سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بووکە شووشەکانی شەرعییەت، ”ئۆپۆزسیۆنی کۆنترۆڵکراو“ لە هەرێمی کوردستان دا

مەجید ساڵح

لە ڕۆمانی بەناوبانگی “مەزرای ئاژەڵان”ی جورج ئۆرێڵ دا، کاتێک بەرازەکان دوای ماوەیەک لە دەسەڵاتدارێتی دەبینن هەندێک لە ئاژەڵەکانی دیکە لەبەر کارکردنی زۆر و برسیێتی خەریکە یاخی دەبن، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناڕەزایەتییە ڕێگەیەکی فێڵبازانە دەگرنەبەر. بەرازێکی پاراو و زمانلوس بەناوی “سکوێلەر” ڕادەسپێرن تا بەردەوام لەناو ئاژەڵەکاندا بگەڕێت، ڕەخنەی بچووک لە دەسەڵاتی بەرازەکان بگرێت و بە پاساوی جۆراوجۆر توڕەیی و ناڕەزایەتییەکانیان بەتاڵ بکاتەوە.

سکوێلەر وەک ئۆپۆزسیۆنێکی ناوخۆیی و کۆنترۆڵکراو کار دەکات، ڕێگە خۆش دەکات تا ئاژەڵەکان لەسەر کەمبوونی بەشەخۆراکەکەیان بۆڵەبۆڵ بکەن، بەڵام هەرگیز ناهێڵێت بپرسن: “هەموو خۆشگوزەرانییەکان بۆ دەسەڵاتدارانە و ئەوان بۆ لێی بێبەشن؟”

لە زانستی سیاسیدا، بەم فێڵە سیاسییە دەوترێت “ئۆپۆزسیۆنی کۆنتڕۆڵکراو” (controlled opposition). ئەم چەمکە چەمکێکی ئاڵۆزە، بەڵام یەکێکە لە کاریگەرترین ئەو میکانیزمانەی کە دەسەڵاتە تۆتالیتاری و بەناو دیموکراسییەکان بۆ مانەوەی خۆیان پەنای بۆ دەبەن. لێرەدا دەسەڵات دۆخێک دروست دەکات کە تێیدا هەندێک حیزب یان کەسایەتیی ڕەخنەگر لەجیاتی ئەوەی ببنە مەترسی بۆ سەر بنەماکانی سیستەمەکە، دەبنە ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردن و ئاڕاستەکردن و بەتاڵکردنەوەی توڕەیی خەڵک و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی شەرعییەت بۆ خودی دەسەڵات.

ئەم میکانیزمە وەهمێکی پیلانگێڕی نییە، بەڵکو تەکتیکێکی زانستییە. دەسەڵات لەجیاتی کپکردنی هەموو دەنگە ناڕازییەکان، ڕێگە دەدات هەندێکیان لە چوارچێوەیەکی سنووردار و بێزیاندا دەرکەون، ئەگەر ئەوەش نەبوو ئەوا خۆی  لە پشتی پەردەوە دەیانخولقێنێت.

هەرێمی کوردستانیش کە لە دەیەکانی ڕابردوودا لەژێر نفووزی پارتە باڵادەستەکان و تۆڕێکی بەربڵاوی سیاسی و چەکداریدا خەمڵاوە، دەکرێت لەم ڕوانگەیەوە جێگەی تێڕامان بێت. لێرەدا پرسیارەکە ئەوە نییە کام کەسایەتی یان ڕەوت ڕاستەقینەیە و کامە سێبەری دەسەڵاتە، بەڵکو پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە سنوورەکانی ڕەخنەگرتن لەم هەرێمەدا تاکو کوێ ڕێگەپێدراوە و کام بابەتی چارەنووسساز بە کردەوە لە بازنەی ڕەخنەی ڕاستەقینەدا دەمێننەوە؟

یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆنتڕۆڵکراو ئەوەیە ڕۆڵی “سەمامی ئەمان” دەبینێ بۆ دەسەڵات. لەم پڕۆسەیەدا، دەسەڵات ڕێگە بە میدیا و کەسایەتییە دیارەکان دەدات، کە باسی کێشە هەرە بەرجەستە و ڕۆژانەکانی خەڵک بکەن، وەک کێشەکانی دواکەوتنی مووچە و گەندەڵیی بەڕێوەبەرێکی فەرمانگە و سستیی وەزارەتێک یان خراپیی کارەبا و ئاو.

بۆ نموونە ڕێگە دەدا پێشکەشکارێکی ناسراوی کەناڵێکی ئاسمانی هەموو هەفتەیەک بە تۆنێکی توند و حەماسی دژی قەیرانی بێکاری و خراپیی کاڵا و داودەرمان بدوێت. بەرنامەکەی ملیۆنان بینەری هەیە و خەڵکی وا هەست دەکەن دواجار کەسێک هەیە دەنگی کپکراوی ئەوان دەگەیەنێت، بەڵام ئەم پێشکەشکارە هەرگیز ناچێتە قەرەی بابەتگەلێکی وەک بەتاڵانبردنی سامانی ژێرزەوی و قۆرخکاریی ئابووریی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان و ڕۆڵی پشتپەردەی حیزبەکان لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان یان  میکانیزمی بڕیارە ئەمنییە گرنگەکان.

له دۆخێکی وەک ئەمەدا، ڕای گشتی بەتاڵ دەکرێتەوە و کۆمەڵگە وا هەست دەکات کە مافی ناڕەزایەتی هەیە، لە کاتێکدا کۆڵەکەکانی دەسەڵات بە سەلامەتی و بێدەستکاری دەمێننەوە.

تەکتیکێکی تری دەسەڵات ئەوەیە خۆی شەرعییەت و متمانە بۆ ئۆپۆزسیۆنە کۆنترۆڵکراوەکەی دروست دەکات، ئەویش لە ڕێگەی هێرشکردنە سەری یان زیندانیکردنی چالاکوانەکانی بۆ ماوەیەکی کاتیی. لەناو ڕای گشتیدا وا باوە هەر کەسێک یان ڕەوتێک لەلایەن دەسەڵاتەوە بخرێتە ژێر گوشارەوە یان دادگایی بکرێت و لە میدیای فەرمییەوە هێرشی بکرێتە سەر، بەشێوەیەکی سروشتی مۆری متمانەی “سەربەخۆبوون” و “خەمخۆری نەتەوە”ی لەلایەن خەڵکەوە پێوە دەنرێت.

ئامانجی دەسەڵات لەم شانۆگەرییەدا ئەوەیە، کە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە لەبەرچاوی خەڵک بخات و سەربەخۆییەکی دەستکرد بە ئۆپۆزسیۆنە سێبەرەکەی خۆی بدات. ئەزموونی سیاسی سەلماندوویەتی کە باجدانی سنووردار و ڕووکەشی باشترین وەبەرهێنانە بۆ زیادبوونی ڕێژەی لایەنگرانی کەسایەتییەک لەناو تودەکاندا.

ئەگەر ڕۆژنامەنووسێک یان چالاکوانێک چەندین بابەت لەسەر خراپیی بەڕێوەبردن بنووسێت و بۆ ماوەیەکی کورتیش دەستبەسەر بکرێت، کۆمەڵگە وەک ڕەمزی ئازایەتی سەیری دەکات، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا ئەو توانیوییەتی هێڵە سوورە ستراتیجییەکانی پێکهاتەی دەسەڵات بشکێنێت یان نا؟ ئەگەر ڕەخنەکان ڕێک پێش گەیشتن بە هێڵی سوور بوەستن، شیکەرەوەی سیاسی مافی خۆیەتی گومان لەم ڕۆڵە بکات.

ئامرازێکی دیکەی گرنگی ئۆپۆزسیۆنی کۆنتڕۆڵکراو کەڵکوەرگرتنە لە “ناڕوونیی ستراتیجی” و زمانی دووفاقی. زۆرێک لە کەسایەتییە گشتییەکان بەجۆرێک وشە و ڕستەکانیان ڕێکدەخەن کە هەر گرووپێک بتوانێت ئەو مانایەی کە خۆی دەیەوێت لێی دەربهێنێت.

بۆ نموونە کەسایەتییەکی سۆشیاڵ میدیا لە گەرمەی قەیرانێکی کۆمەڵایەتیدا، تەنها بە نووسینی ئەم ڕستەیە واز دەهێنێت: “هیوادارم ڕۆژێک دادپەروەری بۆ ئەم نەتەوە مەزڵومە بێتە دی.

نەیارە ڕادیکاڵەکانی دەسەڵات ئەم ڕستەیە وەک هاوسۆزی لەگەڵ داواکارییە گۆڕانخوازییەکانی خۆیان لێکدەدەنەوە. دەسەڵاتدارانیش دەتوانن لە چوارچێوەی ئامۆژگارییە ئەخلاقییە گشتی و فەرمییەکاندا قبووڵی بکەن.

بەم فێڵە کەسەکە پێگەی خۆی لەلای خەڵک دەپارێزێت هەم لە ڕووبەڕوبوونەوەی ڕاستەوخۆ و مەترسیی دەزگا ئەمنییەکان بەدوور دەبێت، ئەمە هونەری وەستانە لە هەردوو بەری جادەکە لە یەک کاتدا.

وردترین پێوەر بۆ تاقیکردنەوەی سەربەخۆیی ڕەوتێکی ئۆپۆزسیۆن، “بابەت و ئاڕاستەی ڕەخنەکانیەتی” لە ژینگەی کاری میدیایی هەرێمدا. بە سەعات باسی گەندەڵیی وەزیرێک یان کەمتەر‌خەمیی بەرپرسێکی ناوخۆیی دەکرێت، بەڵام کەمتر ئەم پرسیارە بنەڕەتییانە دەوروژێنرێن:

بۆچی ئەم کێشە سەرەکییانە سەرەڕای گۆڕانی بەردەوامی کابینەکان لە ماوەی دەیان ساڵدا دووبارە دەبنەوە؟ کام دەستی شاراوە هۆکاری بەرهەمهێنانەوەی ئەم قەیرانانەن؟ کێ براوەی ڕاستەقینەی ئەم ئابوورییە خراپ و شێواوانەیە؟

له کەشێکی ئاوەهادا، سەرنجی ڕای گشتی بە ئەنقەست لە “سیستەمەکە”ەوە بۆ “کەسەکان” لادەدرێت. کاربەدەستان دێن و دەڕۆن بۆ ئەوەی ببنە قوربانی (بۆ ئەوەی تاوانبار بکرێن)، بەڵام میکانیزمە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی سەروەت و دەسەڵات وەک خۆیان پاوەجێ دەمێننەوە.

کاتێک بە واقیع‌ بینییەوە سەیری دۆخەکە دەکەین، هەر ڕەخنەگرێک لە چوارچێوەیەکی سنوورداردا قسە بکات، مەرج نییە دەستکەلای دەسەڵات بێت، زۆرجار سنووردارکردنی یاسایی و ترسە ئەمنییەکان و وابەستەیی ئابووری و خنکاندنی میدیایی، مەودای کارکردنی ئەو کەسانە کورت دەکاتەوە کە بەڕاستی خوازیاری گۆڕانکارین. مەسەلەی سەرەکیی ئەم بابەتە دادوەریی ئەخلاقی لەسەر کەسایەتییەکان یان تۆمەتبارکردنیان بە خیانەت نییە، بەڵکو ناسینی ئەو میکانیزمانەیە، کە دەتوانن ناڕەزایەتی لە هێزێکی بزوێنەر بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی بگۆڕن بۆ ئامرازێکی نەرم بۆ بەڕێوەبردنی کاتیی توڕەیی خەڵک.

لە کۆتاییدا گەورەترین پرسیار بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە؛ تا چەند ڕێگە بە ڕەخنەکان دەدرێت لە ڕەگوڕیشەی ڕاستەقینەی دەسەڵات و قۆرخکارییە بنەماڵەیی-ئابوورییەکان و سیستەمی سەرەکیی دابەشکردنی سەرچاوەکان نزیک ببنەوە؟ ئەگەر ڕەخنەکان نەتوانن لەم سنوورە تێپەڕن، ئەوا کۆمەڵگە هاوشێوەی ئاژەڵەکانی ناو ڕۆمانەکەی جورج ئۆرێڵ، لەناو بازنەیەکی داخراودا دەمێنێتەوە، بازنەیەک کە تێیدا تەنها ڕێگەمان پێدەدرێت گوێبیستی قسە لوسەکانی “سکوێلەر”ەکان بین و کامیرای تیژڕەوی و درەنگ هاتنی مووچە و نەبوونی ئاو و کارەبا بکەینە کێشەی سەرەکی. لەکاتێکدا بەرازەکان لە پشتپەردەوە بە ئارەزووی خۆیان خەریکی گۆڕینی یاساکانی مەزراکەن. وەڵامی ئەم پرسیارە پێوەری ڕاستەقینەی ئازادی و سەربەخۆیی کەشی سیاسی و توانای ڕاستەقینەی هۆشیاریی گەلەکەمانە بۆ چاکسازیی بنەڕەتی و ڕزگاربوون لە وەهمی ئۆپۆزسیۆنی دروستکراو.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO