بەشی یەکەم
لە فەلسەفەی سیاسیدا، ساتەوەختی گۆڕانی بکەرێکی شۆڕشگێڕ بۆ پاشکۆیەکی کارگێڕیی، یەکێکە لە پڕ ئازارترین دیمەنەکانی مێژوو. وتارەکەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، کە تێیدا هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزە و تێکەڵبوونی بە سوپای سووریای ژێر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع ڕاگەیاند، جاڕنامەی هەرەسێکی گەورەیە، پاشەکشەیەکی وجودییە، کە تێیدا نەتەوەیەک لە لوتکەی ئیرادەی سەروەرییەوە بۆ ژێردەستەییەکی مەدەنی دەگوازرێتەوە.
لێرەدا، لەمیانەی هەشت خاڵدا هەوڵ دەدەین بە دیدێکی ڕەخنەگرانە، ئەم دەقە تاوتوێ بکەین، هەتاوەکوو بزانین چۆن خوێنی نزیکەی ١٢ هەزار گەنجی کورد، لە تاقیگەی واقیعگەرایی ناچاریدا، کرا بە مەرەکەبێک بۆ واژۆکردنی ئەو قەفەسەی کە کورد سەدەیەکە دەیەوێت قوفڵی دەرگاکەی بشکێنێت.
یەکەم: گوتارەکە بە دەستەواژەی “بەڕێز سەرۆک” دەست پێ دەکات. لە ڕووی نیشانەناسییەوە، ئەم سەرەتایە تیرۆری نزیکەی چواردە ساڵ خەباتە، کاتێک جەنەڕاڵێک نوێنەرایەتیی ئیرادەی نەتەوەیەک دەکات، کە لە دۆزەخی بەعس ڕزگاری بووە، ڕوو دەکاتە سەرکردەی ئەو هێزە نوێیەی کە هەمان عەقڵییەتی مەرکەزیی دیمەشقی هەڵگرتووە و بە “سەرۆک” ناوی دەبات، بەمەش بەرلەوەی هەسەدە هەڵوەشێنێتەوە. سەروەریی نەتەوەکەی هەڵوەشاندەوە. ئاشکرایە، ئەم ناونانە سەرەڕای ئەتەکێتە دیبلۆماسییەکەی، تەسلیمبوونێکی مەعریفییە. لێرەدا، کوردبوون وەکوو سەنگەرێکی سەربەخۆ کۆتایی پێ دێت و دەبێتە پاشکۆیەکی ملکەچ. مەزڵووم عەبدی بەم وشەیە، مێژووی یاخیبوونی کوردی بۆ ئەرکێکی کاتیی گۆڕی، وەک ئەوەی بڵێت: “ئێمە تەنیا پاسەوانی کاتیی ئەو زەوییانە بووین هەتاوەکوو خاوەنە ڕاستەقینەکەی (دەوڵەتی ناوەندی) بێتەوە و کلیلەکانمان لێ وەربگرێتەوە”. ئایا ١٢ هەزار شەهید بۆ ئەوە دران هەتاوەکوو لە کۆتاییدا، بە داگیرکەرێکی نوێ بڵێین “بەڕێز سەرۆک”؟
دووەم: با بچینە ناو ژمارەکانەوە، بەلایەنی کەمەوە ١٢ هەزار شەهید دران. لە بەرانبەردا، مەزڵووم عەبدی وەکوو گەورەترین دەستکەوت، باس لە “مافی خوێندن بە زمانی کوردی” دەکات. وەرن پێکەوە ئەم هاوکێشەیە هەژمار بکەین: ئەگەر ئەلفوبێی کوردی (سی و چوار) پیت بێت، کەواتە بۆ هەر پیتێکی ئەو مۆڵەتنامەیەی کە دیمەشق بە کوردی دەدات، نزیکەی ٣٥٢ گەنجی کورد سەریان بڕدراوە. ئەمە گرانترین و پووچترین بازرگانییە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. کورد لە ڕۆژاڤا بۆ “بوون” جەنگا، بۆ ئەوەی ببێتە “بکەری مێژوو”، کەچی ئێستا سەرکردەکانی سوپاسی جەلادەکە دەکەن، کە ڕێگەی پێ داون لە ژێرزەمینی سووریایەکی عەرەبی یەکگرتوودا بە زمانی دایکیان بگریین. ئایا شۆڕش بۆ “سەروەری” بوو، یان بۆ “مۆڵەتی خوێندن”؟ ئەگەر ئامانج تەنیا زمان بوو، ئایا نەدەکرا بەبێ ئەو هەموو ماڵوێرانییە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا داوای بکرێت؟ ئایا سیستەمێکی خوێندنی کوردی لە ماوەی چواردە ساڵی ڕابردوودا دانەمەزرابوو؟ ئەمە نیشانەی نەخەمڵینی ستراتیجییە، کە تێیدا مانا گەورەکان دەکرێنە قوربانیی مافە سەرەتاییەکان، کە دەوڵەتە داگیرکەرەکان وەکوو سەدەقە بە قوربانییەکانی دەدەن، هەتاوەکوو چەپڵەیان بۆ لێ بدەن.
سێیەم: نەتەوە کاتێک دەمرێت، کە لە بوونی سیاسییەوە بۆ دیاردەیەکی کولتووریی پاشەکشە دەکات. مەزڵووم عەبدی و حیزبەکەی، کوردبوونیان لە ڕۆژاڤا وەکوو ئیرادەیەکی سیاسیی سەربەخۆ زیندەبەچاڵ کرد و تەنیا وەکوو ڕەنگێکی فۆلکلۆری لەناو سووریایەکی یەکگرتوودا هێشتیانەوە. ئەو دەڵێت: “ئەو سووریایەی دەیانەوێ بونیادی بنێن، وڵاتی هەموو پێکهاتەکان دەبێت.” ئەمە ئەو زمانە پۆست مۆدێرنە خەڵەتێنەرەیە، کە تێیدا چەمکی نەتەوە دەسڕێتەوە و بۆ پێکهاتە دەگۆڕێت. کاتێک تۆ دەبیتە “پێکهاتە”، ئیدیکە سەروەریت نییە، تەنیا مافت هەیە و مافیش شتێکە دەسەڵاتی باڵا پێتی دەدات و هەر کاتێکیش بییەوێت لێتی دەسێنێتەوە. ئینجا زمانێک، کە لەناو سوپایەکی مەرکەزیدا و بە مۆڵەتی ئەوان بخوێندرێت، زمانی ئازادی نییە، بەڵکوو زمانی کۆیلایەتییەکی زمانزانە. لە سەدەی بیست و یەکدا، دەوڵەتەکان بە تانک نەتەوەکان ناسڕنەوە، بەڵکوو ئەوان دەتبەنە ناو سوپاکەی خۆیان، ناسنامەی سیاسییت لێ دەسێننەوە و ڕێگەت دەدەن بە زمانی کوردی گۆرانی بۆ نیشتمانی سووریا بڵێیت.
چوارەم: پاساوی سەرەکیی بەرگریکاران لەم “شکستە مەدەنییە” ئەوەیە، کە “کورد بژاردەی دیکەی نەبوو، چونکە زلهێزەکان جێیان هێشت و جوگرافیا گەمارۆی داوە.” ئەمە لوتکەی ئیفلیجیی مەعریفییە. کارەساتەکە لەوەدا نییە، کە ئێمە بەبێ ئەمریکا ناتوانین هەنگاو بنێین، کارەساتەکە لەوەدایە، کە لە ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵ دەسەڵاتی ڕەها بەسەر نیوەی خاکی سووریاـدا، سەرکردایەتیی کورد نەیتوانی کوردبوون وەکوو سیستەمێکی دامەزراوەیی و ئابووریی نەتەوەیی و هێزێکی جیۆپۆلیتیکی بونیاد بنێت، کە ئەویدیکە ناچار بکات وەکوو هاوبەش مامەڵەی لەگەڵ بکات، نەوەک وەکوو کرێگرتەیەکی بەسەرچوو. ئەگەر دوای دە ساڵ خوێن و جەنگ، تاقە ڕووگەی کورد گەڕانەوە بێت بۆ باوەشی هەر چوار پایتەختە داگیرکەرەکە، کەواتە ئەم شۆڕشە تەنیا “بازنەیەکی بێمانای مێژوویی” بووە. بۆیە ڕازیبوون بە پۆستی ڕاوێژکاریی مەزڵووم عەبدی بۆ ئەحمەد شەرع، دانپێدانانە بەوەی، کە کورد هێشتا کلیلی مێشک و خاکەکەی لای داگیرکەرەکانیەتی. ئایا جێگەی شۆک نییە کە هەمان ئەو دەوڵەتەی کە کوردستانی بەو دەردە برد، ئێستا بێت و بڕیار لەسەر ناسنامەی زمانمان بدات و ئێمەش سوپاسی بکەین؟
پێنجەم: شۆککەرترین و تەنزئامێزترین بەشی وتارەکە، سووربوونی مەزڵووم عەبدییە لەسەر “پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا”. ئایا هەر بەڕاست هەزاران شەڕڤان بۆ ئەوە شەهید بوون تاوەکوو قەفەسەکەیان بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە؟ ئایا کورد پۆلیسی پاراستنی سنوورەکانی داگیرکەرە؟ کاتێک سەرکردەی کورد دەبێتە چەسپێنەری یەکپارچەیی ئەو سنوورەی داگیرکەر دەیەوێت، مێژوو تووشی جەڵتە دەبێت. ئەمە نەخەمڵینی سیاسی نییە، بەڵکوو ئەمە نامۆبوونە بە خود لە باڵاترین شێوەیدا. ئەوان وایان کردووە کورد وەکوو نەتەوەیەک دەربکەوێت، کە تەنیا خەمی ئەوەیەتی سەری خۆی نەخوات، بێئاگا لەوەی، کە بەبێ ڕوح و سەروەریی، سەرەکە تەنیا دەبێتە بارگرانییەک بۆ سەر جەستەیەکی مردوو.
شەشەم: دە ساڵ پێش ئێستا، ڕۆژاڤا شانازیی بەوەوە دەکرد، کە زانکۆی کوردی هەیە و سیستەمێکی پەروەردەی سەربەخۆی هەیە، کە لە دەرەوەی ئایدیۆلۆجیای دەوڵەت-نەتەوەیە. ئێستا چۆن ڕوویان دێت بە “مژدە”وە پێمان بڵێن، کە دیمەشق ڕێگەمان دەدات بە کوردی بخوێنین؟ ئەوەی پێشتر بە ئیرادە و هێز بەدەست هاتبوو، ئێستا وەکوو سەدەقە و مۆڵەت لە داگیرکەر وەردەگیرێتەوە. مەزڵووم عەبدی خەریکە مێژوو هەڵدەگێڕێتەوە، ئەو سەروەریی دەکاتە قوربانی مۆڵەت. کاتێک زانیاری و پەروەردە کەوتە ژێر دەستی دەوڵەتێکی ناوەندیی توندڕەو، ئیدیکە ئەو زانکۆیانە نابنە کارگەی بەرهەمهێنانی مرۆڤی ئازاد، بەڵکوو دەبنە ناوەندی بەرهەمهێنانی کۆیلەی زمانزان، کە تاکە ئەرکیان ئەوەیە بە زمانی کوردی، پڕوپاگەندە بۆ نیشتیمانی سووریای مەزن بکەن. ئەمە ئەو جینۆسایدە سپییە مەعریفییەیە، کە مێشک دەسڕێتەوە بەرلەوەی جەستە بپوکێنێتەوە.
حەوتەم: ئەو بۆچوونانەی کە باس لە سەرکەوتنی کورد دەکەن لەم ڕێککەوتنەدا، نیشانەی داڕمانی ویژدانی گشتین. چۆن دەبێت هەڵوەشاندنەوەی سوپایەک و تێکەڵبوون بە سوپای داگیرکەر وەکوو سەرکەوتن نیشان بدرێت؟ ئەمە تەنیا کارەساتێکی دەروونییە، کە تێیدا نەتەوەیەک هێندە لە مەرگ ترساوە، ئامادەیە سەرشۆڕی وەکوو ئاشتی پێناسە بکاتەوە. “برایەتیی گەلان” لێرەدا، تەنیا ئامرازێکی بەنجکردن بوو، کورد بۆیە جەنگا تاوەکوو لەناو جەستەی ئەوانی دیکەدا ون نەبێت، کەچی ئێستا سەرکردەکانی سوپاسی جەلادەکە دەکەن، کە ڕێگەی پێ داون وەکوو ڕاوێژکار لە پەراوێزی هۆڵەکانی دەسەڵاتی عەرەبیدا پیاسە بکەن. ئەمە شکستە مەرگێکە، کە بە زەردەخەنەوە دێت و جەماوەرێکی بێهۆشکراویش وەکوو موعجیزەی خودایی چەپڵەی بۆ لێ دەدەن.
هەشتەم: پرسیارە قورسەکە ئەمەیە: ئایا کورد لە ڕۆژاڤا بۆ ناسنامەی خۆی جەنگا، یان تەنیا پۆلیسی پاراستنی جیهان بوو لە دژی داعش؟ وەڵامەکەی مەزڵووم عەبدی لە پێشتردا تاڵە: “هاوپەیمانان ڕاستگۆ بوون و تەنیا بۆ شەڕی داعش یارمەتییان داین.” ئەمە دانپێدانانێکی ترسناکە بەوەی کە سەرکردایەتیی کورد نەتەوەکەی کردە بەکرێگیراوێکی بێئاسۆ.
کاتێک جەنگەکە تەواو بوو، کەرەستە بەکارهاتووەکە، کە هەسەدەیە، فڕێدرا و گەڕێنرایەوە بۆ خاوەنە کۆنەکەی. کارەساتەکە لەوەدا نییە، کە جیهان خیانەتی لێ کردین، کارەساتەکە لەوەدا بوو، کە ئێمە وەکوو نەتەوە هێندە نەخەمڵیو بووین، نەمانزانی چۆن خوێنمان بکەینە قەوارە، بەڵکوو تەنیا وەکوو دیاری پێشکەشی زلهێزەکانمان کرد، هەتاوەکوو لە کۆتاییدا ئەوانیش ڕادەستی “ئەحمەد شەرع”ی بکەنەوە.
لە کۆتاییدا، دەبێت بە زمانی حەقیقەتێکی ڕووت و بێپەردە بدوێین: ئەگەر ئەو ١٢ هەزار گەنجەی لە گۆڕستانەکانی حەسەکە و قامیشلۆ و کۆبانێ و عەفریندا نێژراون، بۆ تەنیا چرکەیەک بگەڕێنەوە، دەزانن چی بە مەزڵووم عەبدی و ئەم جەماوەرە چەپڵەلێدەرە دەڵێن؟ بێگومان ناڵێن: “دەستخۆش بۆ مۆڵەتی خوێندن”، بەڵکوو بە دەنگێکی هەژێنەر دەڵێن: “ئێمە سینگی خۆمان نەخستە بەر گوللـە هەتاوەکوو ئێوە ببنە پاشکۆی زمانزانی جەلادەکانمان. ئێمە نەبووینە خۆڵ هەتاوەکوو ئێوە بە مۆڵەتی دیمەشق و بە زمانی کوردی بۆ مەرگی ئێمە بگریین. ئێمە بۆ “بوون” بووینە قوربانی، نەوەکوو بۆ ئیقامە لەژێر سێبەری ئەو سوپایەی کە بۆ سڕینەوەی ئێمە هاتبوو.
مەزڵووم عەبدی دوێنێ شەو کوردبوونی وەکوو ئیرادەیەکی سیاسی زیندەبەچاڵ کرد و تەنیا زاراوەی کوردی بۆ هێشتینەوە هەتاوەکوو پێی بپاڕێینەوە.
مێژوو شاهێدە، کە ئێمە ئەو نەتەوە بووین، کە بە دەستی خۆمان قەفەسەکەمان نۆژەنکردەوە و سوپاسی پاسەوانی زیدانەکەشمان کرد، تەنیا لەبەرئەوەی ڕێگەی پێ داین لەناو زیندانەکەدا، بە زمانی دایکمان گۆرانی بۆ نیشتمانی سووریای عەرەبیی یەکگرتوو بڵێن.
ئێمە دەوڵەت و مانای شکۆمان دەویست، بەڵام ئەوان تەنیا مۆڵەتی قسەکردنیان بۆ هێناینەوە، چ گاڵتەجاڕییەکی خوێناوی و چ هەرزانفرۆشییەکی مەزنە لە مەزادخانەی مێژوودا.


