سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئازادی تاک وەکو دەروازەیەک بۆ هۆشیاری

مەبەستی سەرەکی لەم بابەتە ئاوڕدانەوەیەکە لە ڕەهەندی هۆشیاریی لە پەیوەند بەو ئەزموونەی کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. ئامانجیش ئەوەیە بزانین داخۆ بۆ ڕووبەڕووی ئەو هەموو ئیشکالیەتە زۆرانە بووەتەوە و دەستەبژێری سیاسی هەرێمی کوردستان بۆ نەیانتوانیوە لەو چەقینە مێژووییە دەربچن و سوود لە ئەزموونەکانی دونیا وەربگرن، بەجۆرێک کە سەروەری سیاسی هەرێم و سەروەری تاکی کوردستانی لە پێشەوەی کارە هەرە لەپێشینەکانیان بێت؟ لێرە هەندێك بە وردەکارییەوە درێژە بەو باسە دەدەم و لە ڕوانگەی فەیلەسوفێکی دیاری لیبڕاڵ و ئابووریناسێکی سیاسی، جۆن ستوارت میل، پرسەکە شیکار دەکەم.

میل، بەدواداچوونی بۆ چەمکی هۆشیاریی سیاسیی و ڕۆڵی هۆشیاری لە ئازادیی تاک و پرسی دیموکراسی و حوکمڕانیدا کردووە. لە کاتێکدا ڕەنگە ئەو زاراوەی “هۆشیاریی سیاسی” بە ڕوونی بەکارنەهێنابێت، بەڵام نووسین و بیرۆکەکانی دەست دەخەنە سەر چەمکە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەتیش لە چوارچێوەی هۆشیاری تاک، هاووڵاتیبوونی ئاگادار و بەشداری چالاکانە لە پڕۆسە سیاسییەکاندا.

کتێبی “لەبارەی ئازادی”یەوە، کە میل لە ١٨٥٩دا بڵاوی کردۆتەوە، دەقەکانی پەیوەندییەکی تایبەتی بە دۆزینەوەی هۆشیاری سیاسییەوە هەیە. لەم کتێبەدا، میل قسە لەسەر گرنگی ئازادی و ئۆتۆنۆمی تاک دەکات، جەخت لەسەر پێویستیی کۆمەڵگە بۆ هاندانی بۆچوونی هەمەچەشن و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و بەدواداچوون بۆ مەعریفە دەکات. لێرەدا هەندێک لە بیرۆکە سەرەکییەکانی کتێبی “لەبارەی ئازادی”یەوە کە پەیوەندییان بە هۆشیاریی سیاسییەوە هەیە دەخەینە ڕوو، وەکو دەروازەیەکیش بۆ تێگەیشتن لەیەکێک لەو هۆکارانەی وایان کرد کۆمەڵگە مۆدێرنەکان پێشبکەون و تاکەکانیش سەروەری خۆیان بەدەست بێنن.

ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین ڕەهەندی گرنگی لە بیرکردنەوەی میل دا هەیە، بەجۆرێك دەتوانین بڵێین یەکێکە لە بنەما چارەنووسسازەکانی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن، وەک وڵاتەکانی ئەوڕوپا. هەر یەکێکیش گەشتێکی خێرا بەو وڵاتانەدا بکات، بە ئاسانی لەو ئازادییە تێدەگات، کە هەندێك خەڵكی دیماگۆج بە بەڕەڵایی وەسفی دەکەن.  میل پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە چاندنی هۆشیاریی، بەتایبەتیش هۆشیاریی سیاسیی پشت بە ئازادی ڕادەربڕین دەبەستێت، کە خۆی لە دروستبوونی ژینگەیەک کە ڕێگە بە گوتاری کراوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بدات و بەشدار بێت لە گەشەپێدانی هاووڵاتیانی، دەبینێتەوە.

بەکورتی، کتێبەکەی میل بەرگریکردنە لە ئازادی تاکە کەس، بەتایبەتی ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین. ئارگومێنتی سەرەکی میل لە کتێبەکەیدا بریتییە لەوەی تاکەکان دەبێ زۆرترین ئازادییان هەبێت بۆ بیرکردنەوە و ڕادەربڕین و مامەڵەکردن، بەمەرجێک کردارەکانیان زیان بە خەڵکی بەرامبەر نەگەیەنن. ئەو پێی وایە ئەم ئازادییە بۆ گەشەسەندنی تاکایەتی و پێشکەوتنی فیکری و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە پێویستە. لەڕوانگەی میل، سنووردارکردنی ئازادی، تەنها دەبێت لەسەر بنەمای زیان گەیاندن بێت بە خود یان بەوانی دیکە. بۆیە، ئەو دەڵێت تاکە هۆکاری ڕەوا بۆ سنووردارکردنی ئازادی تاک، دەبێت ڕێگریکردن بێت لە زیانگەیاندن بە کەسانی دیکە. میل لێرەدا سەروەری دەبەخشێتە تاك و پێی وایە کۆمەڵگە مافی ئەوەی نییە بۆچوون و دەربڕینی تاکەکان سەرکوت بکات یان سانسۆر بکات، تەنها لەبەر ئەوەی کە دەربڕینەکان جیاوازن یان ناکۆکن لەگەڵ ڕا و بۆچوونەکانی زۆرینە. لەسەر ئەو بنەمایەش، لە کۆمەڵگەدا ئازادی تاك پەیوەندی بە زۆرینە و کەمینەوە نیە، زۆرینە و کەمینەش لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا هیچ هەژموونێکی ڕەها بە کۆمەڵ نابینن.

بەو جۆرە، میل بە توندی بەرگری لە ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین دەکات، بەو مانایەی شتێک نیە بەناوی بۆچوونی ناپەسەند یان ناکۆک. ئەو دەڵێت ئەگەر بۆچوونێک درۆش بێت، نابێت سەرکوت بکرێت چونکە خەریکبوون لەگەڵ دیدگا ناکۆکەکاندا، تێگەیشتن لە بیروباوەڕی ڕاستەقینە بەهێز دەکات و دوورمان دەخاتەوە لە دۆگماتیزم. لێرەدا شتێک هەیە بەناوی “بازاڕی بیرۆکەکان” کە وەکو میتافۆرێک دەیناسێنێت. ئەو پێی وایە کاتێک ڕێگە بدرێت ڕوانگە جیاوازەکان بە ئاشکرا دەرببڕدرێن و مشتومڕیان لەسەر بکرێت، کۆمەڵگە سوود لە ئاڵوگۆڕی بیرۆکەکان وەردەگرێت. لەم بازاڕەدا ڕاستیی و مەعریفە لە ڕێگەی پێکدادان و کارلێکی بیروڕای جۆراوجۆرەوە سەرهەڵدەدەن. ئەمەش لەخۆیدا بەشێکە لە ململانێی سیاسیی، فیکریی و کۆمەڵایەتیی. ئەو ململانێیە بە پاساوی زۆرینە و کەمینە نابێت سنووردار بکرێت، وەکو یەکێک لە بنەماکانی کۆمەڵگەی ئازاد. هەر ئەو بنەمایەشە، ئەمڕۆ لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا بە ڕەهایی پارێزراوە. لەو ڕوانگەیەشەوە، ئەوەی میل جەختی لەسەر دەکاتەوە ” گەشەسەندنی تاکە”، بەو مانایەی کە ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە گەشەپێدانی تاکەوە هەیە. بەریەککەوتن لە دووڕیانی دەربڕینی ئازادی بیر و ڕا، ڕێگە بە تاکەکان دەدات بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە لە بیروباوەڕەکانیان بکۆڵنەوە و خۆیان لە چەقبەستوویی فیکریی بەدوور بگرن و تێگەیشتنیان لە پرسە ئاڵۆزەکان وردتر بکەنەوە.ڕەهەندێکی گرنگی دیکەی ڕوانگەی میل، سنووردانانە بۆ ستەم. میل دەڵێت ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین وەک بەربەست و پارێزەرێک وایە لە بەرامبەر ستەمکاریی دەستەڵات و “ستەمکاریی زۆرینە”. دیارە کە ستەمکاریی دەستەڵات لەگەڵ ستەمکاریی زۆرینە دوو بوار و ڕەهەندی جیاوازن. ئەوەی زۆرجار لە وڵاتانی بەزۆرینە موسوڵمان رێگری لێدەکرێت بەناوی زۆرینەی موسڵمانییەوە، تێنەگەیشتنە لەوەی کە تاك خاوەنی سەروەریی خۆیەتی و مافی ئازادی ڕادەبڕینی هەیە، مادام پەنا بۆ هیچ شێوازێکی توندوتیژی نابات. میل، ڕێگریش دەکات لە سەرکوتکردنی ڕوانگەی کەمینەکانی کۆمەڵگە و ڕێگە بە تاکەکان دەدات لە کاتی پێویستدا ڕکابەریی دەستەڵات بکەن. لەپاڵ دروستکردنی ئەو پانتاییە لە ئازادیشدا، لەبەرامبەر دەستەڵات، لەڕوانگەی میلەوە، پەروەردە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە پێشکەوتنەوە هەیە. ئەو پێی وایە کە پێشکەوتنی فیکری و پێشکەوتنی کۆمەڵگە تەنها کاتێک دەکرێت پێشبخرێت، کە تاکەکان ئازادییان هەبێت بۆ پرسیارکردن لە بیرۆکە دامەزراوەکان و ڕکابەری نۆرمە دەقخواردووەکان بکەن. ئەوەش وادەکات بەشداری چالاکانە و بەردەوام هەبێت لە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە زانستە هەمەجۆرەکان و تێگەیشتن لە کۆمەڵگە. بەڵام لەهەمان کاتدا، دان بەوەدا دەنێت کە سنوورێک هەیە نابێت ببڕدرێت. ئەو سنوورەش کاتێک دادەنرێت کە قسەکردنێک، یان بیروبۆچوونێک، ببێتە هۆکارێك و هاندەر بۆ توندوتیژیی یان ڕاستەوخۆ زیان بە کەسانی دیکە بگەیەنێت. بەو جۆرە، ئەو هەڵاواردن بۆ ئەو قسەکردن و ڕادەربڕینانە دەکات کە مەترسییەکی ڕوون و ڕاستەوخۆیان لێبکەوێتەوە.

بەو جۆرە، میل بەرگرییەکی بەهێز لە ئازادی بیرکردنەوە و دەربڕین وەک کۆڵەگەیەکی سەرەکی ئازادی تاک و پێشکەوتنی کۆمەڵگە دەکات، کە هاوکات، لە ئامێزگرتنی بۆچوونە هەمەجۆرەکان، تەنانەت ئەوانەی کە ڕکابەری نۆرمە باوەکانیش دەکەن. لە کۆتاییشدا دەبێتە مایەی لەدایکبوونی کۆمەڵگەیەکی زیندووتر و دەوڵەمەندتر لە ڕووی فیکرییەوە. بەم شێوەیە، بیرۆکەکانی میل کاریگەرییەکی بەردەوامیان لەسەر گفتوگۆکان سەبارەت بە ئازادی قسەکردن، دیموکراسی و ڕۆڵی ئۆتۆنۆمی تاک لە داڕشتنی کایەی گشتیدا دەبێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO