عێراق وه‌كوو ده‌وڵه‌ت به‌م سنوور و قه‌واره‌یه‌ى ئێستایەوە، هەمووی سەد ساڵ تەمەنیەتی. ئه‌گه‌رچى ناوى عێراق زۆر كۆنه، به‌ڵام پێش سەد ساڵ و به درێژایى مێژوو، ده‌وڵه‌تێك نه‌بووه ناوى عێراق بووبێت. پێش ئیسلام و له كاتى سه‌رهه‌ڵدانى ئیسلامدا، نه‌ك قه‌واره‌یه‌ك نه‌بووه ناوى عێراق بووبێت، به‌ڵكو شتێك نه‌بووه ناوى نیشتیمانى عه‌ره‌بیش بووبێت. كه ئیسلام پەیدا بوو، جگه له به‌شێكى نیمچە دوورگەی عه‌ره‌ب، ئیتر ئه‌م وڵاتانه‌ى كه ئێستا به نیشتیمانى عه‌ره‌ب ناسراون موڵكى چه‌ند ئیمپراتۆریه‌تێكى گه‌وره‌ى ئه‌و كاته‌ى جیهان بوون. بێزه‌نتییه‌كان فەرمانڕەوای وڵاتانى شام و میسر و مه‌غریب بوون، ساسانییه‌كانیش ئه‌و زه‌وییانه‌ى باشوور و ناوه‌ڕاستى ئێستاى عێراق و یه‌مه‌ن و هه‌موو كه‌نداویان له‌ژێرده‌ستدا بوو. ته‌نانه‌ت تا ئه‌وده‌مه‌ش كه عه‌ره‌به‌كان نه‌ببوون به موسڵمان، نیمچه دوورگە‌ى عه‌ره‌ب بۆ خۆى ده‌وڵه‌تێكى یه‌كگرتووى عه‌ره‌به‌كانى پێك نه‌ده‌هێنا. دواى مردنى پێغه‌مبه‌رى ئیسلام، له سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى خه‌لیفه ڕاشدییه‌كان، هێرش و داگیرکارییەکانی عه‌ره‌به موسڵمانه‌كان به‌ره‌و شام و سه‌رزه‌مینه‌كانى ئێستاى عێراق ده‌ستى پێكرد. له سه‌رده‌مى خه‌لیفه عومه‌ری بن خەتابدا سوپاى ئیسلام گه‌یشته كوردستان، سه‌ره‌تا مووسڵ‌یان گرت و له‌وێشه‌وه به‌ره‌و باکوور و خۆرهه‌ڵات تا شاره‌زوور پێشڕه‌وییان كرد.
سه‌رزه‌مینه‌كانى باشوور و ناوه‌ڕاستى عێراقى ئێستا به‌راورد بە نیمچه دوورگە‌ى عه‌ره‌ب، یه‌كێك بوو له‌و سه‌رزه‌مینه به‌پیتانه‌ى كه پاش داگیرکاریی به لێشاو عه‌ره‌به كۆچه‌ره‌كانى نیمچه دوورگە‌ى عه‌ره‌ب و موسڵمانه شه‌ڕكه‌ره‌كان تێیدا نیشته‌جێ بوون و جێیان نه‌هێشت. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى جگه له عه‌ره‌ب پێشتر نەتەوەی دیکەی غه‌یره عه‌ره‌بیش نیشته‌جێى ئه‌و سه‌رزه‌مینانه بوون. بۆیه مێژوونووسانى عه‌ره‌ب خۆیشیان زاراوه‌ى “عێراقى عه‌ره‌بى” و “عێراقى عه‌جه‌مى”یان بۆ ناوچه جیاجیاكانى ئه‌و سه‌رزه‌مینانه به‌كارهێناوه. ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌مه‌ش عێراقى عه‌ره‌بى یان عێراقى عه‌جه‌مى هێما نه‌بووە بۆ قه‌واره‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ و دیاریكراو یا ده‌وڵه‌تێكى خاوه‌ن سنوور، به‌ڵكو ته‌نیا وه‌كو زاراوه‌یه‌كى جوگرافیایى كه سنوورى باکوورى له شارى تكریت سه‌رى نه‌كردووه، به‌كارهاتووه(١) .
هەڵکەوتە‌ى عێراق وای كرد، دواى نه‌مانى ده‌سه‌ڵاتى خه‌لیفه ڕاشدییه‌كان و پووكانه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌مه‌وییه‌كان، عه‌باسییه‌كان به‌غدا بكه‌نه مه‌ڵبه‌ندى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان. به‌ڵام عه‌باسییه‌كان عێراقیان نه‌كرده ده‌وڵه‌تێكى خاوه‌ن سنوور، به‌ڵكو عێراقى ئێستا به‌شێكى بچووکى ئه‌و ده‌وڵه‌ته پانۆپۆڕه بوو كه قەڵەمڕۆکەی له سه‌رووى ئه‌فه‌ریقاوه تا هیندستان ده‌كشا.
مه‌غۆله‌كان به‌سه‌ركردایه‌تى هۆلاكۆ له ١٢٥٨ به‌غداى پایته‌ختى عه‌باسییه‌كانیان گرت، به‌شى هه‌ره‌زۆرى سه‌رزه‌مینه‌كانى عێراقى ئێستایان كرده ولایه‌تێك له ولایه‌ته‌كانى ئیمپراتۆریه‌تى ئێلخانى. به‌ڵام له ١٣٣٧ پاش ململانێی ناوخۆیی ئێلخانییه‌كان، به‌غدا و عێراقى ئێستا و نیمچه دوورگە‌ى عه‌ره‌بی و ئازه‌ربایجان كه‌وتنه ژێرده‌ستى جه‌لائیرییه به بنه‌چه مه‌غۆلییه‌كان. سه‌رۆكى جه‌لائیرییه‌كان شێخ حه‌سه‌ن كوڕى حوسێن كوڕى ئامتوغانى جه‌لائیرى جیابوونه‌وه‌ى خۆى له ئێلخانییه‌كان ڕاگه‌یاند. له ١٣٨٣ دا به‌غدا كه‌وته ژێر ده‌ستى ته‌یمورله‌نگ، تا ١٥٠٨ كه شا ئیسماعیلى سه‌فه‌وى به‌غداى له ده‌ستى مه‌غۆله‌كان سه‌نده‌وه، عێراقى ئێستا هه‌ر له‌ژێر ده‌ستى مه‌غۆله‌كاندا بوو(٢). له سه‌ده‌ى شازده به‌دواوه، سه‌رزه‌مینه‌كانى عێراقى ئێستا بووه مه‌یدانى ململانێى تووندى نێوان هه‌ردوو ئیمپراتۆریه‌تى سه‌فه‌وی و عوسمانى.
ئیمپراتۆریه‌تى عوسمانى كه تا ده‌مه‌ده‌مى جه‌نگى یەکەمی جیهانیى به‌شى هه‌ره‌زۆرى گه‌لى عه‌ره‌ب و به‌شى هه‌ره‌زۆرى گه‌لى كوردى له‌ژێرده‌سه‌ڵاتدا بوو، كوردستانى به‌سه‌ر چه‌ند ولایه‌تێكدا دابه‌ش كردبوو، له‌وانه ولایه‌تى شاره‌زوور كه پاشان خرایه سه‌ر ولایه‌تى موسڵ. گه‌لى عه‌ره‌بیشى به‌سه‌ر ولایه‌ته‌كانى سوریا و به‌غدا و به‌سره و حیجاز و به‌یروت و میسرى خدێوی و هى تردا دابه‌ش كردبوو. بۆیه ئه‌و كاته‌ش و تا دواى جه‌نگى یه‌كه‌می جیهانیىش، عێراقى ئێستا نه‌ك هه‌ر ته‌عبیر نه‌بووه له قه‌واره‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆى خاوه‌ن پێناس، به‌ڵكو سه‌رزه‌مینه‌كانى ئێستاى عێراق وه‌كو باقى ڕه‌عییه‌ته‌كانى تر‌ى ده‌وڵه‌تى عوسمانى ته‌خشان و په‌خشانى چه‌ند ولایه‌تێك كرابوون. ته‌نانه‌ت ناوى عێراقیش له ئارادا نه‌بووه و به‌شێكى ئه‌م خاكه‌ى ئێستاى عێراق هه‌ر به ناوى کوردستان و میزۆپۆتامیا یان وڵاتى نێوان دوو-ڕووبار، ناسرابوو(٣) . بۆیه عێراق وه‌كو ده‌وڵه‌ت، یان سنوورێكى جوگرافیایى دیار و قه‌واره‌یه‌كى یه‌كگرتوو پێش بیسته‌كانى سه‌ده‌ی پێشوو بوونی نه‌بووه.
عێراق و حكومه‌ته عه‌ره‌بییه‌كانى تا به به‌عس ده‌گات، هه‌میشه كوردیان به مه‌ترسییه‌كى گه‌وره له سه‌ر ئاسایشى ده‌وڵه‌تى عێراق بینیوە. به‌پێى ئه‌و تێڕوانینە ڕژێمه جیاجیاكانى عێراق، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه به‌عس په‌نایان بۆ هه‌موو شێوازه‌كانى ته‌فروتووناكردنى هێزى مرۆیى کورد بردووە، ئەویش لە ڕێی ڕاگواستن و چۆڵکردن و ته‌عریبكردن، پاشانیش قڕکردن.
سیاسه‌تى ته‌عریب داهێنانێكى به‌عسیانه نییه، ته‌عریب ڕه‌گوڕیشه‌ى كۆنى هه‌یه، ده‌توانین ئاكاره‌كانى سیاسه‌تى ته‌عریب و ڕاگواستن و به‌زۆر نیشته‌جێكردن له كوردستانى باشووردا بۆ سێ قۆناغى سه‌ره‌كى دابه‌ش بكه‌ین. به‌م شێوه‌یه: یەکەم: قۆناغى پێش دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عێراق؛ دووەم: قۆناغى پاش دامه‌رزاندنى ده‌وڵه‌تى عێراق؛ سێیەم: قۆناغى ده‌سه‌ڵاتدارێتى به‌عس.
قۆناغى پێش دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عێراق
پێداچوونه‌وه‌یه‌كى خێراى مێژووى دانیشتوانى سه‌رزه‌مینه‌كانى ئەوەی ئێستا پێی دەگوترێت عێراق، ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه له كاتێكدا تا هه‌زار ساڵى پێش زایین هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ نیشته‌جێبوونى عه‌ره‌ب له عێراقدا نییه، كه‌چى هه‌شت هه‌زار ساڵ پێش زایین له ناوچه شاخاوییه‌كانی سه‌رووی میزۆپۆتامیادا، ژیان به‌رده‌وام بووە.
ئه‌كه‌دییه‌كان یه‌كه‌م گرووپى سامیى گه‌وره بوون كه له كۆتایى ٤٠٠٠ ساڵى پێش زایین له دوورگە‌ى عه‌ره‌به‌وه به‌ره‌و ناوچه‌كانى باشوور و ناوه‌ڕاستى عێراقى ئێستا و ئاشورییه‌كانیش به‌ره‌و باکوور هه‌ڵكشاون. وا پێده‌چێت بۆ یه‌كه‌مجار چه‌ند سه‌د ساڵێك پێش زایین ئاشورییه‌كان ناوى عه‌ره‌ب یان ناوێكى له‌و بابه‌ته‌یان بەرچاو کەوتبێت یان بەکار هێنابێت(٤).
هاتن و داگیرکارییەکانی موسڵمانان یه‌كه‌مین هۆكارى گه‌وره‌ى هاتنى عه‌ره‌ب و نیشته‌جێبوونیانه له دوورگە‌ى عه‌ره‌به‌وه به‌ره‌و عێراقى ئێستا. عەرەبە موسڵمانەکان هه‌ر ناوچه‌یه‌كیان ده‌گرت خێڵه عه‌ره‌به‌كانیان تێدا نیشته‌جێ ده‌كرد. لە هەمان سۆنگەوە لەگەڵ هاتنی موسڵمانان بۆ كوردستانى باشوور لێشاوى خێڵه عه‌ره‌به‌كانیشی به دواى خۆیدا هێنا. هه‌موو ئه‌و خێڵه عه‌ره‌بانه‌ى كه له گرتنى شارى موسڵ و شەنگال دا به‌شدار بوون، جێیان نه‌هێشت و تێیدا نیشته‌جێ بوون. موسڵ و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ى كه زۆربه‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى كورد بوون، له سه‌رده‌مى ڕاشدیندا و پاشانیش له سه‌رده‌مى ئه‌مه‌وی و عه‌باسییه‌كاندا، چه‌ندین خێڵى عه‌ره‌ب له به‌سره و كوته‌وه ڕژانه سه‌ری و تا واى لێهات به قسه‌ى به‌لازورى بووه یه‌كێك له گه‌وره‌ترین شاره‌كانى موسڵمانان(٥).
لێشاوى ته‌عریب له سه‌رده‌مى عه‌باسییه‌كاندا گه‌یشته ئه‌وپه‌ڕى، حه‌مه‌وی باس له‌وه ده‌كات كه زۆربه‌ى دانیشتوانه كورده‌كه‌ى شارى هه‌ولێر له‌ژێر كاریگه‌ریى ئه‌و لێشاوه به‌خووڕه‌دا بوونه عه‌ره‌ب(٦).
دواجار له ناوه‌ڕاستى سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌دا كۆچ و ڕه‌وێكى گه‌وره‌ى خێڵه‌كی له ناوچه‌ى جزیره‌ى خۆرئاواى فوراته‌وه ڕووی دا. ئه‌و كۆچبەرانه به‌شێكى زۆرى خێڵى گه‌وره‌ى شه‌مه‌رى له نه‌جده‌وه ڕژانه سه‌ر عێراق. ئیتر له‌و ده‌مه‌وە و به‌ره‌و دوا، پێكهاته‌ى ڕه‌گه‌زیی دانیشتوانى عێراق به كوردستانى باشووریشه‌وه، به تایبه‌تیش پاش سیاسه‌تى نیشته‌جێكردنى ئه‌و خێڵه عه‌ره‌بانه له‌سه‌ر ده‌ستى والیه عوسمانییه‌كاندا، ئاڵۆگۆڕى گه‌وره‌ى به‌سه‌ردا هات و واى لێهات عه‌ره‌ب بوونه زۆرینه‌ى دانیشتوانى عێراق.
قۆناغى پاش دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عێراق
ئه‌گه‌رچى هه‌روه‌كو پێشتر باسی لێوه‌كرا، سیاسه‌تى ته‌عریب ڕه‌گوریشه‌ى كۆنى هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م سیاسه‌ته به‌شێوه‌یه‌كى گشتی و له چوارچێوه سیستماتیكییه‌كه‌یدا بۆ سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه. ده‌وڵه‌تى تازه پێكهاتووى عێراق بە ده‌ستنێژى ئینگلیز، هه‌ر زوو ده‌یزانى كه بەبێ كوردستانى باشوور تواناى به‌رده‌وامبوون و ژیانى نابێت. فه‌یسه‌ڵ له وتارێكدا كه له موسڵ خوێندرایه‌وه گوتى: “حكومه‌تى به‌غدا به‌بێ كوردستانى باشوور و موسڵ ڕۆژێك ناژى”(٧). عێراق ئه‌وه‌شى ده‌زانى كه كوردستانى باشوورى به زۆر و بێگوێدانه خواستى دانیشتوانه‌كه‌ى به عێراقه‌وه لكاندووه. بۆیه هه‌میشه ترسى جیابوونه‌وه و یاخیبوونى ئه‌و وڵاته به‌زۆر لكێنراوه‌ى له به‌رچاودا بوو، سڵى له هیچ هۆكارێك بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه نه‌كردۆته‌وه. مەلیک فەیسەڵ لە یاداشتەکەی پێش مەرگی دەڵێت “سوپا بڕبڕەی پشتی دروستکردنی نیشتیمانە”، داوا لە سوپاش ناکات کە “پارێزگاری لە ئێمە بکات لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان، بەڵکو سەرکوتکردنی دوو سەرهەڵدانە، ئەگەر لە دوو دەڤەری دوورلەیەک سەریانهەڵدا”(٨).
ئه‌گه‌ر ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارێتى پاشایه‌تى به هۆى نه‌بوونى سه‌رژمێریی وردى دانیشتوان و چۆنێتى نیشته‌جێبوونیان واز لێ بهێنین و كۆڵینكارى پاش ئه‌و ماوه‌یه و به‌تایبه‌تیش مێژووى سه‌رژمێریی دانیشتوان له عێراقدا له ١٩٥٧ دا بكه‌ین، ئه‌وا بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه كه ته‌نیا له ماوه‌ى بیست ساڵى نێوان سه‌رژمێریى دانیشتوان له ١٩٥٧ دا كه به یه‌كه‌مین سه‌رژمێریی ڕاست و دروست داده‌نرێت و سه‌رژمێرى ١٩٧٧ دا كه ئیتر ده‌سپێكى ته‌عریبكردنى به‌رنامه بۆ داڕێژراوى به‌عس بوو، كۆچكردنى عه‌ره‌ب بۆ پارێزگاكانى كوردستانى باشوور به‌شێوه‌یه‌ك زیادى كردووه، كه هیچ گومانێك بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و پیلانه ناهێڵێته‌وه كه له‌سه‌ر ده‌ستى حكومه‌ته جیاجیا عه‌ره‌بیه‌كانى عێراقدا و به‌مه‌به‌ستى كه‌مكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى كورد و زۆركردنى ژماره‌ى عه‌ره‌ب له كوردستاندا جێبه‌جێ كراوه. ئه‌وه‌تا “له كاتێكدا زیادبوونى ڕێژه‌ى عه‌ره‌ب له‌ماوه‌ى نێوان ١٩٥٧-١٩٧٧دا له پارێزگاكانى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراقدا دابه‌زیوه‌ته خوار، هه‌مان ڕێژه له نێو دانیشتوانى پارێزگاكانى كوردستاندا په‌ره‌ی سه‌ندووه. زیادبوونى ژماره‌ى عه‌ره‌ب بەڕێژه‌ى ٤٠٠% له پارێزگاى سلێمانیدا په‌ره‌ى سه‌ند و زیاتر له ٩٠% له پارێزگاى كه‌ركووك و نزیكه‌ى ٦٤% له پارێزگاى هه‌ولێر. له پارێزگاى مووسڵیش (به‌دهۆكه‌وه) ڕێژه‌ى زیاده‌كه له ٣٠% ڕه‌ت بوو”(٩).
به‌و پێیه “ڕێژه‌ى عه‌ره‌ب له پارێزگاى موسڵ له ماوه‌ى ساڵانى نێوان ١٩٥٧-١٩٧٧دا له ٥٦%ه‌وه بۆته ٧٤%ى سه‌رجه‌مى دانیشتوان، ڕێژه‌ى كوردیش له ٣١%ه‌وه دابه‌زیوه‌ته سه‌ر ٢٥%. له پارێزگاى هه‌ولێریش ڕێژه‌ى دانیشتوانى عه‌ره‌ب له ٧% ـه‌وه بۆ ١٠% ى سه‌رجه‌مى دانیشتوانى پارێزگا زیادى كردووه و له سلێمانیدا له ١% ـه‌وه بۆته ٦% ، كه‌چى ڕێژه‌ى دانیشتوانى عه‌ره‌ب له پارێزگاى کەرکووک له ٢٨% ـه‌وه بۆ ٤٤% زیادى كردووه و به‌رامبه‌ر به‌مه‌ش هى كورد له ٤٨% ـه‌وه دابه‌زیوه بۆ ٢٨% “(١٠).
ئه‌م ڕێژانه ئه‌گه‌ر شتێك بگه‌یه‌نن، ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه ئه‌م پڕۆسێسه له‌خۆ‌ڕا نه‌بووه و كارێكى پێشوه‌خت و به‌رنامه‌ڕێژ بووه و كڕۆكى سیاسه‌تى حكومه‌ته ناوه‌ندییه جیاجیاكانى عێراق بووه به‌مه‌به‌ستى زۆرترى نیشته‌جێكردنى خێڵه عه‌ره‌به کۆچەرەکان له ناوچه ئاوه‌دانه‌كانى كوردستان دا و جێپێلێژكردنى دانیشتوانه كورده‌كه‌ى ئه‌و ناوچانه و ته‌نگ پێهه‌ڵچنیان بۆ كۆچكردن.
قۆناغى ده‌سه‌ڵاتدارێتى به‌عس
به درێژایى مێژوو پێش دامه‌زراندن و پاش دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عێراق، هیچ ڕژێمێك هێنده‌ى به‌عس حیسابى بۆ “مه‌ترسى كورد” له‌سه‌ر ئاییندەی عێراق و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى نه‌كردووه. له سۆنگه‌ى ئاسایشى ناوخۆیى عێراقی به‌عسه‌وه، كورد یه‌كه‌مین و گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه له‌سه‌ر ئاستى ناوه‌وه. بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ى ئه‌و مه‌ترسییه‌ش به‌عس پلانى جه‌نگێكى بێبڕانه‌وه‌ى بۆ ته‌فروتوناكردنى هێزى مرۆیى كورد پیاده كردووه.
به‌عس به‌شێوه‌یه‌كى سیستماتیكى و قۆناغ به قۆناغ كه‌وته ده‌ستنیشان كردن و لەبۆتەدانی كورد، ئه‌ویش به سێ ڕێگه‌ى جیاواز؛ یه‌كه‌میان ته‌عریبكردن، دووه‌میان ڕاگواستن و، سێیه‌میشیان قڕكردن.
له ڕوانگەی به‌عسه‌وه، كورد كه‌مینه‌یه‌كى نه‌ته‌وه‌یى و كوردستان به‌شێكى خاكى عێراق بوو، كورد میوانى خاكى عه‌ره‌به و به‌و پێیه‌ش جگه له كۆمه‌ڵێك مافى كەلتورى و پێكه‌وه‌ژیانى هه‌میشه‌یى له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا، هیچ مافێكى تریان نییه. به‌عس له‌ڕێى ده‌ستكاریكردنى سه‌رژمێرییه‌كان و ده‌ستێوه‌ردانى ڕاسته‌وخۆ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى كورد، چه‌ندین خێڵ و ئاین و ئایینزا و ته‌ریقه‌تى له كورد دابڕى و “له ساڵى ١٩٧٧ دا بڕیارێكیان ده‌ركرد كه به‌گوێره‌ى ئه‌و بڕیاره چه‌ندین عه‌شیره‌ت و په‌یڕه‌وكه‌رانى ئایینى جیاجیاى كوردستان به عه‌ره‌ب له‌قه‌ڵه‌م دران و له ناونووسى گشتى ١٧/١٠/١٩٧٧دا عه‌ره‌بنووسیان كردن”(١١). له‌وانه‌ش، یه‌زیدییه‌كان، كیكان، گه‌رگه‌رى، شه‌به‌ك، گێژ، باڵانى، ساڵه‌یى، شێخ بزێنى، دیانه‌كانى (کرستیانەکانی) كوردستان و شێخ و سه‌یده کوردەكان(١٠).
ڕووپێوى خاكى كوردستانى باشوور به زۆرتر له ٨٥ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە داده‌نرێت، له‌و ڕووبه‌ره‌دا مه‌ڵبه‌ندى چوار پارێزگا؛ سلێمانى، کەرکووک، هه‌ولێر و دهۆك، هەروەها سى و حه‌وت قه‌زاو سه‌د و سى ناحیه‌ى تێ ده‌كه‌وێت. ئه‌و ڕووبه‌ره به‌شێکى گه‌وره‌ى چڕى دانیشتوان و سه‌رچاوه بێشووماره‌كانى نه‌وت و ئاو و كانزاكانى هه‌موو عێراقی ئێستاى تێدایە. به‌پێى ئه‌و سنووره بێت كه له ١٩٧٤ دا بۆ ناوچه‌ى ئۆتۆنۆمى دانرا و به‌عس به كوردستانى له‌قه‌ڵه‌م دا، ته‌نیا ٣٦ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەی له‌و ڕووبەرە هێشته‌وه كه مه‌ڵبه‌نده‌كانى هه‌ر سێ پارێزگاى سلێمانى و هه‌ولێر و دهۆك و بیست و یه‌ك قه‌زا و حه‌فتا ناحیه‌ى له‌خۆ گرتووه. به‌مه‌ش زۆرتر له ٤٨ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەی له خاكى كوردستانى باشوور دابڕى و هه‌موو ناوچه ستراتیجییه‌كانى کەرکووک و مووسڵ و خانه‌قین و ده‌وروبه‌ریانى له سنوورى ناوچه‌ى ئۆتۆنۆمى ده‌رهێنا و به خاكى عه‌ره‌بى له‌قه‌ڵه‌م دان و به كاوه‌خۆ كه‌وته ته‌عریب كردنیان.
سیاسه‌تى ته‌عریب، ڕاگواستن و نیشته‌جێكردنى زۆره‌ملێیانه و پاشان قڕکردنی کوردی به‌دواى خۆیدا هێنا. هه‌ر له سۆنگه‌ى ئاسایشى ناوخۆیى عێراقه‌وه، ڕاگواستنى كورد چه‌ند هۆكارێكى بۆ كراوه‌ته بنه‌ما، كه به‌پێى ئه‌و هۆكارانه چه‌ندین ناوچه‌ى جیاجیاى سه‌ر به كوردستانى باشوور له خه‌ڵكه‌كه‌ى چۆڵ كران و به هێزى سوپا و دانیشتوانى عه‌ره‌ب پڕكرانه‌وه.
هۆكاره‌كانى ڕاگواستن جیاوازن، گرنگترینیان ئه‌مانه‌ن:
- ڕاگواستن به هۆى ته‌وه‌ره ستراتیجییه‌كانه‌وه: كه قه‌زاكانى به‌دره و مه‌نده‌لى و خانه‌قین و شێخان و تەلكێف و ته‌له‌عفه‌ر و شەنگال و به‌شێك له قه‌زاكانى دووز و زاخۆى گرتبۆ‌وه.
- ڕاگواستن به‌هۆى ناوچه نه‌وتییه‌كانه‌وه: قه‌زاى کەرکووک و هه‌ر یه‌كه له قه‌زاكانى دووبز و كۆیه‌ى گرتبۆ‌وه.
- ڕاگواستن به‌هۆى ناوچه سنوورییه‌كانه‌وه: قه‌زاكانى هه‌ڵه‌بجه و پێنجوێن و شارباژێڕ و دوكان و پشده‌ر و چۆمان و ڕه‌واندز و زێبار و ئامێدى و زاخۆى گرتبۆ‌وه(١٢).
- ڕاگواستن به‌هۆى جه‌نگى كوردستانه‌وه: هه‌موو گوند و ئاواییه‌كانى كوردستانى گرتبۆ‌وه كه هێزى سوپا نەیدەتوانی ڕاسته‌وخۆ بیانخاته ژێر كۆنترۆڵى خۆیه‌وه.
ئه‌نجامى ئه‌م سیاسه‌ته، له‌نێوان ساڵانى ١٩٦٨-١٩٨٢ دا پتر له دوو سەد هەزار كوردى فه‌یلى له شاره‌كانى به‌غدا و قه‌زاكانى به‌دره و مه‌نده‌لى و خانه‌قین ده‌ركران و ڕه‌وانه‌ى ئێران كران. جگە لەوە به‌شى زۆرى ناوچه ڕاگوێزراوه‌كانى سنوور و ناوچه نه‌وتییه‌كانیش به‌ره‌و قوڵایى شار و شارۆچكه‌كانى سه‌ر به ناوچه‌ى ئۆتۆنۆمى كۆچیان پێ كرا و له ئۆردوگاى زۆره‌ملێدا نیشته‌جێ كران. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ته‌نیا له پارێزگاى سلێمانیدا، حکومەتی عێراقی ٢٩ ئۆردوگا و له پارێزگاى هه‌ولێردا ١٦ ئۆردوگا و له پارێزگاى دهۆكدا ١٤ ئۆردوگاى زۆره‌ملێى دروست كردبوو.(١٤)
له ١٩٨٥ به‌دواوه سیاسه‌تى سوتماككردنى كوردستان ئاقارێكى مه‌ترسیدارى گرته‌به‌ر. پێش تاوانەکانی ئه‌نفال، به‌شێكى زۆرى دانیشتوانى ئه‌و ناوچانه‌ى ڕاده‌گوێزران ده‌برانه ئۆردوگاوه، به‌ڵام ئه‌نفال له ده‌ره‌وه‌ى ڕاگواستندا ئامانجه شاراوه‌كه‌ى به‌عسی له پشته‌وه بوو، ئامانجى كه‌مكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى كورد ئه‌گه‌ر به قڕكردن و قه‌ڵاچۆكردنیش بێت.
له مێژووى نوێى كوردا، هیچ شاڵاوێکی عه‌سكه‌ریى هێنده‌ى تاوانی ئه‌نفال ڕوو له له‌ناوبردنى كورد نه‌بووه. ئه‌نفال كاردانه‌وه نه‌بوو، لەبەرئەوەی پێش ده‌سپێكى تاوانەکە ده‌وڵه‌تى عێراق پێشتر پلانى تاوانەکەی داڕشتبو، ناوچه‌كانى قڕكردنى دیاری كردبوو. به‌پێى بڕیارێكى “ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى شۆڕش” له ٣٠/٦/١٩٨٧ دا، عێراق هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى كشتوكاڵیى شار و دێهاته‌كانى كوردستانى هه‌ڵوه‌شانده‌وه و هه‌موو كه‌ره‌سته كشتوكاڵییه‌كانیشى قه‌ده‌غه‌كرد(١٥). سه‌رجه‌م قوتابخانه و نه‌خۆشخانه و كاره خزمه‌تگوزارییه‌كانى كێشایه‌وه و زۆنێكى ئاسایشى دروست كرد. به‌پێى چه‌ند بڕیارێكى نهێنى تر كه مه‌كته‌بى ته‌نزیمى شیمال ده‌ری كردبوو، داوا كرابوو وه‌كو ناوچه‌یه‌كى عه‌سكه‌ریى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانى ناو زۆنه قه‌ده‌غه‌كراوه‌كه‌دا بكرێت و هه‌ر كه‌سێكى ته‌مه‌ن ١٥ ساڵ به‌بانه‌وه ده‌ستگیركرا، پاش وه‌رگرتنى زانیارى لێى، بكوژرێت.
كه هێرشه‌كانى ئه‌نفال ده‌ستیان پێكرد، ئیتر زۆنه قه‌ده‌غه‌كراوه‌كه، كه ڕووبەرە‌كه‌ى ده‌یان هه‌زار كیلۆمه‌ترى چوارگۆشه بوو، هه‌زاران گوند و ئاوایى و سه‌دان هه‌زار كه‌سى سیڤیلى تێدا ده‌ژیا، سه‌رله‌به‌ر بووه یه‌ك ئامانج و نیشانى عه‌سكه‌ریى سوپاى عێراق.
لە ئەنجامی ئه‌م تاوانە‌دا كه له مانگى شوباته‌وه تا سه‌ره‌تاكانى ئه‌یلولى ١٩٨٨ درێژه‌ى هه‌بوو، له كۆى ٤٦٥٤ گوندی سه‌ر به هه‌ر سێ پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك، ٤٠٠٦ گوندى له‌گه‌ڵ خاكدا ته‌خت كران و سوتێنران. له كۆى ٢٠٣٥ گوندى ته‌نیا سه‌ر به پارێزگاى سلێمانیدا، سه‌رجه‌م ١٩٩٢ گوندى خاپوور كران. له پارێزگاى هه‌ولێریشدا له‌كۆى ١٤٩٦ گوند، سه‌رجه‌م ١٢٠٥ گوندى خاپوور كران. دواجار له پارێزگاى دهۆك و له كۆى ١١٢٣ گوند، سه‌رجه‌م ٨٠٩ گوندى خاپوور كران. ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى كاولكردنى سه‌دان گوند و ده‌یان قه‌زا و ناحیه‌ى سه‌ر به ناوچه كوردستانییەکانى ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌ى ئۆتۆنۆمى جاران.
ئەنفال کە لە بەشێکی گەورەیدا درێژکراوە و بەرئەنجامی سیاسەتی تەعریب و بەزۆر ڕاگواستنی کوردە، ده‌كرێت دواى هۆڵۆكۆست به گه‌وره‌ترین تاوانى جینۆساید دابنرێت، كه تێیدا ده‌وربه‌رى ١٨٢ هەزار كه‌سی سڤیل بزر و گۆڕغەریب کران.
سەرچاوەکان
- بۆ زۆرتر زانیارى بڕوانه: محمد امین زكى، كورد و كوردستان، جلد ١، به‌غدا، چاپخانه‌ى دارالسلام، ١٩٣١.
- فه‌تاحى قازى، كورد له ئینسكلۆپیدیاى ئیسلامدا، وه‌رگێڕانى حه‌مه‌كه‌ریم عارف، (ده‌ستخه‌ت).
- الاتحاد الوطنی الكردستانی، أغد دیمقراطی أم حرمان شعب حتى من حق الحلم؟ من منشورات الاتحاد الوطنی الكردستانی، ل٣١.
- خه‌لیل ئیسماعیل (دكتۆر)، “گۆڤارى سیاسه‌تى ده‌ولى”، ژماره ١١.
- الامام احمد بن یحیی بن جابر البغدادی البلاذری، کتاب فتوح البلدان، الطبعە الاولی، مطبعە الموسوعات، القاهرە، ١٩٠١، ل٣٣٩.
- شهاب ا‌لدین ابی عبداللە یاقوت بن عبداللە الحموی الرومی البغدادی، معجم البلدان، المجلد الاول، دار صادر، بیروت، ١٩٧٧، ل١٣٨.
- چیا، ئه‌منى ستراتیجى عێراق و سێ كوچكه‌ى به‌عسىیان: ته‌رحیل، ته‌عریب، ته‌بعیس، له‌بڵاوكراوه‌كانى ده‌زگاى ناوه‌ندى رۆشنبیرى كۆمه‌ڵه‌ى ره‌نجده‌رانى كوردستان، ١٩٨٧. ل٩٤.
- عبدالرزاق الحسنی، تاریخ الوزارات العراقیة، الاجزاء ١-٣، الطبعة السابعة، بغداد: دار الشٶون الثقافیة العامة، ١٩٨٨، ج٣، ل ٣١٦-٣١٧.
- خه‌لیل ئیسماعیل (دكتۆر)، هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوو.
- هه‌مان سه‌رچاوه.
- چیا، هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوو. ل٢٧٠.
- هه‌مان سه‌رچاوه. ل١٣٤.
- 13. هه‌مان سه‌رچاوه. ل١٣٠.
- هه‌مان سه‌رچاوه.
- الوقائع العراقیه، العدد ٣١٥٨، بغداد، ١٣/٧/١٩٨٧.