لە نێوان ئێستا و سەردەمی “خانی”دا، پتر لە سێ سەدە جیامان دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کە “مەم و زین”، بەتایبەت دێباجەکەی دەخوێنیتەوە، وەک ئەوەی لەم سەردەمەدا نووسرابێت و نووسەرەکەشی لە ڕوانگەی مێژووی سێ سەدەی ڕابردووەوە کێشە و گرفتە بوونەکییەکانی ئێستەمان بۆ تاوتوێ بکات.
ڕاستیەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، جگە لەوەی “کوردبوون” وەک خۆئاگایی و کوردینووسین و خوێندنەوەی ئەویدیەکانی کورد لە دەقەکەی خانی دا لەدایک دەبێت، ڕابوونێکی ڕۆشنگەرییانەی ڕوناکبیرێکە دەبێتە مانیفێستێک. خانی چیرۆکێکی خۆشەویستیی دانەهێناوە، بەڵکو کردوویەتی بە کڕۆکی مانیفێستێکی بێداربوونەوەی خۆی و گەلەکەی.
لەبەرئەوە، بە خوێندنەوەی هەمیشە دەکەوینە بەردەم پرسیارێک. بۆچی پاش ئەوەندە سەدەیە، دەقەکە تازەباوە؟ لەگەڵ ئەوەی ڕچەشکێنە و پڕە لە ئاڵنگاری نووسین و کەلتور و هزر، نۆبەرەی ڕۆشنگەریی مرۆڤی کوردە. دەقێکە لە ئەدەبی کلاسیک و نوێدا تێنەپەڕێنراوە و ئەو پێگەیەی داگیر کردووە، بەزیندویەتی هێشتوویەتیەوە.
ڕەهەندی بوونەکی دەقەکە کوردبوونە، تەوەری سەرەکی پرسی چارەنووسی مرۆڤی کوردە کە یاخیبوون لە واقیعی داسەپاو، دەیجوڵێنێت. ڕاستە پێش “خانی” شاعیری ڕچەشکێن مەلای جزیری (١٥٧٠ –١٦٤٠) بە کوردی دیوانی نووسیووە، فەقێ تەیران ( ١٥٦٣ – ١٦٤١) ئەفسانەی کوردی زارەکی و دەقەکانی “قەڵای دمدم”، زەنبیلفرۆش و شێخی “سەنعان” هەیە . بەڵام، خانی بە “مەم و زین” نەک هەر چیرۆکێکی زارەکیی پاراستووە و لە دەماودەمەوە خستویەتیە سەر کاخەز، بەڵکو ئەفسانەیەکی کوردییانەی خستۆتە نێو وێنەیەکی گشتیی و تراجیدیای بوونەوە. ڕەوشی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕوناکبیریی کوردی تێدا بەرجەستە کردووە.
خانیخۆی دەقەکە بە “بیدعە” ناو دەبات. چونکە، خۆشەویستی و پرسی “بوون” سەردەمەکەی وێنا دەکات. بەوەش، شان لە شانی کەلتوری باڵای دەسەڵاتی ڕۆم و عەجەم دەدات. بەو مەبەستەی کەس نەڵێت کورد خۆشەویستی تێدا نییە و نایزانێت یان خوێندەوار و نووسەر، هونەر و هەستیان نییە. ئیتر، خانی، بە “مەم و زین”، ڕکابەری جامی و نیزامی و هاوکات نەخشاندنی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد و پرسە هزریی و فەلسەفیی و عیرفانییەکانیی کردووە.
ماوەیەکە سەرقاڵی سەرلەنوێ خوێندنەوەی ئەو شاکارەم. هەڵبەت، مەبەستم نییە لێوەی وەڵامی ئەوەم دەست کەوێت کە بۆچی بەم ڕۆژە گەیشتین؟ بەڵام، بەدڵنیاییەوە وەڵامی ئەوەی بۆ ئەوێستا دۆخی کورد وابووەی تێدایە. تێکەڵکردنی خوێندنەوەی ئێستا بۆ ڕابردوو و ڕابردوو بۆ ئەمڕۆکە، بارکردنی دەقە لە واتا و ڕەهەندی جیاواز کە خاوەن دەق نایڵێت.
ڕاستە دەق پڕە لە نەگوتراو و کاری توێژەر دەرخستنیانە. بەڵام، ناکرێت خانی جارێ مارکسی و ڕۆژێ نەتەوەیی یان سۆفی و مەلا و جارێکیس شاعیر بێت. ڕاستە، ئەو توخمانە هەموویان خانییەکی دانسقەیان دروست کردووە. بەڵام، کورتکردنەوەی لە یەکێکیاندا، هەڵەیەکی میتۆدییە.
ئەوەندەی خوێندەواران لە حوجرەکاندا دەقەکانی سەعدی و حافز و ئەوانی دیکەیان خوێندووە، چی دەبوو “مەم و زین”یش لەگەڵ ئەواندا بخوێنرایە؟ مەگەر زمانی دایکمان نەدەچووە ئاستێکی دیکە؟ خانی بە زمانی دەقەکەی تەحەدای فارسی و عەرەبی وەک تاکە زمانی فەرمی ئەدەب، دیوەخان-سیاسەت و شەرع و ئایین دەکات. بە دیوانەکە دەبێتە هاوشانییان.
دەقەکەشی زۆر ڕاڤە هەڵدەگرێ، هەر بۆیە، عیزەدین مستەفا ڕەسول، نووسەر و ڕەخنەگری کورد، پاش وەرگرتنی دکتۆرایەک لەسەر خانی وەک شاعیر و فەیلەسوف، نزیکەی هەڤدە ساڵ بەردەوامی بە نووسین و وانەوتنەوەدا. جان دۆست، نووسەری ڕۆمانی “میرنامە” لەسەر خانی، بیست ساڵی ڕەبەق کاری لەسەر میراتی هزری خانی کردووە. لای کەمال میراودەلی، خۆئاگایی نووسەر لە بارەی پڕۆژەکەی کە دەبێت چی بکات، کێ و بۆچی و لە چ سەردەمێکیشدا لە دەقەکەدا ڕەنگیداوەتەوە. خانی وەک نووسەر، وەک کوردێک و بیرکەرەوە و گێڕەوەیە لە تاونوپۆی دەقەکەدا ئامادەیی هەیە.
شاکارەکە وەک شانۆنامەیەکە کە چەندان دیمەنی سەربەخۆ لەخۆ دەگرێت. بەهۆی ئەو فرەڕەهەندییەشەوە، خوێندنەوە و ڕاڤەی جیاوازی بۆ کراوە، لەوانە: تۆفیق وەهبی، عەلائەدین سەجادی، عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ، جەمال نەبەز، حەمەی مەلاکەریم، فەرهاد شاکەلی، ئەمیری حەسەن پوور، مامۆستا جەعفەر، هەژار، هێمن و قزڵجی. بێجگە لەوانە، نووسەرانی بیانیش وەک: مارتین فان برونەسەن، میخایل لەیزنبێرخ و مایکڵ چایت کاریان لەسەر خانی و نووسینەکانی کردووە.
لە سەرەتادا خانی داوا لە مەیگێڕ دەکات و لە پەستی حاڵ و بارودۆخی کورد بە نۆشینی قومێ مەی (مەجازییش بێت) سەرگەرمبێ و نالەباری گەلەکەی بدرکێنێت. مەی وەک هێزی پارسەنگی تاڵی و سەختی ژیان وا دەکات مرۆڤ بێچاودێری و سڵکردنەوە ناخی خۆی هەڵبڕێژێت و نەگوتراوەکان بخاتەڕوو. دەشێت ئەو واقیعە دژوارەی سەردەمی خانی وەک دۆخێکی “نائاگایی بێهۆشیی” بێت کە هێشتا کورد وەک پێویست بەئاگا نەهاتۆتەوە. بۆیە، لە حیکمەتی خوا سەرسامە چما کرمانج «کورد» لە دەوڵەتی دونیادا، لە سەربەخۆیی بێبەش بووە و بوونەتە ژێر دەستەی ئەوانیتر؟
لەبەرئەوە، گوتەکەی مێژوونووس، دەیڤید ماکدۆاڵ، زێدەڕەویی تێدا نییە کە خانی وەک ڕیزپەڕێک لە مێژووی کوردا دەبینێت. چونکە، کورد وەک “نەتەوە” جگە لە سەدی هەڤدەدا کە خانی ئاماژەی پێ کردووە، شوناسی باس نەکراوە. خانی کوردی وەک نەتەوە و جڤاکێکی هاویەک نەک خەڵکانێکی پەرتەوازە و بێهەبوونی بیر و خەونی هاوبەش، وێناکردووە. ڕاستە، کورد وەک گروپ و خەڵکانێک مێژووییەکی دێرینیان هەیە، بەڵام پێش خانی وەک کۆمەڵگایەکی-سیاسی هاودید و هاوبەش و یەکجەستە باس نەکراوە. لەبەرئەوە، مەم و زین، کە لە ١٦٩٢ دا نووسراوە، بە بناغەیەکی سەرەکیی فەرهەنگی کوردیی دادەنرێت.
لە ڕۆمانی “داگیرکردنی تاریکی”، بەختیار عەلی “کوردبوون” وەک تاریکایی و پەتایەکی هزری و ئایدۆلۆجیای سیستمی دەوڵەتی تورک کە سیاسەتی “نکوڵیکردن لە بوونی کورد”پەیڕەو دەکات، دەردەخات. ئەو سیستمەش نەک تەنها سیاسەتێکی دەوڵەتی مۆدێرنی تورک دەردەخات، بەڵکو ئەو بنەما و کۆڵەگەیەیە کە دەوڵەتەکە لەسەری بەندە. سڕینەوە و نکوڵیکردن لە کورد وەک ئەوی دی تورک دروست بووە. کوردبوون ڕێگر بووە لە بەرامبەر پڕۆسەی تواندنەوە و دروست کردنی کۆمەڵگایەکی تاکنەژاد و تاکنەتەوە. “تورکبوون”، دەوڵەتی تورک داڕێژراوێکی هزری مۆدێرنە کە لەسەر بەرزڕاگرتنی گروپێکی ئیتنی/نەژادیی ساز کراوە. نەک هەر نکوڵیکردن لە ئەوی دییەکی- کورد پێشمەرجیەتی، بەڵکو مانی خۆی لە سڕینەوەی ئەوی دیکەی کورددا دەبینێتەوە. کورد لەمپەڕێکە، دیوارێکی پۆڵاینە لەبەردەم پڕۆسەی بەتورککردندا. تەنانەت دواتر، کوردبوون شۆکێکی کەلتوریی تورکبوونە بەڕادەیەک کە تورک ناتوانێت لە بوونی کورد تێبگات چ جای ئەوەی قەبوڵی بکات. لەبەرئەوە، ویستیویەتی ئەوی دی خۆی بکات بە تورک وەک ڕێگەچارەی ژینکردن.
بۆیە، بەختیار عەلی ناچار بووە جێگۆڕکێکە بە تورک بکات. مادام ناتونێت خۆی بخاتە جێی کوردێکەوە، دەبێت ڕۆژێ لەخۆوە تورکبوونی لەبیرچێتەوە و بە کوردی بدوێت. بەبێ ئەمەش ئەستەمە بۆی لە ئەوی دیکەی خۆی تێبگات و بزانێت جینۆسادیکردن چەندە کارەساتبارە. تا تورک خۆی نەبێت بە کورد، جیاوازیی قبوڵ ناکات.
ڕەنگە، پاش خانی، ڕۆمانەکەی بەختیار توانیبێتی لە فۆرمێکی ئەدەبیدا هەوێنە نەژادپەرستییەکە وێنابکات. بۆیە، کارەکەی ئەو دیوە هەڵگێڕاوەکەی “خانی”یە لە “مەم و زین”دا. خانی دادوبێدادێتی لەوەی کورد کوردبوونی خۆی لەبیر کردووە و لە خواستی ئەوانی دیکەدا (ڕۆم، عەجەم، عەرەب) پێکارێکە. لای بەختیاریش، تورکبوون ناگاتە مرۆڤبوون، ئەگەر کوردبوون قبوڵنەکات وەک بنەمایەکی پێکەوەژیان.