محەمەد حەمە تەقی
لە بیستەکانی سەدەی بیستەمدا، حکوومەتەکەی مەلیک مەحموود بە پیلانی سێ لایەنەی (ئینگلیز و تورک و عێراق) ڕووخا، هەر لەو ساڵانەدا جوڵانەوەکەی سمکۆ لە ڕۆژهەڵات لەباربرا و سمکۆ خۆشی بە پیلانێکی دەوڵەتی ئێران کوژرا. هەردوو شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و ئارارات، لە لایەن دەوڵەتی تازە دامەزراوی تورکیاوە، کە مستەفا کەمال ئەتاتورک ڕابەرایەتی دەکرد، بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە سەرکوتکران و سەرانی شۆڕشیش لە سێدارەدران.
ئەو کارەسات و ڕووداوانەی ئەو ڕۆژگارە، کە نزیکەی سەد ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، بووەتە هۆی پاشەکشەیەکی بەردەوامی دۆزی کورد و کولتووری کوردی و بزووتنەوەی کوردایەتی.
لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە، تاوەکوو ڕاپەرینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١، دۆزی کوردی نەیتوانی بگەڕێتەوە سەر شانۆی سیاسیی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، ئەگەرچی لەو ماوە دوور و درێژەدا (بە نزیکەی شەست ساڵ)، چەندین شۆڕش و ڕاپەڕین لە پارچەکانی کوردستاندا، لە لایەن گەلی کوردەوە ئەنجامدراون، تەنانەت کۆمارە چەند مانگیەکەی مەهاباد و بەیاننامەکەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠، کە وەکوو دوو دەستکەوتی مەزن و دوو وەرچەرخانی نەتەوایەتی هەژماردەکرێن، نەیانتوانی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی نە لە ژیانی فەرهەنگی و نە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی خەڵکی کوردستاندا دروست بکەن، بەپێچەوانەوە، ئەم دوو دەستکەوتە نەتەوایەتییەش هەر زوو بە پیلانی داگیرکەران و نەخەمڵیوی بیری سیاسیی کوردی پووکانەوە.
ڕاپەڕین و کۆڕەوە دوو میلیۆنییەکەی خەڵکی کوردستان، بەرانبەر زوڵم و ستەمی دەوڵەتی عێراقی، کە لێکەوتەی دووەم جەنگی کەنداو و گرتنی کوێت بوو، گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەر دۆزی کورد لە ناوچەکەدا هێنا، جارێکی دیکە کێشەی نەتەوایەتی و مرۆڤایەتی کورد، کەوتەوە سەر شانۆی سیاسیی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان، بە تایبەتی بڕیاری ژمارە (٦٨٨)ی ئەنجومەنی ئاساییش، کە لە ٥/٤/١٩٩١ دەرچوو، بوو بە چەترێک بۆ پاراستنی نەتەوەی کوردی باشوور لەدەست ڕژێمی داپڵۆسێنەری عێراقی، لەژێر سێبەری ئەو چەترە و بەهۆی یەکڕیزی و یەکدەنگی گەلی کورد و هێزە سیاسیەکانی، توانرا بۆ یەکەمجار کورد ببێتە خاوەنی حکوومەت و پارلەمانی خۆی.
پەلامارەکانی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش، پێگەی کوردی لە ناوچەکەدا بەهێزتر کرد، بە تایبەتی دوای ئەو بەرەنگارییە قارەمانانەی، کە کچان و کوڕانی کورد لە ڕۆژئاڤا (شەڕڤانان) و هێزەکانی پێشمەرگە لە باشوور کردیان، داعش وەکوو هێزێکی قیزەون لە جیهاندا ناسێنرا، کوردیش وەکوو گەلێکی قارەمان و شۆڕشگێڕ، هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاڤا توانیان خۆبەڕێوەبەرییەک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا چێ بکەن، لەو پارچەیەی کوردستانیش کورد بوو بە خاوەنی هێز و دەسەڵاتی بەڕێوەبردن، ئەو بەرگری و خۆبەڕێوەبەرێتییەی شەڕڤانان بە شێوەیەک بوو، کە چاوی هاوپەیمانی دژە داعشی بۆ خۆی ڕاكێشا و کۆمەک و پشتیوانی باش کران، بزوتنەوەی کوردایەتی لە باکووریش پێی نایە قۆناغێکی هەستیارەوە، کە کورد پێی دەڵێت پڕۆسەی ئاشتی و دەوڵەتی تورکیاش تاوەکوو ئێستا بە نەهێشتنی تیرۆر ناوزەدی دەکات.
پێگەی کورد لە ناوچەکەدا، تاوەکوو ئاستێکی باش زۆر لە سەدەی ڕابردوو باشترە، گەرچی نە دەوڵەتی دامەزراندووە و نە چوارچێوەیەکی تۆکمەش بۆ پاراستنی ئەو پێگەیە هەیە.
هەمیشە ئەوەی مایەی مەترسی بووە بۆ نەتەوەی کورد، پیلانی بەردەوامی داگیرکەران و ناکۆکی ناوماڵی کورد بووە، دیارە پیلانی داگیرکەران هەر بەردەوامە و ئەوە کاری هەموو داگیرکەرێکە، ناکرێت ئەوباڵی هەموو نەهامەتییەکان بۆ داگیرکەرانی کوردستان و بەڵێنی ناڕاستی هێزە جیهانی و هەرێمایەتییەکان بگەڕێنینەوە، دەبێت نەتەوەی کوردیش هەم پیلانی خۆی هەبێت و هەم یەکگرتوویی و یەکڕیزی خۆی بپارێزیت.
لە ئێستادا، پیلانێکی زۆر گەورە لە سەر قەوارەی هەرێم و ئەو خۆبەڕێوەبەرییەی ڕۆژئاڤا و خەباتی چەند ساڵەی کوردایەتی باکوور هەیە، لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بینیمان، کە تاریکپەرستان، بە هاوکاری و ڕێنمایی دەوڵەتێکی داگیرکەری کوردستان، چۆن پەلاماری ڕۆژئاڤایان دا و چەند دڕندانە هێرشیان کردە سەر شەڕڤانان، چەند ساڵێکیشە قەوارەی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر بارێکی قورسی ئابوورییەوە، ئەمە جگە لە شاڵاوی بە عەرەبکردن لە ڕێگەی ئاسانکاری کڕینی خانووبەرە لە کوردستاندا و گۆڕین و بێ بایەخکردنی زمان و کولتووری کوردی بە بیانوی ئایینی، پڕۆسەی ئاشتیش لە باکوور هیچ نییە جگە لە لەباربردنی خەباتی چەکداری و نەتەوەیی چەند ساڵەی ئەو پارچەی نیشتیمان.
بە دڵنیاییەوە نەمان، یان لاوازکردنی هەر یەکە لەو پێگە و دەسەڵاتانەی کوردی لە باشوور و باکوور و ڕۆژئاوا، کارئاسانی دەکات بۆ داگیرکەرانی کوردستان، کە زۆر بە ئاسانتر پێگە و دەسەڵاتی کورد لە بەشەکانی دیکەش لاواز بکەن و نەیهێڵێن.
ئەوەی من لێرەدا دەمەوێت بیڵێم بە خەمخۆرانی نەتەوەی کورد، بە تایبەتی بە بەڕێزان لە حکوومەتی هەرێم و دەسەڵاتی کوردی لە باشوور، یەکەم لاوازبوونی هەر یەکە لەو دوو ستاتۆ کوردییەی باکوور و ڕۆژئاڤا، لاوازبوونی زیاتر و نەمان بەسەر قەوارەی هەرێمدا دەهێنێت، هەوڵێکی داگیرکەرانی کوردستان هەیە، کە دەیانەوێت لە ڕێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێگەی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان لاواز بکەن، حکوومەتی هەرێمیش بە بیانووی پاراستنی قەوارەی هەرێم لاری نییە لە جێبەجێکردنی ئەو پیلانەدا، کە ئەمە ئەنجامێکی زۆر خراپی بۆ تەواوی نەتەوەی کورد و ئایندەی قەوارەی هەرێم دەبێت. دووەم داواکاریم ئەوەیە، کە دەبێت هەرچی زووترە ناوماڵی کورد ڕێک بخرێتەوە، ئەو ناکۆکی و ناتەباییەی هێزە بڕیاربەدەستەکانی هەرێم، جگە لەوەی، کە کەلێنێکی گەورەیە بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانی داگیرکەران، قەوارەی هەرێم و دەسەڵاتی کوردیش وەکوو حکوومەتەکەی مەلیک مەحموود نغرۆ دەکات، کە ڕەنگە نەتەوەی کورد تاوەکوو شەست ساڵی دیکە، یان بۆ هەتا هەتایە باجی ئەو غرور و بێباکییەی سەرانی دەسەڵاتی کوردی بدات، یەک بگرن با مێژوومان لەسەر دووبارە نەبێتەوە.



