سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

فرانز فانۆن، تا لە کەرکووک نەژیابیت؟

دەبێت ئەزموونی ئەوەت هەبێت وەک کوردێک لەناو شاری کەرکووک ژیا بیت، ئینجا دەتوانیت لەو تووڕەییە زۆرەی ناخی کوردانی ئەو شارە تێبگەیت کە ئاوا هێناونیەتیە سەر جادە و خۆیان بە کوشت دەدەن. ئەوەی کە پێتوابێت ئەو خەڵکە، لەبەر فەقیرحاڵیی و کەمیی هۆشیاریی سیاسیی سەر لە وەزعەکە دەرناکەن، یان پێتوابێت ئەو خەڵکە تەنها بە هاندانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاوا ژیانی خۆیان دەخنە مەترسییەوە، ئەوا بزانە کە ئەگەر کەسێک هەبێت لەو نێوەندەدا کە فەقیرحاڵە و لەبەر کەمیی هۆشیاریی سیاسیی سەر لە وەزعەکە دەرناکات، تەنها تۆیت.

تا لە کەرکووک نەژیابیت نازانیت هەستی چ هێرشێکی گەورە دەدات بۆ سەر ڕێزی خۆت بۆ خۆت، کاتێک کە لەگەڵ عەرەبێکدا قسە دەکەیت، دیارترین و بەڵگەنەویسترین شت ئەوەیە کە دەبێت تۆ بە عەرەبیی، زمانی ئەو، قسە بکەیت نەک ئەو کوردیی، زمانی خۆت، قسە بکات. ئەگەر نیشانی بدەیت کە چاوەڕوانییەکت هەیە کە ئەو بە کوردیی قسە بکات، یان ئەگەر عەرەبییەکەت خراپ بێت، ئەوە ئیتر وەک دەبەنگیی و بێئاگاییەکی و جێگەی پێکەنین بۆ تۆ حیساب دەبێت، نەک ئەو.

تا لە کەرکووک نەژیابیت نازانیت، وەک منداڵێکی شەش حەوت ساڵەی کورد، چ شێواندنێکی ناسنامە و چ ئازارێک دەخاتە دڵە قنجەکەی ناو سینگت، چۆن ناحەقانە خۆت و خانەوادەکەت و هەموو خەڵکی گەڕەکە کوردییەکەتت لەبەرچاو دەخات و کوردبوونت لێ دەبێتە عەیبەیەک کاتێك لە قوتابخانە بۆت دەردەکەوێت کە ئەو زمانەی دایکت فێری کردوویت و لەگەڵ خوشک و براکانت و هاوڕێکانت قسەی پێ دەکەیت، لەوێ فەرمی نییە و دەبێت بیشاریتەوە. ئەگەر عەرەبییەکەشت خراپ بێت، ئەوا یان دەبێت بە مانگ و ساڵ لە پۆلدا قسە نەکەیت و هەوڵ بدەیت لەپشت سەری قوتابییەکانی ترەوە خۆت بشاریتەوە، یان ئەگەر قسەشت کرد و لە عەرەبییەکەتدا هەڵەیەک هەبوو، پێش هەرکەسێکی تر، هاوڕێ کوردەکانی خۆت بە عەیبەیەکی شایان بە پێکەنینی تۆی دەزانن و پێت پێ دەکەنن.

تا لە کەرکووک نەژیابیت نازانیت چ هەستێکی خودنەفرەتی و دووپارچەکردنی ڕۆحی خۆتت لا دروست دەکات و هەنگاوێک لە شیزۆفیرینیا نزیکت دەکاتەوە کاتێک وەک کرێکارێکی کورد لەگەڵ چەند کرێکارێکی کوردی تردا خەریکی دروست کردنی خانوویەکن بۆ خانەوادەیەکی عەرەبی هەلپەرستی گوندێکی ناسرییە کە دەوڵەت، وەک بەشێک لە هەوڵی کاڵکردنەوەی ناسنامەی کوردییانەی ئێوە لە شارەکەتاندا و لەپێناو غەریبخستنی کەلتوری ئێوە لەو شارەدا، بڕەپارەیەکی گەورەی پێداوە و ناردوویەتی لە کەرکووک خانوو دروست بکات و لەوێ بژی.

تا لە کەرکووک نەژیابیت نازانیت چی هەستێکی زەلیلکراویی ترس و تۆقین دروستکەر و داڕوخێنەرە کە ببینیت دوو گەنجی عەرەب تەنها بۆ چێژبینین لە دەسەڵاتدارێتییان لەبەرامبەر تۆدا و بۆ بینینی بێدەسەڵاتیی و زەلیلکردنی تۆ، بە سەیارەیەکەوە بەناو گەڕەکە زۆرینە کوردییەکاندا دەڕۆن و پڕ بە جادەکە گۆرانیی عەرەبیی لێدەدەن. لەهەمانکاتدا، ئەوەش دەزانیت ئەگەر بوێریت و تۆش بچیت هەمانشت لە گەڕەکێکی زۆرینە عەرەب بکەیت، هەروا بێ سزا تێناپەڕێت چونکە ڕەگەزپەرستیی بۆتە بەشێکی بونیادی ژیانی کۆمەڵگاکە و ئەو تەحەمولەی بۆ ئیسراحەت-خۆ-وەرگرتنی عەرەب هەیە، بۆ کورد نییە.

تۆ نازانیت چۆنە سەیارەی ئاگرکوژێنەوە بێت و ئاگری نەورۆزت لێ بکوژێنێتەوە و خۆشت ڕاونێت بۆ ماڵەوە.

تۆ نازانیت چۆنە خاڵت لە گوندەوە بێت و بە حەسرەتێکی پڕ لە تووڕەییەوە بڵێت نازانم چی بکەم، عەرەبێک زەوییەکەمی داگیرکردووە و هەڕەشەشم لێ دەکات گوند چۆڵبکەم.

تۆ نازانیت چۆنە بەپێچەوانەی خواستی هەموو دانیشتوانی گەڕەکەکەتەوە، دەسەڵات بۆ ژاوەژاو-خستنەسەر ناسنامە و بەتاڵکردنەوەی هەستی شانازیی تۆ و دراوسێکانت، ئاڵایەی عێراق بسەپێنێت بە سەر ئەو پەیکەری پێشمەرگەیەوە کە لە گەڕەکەکەتاندا دروستکراوە.

تۆ نازانیت چ کوشندەیە بۆ ڕوانگەت، بۆ خۆت و بۆ تەندروستیی دەروونییت، گوێت لە نوکتەیەک بێت کە «گەمژەیی کورد» نەواتە کۆمیدییەکەیەتی.

تۆ نازانیت چ عەزابێکی ڕۆحیی و بەرچاوتاریکییەکە، لەناو شارێکدا بژیت کە چەند پشتتکەێ تیایدا ژیاویت، کەچی هەمیشە هەستی غوربەتێک لەنێوان تۆ و جادە و کۆڵانەکانیدا هەیە.

من لە ئەزموونەوە قسە دەکەم. لە شارێکی وادا، ئەو ساتەی لە ماڵ دەردەچیت و هەڵدەکوتیتە سەر دەزگاکانی حوکمداریی و پیاوانی دەسەڵات و ناچار بە کشانەوەیان دەکەیت، ئەو لەحزەیە ئیتر جادە و کۆڵانەکان بە جۆرێکی تر دێنە بەرچاوت و پەیوەندییەکی تەواو جیاوازت لەگەڵیاندا بۆ دروست دەبێت. ئەو لەحزەیە ڕادیکاڵانە ڕوانگەت بۆ بەها و نرخی خۆت دەگۆڕێت. بە جۆرێک پڕ دەبیت لە شانازیی کە پێشتر قەت و قەت ئەزموونت نەکردووە. هیچ یەکێک لەو مرۆڤانەی لە مێژوودا لە هەڵچوون و ڕاپەڕین دژ بە ڕژێمی ڕاسیستیی سەرکوتگەردا بەشداریان کردووە، قەت ڕۆژێک دوای بەشداربوون لەو هاتنە سەر جادەیەدا، هەمان ئەو مرۆڤە نەبوون کە ڕۆژێک پێش ئەو ڕۆژە هەبوون.

لەم ماوەیەدا چوار گەنجی کورد، لە شەڕی گێڕانەوەیەی کەرامەتەدا بۆ خۆیان و بۆ ئێمە، نەک لەپێناو خزمەتکردن بە حیزبێکی گەندەڵ و سەرکوتگەری وەک پارتی، بە دەستی بەتاڵەوە چوونە بەر ڕێژنەی گوللـە و ژیانیان بۆ ئێمە بەخت کرد.

مەبەستەکە ئەوەیە کە هاتنە سەر جادەی خەڵکی کورد لە کەرکووک، سەبارەت بە شتی زۆر گەورەتر و وجودییترە لەوەی پەیوەندی بەو نیفاقەی پارتی بێت کە لە هەولێر و دهۆک و زاخۆ هەموو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی نواندنێکی دژ بە حیزب و حکومەتەکەیان قەدەغە و سزادار کردووە، بەڵام لە کەرکووک وا پیشان دەدات کە گوایە لای ئەو کوشتنی خۆپیشاندەر «بە هیچ جۆرێک جێگەی قبوڵ نییە». یان سەبارەت بەو نیفاقەی یەکێتیی بێت کە لە سلێمانیی بە ئەعسابێکی ساردەوە لەسەر خۆپیشاندان «کوڕی خەڵک» دەکوژن، بەڵام لە هەڵپەی ڕاگرتنی زیادبوونی لایەنگریی بۆ پارتی، خۆیان وەک داکۆکیکاری ڕۆحی «کوڕی خەڵک» لە کەرکووک پیشان دەدەن.

شەش دەیە پێش ئێستا، فەیلەسوف و دەروونناس و شۆڕشگێڕی فەڕەنسیی فرانز فانۆن، لە کتێبی «زەلیلکراوەکانی دونیا» دا ئەو جۆرە ڕاپەڕینەی نەتەوەی داگیرکراو بە ڕووی داگیرکەردا وەک وەسیلەیەک بۆ چارەسەری دەروونیی و گێڕانەوەی تەندروستیی دەروونیی بۆ تاکەکان دەستنیشانی کردوون. ئەو پێیوایە جیاکاریی و سەرکوتکردنی کەلتوریی، بۆ نموونە سەپاندنی زمانێك بەسەر زمانی دایکی تۆدا، گرفتی دەروونیی ئاڵۆز و هەستی نامۆیی و پەراوێزخراویی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ژان پۆل سارتەر لەو پێشەکییەدا کە بۆ ئەو کتێبەی نووسیوە، لە باسی گرنگیی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین بە ڕووی جیاکارییدا، تەنانەت تا ئەو ئاستە ڕادیکاڵە دەڕوات کە دەڵێت «کاتێک داگیرکراوێک ڕادەپەڕێت و داگیرکارێک دەکوژێت، بەوە تەنها داگیرکارێک ناکوژێت، بەڵکو داگیرکراوێکیش دەکوژێت»، بەو مانایەی کە وەک داگیرکراوێک لەناوی دەبات و ئیتر دەیکاتە ئینسانێکی دەروون تەندروست و ئازاد.

فانۆن لە باسی کارکردە خراپەکانی زاڵکردنی نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەیەکی تردا، باسی ئەو شکان و خۆلەبەرچاوکەوتن و شەرمنییە دەکات کە لە دەروونی تاکەکانی نەتەوە زەلیلکراوەکەدا دروست دەبێت. ئەو دەڵێت ئەو شکان و شەرمنییە وای لە زۆرێک لە پیاوانی جەزائیریی کردبوو کە تەنانەت لەوە کەوتبوون بتوانن بوێرن هەستی خۆشەویستی خۆیان بۆ کچێک بەیان بکەن. هەندێکیان ئەوەندە متمانەیان بە خۆیان شکابوو کە کاتێک هاوسەرگیرییان دەکرد نەیاندەتوانی سێکس بکەن. زۆرێکیان لەپێناو ڕاکردن لەو هەستی زەلیلییە کە پرسیاری لەسەر بەهای خۆیان بۆ دروست دەکردن، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو بێدەسەڵاتییە و گەڕانەوەی ئۆتۆنۆمیی کەسیی و بینینی بەهایەک بۆ خۆیان لەڕێگەی بینینی خۆیان لە پێگەیەکی دەسەڵاتدارییدا، پەنایان دەبردە بەر توندوتیژیی بەرامبەر بە هاونەتەوەکانی خۆیان و ئەندامانی خانەوادەکەی خۆیان. لەم قوڵاییەدایە کە کەسێك دەتوانێت ڕەگێک بۆ ئەو دژبەیەکییە زۆر و پەرتەوازەییە سەرتاپاگیرەی ناو کۆمەڵگای کوردیی ببینێت، هاوکات بۆ ئەو ژنکوژیی و توندوتیژییە زۆرەی پیاوانی ناو خانەوادەکان هەست پێ بکات.

بە هیچ جۆرێک بێ هۆکار و تەنها ڕێکەوت نییە کە دووان لەو چوار کوردەی کەرکووک کە پۆلیسی عێراق تەقەی لێكردن و ژیانی لێ سەندنەوە ئەوانە بوون کە ئاڵای کوردستانیان بەدەستەوە بوو. لەبەرابەردا هیچ جێگەی سەرسوڕمان نییە ئەگەر ئەو پۆلیسانەی تەقەیان لەو کەسانە کرد، لەو جۆرە کەسانە بن کە ڕۆژانە دەڵێن ”ئێمە هەموومان براین” و ”ئێمە و برا کوردەکانمان لە شیمال” هەموومان هاوڵاتی یەکسانی ”یەک شەعب”ین.

ڕەگەزپەرستیی کە بووە ڕەگەزپەرستییەکی بونیادی ناو سیستەمێک، ئیتر دەچێتە قوڵایی زەینیی تاکەکانەوە کە پەیڕەوکردنی، هیچ گڵۆپێکی سوور لە زەینی کەسەکەدا هەڵ ناکات. تاکەکان و کۆمەڵگاکە زۆر بەئاسانیی دەتوانن ”ڕق لە جیاوازیی” و ”دروشمی برایەتیی” لە خۆیاندا لە یەک کاتدا کۆبکەنەوە و هەست نەکەن کە ڕقەکەیان تیایە و پێشیان وابێت بەڕاستیی باوەڕیان بە برایەتیی و یەکسانیی هەیە.

ئەو ڕەگەزپەرستییەی لە عێراقدا بەرامبەر بە کورد هەیە، ڕەگەزپەرستییەکی بودنیادی شاراوە (latent) یە، کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە کە بە گۆڕانکاریی ناوببرێت. تەنها ئەوەندەیە کە لە هەندێک سیاقدا جار هەبووە ئەو ڕەگەزپەرستییە زۆر کەم خۆی نیشان داوە، لە هەندێک سیاقیشدا لە فۆرمە هەرە بەربەرییەکەیدا خۆی بەیان کردووە.

خۆنیشان نەدانی ئەو ڕەگەزپەرستییە هەمیشە و لە هەموو سیاقێکدا لەسەر ئەو مەرجە کەوتووە کە کورد برابچوکیی قبوڵ بێت و لەبەرامبەر ئەواندا ڕەنگی زەرد هەڵگەڕێت و لە هەر بەیەکگەشتنێکدا هیچ برینێک نەکوڵێنێتەوە. تەنها دەست بداتە گوتنەوەی ئەو دروشمە پێ لە هەوایانە کە گوایە ”هەموومان براین” و ”هەموومان یەک شەعبین”. لەو حاڵەتەدا لێبوردەیی و قەبوڵکردنی زۆر بۆ شوناسی کوردی و کوردبوون هەیە. ئەم جۆرە لێبوردەییە پێی دەوترێت لێبوردەیی نواندن (performative tolerance). ئەم دیاردەیە هەمیشە لەنێوان سەرکوتکراو و سەرکوتکاردا ڕوو دەدات کە لەڕێگەی دەستەواژەی کلێشەیی و ڕستەی موئەدەبانەوە، خۆیان لە قسەکردن لەو زیادەڕۆییانە دەپارێزن کە ئەنجام دراون و ئەنجام دەدرێن. سەیری چۆن بە چەند ڕۆژێک هیچ قسەیەک لەسەر دۆزینەوەی ئەوانەی فەرمانی کوشتنی خۆپیشاندەرانی کەرکویان دا و ئەوانەی تەقەیان لێکردن، نەما.

کە دەڵێم ئەوەی لە عێراق هەیە دژ بە کورد ڕەگەزپەرستییەکی بونیادی شاراوەیە، ئەوە بەو مانایەیە کە ئەو ساتەی کوردێک لەو مەرجانە لا دەدات و دەست لەو ماستاوکردنە هەڵدەگرێت و پێداگریی لەسەر بەها و شکۆ و کەرامەتی خۆی دەکات، ئەو ڕەگەزپەرستییە لە خەو هەڵدەستێت و پیشانی دەدات کە بەرگەی ئەو ئاستە لە پێداگریی لەسەر یەکسانیی و هاوشکۆیی ناکات. بۆ تێگەیشتن لەم میکانیزمە، هەوڵدە کەیسێکی وا بهێنیتە پێش چاوی خۆت کە لە تکریت دوو کورد لە بەڕێوەبەریی کاروباری مەدەنیین و چاوەڕوانی ڕاییکردنی مەعامەلەکەیانن، بەڵام ناحەقانە چەندین سەعات مەعامەلەکەیان تاخیر دەکرێت و دەستیی دەستییان پێ دەکرێت. لەهەمانکاتدا، دوو عەرەب لە دائیرەی کاروباری مەدەنیین لە سلێمانیی و چاوەڕوانی ڕاییکردنی مەعامەلەکەیانن، بەڵام ناحەقانە چەندین سەعات مەعامەلەکەیان تاخیر دەکرێت و دەستیی دەستییان پێ دەکرێت. ئینجا پرسیار لە خۆت بکە: ئایا تا چەند ئەگەری زۆرترە دوو عەرەبەکە لە سلێمانیی بیکەنە شەڕ و دەنگە دەنگ لەناو بەڕێوەبەرییەکەی سلێمانییدا و پێداگریی لەسەر مافی خۆیان بکەن، تا ئەوەی دوو کوردەکە بیکەنە شەڕ و دەنگە دەنگ لەناو بەڕێوەبەرییەکەی تکریتدا و پێداگریی لەسەر مافی خۆیان بکەن؟ یان ئەگەر هەردوولا ئەوەیان کرد، ئایا شەڕ و هەڵا و جنێودانی دوو عەرەب بە دشداشەوە لەناو بەڕێوەبەرییەکەی سلێمانییدا تا چەند مومکینە تەحەمول بکرێت لەلایەن کارمەندەکانەوە، پاشان بەراوردی بکە بەوەی شەڕ و هەڵا و جنێودانی دوو کورد بە جلی کوردیی و زمانێکی عەرەبیی شڕەوە لەناو بەڕێوەبەرییەکەی تکریتدا تا چەند مومکینە تەحەمول بکرێت لەلایەن کارمەندەکانەوە؟

بۆ ئەوەی مەبەستەکە تێبگەیت و تەواو درک بە بوونی ئەو ڕەگەزپەرستییە خەوتووە و کارکردە بەرچاوەکانی بکەیت، ئەو پرسیارە لە خۆت بکە کە ئەسڵەن تا چەند ئەگەری هەیە مەعامەلەی دوو کورد تاخیر بکرێت ئەگەر بە لوتبەرزییەکەوە کاغەزەکانیان دابێتە دەست کارمەندە عەرەبەکە، تا ئەوەی مەعامەلەی دوو عەرەب تاخیر بکرێت کە بە لوتبەرزییەکەوە کاغەزەکانیان دابێتە دەست کارمەندە کوردەکە. یان ئەسڵەن تا چەند ئەگەری هەیە دوو کورد بڕیار بدەن بە جلی کوردییەوە بڕۆن بۆ دائیرەیەکی تکریت تا ئەوەی دوو عەرەب بڕیار بدەن بە دشداشەوە بڕۆن بۆ دائیرەیەکی سلێمانیی. ئەگەری ئەوەی کوردەکان ئەوە بکەن نزیک بە سفرە، وە لەبەرابەردا لە دیمەنە هەرە ئاساییەکانە ئەگەر عەرەبەکان ئەوە بکەن. ئەوە ڕێک ئەو پەیماننامە نەنووسراو بەڵام مۆرکراوە پیشان دەدات کە کۆمەڵگەیەکی ڕەگەزپەرستیی لەنێوان دوو لایەنەکەدا بەرقەراری دەکات هاوکات ئەو فیلتەرە پیشان دەدات کە تاکی سەرکوتکراو، لەپێناو لەخەوهەڵنەساندنی ڕەگەزپەرستیی خەوتوو، لەسەر خۆی و ڕەفتاری خۆی دای دەنێت.

عێراق زیاتر لە سەد ساڵە تەنها کاتی ئەو شەرمنیی و سەرکزیی و چاوترساوییەی کورد دەستی لە وەستانەوە لەبەرامبەر کورددا گرتۆتەوە و نەکەوتۆتە خۆی بۆ ڕامکردنی.

ئەو زەلیلییەیە کوردانی کەرکووک لەم هەفتەیەدا بە ڕوویدا ڕاپەڕین و ویستیان بەگژیدا بچنەوە. لەبەرامبەردا، ئەو کەملێبوردییەیە کە بۆ ئەو جۆرە ڕاپەڕینە لە زەلیلیی کە وای کرد پۆلیس و سوپای عێراق کەوتنە خۆ بۆ سەرکوتکردنیان.

ئەوەی کە کوردێک بیت بەڵام ئەم قوڵاییەی ئەو ناحەقییە نەبینیت کە بە تۆ و ئەو کەسانە دەکرێت کە هەمان زمانی تۆ قسە دەکەن، وە لەناو تاوانی کوشتنی خۆپیشاندەراندا، تۆ بەشێکی خەتای ئەو کوشتنە بدەیت بەسەر خەڵکەکە خۆیداو بڵێیت گێلن یان ناسیوناڵیستن، ئەوە ڕێک نیشانەی ئەو سیندرۆمەیە کە فرانز فانۆن بە «بردنەناوەوەی سەرکوت» (internalized oppression) ناوی دەبات، وەک شتێک پۆلیس و سوپای عێراق یەکجار زۆر ناحەقیان نەبێت تەقە لەو خەڵکە بکەن. لەمەدا کوردێکی ئالودە بەم دەردە و ڕەگەزپەرستێکی سەرسەختی عەرەب خاڵی هاوبەشیان هەیە و ئاسان دەتوانن لەسەر ئەرزی ئەو خاڵە هاوبەشە ڕەگەزپەرستییە ناخی هەردوولایان و لەسەر حیسابی قبوڵکردنی سەرکزیی بۆ کوردەکان، ژیانی ئاشتی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتیی نێوان کورد و عەرەب لە عێراقدا دابین بکەن. بە درێژایی مێژووی عێراق هەمیشە ئەم جۆرە ئاشتەواییە نیشتیمانییە درۆزنە ئەنجام دراوە.

بردنەناوەوەی سەرکوت تەنانەت ئەو دیاردەیەی بەدوای خۆیدا هێناوە کە خەڵکی کورد هەن داخوازیی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بۆ جیابوونەوە لە عێراق وەک ڕەگەزپەرستیی و فاشیزم ناو دەبەن، لەکاتێکدا لە کرداردا، ئەو ڕووبەرە خاکەی کە کوردزمانانی لەسەر دەژین، بە پێناسەی ورد، ڕووبەڕە خاکی کۆڵۆنیزەکراون. ئەم خاڵە وردەکاریی و شرۆڤەی زۆرتری دەوێت و من لە داهاتوویەکدا دێمەوە سەری.

من دەزانم ئەو سەنگەرگیریی و خۆپیشاندانی کورد، جەمسەرگیرییەک دروست دەکات لەنێوان کورد و عەرەب و تورکماندا کە هێزی وەک پارتی و یەکێتیی و حیزب و گروپ و میلیشیا عەرەبییەکان و ڕژێمە ڕەگەزپەرست و تۆتالیتارییەکانی وەک تورکیا و ئێران قازانجی لێ دەکەن. بەڵام مەبەستەکە ئەوەیە کە ئەوە ڕێک ئەو پلەدووییەیە کە کوردانی کەرکووک لەبەرامبەریدا هەستاون کە زەمینەی ئەو قازانج و خراپ-کەڵکلێوەرگرتنە بۆ ئەو لایەنانە دەڕەخسێنێت. بەو ئەندازەیەی پەرچەکردار لەو پلەدووییە وەربگیرێت و کەم بکرێتەوە، بەو ئەندازەیە زەمینە بۆ ئەو قازانج و خراپ-کەڵکلێوەرگرتنەی ئەو هێزە ڕەشانە نامێنێت. بە مانایەکی تر، چارەسەری گرفتەکە بەناچاریی بەوێدا تێدەپەڕێت کە پاڵپشتیی هەر ڕاپەڕینێک بکەیت کە کوردان لەپێناو دەستگرتن بە کەرامەتی خۆیان و ڕێگەگرتن لە خۆلەبەرچاوکەوتن و گرێی خۆبەکەمزانین دەیکەن.

ئەسڵەن گرفتەکە ئەوەیە کە ئەگەر تۆ پاڵپشتیی ئەو بزوتنەوەی داکۆکییکردن لە کەرامەتە ناکەیت، ئەوا جێی دەهێڵیت بۆ پارتی کە تووڕەیی ئەو خەڵکە بباتە سەر مێزی دانوستان لەپێناو قازانجی حیزبیی خۆیدا. لەبەرامبەردا، هەر بەشدارییەک بۆ ڕەخنەکردنی ڕەگەزپەرستییی عێراقیی دژ بە کورد، تێکدانی زەمینەی ئەو ماستاوکردن و لێبوردەیی نواندنەیە کە نوخبەی سیاسیی کوردیی و عەرەبیی و تورکمانیی لەسەر حیسابی درێژەدان بە تێکشکاویی دەروونیی خەڵکی کورد سەرمایەگوزاریی ماددی و مرۆیی لەسەر دەکەن.

لە ساڵانی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکاندا ژمارەیەکی زۆری جەزائیرییەکان داگیرکاریی فەڕەنسییەکانیان لێ ببووە حاڵەتە ڕەوا و ئاساییەکە. هەر لە ڕوانگەی ڕەگەزپەرستییە فەڕەنسییەکانەوەش سەیری خۆیانیان دەکرد، کە وەک فەڕەنسییە داگیرکارەکان، ئەوانیش ڕایان وابوو کە جەزائیر بەشێکە لە فەڕەنسا و هەر داوایەکی سەربەخۆیی بۆ جەزائیر دژایەتیی ژیانی ئاشتییانەیە و هێرشە بۆ سەر سەروەریی فەڕەنسا. تەنانەت هێزە سۆشیالیستەکانی فەڕەنساش کاتێک لە ١٩٥٦ حکومەتیان گرتە دەست، پێداگر بوون لەسەر ئەوەی کە وڵاتێک بە ناوی جەزائیر بوونی نییە، ئەوەی هەیە بەشێکە لە فەڕەنسا. لەبەرامبەر ئەمەدا بوو سارتەر بە هەموو سەنگی خۆیەوە چووە پشت جەزائیرییەکان، فرانز فانۆنیش چووە ناو بزوتنەوەی بەرەی ڕزگاریی نەتەوەیی جەزائیر  دژ بە وڵاتەکەی خۆی، فەڕەنسا.

فانۆن دەیزانی ڕێگەی چارەسەر تەنها و تەنها بەوێدا دەڕوات و بەو جۆرە مسۆگەر دەبێت کە جەزائیرییەکان لەو نەخۆشیی ”بەفەڕەنسییبوون” و لەو گومانە ڕزگار بکرێن کە بەشێکیان بەرامبەر بە ڕەوایی ڕاپەڕینەکەی خۆیان هەیان بوو.

بەبەرچاومەوەیە، ئەگەر فانۆن لە سەردەمی ئێستادا لێرە بوایە و لەبەردەم تەنگەژەی خۆپیشاندانی کوردانی کەرکووک و زیادبوونی جەمسەرگیریی نەتەوەیی و مەزهەبی لە عێراقدا دابنرایە، بێ دوودڵیی بە ئاڵایەکی کوردستانەوە لە مەفرەقەکەی ڕەحیماوا.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO