یادگار سدیق گەڵاڵی
کاتێک سنوورەکانی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت دەسڕێنەوە، و دەسەڵاتی سیاسی دەبێتە خاوەنی سەرمایە و کۆمپانیا، سەرمایەش ئاڕاستەی بڕیاری سیاسی دەکات، نەتەوەکان ڕووبەڕووی مەترسیدارترین شێوازی حوکمڕانی دەبنەوە. لە زانستی سیاسەت و ئابووریدا، بەم تێکەڵبوونە دەگوترێت “سەرمایەداریی خزمخزمێنە” (Crony Capitalism) یان “حکومڕانیی کۆمپانیاکان” (Corporatocracy). لەم مۆدێلەدا، نیشتمان لە ماڵێکی هاوبەشەوە دەبێتە بازاڕێک بۆ بەدەستھێنانی زۆرترین دەستکەوتی شەخسی و حیزبی، وە کەرتی گشتیش کە دەبێت پایەی ڕاگری خزمەتگوزاری و دادپەروەری بێت، بە تەواوی لاواز و ئیفلیج دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستاندا، پڕۆسەی بنیاتنانی دەسەڵات بەشێوەیەکی گشتی لە دوای ساڵانی ۲۰۰۰، بەتایبەتی لەگەڵ سەرهەڵدانی ئابووریی نەوت و گەشەی سێکتەری ئاوەدانکردنەوە، ئاراستەیەکی مەترسیداری وەرگرت. کۆمپانیاکان نەبوونە داینەمۆی کێبڕکێی ئازاد و گەشەی ئابووری، بەڵکوو بوونە باڵی دارایی و ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی سامانی گشتی لەلایەن هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانەوە. ئەمڕۆ، لە زۆربەی کەرتە ستراتیجییەکانی وەک نەوت، پەیوەندییەکان، دەرمان، خوێندن، بازاڕەکانی نیشتەجێبوون و هێنانی سووتەمەنی، هەژموونی کۆمپانیا حیزبییەکان یان سەرمایەدارانی نزیک لە دەسەڵات بە ڕوونی دەبینرێت. دیارترین دەرئەنجامەکانی ئەم تێکەڵبوونە لەسەر کۆمەڵگە و سیستمی حوکمڕانی بریتین لە:
یەکەم، ئیفلیجبوونی کەرتی گشتی: کاتێک دەسەڵاتی سیاسی خۆی دەبێتە بازرگان و خاوەن کۆمپانیا، بە ئەنقەست کەرتی گشتی (تەندروستی، پەروەردە، کارەبا و ئاو) لاواز و بێڕەنگ دەکات تا هاووڵاتی ناچار بێت پەنا بۆ کەرتی تایبەتی سەر بە حیزبی دەسەڵاتدار ببات. بەم شێوەیە، ئەرکی بنەڕەتیی دەوڵەت کە دابینکردنی خزمەتگوزاریی گشتییە، دەپووکێتەوە.
دووەم، قۆرخکاری و نەمانی کێبڕکێی ئازاد: قۆرخکاری (monopoly) دەبێتە دیارترین سیمای ئەم سیستەمە. کۆمپانیا سەربەخۆکان و سەرمایەدارانی گەنج و دوور لە دەسەڵات ناتوانن لە بازاڕێکدا بژین کە یاساکانی لەلایەن ڕکابەرەکانیانەوە (کە دەسەڵاتدار نین) دادەڕێژرێت. گرێبەستە گشتییەکان (مناقەسەکان) لەبری شەفافیەت، لە پشت پەردەی بەرژەوەندییە سیاسییەکانەوە دابەش دەکرێن.
سێیەم، نەمانی شەفافیەت و بەنەریتبوونی گەندەڵی: لە سیستەمێکی وەهادا شەفافیەت بە تەواوی دەسڕێتەوە، چونکە ئاشکراکردنی داهات و گرێبەستەکان بەرژەوەندیی گەندەڵکاران دەخاتە مەترسییەوە. بەمەش گەندەڵی لە حاڵەتێکی کاتییەوە دەبێتە نەریت و سیستەمێکی دامەزراوەیی کە هەموو جومگەکانی بڕیاردانی گرتووەتەوە.
چوارەم، دروستبوونی چینێکی سەرمایەداری دەستکرد: سەرمایەداری ڕاستەقینە لە ڕێگەی داهێنان، کوالیتی بەرز و پێشبڕکێوە گەشە دەکات، بەڵام لە کوردستاندا دروستبوونی سەرمایەدار تاڕادەیەکی زۆر بەرئەنجامی “نزیکییە لە دەسەڵات”ـەوە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کەلێنێکی چینێتی قووڵ لە نێوان جەماوەر و چینێکی دەستڕۆیشتووی دەوڵەمەند.
پاشەکشەی سەروەریی یاسا و ڕووخانی متمانەی گشتی، مەترسیدارترین باجێکە کە کۆمەڵگە دەیدات. کاتێک هاوڵاتی هەست دەکات دامەزراوەکانی دەوڵەت نەک پارێزەری مافەکانی نین، بەڵکوو وەک ڕێکخراوێکی بازرگانی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، ئینتیما بۆ نیشتمان لاواز دەبێت. بەرئەنجامی ئەم بێئومێدییەش لە شەپۆڵە بەردەوامەکانی کۆچی گەنجان، ڕۆشتنە دەرەوەی سەرمایەی سەربەخۆ و لەناوچوونی ئابووریی نیشتمانییدا ڕەنگدەداتەوە.
لە کۆتاییدا، تێکەڵبوونی کۆمپانیا و سیاست، حکومڕانی لە ئامانجە بنەڕەتییەکەی بەتاڵ دەکاتەوە. بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە پێکهاتەییە، جیاکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە بازرگانی، ژیاندنەوەی کەرتی گشتی ( لەپاڵیشیدا کەرتی تایبەت)، سەپاندنی شەفافیەت لە گرێبەستەکاندا و ڕەخساندنی زەمینەی کێبڕکێی ئازاد و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان هەیە. بە پێچەوانەوە، ئەم مۆدێلە بەردەوام دەبێت لە وێرانکردنی ژێرخانی وڵات و دەوڵەمەندکردنی زیاتری کەمینەیەکی دەسەڵاتدار لەسەر حیسابی هەژارکردنی زۆرینەی خەڵک.


