ژیاری هۆشیار
وەکوو دەڵێن، میدیا لە کۆی دەسەڵاتی سیستەمی سیاسیی دیموکراسیدا، لە پلەی چوارەم دێت، ئەویش دوابەدوای دەسەڵاتی یاسادانن و جێبەجێکردن و دادوەری.
کاتێک ئاماژە بە دەسەڵاتی چوارەم دەدرێت، واتە میدیا و ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری، وەکوو چاودێرێک لە تەنیشت سێ دەسەڵاتە سەرەکییەکەی دیکەی دەوڵەت تەماشا دەکرێت.
لە ڕاستیدا، ئەگەر لە وێـنا ڕاستییەکەوە تەماشا بکەین، میدیا هیچ دەسەڵاتێکی فەرمیی یاسایی نییە، وەکوو دەسەڵاتی چوارەم لە پاش سێ دەسەڵاتەکەی دیکە، بەڵکوو لە ڕووی پڕاکتیکی و ڕووناکبیرییەوە بە دەسەڵاتی چوارەم ناو دەبرێت، واتە هیچ دەقێکی یاسایی نییە سەلمێنەری ئەوە بێت، کە میدیا دەسەڵاتی ڕەهای چوارەمی سیستەمی حکومڕانی بێت.
دەستەواژەی “دەسەڵاتی چوارەم” بە گوێرەی زۆرترین بۆچوونەکان دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتمەدار و فەیلەسووفی بەریتانی “ئێدمۆند بۆرک” ، کاتێک لە پەرلەمانی بەریتانیا دەبینێت ڕۆژنامەنووسان سەرقاڵی نووسینەوە و بڵاوکردنەوەی بڕیارەکانی دادگا بوون بۆ ڕای گشتیی، ئێدمۆند بە وتە بەناوبانگەکەی دەڵێت: “لە پەرلەماندا سێ دەسەڵات هەیە، بەڵام ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەوێ دانیشتوون دەسەڵاتی چوارەم پێک دەهێنن.” مەبەستەکە ئەوەبوو، کە میدیا و ڕۆژنامەگەری دەسەڵاتێکی گەورە و فراوان و فریودەرن، توانای دروستکردنی گوتار و جوڵاندنی ڕای گشتییان هەیە. بۆیە دەگوترێت میدیا و ڕۆژنامەنووسان دەسەڵاتی چوارەمن.
لە پاشاندا، “تۆماس مارلاس” لە کتێبی دەربارەی پاڵەوانەکان، دووبارە ئاماژە بە هەمان چیرۆکی ئێدمۆند بۆرک دەکات و دەڵێت، کە میدیا خاوەن هێز و هەژموونێکی زۆرە.
بە داخەوە، بەشێکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان و مامۆستایانی زانکۆ دەکەونە ئەو هەڵەوە، کە پێیان وایە میدیا دەسەڵاتی چوارەمە و بە ڕەهای دەتوانێت مامەڵە بکات. بۆیە لە کۆتاییدا دەڵێن؛ میدیا وەکوو دەقێکی نووسراوی یاسایی هیچ دەسەڵاتێکی نییە و مافەکانی لە چوارچێوەی یاسادا هەموارکراون. کەواتە چی بکەین بۆ ئەوەی میدیا ببێتە دەسەڵاتی چوارەم؟
وەکوو لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، میدیا دەسەڵاتی چوارەم نییە، بەڵام ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەکی فەرمی میدیا وەکوو دەسەڵاتی چوارەم پێناسە بکەین بە شێوە یاساییەکە، ئەوە دەبێت پەرلەمان لە دەستووردا ماددەیەک زیاد بکات بۆ ناساندی میدیا وەکوو دەسەڵاتی چوارەم. بەدڵنیاییەوە ئەمەش کارێکی ئێجگار قورسە، چونکە لە مێژوودا لە پاش ڕەهایەتی دەسەڵاتی پادشایەتی، دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری، جێگەی دەسەڵاتی پادشایەتی دەگرنەوە. کە ئەویش لە لایەن فەیلەسووف و بیرمەندی سیاسیی فەڕەنسی، مۆنتیسکیۆ، لە کتێبێکی بەناوی “ڕۆحی یاساکان” ئاماژەی پێ دەدات.
ئەم بیردۆزی دابەشکردنی دەسەڵات، بوو بە بنەمای حوکمڕانی و لێسەندنەوەی دەسەڵات لە پادشا، هەروەها بۆ یەکەمجار لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پەیڕەوکرا، لە پاشاندا وڵاتانی دیکە درێژەپێدەری هەمان سیستەمی سێ دەسەڵاتی حوکمڕانی دەبن، کەواتە گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا هێندە ئاسان نییە، ئەگەر میدیاش بییەوێت ببێت بە دەسەڵاتی چوارەم، دەبێت گۆڕانکاریی ڕیشەیی بکرێت لە دەسەڵات و سیستەمی سیاسیی دەوڵەتەکاندا.
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی دیکە، کە میدیا ناتوانێت ببێت بە دەسەڵاتی چوارەم ئەوەیە، دەسەڵاتەکانی دیکەی وەکوو حکوومەت و پەرلەمان بە دەنگدان و سیستەمی دیموکراسی پێک دەهێنرێن، بەڵام میدیا هەڵبژێردراو نییە لە لایەن تاک و کۆمپانیا و حیزبەکان، هتد، خاوەندارێتی دەکرێت. بۆیە قورسە میدیا بتوانێت وەکوو دەسەڵاتی فەرمی چوارەم خۆی بناسێنێت و ڕۆڵی دەسەڵات ببینێت.
بەڵام وەکوو دەزانین میدیا تەنیا لە گەیاندنی پەیامەکاندا نەوەستاوە، ئەو هەژموونە زۆرەی ئێستا میدیا هەیەتی سەیر نییە، گەر بڵێین؛ میدیا دەسەڵاتی یەکەمە و سێ دەسەڵاتەکەی دیکە لەدوای ئەو دێن. ئەوەی لە ئێستادا میدیا دەیکات پێناسە نەکراوە، چونکە میدیا بە تەنیا خۆی ورووژێنەری هەر سێ دەسەڵاتەکەی دیکە و کاریگەری گەورەی هەیە لە هەموو بوارەکانی دیکەی کۆمەڵایەتی، وەک چۆن لە ماوەی ڕابردوودا، بینیمان میدیا توانی پرسی ڕۆژئاوا نیشانی جیهان بدات و ڕای گشتیی دروست بکات، یان بە دیوە نەرێنییەکەی، وەکوو بینیمان لە پرسی غەززە، میدیا هەموو ڕۆژێک بە بەردەوامی ئازارەکانی نیشان دەداینەوە.
لە ڕابردووشدا جەنگ هەبووە، بەڵام میدیا بەم جۆرەی ئێستا نەبووە. بۆیە لەسایەی سەری میدیاوە، ئێستا جەنگەکانیش بەرەو ئاقارێکی دیکە ڕۆیشتوون، دوور نییە، ئەگەر بڵێین؛ هەموو جەنگەکان بەبێ میدیا هیچ نین، بەجۆرێک کە ئێستا جەنگی ئێران لەگەل ئیسڕائیل و ئەمریکایە، تەنانەت ئەگەر یەکێک لەم دەوڵەتانە خاپوور بکرێت بەبێ میدیا گرنگییەکی نابێت، لە ئێستادا ئەوەندە پارە بۆ لایەنە جیاوازەکانی حکوومەت خەرج دەکرێت، بگرە ئەوەندە زیاتریش بۆ میدیا تەرخان دەکرێت، چونکە میدیا لە کڕۆکدا ناوکێکی ئەتۆمییە و وەرگر لێی بێئاگایە.
بۆیە لە کۆتاییدا، هەرچەندە میدیا هیچ دەسەڵاتێکی فەرمی نییە و دەسەڵاتی چوارەمیش نییە، بەڵام میدیا خۆی بۆخۆی لە ڕێگەی پێشکەوتنێکی تەکنەلۆجیای نوێ و باڵاوە، بووە بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر تەواوی جومگەکانی ژیانی مرۆڤایەتی، بەدڵنیایەوە ئەگەر بە دروستی بە کاری نەهێنین.



