سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ڕاگەیاندنی کوردی لە کوێی پرسە کوردستانییەکان دایە؟

لەناو هەموو گەلانی جیهاندا ڕاگەیاندن کەرەستەیەکی سەرەکیی نەتەوەسازی و ڕێکخستنی کۆمەڵگەیە. ئەم ڕۆڵە گرنگەی ڕاگەیاندنیش هەر لەگەڵ پەرەسەندنی چاپ و بڵاوکردنەوە دەرکەوت و لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوودا زۆری دەربارە گوترا و نووسرا. ئەم ڕاستییە بووە هۆی وەرچەرخان لە تێگەیشتنی جیهان دەربارەی نەتەوە و نەتەوەسازی و وای لە تیۆرسازێکی وەکوو بێنەدیکت ئەندرسن کرد کە دووبارە نەتەوە بە ڕەچاوکردنی کاریگەریی چاپ و بڵاوکراوەکان پێناسە بکاتەوە و تیۆرەکانی پێش خۆی بخاتە بەر نەشتەری ڕەخنە. ئەو پێی وابوو کە ڕاگەیاندن و چاپەمەنی دەتوانن کۆمەڵگەکان سیستەمی جیهانگیری ئاڕاستە بکەن و ئەمەش بۆچوونێکی زۆر دروستە، لانیکەم دەربارەی کاریگەریی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی. لە وتارێکی لەم چەشنەدا ناتوانین ئەو هەموو گۆڕانکارییە مەزنەی سەدەی ڕابردوو بخەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە، بەڵام هەوڵ دەدەین کە دیدی ڕەخنەگرانەی خۆمان بەرانبەر ڕاگەیاندنی کوردی لە هەرێمی کوردستان بخەینە ڕوو و لە هەمان کاتیشدا هەوڵدەدەین کە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە ئایا ڕاگەیاندنی کوردی لە کوێی پرسە کوردستانییەکاندایە؟

هەوراز و نشێویی سەد ساڵی ڕابردوو و بارودۆخی نەتەوەی کورد هاندەری هەبوونی ڕاگەیاندنێکی پرۆفیشناڵ نەبوو. هەر بۆیە وەکوو دەبینین لە دوای دەرکەوتنی حیزبە کوردییەکان کە بەرهەڵستیی چەکدارییان دژی ڕژێمەکانی عێراق ڕاگەیاندبوو، دوو ڕاگەیاندنی کوردی بە دوو ئاڕاستەی جیاواز هەنگاویان نا:

یەکەم، ڕاگەیاندنی شۆڕش و حیزبە چەکدارە کوردییەکان کە پێشەوایەتیی تێگەیشتنی حیزبییانەی ئەو لایەنانەی دەکرد بۆ دۆزی کورد. ڕاگەیاندنی حیزبەکان کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنیشی لەسەر زۆر بواری ژیانی کوردەواری هەبوو. ڕووە ئەرێنییەکەی دەکرێت ئەوە بووبێت کە ڕۆحییەتی کوردانەی لە ناخی تاکی کورددا زیندوو دەکردەوە و ڕووە نەرێنییەکەی لەوانەیە ئەوە بێت کە تاکی کوردی بە هەڵەدا دەبرد و کوردبوونی لە حیزبێکدا تۆخ دەکردەوە. ئەمە سەرەڕای ئەو دەنگە نەشازەی کە هاندەری سەرەکیی شەڕی ناوخۆی نێوان حیزبەکان بوو لە شاخ.

دووەم، ڕاگەیاندنی دەوڵەت کە لە سەردەمی بەعسدا بە تەواوی لە بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی بەعسیزم تێوە گلابوو، کە ئەوە دیوە ڕەشەکەی ئەو ڕاگەیاندنە بوو. بەڵام بە دیوە ئەرێنییەکەیدا، دەتوانین بڵێین کە هێشتا ئاهێکی کوردەواری لەبەردا بوو کە ڕۆشنبیرانی ئەو کات سوودیان لێ دەبینی بۆ بڵاوکردنەوەی تێڕوانینەکانیان. ئیتر هەر لە تەلەفزیۆنی بەغدا و کەرکوکەوە بۆ ڕۆژنامەی هاوکاری و گۆڤارەکانی وەکوو بەیان و ڕەنگین و …هتد. هیچ کوردێک نییە نەکەوتبێتە ژێر کاریگەریی زنجیرە فیلمە کوردییەکان، وەکوو ژاڵە، یان بەرنامە کەلتوورییەکانی ئەسعەد عەدۆ. جگە لە لایەنە نەتەوەییە کوردییەکە، بە هەموو پێوەر و هەڵسەنگاندنێک ڕاگەیاندنەکانی حکوومەت کاریگەریی زۆر ئەرێنیتریان لەسەر کۆمەڵگای کوردی هەبوو. چونکە خوێنەری کوردی هۆشیارانە فیکەی ڕۆژنامەنووسانیان دەخوێندەوە و دەیانزانی کە کام بابەت بۆ بەرژەوەندیی کوردەواری ئامادە کراوە و لە کوێشدا ڕاگەیاندنەکە دەخوازێت بیرۆکەی بەعسیزم بڵاو بکاتەوە.

لە دوای ڕاپەڕینەوە ڕاگەیاندنی کوردی لە باشوور پێی نایە قۆناغێکی دیکەوە. ڕاگەیاندنی دەوڵەتی نەما و کۆتاییی پێ هات و حیزبەکان زۆر لە جاران زیاتر کاریان لەسەر ڕاگەیاندنی حیزبی دەکرد و لە دژی یەکتر بەکاریان دەهێنا. ئەگەر لە سەردەمی شاخدا کەلوپەلی پێویستییان لە بەردەست نەبووبێت، کە هاتنەوە شار، هەم کەلوپەل و هەم پارەیەکی خەیاڵیان خستە خزمەت ڕاگەیاندنەکانیان. سەدان کادیری ڕاگەیاندنیان بە خواستی خۆیان دروست کرد و ئەو ڕاگەیاندنکارە حیزبییە ناپرۆفیشناڵانە ڕۆڵێکی زۆر نەرێنیان لە دروستکردن و بەردەوامیدان بە شەڕی ناوخۆ بینی. لە پەنای ئەوانیشەوە بەردەوام سێبەری بەشێک لە بنەماڵە و سەرکردەکان هەبوو. لە ڕاپەڕینەوە هەتا سەردەمی دەرکەوتنی سەتەلایتی کوردی و کرانەوەی مەد تیڤی لە ١٩٩٥دا، لە ڕووی سیاسییەوە ڕاگەیاندنی کوردی ڕۆڵێکی ئێجگار نەرێنی دەگێڕا و هیچ بەرنامە و پرۆگرامێکی ئەوتۆی نەتەوەسازی و نیشتیمانسازی نەبوو. زۆرینەی بابەتەکانیان خولانەوە بوو لە دەوری شەڕی نێوان حیزبەکان و خۆشکردنی ئاگری ناکۆکیی نێوانیان.

دەرکەوتنی مەد تیڤی خاڵی گۆڕانکارییە لە ڕاگەیاندنی کوردی و دەستپێکی ئەو نەتەوەسازییە بوو کە لە سەر بنەمای چاپ و ڕاگەیاندن دادەمەزرێت و لە زۆر شوێندا یەکانگیر دەبێتەوە لەگەڵ نەتەوەی خەیاڵبۆکراوی ئەندەرسن. سەرباری ئەوەی تیۆرەکەی ئەندەرسن زیاتر چاوی لەسەر کاریگەریی چاپکردنە لە دروستکردنی نەتەوە و کاپیتاڵیزمی چاپ، کە هۆکارەکەی لەوانەیە ئەوە بێت کە ئەندەرسن باسی پێش خۆی دەکات نەک دوای خۆی، کە زیاتر ڕاگەیاندنی بینراوی جیهانی پەرەی سەند. ئەو تێگەییشتنەی مەد تیڤی بۆ کوردبوون بۆ هەر یەک لە سەتەلایتەکانی کوردستان تیڤی و کوردساتیش لە دوای خۆی پەڕیەوە. چونکە لە کاتی دامەزراندنی ئەم دوو تەلەفزیۆنە هەم شەڕی ناوخۆ وەستابوو، هەم حیزبەکان پێیان وابوو کە جیهان دەیانبینێت و نەیاندەویست لە پێش چاوی جیهان خۆیان لەوە ناشیرینتر بکەن کە هەبوون. ئەم دەستپێکەی کوردستان تیڤی و کوردسات چەند ساڵێکی خایاند و لە سەرەتادا کاریگەرییەکی باشیان لەسەر شەقامی کوردی دروست کرد. بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زیاتری سیستەمی سەتەلایتدا، پارتی و یەکێتیی گەڕانەوە سەر کێشە کۆنەکانیان و لەسەر حیسابی نەتەوەسازیی کوردی، دەستیان کرد بە پێشخستنی حیزبسازی و بنەماڵەسازی.

لە ناوخۆدا و لە هەمبەری ڕاگەیاندنی حیزبیدا، ڕۆژنامەی هاوڵاتی لە ٢٠٠٠ و دواتریش ڕۆژنامەی ئاوێنە، هەردووکیان لە سلێمانی، دەستیان بە بڵاوکردنەوە کرد. تیراژی هەردوو ڕۆژنامەکە زۆر بە خێرایی بەرز بووەوە و ئەمەش نیشانەی بێزاریی خوێنەری کورد بوو لە ڕۆژنامە حیزبییەکانی وەکوو خەبات و کوردستانی نوێ. ڕەخنە لە دەسەڵاتدار لە دوای شەڕی ناوخۆوە شتێکی نوێ بوو بۆ چاوی خوێنەری کورد. پێشتر لە بەرانبەر ڕەخنەی هاووڵاتی و ڕۆژنامەنووسانیش گولـلەی حیزب هەبوو، بۆیە خاوبوونەوەی تووندوتیژیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ڕەوتە ئیسلامییەکان بۆ خۆی ڕووداوگەلێکی باش بوو.

هێدی هێدی هاووڵاتیانی کورد بە دوای سیستەمێکی باشتر بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕان. بەڵام وا پێ دەچێت کە دەربارەی هەندێک هێڵی گشتیی کوردستانیبوون کۆک بووبن یان نەفرەتی ڕاستەخۆیان ئاراستەی کوردستانیبوون بە هۆکارگەلێکی جیاواز نەکردبێت. ئەگەر گوزەرێک بکەین بە ڕۆژنامەکان و دەزگاکانی ئەو کاتەدا، گلەییی ئێجگار زۆر دەربارەی سیستەمی بەڕێوەبردن دەدۆزینەوە، بەڵام نەفرەت لە کوردستانیبوون نادۆزینەوە یان ئەگەر دروستتر بیڵێین بەم شێوەیەی ئێستا کەس جورئەتی نەدەکرد کە خەڵک دژی بنەما گشتییەکانی هەرێمی کوردستان و شوناسی کوردبوون و کوردایەتی هان بدات. ئەمەش ئەو شتەیە کە دەبووایە لە ئێستاشدا بەردەوام بێت. خۆ ئەگەر لە واقیعدا پارتی دیموکراتی کوردستان بەعس و ڕژێمی تورکیای هێنابووە سەر کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پاسداران و سوپای ئێران و لەولاشەوە ئیسلامییەکان تووندڕەوانی هەموو جیهانیان لە هەڵەبجە و هەورامان کۆ کردبۆوە، بەڵام لەسەر ڕووپەلی ڕۆژنامەکان بە دەگمەنیش بانگەشەیان بۆ هەڵەکانی خۆیان نەدەکرد و هەمیشە هەوڵیان دەدا کە بیشارنەوە و ئەو ڕاستییە تاڵانە نەکەونە بەر چاوی خوێنەران و لە زۆر کاتدا تەنانەت حاشاشیان لێ دەکرد. لە هیچ ڕووپەلێکی ئەو کات سەردێڕێک نادۆزیتەوە کە بانگەشەی ئەوە بکات کە گەڕانەوە بۆ ژێر دەستی بەعس باشتر بێت لە دەسەڵاتی هەرێم، بە هەموو کەموکوڕییەکانیشییەوە.

لە ٢٠٠٣ بە دواوە، کورد زۆر بە یەکگرتوویی و بە خواستی بەدەستهێنانی مافەکانی ڕووی لە بەغدا کرد و ئەو هاندانەی ڕاگەیاندنیش بۆ چەسپاندنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و هەڵوەشانەوەی سوپای پێشووی عێراق بابەتی گفتوگۆی گەرم بوو لە هەموو ڕۆژنامەکان. سەرباری هەموو ناکۆکییەکان، هێشتا هێڵە گشتییەکان، ئەگەر بەکاڵیش بووبێت، بوونیان هەبوو. بۆیە لە مەجلیسی حوکمدا پارتی و یەکێتی و ئیسلامییەکانیش بە یەک ئاراستەی گشتی هەنگاویان دەنا.

لەگەڵ دەرکەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان وەکوو باڵێکی جیابووەوەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پاڵپشت بە بەشێک لە هێزی چەکداریی ئەو حیزبە، میدیایەکی ترسناکی پۆپۆلیست دەرکەوت. بەشێک لە هاووڵاتیان لە سەرەتادا ناویان لێ نابوو تۆپخانەکەی کەی ئێن ئێن و ڕۆژنامەی ڕۆژنامە. تۆپخانەکەی کەی ئێن ئێن و ڕۆژنامەی ڕۆژنامەی زمانحاڵی بزووتنەوەی گۆڕان بە زمانێکی زۆر زبرتر لە ڕۆژنامەکانی هاووڵاتی و ئاوێنە دەستیان بە کار کرد و پاڵپشتیش بوون بەو جەماوەرە ناڕازییەی بزووتنەوەکە کە لەناکاو لە دەوری بزووتنەوەکە کۆ ببوونەوە. بۆ بەرژەوەندیی حیزبیی بزووتنەوەی گۆڕان، بابەتە نەتەوەییەکانیشیان هێنایە سەر مێزی ڕەخنە و سوکایەتیپێکردن. ئیتر زۆر بە تووندی لە هێما نیشتمانییەکانی کوردستان لە نموونەی پێشمەرگە و ئاڵا و زۆر شتی دیکەش درا و هەموو ئەوانەش بە بابەتی پارە و مووچەوە گرێ دەدرانەوە.

حیزبە ئیسلامییەکانیش، کە لە دوای شکستی بزووتنەوەی ئیسلامی بەرانبەر بە یەکێتیی و بۆمبارانکردنی بارەگاکانیان لە هەڵەبجە و هەورامان خۆیان لاتەریک گرتبوو هەتا کەمتر بکەونە بەر چاوان، لە پەنای ئەو ڕەخنە تووندانەی گۆڕان دەرکەوتن و ئەوانیش هەتا بۆیان کرا لە بێڕێزیکردن لە ڕەمزە نەتەوەییەکانی وەکوو نەورۆز و ئاڵای هەرێمی کوردستان دەستیان نەپاراست و هەتا ئەمڕۆش بەردەوامن.

لە لایەکەی دیکەشەوە هەردوو حیزبی دەسەڵات بە شێوەیەکی زۆرفراوانتر ڕاگەیاندنی سەردەمی شەڕی ناوخۆیان زیندوو کردەوە و لە نموونەکانی وەکوو ڕۆژنامەی هەولێری سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەی نەدەگوترا، ئەوان دەیانگوت. بە ئەوەندەشەوە نەوەستان و هەندێکجار تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەی تایبەتیان لە کاتی هەڵبژاردنەکان دەکردەوە و لەناو هەموو ئەمانەشدا هێدی هێدی بابەتە نیشتیمانییەکان پاشەکشەیان دەکرد.

لەو سەردەمەدا ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن بوو بە ئامرازێک بۆ کۆکردنەوەی خەڵکی ناڕازی لە دەوری ڕەوت و حیزبە نوێیەکان و بۆ ئەمەش ئێن ئاڕ تی نموونەیەکی زۆر ڕوونە. ئەوەی ئەندەرسن پێی وابوو کە دەکرێت چاپ هەمووان بەرەو ئامانجێکی هاوبەش ئاڕاستە بکات و ئەو ئامانجەش زۆرکات لە خزمەتی کاپیتاڵیزم دایە و دەکرێت شتێکی هاوبەشی لێ بەرهەم بێت. ڕاگەیاندنی کوردی بە پێچەوانەوە نەیتوانی هیچی هاوبەش دروست بکات، ئیتر کاپیتاڵیزم بێت یان کۆمۆنیزم و ئیسلامی کوردی، بەڵکوو نەتەوەی پەرشوبڵاوی کوردی و بە تایبەت کوردانی باشووری ئەوەندەی دیکە پەرت کرد.

لەگەڵ زیادبوونی داهاتەکانی هەرێم و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، حیزبەکان دەستپێشخەری جۆرێکی نوێی ڕاگەیاندنی سێبەریان کرد و ئەمەش بە کردنەوەی تەلەفزیۆنی ڕووداوی سەر بە باڵی سەرۆکی هەرێم، نێچیروان بارزانی، لە پارتی دیموکراتی کوردستان، دەستی پێ کرد. ڕووداو دەیان هێندەی ڕاگەیاندنە کوردییەکانی دیکە بەهێز دەردەکەوت و بەو پارە خەیاڵییەی بۆی تەرخان کرا و بەو ستافە جیهانییەی کە لە دەرەوە هێنای زۆر فراوانتر دەستی بە کارەکانی کرد.

دواتر کوردستان ٢٤ و کوردسات نیوزیش لەسەر هەمان بیرۆکەی ڕووداو دامەزران. هەموو ئەو ڕاگەیاندنە نوێیانە لە ڕووی ڕووخساری دەرەوەیان زۆر پێشکەوتووتر لەوانی پێش خۆیان هاتنە مەیدان، ئەمە جگە لەوەی لە ڕووی کوالیتیی کارکردنیانەوە دیسان پێشی ڕکابەرەکانیان دایەوە و خەڵکانی ئاستی باڵایان هێنایە سەر شاشە و پرسیاریان ئاڕاستەی سەرۆکەکانی جیهان کرد. بەڵام ئەگەر چاوێک بە ناوەڕۆکی ئەو میدیایانەدا بگێڕین، دیسانەوە دەگەینە خاڵێکی زۆر خەمناک بۆ کۆمەڵگای کوردی. ئەوانە لە ڕووی تەکنیکەوە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژییەکی کاریگەر و مۆدێرن هاتنە مەیدان، بەڵام لە پرسە نەتەوەییەکاندا کاریگەریی زۆر نەرێنیان لەسەر کۆمەڵگای کوردی هەبوو و بەردەوامیشن. خۆ ئەگەر هەندێک وتاریان شی بکەینەوە، زۆر بەڕوونی ئەوە دەردەکەوێت کە دەزگا سیخوڕییەکانی وەکوو میت و ئیتیڵاعات کاریگەرییان بەسەریانەوە هەیە.

ئەگەر ڕاگەیاندنی پێشتر ئامانجێکی ناشەفافانەشی هەبووبێت، بەهۆی نزمیی ئاستی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و نزمی ئاستی کادیرەکانی کەمتر ئامانجەکانی پێکاوە بە بەراورد بەو ڕاگەیاندنە زەبەلاحانەی ئێستا کە پارەیەکی بێشومار و تەکنەلۆجیای ئاستبەرزیان لەبەر دەستە. ئەمە جگە لەو سەدان ماڵپەڕ و ڕاگەیاندنە نافەرمییانەی کە هەر یەکێکیان بەرپرسێکی لە پشتە و قیت کراونەتەوە و بە ئارەزووی خۆیان یاری بە داهاتووی نەتەوەی کوردەوە دەکەن. تەنانەت حیزبەکان بە پلان خەڵکانێک لە ڕاگەیاندن دەردەخەن و دواتر بە مەبەستی کۆکردنەوەی دەنگ لە هەڵبژاردنەکاندا کاندیدیان دەکەن بێئەوەی هیچ ئەزموونێکی بەڕێوەبردن یان یاسادانانیان هەبێت. لە بەرانبەر هەموو ئەوانەشدا ئەو ڕاگەیەندنکارانەی کە بە ئارەزووی حیزبەکان هەنگاو نانێن تووشی کوشتن و لێدان و زیندانیکردن دەبنەوە و بۆ ئەمەش سەیری ڕاپۆرتی ڕێکخراوە جیهانییەکان بکەین بەسە. کە لێرەدا من ناوی سۆرانی مامە حەمە، کاوە گەرمیانی و ویداد حسێن دەبەم وەکوو نموونەی قوربانیدانی ڕۆژنامەنووسان کە بۆ حیزبەکان کار ناکەن و دووچاری کوشتن بوونەتەوە. لە پاڵ ئەمەشدا، نموونەی شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری هەن کە هەتا ئامادەکردنی ئەم نووسینەش لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستاندان و دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش نەیتوانیوە قەناعەت بۆ ڕای گشتیی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم دروست بکات کە بەڕاستی ئەوانە تاوانێکیان لەسەرە.

لێرە با چاوێک بە ڕاگەیاندنی حیزبە کوردییەکان و بە تایبەت ڕاگەیاندنی فەرمییان لەسەر تۆڕەکانی سۆشیال میدیا بخشێنین و چەند نموونەیەک بێنینەوە. تەلەفزیۆنی کوردستان ٢٤ کە زیاتر وەکوو زمانحاڵی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، دەردەکەوێت، کە لە ڕووداوی شەهیدکردنی خێزانێکی عەرەبی خەڵکی موسڵ لە پێنجوێن پێش ڕووداوەکان کەوت و بە ناوی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان لێدوانی دا کە ئەوانەی لەناو ئوتومبێلی بۆردومانکراودا بوون چەکداری پەکەکە بوون. ئەم ڕاپۆرتە بە جۆرێک داڕێژراوە وەکوو ئەوەی کە کوردانی باکوور بۆ خۆشی خۆیان دەستیان دابێتە چەک و مافەکانیان دابین کرابێت. لە کاتێکدا بە گوێرەی یاسا بەرکارەکانی هەرێم حکومەت و دەزگاکانی هەرێم پابەند کراون کە پاڵپشتی لە مافی کوردانی دیکەی پارچەکانی دیکە بکەن هەتا دەگەنە ئامانجەکانیان، ئەمە جگە لەوەی قوربانییەکانی بۆردومانەکە خێزانێکی سڤیلی عەرەبی خەڵکی موسڵ بوون. بی ئێم سی،  کە دەزگایەکی نزیکە لە بافڵ تاڵەبانی، لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بە ناوی دژەتیرۆر، لە یادی ڕزگارکردنی مەخموردا نووسیویەتی کە ئەوان وەکوو یەکێتیی مەخموریان پاراستووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو هێزانە هیچیان مووچەکانیان لە حیزبەکانەوە نایەت و دەبووایە هەمووی هێزی کوردستان بن، نەک حیزبەکان. ئەمەش پشتئەستوورە بە یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو بودجەیەی کە بۆشیان سەرف دەکرێت.

خۆ ئەگەر چاوێک بە تەلەفزیۆنی سپێدەدا بگێڕین زیاتر وەکوو دەزگایەکی پارتی دەسەڵاتدار لە تورکیا، ئەکەپە، دێتە پێش چاو نەک وەکوو دەزگایەکی کوردیی ئیسلامی. لە سپێدەدا کاتێک ئەردۆگان ڤاکسین لە خۆی دەدات، یان مزگەوتێک دەکاتەوە، یان ژنەکەی ئەردۆگان سەردانی شوێنێک دەکات دەبێتە هەواڵی سەرەکی، بەڵام کاتێک منداڵانی کورد بێبەش دەکرێن لە خوێندن بە مافی کوردی و کوردان بە زیندوویی دەسوتێنرێن، نابێتە هەواڵی سەرەکی. بەهەمان شێوە، پەیام، کە میدیای سەر بە کۆمەڵی دادپەروەرییە، زۆر بەڕوونی ئەوە بەرچاو دەکەوێت کە زۆر بە ناپرۆفیشناڵی و لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دژی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی ژینا ڕاپۆرتەکانیان ئامادە دەکرد و کەوتبوونە سەنگەری دژی سەرهەڵدانی کوردانی ڕۆژهەڵات. بێگومان ئێن ئاڕ تی وەکوو زمانحاڵی نەوەی نوێ، لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا درێخی نەکردووە لە دژایەتیکردنی کیانی هەرێم و تێکەڵاوکردنی ئەو گەندەڵیەی کە لە هەرێم هەیە لەگەڵ ناسنامە و خاک و سەرخان و ژێرخانی هەرێم کە موڵکی خەڵکی هەرێمن. بۆ ئەمەش بەردەوام پەرەی بەو بۆچوونە داوە کە تەسلیمکردنی ژێرخانی هەرێم بە بەغدا لە بەژەوەندیی خەڵکی هەرێمدایە.

لە کۆتاییدا ئەوەی ماوە بگوترێت ئەوەیە کە سەرباری ئەوەی لە ڕووی ڕوخسارەوە کە بریتییە لە دەنگ و ڕەنگ و کوالیتیی کاغەز و پەخش و هتد. ڕاگەیاندنی کوردی لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر بەرز دایە و دەکرێت بەراورد بکرێت بە ڕاگەیاندنی جیهانی. بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆک و بە تایبەت ئامانجی نەتەوەسازیی کوردی و نیشتیمانسازی کوردستانی کارکردن بۆ دۆزی گشتیی کوردی و ڕووداوە کەلتوری و کۆمەڵایەتییەکان و لە ئاستێکی کارەساتبار و ئێجگار نزم دایە و پێویستی بە چاکسازیی بەپەلە هەیە. بۆ ئەمەش هاوشێوەی هەموو وڵاتانی جیهان دەبێت هێڵە هاوبەشەکان دیاری بکرێت و پرسە نیشتمانییەکان جەختیان لێ بکرێتەوە. دەبێت ئێمە بزانین کۆمەڵگا لە کوێوە بۆ کوێ دەبەین و پلانی دە ساڵی داهاتوو چییە و پلانی درێژخایەن چییە. هەموو ئەوانەش بە جۆرێک بێت کە نەبێتە هۆی سنووردارکردنی ڕاگەیاندن و ئازادی لێ نەستێندرێتەوە. قسەکردن دەربارەی ئازادی بەگشتی و ئازادیی ڕاگەیاندن بە تایبەتی بابەتێکی ئێجگار هەستیارە و پێویستە چەند هێڵێکی تۆخ بکێشرێت. ئەو هێڵەش دەبێت بە جۆرێک بێت کە کوردان لە هەموو پارچەکان خۆیانی تێدا ببیننەوە و ڕاگەیاندنی کوردی هیچی دیکە لە خزمەتی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستاندا نەبێت. تەنانەت ناکرێت و نابێت ڕاگەیاندنی حیزبی کوردی حیزب بخاتە پێش نیشتمانەوە. بۆ ئەمەش دەبێت چاکسازی لە کۆلیژەکانی ڕاگەیاندن و وەزارەتی ڕۆشنبیری و پەرلەمان و دەزگاکانی جێبەجێکردن بکرێت.  

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO