دەستنیشانی کردوون، زۆر دیار و ڕۆشنن لە زەمینەسازکردن بۆ جینۆساید. لێرەدا ئاماژە بە قۆناغە سەرەتاییەکان دەکەم.
یەکەم قۆناغ، بریتییە لە پۆلینکردن، لە هەموو کەلتورەکانی دنیادا جۆرێک لە پۆلینکردنی گروپە مرۆییەکان هەیە، کە ئێمە و ئەوان لە یەکدی جیادەکاتەوە، بەپێی نەتەوە، ڕەگەز، ئایین، یان ئیتنیک. وەکو ئەڵمان و جوو، هوتوو و توتسی، سربی و بۆسنی، کورد و عەرەب. ئەو کۆمەڵگە دوو جەمسەریانەی کە ئاوێزان نەبوون و لە ڕووی پۆلینکردنەوە تێکەڵاو نین لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون، ماف و ئەرکەکان دابەش ناکرێن، وەک ڕواندا و بۆرۆندی، ئەوە زۆرترین ئەگەری جینۆسایدیان هەیە. ڕەهەندە مێژووییەکانی پۆلینکردن لە کەرکووک دەیان ساڵی تێپەڕاندووە. سیاسەتی ڕاگوستنی کورد لە کەرکووک و هاوردەکردنی عەرەب نیشانەیەکی زیندووە و کە خەڵکی شارەکە تا ئەمڕۆش لە دۆخی کاردانەوەکانی ئەو سیاسەتەدا دەژین، بەبێ ئەوەی هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەری کێشەکان هەبێت.
دووەم قۆناغ، بریتییە لە سیمبوڵەکان، بۆ ناسینەوە و جیاکردنەوەی گروپەکان. گروپە مرۆییەکان بە جلوبەرگ، بە زمان، یا بەناوەکانیان یاخود بەهەر سیمبوڵێک جیا دەکرێنەوە. ئەم پۆلینکردنە مەرج نییە سەر بگرێت بۆ جینۆساید، تا گروپی ئەوی دی، لە مرۆڤبوون نەخرێت. ئەستێرەی زەرد و بە زۆر هەڵواسینی بەسەر یەخەی جووەکەندا لەژێر دەستەڵاتی نازییەکان و چەتری شین بۆ خەڵکی ناوچەی ڕۆژهەڵات لە کەمبۆدیا و زۆر نموونەی دیکە نموونەی دیارن بۆ جیاکردنەوە و ناسینەوە. لەسەر ئەو بنەمایەش، سێیەم قۆناغ، کە جیاکارییە، دێتەگۆڕێ. لەو قۆناغەدا تاقمێکی باڵادەست، سوود لە یاساکان و دغستەڵاتی سیاسی وەردەگرێت، کە لە کەرکووک بە شایەدی ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی کورد، ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەڵکشاندایە. ئینجا، تانەدان و ناو و ناتۆرە دەست پێ دەکەن کە بە قۆناغی لەمرۆڤخستن ناسراوە. ئەمەش لە سادەترین شێوازەوە دەست پێ دەکات، تا دەگاتە قورسترین شێوازی. لە کەرکووک کورد هێمای جیابوونەوە و دابەشبوونە، بۆیە زۆر ئاسایە ئەو بیرکردنەوەیە وا لە مرۆڤەکانی دیکە بکات لەو ڕێگایەوە ڕق و کینە بەسەریاندا زاڵ بێت و وردە وردە گەشە بکات بۆ وەسف کردنی کورد بە ئاژەڵ و نەخۆشییەکان.
لە دۆخی کەرکووکدا، قۆناغەکان بەدوای یەکدا نایەن، مەرج نییە بەدوای یەکیشدا بێن، چونکە ئەگەر چوارەم قۆناغ ڕێخراوبوون بێت، ئەوە لەمێژە لە کەرکووک میلیشیاکان لە خۆڕێکخستن و چەکداربوون و بڵاوبوونەوەدان. وێڕای ئەوەی کە ئەم قۆناغە یەکێکە لە قۆناغە پێشکەوتووەکان بۆ نزیک بوونەوە لە پڕۆسەی جینۆساید. لێرەدا خودی گریگۆری ستانتۆنیش جەخت لەسەر ڕیزبەندی قۆناغەکان ناکاتەوە، وێڕای ئەوەی کە دیاردەی میلیشیا چەکدارەکان بە قۆناغێکی ترسناک دەزانێت. لە کەرکووک میلیشیاکان نەک هەر چەکدارن، بەڵکو ئەوان شەرعیەت بە دەستەڵاتی سیاسیش دەدەن، هەندێک جار لەسەرەوە و لە دەرەوەی دەستەڵاتیشن. بۆیە لە وەها دۆخێکدا، لە دروستبوونی بچوکترین گۆڕانکاریدا، گروپی بەئامانجگیراو ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی جینۆساید دەبێتەوە. هەر خودی دیاردەی میلیشیایی کە لەناو گروپێکدا چڕ دەبێتەوە و گروپێکی دیکە چەکدار نابێت، جۆرێکە لە قۆناغی دواتر کە بریتییە لە جەمسەرگیریی. قۆناغی دوای ئەویش بریتییە لە خۆئامادەکردن. هەردوو قۆناغەکە ئامادەن، جەمسەرگیریی ساڵانێکی زۆرە لە کەرکووک و لە هەموو عێراق دروست بووە. ڕووداوەکانی کەرکووک پێیان گوتین ئامادەباشی بۆ توندوتیژی لەڕووی ماددیی و سایکۆلۆجییەوە لە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوودایە. کاتێک هاووڵاتییەکی سەر بە گروپێکی دیاریکراو لەبەردەم کامێراکاندا سوێند دەخوات و دەڵێت لەسەر ناسنامە دەیانکوژین، ڕەنگدانەوەی ڕق و کینەیەکی دێرین و کۆمەڵایەتییە بۆ مەترسی ڕۆشتن بەرەو جینۆساید.
بەوجۆرەش، قۆناغی بەر لە توندوتیژی و ئەنجامدانی جینۆساید دێت، کە بریتییە لە سەخڵەتکردن و تەنگپێهەڵچنین و ئازاردان). داخستنی ڕێگای هەولێر-کەرکووک لە ڕووداوەکانی ئەم دواییە و پاشانیش بڵاوبوونەوەی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەناو گەڕەکە کوردییەکان و گەڕان و پشکنینی ماڵە کوردییەکان، لەخۆیدا جۆرێکە لە بەئامانجگرتن. ئەو هێزانە باش دەزانن هەموو گروپە مرۆییەکانی ناو شاری کەرکووک چەکییان هەیە، میلیشیاکان بە هەموو ناوچەیەکی عێراقدا بڵاوبوونەتەوە. هەواڵدان بۆ چەکداماڵین لە کورد و وازهێنان لە گروپە مرۆییەکانی دیکە، لەخودی خۆیدا جۆرێکە لە جیاکاری و گۆڕینی باڵانسی هێز و ڕووبەڕووبوونەوە و ڕێگەخۆش کردن بۆ جینۆساید.
کەرکووک لەبەردەم مەترسیدا
دۆخی کەرکووک زۆر لە دۆخی بۆسنیا و ڕواندا دەچێت. دۆخێک کە پێویستی بە چەندین توێژینەوە هەیە. یەکێک لەو نموونانەی کە لە دۆخی کەرکووکەوە نزیکە، دۆخی شاری بەنجالۆکایە، کە ئێستا گەورەترین شار و ناوەندی کارگێڕیی کۆماری سیربیسکایە و دەکەوێتە باکوور و ڕۆژهەڵاتی بۆسنە، لەسەر ڕووباری ڤریاس. ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ١٣٩ هەزار کەسە. بەنجالۆکا، بەهەمان دەردی سیربرینیچا چوو و یەکێک لە گەورەترین تاوانی جینۆسایدی تیادا ئەنجام درا.
دوای هەڵوەشاندنەوەی یوگۆسلافیا وردە وردە ململانێی نێوان نەتەوە جیاوازەکان دەستی پێ کرد، بەتایبەتیش ململانێی نێوان سربەکان و بۆسنییەکان. پەرلەمانی بۆسنە لە ئازاری ١٩٩٢ ڕیفراندۆمێکی بۆ سەربەخۆیی بۆسنییا و هێرزەگۆڤین ڕاگەیاند. سربەکانی ناو بۆسنییا و هێرزەگۆڤین، بایکۆتی ڕیفراندۆمەکەیان کرد. لە ٦ ی ئازاری هەمان ساڵدا پەرلەمانی بۆسنییە ئەنجامی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کۆماری بۆسنییا و هێرزەگۆڤینی لە یۆگۆسلاڤیا ڕاگەیاند. لە ئاداری ١٩٩٢ یەکێتیی ئەوروپا و ژمارەیەک لە وڵاتە ئەوروپییەکان و ئەمریکا دانیان بە دەوڵەت تازە-دامەزراوەکە نا. لە هەمان ڕۆژدا ئەنجومەنی سربەکانی بۆسنییا و هێرزەگۆڤین، لە بەنجالۆکا، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی بۆسنییا و هێرزەگۆڤین پچڕاند و کۆماری “سربسکا”یان لە ١٢ی ئابی ١٩٩٢ بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی کۆماری سربیا ڕاگەیاند. لەو ڕۆژەوە مشتومڕی سیاسی و ململانێکانی نێوان سربەکانی بۆسنە و موسوڵمانەکان پەرەی سەند و شەڕ هەڵگیرسا.
لە شەرەکەدا ئەنجومەنی سربەکانی بۆسنییا و هێرزەگۆڤین، جاڕی سەربەخۆییاندا و زۆرینەی ڕەهای کرواتی و بۆسنییەکان لەو خاکەی کە بە مافی کۆماری سربسکا دەزاندرا، لە دۆخێکی دژواردا دەرکران. هەر لەو چوارچێوەیەدا، لە ڕۆژهەڵاتی بۆسنە، سربەکانی بۆسنە، لە ١٩٩٣ شارۆچکەی سرێبرینیچایان گەمارۆدا، کە ئەو کاتە وەک ناوچەیەکی سەلامەت – پارێزراو لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ناسێندرا بوو. دوای پەلاماردانی شارەکە، لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی ١٩٩٥، چەکدارە سربەکان، کە زۆرینەیان هاوردەکراو بوون، ڕێک وەکوو عەرەبە هاوردەکان و میلیشیاکان لە کەرکووک، دەستییان بە کوشت و بڕ کرد. دەستدرێژی کرایە سەر سەدان ژن و منداڵ، زیاتر لە ٨ هەزار موسڵمانی بۆسنی، کە زۆرینەیان پیاو بوون، کۆمەڵکوژ کران. ئەوانەی مانەوە کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون، لە دۆخێکی دژواردا کۆچیان پێکرا بۆ ناوچەکانی دیکە. دوای ڕێککەوتننامەی ئاشتی دایتن لە ١٩٩٥، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، یوگوسلاڤیای پێشوو، تاوانەکەی وەکو جینۆساید ناساند و زۆربەی سەرکردە سربەکانی کە بەرپرسیار بوون لەو کۆمەڵکوژییە درانە دادگا و داگایی کران. هەر لەو ڕێککەوتننامەیەشدا، کۆماری سربسکا وەکو یەکەیەکی فیدڕاڵى لەپاڵ فیدراسیۆنی بۆسنە و هێرزەگۆڤین، ناسێندرا. ئەمڕۆ زۆربەی دانیشتوانی سربەکانی بۆسنە و هێرزەگۆڤین لەناو کۆماری سربسکا دەژین.
لە ڕواندا، کەمینەی توتسییەکان، وەکوو کەمینەی عەرەبی سوننە لە عێراق، بە پشتیوانی کۆلۆنیالیزمی بەلجیکی زۆربەی پۆستە گرنگەکان و ئیدارەی وڵاتیان بۆ ساڵەها لەبەردەستدا بوو. دابەشبوونی لە مێژینەی قوڵی نەتەوەیی لە ڕواندا ڕەگی داکوتا بوو، بە پلەی یەکەم لەنێوان زۆرینەی هوتوو و کەمینەی توتسیدا. ئەو دابەشبوونە ئەوکاتە لە لایەن کۆلۆنیالیزمی بەلجیکییەوە پشتیوانی لێدەکرا. کە تا ١٩٦٢ بەردەوام بوو. کاتێک لە ١٩٦٢ ڕواندا سەربەخۆیی وەرگرت، ئەو دابەشبوونە ڕەگوڕیشەی داکوتابوو، بەوەی کە توتسییەکان خۆیان بە باڵادەستتر دەبینی و هوتووەکانیش کە سەرۆک لە خۆیان بوو، لە ڕاگەیاندنەکانیاندا توتسییەکانیان بە نامرۆڤ دەشوبهاند و وەک هەڕەشە وێنایان دەکردن. ڕێک وەک ئەوەی پێشتر و ئێستاش لە کەرکووک و لە بەغداش بەڕێوە دەچێت لە بەهەڕەشەناساندنی کورد لەسەر یەکێتیی خاکی عێراق. هەندێک لە سەرکردەی میلیشیاکان و دەسەڵاتی ئیداری کەرکووک و خەڵکێکی زۆر لە عەرەبی هاوردە ڕۆژانە زەمینەی ئەو دابەشبوونە خۆش دەکەن. ئاڵای کوردستان و هەر جموجۆڵێکی کوردی بە هەڕەشە لەسەر یەکێتیی و ئارامی کەرکووک و عێراق دەبینن. بۆ نموونە، چەندین ڕاگەیاندنی عەرەبی کەرکووک جەختیان لەسەر کوشتن بەهۆی ناسنامە دەکردەوە، وەکو ئاماژەیەک بۆ ڕاگەیاندنی جەنگ دژ بە کورد و پەرەسەندنی دژەکوردبوون.
هۆکارێکی دیکەی پڕۆسەی جینۆساید لە ڕواندا، کێشەی خاوەندارێتی زەوی بوو. ڕێگە بۆ توتسییەکان واڵابوو خاوەندارێتی زەوی بکەن و زۆرترین ڕووبەر کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام ڕێگری لە هوتووەکان دەکرا و لەڕێگەی دەستەڵاتەوە زەویەکانیان داگیر دەکرا. ئەمەش ببووە هۆکارێکی سەرەکی بۆ دروستبوونی نایەکسانیی کۆمەڵایەتیی-ئابووریی. لە کەرکووکیش لای هەموو خەڵک ڕوونە، کە حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق، نەک هەر ڕێگریان لە پڕۆسەی تەعریب نەکردووە، بەڵکو خودی پڕۆسەکە لەلایەن حکومەتەکانی عێراقەوە بەڕێوە براوە، بەتایبەتیش لە قۆناغى دەستەڵاتی بەعسییەکان، کە دەیان هەزار عەرەب لە باشووری عێراق بەرەو کەرکووک و خانەقین و موسڵ و ناوچە کوردنشینەکان هێنراون.
دوای ٢٠٠٣ ێش،حکومەتی عێراق شکستی هێنا لەوەی سنوورێک بۆ چاوچنۆکی عەرەبە هاوردەکان دابنێت، شکستی لەوەش هێنا مافەکانی کورد بگەڕێنێتەوە و بڕیارە پەیوەندارەکان بە تەعریب هەڵبوەشێنێتەوە. لەو چەند ساڵەی دواییش، پەلاماری عەرەبە هاوردەکان بۆ سەر گوندە کوردییەکان هەمیشە لە برەو دایە و سوپای عێراق پارێزگارییان لێ دەکات. پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک لایەنداری خۆی بۆ پڕۆسەی تەعریب و دژە-کوردبوون نەشاردۆتەوە. لەپاڵ ئەمانە، حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق لەو ماوەیەدا نەک هەر هیچ هەنگاوێکی کردەییان نەناوە، بەڵکو ئەو دۆخەی ئێستا لە بەغدا دەیبینین، کە لەلایەک لەژێر هەژموونی ئێران دایە، لەلایەکیش میلیشیاکان حاکمی بەکردەیی وڵاتن و زۆربەی جومگەکانی دەوڵەت و دەستەڵاتی عێراقیان کۆنتڕۆڵ کردوون، هیندەی دیکە گوتاری دژە-کوردبوون زاڵ کراوە. ڕاستە، هەندێک پۆست لە بەغدا لەژێر دەستی کوردەکاندایە، بەڵام ئەو ئامادەبوونەی کورد لە بەغدا بێهەژموونە و زیاتر شەرعییەتدانە بە دەستەڵاتی بەغدا تا ئەوەی بتوانن چارەسەری کێشە و پرسەکان بکەن. پرسی بودجە و نەوتیش باشترین بەڵگەن کە بەغدا بەوردەکارییەوە دەیەوێت دەسەڵاتەکانی کورد سنووردار بکات.
هۆکارە کەلتورییەکانیش، هەمیشە مەترسین بۆ دروستبوونی جینۆساید و هۆکارە سیاسی و ئابوورییەکان بەهێزتر دەکەن. چۆن لە ڕواندا ئەو هۆکارانە قوڵ ببوونەوە و توتسییەکان پێیان وابوو ئەوان باڵاترن و وڵات هی خۆیانە، بەدرێژایی مێژووی عێراقیش، دەوڵەتی عێراق ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ کەمینەی عەرەبی سوننەی زاڵ دەکرد، کە کەلتوری خۆبەزلزانی پەرە پێدەدا. ئەمڕۆش عەرەبە شیعەکان کە دەستەڵاتیان کەوتۆتە دەست، هەموو کون و کەلەبەرەکانی وڵاتیان بە میلیشیا شیعییەکان تەنیوە و هەمان کەلتوری هەژموونگەرایی مەزهەبی پەرە پێدەدەن. ئەمانەش بەشداریکردن و ساناکردنی توندوتیژیی و قڕکردن دێننە گۆڕێ، کە لە ڕووداوەکانی کەرکووک بە ئاشکرا هەستی پێ دەکرا ودەبینرا.
لە ڕواندا، ڕاگەیاندن و میدیا ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەریان لە بەرەوپێش بردن و خەستکردنەوەی ڕووداوەکان هەبوو، ئەویش لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی دەنگوباسی پڕ ڕق و قینە و هاندانی توندوتیژی و چەواشەکردنی ڕووداوەکان. ڕادیۆکان زۆر بە خەستی پڕوپاگەندەیان پەخش دەکرد بۆ هاندانی هوتووەکان دژ بە توتسییەکان و بە ئامانج گرتنیان. هەمان ئەو نەفەسە لە میدیای عێراقی، بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مەترسی لەسەر بەدوژمنکردن و لەمرۆڤخستنی کورد و بنکۆڵکردنی دڵسۆزیی کوردەکاند هەستی پێدەکرێت. تورکیاش لەو لاوە، مەترسی لەسەر تورکمانەکانی کردووە بە فۆبیا.
بەو جۆرەش، سێ لایەن، عێراق و ئێران و تورکیا، کورد بە هەڕەشە دەبین، چونکە دوای زیاتر لە سەد ساڵ لە تەعریب ئێستاشی لەگەڵدا بێت کوردەکان هەر زۆرینەی ئەو شارە و ئەو پارێزگایەن.
ڕوانگە و ئاراستەی ڕووداوەکان
ئەو دابەشبوونەی کە لە کەرکووک هەیە لە سنوورە سیاسییەکاندا نەماوەتەوە، بە هەموو پێوەرەکان ڕق و دابەشبوونەکان بەکۆمەڵایەتیی کراون و ئاسایی و نۆڕمالیزە کراون. نۆڕمالیزەبوونی ڕقبوونەوە و بە سووک و کەم تەماشاکردنی بەرامبەر، سنوورە ئاساییەکانی نێوان گروپە مرۆییەکانی بڕیوە و بووە بە نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتیی. بێجگە لەوەی کە ئەو جۆرە دەربڕینە جۆرێکە لە بێئاگابوون لە ڕووداوەکانی ناوچەکە و تێنەگەیشتن لە پڕۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە هاوچەرخەکان.
هێزی دەستەڵاتدار لە کەرکووک کە پشتی بە سوپا و میلیشیاکان بەستووە، زەمینەیەکی لەباری خولقاندووە بۆ دژە-کوردبوون. زەمینەیەک کە ئەگەر نەشڵێین سەدەیەکە، بەڵام لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک کار دەکات. پڕۆسەی تەعریب، کە ئاماژەی پێکرا، تا ئەمڕۆش بە چەندین شێواز لەبرەودایە و چاوچنۆکییەکی ئابووری زۆر ڕووی لە کەرکووکە. ئەویش بەهۆی بەپیتی خاکەکەی و زۆربوونی دەستی کار بەهۆی بوونی کۆمپانیاکانی نەوت و پێگەی ستراتیجی شارەکە. وایان کردووە، ئەگەر هەوڵەکان ئاشکراش نەبن، بە شاردراوەیی بەردەوام بن بە مەبەستی کەمکردنەوە و سنووردارکردنی چڕیی دانیشتوانی کورد لە کەرکووک.
جگە لەمانە، حیزبە کوردییەکان، تۆمەتبارن بەوەی کە سەرەڕای ئەوەی ساڵانێک دەستەڵاتییان لە کەرکووک هەبوو، کەچی هیچ هەوڵێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی کەرکووک نەبوو. هاوکات، ڕەفتار و ئاکاریان لەوکاتدا هێندە ناشیرین و هەڕەمەکییانە بوون، جۆرێک لە ترس و گومانی لای گروپە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی کەرکووک دروست کردبوو. لەوانەش ناشیرینتر، دوو پۆلیس و دوو ئاسایش و دوو جۆر ئاڕاستەی ئیداری لە کەرکووک بە میزاجی حیزبی، یەکێتیی و پارتی، کاریان دەکرد. تا ئەوڕۆش هەردوو حیزبی سەرەکی بە ئەقڵییەتێکی خێڵەکی، نابەرپرسیارانە دژ بە یەکدی دەجوڵێنەوە، بێئەوەی مەترسییەکان لەسەر کورد ببینن یان بەهەند وەربگرن. بەجۆرێک کورد لەو شارە بۆتە پاروێکی چەوری میلیشیاکان و عەرەبە هاوردەکان و خەڵکی نابەرپرس. لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەش، بە باشی دەرکەوت کە بوێری ئەوەیان تێدا نەبوو، ڕێگری لە کوشت و بڕی هاوزمان و هاونەتەوەکانییان بکەن. تا ئێستاش هەنگاوێکی بوێرانەیان نەناوە بۆ ئەوەی گرتن و تۆقاندنی خەڵکی کورد لەو شارە ڕابگرن.
ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکووک ئەوەیان سەلماند، کوشتن لەسەر ناسنامە لە ئاوخواردنەوەیەک ئاسانترە و دەیان و سەدان پاساو هەن بۆ کوشتنی بەرامبەر. پشتئەستوور بوون بە سوپا، میلیشیاکان و دەسەڵاتی ئیداری پارێزگاکە، بەمەبەستی زاڵبوون، جۆرێک لەخۆباییبوون و هێزی نابینای لای تاکەکان دروست کردووە، زاڵبوونێکی کوێرانە و ڕیشەکێشانە دژ بە گروپی بەرامبەر، کە لێرەدا کوردن. زاڵبوونێک لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە پەسەندکراوە و لەلایەن عەرەبە هاوردەکان و میلیشیاکان شەرعییەتێکی نیشتیمانییشی پێدراوە، بەوەی کەرکووک شارێکی عێراقییە و هەموو جۆرە جموجۆڵێکی ناعەرەبی، ناعێراقی، لەو شارە، بە ئاڕاستەی دابەشبوون و کەرتکردن و لەتکرنی پارێزگاکە و عێراقە. قوڵبوونەوەی ئەم ترسە بەکۆمەڵایەتیی کراوە. ئەگەر لە ڕابردوودا حکومەت نوێنەرایەتی ئەو جۆرە گوتارەی کردبێت، ئێستا ئەو گوتارە دابەزیوەتە ناو خەڵک و خەڵک بۆ خۆی دەیەوێت بەرگری لە “یەکێتیی خاکی عێراق” بکات. لە گوتاری زۆرینەی حیزبە شیعییە دەستەڵاتدارەکان، سەدرییەکان و میلیشیاکاندا ئەو نیگەرانییە بەردەوام و بە ئاشکرا کار دەکات و لە گەشەکردنیش دایە. تاکە لایەنیش کە مەترسی بێت لەسەر “دابەشبوون”، لە گوتار و بیرکردنەوەی ئەواندا، تەنها کوردە.
تورکمانەکان، هەڵەیەکی میژوویی دەکەن کە پشتیوانی لەو نیگەرانییەی عەرەبەکان دەکەن، لەلایەک، ئەو نیگەرانییە لە حکومەت و دامودەزگاکانەوە نییە، بەڵکو هی خەڵکی هاوردە و میلیشیاکانە، بە ئامانجی زاڵبوون و دەستکەوتی ئابووری و ئیداری زیاتر بەرهەمهێنراوە. جگە لەوەش، ئەگەر ئەو نیگەرانییە ئەمڕۆ دژ بە کورد بێت، بەیانی ڕوو لەوانیش و لە کرستیانەکانیش دەکات. ڕوو لە هەموو ناسنامە و هەستێکی ناعەرەبی دەکات. ئەوەش بەمانای ئەوە نا بەرەیەکی دژە عەرەبی دروست بکرێت و ڕووبەڕووی ئەو هەستە دژە ناعەرەبییە ببنەوە، بەڵکو بەهێزنەکردنی ئەو هەستە دژە-کوردییە کە خەریکە بە تێپەڕبوونی کات تەشەنە دەکات، کە لە هۆشیارییەکی شۆڤینیستانەی کۆمەڵایەتییەوە سەر دەگرێت. خاوکردنەوەی ئەو هەستە دژە-ناعەرەبییەش، لەوەدا لاواز نابێت پشتئەستوور بن بە دەوڵەتە دراوسێکان، یا بە جەمسەرگیری دژ بە عەرەب یا دژ بە کورد، بەڵکو بە دروست کردنی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی، بە خەسڵەتەکانی لێبووردەیی و گێڕانەوەی ماف بۆ مافخوراوان و نەهێشتنی فشارەکان.
ئەگەر خێرا میکانیزمێکی ئیداری، کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخەی کەرکووک نەدۆزرێتەوە، ئەگەر جارێکی دیکە پرس و کێشەکانی شارەکە بەزەبری هێز کۆنتڕۆڵ بکرێت، کە زیاتر مەبەست لێی بەرزەفت کردنی کوردە، ئەوە بە دڵنیایی ئەو توڕەییە پەنگخواردوەی لەنێو کوردەکاندا هەیە بەهێزتر دەبێت و ئەگەرەکانی تەقینەوە دێنێتەگۆڕێ و کۆنتڕۆڵ کردنی ئەستەم دەبێت. ئەوسا ڕووبەڕووی پڕۆسەی جینۆساید دەبینەوە، کە لە ناوەڕۆک و ڕوخسار لە جینۆسایدی سێربرینیچا و ڕواندا دەچێت. لەو ڕووەشەوە، بەئامانجگرتنی ئەو گەنجانەی کورد لەلایەن هێزە عێراقییەکان دوو نیگەرانی گەورەی دروست کردووە.
یەکەم: کوشتن لەسەر ناسنامە، بەپێی کۆمەڵێک داتا و ڕاگەیاندن حەزێکی بەربڵاوە لەناو سوپا و خەڵک، کە کراوە بە خواستێکی سیاسیی-کۆمەڵایەتیی-ئابووریی. کوشتن کراوە بە حەزەی کە ڕق و قینەی گروپی دەسەڵاتدار (عەرەبە هاوردەکان و میلیشیاکان) دادەمرکێنتەوە. ڕژانی خوێنی چوار کورد کۆتایی بە داخستنی ڕێگای کەرکووک-هەولێر هێنا، چونکە خوێنی تێدا ڕژا. هێز بەکارهات و دەماری نێرایەتی هێزە عێراقییە شەرخوازەکانی تێدا خاو کرایەوە.
دووەم: ترسێکی دیکەش کە پێشتریش بوونی هەبوو بەڵام ئەمجارەیان گەورەترە، ئەویش مەترسی بوون بە سەربازە لەناو سوپای عێراقدا. سەربازانی کورد لەناو سوپادا، چیتر وەکو کورد بیرناکەنەوە. بیرکردنەوەی دەستەجەمعی سەربازەکان، وەکو گروپێکی سەربازی، بێجگە لەوەی کە لەسەریانە گوێڕایەڵی فەرمانە گشتییەکانی سەرەوەی خۆیان بن، ئەو بیرکردنەوە دەستەجەمعییە، بەهێزتر دەکات لەوەی کە لەحاڵەتی ئاساییدا هەیە. نموونەش ئەو مێرمنداڵە کوردە بوو کە کەوتبووە دەست کۆمەڵێک سەربازی کورد و عەرەب لە سوپای عێراق لە کەرکووک. مێرمنداڵەکە هاواری دەکرد و دەیگوت من هیچ پەیوەندیم بە خۆپیشاندانەکانەوە نییە و من بێگوناهم، بەڵام سەربازە کوردەکان بەزەییان پێیدا نەدەهاتەوە، چ جای ئەوەی لەوە بکۆڵنەوە داخۆ ئەو مێرمنداڵە هیچ تاوانی کردووە یان نا، یان هەر هیچ نەبێت لەبەر ئەوەی تەمەنی لە خوار هەژدە ساڵییەوەیە دەبێت مامەڵەی تایبەتی لەگەڵدا بکرێت. ترسە گەورەکەش ئەوەیە، ئەگەر سەرباخێکی کورد لە نیگەرانییەکانی خەڵکی کورد و هاوزمانانی خۆی تێنەگات، چۆن گلەیی لە سەربازێکی عەرەبی ناو سوپا دەکرێت؟
ڕێگریکردن لە جینۆساید، کە بەپێی هەر دە پێوەرەکانی گریگۆری ستاندۆن نیشانەکانی ئێستا لە کەرکووک لە ئارادان، ڕێکاری توند و سەرتاپاگیری دەوێت بۆ ڕێگریکردن لێی. پێویستی بە گرتنەبەری پڕۆسەیەکی بەرفراوان هەیە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کۆمەڵایەتیی-سیاسیی کەرکووک. هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانەی کە هۆکارن بۆ نائارامی سیاسی و کۆمەڵایەتی کارێکی هەنووکەیی پێویستە. نەهێشتنی میلیشیاکان لەو دەڤەرە ئەرکێکی هەنووکەیی و مرۆییە. ڕادەستکردنەوەی شار بە پۆلیسی ناوخۆیی و دوورخستنەوەی هەموو جۆرە دیاردەیەکی سەربازی و میلیشیایی بۆ پڕۆسەی ئاساییکردنەوە کاریگەریی لەسەر دۆخەکە دەبێت. ڕاستە پارێزگار سەپێندراوە بەڵام بەهۆی ناتەبایی هێزە کوردییەکانەوە ئەم کارە درێژەی پێدراوە. بۆیە حیزبە کوردییەکان بەشێک لە بەرپرسیارێتی و گوناهی ئەو دۆخەیان لە ئەستۆ دایە. لەکۆتاییدا، هەمیشە دەگوترێت، نابێت چیتر جینۆساید دووبارە ببێتەوە، بەڵام هەمیشەش بەهۆی کەمترخەمی لایەنەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دووبارە دەبێتەوە.
لە هەموو ئەو خاڵانە گرنگتر، کە دەبێت جەختی لەسەر بکەینەوە، بەربڵاوی کەلتوری جینۆسایدە لە عێراق. عێراق لە ڕابردوودا ئەزموونێکی خراپی لە جێبەجێکردنی جینۆسایدی کورد هەیە کە لانیکەم زیاتر لە پێنج بڕیاری جینۆساید لە بەغدا لە شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکان دژ بە کورد دەرچوون. عێراق دەیان ساڵ ئەزموونی پڕتوندوتیژیی و کێشەئامێزی تەعریب و ڕاگواستن و چۆڵکردنیشی هەیە. لەوەتەی شیعەکانیش باڵادەستن لە ٢٠٠٣ وە ئەزموونی بەشیعەکردن و شەڕی مەزهەبی و کوشتن لەسەر ناسنامە لە ترۆپکدا بووە. دووبارەبوونەوەی جینۆساید دژ بە کورد، بۆ میلیشیاکان، کە دەوڵەتیان لە پشتە و بودجەیەکی زەبەللاحیشیان هەیە، لە خواردنەوەی پەرداخە ئاوێک ئاسانترە. بۆیە پێش تا دەبێت بەڕی بەخۆدادەیت.



