سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بۆ کوردە-فەیلییەکان لە عێراق دەرپەڕێنران؟

زۆر نووسین و توێژینەوە لەسەر چۆنییەتی و هۆکارەکانی پشت دەرپەڕاندن و قڕکردنی کوردە-فەیلییەکان ئەنجامدراوە. زۆربەی ئەکادیمی و توێژەرەکان هۆکاری ناسنامەی نەتەوەیی، کوردبوون، یان ناسنامەی مەزهەبی، شیعەبوون، لە پشت جینۆساید و دوورخستنەوەی کوردە-فەیلییەکان دەبینن و حکومەتی بەعس و سەدام حوسێن بە تاوانباری سەرەکی لەپشت ئەو تاوانەدا دەناسێنن. لەم کورتە شرۆڤەیەدا بە ئیزافەی ناسنامەی نەتەوەیی و مەزهەبی ڕەهەندێکی دیکە گفتوگۆ دەکرێت و دەخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوە، ئەویش پێگەی ئابوری و بازرگانی و سیاسیی کوردە-فەیلییەکانە لە بەغدا بەگشتیی و بازاڕی شۆرجە بەتایبەتی. هاوکات، پێداگری لەسەر ئەوە دەکەین کە لێدان و بنکۆڵکردنی پێگەی ئابوری کوردە-فەیلییەکان چەندین ساڵ پێش هاتنی بەعسییەکان بۆ سەر حوکم دەست پێدەکات و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عەبدولسەلام عارف لە ١٩٦٤. گرنگی ئەم توێژینەوەیە لەوەدایە کە لێکۆڵینەوە لەسەر ڕەهەندی ئابوری و بازرگانی لێدانی کوردە فەیلییەکان لەپێش هاتنی بەعسییەکان دەکات، کە توێژەر پێیوایە تا ئەو ڕادەی ئەو ئاگادار بێت، قسەی لەسەر نەکراوە و ئەمە یەکەمین توێژینەوەیە کە ئەم ڕەهەندەی کردۆتە ئامانج.

قسەکردن لەسەر هەڵوێستی سوننەکان بەرابەر شیعەکان لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لە عێراق دا زۆر گرنگە بۆ چوونە ناو بابەتەکە و تێگەیشتن لە ڕەفتاری دەوڵەتی عێراقی لە دژی کوردە-فەیلییەکان، دەوڵەتێک کە لەو سەردەمەدا لەلایەن سوننەکانەوە حوکمدەکرا. لە سەردەمی عارفەکان، ململانێ‌ و پێکدادانی سوننە و شیعەکان زۆر زەقتر لە قۆناغەکانی پێشوتر، سەردەمی پاشایەتی، دەردەکەوت. کارەکتەر و هەڵوێستە دینیی‌‌ و‌ موحافیزکارەکانی عەبدولسەلام عارف و کەسانی دەوروبەری وای کردبوو کە هەڵگری دیدێکی دژە-شیعە بێت. بۆ نموونە، وەک ئەو کۆنە بەعسییانەی کە لە ١٩٦٣ دا لەگەڵ عارف هاوسەنگەربوون لە بیرەوەرییەکانیاندا دەگێڕنەوە ئەو زۆرجار وەک ڕەوافز و شعوبی ناوی شیعەکانی بردووە (١). لەوەش زیاتر، لە شەستەکان چەند کتێبێک لەلایەن نووسەران و کەسایەتییە ناسراوە عەرەبی ‌و عێراقییەکان دەرچوون کە لە ئەسڵی بزووتنەوە “شعوبییەکانیان” دەکۆڵیەوە. لەوانەیە بەهەڵەدا نەچووبین ئەگەر بڵێین گرنگترین کتێب لەو بوارەدا کتێبەکەی عەبدولعەزیز دوری بوو، کە ئەکادیمییەکی سوننە و ئەوکات سەرۆکی زانکۆی بەغدا بوو، کە بەناوی “الجذور التاریخیة للشعوبیة” (رەگوڕیشەی مێژوویی شعوبییەت) بڵاوی کردبۆوە. کتێبەکەی دوری بنەماکانی شیعەگەریی ‌و شعوبییەتی هاوتاکردبوو و پێکەوەشی گرێدابوو. هەروەها، ڕەگی شیعەگەریی خستبووە ژێر پرسیار لەگەڵ دڵسۆزیی‌ و ئینتیمای شیعەکان بۆ عێراق. ئەمەش بەدڵنیایی دیاردەیەکی نوێ نەبوو لە مێژووی عێراقی هاوچەرخ بەڵام بەو زەقییە نا. دوری باس لە مێژوو و چۆنییەتی نیشتەجێبوونی خەڵک ‌و گروپە جیاجیاکان دەکات لەو ناوچانەی ئێستا پێیدەگوترێت عێراق ‌و دەڵێت:

“عێراق… درێژکراوەیەکی جوگرافی نیمچە دوورگەی عەرەبییە، بۆیە ئەو خەڵکانەی [عەرەبانەی] کە لەوێوە هاتوون کارەکتەری عەرەبیی-سامییان داوە بە ناوچەکە. کەچی، ئەو خەڵکانەی کە لە ڕۆژهەڵاتەوە [شیعە و کوردە ئێرانییەکان] هاتوون بۆ [عێراق] تەنیا وەک داگیرکەر هاتوون. سەرەڕای ئەوەی دوای، مانەوەیەکی کەم یان زۆر، ڕۆیشتون ‌و گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان، بەڵام لەدوای خۆیان هەندێک خەڵکیان لێرە [لە عێراق] بەجێهێشتووە. ڕەگوڕیشەی کەلتوری ئەو خەڵکە بەجێماوە، کە نامۆ و بێگانەیە [بەم خاکە]… لەکاتێکدا کە خەڵکانی [عەرەبەکانی] ئەم خاکە تەماشای میرات ‌و ڕەگوڕیشە فەرهەنگییەکانی [ئەم خاکە] دەکەن‌ و ئێستای خۆیان وەک درێژکراوەی میراتەکە دەبینن ئەوە خەڵکە هاتوەکانی دیکە تەماشای دەرەوە دەکەن بۆ ئیلهاموەرگرتن‌، کاریش دەکەن لەسەر بڕینی ڕەگوڕیشە فەرهەنگییەکانی [ئەم خاکە]”  (٢).

دەبێت ئەوە بگوترێت کە قسەکردن لەسەر پرسێکی وا هەستیار لەلایەن کەسایەتییەکی ناسراو و سەرۆکی تاکە زانکۆی عێراق لەوکاتدا وەک عەبدولعەزیز دوری ناکرێت وەک دەنگی تاکە کەسێک تەماشابکرێت. لەڕاستیدا ئەم دەنگە ئاوێنەی ڕەوتێکی فکری/بەعسی مەزهەبی/سوننی نەتەوەیی/عەرەبیە کە خۆی لە ناسیونالیزمی عەرەبیی ‌و ئیسلامیزمی سوننەدا دەبینێتەوە، کە تاڕادەیەک لە زۆر شتدا هاوبەش‌ و هاوبیرن. بە وردبوونەوە لەم دەقەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە عەبدولعەزیز دوری دوو پێکهاتەی عێراقی، کورد و شیعە، بە بێگانە دادەنێت ‌و ڕیشەیان دەباتەوە بۆ سەر ئێرانییەکان، وەک بەشێکیش لە گەلی عێراق تەماشایان ناکات، تەنیا لەبەرئەوەی بە ئەسڵ “عەرەب” نین ‌و لە نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە نەهاتوون.

ئیسلامییە سوننەگەراکان، وەک ناسیونالیستە عەرەبەکان، زۆرجار زەقتر و توندتر هێرشیان دەکردە سەر شیعەکان ‌و شیوعییەکان ‌و بە شعوبی ناویان دەبردن. ڕۆژنامەی “الفجر الجدید” (بەرەبانگی نوێ)، کە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لە بەغدا دەر دەچوو و نزیک بوو لە حیزبی تەحریر، کە حیزبێکی ئیسلامیی سوننە بوو، لە سەروتارێک وەسفی شعوبییەکان دەکات‌ و دەڵێت ئەوان “دوژمنی نەتەوەی عەرەبن ‌و ڕقیان لە عەرەبە”، هەروەها وەک ناسیونالیستە عەرەبەکان، ئەوانیش شعوبییەکان، مەبەست شیعە و کوردە، بە پاشماوەی ئەو شەپۆڵە داگیرکارییانەی کە لە ڕۆژهەڵاتەوە، مەبەستیان ئێرانە، هاتوون دادەنێت، وەک بێگانەش ناویان دەبەن (٣). ڕۆژنامەکە بەردەوام بە شیوعییەکانی دەگوت شعوبییەکان ‌و بەگاڵتەپێکردنیشەوە بە ڕۆژنامەکەی حیزبی شیوعی، کە ناوی اتحاد الشعب (یەکێتیی گەل) بوو، دەگوت اتحاد الشعوبین (یەکێتی شعوبییەکان). ڕۆژنامەی “الفجر الجدید” بۆ وروژاندنی هەستی خەڵک لەدژی شیوعییەکان، واتە شیعەکان کە ئەو ناوی نابوون شعوبییەکان، داڕمانی “دەوڵەت‌ و شارستانی عەرەبی-ئیسلامی” دابووە پاڵ بزوتنەوەی شعوبییەکان، ئەوان ئەم قسەیەیان لەکاتێکدا دەکرد کە هەموو خەڵک دەزانێت دەوڵەتی عەرەبی-ئیسلامی لەسەر دەستی مەغۆلەکان ڕووخا. ڕۆژنامەکە جەختی لەسەر ئەوەش دەکردەوە کە “پاشماوەکانی [شعوبییەکان] ئەمڕۆ گەڕاونەتەوە بۆ بینینی هەمان ڕۆڵی مێژوویی لە بێهێزکردنی نەتەوەی عەرەب” (٤).

بەکورتی، شیعیزم لەلایەن هەندێک سوننەوە وەک هێلانەی شعوبیزم دەبینرا. ئەمەش وای کردبوو کە هەر داوایەک بۆ مافی یەکسان‌ و دادپەروەریی‌ کۆمەڵایەتیی‌ و ئازادی لەلایەن شیعەکانەوە بەرزکرابێتەوە، جا شیعەکە سێکولار بووبێت، شیعەکە نیشتیمانپەروەر بووبێت یان شیعەیەکی ئیسلامیی، بەگشتی لەلایەن سوننەکانەوە وەک هەستێکی شعوبیی بینراوە یان چاکتر بڵێین بۆ چەواشەکردن وەک شعوبیزم ناسێنراوە. بەکورتی، لەکاتێکدا سیاسەتە جیاکاریی و دەمارگیریی ‌و سەرکوتگەرییەکانی سوننەکان وەک هەوڵ‌ و تەقەلا بۆ لادانی کۆسپەکانی پێش پڕۆژەی ناسیونالیزمی عەرەبی دەناسێنران، لەهەمانکاتدا بەرگریی ‌‌و خەبات ‌و تێکۆشانەکانی شیعەکان وەک هەوڵی تایفەگەریی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا. بۆیە لێرەدا دەکرێت بگوترێت کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گەڕانەوەی شیعەکان بۆ دین ‌و مەزهەب وەک بوارێک بۆ سیاسەتکردن، ئەوا سیاسەتە جیاکاریی‌ و دەمارگیرییەکانی سوننەکان بوو لە بێبەشکردن‌ و پەراوێزخستنی شیعەکان بەدرێژایی تەمەنی دەوڵەتی عێراقی هاوچەرخ. بەخستنەژێر پرسیاری دڵسۆزی‌ و ئینتیمای شیعەکان ‌‌و بەستانەوەی جوڵانەوە و ڕەوتەکانیان بە شعوبیزم لەلایەن ناسیونالیستە عەرەبە سوننەکان ‌و ئیسلامییە سوننەکان نوخبەی سیاسی دەسەڵاتبەدەست نزیکەی ٦٠%  دانیشتوانی عێراقی لە پڕۆسەی ئامێزانی نیشتیمانیی وەدەردەنا. ئەمە تاڕادەیەک بۆ کوردەکانیش ڕاست بوو، بەمەش ڕێژەی وەدەرنانی عێراقییەکان لە پڕۆسەی ئامێزانی نیشتیمانیی بەرزدەبێتەوە بۆ نزیکەی ٨٠%.

هاوشان‌ و هاوکاتی ئەو دەربڕە دژە-شیعە و دژە-کوردییانەی کە لە توێی کتێبەکان‌ و ڕووپەڕی ڕۆژنامەکان دەبینران چالاکییە ئابوریی‌ و بازرگانییەکانی شیعەکان ‌و کوردە-فەیلییەکان‌ لە سەردەمی عارفەکان دا سنوردار دەکران. لە ١٩٦٤ دا، سیاسەتەکانی حکومەت بۆ خۆماڵێکردنی (تەئمینی) کۆمپانیا تایبەتەکان چوارچێوەکانی سنوردارکردنی کار و چالاکییەکانی شیعەکان ‌و کوردەکانی پێکدەهێنا. وردبوونەوە لە سیاسەتی خۆماڵیکردنی کۆمپانیاکان، بۆمان دەردەخات کە پاڵنەری مەزهەبیی‌ و نەتەوەیی لەپشت ئەو سیاسەتانەدا بوون.

لە هەشتاکاندا، واتە دوای ئەوەی کە حیزبی بەعس بۆ جاری دووەم هاتەوە سەر حوکم، بەعسییەکی ناسراو و پایەبەرز، فازل بەڕاک، کە هەم کەسێکی ئەکادیمی بوو هەم بەڕێوەبەری دەزگای موخابەراتی عێراقی بوو (١٩٨٣-١٩٨٩) لە کتێبێکدا بەناوی “المدارس الیهودیة والایرانیة فی العراق” (قوتابخانە یەهودی‌ و ئێرانییەکان لە عێراق) باس لە هەندێک پرس دەکات کە بۆ ئەم باسەی ئێرە کەڵکی ئیجگار زۆرە. فازل بەڕاک لە کتێبەکەیدا دەڵێت لە پەنجاکان ‌و شەستەکاندا بازرگانە کوردە-فەیلییەکان کۆنتڕۆڵی کەرتی بازرگانی‌ و پیشەسازی عێراقیان کردبوو (٥). وەدەرنان‌ و ڕێگەلێگرتن لە کورد و شیعەکان لە کارکردن‌ و سەرکەوتن بۆ پلەبەرزەکان لە دامودەزگاکانی دەوڵەت، بەتایبەتی حکومەت و سوپا و پۆلیس‌ و دامەزراوە ئەمنییەکان، وای لە ئەندامانی ئەم دوو پێکهاتەیە کردبوو کە ڕوو لە بواری بازرگانی بکەن وەک پیشە. ئەمە بەتایبەتی بۆ کوردە-فەیلییەکان ڕاستە چونکە ئەوان لەبەرئەوەی کە بەشی هەرە زۆریان ناسنامەی عێراقییان نەبوو نەیان دەتوانی لە سوپا و پۆلیس و دامەزراوە فەرمییەکان دامەزرێن. بۆیە زیاتر ڕوویان لە بازرگانی و پیشەسازیی کردبوو. بەپێی ئەو داتایانەی کە فازل بەڕاک لەو پۆستە باڵایە و ئیمکانیەتە زۆرەی کە لەبەردەستی دابووە دەستی پێڕاگەیشتووە ، چ وەک زانیاری گشتیی چ تایبەتی، کە لە سەرچاوە سیخوری و ئەمنییەکان وەریگرتوون و خستوویەتیەڕوو، لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، زیاتر لە ١٤٠ کوردی-فەیلیی لە پۆستە باڵاکانی بانکەکانی عێراقدا بوون، ئەمە بە ئیزافەی پۆستی گرنگ لە ژووری بازرگانی بەغدا و بەسرە کە بەگشتی کوردە-فەیلییەکان پڕیان کردبۆوە. هەر بەپێی ئەو داتایانە کوردە-فەیلییەکان بەس لە بەغدا زیاتر لە ٣٢٤٥ بازرگانیان هەبووە کە ١١٧٧ یان بازرگانی جوملە بوون. هاوکات کوردە-فەیلییەکان خاوەنی ٢٥٨ پڕۆژە و کارخانەی پیشەسازی بوون لەگەڵ ٣٥ زێڕنگەر کە کڕین و فرۆشی زێڕ و دروستکردنیان دەکرد. بازرگان و پیشەسازکارەکان زۆربەیان لە بازاڕی شۆرجە جێگیربوون. فازل بەڕاک دەڵێت ٣٦٪ خانوبەرەی کازمییە، یەکێک لە گەڕەکە هەرە گەورەکانی بەغدا، هی کوردە-فەیلییەکان بووە. لە ناوچەکانی دیکەی بەغداش ڕێژەکە خۆی لە ٣٢٪ دەدا. ڕێژەی ئەو کوردە-فەیلییانەی لە بواری بازرگانی کەلەپەلی ناوماڵ و بۆن و قوماش و گەنمدا لەسەرتاسەری عێراقد کاریان دەکرد زیاتر لە ٤٩٪ بوو. بێجگە لەوەی کە ژمارەی بازرگانە کوردە-فەیلییەکان زۆر لەسەرێ بووە بە بەراورد بە عێراقییەکانی دیکە، فازل بەڕاک دەڵێت توانای هەر بازرگانێکی کوردی-فەیلیی لە توانی ١٠٠ بازرگانی عێراق بەسەریەکەوە زیاتر بوو (٦). بەکورتی، کوردە-فەیلییەکان لە پەنجاکانەوە تاڕادەیەکی چاک کۆنتڕۆڵی بازاڕە سەرەکییەکانی بەغدایان کردبوو، لەوانە بازاڕی شۆڕجە (سوق الشورجة). یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی بوونی ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە وشەی کوردی لەنێو زمانی عەرەبی، بەتایبەتی لەنێو بەغدادییەکاندا، بۆ هەژموونی کوردە-فەیلییەکان بەسەر بازاڕی شۆریجە دەگەڕێتەوە.

بێجگە لەوەی کە کوردە-فەیلییەکان لە دامودەزگا فەرمیی و حکومییەکان جێگەیان نەدەکرایەوە، وەک پێشووتر ئاماژەی پێکرا، دەرپەڕاندنی جولەکەکان لە عێراق لە کۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردوو لەسەروبەندی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، هۆکارێکی دیکە بوو لە پشت کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی شۆرجە و بەغدا لەلایەن کوردە-فەیلییەکان. جولەکەکان، پێش دەرکردنیان لە عێراق، تاڕادەیەک زاڵبوون بەسەر بازاڕەکانی بەغدا، بەتایبەتی بازرگانی هەناردە و هاوردەکردن، بانکەکان، لەگەڵ بازاڕی پارەگۆڕینەوە (سوق الصرافین). بە دەرچوونی جولەکەکان بۆشاییەکی گەورە لە بازاڕدا دروست بوو کە لەلایەن کوردە-فەیلییەکان‌ و شیعە-عێراقییەکانەوە پڕکرایەوە. گوایە جولەکە کۆچپێکراوەکان کۆمپانیا و دوکان و کەلوپەلەکانی خۆیان لەسەروبەندی دەرپەڕاندنیان لە عێراق فرۆشتۆتە کوردە-فەیلییەکان.

هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە پێش ئەوەی حکومەتی عێراق سیاسەتی خۆماڵیکردن بخاتە بەرنامەی کاری خۆی لە ١٩٦٤، تاهیر یەحیا، کە ئەوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، سەردانێکی بازاڕی شۆرجە دەکات‌، لەوێ گوێی لە گریان‌ و نوزانەوە و نزای شیعەکان وەک بەشێک لە عاشورا و مەواکیبی حوسەینی، دەبێت. دەگێڕنەوە کاتێک تاهیر یەحیا گوێی لە دادوفیغانی کوردە-فەیلییەکان دەبێت هەر لەو شوێنە بەڵێن دەدات کە بوونی شیعە لەو بازاڕەدا کۆتایی پێبێنێت (٧). ئیدی زۆری پێناچێت حکومەت پڕۆژە یاسای خۆماڵیکردنی بەشێکی زۆر لە کۆمپانیاکانی بوارەکانی بازرگانی‌ و پیشەسازی دەردەکات‌ و کۆمەڵێک کۆمپانیا و دامەزراوەی حکومی، کەرتی گشتی، دادەمەزرێنێت. بەمەش لە تەموزی ١٩٦٤ دا، حکومەت ٢٧ کۆمپانیای پیشەسازی‌ و چوار کۆمپانیای بازرگانی ‌و نۆ کۆمپانیای بیمە و پێنج کۆمپانیای بواری بانکی خۆماڵیکرد (8). ئەم کار و هەوڵەی حکومەت پێدەچێت بەئانقەست‌ بووبێت‌ و ورد بیری لێکرابێتەوە و زیاتر مەبەست لێی سنوردارکردنی توانا ماددی ‌و داراییەکانی کوردە-فەیلییەکان بووبێت، بەتایبەتی لە کەمکردنەوەی دەسەڵاتیان بەسەر کەرتی بازرگانی ‌و ئابوری، لەوەی چاکسازی لە سیستەمی ئابوری ‌و بازرگانی بووبێت.

دوای ئەوەی کە حکومەتی عێراقی لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی کە هی کوردە-فەیلییەکان بوو خۆماڵی کرد، کەچی دوای ئەوەی بەعسییەکان لە کۆتایی هەشتاکان زۆربەی کۆمپانیا خۆماڵی کراوەکانیان فرۆشتە کەرتی تایبەت. ئەوەی بەعس لە سەردەمی سەدام کردی من ناوم ناوە پڕۆسەی بەسەدامکردن، کە بریتی بوو لە دەستبردنی سەدام بۆ پەیڕەوکردنی پراکتیزێکی کۆن، خزمخزمێنە. بەرزکردنەوەی ئەندامانی خێزانەکەی ‌و عەشیرەتەکەی بەتایبەتی ‌و خەڵکی تکریت‌ و سوننەکان بەگشتی بۆ پۆستە باڵاو گرنگەکانی دەسەڵات (٩). لە کۆتایی هەشتاکاندا، بەناوی چاکسازی ئابوری، ڕژێمەکەی سەدام زۆربەی کۆمپانیا دەوڵەتییە قەبارە بچوکەکان‌ و ناوەندییەکانیان فرۆشت بە کەرتی تایبەت. مەبەستی شاراوەی ئەم سیاسەتەی حکومەت دەستبەسەراگرتنی کۆمپانیاکان بوو لەلایەن کەسوکاری سەدام‌ و دارودەستەکەی، لەوێشەوە کۆنتڕۆڵکردنی نەک هەر کەرتی گشتی، کە لە دەستی خۆیاندا بوو، بەڵکو کەرتی تایبەتیش لە ئابوری عێراق. ئەوەی جێگەی سەرنجە بەشێک لەو کۆمپانیایانە لە ١٩٦٤ دا لەلایەن سوننە دەستڕۆیشتوەکانی حکومەتەکەی عارف خۆماڵیکرابوون، ئەویش، وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، بەمەبەستی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی کوردە-فەیلییەکان بوو لەسەر بازاڕو ئابوری بەغدا. ئەم سیاسەتە ڕەهەندێکی نەتەوەیی و مەزهەبی هەبوو.

لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، سەرچاوە بەعسییەکان باسیان لەوە دەکرد کە حکومەتەکانی پێش خۆیان ڕێوشوێنی پێویستیان نەگرتبووەبەر بۆ نەهێشتنی کاریگەریی ئەو بازرگانانەی کە بەڕەچەڵەک ئێرانی (کوردی-فەیلی) بوون (١٠). پڕۆسەی خۆماڵیکردنی کۆمپانیاکان لە شەستەکان پشکی دەوڵەتی لە بەرهەمهێنانی گشتیدا لە ١٢% لە ١٩٦٨ گەیاندە ٥١% لە ١٩٧٤، هاوکات، پشکی حکومەت لە بازرگانی لەگەڵ دەرەوەدا لە ٤٢% لەهەمان ماوەدا بردەسەر بۆ ٩٠% (١١). هەندێک پێیان وایە کە خۆماڵیکردنی کۆمپانیاکان بووە مایەی کەمبوونەوەی دەسەڵاتەکانی حیزبی بەعس لەسەر سەنتەرە گرنگەکانی دەسەڵاتی ئابوری. لەوانەیە ئەم قسەیە بۆ عێراقی حەفتاکان ڕاست بێت، کاتێک کە حیزبی بەعس دەستڕۆیشتوترین دامەزراوە بوو لە عێراق، بەڵام لە هەشتاکاندا لە دوای یەکتابوونی سەدام لە دەسەڵات ‌و دوای بەسەدامکردنی حیزبی بەعس، بەڕادەیەک کە ناوی بەعس وەک حیزبی سەرۆک (حیزب القائد) و عێراق وەک عێراقی سەرۆک (عراق القائد) دەهات، ئەم لێکدانەوەیە کورت دێنێت.

لەڕاستیدا نە خۆماڵیکردنی کۆمپانیاکان لە شەستەکاندا و نە فرۆشتنیان بە کەرتی تایبەت لە هەشتاکاندا بەمەبەستی چاکسازی ئابوری‌ و ئیداری ئەنجامدران، بەڵکو لە هەردوو حالەتدا مەبەستی سیاسییان لەپشتبوو. وەک ئاماژەی پێکرا، خۆماڵیکردن بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی کوردە-فەیلییەکان لەسەر بازاڕ و ئابوری بەغدا بوو. فرۆشتنی کۆمپانیاکانیش بە کەرتی تایبەت بۆ ئەوەبوو نوخبەی سیاسیی عێراقی، کە لە هەشتاکان لە بنەماڵەی سەدام ‌و کەسوکارەکانی پێکهاتبوو، دەستبگرنە سەر کەرتی تایبەت. بەمەش نوخبەی سیاسیی ‌و بیزنێس کلاس لە عێراق ئاوێتەی یەکدی کران.

دەرپەڕاندنی کوردە-فەیلییەکان، کە دوو مەبەستی لەدواوەبوو، یەکێکیان تەعریبکردنی ناوچەکانیان لە خانەقین‌ و مەندەلی، ئەوی دیکەش بۆ کەمکردنەوەی هێندەی دیکە دەسەڵات‌ و توانای کوردە-فەیلییەکان لەسەر ئابوری‌ و بازاڕی بەغدا، هاوکات بێبەشکردنی بزوتنەوەی ڕزگاریی نیشتیمانی کوردستان لە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات چونکە لەگەڵ دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، کوردە-فەیلییەکان یەکێک لە سەرچاوە هەرە سەرەکییەکانی دابینکردنی کۆمەکی دارایی بوون بۆ بزوتنەوەکە بەگشتی و هێزی پێشمەرگە بەتایبەتی. فازل بەڕاک لە کتێبەکەی ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێک لە کوردە-فەیلییەکان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئەندام بوون و پەیوەندیان لەگەڵ بزوتنەوەی کوردایەتیدا هەبووە (١٢). بۆ ئەم مەبەستە، حکومەت مافی نیشتەجێبوون‌ و وەرگرتنی ناسنامەی عێراقی‌ لە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کوردی-فەیلی، لەنێوان ساڵانی ١٩٦٨ تا ١٩٨٢، سەندەوە. دەستیشی گرت بەسەر هەموو سەروەت‌ و سامانی گوازراوە و نەگوزاراوەشیان ‌و وڵاتبەدەریش کران بۆ ئێران. هەر لەم ماوەیەدا هەزارانیشیان گیران ‌و ڕەوانەی زیندانەکانی بیابانەکان کران‌، لەوێش بێسەر و شوێنکران (١٣).

سەرچاوەکان

  • علی کریم سعید (٢٠٠٥) عراق ٨ شباط ١٩٦٣من حوار المفاهیم الی حوار الدم: مراجعة فی ذاکرة طالب شبیب، بغداد: مطبعة المعارف. ص. ٣٠٧؛ هانی الفکیکی (١٩٩٣) اوکار الهزیمة: تجربتی فی حزب البعث العراقی، لندن: ریاض الریس للنشر. ص. ٢٧٣.
  • عبدالعزیز الدوری (١٩٦٢) الجذور التاریخیة للشعوبیة، بیروت: دار الطلیعة للطباعة والنشر. ص. ٩٥-٩٧.
  • الفجر الجدید (٤/٦/١٩٦٠).
  • الفجر الجدید (٣١/٧/١٩٥٩؛ ٢٥/٥/١٩٦٠؛ ١٦/٦/١٩٦٠).
  • فاضل البراک (١٩٨٥) المدارس الیهودیة والایرانیة فی العراق، بغداد: دار الرشید. ص. ١٥١-١٥٢.
  • هەمان سەرچاوە.
  • عبدالکریم الازری (١٩٩١) مشکلة الحکم فی العراق من فیصل الاول الی صدام، لندن: دار الساقی. ص. ٢٧٥-٢٧٧.
  • Faleh A. Jabar (2003) The Shi‘ite Movement in Iraq. London: Saqi Books. p. 132.
  • شێرکۆ کرمانج (٢٠١٧) شوناسی عێراق: ململانێ نەتەوەیی و مەزهەبییەکان، سلێمانی: دەزگای سەردەم. ل. ٣٢٤-٣٣٢.
  • حزب البعث (١٩٧٧) التقریر السیاسی الصادر عن المٶتمر القطری الثامن – کانون الثانی ١٩٧٤، بغداد: دار الحریة. ص. ٩٣-٩٥؛ حزب البعث (١٩٨٣) التقریر المرکزی للمٶتمر القطری التاسع – حزیران ١٩٨٢، بغداد: دار العربیة. ص. ٤٩-٥٤.
  • Faleh A. Jabar (2003) p. 204-205.
  • فاضل البراک (١٩٨٥) ص. ١٥١-١٥٢.
  • ئەمین قادر مینا (١٩٩٩) ئەمنی ستراتیجیی عێراق‌ و سێکوچکەی بەعسییان: تەرحیل، تەعریب، تەبعیس، چاپی دووەم، سلێمانی: سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجیی کوردستان. ل. ١٢٩.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO