سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ڕوانگەیەكی كوردستانیی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و ناوچە دابڕێنراوەکان

بڕیار وایە لە ١٨ ی كانونی یەكەمی ٢٠٢٣ دا، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لە سنووری ژێر دەسەڵاتی حكومەت عێراق، واتە بەغدادی پایتەخت و پارێزگاكانی نەبەستراو بە هەرێمێكەوە، بەڕێوەبچێت. ئەمە لە كاتێكدایە کە پێشتر بڕیاردرا بوو كە لە ٦ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ دا بەڕێوەبچێت بەڵام بەبێ هیچ ڕوونكردنەوە و بیانوویەك بۆ کاتە نوێکە دواخر. ئەم هەڵبژاردنە لە كاتێكدایە كە بۆ ماوەی دە ساڵە، واتە لە ٢٠١٣ وە لە چواردە پارێزگای عێراق ئەنجام نەدراوە، لە پارێزگای كەركوك ئەنجام نەدراوە.

مەبەست لەم وتارە خستنەڕووی ڕوانگەیەكی كوردستانییانەیە سەبارەت بە هەندێ بۆچوون و بانگەشەی لایەنە سیاسییەکان، كە دەیانەوێت وا تیۆریزەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەن كە “سەركەوتنی هەر لایەنێك لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەمانای خاوەندارێتێی ئەو پارێزگایە دێت لەلایەن ئەو لایەنەوە”. ئەم بانگەشەیە  لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ ستراتیجی خەباتی نیشتیمانیی كوردستان ناكۆكە، پێچەوانەی سروشت و بنەما قانونییەكانی ئەم دامەزراوە ناوچەییە هەڵبژێردراوەیشە، کە ئەنجومەنی پارێزگایە. ئێمە لەم وتارەدا هەوڵدەدەین بە خستەڕووی چەند بنەمایەكی زانستیی و قانونیی و مێژوویی، ئەو بانگەشە بێبنەمایە ڕەتبكەینەوە و هانی هاوڵاتیانی كوردستان بدەین کە ڕوانگەیەكی كوردستانییانەیان هەبێت بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاكان، کە لەم خاڵانەدا کۆیان دەکەینەوە:

یەكەم: ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراقى دوای ٢٠٠٣ دا، كە بەگوێرەی دەستووری ٢٠٠٥ لانیکەم لە شێوە و ڕێکخستندا دەوڵەتێکی فیدڕاڵییە، یەكێكە لە ئاستەكانی حوكمی خۆجێی و لە پێش نووسینی دەستووری  ٢٠٠٥ یشەوە، بە بڕیاری ژمارە (٧١) ی ساڵی ٢٠٠٤، لەلایەن دەسەڵاتداری شارستانی هاوپەیمانان، دەرچووە و كڕۆكی دامەزراندنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ جێگیركردنی بنەماكانی ناناوەندێتی بووە.

دووەم: دەستووری ٢٠٠٥ ی عێراق، پێگەیەكی زیاتر بە پارێزگاكان دەدات، زیاتر لەوەی تەنها یەكەیەكی كارگێڕیی بن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گۆڕانكارییەكانی دنیای سەردەم و ڕۆڵی دامەزراوە خۆجێیەكانە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بۆ هاوڵاتیان.

سێیەم: دابەشبوونی  یەكە كارگێڕییە خۆجێییەكان لە هەر دەوڵەتێكدا تایبەتمەندی خۆی هەیە، جیاوازی سروشت و دەسەڵات و تایبەتمەندی كارگێڕیی خۆجێیی، بەگوێرەی قوتابخانەكانی ئەگلۆسەكسۆنی و ئینگلیزی و لاتینی دەگۆڕێت. لە عێراقیشدا لە ڕووی مێژووییەوە لە ١٩٦٣ وە لە سەردەمی عەبدولسەلام عارفەوە كار لەسەر دابەشكردنی عێراق بۆ سەر چەند یەكەیەكی كارگێڕیی كراوە، بەڵام لە دوای کودەتا و هەڵگەڕانەوەكان دیارترین قانون، بۆ دابەشکردنی كارگێڕیی عیراق، قانونی ژمارە (١٥٩) ی ساڵی ١٩٦٩ بووە كە عێراق دابەش دەكات بۆ پارێزگاكان و پارێزگاكانیش بۆ شارۆچكەکان (قەزاکان) و شارۆچكەكانیش بۆ شارەدێکان (ناحیەکان). ئەم قانونە تا ٢٠٠٤ لە عێراق كارپێكراو بوو، لەو مێژووەش بە دواوە، بە بڕیاری دەسەڵاتداری هاوپەیمانان ژمارە (٧١) ی ٢٠٠٤ هەر بڕگەیەكی قانونەكە لەگەڵ بڕیارە نوێیەكەدا دژبوو، هەڵپەسێردرا. بەپێچەوانەی قانونی ژمارە ١٥٩، ئەم بڕیارە هیچ ئاماژەیەكی بۆ دامەزراندنی پارێزگای نوێ و مەرجەكانی تێدا نەبوو، تەنانەت باس لە گۆڕانكاریی لە سنووری جوگرافی پارێزگاكانیش ناكات.

چوارەم: ماددەی ١٢٢ لە دەستووری ٢٠٠٥ دا بەشێوەیەكی گشتی پارێزگاكانی ناساندووە، كە تێیدا هاتووە، ئەو پارێزگایانەی كە لە هەرێمێكدا رێك نەخراون لە شارۆچكە و شارەدێ و  گوندەكان پێكدێن، دەسەڵاتی ئیداری و دارایی فراوانیان پێ دەدرێت، تا بتوانن کاروبارەکانیان بەپێی سەرەتا ناناوەندییە كارگێڕییەکان بەڕێوە ببەن و ئەمەش بە قانون رێک دەخرێت. لەم ڕوانگە دەستوورییەوە، ئەوە دەسەلمێنرێت كە پارێزگاكان ئاستێكی فەرمانڕەوایی هەڵبژێردراوی ناوچەیین كە كارەكانیان لە چوارچێوەی كارگێڕیی و خزمەتگوزاری دایە.

لێرەوە، لە ڕوانگەی مێژوویی و قانونی و دەستوورییەوە، ئێمە ئەو بانگەشە ڕەتدەكەینەوە كە ئەنجومەنی پارێزگای هەڵبژێردراو بۆ ئەو پارێزگایانەی كە ڕێكنەخراون لە هەرێمێكدا لە ناو  دەوڵەتی عێراقدا بتوانن هیچ گۆڕانكارییەكی دیمۆگرافی و مێژوویی یەكلابكەنەوە، بەڵكو ناتوانن پەنا بۆ هیچ پرسێكی نیشتیمانیی وسیاسیی ببەن لە كارەكانیاندا.

هاوکات، پرسی ناوچە دابڕێنراوەکان، ”کێشە لەسەرەکان”، لە نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان لە دەستووردا یەكلاكراوەتەوە،ئەویش لە ڕێگەی ماددەی ١٤٠، كە درێژكراوەی ماددەی ٥٨ ی قانونی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراقە بۆ قۆناغی ڕاگوزەر و دەسەڵاتی یەكلاكردنەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان دراوەتە دەست دەسەڵاتی جێبەجێكردن، نەك هیچ لایەنێكی دیكە. ڕێكارەکانی چارەسەری پرسی ناوچەكان لەناو دەستووردا یەكلاكراوەتەوە كە بریتین لە ئاساییكردنەوە، سەرژمێریی، ڕاپرسی. لە هیچ بڕگەیەكی دەستووردا باسی “هەڵبژاردن” وەك ڕێکارێک بۆ چارەنووسی ناوچە دابڕێنراوەکان دیاری نەكراوە.

پێویستە هاوڵاتی كوردستانی و پارتە سیاسییەكان ئەوە بزانن، كە هەڵبژاردن بریتییە لە ڕێگەیەكی دیموكراسی بۆ ڕێكخستنی ململانێی سیاسی بەشێوازی ئاشتی، نەك یەكلاكردنەوەی چارەنووسی گەلێک یان خاکەکەی.

هاوڵاتییانی كوردستان دەبێت خاوەن دیدێكی فراوانتر بن سەبارەت بە پرسە جیاوازەكانی، وەك؛ ململانێی سیاسی، كێشەی مێژوویی، پرسی خاكی نیشتیمان. ئەو بانگەشە و تیۆریزەكردنەی كە هەندێك لە سەرۆك و پارت و ڕەوتی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوی دەكەنەوە، هەڵەیەكی ستراتیجیی و مێژوویی و سیاسییە. ئێمەی كورد لە عێراقدا كێشەیەكی مێژووییمان هەیە كە پەیوەندی بە پرسی دیموكراتییەوە نییە، ئەگەر حكومەتی عێراق شەڕیش بكات و دیكتاتۆریش بگەڕێتەوە، ئەوا هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت كە ئەو ناوچانەی پێیی دەگوترێت كێشە لەسەر “ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەکان” هەر خاكی كوردستانن.

لە مێژووی سەد ساڵی عێراقدا، كورد خاوەنی كێشەیەكی مێژوویی نیشتیمانی و سیاسییە كە پرسی “خاك”ـە، ئەم پرسە بە گۆڕانی سیستەمی حوكم لە عێراق ناگۆڕێت، بەڵكو بە چارەسەركردنی پرسەكە كۆتایی دێت.

لە كۆتاییدا، دەمەوێت ئەوە بخەمەڕوو، مەبەست لەم وتارە ئەوە نییە كە هاوڵاتی كوردستان گرنگیی، بە بەشداریی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی داهاتوو نەدات، نەخێر، بەڵكو بەپێچەوانەوە، بۆ ئێمەی كورد، جگە لە پرسی خاكی کوردستان، پرسی شێوازی فەرمانڕەواییش، بابەتێكی گرنگە، چونكە بەدەستهێنانەوەی مافی فەرمانڕەوایی هۆكارێكی گرنگە بۆ پاراستنی خاكی کوردستان و سوودوەرگرتن لە سامانی ماددی و مرۆیی. لەلایەكی دیكەشەوە، بەشێكە لە هاوكاریی پڕۆسەی ئاسییكردنەوە، بۆ نمونە: ڕوونە كە لە سایەی سەپاندنی پارێزگارێکی ناڕەوا وەک ئەوەی ئێستای كەركوك و قایمقام و بەڕێوەبەری چەند ناحیەیەك لە ناوچە دابڕێنراوەکان چەندین كاری دی ناڕەوای دژ بە خاكی كوردستان هێناوەتەپێش.  

 

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO