سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

هەڵکەوتیش کردیە گێرێ ئۆمەرە کۆری؛ چەند سەرنجێک لەسەر فیلمەکەی هەڵکەوت مستەفا

چیرۆکی فیلمی «بەهەشت نابینیت، ئەگەر ژن بتکوژێت» ئاوایە:

خانەوادەیەکی کوردی مۆدێرن و موسڵمانن، بە شێوەزاری سلێمانی قسە دەکەن و ڕەگەزنامەی نەرویجییان هەیە، بڕیار دەدەن بگەڕێنەوە عێراق لە شاری مووسڵ بژین، لەپڕ داعش شاری مووسڵ داگیر دەکات، دایک و باوکەکە دەکوژن، دوو کچەکە دەکرێنە کەنیزەک و لە بازاڕ دەفرۆشرێن، خوشکە گەورەکە دوای ئەوەی خۆی ڕزگار دەکات، بۆ ئەوەی خوشکەکەشی ڕزگار بکات، دەبێتە پێشمەرگەیەکی قەناس بەدەست.

بە بڕوای من چیرۆکی فیلمەکە غەدر لە کوردانی ئێزدی دەکات، فۆکەس لەسەر ئەوەی بەسەریان هاتووە کەم دەکاتەوە، چونکە ئەگەر ئەرشیفی «UNITAD» بەسەرچاوە وەربگرین، چیرۆکی فیلمەکە لەسەر درۆ بنیاتنراوە، داعش نەیدەتوانی کچانی موسڵمان بکاتە کەنیزەک و لە بازاڕدا بیانفرۆشێت، بەپێی شەریعەتی ئیسلام کۆیلەکردنی ژنی موسڵمان قەدەغەیە، داعش تەنیا کچانی کوردانی ئێزدیی کردە کەنیزەک و لە بازاڕدا فرۆشتنی.

فیلمەکە سەرەتا و کۆتاییەکی سەرنجڕاکێشی هەیە، بەڵام ناوەڕاستی فیلمەکە تاقەتپڕوکێنە، گرتەکانی لە ڕاپۆرتێکی تەلەڤیزیۆنی لەبارەی بەرەکانی شەڕ دەچن. ڕستەی زێڕین لەسەر زاری پاڵەوانی فیلمەکە دەگوترێت، بەڵام دیالۆگی نێوان ئەکتەرەکان بێهێزە، بەشێکی زۆری دیمەنەکانی فیلمەکە تەقلیدێکی زۆر سەقەتی فیلمسازی هۆڵیوودییە.

بە بڕوای من، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئەو فیلمە، کێشەی زمانە، هەموو ئەکتەرە کوردەکان بە شێوەزاری سلێمانی قسە دەکەن «پاڵەوانی فیلمەکە و پێشمەرگەکان و بەرپرسە کوردەکەی سوپای عێراق و کچە کوردەکەی شەنگال»، زمان لە سینەمادا تەنیا ئامرازی گفتوگۆ نییە؛ بەشێکە لە ناسنامەی شوێن و کارەکتەر و باکگراوندی کۆمەڵایەتی. کاتێک لوکەیشنەکە مووسڵە، بەڵام شێوەزاری قسەکردن سلێمانییە، ئەوە بێڕێزییە بە دیموگرافیای ڕووداوەکە و زەوقی بینەر.

پێم وایە، نەبوونی توانای تێپەڕاندنی سنووری جوگرافی شارێک ڕەگەکەی لە پرۆژە شکستخواردووەکەی ڕەهەندەوە سەرچاوە دەگرێت، ڕەهەند ئێلیتی سلێمانی وا لێکردووە، کە نەتوانێت سنووری سلێمانی تێبپەڕێنێت، بۆیە هەموو پڕۆژەکانی ئەو شارە پڕ لە وزە و جوانی و سنووری ئەو شارە تێناپەڕێنن، بە لۆکاڵی دەمێننەوە. بەسلێمانیکردنی هەموو شتێک ئاوتپوتی فکریی گرووپی ڕەهەندە.

دەرهێنەری ئەو فیلمە ئازایەتیی بێوێنەی کچانی شەڕڤان و ئەو ژنە ئێزدییانەی کە لەناو ئاگر و کۆمەڵکوژی و کۆیلەکردندا چەکیان هەڵگرت و بوونە بەشێک لە مێژووی بەرگری، دەداتە کچێکی کوردی خاوەن ڕەگەزنامەی نەرویجی، بەڵام تاکە قارەمانی ئەو فیلمەش تەنیا ئەو کچەیە، نەوەکوو پێشمەرگە؛ هەوڵ دراوە ئەکتەرێکی هۆڵیودی دروست بکرێت، نەوەکوو ئازایەتیی پێشمەرگە نیشانی جیهان بدرێت، ئەوەش لە سینەمادا پێی دەگوترێت «دزینی مێژوو».

مرۆڤ حەق ببێژێت، پاڵەوانی فیلمەکە (ئاڤان جەمال) ڕۆڵەکەی خۆی بەباشی دەگێڕێت، بەڵام عەیبە هونەرییەکەی فیلمەکە ئەوەیە، کە کچێکی نەرویجی لەپڕ دەبێتە شەڕکەرێکی کارامە، فیلمەکە بە تەکنیکێک پێمان ناڵێت ئەو کچە چۆن ئاوا لە ڕووی سەربازییەوە پێشکەوت و بووە ئەو قەناس بەدەستە.

لە یەکێک لە دیمەنەکان کچێکی پێشمەرگە گۆرانی دەڵێت، بەڵام دەنگی زۆر ناخۆشە، باشە کچێکی دەنگخۆش نەبوو؟

پرسیارە جەوهەرییەکە لەسەر ئەو فیلمە ئەوەیە:

بۆچی ئەو فیلمە ڕاوێژکاری نەبووە بۆ ئەوەی یارمەتیی دەرهێنەر بدات، ئەو کەموکوڕییانە چارەسەر بکات؟

ئەگەر ئەو فیلمە ڕاوێژکاری «ئایینی و زمان و لوکەیشن و دەنگ و هونەری» هەبووایە، ڕەنگە ئێستا پێویست نەبووایە من ئەو وتارە بنووسم.

کاتێک لە تەلەڤزیۆن ڕێکلام بۆ فیلمی «بەهەشت نابینیت ئەگەر ژن بتکوژێت» دەکرا، زۆر تامەزرۆ بووم بۆ بینینی، بەڵام دوای سەیرکردنی فیلمەکە ئەو ئیدیۆمەی خۆشناوەکانم بەبیر هاتەوە، کاتێک دەرئەنجامی کارێکیان بە دڵ نەبێت، بە « گێرێ ئۆمەرە کۆری»وەسفی دەکەن، بەرهەمی بودجەی زیاتر لە پێنج میلیۆن دۆلار و نۆ ساڵ بیرکردنەوەی خارە هەڵکەوتیش بووە گێرەی ئۆمەرە کۆری.

‏#UNITAD کورتکراوەی (United Nations Investigative Team to Promote Accountability for Crimes Committed by Da’esh/ISIL) بە کوردییەکەی دەبێتە (تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەوپێشبردنی لێپرسینەوە لە تاوانە ئەنجامدراوەکانی داعش).

#گێرە (یاخود گێرەکردن) پڕۆسەی کوتانەوە و وردکردنی دەغڵودانە “گەنم و جۆ”یە بە جەنجەر.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO