لە کۆتایی مانگی تەموزدا وەزیری دەرەوەی کوێت سەردانی بەغدای کرد. لە پاش دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پرێس کۆنفرانسێکدا وەزیرە کوێتییەکە بە تایبەتی سوپاسی پارێزگاری بەسرا ئەسعەد عیدانی کرد. ئەم سوپاسە وەها لێکدرایەوە کە عێراق خاکی داوە بە کوێت و عیدانی بە سوودی کوێت کار دەکات. دەرئەنجامی ئەمە زنجیرەیەک ناڕەزایی و دیبەیت و بانگهێشت کردنی وەزیر و وروژانی میدیایی بوو.
لە پاشخانی ئەم ڕووداوەوە چەندین ڕەگی مێژوویی و دیدی سیاسی و هەڵوێستی تایبەت هەیە. بۆ ئەوەی لە بنەڕەتی ئەم پرسە تێبگەین، کە بەشێکی زۆری تایبەتە بە کێشانی سنوورەوە لەنێوان عێراق و کوێتدا، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ کۆبوونەویەک کە لە پایزی ١٩٢٢ بە سەرپەرشتی سێر پێرسی کۆکس، مەندوبی سامی بەریتانی ئەوکات لە عێراق، بەڕێوەچوو. پاش پێنج ڕۆژ لە گفتوگۆ هەریەک لە بەشداربووان لە عێراق و سعودیە و کوێتەوە داوای پانتایی زۆر گەورەیان دەکرد. ساحیب بێگ، کە نوێنەری عێراق بوو، داوای هەموو نیمچە دورگەی عەرەبی دەکرد هەتا ڕیاز. نوێنەری سعودیە، لە بنەماڵەی ئال-سعود، داوای بەشی باشوری عێراقی دەکرد هەتا فورات. لە ڕۆژی شەشەمدا کۆکس بێزار بوو لە بێتوانایی گەیشتی شاندەکان بە دەرئەنجامێک. بۆیە هەر خۆی لەسەر کاغەز هێڵی ڕاستی کێشا و کردی بە سنووری نێوان ئەم وڵاتانە. کەس دڵخۆش نەبوو، بەڵام هەموویان ڕازی بوون. ئەم چیرۆکە کە لە چیرۆکی خەلیقەی ئینجیل دەچێت، سەرەتای ئەم پرسانەی ئەمڕۆیە، هەروەها دەرخەری ئەوەیە کە ناوچەکە هەمیشە لەلایەن ئیمپراتۆریەتێکەوە بەڕێوەبراوە، ئەگینا نوخبەکەی خۆی نەیانتوانیوە بگەنە ڕێکەوتن.
لە دوا ژماری گۆڤاری فۆرین ئەفێیە، ڕۆبەرت کەپلان، جەخت لە سەر ئەم پرسە دەکات. بە دیدی ئەو لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێستا ساتەوەختێکە کە بەبێ ئیمپراتۆرە، بۆیە ناسەقامگیرە.
لە ڕەخنە لە عیدانی و کوێت، بانگەشەی ئەوە دەستی پێکرد کە گوایە عێراق بەشێک لە خاکی ئوم قەسری فرۆشتووە. لە ڕاستیدا پرسەکە بە تەواوی جودایە. هەر کە هەواڵی گواستنەوەی ژمارەیەک ماڵ لە ناوچەی ئوم قەسر لە میدیاکاندا بڵاوبووەوە، شەقامی عێراقی بوو بە دوو بەشەوە. هەندێک بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە عێراق دەستبەرداری خاکی خۆی بووە بۆ کوێت، بەرەکەی تریش دەیگوت ئەوەی ڕوویداوە، لە ئەنجامی پیادەکردنی بڕیاری ٨٣٣ ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە، کە داوای سنوورڕێژیی نێوان عێراق و کوێت دەکات.
سنووری نێوان عێراق و کوێت، هەتا ئێستا تەنها لەسەر نەخشە بوونی هەبووە، لەسەر زەوی هیچ ئاماژەیەکی جیاکەرەوە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا بوونی نییە. جێگای ئاماژە پێدانە کە هەردوو وڵات هیچ بەربەرستێکی سنووری وەک ڕووبار، چیا، دەریا (سەرباری هەبوونی سنووری دەریایی)، یان دەریاچە جودایان ناکاتەوە، بەڵکو ئەوەی لە نێوانیاندا هەیە لمە. بەجۆرێک ئەو ماڵانەی کە دەکەونە سەر سنووری نێوان ئەم دوو وڵاتە هێندە لێکنزیکن، پیرەژنێک تەنوری نانکردنەکەی دەکەوێتە خاکی کوێتەوە کەچی ماڵەکەی خۆی لەسەر خاکی عێراق دروستکردووە.
بە پێی یاسای نێودەوڵەتی سنوو-ڕێژی دەبێت، لە پێنج سەد مەترەوە بۆ یەک کلیۆمەتر خاکی بێ ئاوەدانی هەبێت لەنێوان وڵاتادا، بە تایبەتی ئەگەر کێشە لە نێوان وڵاتەکاندا هەبێت. پاش داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە لە ٢ی ئابی ١٩٩٠ دا، پرسی سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتە هاتەئاراوە. ئێستا ئەم یاسایە جێبەجێ دەکرێت.
هەراکە لە سەر چیە؟
بە دیدی عەقیل عەباس، کە ئەکادیمییەکی عێراقییە، ئەوەی لەمبارەوە ڕوودەدات هەوڵی سەدر و هێزەکانی ترە بۆ فشار خستنە سەر بەرەی حوکمڕان و ئیحراجکردنیان. ئەو وەهای دەبینێت کە لە سەرەتاوە نەدەزانرا چی دەگوزەرێت و بەشێکی زۆری خەڵکی عێراق بڕاوی بەم دەسەڵاتدارانەی ئێستا نییە و ڕوونی لە پرسەکاندا بە هیچ شێوەیەک لەئارادا نییە، بۆیە خەڵک ناهەقی نییە کە بە گومانەوە تەماشای پرسەکە بکات.
بە دیدی عەباس ئەم هێزە دەسەڵاتدارانەی عێراق بڕوایان بەوە نییە کە دەبێت کار و پلان و بەرنامەیان بە خەڵک بڵێن، وەک هێزی خاوەن شووناس و دونیابینی ئیسلامی خەڵک بە ڕوعات، یان بە مەڕ دەبینن، نەک بە هاوتا و خاوەن مافی زانین و زانیاریی.
بێزاریی زۆری خەڵک لە نوخبەی دەسەڵات زەمینەی ئەوەی سازاندووە کە هەموو دەرفەتێک بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی ناڕەزایی خۆی بەرامبەر نوخبەی دەسەڵات پێشان بدات، بەبێ ئەوەی گوێ بە ڕاستی و بنەما و دروستی پرسەکان بدات. ئەوانەی کە دەیانەوێت ئەم پرسە بقۆزنەوە، هەوڵی ئەوە دەدەن کە کوێت وەک دوژمنی عێراق وێنا بکەن. بە دیدی ئەوان کوێت وڵاتێکە بەرپرسە لە ئابلوقە و لاوازبوون و هەژاربوونی خەڵکی عێراق و هاتنی ئەم نوخبە نوێیە بۆ سەر دەسەڵات.
لە کاتێکدا کە ڕژێمی پێشوو کوێتی داگیرکرد، بەڵام وڵاتی کوێت هەموو قەرەبووەکانی لە عێراق وەرگرتەوە سەرباری دۆخی سەختی ئابوری و دارایی عێراق. ئەم بەرەیە هەوڵی ئەوە دەدەن کە وەهای وێنا بکەن کە خەڵکی عێراق نابێت باجی کارە هەڵەکانی سەرۆکی پێشوو، سەدام حوسێن، بدات و کوێتیش نابێت پشتیوانی نێودەوڵەتی بقۆزێتەوە بۆ خۆی.
نەیارانی کوێت وەها دەبینین کە نوخبەی دەسەڵاتدار لە عێراقدا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە زیاتر دۆستی کوێتە هەتا عێراق. ئەوەی ئێمە لێی بە ئاگاین ئەوەیە کە کوێت لە پرۆسەیەکی ئاڵۆزدا لە هەوڵی ئەوەدایە کە نوخبەی سیاسی عێراقی بە پارە دەم چەور بکات. کەم سیاسی گەورە و مامناوەند و تەنانەت بچوکی عێراق هەیە کە سەردانی کوێتی نەکردبێت و هەروەها لە پشتیوانی ئەوان سوودمەند نەبووبێت.
گومانی تێدا نییە کە کوێت لە عێراق دەترسێت. لای زۆرێک لە عێراقییەکان دیدێکی وەها هەیە کە کوێت بەشێکە لە عێراق. بەڕای ئێمە ئەم دیدە جگە لە هەڵە و شۆفینیزمی عێراقی هیچی دیکە نییە. عێراق و کوێت هەردوو لە یەک پرۆسەی هاوشێوەدا لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە بۆ ئامانجی جیاواز لە خۆیان دروستکراون. کاتێک ئەڵمانەکان دەخوازن بێن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێڵی بەغدا بەرلین دروست بکەن، بەریتانییەکان دێن کوێت قنج دەکەنەوە، هەتا ڕێگریی لەو پرۆژەیە بکەن. وەک زۆر شوێنی تر لە دەرەوەی ڕۆژئاوا، عێراق و کوێت و سنوورەکانیان دەرئەنجامی ناڕاستەوخۆی ململانێی ناو زلهێزەکانی ئەوروپا و پاشان ئەمریکایە.
وەک چۆن کوێت دەستکردە، عێراق زیاتر دەستکردە. بەڵام نوخبەی عێراقی هەرکاتێک فشاریان دێتە سەر، پەلاماری کوێت دەدەن. کاتێک عەبدولکەریم قاسم هەڕەشەی کرد بە سێ ملیون پاوەن کپکرایەوە. کاتێک سەدام شەڕی لەگەڵ ئێراندا وەستاند، ڕووبەڕووی کێشەی دارایی و ئابوریی بووەوە، لە ئەنجامدا پەلاماری کوێتی دا. ئەمەشە وەهای لە هەندێک چاودێرانی عێراق کردووە کە پرسی کوێت وەک پرسێکی ناوخۆیی عێراق ببینین.
کوێت کە لەمە بەئاگایە لە میانەی پەیوەندی لەگەڵ عێراقدا، میتۆدی هێدج (hedge) بەکار دەبات. ئەم چەمکە لە نەوەدەکانەوە هاتە ناو بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، وەک ڕێبازێکی مامناوەند لەنێوان هاوسەنگی و وەدواکەوتندا. پێشتر لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دوو چەمک هەبوون، ئەوەی وڵاتان کاتێک دەکەونە ژێر هەڕەشەوە، ئەوە یان بەرگریی دەکەن لە شێوازی هاوسەنگی، یان ملکەچ دەبن و وەدوا دەکەون (باندواگن). بەڵام هێجینگ یانی تێکەڵەیەک لە هەردوو. ئەم مۆدێلە بە گشتی لەناو وڵاتە بچکۆلەکاندا باوە. کاتێک لە ژێر مەترسیدان بەڵام توانای هاوسەنگی مەترسییەکەیان نییە، بۆیە لەگەڵ سەرچاوەی مەترسییەکەدا دەستوپەنجە نەرم دەکەن، بەڵام بەتەواوی ملکەچ نابن.
لە میانەی پیادەکردنی ئەم مۆدێلە، ئەم ستراتیجییە، کوێت پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ نوخبەی سیاسی عێراقی دا هەیە و هەموویانی دەمچەور کردووە. ئەمەش یەکێکە لە ڕەخنەکانی ئەوانەی کە ڕەخنە لە پەیوەندی نێوان نوخبەی سیاسی عێراقی و کوێت دەگرن. بۆ نموونە پارێزگاری بەسرە وەها لە قەڵەم دەدرێت کە لە لایەن کوێتەوە کڕابێت.
کوێت و کوردستان
خواستی عێراق بۆ گێڕانەوەی کوێت، واتە بۆ دەستبەسەراگرتنی کوێت، خواستێکی ئیمپریالی نەخۆشە. وەک چاودێری سیاسی عێراقی لیبرال، ئەلناسر دورەید، دەڵێت تەنها ڕێگایەک بۆ ئەوەی کوێت ببێتەوە بە بەشێک لە عێراق ئەوەیە کە کوێتییەکان ئازادانە لە ڕاپرسییەکی ئازاددا لەو بارەوە دەنگ بدەن. داوای عێراقییەکان بەوەی کوێت ڕۆژگارێک بەشێک بووە لە ولایەتی بەسرە، ئەوە لە بیر دەکرێت کە ئەو ڕۆژگارە شتێک نەبووە بە ناوی عێراقەوە. ئەم دەستکردەیی و بێبنەمایی و یاریی کۆڵۆنیالیزمییە دۆخێکی نەخۆشی لەناو خەڵکانی ناوچەکەدا دروستکردووە، لەبری ئەوەی هەوڵی دانپیانان و پێکەوەژیان و ڕێزلەیەکگرتن بن ، بە دیدێکی ئیمپریالیانە لە هەوڵی زاڵبوون و سڕینەوە و بردن و سزادان و نکوڵیکردنی ئەوی دیکەن.
ئەم دۆخە لە پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێردا بە ڕوونی دەبینین. کورد ئەو لایەنەیە کە ئەگەر ملکەچ نەکرێت یاخی دەبێت، بۆیە دەبێت ملکەچ بکرێت. ملکەچبوونیشی لە ڕێگەی لاوازکردنیەوە دەبێت. بۆیە هەرگیز عێراق ناتوانێت پەیوەندییەکی یاسایی و تەندروستی لەگەڵ کورددا هەبێت. ئەمە بۆ پەیوەندی نێوان سوننە و شیعەش ڕاستە. شیعە کە بە هاوکاری ئەمریکا و ئێران بوون بە دەسەڵاتداری عێراق، باوەڕیان بەوە نییە کە شایستەی ئەو دەسەڵاتەن بۆیە هەمیشە لە هەموو جوڵەیەک دەترسن و هەوڵی سەرکوتی هەموو خواستێکی ئەوی دیکە دەدەەن.



