گرووپ و هێزى فیكر
پێش له هه‌موو شتێك ده‌بێت ئێمه ئه‌و باوه‌ڕ و لێكۆڵینه‌وه و خۆێندنه‌وه‌مان هه‌بێت و ئه‌وه بزانین كه دروست كردنى گرووپ و سەرهەڵدانى بزاڤى گرووپ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌رهه‌مى فیكرى مرۆڤ له فەلسەفەى مرۆڤایه‌تیه‌وه. مرۆڤ وه‌كو هۆش و فیكر و دەروون و جه‌سته، بنچینه‌ى كۆمه‌ڵگایه و سیاسه‌تیش له‌م ڕوانگەيەوەدا هه‌ر بۆ خزمەت کردنی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگایه. به‌ر له‌وه‌ى باسى له دایك بوونى گرووپ بكه‌ین، پێویسته باسى ئاستى تێگه‌یشتنى مرۆڤ و كۆمه‌ڵگا بكه‌ین. گرووپ، له بنه‌ما و ناحخى خۆیدا ده‌بێت به فه‌لسه‌فیانه بێت وه به فه‌لسه‌فیانه له‌سه‌ر ڕووداوەكان و دياردەكان شته‌كان ڕابوه‌ستێت و ئاراسته‌كانى خۆى پێشكەش بكات. چونكه ئه‌گه‌ر گرووپ بێفیكر دروست بوو ئه‌وكاته ناتوانێت ببێته هۆکار و ئامرازێكى باش بۆ داهێنان و گۆڕانكاریى.
فیكر خۆى له خۆیدا بۆنیادنان و ده‌رئه‌نجامى پڕۆسه‌یه‌كى گه‌وره‌ى ئاواكردنه. فیكر دوو جەمسەرە، جەمسەرێك مرۆڤ ئامادە دەكات، كە سنورى ئازاديەكانى تاكەكەسى بەردەوام فرەوانتر بكات و شۆریشیان بكاتەوە ناو دامەزراوە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە وەک خێزان، زانكۆ، حكومەت هتد. ئەم جەمسەرە تايبەتە بە ئەزموونكردنى فیكرى تاكەكەسەوە وەک بوونەوەرێكى جیاوازتر و بوونێك کە لە هۆشيارى بوونى تاكەكەس دەربارەى چيەتى مرۆڤ و پرسى ئەخلاقى و سياسى و كۆمەڵايەتى. جەمسەرى دووەمي فیکر ئەوەيە کە مرۆڤ ئامادە دەكات تاوەکو ئاگايى لە ڕووداوەكانى ناو ژيان هەبێت و پێداچوونەوەى ئەو مەترسيانەی لە ناو كۆمەڵگا و پرسى تاكەكەسى دا هەن بكات و ئاگاى لە ناسين و بينين و هۆشيارى كێشەكانى مرۆڤ و ناو كۆمەڵگە بێت.
فیكر هەميشە هاوكارى دروست كردنى ستراتيجى مەعريفە دەكات، مەعريفەيش هاوكارى تێگەيشتنى زياترى فیكرى مرۆڤ دەكات بەوەی کە نەهێڵێت مرۆڤ پشت بكاتە ڕووداوەكان و دۆخى ئەو دنيايەی تێیدا دەژيت. لەلايەكى دیکە، فیكر بەدەر نيیە لە دروست كردنى چەمكى فاشیزم، فیكر كاتێك دەكەوێتە ناو ناوەندە سياسيەكان ڕوو لە سيستەمى ئايديۆلۆژى دەكات و ئەوكاتە دەبێتە بارهەڵگرى ئەقڵانيیەتێكى توندڕەو. بەڵام فیكر كاتێك وەكوو ستراتيجييەكى مەعريفیى دەكەوێتە ناو زانيارى و بيركردنەوەى تاكەكەس ئەو كاتە ڕوو لە گۆڕانكارييەكى گەورەى كۆمەڵايەتى و كۆمەڵگە دەكات چونكە تێگەيشتنێكە وەكوو هەنگاوێكى سەرەكى بۆ داڕشتنەوەى ئەو دنيايەى تاكەكەس تيایدا مامەڵە دەكات و واقيعى خۆى ئەزموون دەکات.
لەم ڕوانگەيەوە، ده‌بێت پێش له بونیادنانى گرووپ، مرۆڤ خاوه‌ن بیركردنه‌وه‌ێكى به‌رهه‌مدارى پڕهێز و توانا و گه‌شه‌كردن و سیسته‌م بێت. كاتێك مرۆڤ ڕوو له گه‌شه‌كردنى بیركردنه‌وه و فیكرى خۆى كرد ئه‌و كاته ده‌توانێت خۆی له هه‌موو بوارێكى ژیاندا پێش بخات، ده‌شتوانێت له‌به‌رده‌م وێنه و بیرۆکەکانی مێشكىدا هەڵوێست وەرگرێت و هەوڵ بدات نەگۆڕ و بتەكان بە بيرێكى تازەى فه‌لسه‌فيانە بشكێنێت، دواتریش وەكوو مرۆڤێكى باڵا ببێته سیسته‌مێكى گه‌وره‌ى خۆنوێكردنه‌وه.
له‌دایك بوونى گرووپ خۆى له خۆیدا نیشانەی بوون و پڕاکتیزیکردنی هێزه. به‌ڵام به‌ر له‌وه ببێته هێز، پرسیارێكى گرنگ خۆى بەيان دەكات ئەويش ئه‌وه‌یه ئایا تاكەكەس بە تەنیا ده‌بێته هێز ياخود بە تەنيا گرووپبەندى ئەوەیە تاكێك بكاتە ڕێبەر و شوان؟ ئەم پرسيارە پەيوەستە بە خوێندنەوەى بير‌ى تاكەكەسى! ئامانجى گرووپبەندى دەبێت ئامانجێكى ڕوون و ئاشك‌را بێت. سەرەڕاى ئەوە لە پێناو لێكدانەوە فیكرێكى فرەڕەهەند دەبێ هەوڵ بدات دەست بردن بۆ كاركردنى جيهانى بيركردنەوەى هەموو تاكەكەسێك ببات نەك تەنيا ببێتە ئامانجى كاركردن و دروست كردنى خواست و بەرژوەندى شێوانێك! لە لايەكى دیکەوە ئایا چ وا ده‌كات ئه‌و هێزه به‌رپرسیارى خۆى وه‌ربگرێت و دروست ببێت؟ هەروەها گرووپ خۆى لە خۆي‌دا پێكهاتەيەكە بەڵام بۆ چ جۆرە پڕۆژەيەك؟ لێرەدا ئەم پرسيارە دێتە ئاراوە كە بۆچى گرووپەكان لەدايك دەبن؟ ئەو گرووپانەى لەدايك دەبن چ جۆرە فیكرێك بەرهەم دێنن؟ بە چ شێواز فیكر ئاراستە دەكەن؟ چۆن بنەماى خۆى ساز دەكات؟ فاكتەرەكان چين؟ پلانەكان چين؟ لە چ كات و زەمەنێكدا دەتوانن خۆيان لەگەڵ جيهاندا بگۆنجێن؟
گرووپه‌كان بۆچی له‌دایك ده‌بن؟
لەدايكبوونى گرووپەكان تەنيا نيشتەجێ كردنى فیكر و تێز و تيورەكانى لەناو دنيادا نيیە ياخود ئامرازێك بۆ ڕاڤەكردن و تێگەيشتنى كێشەكان بە تەنيا نيە. بەڵكو پێداگرتنە لە سەر گرنگى ئەو ڕەهەندە گشتى و هاوبەشانەى ژيان كە مرۆڤەكان پێكەوە لەگەڵ يەكدیدا دروستى دەكەن و كۆدەكاتەوە. بۆيە كاتێك ئازادبوونى كارێكته‌ر و بیركردنه‌وهی مرۆڤ بوو بە ئۆرگانێكى فیكرى و سیاسى و كۆمه‌ڵناسى، ئه‌وكاته په‌یوه‌ندى مرۆڤیش ده‌بێته په‌یوه‌ندییه‌كى بنچینه‌يى و چوارچێوەيەكى تايبەت لە خەياڵێكى دەوڵەمەند، زمانێكى مەعريفى نوێش بەرهەم دێنن.
له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسیارەى سه‌ره‌وه، پرسیارێكى تر‌ى جه‌وهه‌ریش خۆى ڕاپێش دەکات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ئایا لەدایكبوونى گرووپ له كوێ زۆرتر سەرهەڵدەدات؟ من پێم وایە، گرووپ له‌و ناوچانه‌دا په‌یداده‌بن کە ناكۆكى و ململانێيەكى زۆرى ڕووخاندن و شێواندنى چەمكەكان تێیدا بەدى دەكرێت. هەروەها، ئەو ناوچانەش بەگشتی گرێدراوى واقیعێكى سته‌مكارین له ده‌ستى داگیركاریى و سنوور دروست كردن و بێبه‌هاكردنى شته‌كان دەناڵێنن. من پێم وایه خه‌تى دروستبوونی گرووپ خه‌تى یاخیبوونه. كاتێك مرۆڤ لەنێو كۆمه‌ڵگەیه‌كى پڕ نەهامەتی و ناسه‌قامگیریه‌وه بێت و ده‌سە‌ڵاتێكى گه‌نده‌ڵ و ناشەفاف بێت تاك وەك كۆيلە و پیشتگوێ خرابێت و ئاستى نه‌خوێنده‌وارى تییادا بەرز بێت و تاکە خه‌مى ده‌سەڵات پڕکردنی گیرفان و پاراستنی خۆی بێت و هێزى سه‌ربازى خۆى بۆ بێگانە تەرخان کردبێت و ئابوورییەکەی لە خزمەت هێزە دەرەکییەکان بێت هاووڵاتیانی له‌ژێر هەژموونێكى مه‌ترسیدار و توندوتیژى بن. ئەوا بێگومان ئه‌و كاته مرۆڤێك دروست ده‌بێت كه بیر له گۆڕینى شته‌كان و هەڵوێست وەرگرتن دەکات.
ئەو هەڵويستانەى بير لە ئاراستەى پرسى فه‌لسه‌فه‌ناسى له بوارى ڕۆشنگه‌ریى پیشه‌سازى، كۆمه‌ڵناسى، دەروونناسى و بایۆلۆجى له خۆیه‌وه ده‌گرێت و ده‌بێته ده‌ركه‌فتەیه‌كى به‌هێزى كارتێكراوى دۆخه‌كه. گرووپ دروست كردن ته‌نیا یه‌ك ڕێگا نیه چونكه له‌دایكبوونی گرووپ بنچینه‌ى بیرێكى قووڵى فه‌لسه‌فى و سه‌رهەڵدانى گۆڕانكارييە به‌رامبه‌ر به شته نه‌گۆره‌كان. هه‌روه‌ها، شۆڕشه له ده‌رئه‌نجامى ناشۆڕشه‌كان. بۆ نموونه، به‌ر له شۆڕشى فەڕه‌نسى ڕۆڵى كه‌نیسه له ئەوروپا ڕۆڵێكى به‌رچاو بوو، كه‌نیسه تا ئاستێكى بڵند لەسەر بير و باوەڕەكانى خەڵك زاڵبوو. تاكه‌كه‌س ئه‌و كاته كه‌وتبووە ژێر بارى بیركردنه‌وه‌ى ده‌سە‌ڵاتى ئایینى و سیاسى و ئابوورى چونكه ده‌سە‌ڵاتى ئایینى له‌گه‌ڵ ده‌سە‌ڵاتى سیاسى وه‌ك ئاراسته‌ى ئیداره‌كردنى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى بوو. ئه‌و كاته بیرى كۆمه‌ڵگەش له‌ژێر بیرى سیسته‌مى فیۆداڵى دابوو و بیرى نه‌ته‌وه‌یش له ژێر هه‌ژموونى سه‌ختى ژیاندا بوو. بۆیه زۆربه‌ى كۆمه‌ڵگە‌كانى ئەوروپا له كه‌رتى ئابورى و کشتوكاڵى و بازرگانىدا چالاک نه‌بوون.
ئه‌م بیركردنه‌وه له ناخى تاكدا گه‌یشتبووە ئه‌و قۆناغه کە تاك یان دەبێت خۆى ڕزگار بكات و هۆشیارى خۆى ڕابگه‌ینێت، یان ده‌بێت به یه‌كجارى له‌ژێر ئه‌و باره قورسه‌ی ده‌سە‌ڵاتى سیاسى و ئاینى ده‌ربچێت و بگاته ئاشتى و ئیراده‌ى خۆى. پاش ماوه‌یه‌ك له ئه‌نجامى كۆكردنه‌وه‌ى بیرى زوربه‌ى هزرمه‌ند و ڕوناكبیرەكان وه‌كوو مۆنتیسكۆ،ئه‌و بیرمه‌نده‌ى دژى سته‌مكاریى و سه‌روه‌ریى و جیاكردنه‌وه‌ى هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه دادوه‌ریى، یاسادانان و جێبه‌جێكارى هەڵوێستی هەبوو. هه‌روه‌ها، ڤۆڵتێر، به‌رهه‌مهێنه‌رى كۆمه‌ڵگەى “مه‌ده‌نى و چاكسازى و ئازادى بیریى ئاینى. بەهەمان شێوە، جان جاك ڕۆسۆ و جۆن لۆك، داهێنەرانی په‌یمانى كۆمه‌ڵایه‌تى.
به هاوكارى بیرى ئه‌م بیرمه‌ندانه زه‌مینه‌ى دیالۆگ و شۆڕشى نوێ له فەڕه‌نسا دروست بوو. چه‌ندین ساڵ پێش ئه‌وه په‌یمانى ویستڤالیا لە ١٦٤٨ واژۆکرا. پشتى كۆتایى هاتنى شه‌ڕى مه‌زهه‌بى (كاسۆلیک و پڕۆتیستان)، ئایین بوو بە پرسێک له نێوان تاك و خودا، كه‌نیسه‌ش بوو بە سازیه‌كى سەربەخۆ و سیسته‌مى سیاسیش تا ڕادەيەك گه‌یشته خاڵى بەرێوەبردنى پەيوەنديیە سیاسی و ديبلۆماسيیەكان و پڕۆژەى دەوڵەتگەرايى لەو سنوورانەی کە په‌یماننامەى وێستفالیا دیاری کردن دەستی پێ‌کرد، بەمەش هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بۆ بە خاوەنی ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ.
ڕاسته شۆڕشى فەڕه‌نسى باجێكى گەورە له ڕووى هاوه‌ڵاتیبوون و پرسى كه‌م ته‌رخه‌مى ئابوورى و خزمه‌تگوزارى و مافه سه‌ره‌تاییەکاندا، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی شۆڕشه‌کە سەرهەڵ بەدات زه‌مینه‌ى فیكرى له فەڕه‌نسا به لووتكه گه‌یشت بوو، ئاستى تێگه‌یشتنى تاكه‌كه‌سى لە ئه‌رك و مافەکانى بەرز بوو. ئا لێرەدا بنه‌مائێك توانای دروست كردنى گرووپێكى سه‌ربه‌ست و چاڵاك هاتەپێش.
كاتێك ئەوروپا گه‌یشته ئاستى قووڵى بیرى سیاسى و كۆمه‌ڵناسى و فه‌لسه‌فى ئه‌و كات “جارنامه‌ى مافى مرۆڤ” له سه‌ر ده‌ستى ژمارەیەک له نووسه‌رانی ئه‌و سه‌رده‌مه وه‌كوو ڕینیه كاسان و هیرم سانتا كروز و جۆن هه‌مفه‌ر هاتووه نووسین و بوو به جاڕنامه‌یه‌كى جیهانى، كه تا ئێستا بە چاکترین ده‌ستوور بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دادەنرێت. لەوێدا مرۆڤ بەسێ‌نتراڵ دەکرێت نەک ڕه‌گه‌زه‌كان. ئه‌م جاڕ نا‌مه‌يە بوو بە سەرەتایەک بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانی نێوان چین و تۆێژه‌كان، هەروەها، دروست كردنى زه‌مینه‌ى دادپه‌روه‌ریى له سه‌ر ئه‌رزى واقيع. هاوکات جاڕنامەکە بوو بە دەروازەیەک له‌به‌رده‌م زۆر په‌یماننامەى دیکەی جیهانیی.
نها لێره من دڤێت ئه‌وه بێژم کە كۆى ئه‌م ئەزموونانە هه‌موویان له‌ژێر سێبەری فیكر ده‌ركه‌وتوون وه گه‌یشتوونەتە قۆناغگەلێك، كه بتوانن ببن بە کۆڵەگەی له دایكبوونى گرووپبه‌ندى و شۆڕش و نوێگه‌ری. ئەم بير و باوەڕانە واى كرد دۆخى ڕەخنەسازى بەرفراوانتر بێت و ئازايەتى تاكەکەس گەورەتر بكات و وا لە تاك بكات بتوانێت دنيا بە ئالۆزييەكانیەوە ببینێت و خەباتێکی نەپساوە دژی تاريكيیەكان و ڕێگريیەكان دەست پێ بكات.
گرووپى شۆڕش كێن؟
ئایا مه‌به‌ستى شۆڕش له گرووپ دروست كردن چیيه؟ خۆی ئه‌م پرسیاره كۆمه‌ڵێك باسى تر‌ى له خۆی هه‌ڵده‌گرێت. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ده‌بێت مرۆڤ پێش ئەوەى ده‌ست بكات بە بڕیاردان بزانیت خودى شۆڕش خۆى چیيه؟ یاخۆد شۆڕش له سه‌ر چى بنه‌مایه‌ك دروست ده‌بێت؟ هه‌روه‌ها خودى تاكه‌كه‌س چۆن ده‌گاته ئه‌و باوه‌ڕه كه شۆڕش فاكته‌رى خۆگۆڕین و نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه؟
شۆڕش، خۆى له خۆیدا ده‌ركه‌وته‌ى بیرى یاخیبوونى مرۆڤه به‌رامبه‌ر داگیركاریى. كاتێك وڵاتێك،كۆمه‌ڵگەیه‌ك، نه‌ته‌وه‌یه‌ك، یاخود كه‌سایه‌تىیەک ناسنامەى مرۆڤى داگیركەرى بەسەردا سەپابێت و داگیركەره‌كه له‌و ئاسته‌دا بێت كه فیكر و زمان و ناسنامه‌ی داگیرکراوەکە له ژێر بارى قورس له ژێر هەڕەشەی لەناوچوون دابێت، ئه‌و كاته شۆڕش دژى داگیرکاریی و شه‌ڕخوازییه ده‌ست پێ ده‌كات. مەبەستیش لە شۆڕش ئەوەیە کە ئەو شتانەى ئەمڕۆ بۆ مرۆڤ باش و بەسوودن هەوڵبدات بۆ سبەينێ گەورەتر و و بەهێزتریان بكات، هاوکات، ئەو شتانەى ئەمڕۆ بۆ مرۆڤ خراپ و بەسوودن هەوڵبدات بۆ سبەينێ بچووكتر و لاوازتریان بكات.
من هيچ كاتێك لەگەڵ شۆڕشى گۆڕينى كورسى ياخود هێنانەوەى ڕێبەرێك بۆ ناو ناوەندى دەسەڵات وەكوو جۆرێك لە ڕيفورمخوازى نیم. لەگەڵ جۆرێك لەو كۆدەتايانەى حيزب و دەوڵەتیش نیم کە بە مەبەستی گەيشتن بە دەسەڵات ئاگرێك هەڵبكەن و داواتر جەماوەری تيادا بسووتێنن. خودى ئەو شۆڕشە لە بۆنيادەوە شۆڕشى باركڵى و ڕۆزا لۆسمبۆرگ و سارتەر و ڕۆسۆى نییە. تەنها هەڵخەڵەتاندنێكە بە ناوى شۆڕش بۆ فریودانى مرۆڤەکان. من بەو جۆرە شۆڕشە دەڵێم، شۆڕشى “سپى و ڕووت”، کە شۆڕشێكە تەنيا جەماوەر هاندەدات بۆ كێشانى وێنەيەكى تر‌ى خۆ بەكۆيلەكردن.ئەمەش دوورە لە دروست كردنى بەها و پرەنسیپى مرۆیى و پاراستنی مافەكانى مرۆڤ. مەبەستی من لە شۆڕش جوڵە و کردەیەکە کە ئازادى و فیكر و فەلسەفە بەرهەم بێنێت. باسى من باسى شۆڕشێكە بتوانێت تاكی سەربەست و خاوەن بوون و بڕيارى سەربەخۆ بەرهەم بێنێت. شۆڕشێك بێت شۆڕشى گەيشتن بە ناسينى ئاڵۆزييەكانى دنيا بێت. شۆڕشێك بێت زادەیفه‌لسه‌فەى سياسى و دۆخى تاك و كۆمەڵگا و بەهاکانی مرۆڤ بێت.
شۆڕش، ئه‌وه‌یه مرۆڤ یاخى ببێت، یاخى له هه‌موو شته نامۆ‌كان. یاخى له پرسیاری من كێم؟ من چیم؟ بۆ من وه‌كوو مرۆڤ هه‌م؟ بۆ مافەکانی من خوراون؟ بۆ من هاووڵاتی پلهدووم ؟ لە کۆنتێکستی ده‌وڵه‌تدا، ئایا ناسنامه‌ى من ناسراوە؟ له كۆێیه‌وه سه‌هەڵداوه؟ یاخود بۆ نه‌ته‌وه‌کەى من داگیركراوه؟ ئه‌م‌انە و چه‌ندین پرسیارى تر‌ى قووڵى فیكرى ده‌بنه ئیلهامی دروست كردنى بزاڤی شۆڕشگێڕانە و شۆڕش. دواتریش بیرى شۆڕش وابه‌سته ده‌بێت به دروست كردنى گرووپى شۆڕشگێڕان، چونكه گرووپ بۆ دروست كردنى شۆڕ‌شێكى گه‌وره بۆ ڕزگاریى و نەهێشتنی سته‌مكاریى بژاردەیەکی گرنگ و سه‌ره‌كيیه. بۆ ئه‌وه ئێمه له گرووپى شۆڕش تێبگه‌ین، دەبێت بەسەر دوو گروپدا دابه‌شى بكه‌ین:
گرووپى شۆڕشى ڕاسته‌وخۆ‌كان، ئەوانە ئیش لەسەر ئەوە دەکەن كه چۆن ئاراسته‌ى كۆمه‌ڵگە له پرسى سه‌رخان بگهڕرێته ناو پرسى ژێرخانه‌وه. مادام مرۆڤ پێكهاته‌یه‌كه له پێكهاته‌كانى فیكر ئه‌و كات فیكریش له پێكهاتى ئاستى هه‌بوونى مرۆڤ و كۆمه‌ڵگە به‌رپرسیاره. ئه‌م گرووپه پشت دەبه‌ستن بە ڕه‌خنه‌ى ئه‌قلانى و پڕۆژه‌كان و خاڵه هاوبه‌شه‌كانى ژیان و مرۆڤ و ناوچه و جوگرافى و زمانه جیاجیاكان. ئەوانە باوه‌ڕیان به ئیشكردنى جددى هه‌یه. له سه‌ر خاڵه جیاوازه‌كانى كه‌سه‌كانیش كۆكن بۆ ئه‌وەی ڕێگه‌چاره بدۆزنەوە. ئه‌م گرووپه به‌ئاگایه لەوەی کە بیرى ئه‌وان له‌سه‌ر شته جه‌وهه‌رییه‌كان كۆ ده‌بێت و ده‌زانن هه‌میشه ڕووداوه‌كان و شته‌كان و دیارده‌كان پێویستى به شیكردنه‌وه‌ى قووڵى فیكرى و كۆمه‌ڵناسى و ده‌روونناسى تاكه‌كه‌سى هه‌یه. سه‌رخانى ئه‌م بیرباوه‌ره‌ش، له بوارى سیاسى و كۆمه‌ڵگەیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. چونكه هه‌میشه سیاسه‌ت وه‌كو زانست و وه‌كو ئاستى هۆشیارى كۆمه‌ڵگە دوو په‌یوه‌ندى جیاكه‌ره‌وه نین، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیه‌كان به یه‌كه‌وه ده‌به‌ستن. ئانكۆ سیاسه‌ت وه‌كو ژێرخانى زانستى فه‌لسه‌فى ده‌بێته به‌شى سه‌ره‌كى ڕێكخستنى ڕ‌ۆشنبیرى تاك و كۆمه‌ڵگە. بۆیه به هاوكارى دروست كردنى ئه‌م جۆرە گرووپانه ڕاسته‌وخۆ ئیش له سه‌ر بزاڤى گۆڕانكارى ده‌كرێت.
سیاسه‌ت، له دوو ئاسته‌وه كاریگه‌رى خۆى ده‌گه‌ینێت ئاستى ده‌ره‌كى وا ده‌كات كه كۆمه‌ڵگە به‌ره‌و ڕووى ڕاسته‌قینه‌ى خۆى بچێت و بیر له ئاستى هۆشیارى خۆى بكات. جگه له‌وه بگەڕێتەوە ناو بابه‌تێكى بچووكى ژیانه‌وه. به‌ڵام سیاسه‌ت له ئاستى ناوخۆیى وا ده‌كات ستره‌كتۆره‌كان باندۆرى خۆیان له سه‌ر یه‌كترى هه‌بێت. بۆ نموونه، وه‌كوو ستره‌كتۆرى ئابوورى چۆن كاریگه‌رى له سه‌ر ستره‌كتۆری سیاسى هەیە، وەک چۆنیش ستره‌كتۆرى سیاسى كاریگه‌رى له‌سه‌ر ستره‌كتۆرى كۆمه‌ڵگە هەیە؟ به‌و شێوه‌یه په‌یوه‌ندیه‌كان ده‌كه‌ونه ناو جۆره دیالێكتیكى به‌رفره‌وانى بیركردنه‌وه. ئه‌م جوره شۆڕشه له زانستى سیاسى جه‌وهه‌رى دروست ده‌بێت وه ده‌بێته بنچینه‌ى جه‌وهه‌رى پسكیۆلۆجى تاكه‌كه‌سه‌كان.
زۆر جاران بۆى هه‌یه ده‌سە‌ڵاته سیاسیه‌كان بگۆڕێن، به‌ڵام گۆڕینى ده‌سە‌ڵاته كۆمه‌ڵگەییه‌كان به ئاستى ڕێژه‌دارى ده‌گۆڕێن، چونكه گۆڕینى كۆمه‌ڵگە په‌یوه‌ندى به گۆڕینى فیكر و دەروون ئەقڵیەتی تاكه‌كه‌سه‌كانه‌وه هه‌یه. له‌سه‌ر ئه‌م بیروباوه‌ڕه جه‌وهه‌رى تاكه‌كه‌كان جه‌وهه‌رێكى ئاوا قورسه بۆ ئاستى هۆشیارى و گۆڕانكارى، له‌به‌رئه‌وه تاكه‌كه‌س له‌سه‌ر هه‌ندێك دیوارى نه‌ریتى په‌روه‌رده كراوه. ئه‌و په‌روه‌ردهیەش تاكی وا لێ كردووە هەموو ڕەفتارێك وەكوو گۆێ لێ گرتن بە شته گرنگەكان ببینێت و متمانە بەوە بكات كه شته‌كان نه‌گۆڕن، نابێت گۆڕین به‌سه‌رىدا بهێت. بۆیه ئه‌و وه‌كوو تاكه‌كه‌س به‌بێ خوێندنه‌وه‌ى فیكرى و فه‌لسه‌فى و ڕێكخستنى فاكته‌ره‌كانى خۆى، ناتوانێت ئاستى بیكردنه‌وه‌ى خۆى به ئاسانى بگۆرێت.
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت كه‌سه هۆشیاره‌كان وا تێبگه‌ن، كه كارى گرووپه شۆڕشه‌كانى ڕاسته‌وخۆ كارێكى ئه‌وه‌نده ئاسان نییه. تاكو گرووپه‌كان هه‌وڵ بده‌ن شته‌كان به جارێك به‌ره‌و قۆناغى نوژه‌نكردن و قۆناغى دامه‌زراندن ببه‌ن، پێویستى به جۆره ڕێكخستنەوەيەكى قووڵ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندى ماندووبوونى هزرى و فه‌لسه‌فى و خوێندنه‌وه‌ى قۆناغه مێژوویه‌كان و ڕووداوه‌كان هه‌یه. چونكه ئه‌م گرووپه كار له سه‌ر بەهاکانی مرۆڤ له پێناو ئازادى و دادپەر‌وه‌رى و مافى یه‌كسانى و مافى پاراستنى یاسایى ده‌كات. ده‌بێت زۆر ناویش هه‌ڵبگرن. وه‌كوو گرووپى ئاشتى، ڕ‌ۆشنبیرى، ئه‌ده‌بى، ئایدیۆلۆجی، هونه‌رى، فه‌لسه‌فى، شانۆى و سینه‌مایى و گرووپى دامه‌زراندنى گۆرینى واقيعە ساختەكان. هه‌ر یه‌كێك لەم گرووپانە دەتوانێت له ژێر بارى تایبه‌تمه‌ندى و خه‌سڵه‌ته‌كان و پێوه‌ره‌كانى خۆى فیكرێك دروست بكات و ببێتە پاشخانێكى گەورەى فه‌لسه‌فەى مێژوو بە بوارە تايبەتمەندەكان بۆ دامەزراندنى شێوازگەلێك لە پێشكەشكردنى هونەرسازى لە ناو كۆمەڵگاى گشتى جيهانى. لە لايەكى تر تاك لە ناو ئەو گرووپبەندیيە بەشدارە و خاوەن فیكرى خۆیەتی، بەڵام بەپێی ئەو تايبەتمەندييە ئەركى تاك، ئەوەيە چەمك بەرهەم بهێنيت بەو مەرجە زيندوویى خۆى لەسەر ئەرزى واقيع بسەپێنێت بۆ ئەمڕۆ و داهاتوو، بشبێتە شاكارێكى گەورە لە دامەزراندنى فیكرێكى پلوراليزمى لەسەر ئاستى گەردوون. ئەم جۆرە فه‌لسه‌فەيە پەيامێكە بۆ دروست كردنى بوونى دۆخێكى بەردەوام لە ناو بێكۆتايى بير‌ى جیاواز و گەيشتن بە فەرهەنگێكى درێژخانەى پاراستنى هۆشيارى تاكە كەسەكان.
گرووپى شۆڕشى ناڕاسته‌وخۆیه‌كان: ئه‌م گرووپه په‌یوه‌ندى به كاره نهێنیيه‌كانى سه‌رخانه‌وه هه‌یه، ئیشكردنى ئه‌م جۆره گرووپه ئیشكردنه له‌سه‌ر ئامرازه له ناوبەرەکی بەها جه‌وهه‌رییهکانە. هه‌ر پرسێكى سیاسى بێت پرسێكى كۆمه‌ڵگە و پرسێكى تاكه‌كه‌سىیه. كاتێك سیاسه‌ت بووە پرسێكى بێ كۆمه‌ڵگە و بێ پاراستنى به‌رژوه‌ندى تاكه‌كان، ئه‌و كاته سیاسه‌ت له ده‌ره‌وه‌ى خۆى هیچ به‌هایه‌كى نامێنیت. به‌لكو ده‌بێته خاوه‌ن پاشخانه‌كى دوورى پرسى مێژووى و مه‌عریفى و بیركردنه‌وه‌ى حه‌قیقه‌ته‌كان.
گرووپه ناڕاسته‌وخۆیه‌كان له زۆر بواره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن، بۆنموونه، گرووپه په‌روه‌ردهی‌یه‌كاندەکرێت بپرسین، ئایا په‌روه‌رده له ژێر چ ناوێك و جه‌وهه‌رێك دا خۆى ئاراسته ده‌كات؟ به جه‌وهه‌رى سیاسى یاخۆد به جه‌وهه‌رى ئایینىی یاخود به جه‌وهه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى؟ به‌م شێوه‌یه ئاشك‌را ده‌بێت له برى ئه‌وه سیاسه‌ت، وه‌كوو ژێرخانه گرووپێكى باشى كاریگه‌رى درووست بكات، ده‌بێته هه‌ڵگرى دروست كردنى گرووپێكى كارلێكراوى نامۆ له به‌رده‌م پرسه گرنگه‌كانى تاك و كۆمه‌ڵگە. ئه‌م جوره گرووپه ناتوانێت كار له پێناو ئه‌م پرسیاره ” ئايا سیاسه‌ت چیيه؟” بكات و هه‌وڵبدات ئامانج و خواستى گرووپه‌كان بخاته ژێر بارى به‌رپرسیارێتی مه‌عریفى و یاساییه‌وه. بۆ ئه‌وه تاكه‌كه‌س له‌سه‌ر بنه‌مای خودناسى بیركردنه‌وه‌ى خۆى فێرى چاوانى تێگه‌یشتنى هونه‌رى سیاسى ببێت.
لێره‌وه ده‌بێ ئه‌وه بزانین ناكرێت ئێمه وابیر بكه‌ین كه هه‌ر جۆره گرووپێك ده‌ركه‌وت له پێناو پرسى پاراستنى كۆمه‌ڵگە یه، تاكه‌كه‌سه، یاخۆد ده‌وڵه‌ته، به‌ڵكو هه‌ر یه‌كێكیان ئامانج و مه‌به‌ستى خۆى هه‌یه. به‌ڵام ده‌بێ ئێمه خوێندنەوە بۆ واقيعى پشته‌وه‌ى ئامانج و مه‌به‌سته‌كان بکەین. ئایا ئه‌م جۆره گرووپانه له‌سه‌ر چ بنه‌ما و چ ڕاستیيه‌ك دروست بوون؟ یان په‌یوه‌ندى به چ ئاراسته‌یه‌كه‌وه هه‌یه؟ هەروەها ئەگەر ئەو ئێديۆلۆجيە ئايديۆلۆجيەكى بەرتەسك و داعشى بێت چۆن كۆمەڵگا تيایدا سەركەوتوو دەبێت؟ زيانەكانى ئەو جۆرە گرووپانە چين؟ بۆچى مەبەستێك دروست كراون؟ ئەمانە و چەندين پرسيارى تر بەيان دەبن، دەبێت ئێمە وەكوو تاك بيریان لێ بكەينەوە، چونكە هەر يەكێك لە ئێمە خاوەنى بيركردنەوەيەكى تايبەت و جياوازین.
كاتێك هونه‌ر و سیاسه‌ت له ناو كۆمه‌ڵگە به شێوه‌یه‌كى زانستى و تیۆرى و پراكتیكى هاتووه‌ته‌وه پێشیڵ كردن، ئه‌و كاته كۆمه‌ڵێك گرووپ سەرهەڵدەدەن كه ناتوانن خزمه‌ت بگه‌ینن به دروستبوونى سه‌روه‌رى یاسا و ده‌ستوور. ئه‌و كاته فیكر و بیركردنه‌وه‌یش له سه‌ر بنه‌ماى فه‌لسه‌فى له دایك نابێت و ناتوانێت كار له داهێنانه گه‌وره‌كان بكات. ئه‌مه دیار ده‌بێت كه گرووپێكى ناشۆڕشى به ناوى جیاجیا و ئایدیای جیاجیا دروست بووه و لە دوورى پرس و چه‌مكى زانین و هۆنه‌ر و سیاسه‌ت و ئه‌خلاق و كه‌سایه‌تییه‌وه کاردەکات. به تایبه‌تى له كۆمه‌ڵگە دواكەوتووەکاندا ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه به ئاشك‌را خۆی به‌رهه‌م ده‌هینێت، بۆنموونه، داعش. كاتێك ڕێكخراوى داعش ده‌ركه‌وت، به ناوى ئایینه‌وه هه‌وڵى دا جۆره تایبه‌تمه‌ندیه‌ك و ده‌ستوورێك له به‌رنامه‌ى خۆى به‌ره‌و پێشه‌وه ببات و هاندانى داگیركردنى چه‌ندین ناوچه،به تایبه‌تعێراق و هه‌رێم بكات. ئێمه بینیمان له ژێر ئه‌و ناوه‌وه زورینه‌ى ژنه‌كان سه‌ركۆتكران و خه‌ڵكێكی خسته ژێر بارى كۆمه‌ڵكوژى و سه‌ربرین و ڕه‌شنووسى ئایدیا و بیر‌و باوه‌ڕه‌كان. واته، مه‌به‌سته گرنگه‌كه ئه‌وه‌یه، کە كه‌سانى هزرمه‌ند و سیاسه‌تمه‌دار و نوخبه‌ى ڕۆشنبیران و تاكى هۆشیارپێویستی دەکرد بیانزانیبا ئایا ئه‌م گرووپه سه‌ر به چ ئیدیۆلۆجێكه؟ چۆن دروست بووه؟ بۆچى هه‌وڵى په‌لاماردانی کورد و نیشتیمانەکەیان دەدات ؟ لەوانەش گرنگتر، ئایا خودى داعش كێیه؟ كێشه‌ى ده‌ركه‌وتنى ئه‌م ڕێكخراوه چى بووه؟ هه‌رێم به‌ر له په‌یدابوونى داعش خه‌ریكى چى كارێك بوو؟ پرسیارى تر، كاتێك داعش كۆتایى پێهات ئایا ئێمه به‌ره‌و كوێ ده‌چین؟ هەروەها بەر لەوەى گرووپى داعشى پەيداببێت ئێمە خەريكى چى بووين؟ چ خۆيندنەوە بۆ ئەم هەژموونە مەتراسيدارە هەبوو؟ ده‌بوایه ئێمه ئه‌م پرسیاره جه‌وهه‌رى و فه‌لسه‌فیانه له خۆمان كردبا، چونكه داعش نه ته‌نیا په‌یوه‌ندى به ئایدیۆلۆجى ئيسڵامى سياسى يەوە هه‌یە، به‌ڵكو داعش پڕۆژەى سياسى جيهانى بوو، بۆ تێكدانى پرسى سیاسى، ئاينى، نه‌ته‌وه‌ى و نیشتیمانى.
گرنگ بوو ئێمه زانیبوایه‌وه كێشه‌كه له كوێ سه‌ری هەڵداوه. بەگشتی، شۆڕش به دوو شێواز ده‌كرێت شوڕ‌شێك وا ده‌كات میلله‌ت بكه‌وێته ژێر بارى خێر و ئاشتى و به‌رپرسیارییه‌وه به لایه‌نى ئه‌رێنییه‌وه، شۆڕشێكیش وا ده‌كات میلله‌ت بكه‌وێته ژێر بارى دواكەوتوویی و توندوتیژى و نادادپه‌روه‌رى و نایاسایى و نابه‌رپرسیارییه‌وه به لایه‌نى نه‌رێنییه‌وه. بۆ نموونه، شۆڕشە چاكسازییەکەی “مارتن لۆسه‌ر” له‌سه‌ر ئاستى چاكسازى ئایینیی و دەسەڵاتەوە هۆشیاریى كۆمه‌ڵگەی بردە ئاستێکی دیکە و ئه‌رك و مافى تاكه‌كه‌سى و كۆمه‌ڵگەی ڕاگه‌یاند و له سه‌ر ئاستى ئەورۆپا بووه ده‌رئه‌نجامى پەیڕەوکردنی سیاسه‌تێكى نۆێ. به‌ڵام كاتێك “به‌هارى عه‌ره‌بى” له ناو ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییەکان، وه‌كوو سوریا و تونس و عێراق و لیبیا بەرپا بوو، ڕاسته گرووپى جیاجیا بەشدار بوون و هه‌وڵیاندا داواى ئه‌رك و مافى خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام گۆڕینى ده‌سەڵاته‌كان دۆخێكى وێرانترى هێنایەگۆڕێ، چۆنكه زه‌مینه‌ى بیرى كۆمه‌ڵگە هێشتا له قۆناغى نابه‌رپرسیاریى و نائاماده‌كارى دۆخه‌كه بوو.
بۆیه كۆمه‌ڵگەكان به ئاراسته‌یه‌كى تر كه‌وتنه ژێر بارى هه‌ڵه كردنه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه بوو كە پێش دهسەڵاتهكانى خۆیان بخوێنەوە و ڕێكبخه‌ن و بكەو‌نه ناو بيركردنەوەى سیاسه‌تێكى نوێ. هاوکات، هه‌وڵ بده‌ن خۆیان وه‌ك فیكر و تێگه‌یشتن له چه‌مكى سیاسى و كۆمه‌ڵناسى و ده‌روونناسى بخوێنەوە و ڕێكبخه‌ن و بكه‌نه هاوو‌ڵاتیيه‌ك و ژینگه‌یه‌كى نوێ، پاشان به دواى ڕێگه چاره بگه‌رێن و دهسەڵاتهكانى خۆیان بگۆرن.
لێره‌وه من ده‌مه‌وێت ئه‌مه بڵێم، گرووپبه‌ندى ئایدیۆلۆجى له گرووپبه‌ندى نائایدیۆلۆژى جیایه و ئه‌مه ناهێته ئه‌و مانایه كه ده‌بێت سیاسه‌ت له فیكر و بیركردنه‌وه جیابكرێتەوە، به‌ڵكو ده‌بێت له هه‌موو لایه‌كه‌وه خوێندنه‌وه‌ى ئێمه بۆ گرووپه‌كان هه‌بێت، چونكه ئێمه تائێستا له به‌رده‌م كاره گرنگ و پێویسته‌كانى زانین و ژیان دهره‌نگ مانه‌وه داین. بۆیه ناكرێت ئیتر خۆى د‌ره‌نگ جێبهێڵین و دهره‌نگ بیر له شته‌كان و دیارده‌كان و ڕووداوه‌كان بكه‌ینەوە. ده‌بێت ئیش له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی نووسینى مێژووى ڕاسته‌قینەی خۆمان بكه‌ین و وێنەيێكى نوێ له سه‌ر ئاستى مه‌عریفه و چاره‌نووسى مانه‌وه‌ى خۆمان دابمه‌زرینین. خۆيندنەوەى تر‌ى فه‌لسه‌فيانە بۆ دروست كردنى گرووپەكان بكەين و بڵێين ئايا بۆچى گرووپه‌كان زوو هه‌ڵده‌وه‌شێنەوە؟ ئايا ئه‌و به‌ربه‌ستانه چین كه ناهێڵن گرووپەکانبه زیندوویی بمێنەوە؟ هەروەها كێشه‌كانى له ناوچوونى گرووپبه‌ندى چین؟ بۆچى ئێمە ناتوانين بگەينە خاڵە هاوبەشەكانى گرووپ؟ بۆچى گرووپ نابێتە پەيامێك لە پەيامەكانى گەيشتن بە ناو خۆى كات و بوون لە جيهاندا؟



