سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

مووچە وەک گوتاری سیاسی

خەریکە نزیک دەبێتەوە لە دەیەیەک، پرسی بودجە و مووچە بووەتە تەوەری سەرەکی لێکنزیکبوونەوە و دوورکەوتنەوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. لە ناوخۆی کوردستانیشدا پرسی مووچە بووەتە جەوهەری گوتاری سیاسی حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییە کوردییەکان. بووە بە هەواڵ، بە مانشێتی ڕۆژنامەکان و باس و خواسی ناو خەڵک. تێگەیشتن لە زەمینە و فاکتەرەکانی پشت ئەم پرسە، بەستنەوەی بە پرسی کوردەوە لە عێراقدا، هەروەها بە پرسی شوناس و نەتەوەخوازییەوە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا، جێگە بایەخی ئەم وتارەیە.   

حکومتی هەرێمی کوردستان لەپێناو سەربەخۆیی سیاسیی و ئیداریی و خەونی بەدیهێنانی دانپێنانێکی تۆکمەتری ناوچەیی و جیهانیی، پەنای بۆ “سیاسەتی فرۆشتنی سەربەخۆییانەی نەوت” برد. لە ئەنجامدا تەنگەژەی دارایی زیاتری بۆ خۆی دروست کرد. خراپبەکارهێنانی داهاتی نەوت، خراپ ئیدارەدانی سامانی نەوت، گرژیی و ململانێکانی نێوان پارتی و یەکێتیی لەسەر دەسەڵات و سامانی نەوت، دابەزینی نرخی نەوت، شەڕی داعش، پەتای کۆڕۆنا، بڕینی بەشە بوودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە، هەمووی بەسەریەکەوە بوون بە مایەی دروستبوونی دۆخێکی سەختی دارایی بۆ حکومەت و خەڵکی هەرێم، بەتایبەت مووچەخۆرەکانی کەرتی گشتیی. دۆخەکە بووە مایەی سەرهەڵدان و فراوانبوونی نیگەرانی و بێزاری خەڵک و لەدەستدانی متمانە بۆ ژیان و داهاتووی خۆیان.

ناتوانایی حکومەتی هەرێم لە دابینکردنی مووچەدا، بووە مایەی فراوانبوونی پانتایی نائارامی و گرژی کۆمەڵایەتی و سیاسی. کاتێک ژمارەیەکی زۆر لە مووچەخۆری کەرتی گشتی کە ژمارەیان خۆی لە ملیۆنێک و دوو سەد و پەنجا هەزار فەرمانبەر دەدا و بەشێکی بەرچاوی دانیشتوان پێکدەهێنن، تووشی سەختیی ژیان دەبنەوە بەهۆی نەهاتن یان بڕینی مووچەکانیان. ئیتر متمانەیان بە حکومەت نامێنێت، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان زیاد دەکەن، خەڵک بەدوای شوناس و ئینتیمای بەدیلدا دەگەڕێن، گوتاری زاڵ دەبێتە پرسی بژێوی و ژیان نەک هیچ شتێکی دیکە.

پرسی کورد، پرسی شوناس و ناسنامەی نەتەوایەتی و خاکە کە ئامانجی بەدەستهێنانی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانە، دواجاریش سەروەریی و سەربەخۆییە، کە لە ئاست چاوەڕوانیەکانی خەڵک بۆ مووچەکانیان و ناتوانایی حکومەتەکەیان لە دابینکردنیدا، پاشەکشە دەکەن. خەڵک گومان لە حکومەتەکەیان دەکەن، کۆی پڕۆسەی سیاسی دەخەنە ژێر پرسیارەوە، شەرعیەتی حکومەت و دامەزراوەکانی پاشەکشە دەکات، بەشداریی لە ژیانی گشتی و سیاسیدا ڕوو لە کزی دەکات، تا ئەو ئاستەی ئیتر خەڵک نەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدانیش.

پرسی کورد لەسەر ئاستی عێراق و ناوخۆییشدا، کورت دەبێتەوە بۆ گوتاریمووچە. هێزە عێراقییەکان و هەرێمییەکانیش ناڕەزایەتی و ماندووبوونی خەڵک بەکاردەهێنن بۆ ئامانجی سیاسی و لاوازکردن یان سنوردارکردنی کورد و پرسەکەی لە ناوچەکەدا. لەناوخۆی ماڵی کوردیدا، دابڕان لەنێوان هێزەکاندا ڕوودەدات، حزبەکان خاڵی لاوازی جەماوەر کە پرسی مووچەیە، دەکەنە چەکی سیاسەت و گوتاری سیاسی خۆیان.

ناکۆکی ناوخۆیی، ناڕوونی و نەبوونی ستراتیجی دوورمەودا لەسەر بنەمای دیدگایەکی ڕوون، وای کردووە شەقامی کوردی لەبەرامبەر هەموو کردەوەیەکی دوژمنکارانەی بەغدا بەرامبەر بە هەرێم، تەنها خۆی سەرکۆنە بکات، ناکۆکییەکان زەقتر بکاتەوە. دۆخێک دروست بووە نە خەڵک و نە سیاسییەکان نەتوانن بەغدا وەک فاکتەری پشت نەهامەتیەکانی خەڵکی کوردستان ببینن و بناسێنن.

چارەسەرکردنی ئەم پرسە پەیوەندی هەیە بە ئیدارەی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە، پێش هەر شتێکی دیکە. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بیر لە چارەسەری یەکجارەکی و ڕیشەیی ئەم پرسە بکاتەوە، ئەگینا بەستێنی سیاسی، جەماوەریی و ناوچەیی ئەم گوتارەی کە پشتی بە مووچە بەستووە فراوانتر دەبێت و کۆی چارەنووسی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا دەخاتە ژێر پرسیار و مەترسییەوە.

“مووچە”، ئیتر بەتەنها ماف و شایستەی خەڵک نییە، بەڵکو بەشێکە لە گوتاری سیاسی گەورەتر کە لە ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەشدا بەرامبەر بە کوردستان بەکاردەهێنرێت. سیاسی و سەرکردەکانی هەرێم پێویستە لە هەستیاریی ئەو پرسە وەک گوتار تێبگەن، نەک بە تەنها خۆیان وەک قوربانی نیشان بدەن و خەتاکەش بخەنە سەر بەغدا یان لەناوخۆدا یەکتری تۆمەتبار بکەن.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە دەبێت چ بکرێت؟ هەرێمی کوردستان پێویستییەکی حەتمی بە سەرکردایەتییەکی بەهێزی دامەزراو هەیە لەسەر سێ پایەی بنەڕەتی:

 یەکەم، دیدگایەکی ڕوون و درێژخایەن، کە بتوانێت هەرێم بەرەو داهاتوویەکی باشتر ڕێنمایی و ئاراستە بکات.

دووەم، پلان و ستراتیجیی درێژخایەن، بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتگەلێکی تۆکمەتر و کاریگەرتر.

سێیەم، مەعریفە و زانست، کە بتوانێت ڕێگاچارەی گونجاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان دەستنیشان بکات.

بوونی ئەم سێ پایەیە، ئاسانکاریی دەکات لە داڕشتنی “ئامانج” لە سیاسەت و ئیدارەی وڵاتدا. ئەگەر ئامانج ڕوون بوو، خەڵک لە ڕۆڵ و پێگەی خۆیان لە بەدیهێنانیدا تێدەگەن، زیاتر پێوەی پابەند دەبن، باوەڕی پێ دەهێنن و کاری زیاتریشی بۆ دەکەن.

سەرکردایەتی بەهێز، بریتییە لە توانایی کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری ئەو “ئامانج”ـە. داڕشتنی ئەوەش هەنگاوی کرداریی پێویستە و بە دروشم و موزایەدەی سیاسی نایەتەدی. خەڵک بۆ ئەوەی هەست بە مەترسی و دەرفەتەکان بکەن، دەبێت بزانن لەگەڵ کێ و بە چ ڕێگایەکدا بەرەو کوێ هەنگاو دەنێن. ڕەفتاری نوخبەی سیاسی وڵات، بە پلەی یەکەم ئەوە دەستنیشان دەکات، کە خەڵک دەیبینن یان هەستی پێ دەکەن.

چارەسەرکردنی ئەم پرسە ئاڵۆز و هەمەلایەنەیە. حکومەت و حزبە بڕیار بەدەستەکانی کوردستان دەبێت ئیرادەی ئەوەیان هەبێت کە دەست بۆ هۆکارەکانی پشت ئەم بارودۆخە بەرن، وەک، خراپبەکارهێنانی دەسەڵات، بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و نەبوون یان لاوازیی ڕۆڵی یاسا.

خەڵکی کوردستان ماندوون، سیاسەتی ناوخۆی هەرێم، بەتایبەت حزبە دەسەڵاتدارەکان؛ گەورەترین بەشدارییان لە خوڵاقاندنی قەیرانی ئابوری، ناوخۆیی و متمانەی کۆمەڵایەتیدا هەبووە، کەچی لە چارەسەرکردندا دەستەوەستان ماونەتەوە. گوتاری سیاسی و میدیای ناوخۆ، هیچ شتێکی لە سەرمایەی کۆمەڵایەتی دامەزراو لەسەر متمانە نەهێشتۆتەوە، بۆشایی نێوان خەڵک و حزبەکان، هاووڵاتی و حکومەت لەفراوانبووندایە. چارەسەرکردنی ئەم پرسە، ڕزگاربوون لەم سیاسەتی بارمتەگرتەییەی بەغدا بەرامبەر بە هەرێم، پێویستی بە تێگەیشتنێکی هاوبەشی ناوخۆیی هەیە کە بتوانێت مەترسی و دەرفەتەکان ببینێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO