سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

پەندێک لە ڕووداوەکانی “سەرێ کانی”ـەوە

عوسمان ساوجی

سەرێ کانی ناوە تەعریب کراوەکەی ڕەئسل عەین (رأس العین)ـە، یەکێکە لە شارۆچکە گرنگ و ستراتیجییەکانی ڕۆژاڤای کوردستان، کە لە سەرەتای شۆڕشی نەتەوەکانی سووریاوە لەلایەن کوڕ و کچە شەڕڤانەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ئازاد کرا، دواتریش یەپەگە لە شەڕی دژی گرووپە تیرۆرستییەکاندا لە ٢٠١٣ سەرکەوتوو بوو لە پاککردنەوەی زۆربەی سنووری سەرێ کانی، بەوەش ئەو شارۆچکەیە بووە بەشێکی ڕزگارکراو لە قەوارەی ئیدارەی ڕۆژاڤای کوردستان.

یەپەگە هەر بەوەوە نەوەستا کە ناوەندی شارۆچکەکە ئازاد بێت بەڵکوو لە ٢٠١٥ تەواوی سنووری شارۆچکەکەی بە گوندەوارەکانیشیەوە ئازاد کرد. ئەم ئازادکردنە هەرچەندە بۆ نەتەوەی کورد لە ڕۆژاڤا و سەرتاسەری کوردستان‌یش جێگەی دڵخۆشی بوو، بەڵام بەتەواوی تورکیا و گرووپە پەڕگیرەکانی دڕدۆنگ و توڕە کرد. ماوەی چوار ساڵ تورکیا ئەو ناوچەیەی خستە ژێر تۆپباران و هێرشی درۆنیەوە، هەروەها بەردەوام هەڕەشەی ئەوەی دەکرد کە دەبێت یەپەگە لەو ناوچانە بکشێتەوە، سەرباری ئەوەی یەپەگە ئامادە بوو ناوچەکە لە چەک دابماڵێت و تەنها ئاسایشی لێ بێت، بەڵام تورکەکان بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕان بۆ داگیرکردنی. سەرئەنجام لە ٢٠١٩دا هێرشێکی ناڕەوا و نابەرامبەریان کردە سەری، کە شەڕڤانانان بەرگرییەکی بێوێنەیان کرد، بەوەش داگیرکردنی ئەو شارۆچکەیە هیچ ڕەوایەتیەکی بۆ هێزە داگیرکەرەکان نەهێشتەوە، بەتایبەت کە زۆرینەی دانیشتوانە ڕەسەنەکەی پێبەپێی شەڕڤانان لە شارۆچکەکە سەرکەوتن و ئاوارەییان هەڵبژارد نەک مانەوە لەژێر دەسەڵاتی ئەو گرووپانەدا.

ڕەوشی ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی گرووپە پەڕگیرەکان بۆ ئەو کوردانەی لەوێ مابوونەوە دۆزەخێک بوو پڕ لە ڕفاندن و کوشتن و داگیرکردنی ماڵ و زەویەکانیان، ئەوە جگە لەوەی بە پیلان هەزاران عەرەبی ئاوارەی تورکیا گەڕێندرانەوە بۆ سەرێ کانی و لەسەر ماڵ و حاڵی کورد نیشتەجێ کران، کە ئەوەش جگە لە تاڵانکاری و وێرانکاری ناوچەکە، هەڵمەتێکی گەورەی گۆڕانی دیمۆگرافیشی بەدوای خۆیدا هێنا.

کورد لە ڕۆژاڤا بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و هاتنی شەرع کەوتە ئەو بارودۆخەی کە ناچار بوو هەزار جار بڵێت “سەد شکور بەکفن دز”، چونکە ئەوەی ئەسەد نەیدەتوانی بیریشی لێ بکاتەوە، لە سەردەمی شەرع دا بەکرداری خرایە بواری جێبەجێ کردنەوە. خاڵی ڕەشی ئەو پیلانەش لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیەوە دەستی پێکرد. لەوێ هێرشێکی فراوان کرایە سەر ئەو دوو گەڕەکە و دواتریش هەتا سنووری حەسەکە و قامیشلۆ و کۆبانی بەردەوامی هەبوو. بەدڵنیاییەوە ئەگەر پشتیوانی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان و خۆڕاگری شەڕڤانان نەبوایە، سڕینەوەی یەکجارەکی کوردی ڕۆژاڤا ئامانجە سەرەکییەکە بوو، بەڵام کە ئەوە نەکرا پەنابردن بۆ ڕێککەوتن بژاردەیەکی جێگرەوە بوو. ناچمە وردەکاری ڕێککەوتنەکە و ڕۆڵی لایەنە یار و نەیارەکانی کورد لەو پڕۆسەیەدا، تەنها ئەوەندە نەبێت کە یەکێک لە بەندەکانی ئەو بەناو ڕێککەوتنە گەڕانەوەی کوردە ئاوارەکان بوو بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا کە نزیکەی ٤٠٠ خێزانی کورد بەرەو سەرێ کانی گەڕانەوە دوای حەوت ساڵ لە ئاوارەیی، دیمەنی هێرشی عەرەبە هاوردەکان ئازاربەخش و چاوەڕوانکراو بوو، ئەوان بە سەدان کەسیان بە چەک و تێڵا و بەرد هێرشیان کردە سەر خاوەن ماڵە گەڕاوەکان و جگە لە لێدان و سوکایەتی و شکاندنی ئۆتۆمبێلەکانیان بە هیچ جۆرێک ڕێگەیان نەدان بچنەوە ماڵەکانی خۆیان و دەریان کردنەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە عەرەب لە ئێستادا بەرامبەر دەوڵەتی ئیسرائیل لە شکستێکی قووڵدایە و لە سێ وڵاتی فەلەستین و لوبنان و سووریا بەرامبەر هێرشی ئەو وڵاتە ئاوارە بووە و دەربەدەر کراوە. ئەگەر بەپێوەری هاودەردی بوایە دەبوایە نەک خاکی کوردیان داگیر نەکردایە بەڵکوو دەبوو ببنە یەکەمین پاڵپشتی ڕزگاری کورد، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە عەقڵی داگیرکاریی هێرش دەکاتە سەر ئەوانەی لەخۆی لاوازترن، بەبێ گوێدانە یاسا و ڕێسا ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان، ئەمە بۆ هەموو کات و شوێنێک ڕاستە!

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO