سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کوردستانی بەشووناس چۆن لکێنرا بە عێراقی بێشووناس؟

تا هاتنی بەریتانیا بۆ ئەم ناوچەیەی كە ئەمڕۆ پێی دەڵێن عێراق و داگیركردنی  لە سەروبەندی جەنگی یەكەمی جیهانی، شتێك نەبوو بە ناوی نیشتیمانی عێراق، گەلی عێراق، كەلتوری عێراقی، كۆمەڵگەی عێراقی یان وڵات و دەوڵەتی عێراق یان داواكارییەك بۆ دروستكردنی عێراق لەلایەن ئەو خەڵكەوەی كە دواتر دەبنە عێراقی. لەو بارەیەوە حەنا بەتاتو، كە توێژەر و شارەزایەكی گەورەی مێژوو و كۆمەڵگەكانی عێراقە، دەڵێت ”لە سەرەتاكانی سەدەی بیست عێراقیەكان یەك گەل و یەك كۆمەڵگەی سیاسی نەبوون، ئەمەش تەنیا هۆكارەكەی ئەوە نییە كە لە چەندین كەمینە و گروپی نەتەوەیی و ئایینیی جیاوازی وەك كورد و توركمان و كلد و ئاشور و ئەرمەن و جولەكە و ئێزیدی و سائیبی، پێكدێن، بەڵكو خودی عەرەبەكان كە زۆرینەی عێراق پێكدێنن، تا ڕادەیەكی زۆر لە چەندین كۆمەڵگەی لە یەكتر جیاواز پێكدەهاتن”.

جگە لەوە، وشەی “العراق” نە لە ڕێكەوتنامەی سایكس پیكۆ لە ١٩١٦، نە لە سیڤەر لە ١٩٢٠ ئاماژەی پێ نەکراوە، تەنانەت لە كۆنگرەی قاهیرەش لە ١٩٢١ كە بڕیاری دروستكردنی عێڕاقی تیادا درا، بەكار نەهاتووە. لە هەموو ئەو بەڵگەنامانەی ئەو سەردەمە، عێڕاق بە میزۆپۆتامیا ناوی براوە. سەرەڕای ئەمە، نووسەر و وەرگێڕە عەرەبەکان، هەندێکجار بۆ چەواشەكاری وشەی عێراق دەخەنە شوێن میزۆپۆتامیا كاتێك بەڵگەنامەكان وەردەگێڕنە سەر عەرەبی، لە دەقە ئەسڵییەكان بە ئینگلیزی و فەڕەنسی وشەی عێراق بوونی نییە. عێراق وشەیەكی عەرەبیش نییە. لە ڕێكەوتنامەی لۆزان لە ١٩٢٣ بۆ یەكەمجار وشەی عێراق بەكاردەهێنرێت وەك دەوڵەت.

وشەی عێراق وشەیەكی كۆنە، بەڵام هەرگیز كۆی ئەم جوگرافیایەی لەخۆ نەگرتووە كە ئەمڕۆ پێی دەگوترێت عێراق. بۆ نموونە لە سەردەمی ئەمەوییەكان عێراق لە بەسرە و كوفە پێكهاتووە، لە سەردەمی دیکە عێراق لە باشووری عێراقی ئێستاوە تا تكریتی گرتەوەتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە وشەی كوردستان لە كۆنگرەی ئاشتی پاریس ١٩١٩ و لە ڕێكەوتنامەی سیڤەر زۆر بە ڕوونی ئاماژەی پێ کراوە. جگە لەوەی كوردستان لە سەدەی دوازدەوە لە سەرچاوە مێژوویی و نەخشەکان و بەڵگەنامەكاندا زۆر بە ڕوونی دەبینرێت.

ئەو ناوچەیەی كە ئێستا پێی دەگوترێت عێراق، لە مێژوودا بە میزۆپۆتامیا ناوی هاتووە، بریتی بووە لە ولایەتی بەغداد و بەسرەی سەردەمی عوسمانییەکان. لە هیچ كام لەو بەڵگەنامانە ولایەتی موسڵ، كە كوردستانی باشوورە، بەشێك نەبووە لە میزۆپۆتامیا. تەنانەت لە كاتی بڕیاردانی دروستكردنی عێراق لە كۆنگرەی قاهیرە، وینستن چێرچل لكاندنی كوردستان بە عێراقەوە بە هەڵواسراوی دەهێڵێتەوە و بڕیار نادات كوردستان بەشێك بێت لەو دەوڵەتە دروستكراوە نوێ و بێشووناسە. چێرچل لەو سەردەمەدا نامەیەك ئاراستەی مەلیك فەیسەڵ و بەرپرسەكانی بەریتانیا لە عێراق دەكات و دەڵێت سنووری ئەو دەوڵەتە نوێیە (عێراق) تا جەبەل حەمرینە، لەوێ بەولاوە كوردستانە. واتە كوردستان بەشێك نییە لە عێراق. لە هەموو بەڵگەنامە مێژووییەكانی عوسمانی و عەرەبی و بەریتانی و فەرەنسییەکانیش كەركوك بەشێك بووە لە ولایەتی موسڵ، واتە كوردستان.

جگە لەوانەش، لە ڕێککەوتننامەی سیڤەر جیاكردنەوەی كوردستان وعێراق لە دەوڵەتی عوسمانی بە دوو بەش و بە دوو ماددەی جیاواز هاتووە، كوردستان بە پێی ماددەكانی ٦٢، ٦٣ و ٦٤ لە بەشی سێیەمدا جیادەكرێتەوە لە دەوڵەتی عوسمانی، عێراق (میزۆپۆتاميا) بە پێی ماددەی ٩٤ لە بەشی چوارەم جیادەکرێتەوە. ئەمەش بەڵگەیەكی بەهێزە، كەو ئەو دوو ناوچەیە، یەك نین و دەبێت بكرێن بە دوو دەوڵەتی جیاواز. تەنانەت پێرسی كۆكس كە زۆر دژی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بوو، لە یەكێ لە بروسكەكانی لە ١٩٢١ دا ئاماژە بە كوردستان و عێراق دەکات وەك دوو ناوچەی جیۆگرافی جیاواز لە یەكدی.

ئەوانەی دەیانەوێت شووناسێكی هاوبەش بۆ کورد و عەرەب، بۆ کوردستان و عێراق، لە “عێراق” دابتاشن، زۆر جارشۆڕشی بیست (ثورة العشرین) لە عێراق بەكاردەهێنن و دەیکەنە بەڵگەیەک بۆ هاوشووناسی. گوایە هەموو عێراقیيەكان لە باشوورەوە بۆ باكوور بە هەموو گرووپە نەتەوەیی و ئایینیی و مەزهەبییەكانەوە بەشدار بوونە لەو شۆڕشە دژی بەریتانییەکان و هەمووان چەند ئامانجێكی هاوبەش و لێكچوویان هەبووە ئەویش دەركردنی بەریتانیا و سەربەخۆیی عێراق بووە. لە ڕاستیدا، ئەمە جگە لەوەی ئەفسانەیەکی هەڵبەستراوە، زۆر دوورە لە ڕاستییەوە. سەرەتا، هەموو عێراقییەكان لە باشوورەوە بۆ باكوور وەك یەك و بە یەك ئەندازە بەشدار نەبوون لەو ڕاپەڕینە، بەوەی زیاتر ناوچەی فوراتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە (نەجەف، كەربەلا، دیوانیە، بابل، موسەننا). هاوكات, یەك ئامانجیان نەبوو، لە كوردستان ئامانجەكە سەربەخۆیی عێراق نەبوو.

هەروەها بە پێی شرۆڤەکانی عەلی وەردی، کۆمەڵناس و مێژوونووسی عێراق، بەشێك لە عەشیرەتەكان بەشدار بوون لەو شۆرشە تەنیا بە مەبەستی فەرهود و دەستكەوت. بە گشتی ئەو ڕووداوە ئەوەندەی بزووتنەوەیەكی عەشایەری و پیاوانی ئایینی و مەزهەبی شیعی یبوو، ئەوەندە بزووتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی و جەماوەری بۆ سەربەخۆیی عێراق نەبوو. سەرۆك عەشیرەتەكان و پیاوانی ئایینی دەستیان پێكرد، كە زیاتر بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیاز و بەرژەوەندی خۆیان بوو، پاشان خەڵكی هەژار و نەخوێندەواریان هاندا بۆ ئەوەی بەشدار بن و شەڕی سوپای بەریتانی بكەن.

لەو ناوچانەش كە لە ڕووی ئابووریەوە گوزەرانیان باشتر بوو ، نەچوونە پاڵ شۆڕشەكە یاخود كەمتر بەشدار بوون. بۆ نموونە بەسرە كە بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافییەكەیەوە باری گوزەرانی لە شارەكانی دی ئەو كاتی عێراق باشتربوو، بەشدار نەبوون. هەر بۆیە كۆمەڵێك لە سەرۆك عەشرەت و كەسایەتی دیاری ئەو كاتی بەسرە، نامەیەك ئاراستەی پێرسی كۆكسی نوێنەری بەریتانیا دەكەن دوای ماوەیەك لە تەواوبوونی شۆڕشەكە، لەو نامەیەدا ترسی خۆیان پیشاندەدەن كە شارەكەیان بلكێنرێت بە شارە هەژارەكانی تری عێراق، تەنانەت لەو نامەیەدا بە نوێنەری بەریتانیا دەڵێن كە ئەوان بەشدار نەبوونە لەو ڕووداوە (شۆرشی ١٩٢٠) كە بە گێرەشێوێنی و یاخیبوونیش وەسفی دەكەن. هەر بۆیە داوا دەكەن كە بەریتانیا بە چاوێكی جیاوازەوە تەماشای بەسرە بكات. واتە بەشێك لە كەسە دیارەكانی بەسرە، تا ئەو كاتیش باوەڕیان بە عێراق نەبووە و خوازیار نەبوونە  بكرێن بە بەشێك لە عێراق.

خاڵێكی گرنگ كە زۆر كات باس ناكرێت، ئەو شۆڕشە سەرچاوەكەی تەنیا لە چوارچێوەی عێراقدا نەبوو، بەڵكو ڕەگێكی لە سوریا لە دێرەزوور بوو و پەیوەندییەكی پتەوی بە سوریاوە هەبوو و شەش مانگ پێش دەستپێكردنی لە عێراق، لە دێرەزوورەوە دەستی پێكرد. ئەگەر ئەم ڕووداوە بکرێت بە بنەمایەک بۆ شووناسێكی هاوبەشی عێراقييەکان، كەواتە دەبێت بەشێك لە سوریاش سەر بەو شووناسە بێت و بەشێک بێت لە دەوڵەتی عێراق. بە گشتی لەو سەردەمە لە زۆربەی ولایەتە كۆنەكانی دەوڵەتی عوسمانی ناڕەزایەتی و بەرەنگاری دەستی پێكرد بوو دژ بە مەرامەكانی بەریتانیا و فەرەنسا.

بە كورتی، عێراق وەك تیۆری و پراكتیك، پڕۆژەیەكی تەواو بەریتانی بوو، ئەگەر بەریتانیا نەبووایە، ئەو خەڵكەی ئەوكات لەم جوگرافیایە بوون، شتێك لە مێشكیان نەبوو بە ناوی دەوڵەتی عێراقی بەم سنوور و شێوەیەی ئێستا. عێراق پڕۆژەیەك بوو تەنیا لە مێشكی بڕیاربەدەستانی بەریتانیا بوونی هەبوو، ئەوانیش هەموویان نا، بەڵكو بەشێك لە بڕیاربەدەستانی بەریتانیا، ئەگەر نا سەرەتا لەلایەن هەندێ بەرپرسانی بەریتانیا پڕۆژەی ئەوەش هەبووە كە عێراق بكرێت بە بەشێك لە هیند.

كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی و یەكلاكەرەوە لە ١٩٢٦دەبێتە بەشێك لە عێراق، سێ لایەن كێشەیان هەبوو لەسەر باشووری كوردستان، توركیا كە دەیویست بیكات بە بەشێك لە وڵاتە تازەدامەزراوەکەی خۆی، بەریتانیا و عێراق كە دەیانویست ببێت بە بەشێك لە عێراقی تازەدروستکراو، هەروەها كورد خۆی، كە کەم تا زۆر سەربەخۆییان دەویست. بەڵام بەریتانیا بڕیار دەدات كوردستان بكرێت بە بەشێك لە عێراق لەبەر چەندین هۆكارێک لەوانە:

یەکەم، ئەوان پێیان وابوو لە چەندین ڕووەوە ویلایەتی بەسرە و بەغداد بە تەنیا  شیاو نین بەوەی ببن بە دەوڵەتێكی پشتبەخۆبەستوو، بۆیە دەبێت ویلایەتی موسڵ بلکێنرێت بەوانەوە.

دووەم، سامانە سروشتییەكانی كوردستان، بەتایبەتی نەوتی كەركوك ڕۆڵی گرنگی هەبوو، چونكە عێراق بە تەواوی لە ژێر كۆنترۆڵی بەریتانیا بوو، كوردستان ئەوكات لە عێراق بەهێزتر و زیاتر سەروەری هەبوو، چونكە نیمچە حكومەتێكی هەبوو، بەریتانیا دەیویست بیكات بە بەشێك لە عێراق تا بە تەواوی كوردستانیش بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.

سێیەم، نا ڕەزایەتی توركیا و ئێرانی ئەوكات بۆ دروستبوونی دەوڵەتێكی كوردی هۆکارێکی تر بوو. بەتایبەت كە توركیا بەهێز ببوو و بەریتانیا بەرژەوەندی و مامەڵەی تری هەبوو لەگەڵ توركیا كە بێگومان بەلای بەریتانیاوە توركیا و ئێران گرنگتر بوون لە كورد.

لەگەڵ چەندین هۆكاری دیکە، یەكێ لە هۆكارە سەرەكییەكان هۆكاری ناوخۆیی كورد بوو، كە لاواز و دواكەوتوو و پەرتەوازە بوون، ئەگەر نا دەبوو لەو سەردەمە جەنگ و شەڕێكی بەردەوام و كاریگەریان بەرپا بكردایە تا گەیشتن بە ئامانج. ئەگەر كەمترین نرخ بۆ بەها ئەخلاقی و مرۆیی و ماف و دادپەروەری هەبێت لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، ئەوا دەبوو ئەوكاتەی  توركیا وعێراق داوای كوردستانیان كرد، بەریتانیا بە گوێی دانیشتوانی كوردستان بكات و دەوڵەتی كوردستان لە باشوور دابمەزرێنێت، نەك بیخاتە سەر عێراق، كە لە بەڵگەنامەكانی خۆیاندا هاتووە كوردستان هەرگیز بەشێك نەبووە لە عێراق.

ئەم نووسینە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO