لەبارەی فرەجۆری کەلتورەوە، به قه‌د جیاوازی كۆمه‌ڵگه‌كان جیاوازی كەلتوریش هه‌یه، چونكه جگه له سیما سروشتییه‌كان (ئەوەی پەیوەندی بە پێکهاتەی بایۆلۆجی هەیە)، ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كان له‌یه‌ك جیاده‌كاته‌وه جیاوازی کەلتور و ورده-کەلتوره. له‌باره‌ی پێناسه‌وه، یه‌كه‌م پێناسه‌یه‌ك بۆ کەلتور کرابێت، پێناسه‌كه‌ی مرۆڤناسی بەریتانی “ئەدوارد تایله‌ر”ـه، کە ده‌ڵێت “کەلتور بریتییه له‌و گشته ئاڵۆزه‌ى كه زانیارى و بیروباوه‌ڕ و ئاكار و فه‌لسه‌فه و هونه‌ر و هه‌موو ئه‌و توانایانه‌ش ده‌گرێته‌وه كه تاك له كۆمه‌ڵگه‌كه‌یدا وه‌ری ده‌گرێت به‌و پێیه‌ى كه ئه‌ندامه تیایدا”.
کۆمەڵناسی بەریتانی، ئه‌نتۆنی گیدینز، له پێناسه‌یه‌كی كۆمه‌ڵناسیانه‌دا ده‌ڵێت کەلتور “بریتییه له‌و كۆمه‌ڵه به‌هایه‌ی كه ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك هه‌یانه و ئه‌و كاڵا ماددیانه‌ی كه دروستی ده‌كه‌ن، یاسا و ڕێسایه‌ك كه په‌یڕه‌وی لێ ده‌كه‌ن و ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه‌كه فێره ده‌بێ ونابێ ده‌که‌ن”.
هه‌ندێك جار له پێناسه‌یه‌كی زۆر كورتدا ده‌ڵێن کەلتور بریتیه له “ڕێگای هاوبه‌ش و شێوازی پێكه‌وه‌یی ژیان”، یان کەلتور بریتییه له شێوازی ژیانی هه‌ر كۆمه‌ڵَگایه‌ك، ئه‌م شێوازی ژیانه له‌ناو زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا له سیه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا سه‌ری هه‌ڵدا، جگه له ئه‌نترۆپۆلۆجیا له بواره‌كانی تریشدا به‌كار ده‌هات. بۆ نموونه، لویس وێرس له باره‌ی شارنشینیه‌وه ده‌ڵێت “شارنشینی وه‌كوو شێوازێكی ژیان به‌سه‌ربردن، وه‌كوو جۆرێك له کەلتور، ئاماژه‌یه به جیاوازی نێوان کەلتوری شارنشینی و کەلتوری لادێیی.
کەلتور دیارده‌یه‌كى مرۆییه، ئه‌ركێكی ناسنامه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تیى هه‌یه. هه‌ردوو زانای ئه‌مریكی “كرۆبه‌ر و كلاكهون” زیاتر له سه‌دو شه‌ست پێناسه‌یان بۆ کەلتور ڕیز كردووه. زۆریی پێناسەکان تا ڕاده‌یه‌ك بوونەتە مایەی لێڵكردنی بابه‌ته‌كه نه‌ك ڕوون كردنه‌وه و ڕۆشن كردنی. ده‌بینین به‌شێكی زۆری ئه‌و پێناسانه په‌یوه‌ندیان به به شارنشینی و شێوازی ژیانی مه‌ده‌نیانه و شارستانیه‌ته‌وه هه‌یه.
یه‌كێك له‌و پێناسانه‌ی له دوای پێناسه باوه‌كه‌ی تایله‌ر زۆر ده‌گوترێته‌وه بریتییه له‌و پێناسه‌یه‌ی كه ده‌ڵێت “کەلتور بریتییه له كۆی ده‌ستكه‌وته ماددی و مه‌عنه‌وییه‌كانی مرۆڤ، كه له ڕێگای به كۆمه‌ڵبوون و پێكه‌وه‌ژیانه‌وه به ده‌ست دێن و گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌رهه‌می دێنن و له یاده‌وه‌ریاندا ده‌مێنێته‌وه”. لێره‌دا جه‌خت كراوه‌ته سه‌ر داهێنراوه‌كانی مرۆڤ، ئه‌وانه‌ی خودی كۆمه‌ڵگا خۆیان دروستی ده‌كه‌ن چ ماددی بن یان مه‌عنه‌وی، کە ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌یانخوازێت و پاڵنه‌ری داهێنان و دروستكردنیان پێداویستییه‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌ی تاكه‌كانه. هه‌ر ئه‌م داهێنراوانه، دواتر ده‌بنه به‌شێك له یاده‌وه‌ری تاكه‌كان و ئاراسته‌یان ده‌كەن. مه‌به‌ست لێیان به‌رهه‌مهاتوه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له نێوان واقع و هزری مرۆڤه‌كاندا هه‌یه، خۆیان واقعێك دروست ده‌كه‌ن، دواتریش ئه‌و واقعه ده‌بێته قالبێك و ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا و وه‌كوو بوونێكی بابه‌تی كاریگه‌ریی ده‌خاته سه‌ر كۆمه‌ڵگا و ئاراسته‌ی ده‌كات. ئه‌مه ئه‌و په‌یوه‌ندییه دیاله‌كتیكیه‌یه له نێوان سه‌رخان و ژێرخاندا هه‌یه كه کارڵ ماركس له ڕاڤه و شرۆڤه‌كانی كۆمه‌ڵگادا ئاماژه‌ی پێكردوون.
له پێناسه‌یه‌كی تردا هاتووه کەلتور بریتییه له كۆی ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وته‌كان و ئاراسته ده‌روونییه‌كان و به‌رهه‌می ماددی و زه‌ینی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك كه ده‌بێته ناسنامه و تایبه‌تمه‌ندیان. له‌م پێناسه‌یه‌دا جه‌خت كراوه‌ته سه‌ر له قالبدانی ڕه‌فتاری تاكه‌كان، سنووردانان و دروستكردنی ئاراسته‌ی ده‌روونی، ڕق یان خۆشه‌ویستی، دڵسۆزی یان بێخه‌می وخوێنساردی به‌رامبه‌ر به پرسه‌كان، پرسی گشتی یان پرسه كه‌سیه‌كان و خێزانییه‌كان. هه‌روه‌ها، ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی به‌رهه‌می دێنن چۆن دواتر ده‌بێته ناسنامه‌ی ئه‌و گرووپه و پێی ده‌ناسرێنه‌وه. واته تا ڕاده‌یه‌ك جه‌خت كراوه‌ته سه‌ر لایه‌نی ماددی و مه‌عنه‌وی و ڕه‌فتاری تاكه‌كان. وه‌ك ڕۆبه‌رت باستید له سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا به سوود وه‌رگرتن له پێناسه‌كه‌ی تایله‌ر ده‌ڵێت “کەلتور بریتییه له‌و گشته ئاڵۆزه‌ی كه هه‌موو ئه‌وانه ده‌گرێته‌وه بیریان لێ ده‌كه‌ینه‌وه یان ئه‌نجامیان ده‌ده‌ین، یان هه‌مانه وه‌كو ئه‌ندامێك له كۆمه‌ڵگادا.
له پێناسه‌یه‌كی تردا ئەو ده‌ڵێت کەلتور پێگه‌یاندنه، دروستكردنی نه‌خشه‌ی زه‌ینی و فامپێكردنه، هزر و كار و كرده‌وه‌ی مرۆییه، كه له‌گه‌ڵ خواست و داواكاری و ئامانجه‌كانی كۆمه‌ڵگادا ده‌گونجێت.
لێره‌شدا زیاتر جه‌خت كراوه‌ته سه‌ر په‌روه‌رده و دروستكردنی ڕه‌فتار و هۆشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تیی و تواناسازی تاكه‌كان له به‌كارهێنانی ئامێر و كه‌ره‌سته‌كانی سه‌رده‌م، به‌پێی داواكاری و پێداویستییه‌كانی كۆمه‌ڵگا. ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ش له‌ناو كۆمه‌ڵگا و له ڕێگای كه‌ناڵه‌كانی پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تایبه‌تمه‌ندیه‌كی مرۆییه و یه‌كێك له ئامانجه‌كانی پێدانی کەلتوره، ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵگای مرۆیی له ئاژه‌ڵان جیا ده‌كاته‌وه، واته کەلتور تایبه‌تمه‌ندییه‌كی مرۆییه و له‌ناو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییدا دروست ده‌بێت.
بە کورتی کەلتور قالبێکە پێش لە دایکبوونمان ئامادە کراوە، وەکوو هەویر ئێمەی پێ لەقالب دەدرێت و وردە وردە شێوە و ڕەنگی کۆمەڵگامان پێ دەبەخشێت، لە خواردن و خواردنەوە و بیروباوەڕ و پۆشاک و حەرام وحەڵاڵ و دەبێ و نابێ.



