سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سەمای سوڵتان و مەرگی ڕووناکبیر لەبەردەم خه‌ڵکه‌ ئیرەییبەرەکەدا: توێکارییەکی دانتییانە بۆ داڕمانی لۆجیک و ئاکار

تێبینییه‌کی گرنگ: کاتێک لە وه‌ڵامدانه‌وه‌ی کۆمێنته‌کان له‌لایه‌ن دکتۆر “عیرفان مستەفا”ه‌وه‌ ورد ده‌بینه‌وه که‌‌ بەدوای سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی دا هات، خۆمان لەبەردەم “تاقیگەیەکی گەورەی سۆسیۆلۆجی و فەلسەفی”دا ده‌بینینه‌وه‌ کە تێیدا سێ کارەکتەری بنەڕەتی: خه‌ڵک، دەسەڵات، ڕووناکبیر، لەناو سەمایەکی کارەساتئامێزدا، خه‌ریکی له‌ناوبردنی یەکترن. واته‌ ئه‌م نووسینه‌ بابه‌تێکی گشتییه‌ نه‌ک بابه‌تێکی تایبه‌ت و تاکه‌که‌سی، بۆیه‌ ئه‌مه‌ قۆزراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و سێ کاره‌کته‌ره‌ (خه‌ڵک، دەسەڵات، ڕووناکبیر) له‌ پانتاییه‌ گشتییه‌که‌دا بکات. لێرەدا، پێویستە دەمامکەکان لابدەین و بە نەشتەری لۆجیک بێڕەحمانە توێکاری بۆ بوونی ئەم سێ کارەکتەرە بکه‌ین.

ئەی ئەوانەی پێ دەنێنە ناو ئەم جوگرافیایەوە، دەستبەرداری هەموو هیوایەک ببن! لێرە، لەم نیشتمانەدا کە وەک دۆزەخێکی تاریک چین لەسەر چین بونیاد نراوە، دیمەنێک دەبینم کە تەنانەت فریشتەکانی ئاسمانیش لە ئاستیدا چاو دادەخەن. گوێم لە دەنگی دکتۆرێکە لەناو تاریکییەکەدا هاوار دەکات و جاڕنامەی تەنیاکەوتنی خۆی دەخوێنێتەوە. ئەو بە تووڕەییەوە ڕووی تێکردین و گوتی: “بەڵێ، دژی بەرژەوەندیی خەڵکم! چونکە خەڵک بوونەتە مەکینەی تەزویر و کۆیلەی پارە!”

لێرەدا، وەک ڕێبوارێکی دۆزەخ، بڕیارم دا بە وردی و بە لۆجیکێکی دادپەروەرانەوە گوێ لەم دکتۆره‌ بگرم. ئەوەی بینیم و بیستم، کارەساتێکی ئۆنتۆلۆجیی فرەڕەهەند بوو.

لە بازنەی یەکەمدا، کەسانێکی ئیرەییبەرم بینی کە تارماییەکان ڕەجم دەکەن!

با سەرەتا دان بە حەقیقەتێکی تاڵدا بنێین: دکتۆر لە وەسفکردنی “خه‌ڵک”دا –به‌لای ئێمه‌وه‌ به‌شێک دروسته‌، نه‌ک هه‌موو خه‌ڵکی وه‌ک دکتۆر ئاماژه‌ی پێ کردووه‌، وەک چاکسازێکی تووڕە، پەنجەی خستووەتە سەر به‌سوێترین برینی ئەم کۆمەڵە. ئەو دەڵێت خه‌ڵک خەریکی “بەراوردکارییە”؛ بۆیه‌ ڕقی لە گەندەڵی نییە، بەڵکوو حەسادەت بە گەندەڵکار دەبات! به‌واتایه‌کی تر خه‌ڵکی ئێمە، لە قووڵایی نەستی خۆیدا، کێشەی لەگەڵ “گەندەڵی و دەسەڵات”دا نییە، بەڵکوو کێشەی لەگەڵ “بێبەشبوونی خۆی لەو گەندەڵییەدا” هه‌یه‌. واته‌ ڕقی لە دز نییە، بەڵکوو خەون بەوەوە دەبینێت پشکێکی له‌و دزییه‌دا هه‌بێت! کاتێک جەماوەر دەبینێت دکتۆرێک دەست لە پۆست و سامان هەڵدەگرێت، ئەمە وەک “سووکایەتییەک بە خەونە مادییەکانی خۆی” دەبینێت. بۆیە کاتێک دکتۆر پێشوازی لە بەرپرسێک دەکات، جەماوەر فرسەت دەهێنێت تا بەردبارانی بکات. ئاهـ، لەم ڕۆحە سەرشۆڕانە! دکتۆر ڕاست دەکات، دیسانه‌وه‌ ده‌ڵێمه‌وه‌ به‌شێک نه‌ک وه‌ک دکتۆر ده‌ڵێت خه‌ڵک واته‌ گشت، لەمانە ئەو کەسانەن کە من لە دۆزەخدا ناوم نابوون (بێ‌هەڵوێستەکان). ئەم جۆره‌‌ خه‌ڵکه‌، لە قووڵایی نەستیدا خەون بە شۆڕش و دادپەروەرییەوە نابینێت، بەڵکوو خەون بەوەوە دەبینێت چۆن کوڕەکەی خۆی بخاتە شوێنی کوڕە بەرپرسەکە. ئەوان دژی ڤێلا و ئۆتۆمبێلی گرانبەها نین، تەنها بۆ ئەوە دەگرین کە بۆچی هی خۆیان نییە! بۆیە، کاتێک قوتابی تەنیا بۆ “بڕوانامەی تەزویر و مووچە” دەچێتە زانکۆ! خێزانەکانیش دەبنە هاوبەشی ئەم تاوانە مەعریفییە، لێره‌دا دکتۆر هەقە که‌ ده‌ڵێت: “من دژی بەرژەوەندیی ئەم خەڵکەم!” لێرەدا، نەشتەرەکەی ڕووناکبیر، نەشتەرێکی سۆسیۆلۆجییانەیە و ڕووی دووڕوویی ئەو کەسانەی هەڵماڵیوە. کاتێک به‌شێک لە خه‌ڵکی ئه‌و به‌ردباران ده‌کات، وەک دۆستۆیڤسکی لە ڕۆمانی (شەیتانەکان)دا باسی دەکات، پاڵنەرەکەی ئەخلاق یان خەمی نیشتمان نییە؛ بەڵکوو پاڵنەرەکەی خۆپاککردنەوەی درۆینەیە. واته‌ جەماوەر دەیەوێت بە سووکایەتیکردن بە دکتۆر، گوناهی بێدەنگی و ترسنۆکی و ساخته‌کاریی خۆی بەو بسڕێتەوە.

بەڵام پێش ئەوەی ئەم بازنەیەی خەڵک جێبهێڵین، دەبێت وەک توێژەرێک لە بەردەم پرسیارێکی گەورەی میتۆدۆلۆجیدا بوەستین: ئایا لۆجیکی دکتۆر لە دادگاییکردنی “خەڵک”دا، لە ڕووی زانستییەوە دروستە؟ لێرەدا ئەو دەکەوێتە ناو گەورەترین هەڵەی سۆسیۆلۆجی و ئیپستیمۆلۆجییەوە، کە زانایانی لۆجیک پێی دەڵێن “وەهمی بەگشتیکردن”. چۆن دەتوانرێت بەبێ هیچ جیاکارییەک، حوکمێکی ڕەها بەسەر تەواوی دانیشتووانی جوگرافیایەکدا بدرێت؟ ئایا خەڵکی خورماڵ بە تەواوی، یان کۆمەڵی کوردەواری بە گشتی، یەک وێنەی کۆپیکراوی یەکترن؟ ئایا لەسەر چ بنەمایەکی زانستی دکتۆرێک دەتوانێت ملیۆنان مرۆڤ، یان هەزاران دانیشتووی شارێک، بخاتە ناو یەک سەبەتەی ئەخلاقییەوە؟ لە ڕووی زانستی کۆمەڵناسییەوە، هیچ کۆمەڵگەیەک گڵۆتێکی یەکپارچە نییە؛ بەڵکوو پڕە لە فرەیی، کەسانی پاک، کەمینەی بێدەنگ، گەنجی ئازارچێشتوو و قوربانیی بێتاوان. کاتێک ڕووناکبیرێک ڕستەی “خەڵک هەمووی وایە” بەکاردەهێنێت، ئەوا بەوە پەنا دەباتە بەر بڕیاردانێکی ڕووکەشییانە، ئەمەش بۆ ئەوەی خۆی لە شیکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێو کۆمەڵ ڕزگار بکات. ئەم جۆرە حوکمدانە ڕەهایە، لە میتۆدی زانستیدا کوشندەیە، چونکە دەیان مرۆڤی بەکەرامەت دەخاتە ناو هەمان ئەو ئاگرەوە کە تەزویرچییەکانی تێدا دەسوتێن. لە دۆزەخەکەی دانتیدا، هەر ڕۆحێک بەپێی کێشی گوناهەکانی خۆی سزا دەدرێت، بەڵام دکتۆر بە یەک بڕیار، تەواوی شارێک دەخاتە یەک بازنەی سزادانەوە!

هاوکات ئایا دکتۆر نازانێت لەناو ئەو خەڵکەی ڕەخنەی لێ دەگرن، کەسانێک هەن کە قینیان لە ڤێلا و ئۆتۆمبێلی گرانبەها نییە، بەڵکوو قینیان لەو دەسەڵاتەیە کە نیشتمانەکەیانی تاڵان کردووە؟ ئەو دەنگە بەئاگا و خەمخۆرانەی کە دەیانەوێت تەنیا یەخەی دکتۆر بگرن و پێی بڵێن: “تکایە دەرگای ماڵەکەت به‌ڕووی ئەو کەسانە دابخە کە خەونەکانی ئێمەیان کوشتووە!” ئەمانە ئیرەییبەر نین، بەڵکوو پەپوولەی ناو ئاگرەکەن. جا ئەم جۆرە حوکمدانە ڕەهایەی دکتۆر، لەبری ئەوەی بیکاتە کۆمەڵناسێکی وردبین، دەیکاتە دادوەرێک کە لۆجیکی زانستیی کردووەتە قوربانی تووڕەییەکی کەسی.

لە قووڵترین بازنەشدا، سوڵتان… ئەندازیاری وێرانکارییەکەم بینی!

با بێینە سەر کارەکتەری دووەم (بەرپرسە سیاسییەکە‌). ئەوە چ کارەساتێکی “بوونناسییە” کە مرۆڤێک هێندە لەناو کۆمەڵەکەیدا ناشرین و بێزراو بێت، ته‌نانه‌ت سێبەرەکەشی ببێتە هۆی سوتاندنی هەر کەسێک کە لێی نزیک ببێتەوە؟! دیاره‌ که‌ دەسەڵات دەبێت خاوەنی “شەرعییەت” بێت. بەڵام دیاره‌ دەسەڵاتداری کوردی، هه‌موو شه‌رعییه‌تێکی مانه‌وه‌ی له‌ده‌ست داوه‌. ئەوان هێندە بێدادی، گه‌نده‌ڵی و بێ‌شکۆییان بڵاوکردووەتەوە، کە بوونەتە سیمبولی “خراپەکاریی”. بەرپرسێکی باڵا، کاتێک دەچێتە ماڵی دکتۆرێک یان ڕووناکبیرێک، وا لێی ده‌ڕوانرێت که‌ تەواوی مێژووی گه‌نده‌ڵیی، بێمووچەیی، بێدادی و داڕمانی پەروەردە لەگەڵ خۆیدا دەباتە ژوورەوە. دەسەڵاتدار لێرەدا وەک پیاوێکی تووشبوو بە نەخۆشیی په‌تا وایه‌، ناتوانێت هیچ کەسێک چاک بکاتەوە، بەڵکوو تەنیا دەتوانێت ئەوانەی تریش که‌ به‌رکه‌وتنیان له‌گه‌ڵیدا بۆ دروست ده‌بێت، تووشی نەخۆشییەکەی خۆی بکات. نەفرەتی جەماوەر لە سەردانێکی وادا، سەرەڕای دووڕوویی به‌شێکی جەماوەرەکە، لە بنەڕەتدا کاردانەوەیەکی دروستی دەروونییە بەرامبەر بە ده‌سه‌ڵاتدارێک کە دەیەوێت بە سەردانیکردنی ڕووناکبیرێک، شەرعییەت بۆ خۆی بکڕێتەوە.

 بەڵام لێرەوە، کاتێک سەیری قووڵترین بازنەی دۆزەخەکەم کرد، گەورەترین هەڵەی لۆجیکی و “خۆکوژییە فەلسەفییەکەی” دکتۆرەکەم بینی! ئه‌و لە وه‌ڵامه‌کەیدا دەڵێت: “دوژمنی من حکومەت نەبوو، چونکە حکومەت مووچەی پێ دەدام… دوژمنی من ئەو خەڵکە تەزویرچییە بوو، حکومەتیش هەقی بەسەرمەوە نەبوو چی دەکەم!”

ئەی خوایە! چ پارادۆکسێکی کوشندە و شۆککەرە! ئەی دکتۆری به‌ڕێز، ئایا ئەمە ونبوونی لۆجیک نییه؟ باشە کێ ئەو خەڵکەی کرد بە تەزویرچی؟ کێ زانکۆکانی وێران کرد و پێوەری زانستیی کرد بە پێوەری مووچە و حیزبایەتی؟ کێ ئەو “سیستەمە پەروەردەییە بێ‌ڕۆحە”ی دروست کرد کە تێیدا قوتابی بوو بە ڕۆبۆتی پارەپەرست؟ ئایا خەڵکەکە لە خۆیانەوە بوون بەم بوونه‌وه‌ره‌ مادییانە، یان ئەوە دەسەڵاتێکی سیاسیی و سەرمایەدار و گەندەڵ بوو کە بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ ئەم ئایدیۆلۆجیایەی بەسەردا سەپاندن؟ کاتێک ڕووناکبیرێک دەڵێت “کێشەم لەگەڵ خەڵکەکە هەیە نەک حکومەت، چونکە حکومەت مووچە دەدات”، ئەمە گەورەترین خیانەتە لە زانین (ئیپستیمۆلۆجیا). حکومەت ئەندازیاری ئەو دۆزەخەیە کە تۆ لە زانکۆدا بەدەستیەوە دەناڵێنیت. چۆن دەتوانیت نەفرەت لە “بەرهەمەکە” بکەیت کە خەڵکە نەخۆشەکەیە، بەڵام بێتاوانی بە “کارگەکە” ببەخشیت کە دەسەڵاتە به‌دیهێنه‌ره‌ تاڵانکارەکەیە؟! سوڵتان لێرەدا به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ پێده‌کەنێت. ئەو دڵخۆشە کاتێک دەبینێت ڕووناکبیرێک، لە جیاتی ئەوەی چەکوشەکەی لە سەر سیستەمە سیاسییەکە بدات، خەریکی شکاندنی سەری قوربانییەکانە!

لە نێوان ئاسمان و دۆزەخیشدا، ڕووناکبیرم لەناو تاوانێکی وەهمیدا بینی!

دکتۆر خۆی وەک شەهیدێک یان مەسیحێک دەبینێت کە جەماوەر لە خاچی دەدەن، چونکە ئەم یاریی تەزویری لێ تێکداون. ئەمە هەستێکی پاکە، بەڵام دەرەنجامەکەی کارەساتە. ڕووناکبیر لێرەدا پاساو بۆ “دانیشتنی خۆی لەگەڵ دەسەڵات”، بە بەکارهێنانی “خراپیی کۆمەڵ” دەهێنێتەوە. لۆجیکەکەی ئەمەیە: مادام خەڵکەکە خراپن، دووڕوون، حەسودن و تەنیا پارەیان دەوێت، کەواتە من ئازادم دەرگای ماڵەکەم بۆ کاربەدەستان بکەمەوە!

ئاهـ! ئەی کاکی ڕێبوار، ئەمە لۆجیکە؟ ئایا ئەگەر قوربانییەک ئەخلاقی خراپ بوو، مانای وایە دەبێت تۆ باوەش بە سه‌به‌بکاره‌که‌یدا بکەیت؟! ڕووناکبیری ڕاستەقینە کاتێک دەبینێت خەڵک بوونەتە مێگەلێکی سەوداگر، قێز لە دەسەڵات دەکاتەوە کە ئەمەی دروست کردووە، نەک بڵێت “من کێشەم لەگەڵ دەسەڵاتدا نییە.” کاتێک تۆ دەرگا بۆ میوانێکی دەسەڵاتدار دەکەیتەوە، ئەوا واتا تۆ دەرگا بۆ سیستەمێک دەکەیتەوە کە هۆکاری سەرەکیی وێرانبوونی ئەو زانکۆیە بووە کە تۆ لەپێناویدا خۆت کردووەتە قوربانی! ئەمە نەک پاڵەوانێتی نییە، بەڵکوو بازدانە بۆ ناو ئەو شوێنەی کە تێیدا عەقڵ ناپاکی بەرامبەر بە حەقیقەت ده‌کات.

لە کۆتاییدا… ئەی ڕێبوار بەجێیان بهێڵە!

ئەوەی لەم شانۆگەریی و نووسینانەدا بینیم، مەرگی گرێبەستە ئەخلاقییەکانی مرۆڤایەتی بوو لە ڕۆژهەڵات.

لێرە دەسەڵات هێندە گەندەڵ بووە، بۆ شۆردنی دەستی پیس و شکستی خۆی، بەدوای ماڵ و وێنەی مرۆڤه‌ جوانه‌کاندا دەگەڕێت. به‌شێک له‌ مێگەلیش هێندە دووڕوو بووە، لەبری ڕووخاندنی کۆشکی سوڵتان، مرۆڤه‌ جوانه‌کان ڕەجم دەکات، تەنها لەبەرئەوەی بۆچی خەڵاتەکانی سوڵتان بۆ ئەوان نەبووە. مرۆڤه‌ جوانه‌کانیش هێندە نائومێد بوون لە مێگەل، لۆجیکیان لێ ون بووە؛ لەبری ئەوەی هەردووکیان ڕەت بکه‌نەوە، بڕیار دەده‌ن خەڵکەکە بکه‌نە دوژمن و بێتاوانییش به‌ سیستەمە وێرانکەرەکە ببەخشن!

ئیتر لێرەدا هیچ ئومێدێک نامێنێت. دەنگەکان تێکەڵ بوون و حەقیقەت بووەتە قوربانیی پاساوەکان.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO