سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

جینۆساید و ڕقئەنگێزی: وەڵامێک بۆ کاکە پێشڕەو محەمەد

ڕێبوار سیوەیلی

پێشەکى و قەدرزانین

دیاردەی “جینۆساید و ڕقئەنگێزی”، بەرلەوەی ڕووداوێکی سەربازی یان سیاسی بێت، پڕۆسەیەکی قووڵی فیکری و زمانییە کە لەسەر گوتاری “بەئەویدیکردن” و سڕینەوەی کەرامەتی بەرامبەر بونیات دەنرێت.

وتارەکەی نووسەرى لاو، پێشڕەو محەممەد، هەوڵێکی زۆر پڕبەخشش و ئەکادیمییە بۆ ڕۆچوون بەناو ڕەگوڕیشەی هزریی ئەم پڕۆسەیە لە مێژوودا. بۆ دەوڵەمەندکردنی زیاتری ئەم دیبەیتە هزرییە لە ڕوانگەی مێژووی ئایدیاکانەوە گرنگە خوێندنەوە بۆ چوارچێوە مێژووییەکانی هەموو سەردەمێک بێبەش نەکرێت لە تایبەتمەندی و ئامرازە جیاوازەکانی خۆی؛ چونکە چەمکەکان لە کات و شوێنی جیاوازدا، دەلالەت و مەبەستی جیاواز هەڵدەگرن. هاوکات تیورییەکانی کۆمەڵکوژیش ئاماژە بەوە دەدەن کە پڕۆسەی سڕینەوەی گرووپێک، پێش چەک بە ڕەوایەتپپێدانى نموونەیی لە ناو زماندا دەست پێدەکات و هێدی هێدی دەبێتە سیاسەتێکی ڕێکخراوی دەوڵەت.

لێرەوە، بە مەبەستی تەواوکردن و قووڵکردنەوەی سەرنجەکانی ناو وتارەکەی پێشڕەو، هەوڵ دەدەم لە ڕێگەی تێکەڵکردنی مێتۆدی مێژووی ئایدیاکان و تیورەکانی جینۆسایدەوە، ڕەهەندە شاراوەکانی گوتاری بەئەویدیکردن، پەرەسەندنی مێژوویی چەمکەکان و کەرەستە زمانی و نەخشە ئایدیۆلۆجییەکانی کۆمەڵکوژی تاوتوێ بکەم.

پێشتریش لە گفتوگۆکانمدا لەگەڵ هەریەکە لە بەڕێزان ڕێبین هەردى و شێرکۆ کرمانج و ڕێبین فەتاح هەندێ زانیاریى هاوشێوەم دووبارە کردۆتەوە، ئەگەر لێرەش هەندێ لێکچوون هەبێت داواى لێبووردن دەکەم.

لە ڕاستییدا دەقی «ڕێزمانی قڕکردن: بەعەرەبکردن، بەئەویدیکەکردن و لۆجیکی ئاخر زەمانییی ئەنفال» لە نووسینی پێشڕەو محەمەد، هەوڵێکی بەرچاو و سەرنجڕاکێشە بۆ چوونە ناو قووڵایی چەمکسازییەکانی تایبەت بە تاوانی ئەنفال و بەعەرەبکردن و ڕەهەندە مێژوویی و ئایدیۆلۆجییەکانی بەئەویدیکردنی کورد لە گوتاری سیاسیی عێراق‌ـدا. پیشڕەو بە نووسین و توێژینەوە ورد و گرنگەکانى ساڵانێکە جێدەستى لە بوارى هزرى کوردیی‌ـدا دیار و بەرچاوە. گرنگیی ئەم نووسینەشى لەوەدا دەردەکەوێت کە هەوڵ دەدات لە ئاستی ڕووداوە مێژووییە ڕووتەکان دەربچێت و چوارچێوەیەکی تیوریی بەرفراوانتر بۆ تێگەیشتن لە لۆجیکی تاوانەکان دابڕێژێت، بەتایبەت لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ مێژووی ئایدیاکان. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم هەوڵە شیکارییەدا، کاتێک دەقەکە دەخەینە ژێر تاقیکردنەوەی میتۆدیی یاسای نێودەوڵەتی، فەلسەفەی سیاسی و نیشانەناسیی تاوانکاری، زنجیرەیەک کێشەی جەوهەری و هاودژیی میتۆدۆلۆجی بەدی دەکرێن. ئەم شیکارییە لە چوار بەشی زنجیرەییدا تیشک دەخاتە سەر ئەو کەموکوڕییانەی کە لە دابەزاندنی تاوانی جینۆساید بۆ ئاستی ململانێی جیۆ-ئابووری، کەوتنە داوی زمانی جەللاد و بەکار‌هێنانی ناڕاستی تێزە تیورییەکاندا، سەرهەڵدەدەن. لە پێشەوە دەڵێم ئەم بابەتانە دەچنە نێو بوارى تێگەیشتنى تایبەت و تاکەکەسى و دەکرێت ئەم گفتوگۆیەش هەر ئاوا بەردەوام بێت، بەڵام من هەوڵ دەدەم کەمتر بیروڕاى تایبەت دەرببڕم و دۆخەکە لە بۆچوونى کەسى بهێنمە دەرەوە.

یەکەم: کەمکردنەوەی میتۆدیی جینۆساید و شێواندنی فەلسەفەی یاسایی

پێکهاتەی فیکری و میتۆدۆلۆجیی توێژینەوەکانی جینۆساید بەردەوام لە نێوان ڕەهەندە مێژوویی، یاسایی، ئابووری و میتافیزیکییەکاندا لە هاتوچوون دایە. کاتێک لە دەقەکەی پێشڕەو محەمەد ڕابمێنین، بە تایبەتی لە هەوڵە شیکارییەکانیدا بۆ جیاکردنەوە، یان ڕێکخستنەوەی چەمکەکانی بەعەرەبکردن، بەئەویدیکردن و جینۆساید، تووشی جۆرێک لە دابڕانی میتۆدی دەبینەوە کە ڕەگوڕیشەی لە بەهەڵەحاڵیبوونى ڕێژەییدایە بۆ فەلسەفەی یاسای نێودەوڵەتی. ئەم هەوڵانە جارێکی تر کێشەی کەمکردنەوەی میتۆدی دەهێننەوە کایەوە، کە تێیدا تاوانێکی گەورەی بوونناسانە و بونیادی وەک جینۆساید دەبەسترێتەوە بە کاتیگۆرییەکانی نیشتەجێکردن، ئابووری، یان ململانێ لەسەر خاک. بەم شێوەیە، تاوانی قڕکردنی ڕەها دەبێتە دەرئەنجامێکی لاوەکیی پڕۆسەیەکی تری سیاسی یان ئایدیۆلۆجی.

لێرەدا خاڵی جەوهەریی دەستپێک بریتییە لە ڕوونکردنەوەی بیرۆکەکانی ڕافایل لیمکین کە دانەری چەمکی جینۆساید و داڕێژەری بنەما سەرەتاییەکانی پەیماننامەی ١٩٤٨ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە. بەکارهێنانی ئارگومێنتەکانی لیمکین لە لایەن پێشڕەو محەمەد تاوەکوو بیسەلمێنێت بەعەرەبکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئابووری و ڕاگواستن تەنها بەشێکی سەربەخۆن لە پەیکەرەی تاوانەکەدا، تووشی لادانێکی پەیبردن و تێگەیشتن دەبێت. وەک پێشڕەویش ئاماژەى پێداوە، کاتێک لیمکین باسی لە ڕەهەندە فەرهەنگی و ئابووری و کارگێڕییەکانى دەکرد بەرامبەر دەسەڵاتی نازی لە ئەورووپای داگیرکراودا، ئەمانەی وەک ئامرازی ئامادەکاری و میکانیزمی ئاسانکاری سەیر دەکرد بۆ گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی، کە بریتی بوو لە لەناوبردنی جەستەیی و فیزیکیی گرووپەکە. بە مانایەکی تر، لای لیمکین، تێکدانی بیناى کۆمەڵایەتی و سڕینەوەی کولتووری، پاشکۆ و دەروازەی تاوانە گەورەکەن، نەک ئامانجی سەربەخۆ کە جێگەی جینۆساید بگرنەوە یان هاوئاستی بن.

کاتێک شیکارییە وردەکەی پێشڕەو تەنێ لەسەر دەستبەسەرداگرتنی خاک، تێکدانی گوندەکان و دەستبەسەرداگرتنی سامانە ئابوورییەکان لەنگەر دەگرێت، تێگەیشتن لە نییەتی تاوانکاریی تایبەت، کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا بە نییەتى جینۆساید یان مێنز ڕەیە (Mens Rea) ناسراوە، تووشی کاڵبوونەوە دەبێت. واتە نیازی تاوانکارانە یان دۆخی دەروونی کەسێک لە کاتی ئەنجامدانی تاوان. “مێنز ڕەیە” یەکسانە بە “نییەت”، مەبەست یان ئاگایی تاوانکار لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا. نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگاکانی تاوانی نێودەوڵەتی (وەک دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکانی یوگۆسلاڤیای پێشوو، ICTY) بە ڕوونی جیاوازیی دەکەن لە نێوان پڕۆسەی پاکتاوی نەژادی یان بە زۆر ڕاگواستن کە دەکرێت ئامانجەکەی خاوێنکردنەوەی خاک بێت لە دانیشتووانەکەی بۆ مەرامی جیۆپۆلەتیکی (نییەتی ڕاگواستن)، لەگەڵ تاوانی جینۆساید کە تێیدا ویستی نەهێشتن و سڕینەوەی جەستەیی گرووپەکە خۆی دەبێتە سەنتەری بڕیارە سیاسی و سەربازییەکان.

ڕەچاونەکردنى ئەم سنوورە یاساییە لای کاکە پێشڕەو وا دەکات پڕۆسەی ئەنفال و کیمیابارانکردن دابەزێنرێن بۆ ئاستی ڕێکارێکی توندی ئەمنی یان داگیرکردنى قەڵەمڕەوێکى زەوی، ئەمەش لە خۆیدا بچووککردنەوەی شوێنەوارە ئەخلاقی و یاساییەکانی ئەو تاوانەیە.

دیاردەیەکی تری کێشەدار لەم ڕوانگەیەوە، دابڕاندنی جەستەی قوربانییە لەو فەزایەی کە تێیدا دەژێت. جەستەی مرۆڤی قوربانی لە لایەن ڕژێمی تاوانکارەوە تەنها وەک بەربەستێک لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی خاک سەیر نەکراوە، بەڵکوو جەستەکە خۆی وەک ئۆبجێکتێکی مەترسیدار و نەشیاو بۆ بڕیاری بەقڕکردن و نابودیی بایۆلۆجی دەستنیشان کراوە. ئەگەر ئامانج تەنها دەستبەسەرداگرتنی زەوی بووایە، کەرەستە کارگێڕی و سیاسییەکان بەس بوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم مەبەستە، بەڵام داڕشتنی سیستەمێکی ڕێکخراوی کۆکردنەوە، پۆلێنکردن، گواستنەوە و لەناوبردنی بەکۆمەڵ لە نوگرە سەلمان و بیابانەکانی باشووردا، هەروەها بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بۆ لەناوبردنی سەرتاپای ڕەگەزی زیندەوەر لە ناوچە ئازادکراوەکاندا، بەرجەستەکەرى ئەوەیە کە جەستەی قوربانی پنتى ڕاستەقینەی ڕق و ئایدیۆلۆجیای جەللاد بووە. هەر ئەمەش ڕێگەى خۆش کردووە بۆ بەدوژمنکردن و پاشان سڕینەوەى ئەوانیدیى کورد، وەک ئەوەى بەعسییەکان لە قۆناغبەندییەکەى خۆیاندا بۆ گەیشتن بە ئامانجى نییەتەکەیان جێبەجێیان دەکرد و من لە کتێبى “قەفەسى ئاسنیین”دا چەمکبەندیم کردووە.

کاتێکیش کاکە پێشڕەو پەنا بۆ تێزەکانى گریگۆری سانتۆن سەبارەت بە قۆناغەکانی جینۆساید دەبات، پێموایە دەکەوێتە هەڵەیەکەوە تاکوو نیشانمان بدات کە هەموو قۆناغەکان هاوئاستن. ئەگەرچى سانتۆن باسی قۆناغەکانی پۆلێنکردن، بەدوژمنکردن، بەئەویدیکردن و ئامادەکاری دەکات، بەڵام دووپاتی دەکاتەوە کە قۆناغی قڕکردنی فیزیکی و ڕیشەکێشکردن (extermination) لوتکە، دەرئەنجام و ئامانجی کۆتاییی کارەکانی تری پێشووە. لێرەدا کاتێک بەعەرەبکردن دەکرێتە جەوهەری کێشەکە لای نووسەر، پڕۆسەی بەئەویدیکردن و پاکتاوی فیزیکی دەبنە ئامرازی لاوەکی، کە ئەمەش سەرەوژێرکردنی هاوکێشە بنەڕەتیەکەیە و بێ پێزکردنی دۆخەکەیە.

لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسییەوە، تاوانی جینۆساید ناکرێت دابەزێنرێت بۆ پڕۆسەیەکی تەواو مێژوویی یان ململانێیەک لەسەر سەرچاوە مادییەکان. کاتێک دەوڵەتی تاوانکار بڕیاری سڕینەوە دەدات، فەزای گشتی و یاسایی بە تەواوی وێران دەکات و پڕۆسەی بێبەشکردنی قوربانی لە هەموو مافێک دەست پێ دەکات. ئەم پڕۆسەیە لە قۆناغی یەکەمدا بە بێبەشکردن لە مافی سیاسی دەست پێ دەکات، پاشان سڕینەوەی ناسنامەی کولتووری و لە کۆتاییشدا لەناوبردنی جەستەیی. هەربۆیە، هەوڵدان بۆ ناساندنی بەعەرەبکردن وەک چەقى کارەکە لەلایەن پێشڕەو، لە ڕاستییدا بریتییە لە مانەوە لە قۆناغەکانی ناوەڕاستی تاوانەکە و پشتگوێخستنی قۆناغی کۆتایی و جەوهەری.

لە سەردەمی مۆدێرنەدا دەسەڵاتە تۆتالیتارەکان ئامرازی بیرۆکراسی بەکار دەهێنن تاوەکوو پڕۆسەی تاوانەکە سروشتی نیشان بدەن. دەزگا ئەمنی و کارگێڕییەکان بە ناردنی نووسراوی فەرمی و دەرکردنى مەڕسووم، لەناوبردنی مرۆڤەکان دەگۆڕن بۆ ئەرکێکی ڕۆژانەى ئاسایی. کاتێک پێشڕەو یان هەر توێژەرێکى دیکە، دەکەوێتە داوی بڕواکردن بەو نووسراوە کارگێڕییانە، بێ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ مەبەستی شاراوەی پشت دەقەکان بکات، ئەوا ڕێگە خۆش دەکات تا زمانی جەللاد جێگەی واقیعی تاوانەکە بگرێتەوە. تاوانی پاکتاوی بەکۆمەڵ تەنها ژمارە یان نەخشەی جۆگرافی نییە، بەڵکوو تێکدانی سەرانسەریی مانای مرۆڤبوون و ڕیشەکێشکردن و قڕکردنییەتى.

حەز دەکەم لێرەدا ڕووى قسەم بکەمە توێژەرانى ئەم بوارە و بڵێم: گرنگە جەخت لەوە بکرێتەوە کە لێکۆڵینەوە لە جینۆساید پێویستی بە میتۆدێکی توکمەی یاسایی و فەلسەفی هەیە کە تێیدا چەمکەکان بە وردی دەستنیشان بکرێن. دابەزاندنی تاوانی جینۆساید بۆ قەڵەمڕەوى میتافیزیکی ڕووت یان کەمکردنەوەی بۆ کێشەی ئابووری و دیموگرافی وەک ئەوەی لە دەقەکەی پێشڕەودا دەبینرێت، ڕاستییە توندەکەی کارساتەکە دەشارێتەوە. جینۆساید پێکهاتەیەکی مەترسیداری لەناوبردنی مرۆڤە کە تێیدا هەموو ئامرازە ئایدیۆلۆجی، سیاسی و سەربازییەکان بەکار دەهێنرێن بۆ سڕینەوەى بوونی کۆمەڵگەیەک، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە گومانێک بۆ ئەوە بهێڵێتەوە کە لەناوبردنی فیزیکی ئامانجی کۆتایی پڕۆسەکەیە.

دووەم: داوی زمانی جەللاد و دابڕانی میتۆدی لە نێوان کاتیگۆرییە مێژووییەکاندا

لێرەدا دەمەوێت شیکارییەکەم بۆ هەوڵەکانی پێشڕەو محەمەد چڕ بکەمەوە بۆ بەستنەوەى ڕەگوڕیشەی بەئەویدیکردنی کورد تا ئاستی دەقە ئیسلامییە مێژوویییەکان و بەکارهێنانی کاتیگۆرییەکانی تاوانبار. کاتێک نووسەر لە دەقەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات: «بەئەویدیکردنی کورد پڕۆسەیەکی مێژوویی قووڵترە لە بەعسیزم و درێژکراوەی ئەو گوتارە کلاسیکە ئیسلامییەیە کە کورد وەک جۆرێک لە ئەویدیکەی ئەنتۆلۆجی و دەرکراو دەبینێت»، کاکە پێشڕەو تووشی ڕادیکاڵیزەکردنی مێژوویی و سڕینەوەی جیاوازییە پێکهاتەیییەکان دەبێت. گەڕانەوە بۆ دەقە مێژوویییەکانی وەک ئەلمەقریزی یان ڕیشەناسیی وشەی “اکردهم” تاوەکوو ڕەوایەتی بە تیوری بەئەویدیکردن بدرێت، ڕەنگە لە ڕووی ئارکیۆلۆجیی زمانەوانییەوە جێگەی سەرنج بێت، بەڵام بۆ تێگەیشتن لە جینۆسایدی مۆدێرنی سەدەی بیستەم تووشی هەڵەیەکی مەترسیداری میتۆدیمان دەکات.

کێشەی یەکەمی ئەم تێڕوانینە بریتییە لە تێکەڵکردنی «گوتاری جیاوازی/ڕقی کولتووریی پێش مۆدێرنە» لەگەڵ «تەکنەلۆجیای قڕکردنی دەوڵەتی تۆتالیتاری سەردەم». ئەوەی ڕژێمی بەعسی بەرەو ئەنفال و کیمیابارانکردن برد، تەنها بوونی پێشداوەریی کۆنینەى نەژادی یان فۆلکلۆری نەبوو بەرامبەر بە کورد، بەڵکوو تێکەڵبوونی ئەو ئایدیا کۆنانە بوو لەگەڵ سیستەمی بیرۆکراسیی مۆدێرن، ناسیۆنالیزمی تووندڕەوی دەوڵەت-سەنتەر و ئامرازەکانی پیشەسازیی سەربازی. کاتێک پێشڕەو دۆخى بەعس دەبەستێتەوە بە درێژکراوەی چەمکە مێژوویییە کۆنەکانەوە، خۆنەویستانە ڕۆڵی دەوڵەتی مۆدێرن و ئایدیۆلۆجیا تۆتالیتارەکەی لە دروستکردنی پیشەسازیی مەرگدا کەم دەکاتەوە. جینۆساید لە سەدەی بیستەمدا تەنها ڕقێکی کۆنی مێژوویی نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی عەقڵانییەتی بیرۆکراتییە کاتێک لە ئەخلاقی مرۆیی دادەماڵرێت و لەمڕوەشەوە زیگمۆند باومان زۆر وانەى فێرکردووین.

لەلایەکی ترەوە، نووسەر بەرگری لە بەکارهێنانی چەمکی تەعریب دەکات و لە دەقەکەیدا دەڵێت: «نووسینەوەی مێژووی کاتیگۆرییەکانی جەللاد بە مانای کەوتنە داوی زمانی تاوانبار نایەت، بەڵکوو تێگەیشتنە لەو میکانیزمانەی کە تاوانەکەی پێ ئەنجام دراوە». ئەم ئارگومێنتە لە ڕووی نیشانەناسییەوە کێشەدارە، چونکە بەکارهێنانی ڕاستەوخۆى چەمکەکانى دەسەڵات وا دەکات توێژەر خۆی بکەوێتە ناو تۆڕی چەمکسازیی جەللادەوە و نەتوانێ ڕەخنەیان بکات. کاتێک دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا وشەی بەعەرەبکردن، ڕاگواستن، یان ڕێکخستنەوە و هاوچەرخکردنى گوندەکانیان بەکار دەهێنا، ئامانجیان تێکدانی زمانی دادوەری و شاردنەوەى حەقیقەتی تاوانەکە بوو لە ژێر ناوی بڕیاری کارگێڕی و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییدا.

قەبووڵکردنى چەمکی “بەعەرەبکردن” وەک ناسنامەی سەرەکیی پڕۆسەکە، ڕێک کەوتنە ناو هەمان ئەو داوە زمانییەیە کە جەللاد نابووییەوە؛ چونکە پڕۆسەی لەناوبردنی بەکۆمەڵ لە پشت پڕۆسەیەکی گۆڕینی دیموگرافی یان کولتووری دەشارێتەوە. لە یاسای تاوانی نێودەوڵەتیدا، ناونانی تاوان دەبێت بەپێی ئامانج و ئەنجامە ڕاستەقینەکەی بێت کە بریتییە لە جینۆساید، نەک بەپێی ئەو وشە و دەستەواژە جوانکراوانەی کە ڕژێمی تاوانکار لە ناوەندە فەرمییەکانیدا بۆ شاردنەوەی تاوانەکەی پشتی پێ بەستوون.

سەرەڕای ئەوە، دادۆشینی دەقە مێژوویییەکان تاوەکوو بسەلمێنرێت کە کورد هەمیشە لە دۆخی بەئەویدیکردنی ڕەهادا بووە، پڕۆسەی سیاسی و مێژوویی تووشی جۆرێک لە فەتالیزم یان زەبروزەنگی حەتمی دەکات. کاتێک مێژوو دەکرێتە یەک هێڵی درێژبووەوە لە ڕق و پاکتاوکردن، ڕەهەندە جیۆپۆلیتیکی و ناوچەیییەکانی سەردەمی مۆدێرن کە بوونە هۆی ڕوودانی ئەنفال پەراوێز دەخرێن. تاوانی ئەنفال تەنها دەقێکی مێژوویی کۆن نەبوو، تا دووبارە بێتەوە، بەڵکوو ئامانجێکی ڕێکخراوی ئایدیۆلۆجى و سەربازیی و سیاسی بوو کە لە هەلومەرجێکی دیاریکراوی جەنگ و ئایدیۆلۆجیای بەعسیزم دا داڕێژرا. بەعس لەو قۆناغەدا بەو ئەنجامە گەیشتبوو کە سڕینەوى کۆتایی کورد دوا ئامانجى وەدیهێنانى خەونى پان-عەرەبیزم و ئامانجە ئایدیۆلۆجییەکەى بوو چونکە کورد نە دەیویست ببێتە عەرەب، نە لە دۆخى ئەویتردا دەمایەوە بۆیە دەبوو بەدوژمن بکرێت و یەکجارەکى لەناو ببرێت.

لەم سۆنگەیەوە، دابڕاندنی گوتاری بەعس لە سیاقە مۆدێرنەکەی و بەستنەوەی بە دەقە کۆنەکانەوە، زیان بە تێگەیشتنی زانستی لە ڕەهەندەکانی جینۆساید دەگەیەنێت. توێژینەوەی ئەکادیمی لەسەر تاوانە گەورەکان پێویستی بەوەیە کە جیاوازی لە نێوان کاتیگۆرییە شیکارییە سەربەخۆکان و زمانی بەکارهێنراوی دەسەڵاتی تاوانکاردا بکرێت. مانەوە لە ناو کاتیگۆرییەکانی دەسەڵات و هەوڵدان بۆ شیکردنەوەیان وەک ڕاستییەکی ڕەها، وا دەکات سنووری نێوان شیکاریی ڕەخنەیی و دووبارەکردنەوەی گوتاری تاوانبار لێڵ بێت.

درێژەکێشانی ئەم میتۆدە لە دەقەکەی پێشڕەو دا نیشانی دەدات کە چۆن هەوڵدان بۆ دروستکردنی جۆرێک لە هەماهەنگی لە نێوان ڕوانگە جیاوازەکاندا، توێژەر دەباتە ناو داوی کەمکردنەوەی جەوهەری تاوانەکە. تاوانی پاکتاوی بەکۆمەڵ پێویستی بە چەمکسازیی سەربەخۆ هەیە کە بە تەواوی لە زمانی جەللاد و لە چەمکە زیادە مێژوویییەکان ڕووت کرابێتەوە تاوەکوو بە پێوەرە یاسایی و ئەخلاقییە جیهانییەکانى سەردەم بپێورێت.

سێیەم: بەراوردکارییە تیورییەکان و بەهەڵەداواندنی فەزای هێز

لەم بەشەدا شیکارییەکە ڕووبەڕووی ئەو بەراوردکارییە تیورییانە دەبێتەوە کە پێشڕەو محەمەد لە نێوان نازیزم و بەعسیزم دا ئەنجامیان دەدات. نووسەر کاتێک پەنا دەباتە بەر تێزەکەی ساول فریدلاندەر سەبارەت بە «دژە-جوواییەتیی ڕزگارییخواز» تاوەکوو لۆجیکی تاوانکاریی بەعس ڕوون بکاتەوە، لە دەقەکەیدا دەنووسێت: «لۆجیکی بەعسیزم بەرامبەر بە کورد ڕێک هاوشێوەی لۆجیکی نازیزم بوو بەرامبەر بە جوو؛ کورد لە هەمان کاتدا هەم ئامرازی ئاسیمیلاسیۆن بوو و هەم ئەو شەیتانە ئەنتۆلۆجییەی کە دەبوو بۆ ڕزگارکردنی نەتەوەی عەرەب پاکتاو بكرێت». ئەم سەپاندنە تیورییە تووشی هەڵەیەکی بونیادیی گەورە دەبێت لە تێگەیشتن لە سرووشتی جیاوازیی هەردوو سیستەمەکە و قوربانییەکانیان.

با هەناسەیەک هەڵکێشین و بزانین کێشەى سەرەکیى ئەم خستنەڕووە چییە؟: کێشەی یەکەمی ئەم بەراوردکارییە لە جیاوازیی جەوهەریی نێوان «دوژمنی ناوەکی» و «دوژمنی فەزایی/جیۆگرافی»دا سەرهەڵدەدات. لە ئایدیۆلۆجیای نازیزم دا، جووەکان وەک پارازیتێکی ناوەکیی بێ خاک و بێ جۆگرافیای دیاریکراو لە ناو کۆمەڵگەی ئەڵمانی دا پێناسه دەکران. لێدانی نازیزم بۆ جووەکان پڕۆژەیەکی تەواو بایۆلۆجی و ئەنتۆلۆجی بوو کە تێیدا هیچ دەرفەتێک بۆ «بەئەڵمانیکردنی جوو» یان ڕێککەوتنی سیاسی نەبوو. بەڵام لە باری بەعسیزم و کورد دا، کورد خاوەنی خاک، نیشتمان، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ڕەهەندی جیۆپۆلیتیکی سەربەخۆی خۆی بوو لە باشووردا. داپۆشینی ئەم جیاوازییە بە تێزی فریدلاندەر، وا دەکات خەباتی سیاسی و داواکارییە کۆمەڵایەتی و نیشتمانییەکانی کوردستانیان کەم ببنەوە و بەرەو هاوکێشەیەکی میتافیزیکیی ڕووت ببرێن.

کێشەیەکی تری زەق لە شیکارییەکەی پێشڕەو دا، بەراوردکردنی ناڕاستی پێکهاتەی هێزە خۆماڵییەکانە. کاتێک نووسەر دیاردەی چەکدارە خۆماڵییەکان (جاش) لە کوردستان بەراورد دەکات بە کۆماندۆ تایبەتەکانی جوو لە کەمپەکانی نازیزم دا و دەڵێت: «دیاردەی جاش لە کوردستان دا هەمان ڕۆڵی سوندرکۆماندۆی (Sonderkommando)ی لە کەمپەکانی مەرگی نازیزم دا دەگێڕا کە تێیدا قوربانی ناچار دەکرا ببێتە ئامرازی جێبەجێکردنی پڕۆسەی پاکتاوکردنی هاوڕێکانی»، تووشی لادانێکی توندی مێژوویی، ئەخلاقی و فیکری دەبێتەوە کە تێیدا فەزای هێز و ئیرادە (Agency) بە تەواوی دەشێوێنرێت.

ئەم بەراوردکارییە لە بنەڕەتدا هەڵەیە؛ چونکە سوندرکۆماندۆکان لە کەمپەکانی مەحوکردنەوەدا لە ژێر زەبروزەنگی توند، ژووری غاز و چەقۆی جەللاد دا، بێ هیچ ئیرادە، هێز یان دەسەڵاتێکی سیاسی و ماددی، بە زۆرەملی و تەنها بۆ مانەوەی چەند هەفتەیەک لە ژیاندا، ناچار دەکران تەرمی هاوڕێکانیان بسووتێنن و لە کۆتاییشدا خۆشیان دەکەوتنە بەر هەمان پڕۆسەی کۆتایی و سڕینەوە.

لە بەرامبەردا، دیاردەی چەکدارکردنی هۆزەکان و جاشایەتی لە کوردستان، بەرهەمی سیستەمێکی ئاڵۆزی سیاسی، خێڵایەتی، ئابووری و بەرژەوەندپەرستی بوو کە تێیدا بەشێک لە سەرۆک هۆزەکان و چەکدارەکان بە ئاگایی، بە ئیرادەی ئازاد و بۆ پاراستنی دەسەڵات، سامان و مووچەی دەوڵەت، لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی بەعس دا هاوکارییان دەکرد و لە دەرەوەی کەمپەکان ئازادیی جووڵەیان هەبوو. تێکەڵکردنی ئەم دوو حاڵەتە لەلایەن پێشڕەو‌ـ‌ەوە، جگە لەوەی کەمکردنەوەیە لە قوربانیانی زۆرەملێی کەمپەکان، لە هەمان کاتدا دروستکردنی ئاساییکردنەوەیەک (normalization) یان پاکانەیەکی میتۆدیی شاراوەیە بۆ بەکرێگیراوانی تاوانبار و شاردنەوەی بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و مێژووییان.

سەپاندنی تیورەکانی ڕۆژئاوا بەسەر واقیعی سیاسی و مێژوویی کوردستان دا بێ لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییە خۆماڵییەکان، وا دەکات توێژەر لە بری شیکردنەوەی واقیعەکە، هەوڵی گونجاندنی ڕووداوەکان بدات لەگەڵ مۆدێلە ئامادەکراوەکاندا. تاوانی ئەنفال و کیمیابارانکردن پێویستیان بە تێگەیشتنە لە میکانیزمەکانی دەوڵەتی تۆتالیتاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی، نەک کەمکردنەوەیان بۆ کۆپییەکی ناڕوونی نازیزمی ئەورووپی.

لە ئەنجامدا، ئەم جۆرە بەراوردکارییە ناڕاستانە لە بری ئەوەی ڕەهەندەکانی تاوانەکە ڕوون بکەنەوە، زیاتر تەمومژ لەسەر نییەتی تاوانکاریی دەسەڵات دروست دەکەن. تیوریزەکردنی ناڕاستی تاوانە گەورەکان و بەکارهێنانی چەمکی ناپێویست، ڕێگە لە دروستبوونی گوتارێکی یاسایی و سیاسیی بەهێز دەگرێت کە بتوانێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرگری لە ناسنامە و مافی قوربانیان بکات.

چوارەم: سازشی چەمکسازی، هاودژیی میتۆدۆلۆجی

لەم بەشە کۆتایییەدا، شیکارییەکە دەگاتە خاڵی یەکلاکردنەوەی تیوری و میتۆدۆلۆجی بەرامبەر ئەو سازشە چەمکسازییەی کە پێشڕەو لە کۆتایی وتارەکەیدا پێشنیازی دەکات. نووسەر لە دوا ئارگومێنتەکانیدا هەوڵ دەدات جۆرێک لە پێکهاتنی کاڵ لە نێوان ڕوانگە جیاوازەکاندا دروست بکات، کاتێک لە دەقەکەیدا دەنووسێت: «تێزەکەی کرمانج سەبارەت بە ململانێ لەسەر خاک و ئابووری و تێزەکەی سیوەیلی سەبارەت بە بەئەویدیکردن و میتافیزیکی تاوانەکە، دوو تێزی دژبەیەک نین، بەڵکوو دوو ڕووکاری تەواوکەری هەمان پڕۆسەی مێژوویین کە دەبێت لە چوارچێوەیەکی گشتگیرتردا پێکەوە ببەسترێنەوە». ئەم ئەنجامگیرییە ئەگەرچی لە ڕووی ڕووکارەوە وەک هەوڵێکی ناوبژیوانیی هاوسەنگ و نەرم دەردەکەوێت تاوەکوو نێوان هەردوو دەقەکە ڕێک بخاتەوە، بەڵام لە جەوهەردا ڕاکردنە لە یەکلاکردنەوەی میتۆدی و فەلسەفیی تاوانەکە و کەوتنە ناو هاودژییەکی پەڕگیر لە نێوان دوو سیستەمی فیکریدا.

کێشەی بنەڕەتی لەم جۆرە هەڵوێستە ناوبژیوانکارییەدا ئەوەیە کە دوو تێزی بە تەواوی جیاواز لە سەرچاوە، هۆکارمەند (causality)، فەلسەفە و نییەتی یاساییدا تێکەڵ دەکات. کاتێک تێزێک داگیرکاریی خاک، گۆڕینی دیموگرافی و ململانێی جیۆ-ئابووری دەکاتە ئامانجی سەرەکیی دەسەڵات و کوشتن تەنها وەک ئامرازێکی یارمەتیدەر دەبینێت، لە بەرامبەر تێزێکدا کە بەئەویدیکردن، بەدوژمنکردن، بێبەشکردنی ئەنتۆلۆجی و پاکتاوی جەستەیی بە ئامانجی ڕەهای ئایدیۆلۆجیا دەزانێت و دەستبەسەرداگرتنی خاک بە دەرئەنجامێکی لاوەکی ئەژمار دەکات، هاوکێشەکە تەنها جیاوازییەکی ڕووکاری یان دەوڵەمەندکردنی یەکتر نییە.

پێکەوەبەستنی ئەم دوو ڕوانگە دژبەیەکە وا دەکات خوێنەر و توێژەر لەبەردەم شێواوییەکی میتۆدۆلۆجیی تونددا بەجێ بهێڵرێن. لە یاسای تاوانی نێودەوڵەتیدا، ئەگەر تاوانێک ئامانجەکەی تەنها دەستبەسەرداگرتنی زەوی، تێکدانی گوندەکان و ڕاگواستنی دانیشتووانەکەی بێت، دەچێتە خانەی «تاوانی جەنگ» یان «پاکتاوی نەژادی (ethnic cleansing)»، بەڵام کاتێک ئامانجەکە سڕینەوەی جەستەیی و لەناوبردنی گرووپەکە بێت وەک بوونێک، ئەوا بە تەواوی دەچێتە خانەی تاوانی «جینۆساید». هەوڵدان بۆ تێکەڵکردنی ئەم دووانە وەک دوو ئاستی هاوتەریب، داماڵینی تاوانی جینۆسایدە لە تایبەتمەندییە یاسایی و ئەخلاقییە بڕیاردەرەکەی.

لەلایەکی ترەوە، ئەم هەوڵەی پێشڕەو محەمەد بۆ تێکەڵکردنی تێزەکان، بەسەر تێنەگەیشتنێکی تردا دەکرێتەوە لە سرووشتی جوگرافیای تاوانەکە. ئەگەر بەپێی ئارگومێنتەکانی شێرکۆ کرمانج و هەوڵی تەواوکاریی کاکە پێشڕەو تەماشاى بڕیارەکانی ڕژێمی بەعس بکەین، وا دادەنرێت کە پڕۆسەی ئەنفال تەنها بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە مادییەکان بوو بێت؛ بەڵام پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە: ئایا وێرانکردنی چیای قەندیل، ناوچە شاخاوییەکانی بادینان، یان بیابانیکردنی دۆڵەکانی گەرمیان بە کیمیایی و لەناوبردنی ڕەز و باخەکان، چ دەستکەوتێکی ئابووری یان لە پێناوى نیشتەجێکردنی بۆ عەرەب لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق دا تێدا بوو؟ واقیعی مەیدانی دەیسەلمێنێت کە دەسەڵاتی بەعس لە زۆر شوێندا خاکەکەی بە تەواوی سووتاند و کردییە ناوچەی قەدەغەکراو (أرض محرمة) بەبێ ئەوەی هیچ پڕۆسەیەکی نیشتەجێکردنی عەرەبی تێدا ئەنجام بدات. ئەمە نیشان دەدات کە «لەناوبردنی ژینگە و جەستەی قوربانی» خۆی ئامانجی کۆتایی بوو، نەک بەکارهێنانی ئابوورییانەی خاکەکە.

کەواتە، ئەنجامگیریی کۆتایی ئەم توێژینەوەیە بە ڕوونی دەمانباتەوە سەر ئەوەی کە پڕۆسەی ئەنفال و تاوانەکانی ڕژێمی بەعس بەرامبەر بە نەتەوەی کورد، بە هیچ شێوەیەک بەتەنیا ناچنە ژێر کاتیگۆریی بەعەرەبکردن یان داگیرکاریی جیۆ-ئابووری. بەعەرەبکردن تەنها ئامرازێکی کارگێڕی، دیموگرافی و سیاسیی بەرایی بوو، بەڵام کاتێک دەوڵەت هەنگاوی نا بەرەو بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، دروستکردنی کەمپی کۆکردنەوە لە توپزاوا و نوگرە سەلمان و پاکتاوی جەستەیی سەراپای دانیشتووانی ناوچە ڕزگارکراوەکان، تاوانەکە گەیشتە لوتکەی مێژوویی و ئەنتۆلۆجیی خۆی کە بریتییە لە جینۆساید. دابەزاندنی ئەم ڕاستییە پڕ لە ئازارە بۆ قەڵەمڕەوێکى میتافیزیکی ڕووت یان کەمکردنەوەی بۆ ململانێ لەسەر سنوور و خاک وەک ئەوەی لە تێزەکانی کرمانج و گوتارەکەى کاکە پێشڕەو دا دەبینرێت، هیچ خزمەتێک بە گوتاری یاسایی، ئەکادیمی و مێژوویی قوربانیان ناکات.

پڕۆسەی نووسینەوەی تاوانی ئەنفال و ڕەهەندەکانی بەئەویدیکردن و بە دوژمنکردن، پێویستی بە داماڵینی گوتارەکەیە لە هەر جۆرە داوێکی زمانی جەللاد و هەموو هەوڵێکی ناوبژیوانکارانە کە بیەوێت سنووری نێوان تاوانی جەنگ و تاوانی جینۆساید تەماوى بکات. جینۆساید وەک لوتکەی توێکڵسڕینی نەتەوەیی و فیزیکی، پێویستی بە پاراستنی سەربەخۆیی چەمکەکەی و قووڵکردنەوەی فەلسەفە یاساییەکەی هەیە لە بەرامبەر هەموو هەوڵێک بۆ بەئامرازکردنی مێژوویی یان کەمکردنەوەی تیوری. ڕێزگرتن لە یادەوەریی قوربانیان لەوەوە دەست پێ دەکات کە تاوانەکە بە ناوی ڕاستەقینەی خۆی و بە بێ داپۆشینی چەمکسازی ناوزەد بگۆڕدرێت.

ئەنجام

لە کۆتاییدا، ئەم شیکارییە ڕەخنەیییە سێ ڕاستیی بنەڕەتی و یەکلاکەرەوە لەسەر دەقەکەی پێشڕەو محەمەد دەسەلمێنێت:

١. دابەزاندنی تاوان لە یاسای نێودەوڵەتیدا: بەعەرەبکردن تەنها ئامرازێکی دیموگرافی و کارگێڕیی بەرایی بوو. کاتێک بەعس گەیشتە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و زیندەبەچاڵکردن، تاوانەکە ڕاستەوخۆ گەیشتە سەنتەری خۆی کە جینۆساید و نیەتمەندییە. کەمکردنەوەی تاوانەکە بۆ ئاستی بەعەرەبکردن یان ململانێی ئابووری، شێواندنی فەلسەفەی یاسایی تاوانەکەیە.

٢. داوی زمانی جەللاد و بەراوردکاریی ناڕاست: پەنابردن بۆ کاتیگۆرییە کارگێڕییەکانی تاوانبار (وەک بەعەرەبکردن)، یان بەکار‌هێنانی ناڕاستی تێزەکانی وەک نازیزم و هاوشێوەکردنی «جاش» بە Sonderkommando، نەک هەر هەڵەی مێژوویی و فیکرییە، بەڵکوو دروستکردنی پاساو و ئاساییکردنەوەی شاراوەیە بۆ بەکرێگیراوانی تاوانبار کە لە سەرپۆشکردنی ئیرادە و بەرژەوەندییەکانیانەوە سەرهەڵدەدات.

٣. پووچەڵبوونی سازشی چەمکسازی: بەستنەوەی تێزی جیۆ-ئابووری (خاک وەک سەنتەر) بە تێزی جینۆسایدەوە (جەستە و بوون وەک سەنتەر)، هاودژییەکی میتۆدۆلۆجییی پەڕگیرە (epistemological incompatibility). هەربۆیە، پاراستنی ناسنامەی یاسایی قوربانیان بەوە دەست پێ دەکات کە جینۆساید وەک تاوانێکی ڕەهای سڕینەوەى بوون بگۆڕدرێت، بێ ئەوەی بکرێتە قوربانیی هیچ کەمکردنەوەیەکی ئابووری یان یارییەکی چەمکسازانە.

سەرچاوە

پێشڕەو محەمەد (٢٠٢٦)، ڕێزمانی قڕکردن: بەعەرەبکردن، بەئەویدیکهکردن و لۆجیکی ئاخر زەمانییی ئەنفال. سەکۆ: https://sekokurd.org/?p=9032

file:///C:/Users/Dell/OneDrive/Desktop/Raphael_Lemkins_Derivation_of_Genocide_from_His_A.pdf

Stanton, Gregory H. (1998), The Ten Stages of Genocide. Genocide Watch. کورتەى کتێبەکە:

Ten Stages of Genocide

Friedländer, Saul (1997), Nazi Germany and the Jews: Volume 1: The Years of Persecution, 1933-1939. HarperCollins.

Arendt, Hannah (1951), The Origins of Totalitarianism. Schocken Books.

hannah-arendt-the-origins-of-totalitarianism-meridian-1962.pdf

International Criminal Tribunal for the former Yugoslavia (ICTY) (2001), Prosecutor v. Radislav Krstić (Trial Judgment), IT-98-33-T.

CASE NOTES PROSECUTOR V RADISLAV KRSTIĆ:* ICTY AUTHENTICATES GENOCIDE AT SREBRENICA AND CONVICTS FOR AIDING AND ABETTING

ڕێبوار سیوەیلى: قەفەسى ئاسنین یان بۆ ببمەوە بە عێراقى؟ سلێمانى ٢٠٠٣، ڕەنج.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO