ئەو بڕیارە نادادپەروەرییەی لە دادگای کەرکووکی داگیرکراودا لە دژی محەمەد ئەمین، جووتیارەکەی سەر تراکتۆرەکە دەرچوو، نەک تەنیا ناحەقی بوو بەرامبەر جووتیارێکی کوردی بێتاوانی ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان، بەڵکوو سووکایەتی بوو بە تەواوی خەڵکی کوردستان، حکوومەتی هەرێم، سەرۆک کۆماری عێراق (کە لە نەتەوەی کوردە) و هەموو لایەنە سیاسییە کوردییەکان کە ئەمڕۆ بەشداری پرۆسەی سیاسیی عێراقن!
سەرەڕای ئەوەی ئەو بڕیارەی دادگای کەرکووک ڕووکەشێکی یاسایی درابوویێ، بەڵام لە ناواخندا هەڵگری پەیامێکی سیاسی و ئایدۆلۆجیی قووڵتری داگیرکەرانە بوو. کاتێک دادگایەک لەجیاتی سزادانی ئەو کەسەی دەستدرێژیی کردووەتە سەر ماف و حورمەتی مرۆڤێک، قوربانییەکە سزا دەدات، لەڕاستیدا ئەو سزایە تەنیا ئاراستەی تاکێک نەکراوە کە بێتاوان مافخوراوە؛ بەڵکوو ئاراستەی هێما و ئەو کەسایەتییە کراوە کە لەسەر خاکی خۆی نوێنەرایەتیی نەتەوەیەکی خاکداگیرکراو و ستەملێکراو دەکات. ئەم بڕیارە لە چەند ڕەهەندێکەوە وەک بڕیارێک لەدژی تەواوی نەتەوەی کورد سەیر دەکرێت:
یەکەم، وەک شکاندنی هێمای بەرگری و بردنی ڕەنجی جووتیارانی کورد کە لەسەر زەویی باب و باپیرانی خۆیانن؛ ئەوە پەیامێکە نیشاندەری بێپشتوپەناکردنی ڕەمزی مانەوەی ناسنامەیە. کاتێک سزای ماددی و مەعنەوی بەسەر لایەنی ستەملێکراودا دەسەپێنرێت، هەوڵێکە بۆ ساردکردنەوەی تەواوی ئەو هێز و توانایانەی کە ساڵانێکی دوورودرێژە لە ڕووی ستەم و زۆرداری وەستاونەتەوە، لە هەمان کاتدا دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێیە لە دڵی هەر هاووڵاتییەکی تردا کە بەرگری لە مافی خۆی بکات.
دووەم، بەکارهێنانی یاسا وەک ئامرازی گوشار؛ دەستکاریکردنی بڕگە یاساییەکان و بەکارهێنانی دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکان بۆ سەپاندنی واقیعێکی دیمۆگرافی و ئیداری، درێژەپێدانی هەمان سیاسەتی ڕابردووە بەڵام بە بەرگێکی مەدەنی و یاساییەوە.
سێیەم: تەحەدای ئیرادەی نەتەوەیی؛ دادگاییکردنی ڕەفتاری بەرگریکارانەی جووتیارێک، تاقیکردنەوەی هەڵوێستی ڕای گشتی و هێزە سیاسییەکانی کوردستانە بۆ ئەوەی بزانرێت ئاستی پەرچەکردار و پشتیوانییەکان تا کۆیە.
لەبەر ئەمە، وەڵامدانەوەی ئەم بابەتە پێویستە لە ئاستی ڕووداوێکی تاکی بپەڕێتەوە و ببێتە بەرنامەیەکی بەکۆمەڵ؛ چونکە پاراستنی مافی «محەمەد جووتیار» ڕاستەوخۆ پاراستنی شکۆ و مافی بوونی کوردە لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا.



