سەباحی غالب
غەزەڵی من و هه‌موو كورد، تۆ به دوای چیدا وێڵ بووی؟ تۆ عاشقی كێ بووی؟ تۆ غەزەڵ بووی یان غه‌زال، ئێستا بوویته شیعریش و ئاسكیش، خۆشت ده‌تزانی كه كوردستان بێ شیعر و بێ ئاسك نابێ، تۆ پێشمه‌رگه و ئاسكی كوێستان بووی، كه‌چی له گه‌رمیان شه‌هید بووی، تۆ به شیعرێتی و به ئاسكێتیت، گه‌رمیان و كوێستانت داگیركرد، داگیركه‌ری دڵ و ویژدانی هه‌موو مرۆڤه ئازادیخواز و كوردپه‌روه‌ره‌كانی كورد و كوردستان. تۆی ته‌مه‌ن 18 به‌هاری، ویستت خۆت بژیت و كورد بژی، ژیانی مانه‌وه و ژیانی سه‌ربه‌ستی، هه‌ردوو ویسته‌كانیشت هاتنه دی، دڵنیابه تۆ ده‌ژی و كوردیش هه‌ر ده‌ژی و به پێوه ده‌مێنێته‌وه. نه‌ته‌وه‌یه‌ك ژن و كچی له كوڕ و پیاوی ئازاتر بن، به‌سه‌ر به‌رزی ده‌ژی، ئاڵای ئه‌و ژیانه‌ش نانه‌وێ و هه‌ر ده‌بێته خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی.
غەزەڵی پێشمه‌رگه، غەزەڵی سلێمانی، غەزەڵی باشوور، غەزەڵی هه‌موو شوێنێكی كوردستان، تۆ دنیات پڕ كرد له ئازایه‌تی و له ئازادی، دنیات پڕ كرد له جوانی و له خۆشه‌ویستی، وه‌رنه‌گرتنی تۆی بریندار له‌لایه‌ن چه‌ند نه‌خۆشخانه‌یه‌كی سلێمانییه‌وه، به‌رپرسیارانی هه‌موو هه‌رێم به گشتی و سلێمانی به تایبه‌ت ده‌خاته ژێر پرسیاری قورسه‌وه، ئازایه‌تی و ئازادی، جوانی و خۆشه‌ویستی، دروشمی تۆ و هه‌موومان و گشت مرۆڤێكی ڕه‌سه‌نی سه‌ر زه‌مینه، باوه‌ڕم وایه سلێمانی له‌و جوانیانه به‌ده‌ر نییه، وه‌ك شار و خه‌ڵكه‌كه‌ی پیرۆزییه‌كانی نه‌ته‌وه و نیشتمان به به‌رزی ڕاده‌گرن، به‌ڵام ده‌ڵێی چی كه ئه‌و شاره، ئێستا به پاوان و به بارمته گیراوه.
غەزەڵی هه‌موو كورد، شه‌هیدبوونی تۆ له لایه‌ن دوژمنه‌وه، وه‌ك له‌یلا قاسم تاجی تێكۆشانی كوردی له‌سه‌ر نای، به‌ڵام ڕێگانه‌دانت له سلێمانی له لایه‌ن پزیشكان و خه‌سته‌خانه‌وه كه به هاناته‌وه بێن و تیمارت بكه‌ن، به‌وه‌ی نه‌یانوێرا له باوه‌شت بگرن و چاره‌سه‌رت بۆ بكه‌ن، به هه‌موو پێوانه‌یه‌كی ئایینیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و قانونیی و مرۆیی، هه‌رگیز دروست نییه و دو‌وره له تێگه‌یشتن و عه‌قڵ و ویژدان، هاوكات، په‌رده‌ی شه‌رمه‌زاریشیدا به سه‌ر سوێند و ڕه‌وشتی پزیشكایه‌تی و نه‌خۆشخانه‌دا.
پزیشك و نه‌خۆشخانه له ڕێگای خزمه‌ته‌كانیانه‌وه ده‌ناسرێنه‌وه، له ڕێگای هه‌ڵوێسته‌كانیانه‌وه، هزر و باوه‌ڕیان دیار ده‌كه‌وێ، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه هه‌ڵوێستی پزیشك و نه‌خۆشخانه له بڕوابوون جیانابێته‌وه، زۆر جار بڕیاری به‌جێ له قانونی نابه‌جێ شه‌رفمه‌ندانه‌تره، گریمان له سلێمانی فه‌رمانێكی واش هه‌بێ كه بریندارێك بێ ڕاپۆرتی پۆلیس تیمار نه‌كرێ، به‌ڵام له كات و ساتی نائاسایی شه‌ڕی نێوان زلهێزه‌كان، كه هه‌موو ڕۆژێك چاوه‌ڕوان ده‌كرێ بریندار ڕوو بكاته نه‌خۆشخانه، وه‌ك ڕۆژگارانی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان، له‌و كاته‌دا داوای ڕاپۆرتی پۆلیس هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، چونكه گیانی نه‌خۆش یان بریندار یه‌كجار له ڕاپۆرتی پۆلیس گه‌وره‌تره و ده‌بێ فه‌رمان و نووسراوی نابه‌جێ فه‌رامۆش بكرێن، پزیشكێك یان فه‌رمانبه‌رێك ئه‌وه نه‌زانێ، كه نابێ داوای پێناسه له بریندار یا نه‌خۆش بكرێ، ئه‌وا به كه‌ڵكی كاروبار و به‌رپرسیارێتی نایه‌ت و شه‌ره‌فی پزیشكایه‌تی پێڕه‌وا نابینرێ.
غەزەڵی پێشمه‌رگه‌ی هه‌موو كورد، وه‌ك چۆن شه‌هیدبوونت به درۆنی داگیركه‌ری ئێران، له گشت شار و دێهاتەکان، له لوتكه و پێده‌شتەکان ده‌نگی دایه‌وه، چاره‌سه‌رنه‌كرنیشت به برینداری و له‌به‌رده‌م پزیشكانی كورد و چه‌ند نه‌خۆشخانه‌یه‌كی سلێمانی دا دیواره‌كانی داچڵه‌كاند، ناوی تۆ له‌ناو دڵی هه‌موو خه‌ڵكی شاردا ده‌نگی دایه‌وه، غەزەڵ، دڵت له خۆت دانه‌مێنێ، له ڕۆژی یه‌كه‌مه‌وه بوویته هۆره و به‌ندی گه‌رمیان و كوێستان، لاوكبێژ و حه‌یرانبێژ بۆت ده‌خوێنن، ئه‌دیبان و نووسه‌رانی كورد یادت به به‌رزتر و باڵاتر ڕاده‌گرن، له پێشه‌نگای نه‌مریشدا جێگایه‌كی دوندت بۆ ته‌رخانه. لێره‌دا، پێویسته به هاناچوونی پزیشكان و به‌رپرسیارانی نه‌خۆشخانه‌ی فاروق بۆ چاره‌سه‌ری غەزەڵ، به مایه‌ی چاكه و جوامێری بژمێردرێ، ئه‌وه دڵخۆشییه‌كه، تا بزانین دنیا خێری تێدا ماوه.
غه‌زەڵ، به‌و په‌ڕی حورمه‌ت و خۆشه‌ویستییه‌وه، مۆڵه‌تم بده با شتێكت له مێژووی پڕ شانازی ڕه‌وشت به‌رزی كوردت بۆ باس بكه‌م، كه ده‌زانم ئارام به‌خشه بۆ گیانه به‌رزه‌فڕه‌كه‌ت و بۆ كورد له هه‌ر شوێنێك بوونیان هه‌بێ.
له سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلول دا، له چه‌ندان شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی دوژمن‌دا، گه‌لێك جار برینداری سوپای دوژمنی عێراقی به دیل ده‌گیران، پزیشكان و نه‌خۆشخانه‌كانی شۆڕش، ده‌ستوبرد و به جوامێرانه، بێ ئه‌وه‌ی داوای مۆڵه‌ت له كه‌س بكه‌ن، یان پێناسه‌ی لێ داوا بكه‌ن، چاره‌سه‌ریان ده‌كردن، ئه‌و كاته پزیشكان دڵسۆز بوون بۆ په‌یام و سوێندی ڕه‌وشت به‌رزی خۆیان، شۆڕشیش ئاوێته كرا بوو به گیانی مرۆڤدۆستی نه‌ته‌وه و نیشتمان.
ده‌نگێكی وا هه‌یه كه چه‌ند مزگه‌وتێك ڕێگای نه‌دابێ ته‌رمی پیرۆزت بشۆن و كفن بكرێ، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه بزانرێ كه له ڕوی ئایینییه‌وه، هیچ ده‌قێكی نه‌قڵی و عه‌قڵی نییه كه ئافره‌ت ڕێگه پێدراو نه‌بێ له مزگه‌وتدا بشۆرێ، ئه‌گه‌ر كاری وا ڕوویدابێ مزگه‌وتێك ته‌رمی كچێكی منداڵی پێشمه‌رگه‌ی دوور له كه‌س و كاری پێشوازی لێ بكرێ، ئه‌وا پێویسته به‌رپرسیارانی ئه‌و مزگه‌وتانه لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێ و هه‌ڵه‌كانیان ڕاستبكرێته‌وه. كاری وا، پێشێلكردنی گه‌وره‌یی مرۆڤه لای ئایینی ئیسلام و موسڵمانی ڕاسته‌قینه، ئه‌گه‌ر مه‌لایه‌كیش ڕێگای نه‌دابێ ئه‌وا پێچه‌وانه‌ی قیاس و عه‌قڵە.
كوردی ڕۆژهه‌ڵات وه‌ك كوردی هه‌موو به‌شه داگیركراوه‌كانی دیكه‌ی نیشتمان، هاوبه‌شی مێژوو، خه‌بات و ئازادی و چاره‌نووسی یه‌كدین، هه‌ڵه و په‌ڵه‌ی هیچ ده‌سه‌ڵات و كارگێڕی شارێكی به‌شێكی كوردستان، ڕه‌نگدانه‌وه و هه‌ڵوێست و بیركردنه‌وه‌ی كوردانی ئه‌و به‌شه نییه، خه‌ڵكی شار و باشوور وه‌ك گشت كورد له‌و ڕووداوه، دڵته‌زێن و نیگه‌رانن، مێژووی ئه‌مڕۆی سلێمانی، مێژووی غه‌درلێكراوی كورده چ له لایه‌ن داگیركه‌ره‌وه چ له لایه‌ن كارگێڕی كوردییه‌وه. ده‌بێ خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵات دڵنیا بن كه ئێمه له ئێوه زامدارترین، ئێمه له ئێوه توڕه‌ترین، ئێمه به قه‌ده‌ر ئێوه به په‌رۆشین. چ له خۆشی و چ له ناخۆشیدا، هه‌میشه له ئامێزی یه‌كدی داین.


