ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ چارەسەرکردنی پرسی کورد هەرگیز ئاشتییەکی هەمیشەیی بەدەست ناهێنێت. ناسنامەی کورد بە شەکەتکردن و دابەشکاری لەناو ناچێت، ئەم نەتەوەیە بە کولتوور و زمان و مێژوو و ئیرادە سەربەخۆکەیەوە توانیویەتی لەناو جەرگەی هەڕەشەدا، ڕەسەنایەتیی خۆی بپاریزێت. تێکۆشانی کورد بەشێک نییە لە کێشەیەکی ناوخۆیی، یان سنووردار، بەڵکوو بزوێنەری سەرەکیی گۆڕانکارییە سیاسی و نەتەوەییەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. زلهێزەکان و داگیرکەران و دەوڵەتانی ناوچەکە چەندین جار هەوڵیان داوە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد وەکوو کێشەیەکی کاتیی، یان کاتیی بارگرتنی ئەمنی وێنای بکەن، بەڵام هەموو جارێک واقیعی مەیدانی و خۆڕاگریی گەلی کورد ئەم هاوکێشە ناڕەوایانەی بەتاڵ کردووەتەوە
ڕەنگە کوردستان هێمای ئازارێکی مێژوویی بێت، بەڵام ڕیشەی قووڵترین و چارەسەرنەکراوترین پرسی ناوچەکە، نەتەوەی بێدەوڵەت و نیشتمانە دابەشبووەکەیەتی. کاریگەریی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕاستەوخۆ گرێدراوی نەزمی نوێی جیۆپۆلیتیکی و مافی چارەی خۆنووسینە. بە درێژایی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردوو، گوتاری سیاسی و هاوکێشە ئەمنییەکان لەم ناوچەیەدا بەردەوام لە دەوری ئەم پرسە زەقەدا خولاونەتەوە. ئەم بابەتە هەرچەندە خاوەنی بەهایەکی مێژوویی و مرۆیی قووڵە، بەڵام بە کردەوە وەکوو بەشێک لە یارییە سیاسییەکان، گۆڕدراوە بۆ ئامرازێک لە دەستی ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا.
دیزاینی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای پەیماننامەکانی سەدەی پێشوو، بە تایبەتی سایکس-پیکۆ و لۆزان، لەسەر بنەمای فەرامۆشکردنی ناسنامە و زەوتکردنی مافی نەتەوەیەک بنیات نرا، کە نەخشەی پڕ لە قەیرانی ئەمڕۆی لێکەوتەوە. پشتگوێخستنی داواکارییە ڕەواکانی کورد و بەکارهێنانی قەیرانەکانی کوردستان وەکوو کارتی گوشار لە کێشمەکێشە ناوچەیییەکاندا، نەوەکوو هەر نەبووە هۆی تێکشکاندنی ئیرادەی ئەم نەتەوەیە، بەڵکوو توندوتیژی و نەسەقامگیریی بەردەوامی کردە بڕبڕەی پشتی پەیوەندییەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە. ئەمڕۆ روون بووەتەوە، کە هێشتنەوەی پرسی کورد بە هەڵپەسێردراوی، تەنیا دواخستنی تەقینەوەی قەیرانەکانە، نەوەکوو چارەسەرکردنیان.
لە زۆربەی وێستگە مێژووییەکاندا، حکوومەتە ناوەندییەکانی دەوروبەر لەجیاتی پەنابردن بۆ دیالۆگی شارستانی و دانپێنانی مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەی کورد، پەنایان بۆ سیاسەتی سڕینەوە و ئاسمیلاسیۆن و بژارەی سەربازی بردووە. ئەم جۆرە تێڕوانینە ئەمنییە وای کردووە، کە ناوچەکە هەمیشە لە حالتێکی ئامادەباشی و شەڕی ناوخۆییدا بمێنێتەوە. سەرجەم ئەو سەرمایە دارایی و مادی و مرۆییانەی کە دەبوایە بۆ گەشەپێدان و پەروەردە و زانست تەرخان بکرێن، لە گۆرەپانی شەڕ و پڕچەککردندا بەهەدەر دران. بەم پێیە، حاشاکردن لە مافی کورد نەبووە هۆی پاراستنی سەقامگیریی دەوڵەتە باڵادەستەکان، بەڵکوو ڕەواجی بە دیکتاتۆریەت و وێرانی دا.
سەردەمی نوێ و ئاڵوگۆڕە خێراکان سەلماندوویانە، کە کورد نە ئامرازێکی بێدەنگە و نە دەکرێت لە دارشتنەوەی نەزمی هەرێمیدا فەرامۆش بکرێت. ئەکتەری کورد لە هاوکێشە تازەکاندا ڕۆڵی گەورەی لە تێکشکاندنی هەڕەشە ئەمنییەکان و دروستکردنی هاوسەنگیی هێزدا بینیوە. سڕینەوەی ئەم واقیعە لە ڕێگەی سەرکوتکردن و گۆڕینی دیموگرافیا، یان پەیمانی ئەمنی لەنێوان وڵاتانی داگیرکەردا، ناتوانێت جێگرەوەی چارەسەرێکی سیاسی و دادپەروەرانە بێت. تاوەکوو ئەو کاتەی مافی چارەی خۆنووسین بە فەرمی نەناسرێت و دان بە ئیرادەی ڕەوای ئەم نەتەوەیەدا نەنرێت، هەر هزرێک بۆ ئاشتی و گەشەپێدان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە وەهمێک زیاتر ناکات.
ڕاگەیاندنی ئاشتی لە هەناوى ناڕەزایەتی و جەنگدا دروست نابێت، بەڵکوو لە ڕێگەی دادپەروەرییەوە دەپێکێنرێت. کوردستانی بێدەوڵەت و دابەشکراو تەنیا قوربانیی نەزمێکی سەپێنراو نییە، بەڵکوو نیشاندەری شکستی ئەو نەزمەی بێبەشکردنی نەتەوەیەکی چل میلیۆنییە لە سەرەتاییترین مافەکانی. ڕاگوازتنی ئەزموونە تاڵەکان سەلماندوویانە، کە گەرەنتیی ئاساییش و سەقامگیری بۆ تەواوی گەلانی ناوچەکە، ئینجا چ عەرەب بێت، یان تورک و فارس، لە گەرەنتیکردنی مافەکانی گەلی کوردەوە دەست پێ دەکات. هیچ نەتەوەیەک ناتوانێت ئازاد بێت، تاوەکوو ئەو کاتەی بەشدار بێت لە بەندکردن و سەرکوتی نەتەوەیەکی دیکەدا.
کوردستان جەوهەری ئەم هاوکێشەیەیە. ئاشتیی ڕاستەقینە لە هەولێر و ئامەد و مهاباد و قامیشلۆوە دەست پێدەکات، لە کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی کە زیاتر لە سەدەیەکە جەستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسووتێنێت. چارەسەری کۆتایی لە پرسی کورددا، کلیلی سەرەکیی گواستنەوەی ناوچەکەیە لە مێژوویەکی پڕ لە شەر و وێرانییەوە بۆ داهاتوویەکی سەقامگیر و ئارام. بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەم هەقیقەتە مێژوویی و مەیدانییە، هەموو نەخشەڕێگەیەک بۆ ئاشتی تەنیا درێژەدان دەبێت بە خولگەی بەتاڵی قەیرانەکان.


