ناساندن و وەسفکردنی زمانی نەتەوەیەک بە کۆمەڵە زمانێکی دەبێتە ئامرازێک بۆ گاڵتەکردن بە هەست و هزری نەتەوەیەک، کە هەزاران ساڵە لەسەر زێد و نیشتمانی خۆی خاوەنی زمانێکی هەڤپار و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیەتی، ئەو کەسانەی کە بە هەمان شێوە بیرناکەنەوە، یان تێگەیشتنێکی تەواویان نییە بۆ هەندێک لایەنی ژیانی مێژوو و کۆمەڵگەکەیان، کێشەکە چیدیکە لەگەڵ خودی وشەکەدا نابێت، بەڵکوو لەگەڵ ئەو ئاوەزەدایە، کە کردوویەتی بە ئامرازێک بۆ سووکایەتیکردن. بەڵام ڕاستییەکە سادەترە: کاتێک ئارگیومێنت شکست دەهێنێت، هێرشەکە دەست پێ دەکات؛ کاتێک بیرکردنەوە مایەپووچ دەبێت، سووکایەتییەکان بە ناسنامەو مێژووی نەتەوەیەک قسە دەکەن. بیهێنە بەرچاوت، لە وڵاتێکدا بژیت کە ئەم جۆرە کەسایەتییانە وەکوو “ڕووناکبیر” و “زمانناس” خۆیان بناسێنن، لە کاتێکدا ئاسۆی ڕووناکبیرییان لە توێکڵێکی تەسکدا قەتیس کراوە، کە دوژمنایەتی هەموو ناڕازییەک دەکات و بە شۆڤێنیزم و دوورخستنەوە مامەڵە لەگەڵ نەیاران دەکەن.
کێشە هزرین و عەقڵیەتێکە، کە خۆی وەکوو تاکە خاوەنی حەقیقەتی ڕەها دەبینێت، داوای ئەوە دەکات، کە هەمووان بە هەمان شێوە بیربکەنەوە، ئینجا وتارمان لەسەر زمان و نەتەوە و سەروەری بۆ بدات.
ماوەیەکە پۆدکاستێک لە لایەن دوو لاوی کوردزمانەوە بە ناوەکانی ئیحسان و موختار جاف، لە کەناڵەکانی سۆشیالمیدیای وەکوو یوتوب و فەیسبووک و تیکتۆک بەڕێوەی دەچێت، بەڵام نەشارەزایانە و بەبێ هیچ بنەمایەکی زمانەوانی و زانستی، مەترسی لەسەر ئاساییشی نەتەوەییمان و بانگەشەی زمانە کوردییەکان دەکەن (نەوەکوو زمانی کوردی)، گوایە هەورامی و زازاکی، تەنانەت سۆرانی و بادینیش زمانن نەوەکوو شێوەزار، بیانگەشیان ئەوەیە، کە هەورامییەک لە بادینییەک تێ ناگات، هەروەها زازاکییەک لە بنزاری سۆرانی حاڵی نابێت، بە کورتی هەمان ئەو قەوانە کۆنە سواوە لێدەدەنەوە، کە سەدەیەک لەمەوپێش کوردێکی کرماشانی لە پیکهاتەی گۆران و بە ئایین یارسان بە ناوی ڕەشید یاسەمی، هەروەها کوردناسانی وەکوو مینۆرسکی و مەکنزی، چەند کوردێکیش وەکوو ئەمیری حەسەنپوورو میهرداد ئیزەدی و د.محەمەد موکری و …هتد دووپاتی ئەم تێزەیان دەکردەوە، کە شتێک نییە بە ناوی زمانی کوردی، ئەوەی هەیە زمانە کوردییەکانە، بەداخەوە ئەم تێزە نازانستییەی بەناوی زمانە کوردییەکان کەم و زۆر کاریگەری لەسەر بەشێک لە هزر و هەست و ڕوانینی کوردانی هەورامی و زازاکی و لەک و لووڕ و کەلهووڕیش کردووە، کە ئەوانیش لەژێر باندۆری گوتاری سیاسی ئەم گرووپە گومان لێکراوانە حاشا لە زمانی کوردی بکەن و بانگەشەی ئەوە بکەن، کە ئەم شێوەزارانە زمانن، تەنانەت وەکوو نەتەوەش جیاوازن لە کورد.
هەڵبەت خودی دەستەواژەی “میدیای چەواشەکار” فراوان و فرەلایەنە، لە ڕاستیدا من باوەڕم بە بێلایەنی هیچ دەزگەیەکی ڕاگەیاندن نییە، ئینجا فیسبووک و ئینستیگرام و تیکتۆک بێت، یان ڕۆژنامە و کەناڵی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆ بێت. ئێستا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی تۆڕەکانی ئینتەرنێت و سەرهەڵدانی پلاتفۆڕمی نوێ، کە بەربڵاوتر و ئاسانتر دەستیان پێ دەگات، گەیشتن بە زۆرترین بینەر، وەکوو یوتیوب و تیکتۆک، هەمان پرسیار دێتە ئاراوە: بۆچی میدیا؟ پێویستی چییە؟
بە بڕوای من، وشەی “میدیا” خۆی ئەرکی بنەڕەتی خۆی ئاشکرا دەکات: ئاگادارکردنەوەی خەڵکە، لەوەی چی ڕوودەدات و چ ڕووداوێک لە کوردستان و جیهاندا دەقەومێت. ئەمە ئەرکەکەیەتی بە واتا تایبەتەکەی، هەروەکوو هەموو ئاسانکارییەکانی دیکەی پەیوەست بە ژیانی مرۆڤەوە. زۆرێک لە دەزگەکانی ڕاگەیاندنی کوردستان لە دوای هاتنی تۆڕەکانی ئینتەرنێتەوە پەرەیان سەندووە و دەتوانرێت بڵێین ئەم پەرەسەندنە زۆرێک لە دەزگەکانی ڕاگەیاندنی نەریتی لەناوبردووە، یان لانیکەم پێگەی ئەوانی بە شێوەیەکی بەرچاو پەراوێزخستووە و کەمکردووەتەوە، بۆ نموونە، جاران کۆمپانیای پەخشی بەریتانی (BBC) و ڕادیۆی مۆنتیکارلۆ وێستگەیەک بوون، کە بیستەر و بینەرێکی زۆری جیهانی هەبوو و ئێمە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی پەخشی هەواڵ و بەرنامەکانی دیکەی ئەوان بووین.
بەڵام هەندێک لە دەزگەکانی ڕاگەیاندنی تەقلیدی نەیانتوانی هاوسەنگ بن لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆجی و زانستییەکان، ئەمەش بووە هۆی دابەزین، یان کەمبوونەوەی ئامادەبوونیان، وەکوو زۆرێک لە وێستگەکانی دیکە، لە بەرانبەردا ئەوانەی توانیان خۆیان لەگەڵ سەردەمدا بگونجێنن، ڕۆڵی پێشەنگیان گرتە ئەستۆ.
خەڵک زیاتر ئامادە و کاریگەرتر بوون، زۆرجاریش ڕاستەوخۆ پشتگیری لە پلاتفۆڕمە میدیاییە نوێیەکان دەکەن، کە پێویستیان بەو سەرمایە و هەوڵە جەوهەرییە نییە، کە ڕۆژنامەگەری تەقلیدی ڕۆژێک هەیبوو.
سەرکەوتووترین میدیا لە ئێستادا لە کوردستاندا ئەو میدیایە، کە باس لە پرس و نیگەرانییەکانی خەڵکی هەموو چین و توێژەکانی ژیانی کۆمەڵگە دەکات، لە دۆزی ناسنامەو پرسگەلی زمانی کوردیدا، نەوەکوو ئەو میدیایەی کە خزمەت بە ئایدۆلۆجیایەکی تەسک و تایبەت و پلان و ئەجیندایەکی بیانی دەکات.
بەڕای من، میدیای سەرکەوتوو ئەو میدیایە، کە لە کۆژان و خەباتی خەڵکەوە نزیکە، دەست لە پرسی کۆمەڵایەتی دەدات و بە ڕاستگۆیی و بوێرانە پرسیار و نیگەرانییەکانی خۆی دەخاتە ڕوو.نەوەکوو میدیایەکی چەواشەکارانە سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی نەتەوەی و زمان و ناسنامەکەی بکات.
سەبارەت بەو پلاتفۆڕمانەی کە ناتوانن لەگەڵ ڕووداوەکان و نیگەرانییەکانی خەڵکدا بگونجێن، ئەوان بە گۆشەگیری دەمێننەوە، بەتایبەتی ئەوانەی کە هێشتا لەناو بیرکردنەوەی بەسەرچوو و بیرۆکەی ڕەقدا گیریان خواردووە. کێشەکە کاتێک گەورەتر دەبێت، کە ئەم پلاتفۆڕمانە لە لایەن ئەو عەقڵانەی کە توانای هاوسەنگکردنی لەگەڵ پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆجییەکاندا نییە، بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی ژیری دەستکرد (AI) کۆنتڕۆڵ دەکرێن، هەندێکیان ژیریی دەستکرد وەکوو دیاردەیەکی کولتووری نیشان دەدەن، کە دەبێت لێی دوور بکەونەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە ڕۆڵی ئەوان لەناو دەبات.
بۆ ئەو گرووپەی کە ترسیان لە پەیوەندیکردن لەگەڵ کولتووری هاوچەرخدا هەیە، دەڵێم: مەترسی لەناوچوونتان لەسەرە، نەک بەهۆی ژیریی دەستکرد، بەڵکوو بەهۆی بێتواناییتان لە بەردەوامبوون لەگەڵ پێشکەوتنەکان. مێژوو چاوەڕێی کەس ناکات، پێشکەوتنی کولتووری و شارستانییش بۆ ئەو کەسانە ناوەستێت، کە لە گۆڕان دەترسن.
بۆ هاوسەنگبوون لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیادا، بەڵێ بۆ ژیریی دەستکرد، بەڵێ بۆ هەموو ئەوانەی ژیریی دەستکرد وەکوو ئامرازێک بۆ خزمەتکردن و پەرەپێدانی کارەکانیان بەکاردەهێنن، نەوەکوو لێی بترسن و لێی هەڵبێن. ئەو میدیایەی کە شکست دەهێنێت لە پەرەسەندن لەگەڵ سەردەمەکەیدا، توانای کاریگەری لەسەر بینەرەکانی لەدەست دەدات، بەڵام ئەو میدیایەی کە لە سەردەمەکەی تێ دەگات و پەیوەندی بە خەڵکەوە هەبێت، توانای بەرگەگرتن و کاریگەری لەسەر دەمێنێتەوە.
زمانی کوردی بەدەست کێشەیەکەوە دەناڵێنێت، کە لە جیاوازی کەم و زۆری شێوەزارەکانیدا درێژدەبێتەوە تاوەکوو دەگاتە هەر ناسەقامگیرییەکی زارەکانی. چەندان سەدە لە چوارچێوەی کایە سیاسی و کولتوورییەکاندا بوونی هەبووە، کە زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی زاڵن و لە سەردەمی مۆدێرنیشدا کەوتووەتە ژێر کاریگەری زمانە ئەورووپییەکانەوە. لە ئەنجامدا، چەندان وشە بۆ دەربڕینی هەمان مانا داڕێژراون و ئەسڵی تێکەڵ بە زاراوەی قەرزکراو بووە. ئێستا هەندێک زاراوە لە زمانێکی نێوەندگیرەوە وەرگێڕدراون، نەوەکوو لە پێکهاتە و یادەوەریی کوردییەوە وەربگیرێن.
پاڵاوتنی زارە کوردییەکان بە مانای داخستنی زمان بە ڕووی زمانەکانی دیکەدا نییە؛ زمانە زیندووەکان وشەسازی دەگۆڕنەوە و لە ڕێگەی کارلێککردنەوە پەرەدەسەنن. بەڵام مەترسییەکە کاتێک سەرهەڵدەدات، کە وشەیەک وردبینییەکەی لەدەست بدات، یان زمانێک لەگەڵ وشەسازییەکەیدا شێوازی بیرکردنەوەی زمانێکی دیکە قەرز دەکات و وەرگێڕان تەنیا دەکاتە گواستنەوەی دەنگ نەوەکوو گەڕاندنەوەی مانا. بۆیە پێداچوونەوە بە زاراوە، دەبێتە پێویستییەکی کولتووری، نەوەکوو لوکسێکی زمانەوانی، بەتایبەتی لە دەقە هزری و ئەکادیمییەکاندا.
پێم سەیرە هەندێ بەناو ڕووناکبیر و ئەکادیمی کورد کاریگەرن بە ڕاوبۆچوونی ئەو ڕۆژهەڵاتییە بیانییانەی کە سەردەمانێک بە ئامانجی سیخووڕی و هەواڵگری و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەی کوردەواری لێکۆڵینەوەیەکی سەقەتیان لەسەر زمانەکەمان کردووە، ئەمانەش دێن دەیکەن بەسەرچاوەیەکی زانستی باوەڕپێکراو، گوایە کورد نەتەوە نییە و زمانەکەشی کۆمەڵە زمانێکە، بەداخەوە هزر و بیرکردنەوەی هەر مرۆڤێک تاوەکوو ڕادەیەکی زۆر ڕەنگدانەوەی ئەو ژینگەیە، کە تێیدا پەروەردە بووە. کاتێک کەسێک لە ڕووی هزرییەوە مایەپووچ دەبێت، بەهۆی زانیارییەکی سنووردارەوە گیر دەخوات و ناتوانێت بە زانیاری، یان بە ئارگیومێنتێکی لۆجیکی وەڵامی ڕەخنەیەک بداتەوە، دواتر کە لە خەوە قووڵەکەی بەئاگا دێتەوە، کاردانەوەکانی دەست دەکەن بە دەرخستنی کەموکوڕی و ناتەواوییەکانی. ئەم جۆرە هزرکردنانە دەبن بە ڕەفتار و دەگۆڕدرێن بۆ هەڵوێستی کەسێکی شەرانگێز و خراپەکار، بە هێرشکردنە سەر بەرانبەرەکەیان، پەنا دەبەنە بەر قسەی ناشیرین و ناوزراندن و قسەی ئازاربەخش، هەوڵدەدەن کاریگەریی شکستەکەیان لە گفتوگۆدا کەم بکەنەوە و ئەو بڕوایە بدەن بە بەرانبەرەکەیان، کە هێشتا کۆنتڕۆڵی گفتوگۆکە دەکەن.
دواجار ئەم پرسە ئەرکی دەزگە کولتوورییەکانی حکوومەتە، بەڕێوبەرانی ئەم جۆرە پۆدکاست و ڤیدیۆیانە بە وردی چاودێری ئەم جۆرە چالاکییە بەناو کولتوورییانە بکرێن و باشتریش ئاخاوتنەکانیان بەناو فلتەری زمانەوانیدا تێ بپەڕێت، دواتر بۆ بڵاوکردنەوە ڕێگەیان پێ بدرێت.



