سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کەمال مەزهەر و کورد و شۆڕشی بیست:کۆیادێک بۆ ناسیونالیزمی عێراقی یان خراپ-حاڵیبوون

پێشەکی

مەبەست لەم بابەتە وردبوونەوە و شرۆڤەکردنی ئەو  ڕووداو پێشهاتانەیە کە پێش دروست کردنی دەوڵەتی عێراق لە ١٩٢١ لەو ناوچانەدا  ڕوویانداوە کە ئێستا پێی دەگوترێت عێراق. هاوکات هەڵسەنگاندنێکە بۆ ڕۆڵ و ئاستی بەشداری کوردەکان لە شۆڕشی بیست. هۆکاری وردبوونەوە و شرۆڤەکرد‌نی  ڕووداو و پێشهاتەکانیش هەڵسەنگاندنی، یەکەم، ئەو بانگەشەیەیە کە گوایە شۆڕشی بیست دەرئەنجامی بزووتنەوەی ناسیونالیستی [نیشتیمانپەروەری] عێراقیی بووە. دووەم،  بواری وردبوونەوەکان هەلی ئەوەمان بۆ دەڕەخسێنێت کە پەیوەندییەکانی نێوان کورد و عەرەب و ڕەوتە سیاسییەکانی ئەوکات هەڵسەنگێنین چونکە هەندێک نووسەری کورد هەن کە شۆڕشی بیست بە شۆڕشێکی سەرتاسەری عێراقیی لە قەڵەمدەدەن، ئەویش بە قەبەکردنی ڕۆڵی کورد لە شۆڕشه‌که‌دا. سێیەم، ئاوڕدانەوەیەک لە تێگەیشتنە-جێکەوتەکانی (mindset) کوردەکان لە پێش و لە گەرمەی شۆڕشەکە ڕێخۆشکەرن بۆ هەڵسەنگاندنی پەیوەندییەکان و وردبوونەوە لە شوناسی عێراقیی و ئەو تێگەیشتنانەی لەو بوارەدا خراونەتەڕوو. چوارەم، یارمەتیمان دەدات لە هەڵسەنگاندنی ئەو هەوڵەی کە کەمال مەزهەر ئەحمەد داویەتی بۆ سەلماندنی ئەوەی کە شۆڕشەکەی ١٩١٩ ی شێخ مەحمود و پەلامار و ڕاپەڕینەکانی کوردان لەو سەردەمەدا بەشێکن لە شۆڕشی بیستی عێراقی. وەک ئەنجامگەلێک ئەم بابەتە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە دانانی شۆڕشی بیست وەک شۆڕشێکی عێراقی و بەستنەوەی بە بزووتنەوەی ناسیونالیزمی (نیشتیمانپەروەریی) عێراق بەبەڵگەی مێژوویی‌ پشتڕاست ناکرێتەوە. هاوکات، ئەم بابەتە دانانی شۆڕش و پەلامار و ڕاپەڕینەکانی کوردستان لە ساڵانی ١٩١٩ و ١٩٢٠ وەک بەشێک لە شۆڕشی بیست بە خراپ-حاڵیبوون لە ڕووداوەکانی ئەو کات ناوزەد دەکات.

 

شۆڕشی ١٩١٩ی شێخ مەحمود

پێش ئەوەی شرۆڤەی هەوڵ و نووسینەکانی ڕەوانشاد مێژوونووسی ناوداری کورد، کەمال مەزهەر ئەحمەد (لێرە بەدواوە کەمال مەزهەر)، بکەین، هەڵوەستەیەک لەسەر شۆڕشی بیست لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق و شۆڕشەکەی ١٩١٩ ی شێخ مەحمود لە باشووری کوردستان دەکەین چونکە لەوێدا بەڵگەی چاکمان دەستدەکەوێت بۆ هەڵتەکاندنی هەم ئەو ئارگیومێنتەی کە شۆڕشی بیست وەک بەشێک لە بزووتنەوەی ناسیونالیزمی عێراق دادەنێت هەم ئەو ئارگیومێنتەی کە شۆڕشەکەی شێخ مەحمود وەک بەشێک لە شۆڕشی بیست دەناسێنێت.

دوای داگیرکردنی هەردوو ویلایەتی بەسرە و بەغدا لە ساڵانی ١٩١٥ تا ١٩١٧ لەلایەن بەریتانییەکانەوە، کە پێش داگیرکردنیان هەردوو ویلایەت بەشێک بوون لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لە ناوەڕاستی ١٩١٨ دا هێزەکانی بەریتانیا گەیشتنە سنوورەکانی ویلایەتی موسڵ و شاری ‘کەرکووک’یان لە مانگی ئاداری هەمان ساڵدا داگیرکرد. ئەوکات شێخ مەحمود بەرزنجی ناسراوترین و دیارترین کەسایەتی کورد بوو لە باشووری کوردستان. عوسمانییەکان پێش کێشانەوەی هێزەکانیان لە ناوچەکەدا ئەویان وەک حاکمی سلێمانی دەستنیشان کردبوو. کاتێک هەواڵی هاتنە ناوەوەی هێزەکانی بەریتانیا بۆ ناو کەرکووک بڵاوبۆوە، شێخ مەحمود نامەیەکی ‘بەدزییەوە’ بۆ مەندوبی سامی بەریتانیا لە عێراق، ئارنۆڵد ویلسن، نارد کە تێید داوای لە بەریتانییەکان کردبوو کە “حکومەتێکی کوردی لە ناوچەی سلێمانی” بە سەرۆکایەتی ئەو لەژێر چاودێریی ئینگلیزەکان دابمەزرێنن، تاوەکو کوردەکانیش، بە قسەی ئەو، وەک “عەرەبەکان بکەونە خۆشی” (حیلمی ٢٠٠٣: ٤٤). ئەو نامەیەی کە شێخ مەحمود بۆ ئینگلیزەکانی نووسیبوو کەوتە دەست تورکەکان چونکە تا نامەکە گەیشت ئینگلیزەکان ‘کەرکوک’یان چۆڵ کردبوو و تورکەکان گەڕابوونەوە ئەوێ.

نامەکەی شێخ هەندێک ئاماژەی گرنگی تێدایە، لەوانە: شێخ مەحمود ئەوکات بە هیچ شێوەیەک نە کوردستانی وەک بەشێک لە عێراق نە کوردیشی وەک عێراقیی دانابوو. ئەو پێی باش بوو کە کوردستان ڕاستەوخۆ بکەوێتە ژێر ئینتیداب/چاودێریی بەریتانییەکان نەک بکەوێتە ژێردەستی عەرەبان.

لەسەر ئەم نامەیە تورکەکان شێخیان گرت بەڵام لەبەرئەوەی پێویستیان پێی بوو زوو ئازادیان کرد و کردیان بە سەرلەشکری مەدەنی ناوچەی سلێمانی. بەڵام کاتێک بەریتانییەکان لە تشرینی یەکەمی ١٩١٨دا ‘کەرکوک’یان گرتەوە شێخ مەحمود دووبارە پەیوەندی لەگەڵدا دروست کردەوە (البیاتی ٢٠٠٥: ١٠٩). لە ماوەی مانگێکدا شێخ‌ مەحمود و بەریتانییەکان گەیشتنە ڕێککەوتنێک. بەپێی ڕێککەوتنەکە شێخ وەک حوکمداری کوردستان دەستنیشان کرا. ئەویش بەرپرسیارەتییە گەورەکانی بە خزم و کەسوکارەکانی خۆی سپارد (حیلمی ٢٠٠٣: ٥١).

خەون و هیواکانی شێخ مەحمود زۆر گەورەتر بوون لەوه‌ی که‌ ئینگلیزەکان بە ئەو و بە کوردیان ڕەوا دەبینی. ئەو داوای لە بەریتانییەکان کرد کە دەوڵەتێکی کوردی لەژێر چاودێریی ڕاستەخۆی خۆیان دابمەزرێنن کە هەموو ناوچەکانی باشووری کوردستان و هەندێک دەڤەری باکووری کوردستانیش لەخۆ بگرێت، لە خانەقینەوە بۆ شەمدینان و لە چیاکانی حەمرینەوە تا سنوورەکانی ئێران. کاتێک بەریتانییەکان هەستیان بە گەشەی ناودەنگی شێخ مەحمود لە دەرەوەی دەڤەری سلێمانی کرد، کۆمەڵێک  ڕێورەسمی ئیدارییان گرتەبەر. وەک، دابڕینی ناوچەی کەرکووک و کفری لە لیوای سلێمانی و دروستکردنی لیوای کەرکووک، هەروەها، دروست کردنی لیوای هەولێر و لکاندنی ناوچەی کۆیە، بێجگە لە ڕانیە و قەڵادزێ، بە هەولێرەوە (البیاتی ٢٠٠٥: ١٢٧-١٢٨). لەپاڵ ئەم  ڕێورەسمە ئیداریانه‌دا ئینگلیزەکان کارتی عه‌شیره‌تگه‌رییشیان لەدژی شێخ مەحمود بەکارهێنا. ئەویش بەوەی کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ زۆربەی زۆری سەرۆک عەشیرەتەکانی کوردستان کەوتنە گفتوگۆ و لە ڕێگەی بەخشیش و پارەوپول و پۆستەوە زۆربەیان ڕازی کردن کە پشت لە شێخ مەحمود بکەن (حیلمی ٢٠٠٣: ٧٣-٧٧). حکومەتەکەی شێخ مەحمود کارەکتەرەکانی عەشیرەتگەریی و خزمخزمێنەی پێوەدیار بوو، بەڵام هەرچۆنێک بێت، داواکانی شێخ خسڵەتی نەتەوەییان لەخۆ گرتبوو لەگەڵ خۆجیاکردنەوەیەکی زەق لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.

سیاسەتەکانی بەریتانیا بۆ بنکۆڵکردنی حکومەتە ساواکەی دەرگاکانی بە ڕووی شێخ‌ مەحمود و ناسیونالیستە کوردەکانی دەوروبەری داخست. بێجگە لە ڕاپەڕین و شەڕ، شێخ مەحمود ڕێگەچارەیەکی دیکەی شک نەدەبرد (Eskander 2000: 152). لە ئاکامدا لە نیسانی ١٩١٩ شێخ مەحمود داوای لە هێزە چەکدارەکانی خۆی کرد کە نوێنەرەکانی بەریتانیا لە شاری سلێمانی و دەوروبەرەکەی وەدەرنێن. هێزەکانی شێخ مەحمود کۆنتڕۆڵی شاریان کرد و ئاڵای بەریتانیایان لەسەر دامودەزگا فەرمییەکان هێنایه‌ خوارەوه و لە جێگەیاندا ئاڵای کوردستانیان وەک ئاڵای حکومەتەکەی شێخ بەرز کردەوە. زۆریشی پێنەچوو شێخ کابینەی حکومەتەکەی پێکهێنا. حکومەت ئاڵا و ئاڕمی خۆی تەبەناکرد و پولی تایبەت بە حکومەتەکە پەخش کران، کە نوێنەرایەتی حکومەت و گەلی کوردستانیان دەکرد. تا ئایاری ١٩١٩ پڕوشکی شۆڕشەکە گەیشتە ناوچەکانی دەوروبەر تا گەیشتە کۆیە لە نزیک هەولێر (خواجە ١٩٧٠: ٥٥؛ حیلمی ٢٠٠٣: ٨٣؛ الحسنی ١٩٨٨: ج ١، ٢٧٩، بڕوانە وێنەی – ١).

هێزەکانی بەریتانیا خۆیان ڕێک خستەوە و هێرشیان برد بۆ سەر شوێن و بارەگاکانی شێخ مەحمود و هێزەکانی. دوای شەڕێکی سەخت لە دەربەندی بازیان هێزەکانی شێخ مەحمود شکستیان هێنا و پاشەکشەیان کرد. لە شەڕەکاندا ٤٨ کەس لە چەکدارەکانی شێخ مەحمود کوژران و ١٢٨ کەسیشیان بریندار بوون. شێخ مەحمود بە برینداری لە پەنای ‘بەردە قارەمان’ (ئەو بەردەی کە لەوکاتەوە ناوی ‘قارەمان’ی، وەک نازناوێکی شێخ، هەڵگرتووە) لە ٩ی حوزەیرانی ١٩١٩ گیرا و بە دیلی بردرا بۆ بەغدا (حیلمی ٢٠٠٣: ٨٨؛ البیاتی ٢٠٠٥: ١٤٨-١٥٠). لەو کاتەوە بەردە قارەمان بۆ کوردان بووە بە سیمبولی بەرەنگاربوونەوە و ئازادی و گیانفیداکاریی. خەڵک ئێستا سەردانی شوێنەکە دەکەن و وێنە لەگەڵ بەردەکە دەگرن و وەک یادگاری هەڵی دەگرن، ئەمەش بەشێک لە کۆیادی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کوردان پێک دێنێت و نیشان دەدات.

 

شۆڕشی بیست

دوای داگیرکردنی ویلایەتی بەسرە و بەغدا، بەریتانییەکان بەهۆی سەرقاڵیان بە کۆمەڵێک پرسی گرنگ‌ و ئاڵۆزی دیکە، وەک پەیمانی ئاشتی و پەیمانی سیڤەر و کاریگەرییەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی، وەک پێویست نەپڕژابوونە سەر  ڕێکخستنی کاروباری ئەو ناوچانەی لە شەڕەکانیان لەگەڵ عوسمانییەکان داگیریان کردبوون. ئیدارەیەکی کاتی ئەو ناوچانەی بەڕێوەدەبرد و دەڤەرەکە بەگشتی، بەتایبەتی ناوچە شیعەنشینەکان، نائارامی زۆریان بەخۆیانەوە دیبوو. وەک دەرئەنجامێکی ئەو نائارامیانە ئەوەبوو لە ٣٠ ی حوزەیرانی ١٩٢٠ دا دەسەڵاتدارانی بەریتانی شەعلان بن ئەلجون، سەرۆکی عەشیرەتی ‘زەوالم’یان، گرت. کاتێک ئەندامانی عەشیرەتی زەوالم و عەشیرەتەکانی دەوروبەر هەواڵی گرتنی ‘شەعلان’یان بیست، هێرشیان کردە سەر ئەو بنکەیەی کە ‘شەعلان’ی تێدا دەستبەسەر کرابوو و ئازادیان کرد. ئەم ڕووداوە بوو بە بڵێسەی  ڕاپەڕینێک کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا هەموو ناوچەکانی فوراتی ناوەڕاستی گرتەوە، کە بە شۆڕشی بیست لە عێراق ناسراوە. سەرکەوتنە خێرا و یەک لەدوای یەکەکانی هێزە عەشایرییەکان داڕمانی شەوکەتی بەریتانیای مەزنی لێکەوتەوە و بووە مایەی هاندانی عەشیرەتەکانی دیکه‌ که‌ بێنە پاڵ خەڵکە ڕاپەڕیوەکە. سەرەڕای ئەوەی کە پڕوشکەکانی ڕاپەڕینەکە گەیشتە زۆربەی ناوچەکانی عێراق، وەک دیالە لە باکوور، کەچی ناوچەکانی فوراتی ناوەڕاست وەک گۆڕەپانی سەرەکی شەڕ و پێکدادانەکان مایەوە. لە ناوەڕاستی تشرینی یەکەم هێزەکانی ئاسمانی و زەمینی بەریتانیا هێرشیان کردە سەر خەڵکە ڕاپەڕیوەکە لە هەموو ناوچەکان. نەبوونی سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو و  ڕێکخراو، هەروەها که‌می زەخیرە و ئازوقەی شەڕ لەلایەک و بەهێزیی و پڕچه‌کیی هێزەکانی بەریتانیا لەلایەکی دیکە لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی شکستهێنانی ڕاپەڕینەکە بوون (الوردی ٢٠٠٥: ج ٥/١، ٢٣٦-٣٦٧، ٣٧٤-٣٧٨). قەبارەی ڕاپەڕینەکە لە شەڕ و پێکدادانەکان و زیانە گیانیی و ماددییەکانەوە دەردەکەوێت. بەگشتی ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە  زیانی هێزەکانی بەریتانیا ١٠٤١ کەس کوژراو ونبوو بوو، ١٢٢٨ کەسیش بریندار بوون. ژمارەی شەڕوانەکان بە نزیکەی ١٣٠ هەزار کەس مەزەندە کراوە کە ٨٤٥٠ کەسیان لە شه‌ڕه‌کاندا لێکوژرا (الوردی ٢٠٠٥: ج ٥/١، ٣٧٨؛ ئەحمەد ١٩٨٥: ١٩٤-١٩٥). ئەم ژمارانە بۆ ئەوکاتی عێراق یەکجار گەورەن چونکە ژمارەی دانیشتوانەکەی ئەوکات بە سێ ملیۆن کەس مەزەندە کراوە (Tripp 2002: 31).  

پاڵنەری سەرەکی ڕاپەڕینەکە پەیوەندی بەو تێگەیشتنە-جێکەوتانەوە هەبوو کە لە ئاکامی بەڵێنەکانی بەریتانیا لەلای عەرەبەکانەوە گەڵاڵە ببوو، ئەویش خۆی لە یارمەتیدانیان لە گەیشتن بە سەربەخۆیی و ڕزگاربوون لەژێر نیری تورکەکان خۆی دەدیتەوە. لەجیاتی ئازادی، ڕاگەیاندنی ئینتیداب (mandate) لەلایەن بەریتانییەکانەوە بەسەر عێراق وەک خیانەتێک و شکاندنی بەڵێنەکان دەبینران. لەپاڵ ئەمانە، ڕەتکردنەوەی ژیان لەژێر ڕکێفی دەسەڵاتێکی بێگانەی “کافر” لەلایەن پیاوانی دینیی شیعە و خەڵكەکە پاڵنەرێکی دیکە بوو بۆ ڕاپەڕینەکە. دیارە نابێت ئەوەش لەبیر بکەین کە دانانی باج لەسەر سەرۆک عەشیرەتەکان هۆکارێکی دیکە بوو کە وای لە خاوەن زەوییەکان کرد دەسەڵاتی بەریتانی باجوەرگر ڕەت بکەنەوە. لەمە زیاتر قسە لەسەر هۆکار و پاڵنەرەکانی ڕاپەڕینەکە ناکەین چونکە قسەکردن لەسەر هۆکارەکان و ڕەوتی ڕووداوەکان لە دەرەوەی ئامانجەکانی ئەم بابەتەیە. ئەوەی لێرەدا مەبەستە ئەوەیە کە داخۆ شۆڕشی بیست دەکرێت وەک بەشێک لە بزووتنەوەی ناسیونالیزمی (نیشتیمانپەروەریی) عێراقی تەماشا بکرێت، هاوکات، داخۆ دەکرێت “شۆڕشەکە” وەک شۆڕشێکی سەرتاسەری عێراق دابنرێت.

زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین شۆڕشی بیست، تاڕادەیەکی چاک، سیما و فۆرمی دەوڵەتی عێراقی دیاری کرد. یەکێک لە سیفەتە جیاکەرەوەکانی شۆڕشەکە لێکنزیکبوونەوەی دوو پێکهاتە مەزهەبییەکەی عێراق، شیعە و سوننە بوو، بەتایبەتی لە بەغدا بەڵام لەگەڵ کورد نا. هاوکاریی و هاوسۆزیی شیعەکان و سوننەکان بۆ یەکدی لە مانگی ڕەمەزانی ئەو ساڵە زیاتر لە جاران دەردەکەوت. سوننەکان بەشداری ڕێوڕەسمەکانی عاشورا و تازیە و لەخۆدان و سینگکوتانەکانی شیعەکانیان دەکرد و شیعەکانیش لەلای خۆیانەوە بەشداری ڕێوڕەسمی مەولودەکانی پێغەمبەریان لەو ساڵەدا دەکرد کە لەلایەن سوننەکان ڕێکخرابوو (الوردی ٢٠٠٥: ج ٥/١، ١٨٥-١٨٦). سێ کەسایەتی به‌غدایی، سەید محەمەد سەدر و ئەحمەد شێخ داود و محەمەد مەهدی بەسیر، ڕۆڵی کاریگەریان لە لێکنزیکردنەوەی شیعەکان و سوننەکان و ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان و پشتیوانی کردن لە شۆڕشی بیست بینی.

بۆ لێکنزیکردنەوەی ئەم دوو گروپە هەموو هۆکارێک خرابووەگەڕ، وەک بڵاوکردنەوەی حیکایەتێک کە گوایە ئەبو حەنیفە (گەورە ئیمامی سوننەکان ٦٩٩-٧٦٧) لەسەر دەستی جەعفەر سادق (گەورە ئیمامی شیعەکان ٧٠٢-٧٦٥) دەرسی خوێندووە. مێژوونووس و کۆمەڵناسی ناسراوی عێراقی، عەلی وەردی، دەڵێت ئەم حیکایەتە هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی پشتڕاستی ناکاتەوە بەڵام خەڵکەکە باوەڕی پێ کردبوو و کاریگەریی خۆی هەبوو لەسەر نزیکردنەوەی سوننەکان و شیعەکان (الوردی ٢٠٠٥: ج ٥/١، ٢٠٥). لەڕاستیدا، هاوکاری خەڵکی ئەوکاتی بەغدا سنوورەکانی دینیشی بەزاندبوو، ئەوەش لە به‌شداریکردنی جولەکەکان و مەسیحییەکان لە ناڕەزایەتییەکاندا دەردەکەوت. لەمیانی خوێندنەوەی وتار و شیعر و پەخشان و هۆسەلێدانەوە سەرکردە دینییەکان و شاعیرەکان هانی خەڵکەکەیان دەدا کە کۆک بن‌‌ و خەبات بکەن بۆ وەدەرهاوێشتنی داگیرکەرە بێگانەکان، ئینگلیزەکان (Nakash 2003a: 70; Marr 2004a: 23).

بەبنەما لەسەر لێکنزیکبوونەوەی پێکهاتە دینی و مەزهەبییەکانی عێراق هەندێک لە ئەکادیمییە ڕۆژئاواییەکان پێیان وایە کە شۆڕشی بیست زادەی گەشەی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی (نیشتیمانپەروەریی) عێراقیی بووە لە دژی بەریتانییەکان کە گوایە لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە عێراق سەری هەڵدا. مەبەست لە بزووتنەوەی نیشتیمانپەروەریی عێراقی ناسیونالیزمی عێراقییە، ئەوەی ئەوان وەک “Iraqi nationalist movement” ناوی دەبەن، کە لە عەرەبییەکەی دەبێتە “الحرکة الوطنیة العراقیة” (بۆنمونە بڕوانە Davis 2005b: 231). مێژوونووس و ڕووناکبیرە عێراقییەکانیش، وەک عەبدولرەزاق حەسەنی و عەبدوڵا فەیاز و حەسەن عەلەوی و عەبدولکەریم ئەلئەرزی، شۆڕشی بیست وەک “گەورە شۆڕشی عێراقیی” (الثورە العراقیة الکبری) وەسف دەکەن و بە شۆڕشی دامەزرێنەری عێراقیشی داده‌نێن (الحسنی ١٩٧٢؛ الفیاض ١٩٧٤؛ العلوی ١٩٩٠: ١٣٤؛ الارزی ١٩٩١: ٣٢٨). کەچی عەلی وەردی و عەبدولخالق حوسێن هاوڕای ئەمانەی سەرەوە نین‌ و دەڵێن ڕاستە خەڵکەکە لەژێر شیعاراتی نیشتیمانپەروەریدا شەڕیان دەکرد و چەمک و زاراوەی وەک ‘عێراق’ و ‘عروبە’ و ‘وەتەن’یان بەکاردەهێنا بەڵام ئەم زاراوە و چەمکانە بۆ زۆربەیان هیچ مانایەکی نەدەبەخشی و تێی نەدەگەیشتن (الوردی ٢٠٠٥: ج ٦/١، ٣١٤؛ حسین ٢٠١١: ٦٣-٦٤).

 

خوێندنەوەیەک بۆ شۆڕشی بیست و شۆرشی ١٩١٩ ی شێخ مەحمود: کام کۆیاد کام هاوهەڵوێستیی

بۆ تێگەیشتن لە شۆڕشی بیست و هەڵسەنگاندنی ئەو تێڕوانینانەی لەوبارەیەوە تا ئێستا دەربڕاون دەبێت لە چوارچێوەی بارودۆخی ئەوسای عێراق، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە داگیرکردن و شوناسی داگیرکەرەکەوە هەیە، وردبوونەوەی بۆ بکرێت. لەبەر مەقامی شۆڕشی بیست لە خەیاڵگەی عێراقییەکان و گرنگی بۆ ئەکادیمییەکان، هاوکات، بۆ گەیشتن بە مەبەست و ئامانجەکانی ئەم بابەتە کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێکرا، وای بەچاک دەزانین هەڵوەستەیەک لەسەر ڕووداو و پێشهاتەکان و خەسڵەت و سیماکانی شۆڕشی بیست بکەین.

لەسەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە “لێکنزیکبووەنەوە” و “یەکێتیی” پێکهاتەکانی ئەوکاتی عێراق زیاتر پەیوەندی بە هەست و سۆزی وروژاو لە دژی بەریتانییەکان هەبوو لە هەر شتێکی دیکە. خەبات و شەڕ لە دژی دوژمنێکی غەیرە-موسڵمانی-کرستیان چەتری کۆکەرەوەی هەموو تێکۆشەرەکان و شەڕوانەکان بوو، هاوکات پاڵنەری سەرەکی لێکنزیکبوونەوەکەش بوو. دەبێت ئەو ڕاستیەش بخەینە بەرچاو کە ئەوکات عێراق دەوڵەت و خاک و کۆمەڵگەیەکی یەکپارچە و یەکگرتوو نەبوو، بۆ نموونە، ناوچە کوردنشینەکانی ویلایەتی موسڵ هێشتا بە فەرمی نەخرابوونە سەر عێراق. ئەمە چ جای کۆمەڵێک بەڵگە و ڕووداوی مێژوویی کە نەک هەر یەک-دیدی بەڵكو دژە-دیدی پێکهاتەکانی عێراق لەوکات پشتڕاست دەکاتەوە لەوەی یەکێتیی و هاودیدیان نیشان بدات. لە خوارەوە تیشک دەخەینە سەر هەندێکیان. 

لە گەرمەی هێرش و هەڵمەتەکان لە کەربەلا و حللە و نەجەف، شۆڕشگێرە شیعەکان “ئاڵای شۆڕشی عەرەبیی” یان ئاڵای عەشیرەتەکانی خۆیان لەسەر ئەو باڵەخانە و دەزگا حکومییانەی کە داگیریان دەکرد، بەرز دەکردەوە. هاوکات، شەڕوانەکان هۆسەیان بە شان‌ و باڵ و مێژووی نەمری “عروبە”دا هەڵدەگوت. لە ئەدەبیاتی ئەوکات، بەشداربووانی شۆڕشەکە وەک “سوپای عەرەب” نەک سوپای عێراق ناوزەد دەکران (الوردی ٢٠٠٥: ج ٥/١، ٢٨٩، ٣٢٦-٣٣٦؛ العلوی ١٩٩٠: ١٣٦؛ نظمی ن.ز: ١١٢، بڕوانە وێنەی ٢). ئەگەر ڕاپەڕینەکە نوێنەرایەتی بزووتنەوەی نیشتیمانپەروەریی عێراقیی کردبا، وەک ئەوەی هەندێک ئەکادیمیی و مێژوونووس بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەوا دەبوو ئاڵای عێراق هەڵبگرن و سوپاکەیان ناوی سوپای عێراق بایە، نەک ئاڵای شۆڕشی عەرەبیی هەڵگرن کە ئاڵایەک بوو سیمبولی شۆڕشێک بوو لە نیمچە دوورگەی عەرەب بەرپاببوو.

ئامانجی ئەو شۆڕشەی کە لە کوردستان ساڵێک پێشتر هەڵگیرسا بوو، ئەوکات خامۆش ببۆوە، ڕزگاربوون و سەربەخۆیی بۆ کوردەکانی “باشووری کوردستان” بوو. سەربەخۆییخوازیی شۆڕشەکە لە بەرزکردنەوەی ئاڵای کورد، ئاڵای حکومەتەکەی شێخ مەحمود، هەروەها لە نەخشکردنی ئارمی حکومەت و دەرکردنی پول بەناوی حکومەتەکەوە ڕەنگیدابۆوە. لەبەرئەوە دەتوانین بڵێین خەباتی کوردەکان لەژێر سەرکردایەتی شێخ مەحمود تێکۆشان بوو بۆ ئازادی و سەربەخۆیی باشووری کوردستان. بۆیە ناکرێت ئەم شۆڕشە وەک بەشێکی تەواوکەری شۆڕشی بیست هەژمار بکرێت. ڕاستە هەر دوو شۆڕشەکە لە دژی بەریتانیا بوون بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە کە هاوکاریی شۆڕشەکەی ١٩١٩ ی شێخ مەحمود و شۆڕشەکەی ١٩٢٠ ی باشووری عێراق بسەلمێنێت. ئەوە بێجگە لەوەی کە ئامانجی هەردوو شۆڕشەکە، وەک ئاماژەیان پێکرا، تەواو لێکجیا بوون ئەگەر نەڵێین دژبەیەک بوون.

 

وێنەی ١ ئاڵای حکومەتی شێخ مەحمود

وێنەی ٢ ئاڵای شۆڕشی عەرەبیی

سەرەڕای ئەمە، شۆڕشی بیست دواتر بوو بە بناغەی ئەفسانەی نیشتیمانپەروەریی عێراقیی و ئێستاشی لەگەڵ دابێت عێراقییە نیشتیمانپەروەرەکان لە ڕەوتە چەپەکانەوە، وەک حیزبی شیوعی، تا دەگاتە ڕەوتە ئیسلامییەکان، وەک حزبی دەعوە و مەجلسی ئەعلا، بە شۆڕشی دامەزرێنەری دەوڵەتی عێراقی دادەنێن. لەبەرامبەر ئەودا شۆڕشەکەی شێخ مەحمود و حکومەتە تەمەن-کورتەکەی بوون بە بەشێک لە ئەفسانەی ناسیونالیزمی کوردیی و نیشتیمانپەروەریی کوردستانیی (بڕوانە ساڵح ٢٠٠٦ئەلف؛ ٢٠٠٦ب؛ حەفید ٢٠٠٦). شاعیری ناسراوی کورد، شێرکۆ بێکەس (١٩٤٠-٢٠١٣)، شیعرێکی پەنجا و هەشت لاپەڕەیی بەناوی “داستانی بەردە قارەمان” نووسیوە. شیعرەکە لە ١٩٨٣، شەست ساڵ دوای شەڕەکەی دەربەندی بازیان، نووسراوە (بێکەس ١٩٩٥: ٤٣٠-٤٨٨). کاوێس ئاغا، لاوکبێژی بەناوبانگی کورد، لاوکێکی لەسەر جوامێری و شەڕەکانی شێخ مەحمود چڕیوە کە کەم کورد هەیە نەی بیست بێت. چەندان لاوک و شیعر و دەیان نووسراوی دیکە لەسەر شێخ‌ مەحمود و حکومەتەکەی و شەڕەکانی نموونەی زەقن لەسەر کاریگەریی شۆڕشەکەی شێخ مەحمود لەسەر خەیاڵگەی نەوەی نوێ و ڕووناکبیرانی کوردستان و هەست و سۆزی ناسیونالیزمی کوردیی. ئەمانە هەمووی ئەوە دەگەیەنن کە شۆڕشەکەی شێخ مەحمود بەشێک لە کۆیادی کورد پێکدێنێ و بووەتە بەشێک لە ئەفسانەی ناسیونالیزمی کوردیی. بەهەمان شێوە، شۆڕشی بیست بۆ عێراقییەکان بووە بە بەشێک لە کۆیاد و بەردی بناغەی ئەفسانەی نیشتیمانپەروەریی عێراقیی. ئەم دووانەش دوو-دیدیی و ناتەبایی دیدی کوردەکان و عەرەبەکانی عێراق بۆ نیشتیمان و نەتەوە و ناسیونالیزم نیشان دەدات.

لە پەیوەند بە پەرەسەندن و گەشەسەندنی هەستی نیشتیمانپەروەریی عێراقیش، کە لەلایەن هەندێک کەسەوە بانگەشەی بۆ دەکرێت، گوماناوییە و جێگای پرسیارە. حکومەتی کاتیی عێراق لە  سەرەتای پاییزی ١٩٢٠ دامەزرا، واتە ڕاست دوای شکستی شۆڕشی بیست. ئەمە بەو مانایەیە کە لە ١٩٢٠ عێراق هێشتان نە وەک جوگرافیا و خاک نە وەک قەوارە و دەوڵەت بوونی نەبوو. لەبەرئەوە چۆن دەکرێت باس لە نیشتیمانپەروەرییەک بکرێت کە پەیوەستە بە دەوڵەتێک هێشتان لەسەر نەخشە بوونی نەبووبێت. هەستی نیشتیمانپەروەری بۆ دەوڵەت-نەتەوە (nation-state)، بۆ نموونە عێراق، جیاوازی هەیە لەگەڵ هەستی ناسیونالیزمی بۆ نەتەوە (nation)، وەک کورد یان عەرەب، کە بوونیان قوڵایی مێژووی هەیە و ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیتنی کوردی، یان عەرەبی‌، کە پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی بوونی هەبوو. عێراق ئەو کات ئاڵای نەبوو کە گرنگترین سیمبولی هەر ناسیونالیزمێک، نەتەوەێک یان دەوڵەتێکە. ئەو هەست و سۆزانەی ئەوکات دەردەبڕان لەلایەن شۆڕشگێڕان و سەرکردەکانیانەوە هەستگەلێک بوون کە لە خولگەکانی نەتەوە (عەرەبی یان کوردی)‌ و دینیی (ئیسلام)  و مەزهەبیی (شیعی یان سوننی) دەسوڕانەوە. ئەم  ڕاستییە لە ڕازاندنەوەی جادەکانی بەسرە و بەغدا لە حوزەیرانی ١٩٢١ بە ئاڵای شۆڕشی عەرەبی، نەک عێراقی، دەردەکەوێت، ئەویش لەکاتی گەیشتنی شازادە فەیسەڵ پێش ئەوەی ببێت بە مەلیکی عێراق. لە ڕاستیدا، یەکەمجار ئاڵای عێراق بەرزکرایەوە ڕۆژی دانانی مەلیک فەیسەڵ بوو وەک مەلیکی عێراق لە ٢٣ ی ئابی ١٩٢١، کە دەکاتە ساڵێک دوای شکستی شۆڕشی بیست. ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە کە لە ڕێورەسمی تاجلەسەرنانی فەیسەڵ لەبەرئەوەی عێراق سروودی نیشتیمانیی نەبوو ئەوا سروودی نیشتیمانیی بەریتانیی لێدرا (الوردی ٢٠٠٥: ٦/١، ٨٧، ٩١، ١٢٠). باسکردن لە بوونی هەستی ناسیونالیزمی و نیشتیمانپەروەری وڵاتێک کە لە پێشوازی شازادەکەی ئاڵای شۆڕشی عەرەبی نەک ئاڵای خۆی هەڵداو لە کاتی بوون بە پاشای شازادەکەی سروودی نیشتیمانی وڵاتێکی دیکەی بۆ بچڕن، بەڕاستی جێگەی پرسیار و سەرسووڕمانە. دەکرێت باس لە شوناس و هەست و سۆزی عەرەبی و کوردیی و ئیسلامیی بکەین چونکە هاندەر و پاڵنەری سەرەکی بوون لە پشت شۆڕشەکەی ١٩١٩ ی شێخ مەحمود و شۆڕشەکەی ١٩٢٠ ی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، بەڵام قسەکردن لەسەر شوناس و ناسیونالیزمی عێراقیی لە ١٩٢٠ دا خەیاڵپڵاوییە.

واچاکە ئاماژه‌ بەوه‌ش بکەین کە لە ١٩٣٤ هەندێک ڕووناکبیری عێراقیی ویستبوویان یادی شۆڕشی بیست لە کۆمەڵێک شاری عێراق، لەوانە: بەغدا و دیوانیە، بکەنەوە، بەڵام دەسەڵاتدارە سوننەکان ڕێگەیان پێنەدابوون (الارزی ١٩٩١: ٣٣٠). ئەمە نیشانەیەکی دیکەیە کە نوخبەی سیاسیی حوکمبەدەستی عێراقیی تا ١٩٥٨ ‘شۆڕشی بیست’ی وەک بەشێک لە میراتی شۆڕشگێڕیی عێراق دانەدەنا. ئەوان پێیان وابوو کە یادکردنەوەکە دەبێتە مایەی بەرزکردنەوەی مەقامی شیعە و پیاوانی دینیان.

لە ڕۆژانی کۆتایی شۆڕشی بیست نوێنەری بەریتانیا لەگەڵ هەندێک لە نوێنەرانی شۆڕشگێڕان دانوسانێکیان کرد. لە دانوسانەکەدا نوێنەری شۆڕشگێڕەکان چەند داوایەکی پێشکەش کرد، گرنگترینیان ئەوەبوو کە “دەبێت عێراق حکومەتێكی عەرەبی سەربەخۆی هەبێت” (الوردی ٢٠٠٥: ٥/٢، ١٦١). لەوەوە دەردەکەوێت کە شۆڕشەکە گرنگی بە شوناسی “عەرەبی” دەوڵەتە چاوەڕوانکراوەکە دەدا زیاتر لە کارەکتەری هەرێمی و نیشتیمانیی، کە کارەکتەری عێراقن. لەپاڵ ئەمانەدا، لە توێژینەوەیەکی مەیدانی لە ١٩٧٨، خوێندکارێکی عێراقی قسەی لەگەڵ چەند کرێکار و کاسبکار و جوتیارێک کردووە، لەوانەی بەشداریان لە شۆڕشی بیست کردووە. لە توێژینەوەکە ئەوە دەردەکەوێت کە خەڵکەکە “ئەوکات نەیاندەزانی سەربەخۆیی یانی چی” بەڵام پێیان وابوو “جیهاد لە دژی ئینگلیزەکان واجبە” لەبەرئەوەی ئینگلیزەکان “بێگانەن و کافرن” (احمد ١٩٧٨: ٢٦، ٤٦). ئەمەش بە زەقی ئەوە نیشان دەدات کە هۆکاری سەرەکی بەشداری کردن لە شۆڕشەکەدا پاڵنەرە دینییەکان بوون نەک نیشتیمانیی/عێراقیی.

لەوانەیە باشترین وەسف بۆ شۆڕشی بیست ئەوە بێت کە شۆڕشەکە وریابوونەوەیەکی نەتەوەیی/عەرەبی و دینی/ئیسلامیی بوو لە دژی هێزێکی داگیرکەری بێگانەی “کافر” کە شەڕکردن بە دژی هەم “جیهاد” بوو هەم بەرگریکردن بوو لە شەرەف و کەرامەت. ئەوەی گرنگ بێت لێرە ئەوەیە کە دەبێت ئێمە ناسیونالیزمی عەرەبیی و ناسیونالیزمی ئیسلامیی‌ لەلایەک و نیشتیمانپەروەری عێراقیی (ئەوەی جارجار لێرە وەک ناسیونالیزمی عێراقیی ناومان هێناوە) لەلایەکی دیکە لێکجیابکەینەوە. ناسیونالیزمی عەرەبیی و ناسیونالیزمی ئیسلامیی دوو ناسیونالیزمی بان-نەتەوە یان بان-دەوڵەت-نەتەوەن و سنوورەکانیان سنووری دەوڵەتی عێراقی دەبڕن، کەچی نیشتیمانپەروەریی عێراقیی ناسیونالیزمێکی هەرێمییە و سنوورەکانی دەکەونە سەر سنوورەکانی وڵات و دەوڵەتی عێراق. مەبەست لەم قسانە لەکەدارکردنی شۆڕشی بیست یان کەمکردنەوەی گرنگی و کاریگەریی شۆڕشەکە نییە لەسەر ئاراستەکانی ڕەوڕەوەی سیاسی لە عێراق. چونکە شۆڕشەکە سەرەتای “وێناکردنی” (imagined) عێراق بوو لە خەیاڵگەی ئەو خەڵکەی لەو ناوچەیە دەژیان، وەک ئەوەی بێنێدیکت ئەندرسن باسی دەکات (Anderson 1991). ئەمەش چ لە ئاکامی شۆڕشەکە ڕاستەوخۆ بووبێت چ لە ئاکامی ئەو گرنگییەی کە نووسەران و ڕووناکبیرانی عێراقی لە ماوەی سەدەی  ڕابردوو، تا ئێستاش، بەم شۆڕشەیان داوە. لە ڕاستیدا، شۆڕشەکە کراوە بە یەکەمین ئەفسانەی ناسیونالیزمی عێراقی لە خەیاڵی ناسیونالیستە/نیشتیمانپەروەرە عێراقییەکاندا.

کەمال مەزهەر و شۆرشی بیست و کورد: خراپحاڵیبوونێک

مێژوونووسی ناسراوی کورد، کەمال مەزهەر، پەڕتوکێکی بە عەرەبی نووسیوە بۆ هەڵسەنگاندن، یان چاکتر بڵێین نیشاندان و قەبەکردنی، ڕۆڵی کورد لە شۆڕشی بیست. هاوکات، بەشێکی لە پەڕتوکێک کە بە کوردی نووسیویەتی تەرخان کردووە بۆ هەمان مەبەست (بڕوانە احمد ١٩٧٨؛ ئەحمەد ١٩٨٥: ١٦٣-١٧١). کەمال مەزهەر لەسەرەتا ڕەخنە لە مێژوونووس و ئەکادیمییە کوردەکان و عێراقییەکان دەگرێت لەبەرئەوەی بە گوتەی ئەو وەک پێویست باسیان لە ڕۆڵی کورد لە شۆڕشی بیست نەکردووە. ئەو دەڵێت مێژوونووسە بێگانەکانیش پێیان وایە کورد هیچ ڕۆڵێکی لە شۆڕشەکەدا نەبووە. دواتر کەمال مەزهەر دەڵێت گرنگی شۆڕشی بیست لەوەدایە کە “یەکەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی هاوبەشی هه‌ردوو گەلی گەورەی عێراق، عەرەب و کوردە”، لە درێژەی قسەکانیشی دەڵێت ڕاستە بەشداری کوردەکان سنووردار بووە بەڵام ڕۆڵی گرنگیان نواندوە لە شۆڕشەکەدا (احمد ١٩٧٨: ٨-١٢؛ ئەحمەد ١٩٨٥: ١٦٣). ئەم مێژوونووسە کوردە، هەندێک پێکدادان و شەڕی لابەلای نێوان هێزەکانی بەریتانیا و عه‌شیره‌ته‌ کوردەکانی بادینان و شۆڕشەکەی ١٩١٩ی شێخ مەحمود بە ڕێگەخۆشکەری بەرپابوونی شۆڕشی بیست لە قەڵەم دەدات (احمد ١٩٧٨: ٨٠-٩٦؛ ئەحمەد ١٩٨٥: ١٦٤-١٧٠). دواتر دێتە سەرئەوەی کە ئاگری شۆڕشی بیست دوای هەڵگیرسانی گەیشتە باقوبە و لە ئابی ١٩٢٠ شۆڕشگێڕان قزڵڕباتیان ئازاد کرد. پاشان باس لەوە دەکات چۆن شەڕوانە کوردەکان هێرشیان کردۆتە سەر سکەی شەمەندەفەری بەغدا-کەرکوک و چەند دامودەزگایەکی دیکەی حکومی. بەگوێرەی گێڕانەوەکانی ئەو، شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوام دەبن تا دواجار هێزەکانی بەریتانیا لە دەوروبەری خانەقین شەڕوانەکان سه‌رکوت دەکەن. لە کفریش شەڕوانەکانی عەشیرەتی جاف شارەکە ڕزگار دەکەن و ئاڵای بەریتانیا لەسەر دامودەزگاکان دادەگرن، بەڵام زۆری پێناچێت هێزێکی بەریتانییەکان ناچاریان دەکەن شار بەرەو بەرزاییەکانی دەوروبەر جێبهێڵن. کەمال مەزهەر ئاماژە بەوەش دەکات کە سلێمانی و دەوروبەرەکەی لە ئانوساتی شۆڕشی بیستدا هێمن بووە، واتە بەشداری شۆڕشەکەیان نەکردووە. ئەو هەندێک باس لە شڵۆقی و شڵەژاوی باری لیوای هەولێریش دەکات، وەک پەلامارەکەی ڕەواندزییەکان بۆ سەر کاپتن هێی (Hay) و هێرشەکەی سورچییەکان بۆ سەر هێزێکی بەریتانییەکان لە نزیک ڕەواندز.

ئەگەر تۆزێک وردبینەوە لەو ڕوداوانەی کە کەمال مەزهەر لەپەیوەند بە ڕۆڵی کورد لە شۆڕشی بیستدا باسیان دەکات هەندێک شتمان بۆ ڕون دەبێتەوە. یەکەم، زۆرێک لەو ڕووداوانەی کەمال مەزهەر دەیانگێڕێتەوە بەڵگەی پێچەوانەی دید و تێگەیشتنەکانی ئەومان دەدەن بەدەستەوە نەک پشتڕاستی قسە و دیدەکانی ئەو بکەنەوە. دووەم، خراپ-حاڵیبوون و بەهەڵەدابردنێک لە گێڕانەوەکانی کەمال مەزهەر بەدی دەکرێن. هۆکارەکانی بەهەڵەدابردنی خوێنەر لەلایەن مێژوونووسی ناسراو، کەمال مەزهەر، لەلای ئێمە زۆر ڕون نییە بەڵام دەکرێت وێنای هەندێک هۆکار بکەین. یەکەم، لەوانەیە نووسەر کەوتبێتە ژێر کاریگەریی ئەو ڕەوتە عێراقچییەی کە لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی  ڕابردوو، بەتایبەتی لەناو چەپەکان و هەندێک لە ڕووناکبیرانی کورد باو بوو. بۆیە لەوەدەچێت مەبەستی نووسەر لە نووسینەکانی دروست کردنی کۆیادێک بێت لەنێوان کورد و عەرەب کە خزمەت بەو دیدە عێراقچییە بکات. دیارە لە هەردووک ئەو پەڕتوکانەی کەمال مەزهەر کە ئاماژەمان پێکردون ئەوە بە ڕوونی دەردەکەوێت کە ئەو لە دیدێکی مارکسییانە تەماشای ڕووداوەکانی کردوەو هەڵی سەنگاندون. دووەم، نووسەر لە هەندێک شوێن ڕاستییەکانی وەک خۆی نەگواستۆتەوە و لە چەند شوێنێک تەنانەت هەندێ شتی پەڕاندووە کە بەپێی گێڕانەوەکانی خۆی ئاگادار بووە لێیان. ئەمەش لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە نووسەر توێژینەوەکانی تێدا ئەنجامداوە و بڵاوکردۆتەوە، مەبەستم سەردەمی دکتاتۆرییەتی بەعسە، کە نووسین لەسەر کورد دەبوایە خۆی لە هەندێک زاراوە و چەمک بپارێزێت، وەک بزووتنەوەی ڕزگارییخوازی نیشتیمانیی کورد و ئاڵای کوردستان، کە قسەکردن لەسەریان یاساغ بوو.

هۆکاری نووسەر هەرچییەک بێت گرنگ نییە، ئێمە لێرە هەڵسەنگاندن بۆ نووسینەکانی ئەو دەکەین و هەوڵدەدەین تیشك بخەینە سەر ناحاڵیبوونەکان و بەهەڵەدابردنەکان. وەک ئاماژەمان پێدا، کەمال مەزهەر شۆڕشەکەی شێخ مەحمود بە پێشەکی و ڕێخۆشکەر بۆ شۆڕشی بیست دادەنێت. ئەگەر بە وردیش سەرنج لە گێڕانەوەی  ڕووداوەکان بە زاری کەمال مەزهەر خۆی بدەین ئەوکات خراپ-حاڵیبوون و بەهەڵەدابردنەکانمان بۆ دەردەکەوێت. ئەو کە باس لە پاککردنەوەی سلێمانی لە هێزەکانی بەریتانیا لەلایەن شەڕوانەکانی شێخ مەحمود دەکات ئاماژە بەوە دەکات کە ئاڵای بەریتانی لەسەر بارەگای حاکمی سیاسی شارەکە هێنرایە خوارەوە بەڵام خۆی لادەدات لەوەی کە ئاڵای كورد/کوردستان، ئاڵای حکومەتەکەی شێخ مەحمود، لە شوێنەکەی بەرزکرایەوە (بڕوانە احمد ١٩٧٨: ٨٢). ئەو لەوکاتەی کە شۆڕشەکەی شێخ مەحمود وەک پێشەکی و ڕێخۆشکەر و تەواوکەری شۆڕشی بیست دادەنێت لەهەمانکاتدا شۆڕشەکەی شێخ وەک “نیشاندەرێکی دیکەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نیشتیمانیی گەلی کورد لەو قۆناغدا” دادەنێت. ئەمەش ناکۆکە لەگەڵ ئەو قسانەی سەرەوە چونکە شۆڕشەکەی شێخ ئەگەر بەشێک بێت لە شۆڕشی بیست ناکرێت سەرەتایەکیش بێت بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد. ناکرێت شۆڕشەکەی شێخ بەشێک بێت لە شۆڕشی بیست کە بە شۆڕشی دامەزرێنەری عێراق دادەنرێت هاوکات بەشێکیش بێت لە شۆڕشی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد کە یەکێک لە ئامانجە هەرە سەرەکییەکانی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عێراقە. لەڕاستیدا یەکێک لە ئامانجە هەرە سەرەکییەکانی شێخ مەحمود نەلکاندنی باشووری کوردستان بوو بە عێراق کە ڕاست پێچەوانەی شیکردنەوەکەی کەمال مەزهەرە.

لەکاتی گێڕانەوەی ڕووداوەکان کەمال مەزهەر (بڕوانە احمد ١٩٧٨: ١١٧) جارێکی دیکە پێشهاتەکان وەک خۆی ناگێڕێتەوە. ئەو دەڵێت شەڕوانە کوردەکان یەکەم گورزی خۆیان لە ١٤ی ئابی ١٩٢٠ دا وەشاند، ئەویش بە هێرشکردن بۆ سەر دامودەزگاکانی داگیرکەر لە خانەقین و دەوروبەریدا. لەوێ شەڕوانەکان بە قسەی کەمال مەزهەر ئاڵای بەریتانیایان هێنایه‌ خوارەوه‌ و ئاڵای عوسمانییەکانیان لە شوێنیدا بەرز کردەوە. جێگای سەرنجە کە لە پەڕتوکە کوردییەکەدا کەمال مەزهەر (ئەحمەد ١٩٨٥: ١٦٦) لەو شوێنەی کە باس لە هێنانە خوارەوەی ئاڵای بەریتانیا دەکات ئەو ئاماژەیەی بە بەرزکردنەوەی ئاڵای عوسمانییەکان قرتاندوە. جێگای ئاماژەیە کە لە ناوچە عەرەبنشینەکانی لیوای دیالە، لە نزیک خانەقین، شۆڕشگێڕە عەرەبەکان لەکاتی گرتنی بارەگاکانی بەریتانیا ئاڵای شۆڕشی عەرەبییان بەرز کردۆتەوە (بڕوانە نظمی ن.ز: ١١٣).

بەبنەما لەسەر ئەو باس و گێڕانەوانەی سەرەوە دەکرێت بە چەند ئەنجامێک بگەین، لەوانە: یەکەم، بەگشتی، لە پێش و لە کاتی شۆڕشی بیستدا لە ناوچە عەرەبنشینەکان لەکاتی هێرش و ‌ڕزگارکردن و لادانی ئاڵای بەریتانییەکان ئاڵای شۆڕشی عەرەبیی لە جێگەی به‌رزکراوه‌تەوە کەچی لە ناوچە کوردنشینەکان ئاڵای کورد/کوردستان، ئاڵای حکومەتەکەی شێخ مەحمود، یان ئاڵای عوسمانییەکان بەرز کراوەتەوە. ئەمەش بە زەقی ئەوە دەسەلمێنێت کە شۆڕشی بیست و شۆڕشەکانی کوردەکان دوو ئامانج و ئاراستە و تێگەیشتنی سیاسی‌ جیایان هەبووە بۆ خۆیان و دنیاکەی دەوروبەریان. دووەم، ئەم ڕووداوانه‌ ئەوەشمان پێدەڵێن کە هیچ هاوکارییەک و سەرکردایەتییەکی هاوبەش لەنێوان شۆڕشگێڕە کوردەکان و عەرەبەکان لە ئارادانەبووە.

لەوانەش گرنگتر، کەمال مەزهەر لە شیکردنەوەکانی پشتڕاستی نەبوونی هاوکاری دەکات کاتێک دەڵێت “نووسینەگەی شۆڕش [مکتب الثورة]، کە بەڕێوەبردنی شۆڕشی کەوتبووە ئەستۆ، نەیتوانی تەنانەت تاقە لقێکیش بۆ خۆی لە کوردستان دابمەزرێنێت” ئەو ئەوەش زەق دەکاتەوە کە “سەردارانی شۆڕش [عەرەبەکان] لە مەسەلەی کورد نەدەگەیشتن، بۆیە هیچ کامێکیان نە لە وتارێکداو نە لە بەیاننامەیەکداو نە لەسەر لاپەڕەی یەکێک لە دوو ڕۆژنامەکەی شۆڕش :فورات (الفرات) و ئیستیقلال (الاستقلال)، نە لە دوور،و نە لە نزیک تخونی نەکەوتن” (ئەحمەد ١٩٨٥: ١٧٠). سێیەم، بەرزکردنەوەی ئاڵای جیاجیا نیشانەی نەک هەر نەبوونی هاوکارییە بەڵکو ئاماژەشە بۆ دژایەتی دیدەکان چونکە ئەگەر ئەو لایەنەی کە ئاڵای شۆڕشی عەرەبیی هەڵگرتبێت خەونی بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی عەرەبییەوە دیبێت ئەوە ئەو کەسانەی کە ئاڵای کوردیان بەرزکردۆتەوە هەوڵیان بۆ ڕزگارکردنی کوردستان داوە، ئەوانەش کە ئاڵای عوسمانییەکانیان بەرزکردۆتەوە خەونیان بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو دەسەڵاتی ئیسلامی-عوسمانییەوە بینیوە. ئەم سێ خەونەش نەک تەواوکەری یەکدی نین بەڵکو دژایەتی یەکدی دەکەن لەپەیوەند بە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق.

ئەنجام

شۆڕشەکەی شێخ مەحمود دەکرێت وەک بەشێک یان سەرەتایەک بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی کورد لە باشووری کوردستان تەماشا بکرێت، بزووتنەوەیەک کە تازە سەری هەڵدەدا و ماکی ناوچەیی و عه‌شیره‌تگه‌ریی پێوە دیار بوو. کەچی شۆڕشی بیست لە باشووردا بزووتنەوەیەکی پەرچەکردارانە‌ بوو لە دژی داگیرکەرێکی ‘کافر’و هەڵگری کۆمەڵێک خەسڵەتی عەرەبی-ئیسلامیی-شیعیی بوو. ئەوەی شۆڕشەکانی کوردستان و باشووری عێراقی بەیەکەوە گرێدەدا تەنیا بوونی دوژمنێکی هاوبەش، بەریتانییەکان، بوو لەگەڵ سۆزی هاودینی، ئیسلامیی. قسەکردن لەسەر ‌ڕۆڵی کورد لە شۆڕشی بیستدا پاڵنەری سیاسیی لە پشتە نەک بەڵگەی مێژوویی. باسکردن لەوەی کە سۆزی عێراقییبوون کوردەکان و عەرەبەکانی کۆ کردبێتەوە هیچ ڕاستییەکی مێژوویی لە پشت نییە. لەڕاستیدا، ئەوکات عێراق نە دەوڵەت بوو نە پێشتریش هەوێنی هیچ بزووتنەوەیەک بووە کە هەڵقوڵاوی سۆز و وابەستەگی بە عێراقەوە بووبێت. لێرەدا زۆر گرنگە ئەوە دووبارە بکەینەوە کە ناسیونالیزمی عێراقیی یان نیشتیمانپەروەریی عێراقیی ناکرێت بوونی هەبوو بێت پێش دروستبوونی دەوڵەتی عێراقیی چونکە ناسیونالیزمی عێراقیی هەست و سۆزێکە کە لەسەر بنەمای بوونی دەوڵەت-نەتەوەی عێراق دروست دەبێت. بۆیە ناکرێت لە پێش یان لە دەرەوەی ئەو دەوڵەتێک کە لە ١٩٢٠ دا بوونی نەبوو، باس لە هەستی ناسیونالیزمی عێراقیی بکرێت. لەوەش سەیرتر ئەوەیە باس لە هاوسۆزی و وابەستەگی کورد بە عێراقەوە بکرێت پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقیی. ئەم جۆرە بانگەشەیە هیچ کام لە تێگەیشتنە تیورییەکان بۆ نەتەوە، مەبەستم نەژادگەرییەکان‌ (primordialism) و تازەگەرییەکان‌ (modernists) و ئیتنۆ-سیمبولییەکان (ethno-symbolists) ناتوانن شیکردنەوەی بۆ بکەن چونکە لە چوارچێوەی هەر سێ تێگەیشتن بەدەرە. ئەگەر ئەو ‌ڕاستییەش ڕەچاو بکەین کە ئەوکات باشووری کوردستان بەفەرمی بەشێک نەبوو لە عێراق ئەوە جارێکی دیکە ئەو تێگەیشتنەی کە کەمال مەزهەر جەختی لەسەر دەکات دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

سەرچاوە کوردییەکان

بێکەس، شێرکۆ (١٩٩٥) دیوانی شێرکۆ بێکەس ،سپانگا، سوێد: ئەپێک.

حیلمی،  ڕەفیق (٢٠٠٣) یاداشت، چاپی سێیەم، سلێمانی: دەزگای سەردەم.

حەفید، ناسر (٢٠٠٦) یادنامەی شێخ مەحمودی حەفید، دانان، سلێمانی: بنکەی ژین.

خواجە، ئەحمەد (١٩٧٠) چیم دی، بەرگی ١-٣، سلێمانی: کتێبخانەی سلێمانی.

ساڵح، سدیق (٢٠٠٦ب) حکومەتی کوردستان ١٩١٨-١٩٢٤، سلێمانی: بنکەی ژین.

ساڵح، سدیق (٢٠٠٦ئەلف) یادنامەی شێخ مەحمود، دانان و کۆکردنەوە، سلێمانی: بنکەی ژین.

ئەحمەد، د. کەمال مەزهەر (١٩٨٥) چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی گەلی کورد (بەشی یەکەم)، بەغداد: چاپخانەی الادیب البغدادیة.

سەرچاوە عەرەبییەکان

احمد، د. کمال مظهر (١٩٧٨) دور الشعب الکردی فی ثورة العشرین العراقیة، بغداد: مطبعة الحوادث.

الارزی، عبدالکریم (١٩٩١) مشکلة الحکم فی العراق من فیصل الاول الی صدام، لندن: دار الساقی.

البیاتی، عبدالرحمن ادریس (٢٠٠٥) الشیخ محمود الحفید والنفوذ البریطانی فی کردستان العراق حتی عام ١٩٢٥، لندن: دار الحکمة.

الحسنی، عبدالرزاق (١٩٧٢) الثورە العراقیة الکبری، صیدا: مطبعة العرفان.

الحسنی، عبدالرزاق (١٩٨٨) تاریخ الوزارات العراقیة، الجزء ١-٣، الطبعة السابعة، بغداد: دار الشٶون الثقافیة العامة.

العلوی، حسن (١٩٩٠) الشیعة والدولة القومیة فی العراق ١٩١٤-١٩٩٠، قم: دار الثقافة.

الفیاض، عبداللە (١٩٧٤) الثورة العراقیة الکبری سنة ١٩٢٠، بغداد: مطبعة الارشاد.

نظمی، ومیض جمال عمر و شفیق عبدالرزاق و غانم محمد صالح (نەزانراوە)، التطور السیاسی المعاصر فی العراق، بغداد: مطبعە جامعة بغداد.

الوردی، د. علی (٢٠٠٥) لمحات اجتماعیة من تاریخ العراق الحدیث، الطبعة الثانیة، الجزء ١-٦، بیروت: دار الراشد.

 

سەرچاوە ئینگلیزییەکان

Anderson, Benedict (1991), Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism, London: Verso.

Davis, Eric (2005) “History Matters: Past as Prologue in Building Democracy in Iraq,” Orbis, vol. 49, no. 2, pp. 229-244.

Eskander, Saad (2000), “Britain’s Policy in Southern Kurdistan: The Formation and the Termination of the First Kurdish Government, 1918-1919”, British Journal of Middle Eastern Studies, vol. 27, no. 2, pp. 139-163.

Kirmanj, Sherko (2013) Identity and Nation in Iraq, Boulder, USA: Lynne Rienner.

Marr, Phebe (2004), The Modern History of Iraq, Boulder, USA: Westview Press.

Nakash, Yitzhak (2003), The Shi‘is of Iraq, Princeton: Princeton University Press.

Tripp, Charles (2002), A History of Iraq, Cambridge: Cambridge University Press

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO