سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بۆچی لە ئێستادا پێویستمان بە ئامادەکردنەوەی ڕۆحییەتی مامۆستای مودەڕیسە؟

ئەبوبەکر کاروانی

ˮمامۆستای مودەریس“ زۆر ناسراوترە لەوەی کە لێرەدا بیناسێنین. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئێستامان وەكو پێویست سوودمان لە ڕۆحییەت و هەناسە پاکەکانی وەرنەگرتووە، واتە نەمانتوانیوە لەسەر ئاستی ڕۆحییەت و ئەخلاقییەکە ئامادەی بکەینەوە و لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستاماندا زۆرترین بەشداری پێ بکەین. مودەڕیسی گەورە دواهەمین ڕەمزی گەورەی زانای سوننەتیی کوردەواری لە چاخی کاریگەربوون بە مۆدێرنەدا بووە. ئەم زانا و سۆفی و خواناس و ساغکەرەوەی ئەدەب و زیندووکەرەوەی مێژووی زانایانمان و بە کوردیکردنی خوتبە و فیقهی شافیعی و ڕاڤەکار و زۆر شتی تریش بووە. هەموو ئەمانەی تێکەڵ بە ڕۆحییەت و ئەخلاق و زانابوون و سۆفییە پاکییەکەی خۆی کردبوو و بۆنوبەرامێکی تایبەتی پێ بەخشیبوون.

مودەریس و دوو کوڕەکەی (محەمەد و فاتیح) لەپشت ڕزگارکردنی بەشێکی زۆری گەنجینەی مێژووی ئەدەبی ئێمەوە بوون، کە عەشق و عیرفان ناسنامە گشتییەکەی پێکدەهێنن. ئەوان تەنیا دەقەکانیان لە فەوتان ڕزگار نەکرد، بەڵکو بە پاشخانە دەوڵەمەند و زانستییەکەی مامۆستا لەلایەک و لەلایەکی دیکەش کوڕەکانی لە بواری فیقهـی و کەلام و زمان و تەسەوف و زۆر شتی دیکە تەلیسمی ئەو دەقانەیان بۆ خوێنەری نوێی زمانی کوردی دەکردە چەمک و زاراوەکانیان شی دەکردەوە، کە زۆربەمان لە ئێستادا ئاشنایان نین.

مودەڕیس بە هاندان و هاوبەشی شێخ عەلادین لە بیارە، شەرەفی ئەوەی بەرکەوتووە، کە لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا، ئەگەر یەکەم کەسیش نەبووبێت، بەڵام یەکێک بووە لەو زانا پێشەنگانەی کە خوتبەی ڕۆژانی هەینی بە کوردی خوێندووەتەوە. بە پێوەرەکانی ئەو سەردەمە بە ئیجتیهاد و شۆڕشێك لە ناوەندەکانی عولەما و زانستیەکاندا لە قەڵەم دەدرێت، ئەوەش کۆتایی بە یەکێ لە هەرە تەقلیدە خراپەکانی مێژووی ئێمە هێنا، کە حەرامکردنی خوێندنەوەی خوتبە بوو بە کوردی. نوێژی هەینی لە بەشێکی گرنگ لە ئاماژە و مەبەستەکانی خۆی بەتاڵ کردبووەوە. دواتر پوختەی فیقهی شافیعیشی لە چەند بەرگێکدا بە کوردی خستە بەردەم ناوەندە زانستی و دینییەکەی لە کوردستان.

لەم چوارچێوەدا دەبێت کاریگەریی مێژوونووسی گەورەی نەتەوەکەمان (محەمەد ئەمین زەکی بەگ) بەسەر “مودەڕیس”ەوە لەبیرنەکەین، کە هەروەكو خۆی باسی کردووە، چۆن کاریگەربووە بە مێژووی کورد، بە ڕەهەندە کوردییەکەی ناسنامەی خۆی بەشێوەیەکی ئاگایانەتر هۆشیارکردووەتەوە. ئەمەش بەشێک لەو بازنە تەواوکارییەی نێوان زانا و مونەویری کوردمان بۆ دەخاتەڕوو. محەمەد ئەمین زەکی بەگ بۆ جەنابی مودەڕیس بەرانبەر و نەیاری ئایدیۆلۆجی و فیکری پێکنەهیناوە، بەڵکو لە بوارێکدا ئاگایی لێوەرگرتووە و کارەکانیان لە بازنە ئیسلامی و نیشتمانی و زانستە فراوانەکەدا یەکتریان تەواوکردووە.

مامۆستای مودەڕیس وەکو گوتمان زانایەکی سوننەتی بووە، واتە لەژێر کاریگەری تەوژمی ئیسڵاحیی ئیسلامیی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە و ئایدیۆلۆجیای ئیسلامی نوێدا نەبووە. بەهۆی ئەوەی قسەی لەسەر مۆدێرنە و دنیای نوێ و دەوڵەت و نەتەوە و نەتەوایەتی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و دەوڵەتی ئیسلامی و هاوچەشنەکانی نەکردووە، بەڵکو درێژەپێدەرێکی سوننەتی حوجرە و خانەقاکانی کوردستان و ئەو زانستانە بووە، کە لەو چوارچێوەدا خوێندراون. ئەمانەش بۆ ئێمە لە بەهای ئەو زاتە کەم ناکاتەوە، لە کوردستان دا ئەو چاکسازییە پێویستەی کە دەبێت لە ئێستادا لە فکر و بیرکردنەوەی بەشێکی بەرچاو لە ناوەندە دینییەکان و ئیسلامییەکەدا بکرێت، لە هەندێ ڕووەوە پێویستی بە گەڕانەوە بۆ ڕێبازی بیرکردنەوە و سوننەتیبوونەوە هەیە.

ئەگەر ئەمڕۆ پێویستمان بەوە هەبێت، کە ڕەهەندی ئیسلامی و کوردبوون و کوردستانیبوون بەشێوەیەکی سروشتیی و بەبێ هیچ زۆرلەخۆکردنێك لە ناسنامە و کەسێتی و واقیع و کۆمەڵگەی ئێمەدا یەکتری تەواو بکەن و هیچ شەڕێکی ناڕاست و دەستکرد لەنێوانیاندا بە قازانجی ناحەزانی نەتەوەکەمان دروست نەکرێت، ئەمە لای مودەڕیس و پێش ئەویش شێخی نەهری و شێخ مەحموود و شێخی پیران و قازی محەمەد و دەیانی تر بەدی دەکەین. لە ڕاستیدا دەبێت ئیسلامخوازی کورد مێژووی خۆی بە مێژووی هیچ قوتابخانە و تەوژمێکی دەرەکییەوە نەبەستێتەوە، بەڵکو خۆی بە تەواوکەری ئەم مێژووە ئیسلامییە نەتەوەییە کوردییە بزانێت و ئەرکی خۆی لەوەدا ببینێتەوە و هەوڵبدات لە ڕێگەی ئیسلام دووبارە ببێتەوە بە ڕەهەندێکی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و نەتەوایەتیش ڕەهەندێکی ناسنامە و فکری ئیسلامییە لە کوردستان دا، ئەو حەڵقە پچڕاوە لەگەڵ ئێستادا بەیەکەوە گرێ بداتەوە.

لەلایەکی ترەوە تێگەیشتن و ئەخلاقەفیتری و زانستی و عیرفانییەکەی مامۆستای مودەڕیس وەک هەندێک کەس و ڕەوت لە ناوەندە دینی و ئیسلامییەکەی ئەمڕۆی کۆمەڵگەدا، لەسەر بناغەی عەقیدە و ئایدۆلۆجیا دابەش ناکات و بەگژیەکدا ناچنبەپێچەوانەوە، چرا هەڵدەکات و دەستی خاوەن پێداویستییەکان دەگرێت و ئاسۆی لێخۆشبوون و هەڵسانەوە و ئومێد دەخاتە بەردەم مرۆڤە شەکەت و ماندوو و گوناهکارەکان.

لەکاتێکدا هەردوو کوڕەکەی (محەمەد) و (فاتیح) کادری حیزبی شیوعی عێراق بوون، پێکەوە دیوانی شاعیرە گەورەکانی ئێمەیان ساغ دەکردەوە، واتە جیاوازی بیروباوەڕ و پابەندی دینی نەیکردبوون بە دوژمنی یەك و لەیەکی نەکردبوون و پەیوەندی نێوانیانی تێکنەدابوو، بەڵکو لە بوارێکدا کە خزمەت بە چاکەی گشتی و بەرژەوەندی “کورد”ەو هەبووە، پێکەوە کاری هاوبەشیان کردووە. ئەمەش ئەو وانە گەورەیەیە، کە دەبێت لەم زانا گەورەیە وەری بگرین و لێوەی فێری ببین بۆئەوەی جیاوازی بیروڕا، کە لەم سەردەمەدا حەتمی و خۆ لێنەبوێردراوبووە، سەری لە دەمارگیریی و دڕودۆنگ و یەکتر بەنەفرەتکردن دەرنەچێت و سەقامگیری کۆمەڵایەتی و حورمەتی ئینسانی نەخاتە بەردەم هەڕەشەی جددییەوە، هەروەها بۆئەوەی لەژێر کاریگەری هەندێک ڕەوتی نامۆ بە مێژوو و فەرهەنگ و شێوازی دینداری ڕەسەنی ئێمە نەکەوینە تەکفیر و تەفسیقکردن و لە ڕێگەی بەئامرازکردنی ئایینەوە بۆ بەرژەوەندی و حەزی تاکەکەسی و گرووپییەکان و ڕقوکینە لەنێوان شەبەنگەکانی کۆمەڵگەدا بڵاونەکەینەوە و لۆجیکی ڕێنیشاندان و بانگەواز نەکەین بە قوربانی ئەقڵییەتی حوکمدان و ململانێی دیکە.

بە حوکمی ئەوەی جگە لە ڕۆحی ئیسلام، کۆمەڵگەی ئێمە لەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستایدا، پێویستی بەوەیە ئایین ببێتە دوا شوورەی لەخۆگرتن و هەڵسانەوە و نەڕووخانی هەوێنی برایەتی و خۆشەویستی و هاوکاری ڕۆڵەکانی لەگەڵ یەکتردا، ئەوەش بە گوتاری موزایەدەی دینی و دابەشکردنی کۆمەڵگە لەسەر بناغەی عەقیدەیی و حوکمدانی فیقهی بەسەر یەکتردا نابێت، بەڵکو بەو هەناسە و مۆدێلانەی مامۆستای مودەڕیس هاوچەشنەکانی دەکرێت، کە ئیسلام بە سەرچاوەی میهرەبانی بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی دەزانێت، ڕەوتی دەمارگیری و ڕقی ئایینی و سیاسی و فیرقەگەرایی لێدەکەوێتەوە، کاتیك پەلاماری نەتەوەکەشمان دەدرێت، لە سەنگەری بەرگریکردندا پشتیوانی لەخۆیان دەکەن، چونکە سەنگەری فڵان هێز و دەستە و تاقم نییە، بەڵکو سەنگەری دژایەتی ستەم و دەستدرێژی و دادپەروەرییە، کە لە ئاستە بەهاییەکەدا لەو کاتەی بەتەواوی لە سەنگەری نەتەوەیی دایە واتای ئەوەیە، کە لە هەمان کاتدا لە سەنگەری ئیسلامیشدایە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO